كولتوری کەڵەگایی سیاسیی ئەوان و کولتوری کڵۆڵی ئێمە

Loading

ئەو دیمەن و دونیایەی کە لەم دوو ڤیدیۆیانەدا دەیبینن کە لە ئەمەریکادا دەگوزەرێت، بەرهەمی شۆڕشە کولتوریی و زانستییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوایە، کە لە سەدەی 15-19 ڕوویانداوه‌. ئاکامی ئەو شۆڕشانەش لەوێ و لێرەش، بوون بە پێوانە و پایەکی سیاسیی و کولتوویی و تا ئێستاش قەدەری سیاسیی و ئابووریی تۆ بەدەستی ئەوانەوه‌ گرێدراوە. لەوەش زیاتر، کابرایەکی پارەداری (عول وعولیی، لێ عەقڵ حاڵ، وەک ترامپ)  تۆ و ئێمەی ڕۆژهەڵاتی و کورد، بە دین و دیانەتەوە، وەک بەستەزمان و دەمچەفت لە خۆبەڕێوەبردن، هەڵدەسوڕێنێت.

(تۆ/ئێمە)  وەک کورد و ڕۆژهەڵاتی، دۆخی خۆت و ئەوان لەگەڵ یەکتردا بەراورد بکە و پاشانیش کەمێک بیربکەوە، کە وزەی ئەو کەمە بیرکردنەوەیەش تەنێ چوار ئەمپێری گەرەکە، بۆ ئەوەی دۆخی سیاسەتکردن ئاستی کولتوریی، خوێندەواریی، نەریت، ئایینداریی خۆت تێبگەیت.

دەبینی بەزمی سیاسیی لەوێ چۆنە و لای تۆش چۆنە: تۆ/ئێمە لێرەی کوردستاندا خەمت ئەوەیە، ترامپ چووە کڵێسە، بەوەش دەتەوێ بڵێت؛ ئەها بزانن دین لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکایەکی عەلەمانی تێکەڵی سیاسەتە، کەواتە ئەوەی باسی عەیبەی موسلمانەتی خۆشی ئێمە دەکا، کافرە یان کاڵفامە…

یان غەمی تۆ/ئێمە ئەوەیە، کە لاوازییەکی سیاسیی لە ترامپ و ئۆباما بدۆزییەوە، تا بڵێیت: ئەها هەر لەکوردستان سەرۆکەکان بەرژەوەندیی خۆیان مەبەست نییە، بەڵکە لەوێش وەک ئێرەیە، کەواتە سیاسەت و سەکردەی لە کوردستانیش بێ عەیبە، یانیش خەمی تۆی کورد بە دیار ئەو بەزمی پرۆسەی سیاسەتی دیمۆکراتی، دەستاودەستکردنی سیاسیی ئەوەیە بزانیت، ترامپ پشتگیری پەیدە و یەپەگە دەکا یان نا!  ئەگەر نەیکرد زوو بڵێی دەبینی، قسەکەم ڕاست بوو ئەمەریکا بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ تورکیا تێکنادا، کەواتە ترامپ پیاوێکی باشە و داهاتوو هی حیزبەکەی منە، یان بەوە بەختەوەریی بەدیار پەیامنێری تەلەفزیۆنێکی ستۆدیۆ رازاوە دانیشتوویی، کە چەند (سیاسیی و میاسیی) کۆکردۆتەوە، گوایە سیاسەتی ترامپت بۆ شرۆڤە دەکا، کەبزانێ بۆ کورد و موسڵمانان خێری دەبێ یان نا… تاد

هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل
هونەرمەنديکی سینەمایی بیڕوڕاکانی ترامپی بەرجەستە کردووەە / دەیلی مەیل

کۆی ئەو تشتانەی کە لێرە لە کوردستان و دونیای موسلمانان دەگوترێن لەسەر ترامپ و سیاسەتەکەی، لە فڵتە فڵت زیاتر، هیچی تر نین، چونکە تۆ/ئێمە خاوەنی خۆت؛ خاوەنی ئیرادەی سیاسیی کولتووری ئازادیی و دیمۆکراتیی و شکۆی خۆت نیت/نین. سیاسییەکانت، بە ئەقڵی خێڵەکی، نەک خێل لە دۆخی خۆی، ئازاد نین، چونکە تۆ خۆت ئازاد نیت، چونکە تۆ لە زانکۆش دەخوێنێ یان وانە دەڵێیتەوە، بەڵام خوێندەوارییت بەشی تێگەیشتن لە خۆشت ناکا نەک لە دونیا حاڵی بوون؛ چونکە دۆخی تۆ، لە دۆخی سروشتی تێپەڕی نەکردووە، واتە هێشتا دەبێ بەخێو بکرێیت و پاسەوانیت لێ بکرێت، تۆ کە حەزت لە ئازادییە، کەچی نەک هەر لە ئازادی سیاسەتکردن نازانیت، بەڵکە ئازادی خۆشەویستیش نازانیت، چونکە کردەی ڕەخنە لە کن تۆ کابوسە. تۆ کە دینت وەک زیندان بۆ خۆت و ئەوانیتر گرتووە، کەچی کولتوری پارەت لە ڕۆژئاوای لیبرالیزمی نوێ وەرگرتووە، کەچی بە هۆی نەزانینت لە پارە، پایەی مرۆڤایەتیشت لە خۆت داماڵاندووە…

کەواتە: تێبگە ئەو دۆخی پاشکۆیی و کۆیلەییەی کە بوونت، ئاین، خیڵ، یان نەتەوەکەت تێیدا دەژین، خەتای ترامپ نییە، خەتای خۆتە کە خۆسەروەر نیت، کە ناتوانی ئاین و کولتورەکەت وه‌ها لێ بکەیت، خێری بۆ خۆت و دونیا هەبێت، یان هەرنا، ئازاد و ئاسوودەییت پێ ببەخشن. بۆیە تۆ کە نازانی نە دینداری بکەیت و نەسیاسەتی زانستی، ئەوانەت ناچارکرووە، تۆ بەڕێوە ببەن.

دوای دوو سەده‌، کەمێک بیربکەوە، کە تۆی خاوەن بڕوای دینی و دەستەڵاتی خێڵ، وامەزانە بە خۆت و حیزبەکەت لەناو گەڕەک، عەشیرەت، حەشامات، مزگەفت و زانستگەدا، لەوان ئازادتر و باڵاتریت و دونیا و قیامەتت مسۆگەرکردووە. نا، تۆش بە خۆت و دەستەڵاتی مادیی و دینییەوە، بەستەزمانێکی بە دەست بەزمی داهاتووی ترامپ و ژنە جوانەکەیەوە…
بەهەمە حاڵ، زۆری دەوێ، بەڵام…

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین    ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی