سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ناسینی كتێب، بيره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ كتێب

 49 جار خوێنراوه‌ته‌وه

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر – ٢٠٢٠

ناسینی كتێب: بيره‌وه‌ری له‌گه‌ڵ كتێب

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

ههر ڕووداوێك، كە ماوەیەكی بەسەردا دەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت. لە ماڵەكەماندا پەنجەرەیەكی گەورەی داری بە هێڵەك داپۆشراو هەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەكی لاكێشەیی نیمچە گەورەی تێدا بوو،بە پەردەیەكی سپی داپۆشرابوو، پەردەكەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە كاكم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە 25/8/1988دا جەیشی شەعبی، لە هەولێر شەهیدیان كرد.

شەهیدبوونی ئەم برایەم گورزێكی كوشندە بوو بەر ڕۆحی من كەوت و ئازاری هێناكایەوە. لەخۆ ئامادەكردندا بووم، ئەم ڕووداوە لەناو پێكهاتەیەكی كاریگەردا بەكاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نەكراوە. لەبەر ئەوەی من لە سەرەتای شیعردا بەدوای ئاكامێكی نەزاندراودا دەڕۆم و لە درێژبوونەوەیدا دەیدۆزمەوە. لە بینینی دۆزراوەكەدا بەئاگادێمەوە، نایابترین دۆزینەوەش ئەوەیە لە ئاكامدا دەربكەوێت.

 

لە سەرەتادا ئاكامی ئەو ڕووداوەم دەزانی و لە كۆتاییشدا نەمتوانی بیدۆزمەوە، واتە: لە ڕووداوێك دەدوێم هێشتاڕووی نەداوە. لەوانەیە ڕووبدات. هەوڵ دەدەم ئەو (لەوانەیە) بدۆزمەوە و لە دۆزینەوەیدا بەئاگابێمەوە، دۆزینەوەڕوونكردنەوەی بیركردنەوەیە.

 

 

سەرەتای ڕێگا و بەركەوتنم لەگەڵ كتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و كتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە خاڵی بوون و سەرچاوەی درەوشاوەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێكی بەهێز و نەشكاو و قەڵای پشتپێدان. كۆمەڵێك كتێب و دوو شووشە مەرەكەبی چینی، یەكێكیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پاركەرێكی بیست ویەكی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، كتێبەكان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفی، كۆمەڵناسی،سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینی … تاد، لەناو كتێبەكاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی) بە بەرگ تێگیراوی هەبوو، هەمیشە كەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، كە گیایەكە وشك دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم كتێبە هی ئامۆزایەكی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەكەمان بوو. لە دامێن و ئەملا و ئەولا سپییەكانی بۆنە وڕێكەوتەكانی بنەماڵەكەمانی هەمووی تێیدا تۆماركردبوو، وەك: ڕێكەوتی مردن و لەدایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حەجو گەڕانەوە و ناونووسكردنمان لە قوتابخانە … تاد.

 

 

ساڵی 1973 جگە لە كتێبەكانی قوتابخانە، یەكەمین كتێب بەر هەست و نەرمایی پەنجەكانم كەوت ئەم دیوانە بوو. كاكم بە دەنگ و ڕۆحێكی ئاهەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕادەگرت. بێ ئەوەی هیچ شتێكی واش لە شیعرەكان حاڵی ببم، بەڵام لە ناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەكەیدا وندەبووم و بڕوام بە هەستێكی نادیار دەهێنا، بە دوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێك مەگەر ڕێكەوت دەستم بگرێت و بمهێنێتەوەسەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم پێبدات، كە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەكان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوكاتم لە كتێبخانەكەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆیی یەكەمین دیوان ڕیزبەند كردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.

 

 

لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێكی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیەكی نیمچە گەورەمان هەبوو،سندووقەكەی فایبەر بوو، بە پێستێكی قاوەیی داپۆشرا بوو، ئەمیش وەك دەلاقەكە لە قوماش بەرگێكی سپی بۆ كرابوو،بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و كەوی لەسەر نەخش كرابوو، هەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لەكەناری مۆسیقاوە دەجوڵام، لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ڕاوە كێشكە و نیشانەشكاندن بە دارلاستیك و هەڵەپاسی دووریدەكردمەوە، وەك ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێك بێت بەسەر خاك و خۆڵی دەوروبەرمدا بڕژێت وهەناوی فێنك و دەموچاویشی نەرم بكاتەوە.

زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشك و برایەكانم بە شانی خۆمەوەم وە دەكردو دەڕۆیشتم، بەم كردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنشتیان نەدەكردم، گردێك لە پشت ماڵمان هەبوو، بەناوی باپیرمەوە ناودێربوو، گردی: (حەسەنە لەك. حەسەن سلێمان وەلی) بەدڵ گردێكی دڵبەر بوو، بەهاران گوڵە دەرزیلە وحاجیلە دایاندەپۆشت. دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەملا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەكرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواكراو ڕادەگرت، هەموو ڕۆژێك دەمەو عەسران دووبارەدەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەكی ڕەحمەت بەسەرمدا هەڵیدەكرد. جیهانێكی بۆ دروست دەكردم، هەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازیی دەنگەكان دەهێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، كە پێیدا هاتبووم، واتە: ناخی خۆم. سەگێكی بەوەفاشمان هەبوو، ناوی:(دەبان) بوو، كە لە ماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەهات و پاسەوانی دەكردم. بە هیچ ئا و نایەكیشدوو هەنگاو لێم دوورنەدەكەوتەوە. وەك ئەوەی گەورەیەكم بێت و پێی گوترابێت چاودێریم بكات.

نازانم ئەم ئەفسوونەچی بوو، كەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی: (سەڵاح داودە)وە، بە تایبەتی گۆرانی: (كوێستانان خاڵخاڵ)، كە لە بەرنامەی گۆرانی داواكراودا زۆر داوادەكرا. هەركاتێك ئەو گۆرانی بگوتبووایە ڕادیۆكەم دادەنا و دوومەترێك لێی دەكشامەوە وتەماشای شكۆیم دەكرد. وەك ئەوەی تەلیسمێك بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە وداكشانەوە بەرەو ناخەم، تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەكانی بادابۆی دەگەڕام و لە هەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە، ئەو دۆزینەوە و پشووی ناخە ئەوپەڕی تایبەتمەندی بوو. هەر بەهۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزایییەكی سەرەتاییم لەسەر چینەكانی دەنگیش پەیدا كردبوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێك لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. هەر شتێك، كە تاسە و خواست وئارەزووت بۆی هەبوو، تواناشت بۆی پەیدا دەبێت. بەهیچ جۆرێكیش حەزم لە گۆرانی زرم و كوت نەبوو، هەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەكرد، كە وەك هێڵێك خەیاڵ درێژ دەكەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا مایەوە و گەشەی كرد وپێكهاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی هاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شكۆمەند وئاسوودە و خۆشحاڵ و قووڵم دەكاتەوە، وەك مۆسیقایەكی نەرم بژیم.

 

ساڵی 1978 لە پۆلی یەكەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی كوردیمان، كە ئەمڕۆ بە سوپاسەوە ناوی دەبەم: (شێركۆئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارد دا لە پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك  لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، كە من كوڕەلادێیی بووم لەوانی دی كەمێك زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ هەفتەی داهاتوو داڕشتنەكەی هێنایەوە و بۆ هەموو قوتابییەكان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمرە لەسەر دانەنابوو، وەك ئەوەی هەستی بە كارخراپییەكی من كردبێت، بە تووڕەیییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) كێیە و بێتەدەرێ، بێئەوەی هیچ قسەیەك بكات لە تەنیشت تەختەڕەشەكەدا ڕایگرتم.  ئەم مامۆستایە، مامۆستایەكی بەجەرگ و دەگمەن و ملاومل پەروەردەكار و خۆش سروشت بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی كوردی و دنەدانی قوتابی بۆخوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانكارییەكی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی كوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بكوڵێین و بە دۆخەكانی ساردبوونەوە ڕەتببین، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێكهاتە وبنچینەكانی شارەزابین. زمانیش هەستێكی گەرماوگەرم و خۆڕسك و دەگمەن و پشوودرێژ لە مرۆڤدا دروست بكات. هەرقوتابییەك لە شەست كەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێكی كرد ولە بەشێكیشی دا. ڕووی لە من كرد و گووتی: كێ بۆی نووسیوی. منیش لەو هەستە تۆقێنەرەی چەند چركەیەك پێشترتێیدا خولم دەخوارد و بیرۆكەی پەرت و بڵاو گەمارۆی دابووم. زۆر بە ئارامییەوە گووتم؛ ئەدی مامۆستا لە پۆلدانەماننووسی… نەختێك چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەیییەكەی خاو بووەوە و خوێنێكی خۆشیی لە دەموچاوی خۆشسروشتیدا گەڕا. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەكەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەد). ئای چۆن سەركەوتنێكی بچووك لەدنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی هاتەوە كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێندەشەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، نیو هێندە شەیدای شیری ناو گوڵەگەنمی كێڵگەی گوندەكەمان نەبووم. مەگەر ئەو دەمەو عەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەیگۆرانی داواكراو ڕادەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم و لە خودام دەخواست ناولەپ و ناوچەوانم ڕێگاوبان بوونایە،گۆرانیبێژەكان بەناویدا هاتوچوویان بكردبووایە.

 

 

 

حەممەد ئەمین موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

سەرەتای ڕێگا و بەركەوتن و یەكەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی كتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێكرد وبووە هێڵ و هێمای بوونم. ئەو هەفتەیە بە هەموو بوونێكمەوە لەناو كۆشیعرەكەدا ژیام، ژیانێك مەگەر بەسمتەسەووفەكان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزكردنەوەدا، هێندە چێژیانوەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لە خۆیان نزیك بووبێتنەوە و گەیشتبن بە ناخی خۆیان، واتە: یەكبوون لەگەڵ خودا وهێزی ئەدەب. بۆ هەفتەی داهاتوو كۆشیعرەكەم بۆ گەڕاندەوە. گووتی: بۆ ئاوا زوو هێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لەخوێندنەوەیدا پەلەت كرد. منیش بە بێباكی و نەختێك بە هەوابەرزی و بە خۆهەڵخستنەوە گووتم؛مامۆستا زۆرینەم لەبەرە… وەك ئەوەی بڕوام پێنەكات و لە قسەكەم بە گومان و دوودڵ بێت گووتی؛ دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەرتەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم؛ كامە شیعر. دیسان هەڵوەستەیەكی تری كرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەك ئەوەی بیەوێت بمخاتە بەر ڕووناكییەكی هێمنەوە و لە بڕوا بەخۆبوون و خۆهەڵخستنەكەم دڵنیابێت. لاپەڕەی هەڵدایەوە و ناونیشانێكی دەگووت. تەواوی وانەكە، چل خولەک بوو. من شیعرم تێیدا خوێندەوە. لە گۆكردن كەمێك هەڵەم دەكرد، بۆی ڕاست دەكردمەوە، لە كۆتایی وانەكەدا پێمی گووت؛ بەهرەیەكی دەگمەن و كەم وێنەی، ئەو وزەیەی هەتە باش مشتوماڵی بكە، چالاك نیشانت دەدات. هەر هەمان ڕۆژ منی بە كتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەكانی: (جومعە وئەحمەد)، كە دوو مرۆڤی هێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكان وكاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم. یەكەمین كتێبیش، كە كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكەی فەلاح بوو، دوابەدوای ئەمیش كۆشیعری: (خونچەی سەهۆڵ)ی ئازاد دڵزار بوو، ئێستاش ناوەناوە كتێبی یەكەم و دووەم بۆتەماشاكردنەوە و خوێندنەوە هەڵدەبژێرمەوە.

 

 

  لەو ڕۆژەوە ئەو بیرۆكەیەم لەسەر گەڕا، لەفە و بەدەمچە و كەوكەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ و شەكرلەمە وفەریكەنۆك … تاد، خواردن نەما. ڕۆژانەكەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و كتێب، یارمەتی ئەوەی دام توانا لە خۆمدابدۆزمەوە و ئاڕاستەی كردم و جیهانی نادیارم كەوتە گەڕ.

 

 

دوای ئەوەی چوومە ناو خوێندنەوە و بە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی حەفتایەكان داهاتمەوە و ئاشنای ناوی نووسەران بووم. بۆم دەركەوت ئەم مامۆستایەم لە ماوەیەكی كورتدا نووسەرێكی كارا و چالاك بووە، دیارترین نووسینی ئەم لێكۆڵینەوەیە لە ڕۆژنامەی هاوكاری، ژمارە (تایبەت) لە 1/1/1972 بە ناونیشانی: (حاجی قادری كۆیی: شاعیری سەردەمی ڕاپەڕینی نەتەوەی كورد) بڵاوی كردووەتەوە.

 

ئەو بایەخدانەی بەمن ئەوە بوو، ئەو بۆشایییەی كەوتبووە نێوان (ئەم) و (نووسین) منی بۆ پڕكردنەوەی هەڵبژارد، وەك بڵێی بەهرە و توانای خامۆشبووی خۆی لەم هەڵبژاردنەیدا دۆزییەوە و بەردەوامبوونی خۆی لە مندا پەرەپێدا.

 

 

لە ناوەڕاستی هەشتایەكاندا: (مەحمود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی: (هاوكاری)دا لەبارەی نوێبەخشی شیعری كوردی و شانەی: (پێشڕەو)دا نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی: (كرمی كتێب)ی بۆ من بەكارهێنابوو، ئەوڕوونكردنەوەشی دابوو: خەونی ئەم لاوە خەونێكی درێژە. ئەگەر پێی لەسەر زەمینەی خوێندنەوەدا لانەدا. حاڵەتێك بەشیعری هاوچەرخی كوردی دەبەخشێت.

شیعرەكانی: (هێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، كە خۆی تێیدا لەدایك بووە. بە سادەییش وێنەی ژیانی ئەوخەڵكەی كێشاوە، كە هەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا هەبووە، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان وزمانڕەوانی شیعرەكان كەمێك لادێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەوسای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب لە توانایدایە بیابان بكاتە بەهەشت. ڕەنگە هەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا كردمە ئەو بەهەشتەی: (شاری خۆر) پەرستن و شەونوێژی بۆ دەكەم، بچمە ناوی و بیكەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و هەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرچەرخانێكی تەواوی ئاراستەكانیژیان بوو، هەروەها تاڕادەیەك ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم هێز و بێ هێزی زمان لە كوێی دەقدا دەردەكەوێت و بەئەدەبیبوونی دەقیش لە چ بەكارهێنانێكدا ئاستەكانی دەردەكەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێك دەكاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری وهێزی زمانە، یان هێزی زمان و كاریگەریی بابەت.

 

 شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناكرێت. لە تێڕوانینی بابەتی هەستی و بەكارهێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی هەستی و زمانیی لای خوێنەر گەڵاڵە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی هەرڕستەیەك مانای ئەوەیە زمان لە بەكارهێنانی زمانی ڕۆژانەدا دەرهاتووە و هێندراوەتە ناو زمانی ئەدەبەوە، هەروەهاكارلێكردنی وشە لە دەقی ئەدەبیدا، چۆن هێزی وشە وشەیەكی دیكە ڕادەكێشێت و دروستی دەكات و تۆڕی زماندەچنێت.

 

 

 

  ئەگەرچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وەك تەمەن حەڤدە ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) لەدایكبووە. حەفت ساڵیش لەم زیاتر ژیاوە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری كوردی چاوگەكەی لە گۆرانەوە دەستپێدەكات. هێمن لە چەمكی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاڕاستەیەش دەینووسی، واتە: وەك شێواز كۆنەخواز بوو، بەڵام وەك بیروڕا و دەربڕین نوێخواز بوو، دیوانەكەی لە لام ئامادەیە و سێبەرەكانی بە تەواوی لەناو زەینمدا دەجووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش بە دیوانی شیعری كوردی نەكردووە. لە دەقی: (بەهاری كوردستان)، بە شیعر لەبارەی سروشتی نووسیوە، هەموو خەسڵەتەكانی هۆنینەوەی شیعری تێدایە، بەڵام شیعرییەت و خەیاڵی پڕی تێدا نییە. لەم دەقەیدا بە شاعیر داناندرێت، بەڵكو بە ڕووەك ناس و شارەزایەك لەبارەی ژیانی لادێ دادەندرێت. بەڵام بەشێك لە شیعرەكانی كۆشیعری: (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان كورت نین و لە شیعرە هەرە دەگمەنەكانی ئەدەبی كوردین. بەتایبەتیش شیعری: (ئێوارەی پایز)، شیعرێكه‌ تێیدا گه‌یشتووه‌ته‌ به‌ پاكی و بێگه‌ردییه‌كی ڕۆمانتیكیانه‌ و  تەواو هەستییە، لە زەمینەی شیعری پڕ و شیعرییەتی پڕخوڵقاوە.

 

 ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتوویەتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ كردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی كردووم بە مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهەنگی ژیان، بەڵام هەستی شیعریی من لەسەر هەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، هەروەهابەهیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگەر نەبوویمە و نەبوونەتە ڕێ ڕوونیم، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت،شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی هەزار و یەك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەهای تۆ بكەم و پاداشتت بدەمەوە. بە كامی دڵ لە باوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەكەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، هەروەها هەر لەم بۆنەیدا هەل و بوارێك وەردەگرم تا گوناهێك لەسەر شان و ڕۆحم هەڵگرم و باری گران و بەئازاری شان و ڕۆحم سووك بكەم. گوناهێك، دواتر بۆ نووسەرەكەی بە خێر گەڕایەوە.

 

لە تەمەنم یەك جار كتێبم لەكتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەكەیدا بردووە، ئەویش لە 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكەنینی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو،نەمدەزانی بە شەقامدا دەڕۆم، یان بەناو گەرووی مار و تونێلێك ئاگر، یان لە ڕەوەزە شاخێكی عاسێدا گیربوویمە وهەڵدێران هەڕەشەم لێ دەكات، ها ئێستا نا، دوو هەنگاوی تر دەكەومە ناو چاڵێكی بێئامانەوە. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەكڕاست بە ڕەنگی زەرد و هەڵبزڕكاو و دەروونی ماندوو و نیوەڕۆح بوومەوە گەڕامەوە لای: (جومعە وئەحمەد)، دانم پێدانا ئەم كارە خراپەم كردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گووتیان: بۆیە دڵمان بە كتێب و ژیان خۆشە، هێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاكیی خۆی وەك تۆی تێداماوە، بە بچووكترین هەستپێكردن لە ناخەوە ئازاری پێبگات.  لێیان بووریم و كتێبەكەیان لێ وەرنەگرتمەوە و دیوانی: (مەحوی)شیان بە دیاری وەك ڕەفتار وكردەوەیەك پێدام. لەم بارەی لێبووردنەدا هەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشكە نەیدەبردمەوە، لە قووڵایی بوونمەوە پاكبوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. كتێبەكەم هەر لەلا مایەوە و هەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوكراوەی ئاراس: (بەدران ئەحمەد حەبیب) كرد، كە چاپی سێیەمی ئەم كۆ چیرۆكە بكەنەوە. هەردوو دەستی لەسەر چاوی ڕەزامەندی دانا و گووتی؛ شەیدای زمانی ئەو چیرۆكنووسەم و سوودیشم لە پێكهاتە وبنچینەی زمانە ئێجگار زیندووەكەی وەرگرتووە، توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەكاربردنی وشەی پەیوەست بەژیانی كۆمەڵگەی كوردییەوە و زمان تائەوپەڕی دەناسێت و باش لە ناوكی وشەش تێدەگات، فەرهەنگی وەك خاكی سوارچاكان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای هەوڵ و كۆشش و پەیوەندیكردن، شەش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خستە پاڵ چیرۆكەكانی: چاپی یەكەم: 1967 – بەغدا، چاپی دووەم: 1985 – بەغدا، ساڵی 2010 چاپیسێیەمیان خستە كتێبخانەوە.

 

هەر بە ڕێ ڕوونی كتێبەوە لەگەڵ خەمی هەستپێكراو و دنیای زەینی زۆرێك لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، كەم و زۆر توانای ئەوان لە خۆڕاچڵەكاندن و گەشە و پەروەردەكردنی ئەقڵ و خەیاڵ و داڕشتنی بیناو بینایی من، گەنجینە و هێزی ڕۆح و پێوانەی شیاو و سەرچاوەی درەوشاوە و سۆزی شاراوە بوونە. هەمیشەش لەئەزموونی خۆمدا ویستی یەكەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە، (ئەدەبێكی فرەنیگا)ی خۆكردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرهەم بهێنم.  چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە. جەوهەری پێكهاتەی مرۆڤیش ئەوەیە چی دەزانێ ئەوە بنووسێت. دەنا چاكتر وایەدەفتەری نووسینت داخەی، چونكە نووسین یەكجار (نەمر) دەبێت، واتە: ئەو نووسینە نەمرە، كە تۆ هەست و زانینی دوای خوێندنەوەی ئەوت نووسیوە، ئەو، واتە: سەرچاوەی یەكەم. نووسینی هەست و زانینی دوای خوێندنەوە، نووسینێكی بێهێز و بێدەسەڵاتە و شكۆمەند نییە. ناتوانی خۆتت تێدا بێتە بەرچاو، هەروەها زۆر زەحمەتە لە وڵاتێكی شڵەژاوی وەك كوردستان، شاعیر بیت و نەكەویتە ناو گێژەنی سیاسەتەوە، كە سیاسەت لە هەر چوار لاتەوە بۆ ساتمە و خلیسكان گەمارۆی داویت، ئەگەر بیشكێنیت نانی ئەو مەودا كورتەی نێوان دەست و دەمت ڕادەپچڕكێنن. من خۆم لادا لەوخۆشگوزەرانییە. لەخەباتێكی ڕاستگۆیانە لەپێناو بەدیهێنانی (شیعری بێگەرد) مامەوە و ژیام. بێباكیش بووم لە ئاست تەڵەو داو و بۆسە و بوختانی نامەردان. وەك نوختەیەكی نادیار لە ئاسۆ و دووری شیعردا دەركەوتم.

تشرینی یەكەمی 2015 هەولێر

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌