كلێسته‌ ئۆرتیز؛ خود فۆتۆگرافی

Loading

مـۆرڪ

ماریای ئازیز

 

(1)

زۆربەی کاتەکانی ژیانی لەناو قەڕەباڵغیدا بەسەر دەبات، هەر کە  ڕۆژ دەبێتەوە ئەگەر هیچ کارێکیشی نەبێت زوو خۆی ئامادە دەکات و یەکسەر ڕێی بازاڕ دەگرێت. ڕقی لەبێدەنگی ژوورەکەی و دەنگەکانی ناومێشکی خۆی دەبێتەوە، ئەو دەنگانەی کە هیچ کات نایەنە گۆ و تەنها لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی ناو خانەکانی مێشکیدا پەنگ دەخۆنەوە. باشترین شوێن بۆ ئەو ناو بازاڕە، شوێنێک پڕە لە ژاوەژاو و ڕەنگی جیاواز کە ئەوەندە قەڕەباڵغی دەکەن و بۆخۆیان کێشی دەکەن هیچ گۆشەیەک نامێنێتەوە بۆی تا لەو شتانە قاڵ ببێتەوە کە هەمیشە لە چوار دیوارەکەیدا وەگیری دێنن. کاتی نامێنێتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ دەنگەکانی ناومێشکیدا بکەوێتە چەلەحانێ.

وەك هەموو ڕۆژەکانی تر بێدار دەبێتەوە و خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونەدەرەوە. دەچێتە بەردەم ئاوێنەکەی بە جیرەیەك قژە کورت و ئاڵۆزەکەی کۆدەکاتەوە، دەست بۆ چەکمەجەی مێزەکەی دەبات و سوراوێك دەردەهێنێت، دەیەوێ لەلێوی هەڵسوێ بەڵام….

“نا، ئەمڕۆ نا…ئەسڵەن چیتر نا” لەناکاو بڕیارێك هات بەمێشکیدا لەمڕۆ بەدواوە خۆی ناچار بە شتێك نەکات کە حەزی پێناکات.

دەرگای ژوورەکەی کردەوەو ڕۆیشتە دەرەوە بەرەو ئەو شەقامە ڕێگای گرتەبەر کە پاسی بازاڕی پێدادەڕوات. ویستی جگەرەیەك هەڵگیرسێنێ، لەوبەری شەقامەکە ژنێکی دراوسێیان دەرکەوت، لەم چرکەیەدا هات بەمێشکیدا فڕەی بدات بەڵام گوێی پێنەداو جگەرەکەی داگیرساند. لەگەڵ یەکەمین هەناسە دەنگی دایکی هات بەگوێیدا “ئەمڕۆ باجی شەونم لەسەر شەقــ…” شنەبایەكی نەرم خەیاڵەکەی پێبڕی؛ یەکسەر کەوتەوە خەیاڵی قژە ئاوریشمیەکەی ئەو.

لەوساتەدا بوو پاسەکەی گەیشت، لە خەیاڵەکەی دەریهێناو  بەڕێکەوت بۆ ئەو شوێنەی کە هەمیشە سەردانی دەکات کە چایخانەیەکی سەر شەقامەو لە بەرامبەرەکەیدا بازاڕ هەیە، زۆرترین قەڕەباڵغی لەوێدا کۆبۆتەوە.

 

(2)

چەند مێز وکورسیەکی دارینەی کلاسیکی لێیە لەگەڵ باخچەیەکی لاکێشەیی بچوک کە پڕیەتی لەگوڵی نازنازی و ڕۆزی ڕەنگاوڕەنگ. خاوەنەکەی پیاوێکی پیرە هەمووکات لە تەسجیلەکەی گۆرانیەکی “ویگن” پێدەکات، جگەرەیەکی لە دەستە، خۆی لەگەڵ گۆرانیەکان دەهەژێنێ و لەگەڵ خەیاڵەکانی تا ئەوپەڕی عەدەن ڕۆیشتووە. “چ عەجەب کابرا لە ئەرزی واقیعدا نەماوە و چۆتە خەیاڵ”.

لایەکی چایخانەکە خۆر لێیدەدات و لایەکی تریشی سێبەر و تاریکە. مێزه دڵخوازەکەی ئەو لە بەشە سێبەر و تاریکەکەی چایخانەکەیە، چونکە کەمترین خەڵک تێبینی دەکەن و ئەویش حەزناکات هیچ کەس لێی ڕابمێنێت. زۆر جار لەخەیاڵی خۆیدا ئەوەی وێنا دەکرد؛ چی دەبوو ئەگەر هیچ کەس ئەوی نەدیبا و گەردێک بووایە لە ناو هەوادا؟ ئایە هیچ کات حەزی هەبوونی بۆ دروست دەبوو؟ یان بەڕاست ئەوەی حەزی پێدەکات بە ڕاستی ئەو چێژەی هەیە کە وێنای دەکات؟

دەست دەکات بە نوسینی نامەکەی؛

“ئەمڕۆ ڕۆژێکی ساردە بەڵام خۆر بەدەرەوەیە. نەرمە بایەکی سارد ئەمڕۆ قژی تۆی بیرهێنامەوە، بۆ چرکەیەک کەوتمە خەیاڵی قژە کاڵ و نەرمەکەت، زیاتر لەجاران هەستم بەغەریبی و دووریت کرد. لەناو پاسەکە شتێکی سەیر ڕویدا، کاتێک پارەکەم دایە شۆفێرەکە بۆ چرکەیەك پەنجەی لەپەنجەم خشاند، شتێکی نامۆ نەبوو بۆم زۆرینەی پیاوی ئێرە لەبچووکترین هەلدا چێژی لێکخشان لەگەڵ کچێکدا دەقۆزنەوە و لەدەستی نادەن، بەڵام ئەوەی لەلام سەیرە ئەوەیە چی دەبێ!؟ ئەنجامدانی کارێکی وا چ کرمێک لەناخیاندا دەکوژێت کە سەرکێشیەکی ئاوای بۆدەکەن!

گوڵە ڕۆزەکانی ئەم چایخانەیە ڕۆژانی قوتابخانەم بیردێننەوە کە هەموو بەیانیەك گوڵێکم دەخستە بنگوێیەکانت، ئەو ڕۆژانەی بەناوی بەدڕەوشتی لەقوتابخانە دووریان خستینەوە ھھھـ چەندە سەیرە ئەو ڕۆژانە لەڕۆژە ناخۆشەکانمان بوون، کەچی ئێستا بونەتە یادگاریەک کە پێکەنین دەخەنە سەر لێومان. دەزانی خۆشترین ساتەکانم ئەوکاتانەن کەخەوتوم ، ناخۆشترین ساتەکانی ڕۆژیش ئەوکاتانەن کە بەخەبەرم و مژۆڵی پرسیارگەلێکم کە تۆ لەڕابردووتدا بەجێت هێشتن و لێیان فیرارت کرد بەڵام هێشتاش ژیانی منیان تەلبەند کردوە؟ نازانم ئەم نامەیە دەخوێنیتەوە یان وەک ئەوانیتر دەیخەیتە ئاگردانەکەتانەوە، بەڕاست ئێستاش ماڵی دایکت بەیانیان گوێز دەخەنە ناو ئاگردانەکە؟

ماوەیەکە بڕیارمداوە سەرکێش بم، تەنانەت لەپێناو دایکیشم ئیتر لێوم ئاڵ ناکەم و ناچارانە ئەو شتانە ناپۆشم کەنامەوێن. من کوڕانە نیم ناشمەوێ کوڕ بم بەڵام چێژ لە کچ بوونم دەبینم بەشێوازی خۆم نەک بەو شێوازەی کە باوە. سروشتی بوونم هەڵبژارد بۆیە ئێستا بەقسەی ئەوانیتر من”نائاسایی”ــم. کێ دەیزانی ڕۆژێک لەڕۆژان هەر ئەو سروشتەم هەژەندێکی ناخۆشی وەک لەدەستدانی تۆم بۆ دەکات!؟

دەزانی ئاوێنەکانی ناخی هەرکەسێک ڕاستیەکانی ناخیان پێشان خۆیان دەدات نەک ڕاستیەکانی ناخی ئەوانیتر؟ ئەگەر ئەو نامەیەت خوێندەوە ئەوە بزانە هێشتاش سوڕم لەسەر ئەوەی ئێمە ئاسایین، ئەوانەی ئێمە بە نائاسایی لەقەڵەم دەدەن خودی ئەو نائاسایی بوونە لەناخی خۆیاندایە بەڵام پەی پێنابەن. چەندە حەزم دەکرد لێرە بویتایە لەبری ئەوەی بە کزۆڵی لە سوچێکی ژوورەکەتدا خەریکی دەستگێڕان بیت لەناو قژت بەدوای یادگاریە سواوەکان، لەگەڵ مندا لە ماڵۆچکەیەکی بچوک لەبەرزاییەک و نزیک ڕوبارێک، دوور لە هەموو بیرتەنگیەك بەیەکەوە بژیاینایە و چێژمان لە کەڕبوون ببینیایە لەئاست ئەو مێشکە ژەنگ گرتوانە.

دەزانم ئەگەر ئێستا ئەو نامەیە بخوێنیتەوە زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێز دەکەیت و دەڵێی؛ تۆ هێشتا لەوچاوانە دەترسێی کە ئاماژەت بۆدەکەن، هێشتاش لەڕێگای چونە بازاڕ ترسی ئەوەت هەیە مێزی بەر سێبەرکەت گیرا بێت و نەتوانی لەسێبەرەکاندا خۆت بشاریتەوە. ڕوناهـ تۆ دەزانی من ناترسم، وەلێ بێزارم لەو چاوانەی چەندان بیرۆکەی ناماقوڵانە لە مرۆڤەکان دەچەقێنن. قوڕسە لەم وڵاتە بژیت و نەتوانی بیر لەو شتانە بکەیتەوە، من بەوە دەڵێم خۆ لادان نەک ترسنۆکی. دەزانی ئەوەندە بیرم لەو پرسیارو کێشانەی مرۆڤەکانی ئێرە کردۆتەوە زانخوازی ئەوەم بۆ دروست بووە هەمووان بناسم. حەزدەکەم دەستی ئەو ژنە بگرم کە بە عابایەکی ڕەشەوە دانیشتوە و سواڵ دەکات و باسی ئەو ڕوداوانەم بۆبکات کە ڕۆژانە دەیبینێ و دڵنەوایی بدەمەوە، دەمەوێ پێی بڵێم کەچۆن لەگێچەڵەکانی پیاوە چڵێسەکان خۆی ڕزگار بکات. حەزدەکەم قاپێ هەنجیر لەو کچەچاوسەوزەی تڕافیک لایتەکە بکڕم، دەمم شیرین بکەم و تاڵاو بەبەر دڵمدا بکەم بەگوێبیست بوونی باسی ئەو ژیانە سەختەی بەڕێی دەکات لەبری ئەوەی لەپۆلێکدا خەریکی خوێندن بێت. دەمەوێ  ئەو ژنەی بەلەنجەو لار دەڕوا و توڕەیی و دڵەڕاوکێی پێوەدیارە، ئا ئەوانەی کە پڕن لە گرێ و گۆڵی دەرونی بێتام و بێمانا بدوێنم ، ئەویش باسی کێشەکانی بکات و پێم بڵێت ” ئارینی هاوڕێم بەر لەمن توانیویەتی فاوندەیشنە نوێیەکەی ماڕکەی هودابیوتی تاقی بکاتەوە” هههـ دەزانی مرۆڤی ئاواش هەیە؟ ڕوناهـ؟ پێبکەنە چاڵی ڕومەتەکەت زۆرجوانە کاتێ پێدەکەنی. دەمەوێ وێنای کێشەی هەموو ژنەکان بکەم، بەر هەموو ڕوداوێکی تراژیدی و کۆمیدی بکەوم بۆ ئەوەی بتوانم تێبگەم، لەتۆ ، لەخۆم بۆ ئەوەی بیربکەمەوەو پێتبڵێم چۆن لەگەڵ پیاوێکدا بژی کە هیچ ئارەزوویەکی ناکەیت، لەڕاستیدا ئاماژەی “چۆن ژیان کردن” خۆی هەڵەیە بەڵکو “چۆن ڕزگاربوون” ئەوەیە کە دەبوو پێت بڵێم، چەندە قێز لە بێدەسەڵاتیم دەکەمەوە بەرامبەرت!

مەگری، دەزانم وەک هەمیشە ڕێژنەی فرمێسکەکانت لە ئامادەگیدان بۆ هەڵڕژان بەتایبەت ئێستا کە کۆت و بەندێکت بەدەستەوەیە دەربازبوون لێیان بەو تنۆکانەی هەڵیان دەڕێژی بەسوێتر دەبێت و توانای بەرگەگرتنت کەمتر دەبێتەوە. دەزانم ئێستا ئەگەر تا ئێرە هاتویت خۆزگە دەخوازی نامەکەت بدڕاندایە نەک بەخوێندنەوەی نامەکەم ڕاستیەکانی ژیانت وەبیرهاتباوە.

ئەگەر ئەو نامەیەت دەخوێندەوە، دەتزانی لەوەتای تۆیان لەمن دوورخستۆتەوە چ مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی گۆشەگیرم لێدەرچووە.

خۆزگە بەرلەوەی نامەکەم بدڕێنیت دەتخوێندەوە.”

 

هەناسەیەك هەڵدەکێشێت و نامەکەی دەپێچێتەوە. بۆ چەند چرکەیەک لەبەرامبەرەکەی ڕادەمێنێت و وەک پەیکەرێک بێ ئەوەی چاو بتروکێنێ لە بەرامبەری خۆی ڕادەمێنێ، دواتر کوپی چاکەی کە ساردو سڕ بۆتەوە تەنها قومێکی لێدەدات و تامەکەی بەر زاری دەکەوێت. چاوێک دەگێڕێ، لە کۆڵانی دووەمی ناو بازاڕەکە ژنێکی گەنج دانیشتوە پشتیداوە بە عامودێکەوە، مناڵێکی ساوای لەباوەشی گرتوە ، دەم نا دەمێک پارچە پەڕۆیەک دەردێنێ و لوتی مناڵەکەی پێدەسڕێ. لێی نزیک دەبێتەوە تاڵ تاڵ قژی زەرد لە پێشەوەی لەچکە بێسەروبەرەکەی هاتۆتە دەرەوە نینۆکەکانی هەندێکی بۆیەی نیوە ناچڕی کۆنیان پێوە ماوە، جار جار هەندێ لەپیاوەکان پارچە کاغەزێکی بچوک دەخەنە ناو دەستی و ئەویش خێرا دەیشارێتەوە و سەری دادەنوێنێ.

لێی نزیکدەبێتەوە؛ سڵاو خانم…

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌