وێنه‌ی ژماره‌ چل و یه‌ك

Loading

وەرچەرخان

چیرۆک

ماریای ئازیز

لەخەوێکی قوڵدا بوو دەنگی هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان بە ئاگای هێنایەوە، چاوەکانی کردەوە بینی لەتڕافیکدا وەستاون. تێکڕای ئۆتۆمبێلەکان پەلەیانە و هۆڕن لێدەدەن، بەرگەی خولەکێک ناگرن تاوەکو گڵۆپی سەوز هەڵدەبێت و ڕێی خۆیان بگرنەبەر. چەندە بێ ئۆقرەن!هەمووان وەك میلی کاتژمێر ڕاکە ڕاکیانە بەدوای کاتدا؛ تیک تاک، تیک تاک، تیک تاک…! ئەوەندە سەرقاڵن شتگەلێکی گرنگیان بیرچۆتەوە لەبارەی ژیان، لەبارەی خۆیان و گرنگیدان بەوشتانەی کە پێویستیان بەگرنگی پێدانە و لە بێ ئاگاییدا لەدەست دەچن…

گەیشتەوە بەردەرگای ماڵەوە، بەرلەوەی بڕواتە ژوورەوە سندووقی پۆستەکەی کردەوە، نامەی بانگھێشتی دادگای بۆهاتبوو لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، کاتێک ڕۆیشتە ژوورەوە بێ ئەوەی بیکاتەوە لەسەر مێزەکە داینا و دانیشت، هەناسەیەکی هەڵکێشا و لەماڵەکەی ڕاما. ورتەیەکی لێوەهات و گوتی: “چ خامۆشە!” سەری خستە سەر مێزەکەی پێشی و وەک خەیاڵێکی خێرا لەمێشکیدا پەڕش بوویەوە، خەوی دوێنێ شەوی کەوتەوە بیر؛ لەخەوەکەیدا خەریک بوو دەست و قاچی خۆی لە پەنجەرەیەك دەبەستەوە و دەیکردەوە بەبەردەوامی، گرێی لێدەدا و دەیکردەوە. لەبەرامبەریدا هاوسەرەکەی و کچەکەی مۆمێک لەناو دەستەکانیاندا بوو گڕەکەی تا دەهات کزتر دەبوو. ئەوان بانگیان دەکرد کە بێت و لەگەڵیان پەنای ئەو ئاگرە بدات کە نەکوژێتەوە، بەڵام ئەو بێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی هەبێ لەگرێدان و کردنەوەی پەتەکان بەردەوام بوو… سەری هەڵبڕی و سەیرێکی دورووبەری خۆی کرد. ماڵێکی پاک هەموو شتەکانی لەشوێنی خۆیەتی، کارەکانی کۆمپانیا بەجوانی ئەنجام دراون، تەنانەت بەڕیزبەندیش هەموو کتێبەکانی کڕیویەتی خوێندویەتییەوە، نوسینەکانی و پەڕاوەکانی بەتەواوی ڕێکن. چ شتێک ئەوماڵەی بەو بێدەنگییە گەیاندووە؟ ڕۆیشتە سەر جێگاکەی و پاڵکەوت.

شەوی سەری ساڵ بوو، کەش و ھەوایەکی ساردی ھەبوو، درەختی کریسمس ڕازێنرابوویەوە بە گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ، لە ناو هۆڵی ماڵەکەیان ئاگردانێکی بچوکیشی لێبوو، گەرمییەکی بەچێژ و بۆنی بەڕووی ناو ئاگردان، چ چێژێکە، دەتوانی بیهێنیتە پێش چاوەکانت؟ مژوڵی نوسینەوەی چیڕۆکە نوێیەکەی بوو بە لاپتۆپەکەی. لەگەڵ کارەکتەرەکانی چووبووە قوڵایی ڕووداوەکان و ئاگای بە دونیای ڕاستییەوە نەمابوو. هاوسەرەکەی چەند جارێک بانگی کرد کە چەند خولەکێکی تر یارییە ئاگرینەکان هەڵدەدرێن و دەچنە ساڵی تازە و لەگەڵیان بەژداری بکات. ئەویش پێی گوت: “کەمێکی تر دێم ئێستا نا.”

چوونە ساڵی نوێ. ئاگرەکان هەڵدران و وەک هەمیشە ئەو دواکەوت، کاتێک ڕۆیشت ئاگرەکان هەڵدرابوون چێژی ساتەکەی لەدەستدابوو. هەر هەمان شەو هاوسەرەکەی داوای سەمای لێکرد بەڵام پێی گوت “ئازیزم پێویستە نوسینەکانم تەواو بکەم”. کاتێک تەواویکرد هاوسەرەکەی لەچاوەڕوانییدا دەمێک بوو بەسەر قەنەفەکانەوە خەوبردبوویەوە.

ڕۆژی نمایشی قوتابیان بوو، کچەکەی لە نمایشێکدا ڕۆڵی دەگێڕا. دەبووا دایکان و باوکان لەوێدا ئامادە بن، بەڵام کچەکەی لەسەر تەختەی شانۆ بەتامەزرۆییەوە چاوی بۆ دایکی دەگێڕا تەنها باوکی لەوێدا بینی، کەچی تا دواین خولەکەکان دایکی لەوێدا وەدەرنەکەوت. کاتێک هات نمایشێک نەمابوو، کچەکەی بە چاوی ئەسرینەوە باوەشی کرد بەباوکییدا و ڕووی لە دایکی وەرگێڕا. ئەمجارەو چەندان جاری تریش ئەوەی لەدەست دەدا کە وەك هەر دایکێکی تر چێژی پشتیوانی و هاندان بدات بە کچەکەی. خەریک بوو خەو دەیبردەوە بەڵام شتێك وە ئاگای هێنایەوە، لەخۆی پرسی دوایین جار کەی بوو بەهاوسەرەکەی گوت خۆشیدەوێت؟ کەی بوو دوایین ماچیان کرد؟ کەی بوو دوایین جار بەیەکەوە تەماشای فیلمێکیان کرد؟ ئەرێ ئەوان هیچ گۆرانییەکی تایبەت بەخۆیان هەیە؟ یان هەر هەیان بووە؟ ئەگەر هەیان بووە ناوی چی بووە؟… هەڵسایەوە و قامکەکانی بەنێو قژیدا هێنا و بە دەنگێکی ناڕازییەوە گوتی:”چما سەرقاڵی کاتی ئەوەی بۆ ھیشتووینەتەوە خەریکی ئەو جۆرەخەیاڵاتانە ببین!” دەنگێک لەناخیدا ڕایچڵەکاند و پێی گوت: چەندە سەیرە مرۆڤەکان ئەوەندە سەرقاڵ بن کاتیان نەمێنێ بۆ گرنگییدان بەوشتانە کە لەلایان گرنگه!

ماڵەکە ئەوکاتە سارد بوو کاتێك هاوسەرەکەی چیتر داوای نەدەکرد لە ساتەخۆشەکان بەشداری لەگەڵدا بکات. بانگی نەدەکرد، گلەیی دواکەوتنی نەدەکرد. سەماو ماچ و هەموو جوانییەکانی لەگەڵ ئەودا بیرچووبوویەوە. ڕاهات لەدواکەوتن و نەهاتنی بۆ سەر خوانی خێزانی. ئەوەندە ساردی دروست بوو بوو، بیری چویەوە کەچیتر گلەیی لە سەرقاڵیەکانی بکات. کچەکەی ئە وکاتە لەدەستدا کەچیتر چاوی بۆ نەدەگێڕا. کچە فێرببوو ڕازەکانی لەگەڵ باوکییدا بەش بکات، لەوە وەستا کە شەڕ لەگەڵ باوکییدا بکات لەسەر ئەوەی کە ئەو هی کامیانە. لە گلەیی کردن و ناڕەزایەتی لەبەر بێ کاتی ئەو ئیتر وەستا. نەبوونی لەگەڵ ئەوان بوو بە شتێکی ئاسایی و ڕۆتینی.

ڕێڕەوی ژیان لای ئەوان بوو بە بازنەیی. چەندەی بەدوای یەکتردا ڕایان دەکرد کە ژیانیان باشتر بکەن و گەرم و گوڕی درووست بکەن، زیاتر کات دەڕۆیشت و مەوداکانیان زیاتر دەبوون و دەستەکانیشیان ساردتر. ئەوان گەیشتنە بارودۆخێك کە هیچ چاوەڕوانییەکیان لەیەکتر نەبوو. هیچ گلەییەکیان لە وەڵام نەدانەوە و دواکەوتنەکان نەبوو، ئەوان گەیشتنە بارودۆخێك ئیتر قسەیەکیشیان نەما بۆ گوتن، ئەو لەبری ئەوەی ژیانێکی ئاسۆیی و بەیەکەوەیی هەڵبژێرێت ژیانێکی ڕۆتینی بازنەیی هەڵبژارد کە نەک کۆی نەکردنەوە بەڵکو وەها پەرشووبڵاوی کردن کە هیچ کات ئیتر کۆنەکرێنەوە. ئێستا لەخۆی دەپرسێت: “ئەوشتانەی ڕۆژەکانیان بۆ پڕکردبووم، ئینتەرنێتەکەم، مۆبایلەکەم، نوسین و کتێبەکانم، کارکردنم، یا هەرچییەك کە زۆربەی کاتەکانم بۆی تەرخان کردبوو کاتی بۆ هێشتمەوە بۆ ئەوەی ئارەزووەکانم جێبەجێ بکەم؟ ئێستا کاتم زۆرە بۆ کارەکتەری چیرۆکەکانم، وەلێ ئەوان دێن بۆ ئەوەی یارمەتییم بدەن کێشەکانم چارەسەر بکەم؟ ئەوانەی لەدەستم چوون بۆمی دەگەڕێننەوە؟ ئەو سۆز و خۆشویستنەی لەدەستم چوو دەگەڕێتەوە؟” لە نزیک پەنجەرەکەوە ڕاوەستا بوو دەمەو ئێوارەی زستان، کوپێکی چایی بە دەستەکانیەوە و لە پەنجەرەکەوە دەیڕوانی، لە پشتیشیەوە تەنها ڕۆشنایی جوڵاوی ئاگردانەکەیە. لەم سەروبەنەدەدا دڵۆپێك فرمێسك لە چاوەکانییدا قەتیس داما، هەناسەیەکی دایەوە و گوتی: “نــا”.

دوور لە ماڵ و گەڕەکە خامۆشەکەی، ئۆتۆمبێلەکان هەر فڕکەفڕکەیانە و هۆڕن لێدەدەن. بەفر لە بارین نەکەتووە و سەرما و سۆڵەش وەکو ناخی مرۆڤەکان زێدەتر بڵێسە دەدەن.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌