Loading

-کۆمــا

“ماریای ئازیز”

چاوەکانی داخست و دەگەڕایەوە کەنار دەریاکە، پارچە پارچە جلەکانی بەری داکەند. لەسەر لمی کەنارەکە لەناو ئەو بۆشاییەی کە لەناویدا دروست بوو بوو، پاڵکەوت. شەپۆلی دەریاو نەوڕەسەکان ئاوێزانی یەکتری   بوون… هه‌موو ئه‌مانه‌  لەبەر گوێیەکانی ئاوازێکی دڵڕفێن بوون. گەرمای هاوین دەنکۆڵە وردەکانی لمی کەنارەکەی گەرم داهێنابوو، ئەو گەرمییە دەیگەڕاندەوە بۆ سەردەمانی زوو. چاوەکانی داخست لەخۆی پرسی؛“کام سەردەم؟“  پاشان له‌خۆی پرسی  “ئەو ئاوازە بۆ ئەوەندە ئاشنایە؟  ئەرێ لەکوێدا دەستیپێکرد؟ لەکوێدا پانتایی بۆشاییەکەم زیادی کرد؟“ ئەو پرسیارانەی تێدەپەڕاند و وێنای سەرەتای بوونی خۆی دەکرد، دەگەڕایەوە خاڵی سەرەتا، ئەوکاتەی تۆوێکی چکۆلە بوو، چووە سکی دایکیەوە و دایکی لەبەر کچ بوونی دەیویست لەباری بەرێت.

 

دەگەڕێتەوە سەرەتای پێگەیشتنی، ترساندنی ئەو لەلایەن باوکی لە گوناهه‌. وەڵامە تۆقێنەرەکانی لەبارەی ژیان و پرسیاری دوای مردن، کە بەتەواوی لەبیری ماوە کاتێک بەنەزانی بە باوکی گووت؛لە دۆزەخ ناترسێت…   بیردێت چۆن بەرزی کردەوە  بۆ سەر ئاگری تەنوورەکە، بۆ ئەوەی ترسناکی دۆزەخی پێشان بدات، کە ئێستاش  ئه‌وه‌ی بیردێته‌وه‌ مووەکانی جەستەی گرژ دەبن. ماچ و ئامێزی دایکی و خۆشویستن و گرنگی پێدانی، ئەو هەستە بوو هەرگیز پێی نەگەیشت بوو. ئەوەی لەدایکی بووە بەیادگاری لە یاده‌وه‌ری ئەودا قسە ڕەق و دڵشکێنەکانی بوو، کە هەمووکات ڕقێک بوو بەسەر ئەویدا دەڕشت لەبەر ئەو ڕەخنانەی لێی ئەگیرا لەهەمبەر هەبوونی کچێک.

 

 

تەمەنی هەرزەکاری و هەوڵدانەکانی بۆ خۆکوژی، کە خۆیشی نەیدەزانی بۆچی خۆکوژی بەچارەسەر زانیووە، یاخود قبوڵ نەکردنی خودی ئەو لەلایەن دەوروبەری! دەکرێت  لەوکاتەدا دەستیپێکردبێت، کاتێک پەیوەندیە سۆزداریە یەک لەدوای یەکە ناسەرکەوتووەکانی ده‌ستپێده‌كرد، کە تەنها چێژێکی سێکسی کاتی بوون و دواتر شکست و شکانەوەی کەسێتی و تەنهایی زیاتری پێدەبەخشی.

 

دەکرێت لەوکاتەوە دەستیپێکردبێت کاتێک بڕیاری بونیادنانی جیهانێکی تایبەت بەخۆی دا، بەڵام نەک نەیتوانی بەڵکو شکستی هێناو زیاتریش ونبوو،  یان ئەوکاتەی ناچاربوو دەمامک بپۆشێت وکەسایەتیە شەیتانیەکەی لەژێر دەموچاوێکی ساویلکەی خەندەدار و كۆمیدیانتدا  بشارێتەوە.

دەکرێت لەوێوە دەستیپێکردبێت، کە بۆ پاراستنی ژیانی ڕایدەکرد بەڵام بەپێچەوانەی ئاڕاستە، یان لەوێوە ئەوکاتەی کە ویستی وازبێنێت لە ڕووپۆشەکەی و بەهەمووان نیشانبدات کە ئەو کێیە و چییە… بەڵام هەرزوو ڕەتکرایەوە، وەلاوەنرا و  بێزرا، ناچار  بوو ماسكه‌كه‌ی ببه‌ستێته‌وه‌. یان ئەوکاتەی دونیا تەواو بەرتەسک بوو. بۆی، و ئاواتەکانی دەچوونەوە یەک بەڕادەیەک گەورەترین خەونی ژیانی بوو بە شایەدبوونی خۆرهەڵاتنی بەرەبەیان و نەمانی ترس لە ئاشکرا بوونی کەسایەتی ڕاستی ئەو.

 

خودی ئەو کێ بوو ؟ ئەو نەیدەزانی لەکام بەشی “بوونەوە بەخۆم” تێنەگەیشت بوو کە بەئێرە گەیشتوە ئێستا، ئایا خۆی دەیزانی چی دەوێت و چی دەویست؟ خاسیەتی ئەو بەتاڵییە چیە لە ئه‌ودا دروست بووە؟ گەردوون وا خوڵقاوە هەموو بەتاڵی و بۆشاییەک شتێک هەیە پڕی دەکاتەوە، ئەی چ شتێک تەواوکەرەکەی ئەوە؟ چ شتێک ئەو پڕ دەکاتەوە؟ ئایه ئەو مرۆڤێکی لەدەست چووە، یان هێشتا کاتی ماوە؟

 

 

چاوەکانی دەکاتەوە، لەمۆبایلەکەیەوە دەنگی کەنار دەریا به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئیدی نەوڕەسەکان دەکوژێنێتەوە و  جلەکانی دەپۆشێت. سەری هەڵدەبڕێت. خۆی لەبەردەم ئاوێنەی ژوورەکەیدا دەبینێتەوە و بەچاوێکی پڕ بەزەییەوە سەیری ئەوەی ناو ئاوێنەکە دەکات، پێی دەڵێت؛ ئەوە چی دەکەی؟ بیرکردنەوە هیلاکی نەکردی؟ بۆچی فێرنابیت به‌قه‌دری خۆت  ڕازی بیت؟ سەر دادەنوێنێت و بە نوزەوە بەخۆی دەڵێت؛ چی بوو، کێ بوو ئەم بەتاڵ بوونەی لەمندا دروست کرد؟ بۆچی دروست بوو؟

بەخۆی دەڵێت؛ ئای خودایە من لەکوێی دونیادا، لەکام بەشەی دا وا ونبووم؟ ئاخۆ من تاکە کەسم کە ئاوا ونبووم و لە ناو تاریکایی پرسیارکاندا بەجێمام؟

چاوەکانی دادەخات. دەگەڕێتەوە کەنار دەریاکە. پارچە پارچە جلەکانی بەری دادەکەنێت، لەسەر لمی کەنارەکە لەناو ئەو بۆشاییەی کە لەناویدا دروست بووە پاڵدەکەوێت و …

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌