سەباح ڕەنجدەر - شاعیر

تابلۆكانی دانایی له‌  “سروودی زەوی” ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر دا


ڕاڤە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی

Loading

محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم - قوتابیی دكتۆرا له‌ به‌شی زمانی كوردیی كۆلێژی په‌روه‌رده‌- زانكۆی سه‌لاحه‌دین
محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم – قوتابیی دكتۆرا له‌ به‌شی زمانی كوردیی كۆلێژی په‌روه‌رده‌- زانكۆی سه‌لاحه‌دین

تابلۆكانی دانایی له‌  “سروودی زەوی” ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر دا

محه‌مه‌د عه‌بدولكه‌ریم ئیبراهیم *.  

پێش باس:

مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە کەسانی بەناوبانگ کە وتەکانییان بووەتە پەندی ژیان. بوودا و کۆنفۆشیۆس و سینۆهە و سوقرات و لوقمانی حەکیم و پیری شالیار و حاتەمی تائی، ئەو ناوە درەوشاوانەن کە لەپاڵ سەدان دانای تر، مرۆڤ لەهەموو سەردەمە جیاوازەکاندا سوودی لە پەند و ئامۆژگارییەکانییان وەرگرتووە. دانایی هەمیشە لەرێگای فەرمایشتە ئاینییەکان و پەند و چیرۆکەوە لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراوەتەوە. شیعر یەکێکە لەو کەرستانەی کە بۆ بڵاوکردنەوەی دانایی بەکارهاتووە. لەلای هەندێ میللەت و ئاین، شیعر کەرستەی سەرەکی بڵاوکردنەوەی داناییە. لەئەدەبی کوردیدا، گرنگیی زۆر بە دانایی دراوە. شیعری کلاسیکمان، لەپاڵ ئەوەی لەفۆرمێکی لیریکیدا هۆنراوەتەوە، بەڵام پڕیەتی لەدانایی و پەند و ئامۆژگاری. بەڵام شیعری نوێی کوردی، کەمتر بەلای بابەتی داناییدا دەڕوات. شاعیری ئەم سەردەمە، ئەوەندەی بیری تایبەتی خۆی و هەڵچوونەکانی شەنەدەکات، ئەوەندە لەخەمی ئەوەدا نییە پەیامێکی ڕوون لەبارەی بابەتێکی ژیانەوە بگەیەنێتە خوێنەرەکەی.

کۆشیعری (سروودی زەوی) ی سەباح ڕەنجدەر، وەک بەرهەمێکی شیعریی ئەوڕۆ، کارێکی وردی لە فەزای بیریدا کردووە. بەدرێژایی قەسیدەکانی، پەیامی پڕ لەدانایی بۆ خوینەر دەنێرێت و دووبارە راستییەکان بەو چەشنەی شاعیر دەیانبینێت، پێناسە دەکاتەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدات ڕیشەکانی چنینی دانایی لەم قەسیدانەدا بدۆزێتەوە و نموونەکانییان بخاتەڕوو.

پێناسەی دانایی:

إبن منظور ده‌ڵێت: ((دانایی زانینی باشترینی شتەکانە لەڕێی باشترین زانیارییەوە))

إبن فارس ده‌ڵێت: ((دانایی ئەو شتەیە کە مرۆڤ لەنەفامی دووردەخاتەوە))

احمد رضا ده‌ڵێت: ((دانایی پێکانی ڕاستییە بە زانیاری و عەقڵ))

عه‌لی جورجانی ده‌ڵێت: ((دانایی زانستێکە لە ڕاستیی شتەکان دەکۆڵێتەوە وەک ئەوەی کە هەن ….. دانایی قسەیەکی سەنگین و کورتبڕە، هەروەها گوتراوە: دانایی دانانی شتە لەشوێنی خۆی))

 

دانایی لەڕووی مێژووەوە:

بەدرێژایی مێژوو وشەی (دانا – حکیم) بەو کەسانە گوتراوە کە لەبیرکردنەوەدا قووڵن و زانیارییان لەبارەی ژیانەوە هەیە و سوود لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆیان و خەڵکیش وەردەگرن، بەگشتی ئەو جۆرە کەسانە هاوسەنگی لە بیرکردنەوە و گوفتار و رەفتاریاندا هەبووە و خەڵکی سوودی لە قسەکانییان بینیوە و وەک پەندی ژیان و سەرمەشق وەریگرتووە. ئاینەکان و فەلسەفەش گرنگیی تایبەتییان بە دانایی داوە و زۆرجاریش پەیامبەرو پیاوە مەزنەکانی مێژوو بە دانا وەسفکراون.

فەیلەسووفەکانی یۆنانی کۆن، گرنگییەکی تایبەتییان بە دانایی داوە. ((سوقرات، دانایی بە زانایی و ڕەوشتبەرزی دادەنێت. فیساگۆرس دانایی بە ڕاستیی ڕەهاوە دەبەستێتەوە و خۆی بە دۆستی دانایی دەناسێنێت نەک بە دانا، چونکە پێی وایە تەنها خواوەندەکان دانان))

لەفەلسەفەو ئاینزا ڕۆژهەڵاتییەکاندا دانایی پلەوپایەیەکی یەکجار مەزنی هەیە و کەسانی دانا وەک خواوەندەکان سەیرکراون و لە پەرستگاکاندا پەیکەریان بۆ دانراوە.

دانایی لە ئاینە ئاسمانییەکاندا گرنگیی زۆری پێدراوە. پێغەمبەران لەپاڵ سرووشی خوایی، داناییشیان پێدراوە. هەڵبەتە دانایی بۆ ئەوە بووە بزانن چۆن فەرمانەکانی خوا بەخەڵکی ڕادەگەیەنن و باوەڕیان لەلا دروستدەکەن. لە قورئانی پیرۆزدا ئەم ڕاستییە بەڕوونی دەردەکەوێت. بۆنموونە: پیغەمبەر ئیبراهیم لەخوا دەپاڕێتەوە کە پیغەمبەرێک بۆ ئەوخەڵکە بنێرێت، کیتابی خوا و داناییان فێربکات (ربنا وابعث فیهم رسولا منهم یتلو علیهم آیاتک و یعلمهم الکتاب والحکمة. هەروەها لەبارەی پێغەمبەر (محمد) ەوە دەفەرمێت: ((وأنزل الله علیک الکتاب و الحکمة) هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە کە هەرکەسێک دانایی پێبدرێت ئەوا بەخششێکی زۆری لەگەڵدا کراوە.

 

دانایی و شیعر:

فەلسەفەو ئاین و شیعر، لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا، سێکوچکەی گرنگی بیری مرۆڤن. لەسەردەمە کۆنەکاندا، ئەم سێکوچکەیە لە بونیادی بیری خەڵکدا یەکجار پتەوو کاریگەربووە. داناییش کەرستەی هەرسێ بابەتەکە بووە، بەڵام بەڕیژەی جیاواز بەسەر هەریەک لە پێکهاتەکانی ئەم سێکوچکەیە دابەشبووە.

پەیوەندیی نێوان دانایی و شیعر لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر و لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەگؤڕێت. هەندێک لە شارستانێتییە کۆنەکانی مرۆڤایەتی، دانایی و شیعریان تێکەڵ نەکردووە. بەڵکو پێیان وابووە بابەتەکانی شیعر لەڕووی بەهاوە لە دانایی نزمترن، داناییان بە بابەتی فەلسەفە یان بەرزتر لەفەلسەفە داناوە. فەیلەسووفە یۆنانییە کۆنەکان داناییان بە سیفەتێکی خواوەندی داناوە و نەیانداوەتە پاڵ شاعیرەکان. لە ئەفسانەی کۆنی یۆنانیدا (ئەثینا) خواوەندی دانایی و هێز و جەنگە و پارێزەری شارە. بەمەش بڕیاری جەنگیان خستووەتە ژێر ڕکێفی دانایی بۆئەوەی هیچ جەنگێک بەهۆی هەڵەشەیی و نەفامییەوە ڕوونەدات. بەو پێیە دانایی تایبەت بەخواوەند و پاشاکان بووە و شیعر بەلای ئەم مەسەلەیەدا نەچووە. فەیلەسووفەکان قسەیان لەبارەی داناییەوە کردووە و بە پیرۆزیان زانیوە. بەڵام نەیانداوەتە پاڵ شیعر و شاعیرەوە. ڕەنگە بۆچوونی ئەفلاتۆن لەبارەی تراژیدیاوە، پەسندکردنی تراژیدیا بێت چونکە دانایی بەمرۆڤ دەدات. بەڵام بەم شێوە ڕاستەخۆیە دەرینەبڕیوە، بەڵکو پەسەندکردنی تراژیدیا بۆئەوە دەگێڕێتەوە کە سۆز و بەزەیی لەدڵی بینەر دەورووژێنێت و چاوانی پڕدەبن لەفرمێسك. بۆیە ئەم چەشنە شیعرە وەک فەلسەفە لەهەوڵی دروستکردنی ژیانێکی بەرز و جوانه‌.

بەڵام لەڕوانگەی ئاینەکانی ڕۆژهەڵات و ناوچەی میزۆپۆتامیاوە، شیعر بایەخێکی تایبەتی هەبووە و ئامرازی گەیاندنی پەند و ئامۆژگاری و سروودە ئاینییەکان بووە. داستانی گلگامێش لەسەردەمی سۆمەرییەکان بە شیعر نوسراوەتەوە و پڕە لە پەندو دانایی. کتێبی ئاینی زەردەشتی، ئاڤێستا، بەشی گاتاکانی بە شیعر نوسراوەتەوە و پەندەکانی ژیان و ئامۆژگاریی زۆر لەخۆدەگرێت.

لە ئاینی ئیسلامدا ئەم مەسەلەیە ڕوونتر جیاکراوەتەوە. ئەو بەشەی شیعر ڕەتکراوەتەوە کە قسەی بێبنەماو درۆو دەلەسە و خراپەکاری بڵاودەکاتەوە. بەڵام ئەو شیعرەی ڕەوشتی بەرز و بیری کۆمەڵایەتی جوان بڵاودەکاتەوە، ستایشی کراوە و بە دانایی لەقەڵەم دراوە. لەم بارەیەوە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت فەرموویەتی (إن فی الشعر لحکمة) واتا دانایی و شیعری تێکەڵی یەکتری کردووە. بۆیە لە کلتووری ئەدەبی ئیسلامەتیدا دانایی گرنگییەکی زۆری پێدراوە و هەر شاعیرێک لەهەوڵی ئەوەدا بووە شیعرەکانی شتێک لە داناییان پێوەدیاربێت. بەمەش دانایی بووەتە کەرستەیەکی گرنگی بابەتی شیعر و، شیعریش بەهۆی ئەو داناییەی لەئامێزی گرتووە، خێرا بەناوخەڵک بڵاوبووەتەوەو لەگۆشەی دیوانەکانەوە چووەتە سەرزاری خەڵک.

 

زێوان –  دیوانی یەکەمی  سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

زمان و دەربڕینی دانایی:

دانایی بابەتێکی واتاییە، بۆئەوەی کاریگەرییەکەی بگاتە گوێگر و مەبەستەکەی بپێکێت، دەبێت لەدووتوێی هەندێک شێواز و کەرستەی دەربڕینی زمانەوە بەکاربێت کە لەچاو شێواز و کەرستەکانی تر کاریگەرتر بن. لەسەردەمەکۆنەکاندا قاڵبی (پەندی پێشینان ، قسەی نەستەق) بەکارهاتووە بۆ دەربڕینی دانایی. پەندی پێشینان و قسەی نەستەق، ئەگەر هەمووشییان لە ڕووی داڕشتنەوە وەک یەک نەبن، بەڵام بەگشتی لە رستەیەکی کورت پێکدێن و شێوازێکی ڕوونییان هەیە، بەهۆیانەوە مەبەستێکی تایبەتی گەیەنراوە. شاعیری ئەمڕۆ کاتێک دەیەوێت مەبەستێکی دانایی بگەیەنێت، لەچاو دانایانی پێشوو، کەرستە و تەکنیکی زمانیی زۆرتری بەدەستەوەیە. چونکە لەلایەک ئاگاداری کەلەپووری زمانیی کۆنەو، لەلایەکیتر ئەزموونی زمانیی مرۆڤ، سەردەم بەدوای سەردەم، لەبەرەوپێشچووندایە. ئەمیش سوود لەو ئەزموونە فراوانە وەردەگرێت و بەشێوەیەکی هونەری، مەبەستەکانی خۆی لەناو شێواز و کەرستەجیاجیاکانی زمان دەچنێت.

تەکنیکەکانی چنینی دانایی لەناو زمانی شیعر لە کۆشیعری (سروودی زەوی) دا.

لە کۆشیعری سروودی زەوی دا، شاعیر ئەم شێواز و کەرستە زمانییانەی بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی دانایی:

یەکەم: یەکەم: چنینی دانایی لە ڕێی دووبارە پێناسەکردنەوەی شتەکانەوە:

لێرەدا شاعیر هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی شتەکان دەدات. پێناسەیەک، مەرج نییە گوزارشت لەو دۆخ و ماهییەتەی ئێستای شتەکە بکات کە ئێمە پێی ئاشناین، بەڵکو پێناسەیەکە لە گۆشەنیگای دانایی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرێت و لەڕێیەوە دیوێکی تر و وێنەیەکی تری ژیان دەخاتەڕوو.

دووەم: چنینی دانایی لەڕێی پرسیارکردنەوە:

شاعیر پرسیار لە هۆکار و ماهییەت و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ڕۆتینی ڕووداو و دیاردەکان دەکات و وادەکات خوێنەر دیوەکانی تری هەموو ئەو شتانەی بۆ دەربکەوێت و ژیان فراوانتر ببینێت. پرسیارکردن دەروازەی دەرکەوتنی ئەو هۆکارانەیە کە لەپشتەوەی ڕووداوەکانەوە هەن و کاردەکەن، بەمەش شاعیر بیرۆکە نوێیەکە و مەبەستە داناییەکەی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو.

سێیەم: چنینی دانایی لەڕێی وەسفی سروشتەوە:

لێرەدا شاعیر وەسفی سروشت دەکات، بەڵام بەچەشنێکی جیاواز و بە تامێکی جیاوازەوە. ئەو بۆن و تام و ڕەنگی سروشت بەشێوەیەکی بەرجەستە دەخاتە بەرهەستەکانی خوینەر. هەربەوە ناوەستێ وێنەی زەینی بۆ سروشت لە خەیاڵی خوێنەرەکەی وێنا بکات، بەڵکو خوێنەر دەخاتە ناو سروشت و هەستەکانی دەورووژێنێت. لەم دۆخە هەستی و دەروونییەدا مەبەستە داناییەکەی دەخاتەڕوو. لێرەدا خوێنەر بەبێ هیچ ڕێگرییەکی ئاگایانەی عەقڵ، مەبەستەکەی وەردەگرێت و لەڕێی هەستکردن بە مەبەستەکەوە داناییەکە دەبێتە بەشێک لە باگراوندی زانییاری و کارامەییەکانی ژیانی.

چوارەم: چنینی دانایی لەڕێی هەواڵگەیاندنەوە:

لێرەدا هەواڵگەیاندن وەک تەکنیکێکی گوزارشتکردن بەکارهاتووە. ئەوەندەی شاعیر لەمیانەی هەواڵگەیاندنەوە بیری تایبەتی خۆی دەخاتەروو، ئەوەندە زانیارییەکی ڕووداوی بەرجەستە بۆ خوێنەرەکەی ناگوازێتەوە. لە هەواڵگەیاندندا شاعیر دەیەوێت دڵنیایی لەبارەی بابەتەکەوە بگەیەنێت. بۆیە هەوالگەیاندن وەک ڕێگایەکی گوزارشتکردن و تەکنیکێکی چنینی شیعری لەم کۆشیعرەدا بەکارهاتووە و مەبەستەکانی دانایی لەمیانەی ئەوەوە بەخوێنەر گەیەنراون.

پێنجەم: چنینی دانایی لەڕێی ڕادەربڕینەوە:

لەم تەکنیکەدا شاعیر بیروڕای خۆی لەبارەی دیاردەیەک یان هەر ڕووداوێکەوە دەردەبڕێت، لەمیانەی دەربڕینی بیروڕا تایبەتییەکەیدا، ناوەرۆکێکی پڕ لە دانایی دەخاتەروو. بەمەش ڕاستەوخۆ بۆچوونەکەی ناسەپێنێت، بەڵکو وەک بیروڕایەک رایدەگەیەنێت.

شەشەم: چنینی دانایی لەڕێی لێکدانەوەی جیاواز بۆ هۆکاری دیاردەکانەوە:

لێکدانەوەی جیاواز بۆ هۆکاری ڕووداوەکان، تەکنیکێکە لە ڕەوانبێژی کۆندا بەکارهاتووە. ئەو کات لەشێوەی لێکدانەوەی جیاواز بۆ یاردە سروشتییەکان بەکاردەهات و پێی دەگوترا جوانی بایس. بەڵام لە سروودی زەویدا، شاعیر ئەم هونەرە ڕەوانبێژییەی فراوانتر کردووە و وەک تەنیکێکی نوێ بەکاریهێناوە. ئەو نەک هەر بۆ دیاردە سروشتییەکان، بەڵکو ڕووداوە ئاساییەکانی ژیانیشی خستووەتە بەر ڕۆشنایی ئەم تەکنیکە و نموونەی جوانی شیعریی دروستکردووە.

حەفتەم: چنینی دانایی لەڕێی گێڕانەوەوە:

گێڕانەوە هونەرێکی کاریگەری گەیاندنی زانیارییە. کۆمەڵێک تەکنیکی تایبەتی خۆی هەیە و زانستێکی تایبەتییە لە بواری توێژینەوەکانی رەخنە و تیۆری ئەدەبیدا. لە سروودی زەویدا شاعیر گێڕانەوەی بۆ گەیاندنی پەندی ژیان و دەربڕینی دانایی بەکارهێناوە. ئەم هەنەرە لەچاو شێوازەکانی تری دەربڕینی داناییی، کەمتر بەکارهاتووە، ڕەنگە هۆیەکەی ئەوەبێت ژانری شیعر کەمتر ئامێزی بۆ گێرانەوە دەکاتەوە لەچاو ژانرەکانی تر. سروودی زەویش کۆشیعرە. بەڵام توانیویەتی ئەگەر کەمیش بێت، سوود لەگێڕانەوە وەربگرێت بۆ چنینی دانایی.

نموونەکانی دەربڕینی دانایی لە کۆشیعری سروودی زەوی دا:

 

 

یەکەم: چنینی دانایی لە ڕێی دووبارە پێناسەکردنەوەی شتەکانەوە:

مێژوو، کۆی ئەو ڕووداوو بارودۆخانەیە کە کەسێک یان کۆمەڵگەیەک پێیدا تێدەپەڕێت. بەگشتی ئەو ڕووداوانەن لەسەردەمانێکی پێشوو ڕوویانداوەو بەجۆرێک لەجۆرەکان تۆمارکراون یان پارێزراون. بەڵام شاعیر بە (بووکە مەیموونی گەردوون) دەیناسێنێت. بەم پێناسەکردنە نوێیە، ڕوانینێکی تایبەتی خۆی سەبارەت بە مێژوو هەروەها سەبارەت بەو ڕووداوانە دەخاتەڕوو کە مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە. دیارە ڕووداوەکانی مێژوو پڕن لە شەڕوشۆڕو لەناوچوونی شارستانی و کوژرانی مرۆڤ و بەهاجوانەکان. مێژوو زۆرتر باس لە شەڕ و ڕووداوە سامناکەکان دەکات و بەدەگمەن باس لە بووژانەوە و مرۆڤدۆستی دەکات، بەمەش بووەتە بابەتێکی هەڵگر بۆ هەواڵە ناخۆشەکان و هەرچی ناشیرینییە لێی بارکراوە. شاعیریش لە وێنەیەکی شیعری جوان و لە ڕستەیەکی کورت و پڕ لە دانایی، پێناسەو ناونیشانە تازەکەی بۆ دەنەخشێنێت و دەلێت:

مێژوو ئەی بووکە مەیموونی گەردوون

بەهار، وەرزی ژیانەوەو گەشانەوەی سروشتە، بوونەوەرەکان هەموویان دووبارە دەژیێنەوەو ئەو زیندەوەرانەی لەدۆخی متبوون و سڕبووندان، دەکەونەوە چالاکی. ژیان دەزێتەوە دەماری زەوی و کانیاو و جۆگەکان پڕدەبن لە ئاو. سروشت پڕدەبێت لە گیان و چالاکی. چەشنێکی تر لە جوانی ڕوخساری زەوی ئارایشتدەکات. شاعیر لە سروودی زەویدا بەم چەشنە پێناسەی بەهاری کردووەتەوە:

 

بەهار دەستێکی خێر لەخۆ دیوە

چاڵ و چۆڵی و دەموچاوی سووتاوی سروشت لەچەک دەکات

 

سروشت، بەهەموو ئەو بوونەوەرانەی تێیدایە، جوانی بەخش و ئارامکەرەوەی دەروونی مرۆڤە. چەندە مرۆڤ لەسروشت دووربکەوێتەوە، ئەوەندە دووچاری دەردەسەرییەکانی ژیانی مەدەنییەت دەبێت. هەستکردن بە تەنیایی و خەمۆکی و دڵتوندییە بەردەوامەکانی مرۆڤ، بە تێکەڵبوون لەگەڵ سروشت چارەسەر دەبن. لەم بارەیەوە شاعیر سروشت بە پزیشک دەناسێنێت و دەڵێت:

سروشت پزیشکێکی خۆڕسکە

خەمۆکیمان چارە دەکات

غەزەل: جۆرێکی کۆنی شیعرە، گوزارشتی لە هەستی ناسکی شاعیر کردووە سەبارەت بە جوانی یارەکەی و گریان بۆ دابڕان لەخۆشەویستان . ئەو فۆرمە جوانەی شیعرە کە هەمیشە مرۆڤ لەرێیەوە ناخی خۆی هەڵرشتووەو لە ئازارو مەراقەکانی، لە دنیابینی و هەست بەناسکی و جوانییەکانی، لە سروشت و لە ناخ، ئەو پەیکەرە جوانەی سازاندووە کە پێی گوتراوە غەزەل. غەزەل بە مانای لیریک ، کۆنترین فۆرمی شیعرە مرۆڤ پەنای بۆبردبیت و یەکەمین شاکارە زمانییەکانی مرۆڤە. لەمبارەیەوە شاعیر بەم چەشنە پێناسەی غەزەلی کردووەتەوە:

غەزەل مووتوربەیەکی بێ وێنەیە

لە هەموو درەختە بەردارەکان

لک و پۆپی درەختی بەرداری ماڵ

بەسەر دیواری حەوشەوە هاتوونەتە دەرێ

پرد، ئامراز و هۆکاری پەڕینەوەی مرۆڤە، ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوون. ئاماژە واتاییەکانی پرد، هەمووی ئەرێنی و مژدە بەخشن. پرد هێمایە بۆ بەیەکتر گەیشتن، بۆ لەیەکتر تێگەیشتن. لەهەرکوییەک پرد ببێ، ئاوەدانی و گواستنەوەی مرۆڤەکان و تێکەڵبوونی نەریت و بیرکردنەوە جیاوازەکان ڕوودەدات. بەمەش کاڵبوونەوەی جەمسەرگیری و پەڕگیری و دەمارگیری دێتەکایەوە. هەموو ئەانەش بنەمای ژیانی شارستانی و یەکترخوێندنەوەیە و قبووڵکردنی بەرانبەرن. لەم کۆشیعرەدا، شاعیر دیوێکی تری پردمان بۆ دەردەخات. ئەو دیوەی کە مرۆڤ دەبێتە پرد بۆ پەڕینەوەی ئەوانیتر. ئەو دیوە ڕەهەندێکی قووڵی واتایی و کەلێنێکی فراوانی سایکۆلۆژی هەیە لە کەسێتی مرۆڤدا. بوون بە پرد بۆ پەڕینەوەی ئەوانیتر، دیاردەیەکی ڕۆژانەیە لە ژیانی بەشێکی زۆری مرۆڤەکان. بەڵگەیە لەسەر ناڕوونی ئامانج و نەبوونی پلان و ونکردنی ناسنامەی کەسێتی. ئەوکات مرۆڤ دەبێتە ئامرازێکی بێگیان بەدەست کەسانێکی هەلپەرست و مشەخۆر. بۆیە شاعیر دووبارە پرد دەناسێنێتەوەو دەڵێت:

پرد جەستەیەکی سارد و سڕە

بەسەر ئاوەوە درێژ کراوە

خودی شاعیر، وەک هەر مرۆڤێکی تر، لە بیرکردنەوەو کەسێتی و ڕەفتارەکانییەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەودۆخەی ئێستای مرۆڤ دەنوێنێت، ئەنجامی ڕفتارەکانی رابردوویەتی، ڕەفتارەکانیش ئەنجامی بیرکردنەوەی مرۆڤن. لە سروودی زەویدا، شاعیر زۆر لە ئێستای خۆی ڕازییە خۆی لەسەرووی هەموو سەروەرییەکانەوە دەبینێتەوە. ئەو پێی وایە خودی پاشایەتی ئیرەیی بەو دەبات و شیعر پەنای بۆ هێناوە نیشانەو نهێنیی زیندووکردنەوە لەوەوە بناسێتەوە. ئەم سەروەرییەی شاعیر لە پابەندبوونی بە هەقیتەوە سەرچاوەدەگرێت. بەڵام شاعیر ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکیتر دەبینێت خۆی بە قوربانیی هەقیقەت دەبینێت. نکووڵی لە باڵابوونەکانی ناکات، بەڵام پێی وایە بوون و هەموو ئەودەستکەوتانەی هەیەتی، باجی خودی هەقیقەتن. هەقیقەت هەیە بۆیە ئەمیش بەوچەشنە هەیە. دانایی ئەم دەربرینە لەوەدایە کە مرۆڤی پابەند بە هەقیقەت مەزن و باڵا دەبێت، بەڵام باجی ئەو پابەندبوونەش لەژیانیدا دەدات. ئەو توانیویەتی لەم دووبارە پێناسەکردنەوەیەدا شانازی بکات لەهەمان کاتیشدا خۆی وەک قوربانی بخاتەڕوو. دەڵێت:

ئەی هەقیقەت من باجی تۆم

تاج ئیرەییم پێ دەبا

شیعر دەستی لەسەر شانم دانا

گوتی لە دوورەوە هاتووم و نەزرم لە خۆم گرتووە

نیشانەی زیندووکردنەوە بناسم

مانگ، نیشانەی جوانی و ڕۆشنایی بەخشینە. لەهەردۆخێکی دەرکەوتنیدا چەشنە کاریگەرییەکی بەسەر ژیانی مرۆڤەوە هەیە و لەدێرزەمانەوە دەیان ئومێد و ئەفسانەی پێوەبەستراوەتەوە . مرۆڤ لەکۆن و لە ئێستاشدا پێی وایە مانگ پەیوەندییەکی بەتینە لەنێوان زەوی و ئاسماندا، لەکۆندا ئەم بیروباوەڕە ڕەهەندێکی میتافیزیکی هەبووە، لە ئێستادا ڕوانگەیەکی زانستی و گەردوونناسی هەیە. لەهەردووبارەکەدا، مانگ ڕۆڵی گرنگی خۆی لەدەست نەداوە و مایەی دڵخۆشی مرۆڤ بووە. لە سروودی زەویدا، مانگ شتێکی ترە. ئەو مرۆڤانەی دڵیان پەیوەستی خوابووە و پڕاوپر لە میهری خودایین، زمانیان نزاو ئاخاوتنیان ویردی عاشقانەی بەندەیەکی تواوەیە لە ئاستانەی خۆشەویستیدا، ئەوانە هەردەم دەستی نزایان بەرەو پەروەردگار بەرزکردووەتەوە و میهری خوداییش ئەو دەستی نزایەی رۆشن و ڕەونەقدارکردووە. مرۆڤ لە دۆخێکی وا پڕاوپڕ لە خاوێنی و خۆنەویستیدا ئەوەندە بەرزو دوورە لە کەم و کورییەکانی مرۆڤبوون، فریشتەئاسا هەڵدەفڕێت و دەبێتە نموونەیەکی بەرزی عیشق و توانەوە لە خۆشەویستیدا. لێرەدا شاعیر ئەو دەستی نزا درەوشاوە و پڕلە خۆشەویستیە، کە هیچ خەوش و مەرامێکی تایبەتی دنیای هەڵنەگرتووە، بە مانگ دەچوێنێت. بەڵکو لەمەش دوورتر دەڕوات و دووبارە پێناسەی مانگ دەکاتەوە و دەڵێت:

مانگ دەستی نزایە هەڵفڕیوە

لە تریفەی خۆی زیاتر کەسی نییە

هەمان مەبەست لەبارەی مانگەوە دووپات دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان قووڵتر. مانگ دەکاتە دەستی دەفژەن. ئەو دەفژەنەی لەحاڵی جەزبەی عیشقدایە و سەرتاپای بووتە ڕۆشنایی و تریفە و چاوەڕوانی توانەوەیە. دەڵێت:

مانگ دەستی دەفژەنە و هەڵفڕیوە

دەفژەن ڕۆشنایی سەر پەنجەکانت دەرکەوتوون

چاوەڕوانی هەواڵێکن

پەیژە، ئامرازی سەرکەوتنە بەرەو شوێنە بەرزترەکان. بەهۆیەوە مرۆڤ بەرەو ئاستە باڵاترەکان سەردەکەوێت. هەمیشە پەیژە وەک هێمای دۆخ گۆڕین بەرەو باشتر خۆی دەنوێنێت و ئاماژەی بوونی شوێنێکە باشتر و باڵاترە لەوەی ئێستا هەیە. لە سروودی زەویدا، پەیژە بۆ مەرامی تر بەکارهاتووە. لەوێدا شاعیر بۆ ناو تاریکیش هەر بە پەیژە هەڵدەکشێت. بەڵکو خودی ڕۆیشتن بەرەو تاریکیش لەوێدا هەر هەڵکشانە. بەڵام وردەکارییەکی شاعیر لەسروودی زەویدا ئەم بیرۆکەیە ڕاستدەکاتەوە. ئەویش پەیژەی نوستووە. ئەو پێماندەڵێت پەیژەی بێدار بەرەو تاریکی هەڵناکشێت. دەبێت پەیژە نوستووبێت تا بتوانیت بەارەزووی خۆت بەرەو هەرکام لایەک دەتەوێت بەکاری بهێنیت. کە پەیژە کەوتە خەو، ئیتر ڕۆیشتن بەرەو تاریکی و ڕووناکی نرخی نامێنێت و ئاراستە پێچەوانەکان بەتاڵ دەبنەوە. بۆیە لەم دۆخەدا ژیان بەرەو نادیار دەڕوات و مرۆڤەکان دەکەونە مەترسیی لەناوچوون، چونکە ئەوان ئامانجیان ونکردووە و ئاراستەکانی ژیانیان لێ شێواوە. لەم دۆخەدا پەیژە سیمبۆڵی سەرکەوتن و باشتربوون نییە. بەڵکو پەیژە هۆکاری سەرگەردانی و لەناوچوونە. لەم بارەیەوە دەڵێت: 

بەپەیژەیەکی نووستوو هەڵدەکشێمە ناو تاریکی و ڕووناکی

پەیژە تەنیایی و ترس و واقوڕمانە

زەمین، ئەو هەسارەیەی مرۆڤ و هەموو زیندەوەر و بوونەوەرەکانی هەڵگرتووە. بەپێی چەشنی بیرکردنەوەی بوونەوەرەکانیش، بۆچوون و ڕەفتاری هەڵگرتووە. مرۆڤ تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بێت، خۆشی و ناخۆشی، تاڵی و شیرینی، تاریکی و ڕووناکی دەبینێت. ژیان تێکەلاوێکە لە هەموو دژەکان و چێژی ژیان لەمەدایە. لەسروودی زەویدا، شاعیر ئەو ڕاستییە لە ڕوانگەی جوگرافییە و دەخاتەڕوو کە زەمین لەهەمان کاتدا شەوو ڕۆژی تێدایە، تاریکی و ڕووناکی تێدایە. بەڵام ئەو دەربڕینە بە ناوچەوانی مرۆڤ و چارەنووس و ڕەفتارەکانی دەبەستێتەوە و دەڵێت:

زەمین ناوچەوانێکە لە تاریکی و ڕووناکی

هەمان بیرۆکە لەبارەی ژیانەوە، جارێکی تر لە سروودی زەویدا دەبینینەوە. ئەو ڕاستییەی کە ژیان هەموو دژەکانی تێدایە و هەمووشیان بەیەکەوە جوانن و تەواوکەری یەکترن، لە پێناسەیەکی تری شاعیردا بەم چەشنە خراوەتەروو:

زەوی جیهانێکی تەواوە لە نێوان ئاسک و کیسەڵ

دووبارە شاعیر لەم ڕاستییە قووڵتردەبێتەوەو سروشتی دوانەیی ژیان دەخاتەوەڕوو، ئەم جارەیان پێناسەی خاک دەکات و دەڵێت:

خاک کسپەیەکی داخکەر نییە

هەموو شتێکی لێیە بە گلەیی و مردنیشەوە

فرمێسک، هەمیشە دڵی مرۆڤ ئاسوودەدەکات. فرمێسکی خۆشی و فرمێسکی ناخۆشی. هەردووکیان دڵشادی بە مرۆڤ دەبەخشن. فرمێسک پایەیەکی بەرزی هەیە و نیشانەی دڵپاکی و پەروەردەبوونە. ئاینەکان و دانا و فەیلەسووفەکان پلەیەکی تایبەتیان بەو مرۆڤانە داوە کە دڵنەرمن و فرمێسک بۆ تاوان و ڕەفتارە خراپەکانییان دەڕێژن. ئەو مرۆڤانەی ناتوانن فرمێسک برێژن، ئەوانەن کە بێباک و کاڵفامن و سنووری خۆیان نازانن و ڕیزی ژیان ناگرن. لە سروودی زەویدا، فرمێسک ڕشتن پیشەی خواوەندە. سیفەتێکی خوداییە و لەهەڵچوون و تووڕەیی سروشت کەمدەکاتەوە. بۆیە شاعیر دووبارە فرمێسک پێناسەدەکاتەوە و بەمشێوەیە دەیداتە پاڵ خواوەند:

فرمێسک پیشەی خوداوەندی یاد و ئاهـ و جریوەی تیشک و تاسەی خوداییە

لەگەڵ هەر دابارینێکدا ترسی بوڕکان لە هەناوی زەوی کەمتر دەبێتەوە

هونەرمەند، ئەو کەسەیە بەشداری دەکات لە داهێنانی بەرهەمێکی هونەری . هونەرمەند ئەوکاتە دەتوانێت کاریگەری زیاتر بخاتە نێو هونەرەکەیەوە کە ئاگاداری کەلەپووری ناوچەکەی خۆی و مێژووی مرۆڤایەتی و ئەزموونەکانی بێت. ئەوکات بەرهەمەکانی قووڵاییەکی مرۆیی زیاتر دەگرنەخۆو کەمتر لەڕاستی دووردەکەونەوە. لە سروودی زەویدا، شاعیر ئەم ڕاستییە بەم شێوەیە دەخاتە دووتوێی پێناسەوە:

هونەرمەند جەنگاوەرێکە نیوەی لە باوەڕی کەلەپوور و نیوەی لە بۆنی مێژوو

دووەم: چنینی دانایی لەڕێی پرسیارکردنەوە:

دڵنیایی، ئەودۆخەیە کە مرۆف تێیدا دەزانێت چیدەکات و لەهەنگاوەکانی پەشیمان نییە. هەمیشە مرۆڤێک لە ئەزموونەکانی ژیاندا قاڵ بووبێتەوە، زیاتر هەست بە دڵنیایی دەکات لەچاو مرۆڤی هەرزەئەزموون. ڕەنگە تەمەن لەم بوارەدا ڕۆلی هەبێت و زۆر وانەی ژیان فێری مرۆڤ بکات. ئەو کەسانەی ئەزموونی زۆریان لە ژیاندا هەیە، دڵنیاترن و دوودڵی لە هەنگاوەکانیاندا کەمترە. ڕەنگە دەوروبەر بەئاسانی لێیان تێنەگەن و بڕوایان پێنەکەن، بەڵام ئەوان لەهەنگاوی خۆیان دڵنیان، ئەم دلنیاییە نهێنیی ئەزموونداری و چوونەتەمەنە کە کەمئەزموونەکان هەستی پێناکەن و لە دوودڵی خۆیاندا دەمیننەوە. سروودی زەوی ئەم ڕاستییە بە کەڵەکێوی دەبەستێتەوە و هەموو نهێنییەکان لە پرسیارێکدا بەم چەشنە دەخاتەڕوو:

کەڵەکێوی لەگەڵ سووڕانەوەی هەر ساڵێک

قەفێک لە شاخی بەرز دەبێتەوە و مووی دەوەرێ

سمیشی زەوی زیاتر داگیر دەکات

بە دوودڵی سمی ناجووڵێنێ

بەڵام کاروانچی و ڕێگا بڕوایان پێی نییە

حیکمەتی چوونە تەمەن لە چیدا ڕووندەبێتەوە  (؟)

ئەستێرە، هەرچەندە جوان و درەوشاوەبێت، کەدەکەوێتە پەنا تریفەی مانگەشەو، بریسکانەوەی کەمدەبێتەوە و هێزی تریفە بەسەر بریسکانەوەی ئەودا زاڵدەبێت. ئەم دیاردە سروشتییە لە دروودی زەویدا بەچەشنێکی تر لێکدراوەتەوە. شاعیر پێی وایە ئەستێرە بەهۆی ڕیزگرتنی لە مانگەشەو تاجی درەوشانەوەکەی دادەگرێت، یان بەهۆی ئەوەی دەزانێت مانگ لەو جوانتر و درەوشاوەترە، بۆیە ناچێتە مەیدانی ململانیی مانگ. لەهەردووبارەکەدا، شاعیر بەشێوەی پرسیارکردن ئەو داناییە بەم چەشنە دەخاتەڕوو:

ئەرێ ئەستێرە بۆ لە دەوری مانگدا

تاجی درەوشانەوە لەسەری خۆی دادەگرێت و لە لا پەنای دەدا

نایەوێ ڕوخساری ببیندرێ

گۆڕ، دوا ماڵی مرۆڤە لە سەرزەوی. هەموو مرۆڤێک، هەر سروشتێکی هەبێت و لە هەر پلەیەکی زانستی و هەر ئاستیێکی کۆمەلایەتیدابێت، دوای تەواوبوونی، ژیانی دەچێتە ناو گۆڕ. لەناو گۆڕدا مرۆڤ تەنیایە و هەموو نازناوو ناسنامەکانی لەدنیا بەجێدەهێڵێت. تەنیا خۆی لەناو گۆڕەکەیەتی و نە دەرگایەکی هەیە و نە پەنجەرەیەک. لە سروودی زەویدا شاعیر هەوڵی داوە ئەم ڕاستییە بەشێوەی پرسیار بیر خوێنەرانی بخاتەوە و دەڵێت:

کێل دەرگایە یان پەنجەرە  (؟)

ڕاستیی تەنیابوونی مرۆڤ لەناو گۆڕ و بەجێمانی هەموو خۆشەویستان و ماڵ و سامان، لە دێڕێکیتر بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:

تابووت تەنیا جێگای یەک کەسی تێدا دەبێتەوە

ئازادی، ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ تێیدا ملکەچی هیچ زۆرلێکردن و کۆیلایەتی و فەرمانێکی ناچاری نییە و بەپێی تەواوی ویستی خۆی مامەڵە دەکات . بەهای ژیان لەئازادیدایە. بەڵام ئازادی چەمکێکی رێژەییە، بۆ هەر مرۆفێک چەشنێکە و هەر کەسێک بە پلەیەک لە ئازادی تێردەبێت و وادەزانێت بووەتە کەسێکی ئازاد. ڕاستییەکەی ئەوەیە مرۆڤ هەرگیز ناگاتە ئازادی ڕەها، بەچەشنێک لەچەشنەکان کۆیلەی سستەمێکی ژیانە، کۆیلەی پلانی کۆمەڵگایە، کۆیلەی بازنەی هاوڕێ و دەوروبەریەتی، کۆیلەی هەوەس و ئارەزووەکانی خۆیەتی. چەشنەکانی کۆیلایەتی کە ئازادی سنوورداردەکەن، یەکجارزۆر و لەبن نەهاتوون. سروودی زەوی ئەم ڕاستییە لەشێوەی پرسیار و وەڵام بەم چەشنە دەخاتەڕوو:

چی نیشانەیە بۆ ئازادی

ئەو نیشانانەی کە نین

سێیەم: چنینی دانایی لەڕێی وەسفی سروشتەوە:

تریفەی مانگ، دیمەنی مانگ و تریفەی مانگ لەئاسمانەوە جوانییەکی تایبەتی خۆی هەیە و لای هەموو شارستانێتییە کۆنەکان و تازەکان مانگ پایەی جوانیی تایبەتی خۆی هەبووە، زۆرجار وەک خواوەندێک دانراوە و لەکاتی پڕبوونیدا پەرستراوە و قوربانی بۆ دراوە. جوانیی مانگ لە بەرزایی ئاسمانەوە، شاعیرانی سەرسامکردووە. هەزاران بەیت و پەند و گۆرانی بەرهەمهێناوە. لە سروودی زەویدا، ئەم ڕاستییە بۆ دەربڕینی داناییەک بەکارهاتووە. ئەویش جوانی و سەنگینیی هەرشتێکە لە شوێنی تایبەتیی خۆی. مانگ وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە دیارە، لەسەر ڕووی ئاویش وێنەدانەوەی هەیە. بەڵام خودی مانگ و تریفەکەی لە ئاسمانەوە و شتێکەو وێنەکەی لە ناوئاودا شتێکی ترە. شاعیر لەمبارەیەوە دەڵێت:

تریفەی مانگ بەسەر گەڵای درەختەوە جوانترە

لەوەی لەناو گۆلاو بەرچینچکەی مردن بیگرێ

سییەکانی درەخت بای سەرمانگی لێ دەکەوێت

بەرد، ئەو پێکهاتە ڕەقەیە هەموو شاخ و چەقێنەکانی زەوی لێ پێکهاتووە. بوونێکی بێگیان و بێدەنگە. بیدەنگیی بەرد لەئەدەبییاتی مرۆڤایەتیدا نموونەی زۆری پێهاتووەتەوە. هەندێ مرۆڤ بەبەرد چوێنراون لەئەنجامی بێ جووڵەیی و بێ هەڵوێستییاندا. زۆرجار بۆ وەسفی ئەسپی بەهێز نموونەی بەردی گەورە هێنراوەتەوە . لەسروودی زەویدا، بەرد لە بێدەنگییەکەی تاوانبارنییە. ئەو وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر دەتوانێت بێتەدەنگ و باسی خۆی بکات. بەڵام خەونەکانی نەبوونەتە ئومێد و خەندەیان نەخستووەتە سەر لێوانی. دانایی ئەم دەربڕینە لێرەدایە مرۆڤی بێ ئومێد، خەونەکانی هەرگیز نایەنەدی و هەربەم هۆیەشەوە وەک بەرد بێ بێدەنگ و بێ جێدەست دەمێنێتەوە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

بەرد مردوون یان خەوتوون

یان لە قووڵایییەکی ناقۆڵا و کوشندەدان

خەونیان نەبووەتە خەندەی ئومێد و نایەنە دەنگ

زەوی پەروەر، ئەو مرۆڤەیە ڕێزی زەوی دەگرێت و سوود لە خێروبێری دەبینێت. ڕێزگرتن لە زەوی و نەشێواندنی سروشتەکەی و پیسنەکردنی ژینگەکەی، ڕەفتاری مرۆڤی خاوەن بەهاو ژیرییە. ئاین و فەلسەفەکان گرنگیی زۆریان بە زەوی پەروەری داوە. لە ئاینەکۆنەکان زەوی خواوەند بووە و میهر و تووڕەبوونی خۆی هەبووە . لە سروودی زەویدا، ئەم باوەڕە دووپاتکراوەتەوە کە زەوی بەخششی هەیە و گەفیشی هەیە، زانیاریشی لەبارەی هەمووانەوە هەیە. دانایی ئەوەی مرۆڤی زەوی پەروەر بەر گەفی زەوی ناکەوێت، بەم چەشنە دەربڕاوە:

زەوی گەف لە زەویپەروەر ناكات

هەموو شتێك لەبارەی ئێمەوە دەزانێت

 

چوارەم: چنینی دانایی لەڕێی هەواڵگەیاندنەوە:

درۆ، ئەو قسەناڕاستانەن بۆ فریودانی خەڵکی دەگوترێن. خەڵکانی درۆزن و ڕاستی شێوێن و جادوباز، هەمیشە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستی و شێواندنی چەمک و ڕووداوەکانیان داوە. لە سروودی زەویدا، شاعیر لەرێگەی هەواڵگەیاندنەوە ئەم ڕاستییەمان پێڕادەگەیەنێت کە شێواندنی ڕاستی و درۆکردن، کاریگەرییەکەی کەم و کورتخایەنە و نابێت مرۆڤی ڕاستگۆ خۆی بداتەدەستی ناڕاستی. لەم بارەیەوە دەڵێت:

خەڵات و بەراتی درۆفرۆش

یان پیسی و پۆخڵی و بۆنی ورچی تەپ وحۆل

دەمەبۆڵەی جادووبازان لەقاوغی کیسەڵێکدا دەمێنێتەوە

دڵنیابوون، ئەو دۆخە دەروونی و عەقڵییەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە ڕێکی و تەواوی کارەکانی دەکات و پێشبینی ئەنجامی باشی هەیە بۆ هەنگاوەکانی. سروشتی ژیان وایە مرۆڤ تا دڵنیا نەبێت ناتوانێت هەنگاو بنێت. بەڵام زۆرجاریش بەهۆی پەلەکردن و چاوتێبڕینەوە، بەرلەوەی لە ئەنجامی پێشبینیکراو دڵنیابێت، هەنگاودەنێت . بەمەش دووچاری کەوتن و زیان دەبێت. شکستەکانی مرۆڤ لە ژیانیدا، هەمووی لەئەنجامی دڵنیانەبوون لە کارەکانییەوە سەرچاوە دەگرن. سروودی زەوی ئەم ڕاستییە بە نموونەی باڵندە دەهێنێتەوە. باڵندە هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان دەناسێتەوەو هەست بە دۆخەکانی سروشتیش دەکات. بۆیە لەوشوێنە دڵنیایە کە هێلانەی تێدا دەکات. لەم بارەیەوە دەڵێت:

باڵندە دەستی ڕەش و سپی درێژی مرۆڤ دەناسێت

ڕووخۆشیی سروشتیش

دڵنیایە لەو زەوییەی كە هێلكەی لەسەر دادەنێت

بەرهەمی کار، دوای بوونی هەموو پێداویستییەکانی ئەنجامانی کارێک، ئینجا کارەکە ئەنجامدەدرێت و پاشان بەرهەمی دەبێت. ناکرێت چاوەڕوانی بەرهەمێک بکەین بەبێ دابینکردنی پێویستییەکانی بەرهەمهێنانی. زۆرجار مرۆڤ گلەیی نەگەیشتن بە ئامانجێک دەکات، لەکاتێکدا ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجەی نەگرتووەتە بەر. ئێمە زۆرجار داوای ئەنجامی باش لە دەوروبەرمان دەکەین و ڕێگاو پێداویستی بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامەمان بۆ فەراهەم نەکردوون. لەم بارەیەوە شاعیر بەشێوەی هەواڵگەیاندن ئەم ڕاستییە پەندئامێزە بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:

گوان پڕبوون دوای سەوزە خواردن و پشوودانە

سروشت، دایکی هەموو بوونەوەرە جیاجیاکانە. مرۆڤ لەوەتەی هەیە لە باوەشی سروشتە و بە هەواو ئاوو خۆراکی سروشت گەشەی کردووە و ماوەتەوە. هەرکاتێک سروشت لە شوێنێکی دیاریکراو کەمدەرامەتی پێوەدیاربووبێت، مرۆڤ یەکسەر کۆچیکردووە و بەرەو شوێنێکی باشتر چووە. سروشت، تا خزمەت بکرێت، خزمەتی زیاتر پێشکەشدەکات. مرۆڤی ئەم سەدەیەی ئێستا، خەریکە هەموو هاوسەنگییەکانی سروشت دەخاتە مەترسییەوە. تاقیکردنەوە کیمیاییەکانی گەیاندووەتە ناوەخنی بوونەوەرەکان و پەیژەی بۆماوەیی هەمووانی دەستکاری کردووە. بەمەش سروشتی تێکداوە و کۆمەڵێک نەخۆشی و ناخۆشی تازەی داهێناوە. خواردنی پلاستیکی و میوەی نایلۆن و شتی نوێ و بەشێوە جوان بە ناوەرۆک زیانبەخش، ژیانی ئێمەیان پڕکردووە. لە سروودی زەویدا، شاعیر ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە کە مرۆڤ هەرچی بیکات، ناتوانێت زیان بە سروشت بگەیەنێت، بەڵام زیان بە خۆی و بەهاو چەشەی مرۆفبوونی خۆی دەگەیەنێت، دەڵێت:

مرۆڤ سروشت نابەزێنێت

ئێمە ئەو کات مەزن و بەختەوەر دەبین

کۆمەڵێک باڵندەی کاغەزی فڕێ دەینە ئاسمان

بەسەر میوەی نایلۆن بنیشنەوە

هەروەها ئەو ئازارەی زەوی دەیچێژێت بەدەست ناهەمواری مرۆفەوە، شاعیر بەم شێوەیە دەیخاتەڕوو:

ڕەگ سەرقاڵە بە سەرکێشیی چڵەوە

زەوی هەست بە لەرزینی خۆی دەکات

خۆی بە کەوانەی ئاسمان گرتووە

ناحەز، ئەوکەسەی پێی خۆشنییە مرۆڤ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەمیشە لەهەوڵی شکستپێهێنانی هەوڵەکانی مرۆڤە. ئەم بیرکردنەوەیە هەندێجار پڕاوپڕ ڕاستە. بەڵام زۆرجاریش بوونی ناحەز وەهمێکە و هیچیتر. وەهمێکە بۆ پەردەپۆشکردنی نەپێکان و کەم و کورییەکانی خۆمان. یان بەشێوەیەکیتر بڵێین، هەرمرۆڤێک لەژیانیدا ناحەزانێکی هەن چاویان بە سەرکەوتنەکانی هەڵنایەت، بەڵام مەرج نییە ئەم ناحەزانە تەگەرە بخەنە بەردەمی و هەوڵی شکستپێهێنانی بدەن. زۆر گرنگە مرۆڤ لە ژیانیدا دەستەوەستان نەبێت بەبیانووی بوونی ناحەزان. چونکە خودی ناحەز دەستەوەستانیی لە مرۆڤ دەوێت و هیچیتر. ئەم ڕاستییە لە سروودی زەویدا گرنگی پێدراوە و بەڕوونی و بە وەسفێکی جوانی ناحەزانەوە خراوەتەڕوو:

پاژنەی چاوڕوونی ڕوخسار سارد و نیگا مردووان

چووزەرەی مووتوربەکراو ناشکێنێتەوە

توانەوە، ئەوەی مرۆڤێک لە بازنەی خۆشەویستی مرۆڤێکی تر، یان لەبازنەی کاری هاوبەشی لەگەل کەسێکیتر، یان لەبازنەی پلانی کەسانی تردا ون ببێت و پەنجەمۆری بەسەر گوزەرانی شتەکاندا دیارنەمێنێت. سروشتی کاری هاوبەش و خۆشەویستی و ژیانی کۆمەڵایەتی وایە، لایەنێک هەوڵدەدات بەرانبەرەکەی بەتەواوی بکەویتە ژێر هەژموونی خۆی و بەپلانی خۆی و لەسەر ڕێڕەوی خۆی کارەکان بباتەڕێوە. ئەمە لەناو ماڵێکدا ڕوودەدات تا گەورەترین دەزگای دەوڵەتی و کۆمپانیای بازرگانی. هەمیشەش زیانی گەورە بە پرۆسەی کارکردن و ماڵداری دەگەیەنێت، چونکە لایەنی دووەم هەموو داهێنانەکانی دەمرن و لەڕووی دەروونیشەوە هەست بە فشاری بەردەوام دەکات و خۆی وەک قوربانی و کۆیلە دێتەبەرچاو. ئەنجامی ئەم چەشنە مامەڵەیە لەکاتی هاوکاریدا، جیابوونەوە و هەڵوەشانەوە و زیانی هەردوولایە. ڕاست ئەوەیە لە هاوبەشیدا، ڕەنگی هەمووان و دەنگی هەمووان دیاربێت و پێوەری دەستڕەنگینی هەریەکەمان ڕوونبێت. ئەوکات تەلارە هاوبەشەکەمان ڕازاوە و باڵا دەبێت. شاعیر لە سروودی زەویدا ئەو ڕاستییە وردەی بەم چەشنە هەواڵگەیاندنە دەربڕیوە:

تریفە و ئاو تێکەڵی یەک نابن

خۆشباوەڕ، ئەو مرۆڤەی بەدەم هەموو بانگەوازێکەوە دەچێت و دڵی بۆ هەموو جوانێک لێدەدات، هەمیشە دەکەوێتە داوی کەسانی هەلپەرست و شڕەخۆرانەوە. مرۆفی ژیر دەبێ خۆشباوەڕ نەبێت و لە مەرامی کەسانی هەلپەرست تێبگات. بەرژەوەندی و ئێستای باشی خۆی بە خەونی خۆشی کەسانێکی تر نەگۆڕێتەوە کە دەیانەوێت ئەو کرێکاری خۆشیی و بنیادنانی تەلاری خەونەکانیان بێت. هەر بەدەستهێنانێک ئەگەر لەپلانی عەقڵی خودی مرۆڤەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، ئەوا دەستکەوت نییە بۆئەو مرۆڤەی دەستیهێناوە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ کەسانێکی تر کە ئەویان بەکارهێناوە بۆ ئەو ئامانجە. هەواڵی ئەم ڕاستییە لە سروودی زەویدا بەم چەشنە جوانە گەیەنراوە:

پەپوولە بڕوا بە ڕووناکی چرای دزانیش دەکات

پەپوولە بەرەو ماڵی خۆت بڕۆ دەگەی

شیلەی ماڵی خۆت گەرمە

ڕک و کینە، هەستی دوژمنایەتی و تۆڵەسەندنەوەیە، دژی خۆشەویستییە . ڕک و کینە لە ئەنجامی هەڵەتێگەیشتنی مرۆڤ لە هەڵسوکەوتی بەرانبەرەکانییەوە سەرچاوەدەگرێت. رەفتاری بەرانبەرەکانمان کە ئێمە بە هەڵەو سنووربەزاندنیان  تێدەگەین، کەمجار ئەم مەبەستەی تێدایە و زۆرجاریش ڕەفتارێکی ڕاگوزەرە و هیچ مەبەستێکی تایبەتی لەدوادا نییە. باش وایە مرۆڤ لەکاتی هەر هەڵەیەکی بەرانبەر داوای ڕوونکردنەوەی لێبکات و کۆتایی بە مەسەلەکە بهێنێت. بەپێچەوانەوە هەموو هەڵەتێگەیشتنەکان کەڵەکە دەبن و دەبنە ڕک و کینە. دڵی مرۆڤیش کە جێگای ڕک و کینەی تێدا بوویەوە، جێگای خۆشەویستی تێدا نامێنێت و ژیانی دەبێتە دۆزەخ. لە سروودی زەویدا شاعیر ئەم مەبەستەی بە بەهەشتی هەمیشەییەوە بەستووەتەوە و دەڵێت:

ڕک و کینەی خۆت بخۆرەوە و لەبەهەشت دەرگایەکت هەیە لێبدەی

ئەزموون، ئەو تاقیکردنەوانەی ژیان کە مرۆڤ فێری وانەی ژیانکردن دەکەن، بە خۆش و ناخۆشیانەوە ئەزموون بە مرۆڤ دەبەخشن و کارامەیی لەلا کەڵەکەدەکەن. لە پەندی کوردیدا ئەم مەبەستە بەزۆر شێوە گوزارشتی لێکراوە، لە سرردی زەویشدا شاعیر بەداڕشتن و خواستنی جوان لەشێوەی هەواڵدا دووپاتیکردووەتەوە، دەلێت:

بخوور تا نەسووتێت بۆنی بڵاونابێتەوە

درەخت تا بەرز نەبێتەوە سێبەر ناگرێ

ئاو تا نەڕوات ئاوازی لێ پەیدا نابێت

بەڵام زۆر زیرەکانە دیوێکی تری ئەزموون دەخاتەڕوو، ئەویش خۆلێدانی مرۆڤە لەهەموو تاقیکردنەوەیک بەبێ ئەوەی بزانێت بەرگەی ئەو ئەزموونە دەگرێت یان نا. زۆر بواری ئەزموونی ژیان هەن لە تواناکانی هەندێ مرۆڤ بەدەرن. زۆر کار هەیە بۆ مرۆڤێک و تواناکانی دەشێت و بۆ یەکێکی تر ناشێت، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەر لە هەر کارێک، بەوردی سەیری هەنگاوو دەرەنجامەکان بکات، پاشان بڕیاری ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی ئەو کارە بدات. ناکریت کویرانە بچێتە ناو کارێک و پاشان کە شکستی خوارد بڵێت ئەمە ئەزموونی ژیان بوو. چونکە ئەگەر وا موێرانە هەنگاو بنێت ئەوا چەشنی ئەم ئەزموونە لە ژیانیدا زۆر دەبن. ئینجا گرنگە بیرمان بیت کە سەرکەوتنەکانیش هەر ئەزموونی ژیانن. مرۆڤ دەبێت بەدوای ئەزموونە سوودبەخشەکانەوە بێت نەک ئەزموونە سوتێنەرەکان. چونکە هەندێ ئەزموون هەن بواری هەڵسانەوە بە مرۆڤ نادەن. لە سروودی زەویدا شاعیر ئەم ڕاستییەی زۆر بە وردی و لەسەر ئاوازی هەمان دێڕەکانی پێشتر گەیاندووە، دەڵێت:

پشکۆ تا نەبێتە خۆڵەمێش با نایبات

سەرکردەو سەرۆک، سەرکردە کەسێکە ڕابەرایەتی خەڵکی وڵاتێک یان نەتەوەیەک دەکات بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر. سەرکردە دەبێت گیانی پێشەوایەتی لەناخییەوە هەڵبقوڵێت و مەرجەکانی سەرکردایەتی تیدابێت لە ڕاستگۆیی و گیانفیدایی و دادپەروەری و دانایی و ….. تاد.  سەرۆک، ئەوکەسەیە لە حاڵی ئێستادا سیفەتێکی فەرمی پێدراوە بۆ ڕابەرایەتیکردن. هەموو سەرکردەیەک شایەنی بوون بە سەرۆکە. بەڵام هەموو سەرۆکێک سەرکردە نییە. سروودی زەوی پەنجە بۆ ڕاستییەک درێژدەکات کە میللەتی کاڵفام و بەدبەخت، سەرکردەکانییان لە شێرەبەفرینە دروستدەکەن و دەیکەنە سەرۆک. بۆیە هیچ جیاوازییەکی بەرەو باشتر لەژیانیادا لەسەر دەستی ئەو سەرۆکە دروستنابێت. بەڵکو زۆرجار پێچەوانەی ئەوە ڕوودەدات و سەرۆکەشێرەبەفرینەکە مەینەتی بۆ گەل و وڵات دەهێنێت. لەمێژە گوتراوە خەڵکی خۆیان دکتاتۆرەکان دروستدەکەن. بۆیە ئەوانیش بەبێ منەتی دەکەونە خواردنی سامینی خەڵک و لەگیانییان بەردەبن وەک ئەوەی خەڵک کەل و پەل بن و بەشێک بن لەوشتانەی هەیانە. ئەو دیاردەیە، لەهەموو وڵاتانی ناوچەکەی ئێمەدا هەیە و هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی سێیەم بەدەستییەوە دەناڵێنین، بەڵام تاوانباری ڕاستەقینە خودی خەڵک و نەتەوە و میللەتاکانن کە ڕێگا لەبەردەم سەرکردە ڕزگاریخواز و پێشکەوتنخوازەکان دەگرن و مل بۆ شێرەبەفرینە کەچدەکەن. شاعیر لەمبارەیەوە دەڵێت.

ئەو سەرکردەیەی لە شێرەبەفرینە دروست دەکرێ

بە ڕاستی دەبێتە سەرۆک

لە بنی دەریا دەگەڕێن

گەوهەر بۆ تاجی دەدۆزنەوە

تاریکی، ئەو دۆخە فیزیایەیە لەنەبوونی ڕووناکیدا دەردەکەوێت. تاریکی دۆخی بنچینەیی گەردوونە و ڕووناکی بەندە بەبوونی سەرچاوەیەکی ڕووناککەرەوە. ئەگەر سەرچاوەی رووناکی نەبێت ئەوا تاریکی خاوەن شوێن و بۆشاییە. مرۆڤ هەمیشە لە تاریکیدا پەنای بۆ ئاگر بردووە. ئاگر ئاسانترین هۆکارێکی ڕووناککردنەوەیە مرۆڤ بتوانێت لەزۆربەی شوێنەکان دەستیبخات. لەتاریکیدا، ئاگر کەرستەیەکی بەسوود و سەرمایەیەکی گەورەیە، بەڵام لە ڕووناکیدا، ئاگر بۆ ڕەواندنەوەی تاریکی پێویست نییە. بەڵام هەر نرخ و بایەخی خۆی هەیە، چونکە تاریکی بەشێکی ژیانەوە نابڕێتەوە. بۆیە دەبێت مرۆڤ قەدری ئاگر بزانێت و پارێزگاری لێبکات. هەموو پێویستییەکانی ژیان چەشنی ئاگرن. لەهەندێ دۆخدا گرنگن و لەهەندێ دۆخیتردا پێویست نین. بەڵام لەو دۆخانەی پێویست نین، نابێت پشتگوێ بخرێن و لەبیربکرێن. بەپێچەوانەوە ژیان پڕەبێت لە قەیران و سەختی. ژیری لەوەدایە مرۆڤ بتوانێت پێویستییەکانی ژیانی بۆ هەموو دۆخەکان دابین بکات، پێویستیی سەرکەوتنەکانی داهاتووی دابین بکات، با ئێستاش بەکاری نەهێنێت. ئەم ڕاستییە لە سروودی زەویدا بەم چەشنە گەیەنراوە:

مرۆڤ لە تاریکیدا مەیلی ئاگر دەکات

هەمان مەبەست بەم شێوەیەش خراوەتەڕوو:

چرا ئەو کاتە جوانە کە دادەگیرسێت

 

 

پێنجەم: چنینی دانایی لەڕێی ڕادەربڕینەوە:

خۆبینین، ئەو دۆخە پڕلە ڕاستگۆییەیە کە مرۆڤ تێیدا پێناسەی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەردەکەوێت. تواناکانی، پاڵنەری رەفتارەکانی، دەستکەوتەکانی، ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەو لە سەرکەوتنەکان، هەموو ئەمانە بەبێ دەمامک و پەردەپۆشی لەبەردەمی ڕووندەبنەوە. مرۆڤ لە دۆخی ئاساییدا، خۆی لەپشت کۆمەڵێک دەمامکەوە دەشارێتەوە، بانگەشەی زۆر لەوە زیاتر دەکات کە کردوویەتی، دەست بۆ زۆر لەوە زیاتر دەبات کە پێی دەکرێت. سەرکەوتنەکانی خەڵکی تر دەداتە پاڵ خۆی. کەسێتییەکی وەهمی بۆخۆی دروستدەکات و خەڵکی بۆماوەیەکی کەم پێ دەخەڵەتێنێت. بەڵام ئەم ڕەفتارە هەرگیز نایگەیەنێتە ئاسوودەیی و هەستکردن بە سەرکەوتن. گرنگە مرۆڤ لە ژیانیدا کۆمەڵێک وێستگەی هەبێت، لەم وێستگانەدا بەخۆیدا بچێتەوە و هەوڵبدات کەمترین جیاوازی لە نیوان بانگەشەکانی و درخی ڕاستەقینەی خۆی بهێلێتەوە. ئەگەر توانی ئەمە بکات، ئەوا توانیویەتی خۆی ببینێت. بەڵام خۆپەسندی و نەرجسییەتی مرۆڤ بەدەگمەن ڕێگا بەو هەوڵە دەدات و نایەوێت مرۆڤ وەک خۆی دەرکەوێت، نەوەک لەشکۆی کەم بێتەوە و لەچاوی خەڵدا بە نزم سەیر بکرێت. ژمارەیان یەکجار کەمە ئەو کەسانەی دەتوانن بەخۆدا بچنەوە و کراسی درۆ لەخۆیان دابماڵن. بۆیە شاعیر لە سروودی زەویدا بەشێوەی گشتاندن ڕای خۆی بەم جۆرە دەردەبڕێت:

تەنیا لە دەمەدەمی مەرگدا

خۆبینین بە ڕوخسارمانەوە دەردەكەوێ

 

گیان و دڵ، لە سروودی زەویدا لەپەیوەندی نێوان دڵ و گیان، دووبارە جەختی لەسەر کراوەتەوە. گیانی مرۆڤ سەرچاوەی ژیان و تەواوی و بەهاباڵاکانە. دڵ، سەرچاوەی مەیل و خواست و ئارەزووە. دڵی مرۆڤ دەخوازێت مرۆڤ جوان و پوخت و تەواو دەرکەوێت. بەڵام ئەو دەرکەوتنە پێویستی بە کارکردن و هەڵکشانە بەرەو پوختی و تەواوی و کامڵبوون. بۆیە تەنیا خواستی کامڵبوون ئامانجی کامڵبوون ناداتەدەستەوە. گیان هەموو پێوەرەکانی کامڵبوونی تێدایەو دەزانیت مرۆڤ چەندی ماوە پێبگات. بۆیە بە خواستەکانی دڵ ئاسوودە نابێت. لەم بارەیەوە شاعیر دەڵێت:

دڵ ناتوانێت فێڵ لە گیان بكات و شتی لێ بشارێتەوە

دڵ و گیان لەگەڵ یەكدا تەرازوون بە دەستی فریشتەوە

هەمان بۆچوون دووبارە بە باسکردنی دەمامک، جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەمجارەیان بۆ باشتر سەرنجڕاکێشانی خوێنەر شێوەی پرسیارکردنیش بەکارهاتووە:

دەمامک لەناو دەچێ و پاسەوانی ناکرێ

هۆی مانەوە و لەناوچوونی دەمامک چییە

ئاخاوتن، خاڵی بەهێزی جیاکردنەوەی مرۆڤە لە بوونەوەرەکانی تر. هۆی باڵابوون و بڵاوبوونەوەی بیرو زانست و زانیارییە. لەڕێی ئاخاوتنەوە ئەزموونی هاوبەش و فەلسەفە و ئاین و کلتوورەکان دروستبوون. مرۆڤایەتی قەرزداری ئاخاوتنە. سەرمایەو کەسێتی و دەستکەوتەکانی مرۆڤ بە ئاخاوتنیەتی. ئەو دەتوانێت لەڕێگەی زمانییەوە خۆی باڵابکات و باوەڕبەخۆبوون دروستبکات . بەڵام گرنگە بزانێت کامە لە ڕستەو دەربڕینەکان باشن و کامەیان باش نین. هونەری بژارکردنی قسەی باش لەناو کۆی قسەکاندا، خودی دانایی و هۆشمەنییە. قسەکان و دەربڕینەکان لە بیرکردنەوەماندا هەن، بەڵام گرنگە بزانین کامەیان بڵێین و کامەیان نەڵێین. زۆر مرۆڤ هەن بەهۆی نەزانینی بژارکردنی قسەکانیانەوە زۆر دەرفەتی گەورەی ژیانییان لەدەستچووە. نموونەی قسەی باشی خەڵکی تر، لەبەردەممانەو دەتوانین چاوی لێ بکەینەوە، چونکە قسەکان موڵکی گشتین و بەشێکن لە کۆئەزموون و داهێنانی گشتی. شاعیر لە سروودی زەویدا بیروڕای خۆی لەبارەی ئەم راستییەوە بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:

جۆگەلەی ئاخاوتن بە پێشماندا تێ دەپەڕێ

زمانمان ناسک و دڵمان وریا دەکاتەوە

ئاگر، سەرچاوەی وزەو هێز و ئارامییە بۆمرۆڤ. زۆرجاریش ماڵوێرانی لەگەڵخۆی هێناوە. خودی ئاگر خراپ نییە، بەڵام خراپ بەکارهێنەکانی، ترس و تۆقاندنیان خستووەتە دڵی مرۆڤ. ئاگر بوونەوەرێکی سروشتە. وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر بەشدارە لە سووڕی ژیانی هەسارەکەمان. لە سروودی زەویدا، شاعیر پێی وایە ئاگر لەکاتی خراپ بەکارهێنانیدا دڵتەنگ دەبێت. بۆیە دەڵێت:

دڵخۆشە ئەو ئاگرەی لە بن مەنجەڵی خواردنی ماڵان هەڵت کرد

کۆتر، ئەو باڵندە ناسکە بێ زیانەی جگە لە جوانی و ئارامی هیچی تری نییە بیبەخشێت. باڵندەی کۆتر چاوەڕوانی هیچ باڵندەیەکی لەخۆی لاوازتر ناکات تا بیخوات. ئەو زیانی بۆ کەس نییە. هەر بۆیەشە کراوەتە نیشانەی ئاشتی و ئاوەدانی. شوێنێک کۆتری لێ بژیت، بەڵگەی ئەوەیە ئەو شوێنە ئارام و بێ مەترسییە. خاک بە شەرو خوێنڕشتن پیسدەبێت، خاکی ئالوودەبوو بە خوێن، خاکێک داگیرکرابێت و ستەمی لەسەر ئەنجامدرابێت، ئەمانە شوێنی کۆتریان تێدا نییە. بۆیە شاعیر دەڵێت:

پاکترین خاک ئەو پارچەیەیە

کۆتر کلکی لێ دەخشێنێت

ئازادی، سەربەستبوونی مرۆڤ و ژیان بە ئارەزووی خۆی، لووتکەی ئازادییە. مرۆڤ بەئازادی لەدایک بووە، ناتوانێت بە کۆیلەیی بژیت. هەرچەند ستەم و زۆرداری هەولی چەوساندنەوەی مرۆڤ بدەن و ماڵ و سامانی زەوت کەن و شێوەی ژیانی بگۆڕن، ناتوانن گیانی بکەنە کۆیلە و هەستی ئازادبوونی لەناوببەن. ئازادبوون بنچینە و سروشت و دۆخی ئاسایی ژیانە. هەموو زیندەوەرێک بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت. تەنانەت گیانەوەرە ماڵییەکانیش بە بەندکردن ڕازی نین و بێزاری دەردەبڕن. لە سروودی زەویدا، ئازادی بەفراوانی وەرگیراوەو کراوەتە مۆرکی ژیانی هەموو بوونەوەر. بۆیە شاعیر نموونەی بیری ڕزگاری بەم جۆرە دەهێنێتەوە:

مارێک لەناو شووشەیەکی داخراودا

بیر لەوە دەکاتەوە چۆن خۆی لە لکی درەختێک بئاڵێنێت

پێکەوەژیان، باشترین و جوانترین چەشنی ژیانی مرۆڤەکانە. لەگەڵ ئەوەی پێکەوەژیان کاریێکی ئاسان نییە و پێویستی بە دڵێکی گەورە و رۆشنبیرییەکی تایبەتی هەیە. ئەم دۆخە ئەوکاتە جێبەجێدەبێت کە مرۆڤ ئەوەی بۆخۆی پێی خۆشە بۆ خەڵکیش پێی خۆش بێت. بەسەرکەوتنەکانی خەڵکی دڵخۆش بێت و خۆشی بەرهەمدار و سەرکەوتوو بێت. چۆن وەردەگرێت، ببەخشێت و وەک ئەوەی دەبەخشێت مافی خۆی وەرگرێت. ئەم باوەڕە بەتینە، پێویستی بە دڵێکی دامەزراوو کەسێتییەکی بەهێز هەیە. پێویستی بە دڵنیایی و متمانە هەیە. دەبێ مرۆڤ بزانێت ئەوەی هی ئەو بێت بۆکەسی تر ناچێت و چاویش نەبڕێتە سنووری خەڵکی تر. کاری هەموو پەیامبەران و چاکسازان بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی، پەروەردەکردنی مرۆڤ بووە، تا بگاتە ئەو ئاستەی بتوانێت لە قووڵایی هەست و دڵییەوە پێکەوە ژیان قبووڵبکات. ئەم قبووڵکردنەش بەپلەی یەکەم پێویستی بە ڕاستکردنەوەی تێڕوانین هەیە. بۆیە لە سروودی زەویدا شاعیر کار لەسەر ئەم تێڕوانینە دەکات و دەڵێت:

برادەران بێ بایەخن ئەو بەردانەی بۆ مل شکاندن دەیهاوێینە بەر پێی یەکتری

مانگ لە ئاسماندا تەنیایە و گۆرانی هەمووشمانە

نیشتمان، ئەو خاکەی مرۆڤ لێی لەدایک بووە و تێیدا گەورەبووە. هەمیشە لەیادەوەری مرۆڤدا دەمێنێتەوە. هەرچەندیش لێی دووربکەوێتەوە، ناتوانێت بەرگەی دابڕانی بگرێت و بیری لێ نەکاتەوە. بەڵام نیشتمان ئەوکاتە خۆشە کە دایکی هەمووان بێت، ماڵی هەمووان بێت، بەخششەکانی بۆ هەمووان بێت. مرۆڤ ئەگەر لەسەر خاکی خۆی هەست بە ئارامی و ئاسایش نەکات، هەست بە نامۆیی و دەربەدەری و بێ ماڵی بکات و منداڵەکانی برسی و لەڕولات بن، ئەوا هەستی وابەستەبوونی بەم خاک و وڵاتە لاواز دەبێت و کۆچ دەکات. نەتەوەی ئێمە لە دیاردەی کۆچکردن باش تێدەگەین. کۆچکردن بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە، تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامەو گەورەترین مەترسییە لەسەر هەستی وڵاتپەروەری. لەسروودی زەویدا شاعیر ئەم ڕاستییەی پشتگوێ نەخستووە و بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێت:

نیشتیمان چ بایەخێکی بۆ من هەیە کە برسییەتی دەمی منداڵەکانمی سڕکردبێت

ماڵ، ئەو خانەیە مرۆڤ تێیدا دەژیت و دلی پێوە بەندە. ماڵ ئارامترین شوێنە بۆ مرۆڤ و بچووکترین وڵاتی دڵی هەمووانە. ژینگەی دەرەوەی مرۆڤ هەرچییەک بێت، کە لەماڵەوە ئارامی هەبوو، ئیتر ئاسوودەو بەختەوەرە. پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. ماڵ هێز بەمرۆڤ دەبەخشێت. ماڵی ئارام، مرۆڤ دەکاتە سەرکردە و داهێنەر. دەستی واڵا دەکات و مێشکی دەکاتەوە. زۆر گرنگە ئەندامانی ناوماڵ بتوانن ئاسوودەیی بۆ یەکتری فەراهەم بکەن. چونکە هەموویان چێژ لەو ئاسوودەییە دەبینن. بەهەمان شێوە گرنگە مرۆڤ بەگەشی لە ماڵ و حاڵی خۆی بڕوانێت و هەمیشە لە پەرەپێدان و خۆشکردنی بێت.

تێروانینی گەش بۆ ماڵ، دڵارامی و ئاسوودەیی بەمرۆڤ دەبەخشێت. لە سروودی زەویدا شاعیر گرنگییەکی تایبەتیی بەمەسەلەی ماڵ داوە و زۆر وردەکاریی ناوماڵی خستووەتەڕوو. پەنجەرە کە نیشانەی کرانەوە و ئاڵوگۆڕە لەگەڵ دەوروبەر، بەلای شاعیرەوە دەروازەی خێر و خۆشی و بەختەوەرییە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

پەنجەرەی ماڵم لێوی پەری بەخشندەیە

 

وەچە، منداڵ و نەوەی مرۆڤ، پشت لەدوای پشت، وەچەی مرۆڤن. وەچەخستنەوە، سروشتی ژیانە. هەموو مرۆڤێک، ئەگەر بیەوێت تەریب لەگەڵ سروشت بڕوات، دەبێت لە پرۆسەی وەچەخستنەوەدا، بەپێکهێنانی خێزان، بەشداربێت. ئەم یاسایەی ژیان، وەک ئەوەی چێژ و خۆشی تێدایە لە هاوسەرگیری و ماڵ دامەزراندندا، ئەرک و ناخۆشیشی تێدایە لە پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵ و نەوەکان. گواستنەوەی ئەزموونەکانی ژیان لە باوانەوە بۆ نەوەکان، کارێکی پڕ لە ماندووبوون و ڕێگایەکی پڕلە مەینەتی و خەم و پەژارەیە. هەمیشە نەوەکان بەئەزموونی باوانییان ڕازی نین و سەرکێشی دەکەن بۆ تاقیکردنەوە و ئەزموونکردن. باوانیش هەمیشە دەیانەوێت نەوەکانیان بەهەمان ئەزموونی ئەواندا تێنەپەڕنەوە و هەمان هەڵەکانی پێشوو دووبارەنەکەنەوە. ئەم دوو ویستە دژیەکە، سووڕی پەروەردە پێکدەهێنن لە ژیاندا. ڕەنگە ئەگەر ئەم دژیەکییە نەبوایە، مرۆڤایەتی لە ماوەی چەند نەوەیەکدا بیتوانیبا سەدان ئەزموون تێپەڕێنێت و پێشکەوتنی زۆرزیاتر بەدەست بهێنێت. لە مەیدانی پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەکاندا، باوان دەست لەسەر دڵن لەترسی دووچاربوونی نەوەکانییان بەهەر گرفت و ناخۆشییەک، نەوەکانیش سەرەڕۆیانە خۆیان لە لێواری ئەزموونەکانی ژیان دەدەن، دواتریش بەو چەشنەی خۆیان ئەزموونی ژیان دەکەن، پێدەگەن. لەسروودی زەویدا، شاعیر نموونەی نەوەکان بە میوەی درەخت دەهێنێتەوە و دەڵێت:

میوە چەند بێ باک و شێتانە بەسەر و سینگی درەختەوە پێدەگات

 

 

 

ترس، وەهمێکە لە کەڵکەڵەی مرۆڤدا چەکەرەدەکات. تا بواری بۆ بڕەخسێنرێت پانتایی زیاتر دادەگرێت و لق و پۆپ بڵاودەکاتەوە و ڕیشە دادەکوتێت. ڕێژەیەک لە ترس، لەقاڵبی خۆپاراستندا پێویستە. ئەمیش بۆئەوەی مرۆڤ سەرەڕۆیانە مل لەهەموو شتێک نەنێت. بەڵام لەوەبترازێت، ترس دەبێتە کۆتوبەند و ژیانی مرۆڤ سنوورداردەکات و دەرگای سەرکەوتنەکانی بەڕوودا دادەخات. ترس هەرچەند ڕیشەی هەقیقەتیشی تێدابێت، نابێ مرۆڤ سڕبکات و لەجووڵەی بخات. ژیانی مرۆڤ بەردەوامە، ترسی هەبێت یان نەبێت شەووڕۆژەکان لەچەرخی خۆیان ناکەون. ئەوەی لەترساندا زیان لێکەوتووە هەر خودی مرۆڤی ترساوە. بیرکردنەوە لەوەی لەسبەینێدا چی دەقەومێت، بۆ ئەوەنییە ئەمڕۆمان تاڵبکات و جووڵەمان سست بکات، بەڵکو دەبێ بۆ ئەوە بێت چۆن مامەڵەبکەین و خۆمان لە زیانەکان بپارێزین و سوود لە زۆرترین دەرفەت وەرگرین. ڕاستیی بوونی ترس و مەترسییەکان لە ژیاندا، لەسروودی زەویدا بەم جۆرە خراوەتەڕوو:

درەخت سایەی تەوری لەسەرە

بە ترسی سبەینێش ناژی

سۆز، دیوێکی خۆشەویستی و بەزەییە. هەستێکە مرۆڤ بەرەو هەموو چاکەیەک هەڵدەنێت. لە منداڵییەوە بەپێی ژینگەی کۆمەڵایەتیی منداڵ، ئەم هەستە چەکەرەدەکات. هیچ کات سۆز خراپ نییە و بەزیانی مرۆڤ ناشکێتەوە. ڕەنگە سۆز سەربکێشێت بۆ لێبووردنی کەسانی خراپەکار و ئەوانیش پاشی لێبووردنەکە هەلبقۆزنەوە و خراپەی تریش بکەن. بەڵام زۆرجاریش هەمان سۆز و لێبووردن خراپەکارانی دەرسداوە و فێری سۆزو بەزەیی و ژیانی ڕاستەقینەی کردوون. پەروەردگار پەیامبەرانی خۆی لەکەسانی سۆزدار هەڵبژاردووە. هەمیشە بۆ لێبووردن ئاراستەی کردوون. سۆز وادەکات دایک و باوک لە هەڵەی منداڵی ببوورێت، مامۆستا لە هەڵەی قوتابی ببوورێت، خەڵکی لە هەڵەی یەکتر ببوورن. لەسروودی زەویدا شاعیر بەم جۆرە ڕای خۆی بەرانبەر سۆز دەردەبڕێت:

لە دەستی پڕ سۆزدا هیچ گوناهـێک لەدایک نابێت و نان دەبرژێ

شەشەم: چنینی دانایی لەڕێی لێکدانەوەی جیاواز بۆ هۆکاری دیاردەکان:

کات، سنووری دەم و وادەی جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانە. هەموو کارێک لە ژیاندا وابەستەی کاتە. سروشت و ژیانی زیندەوەران، هەموویان زۆر بەوردی پابەندی کاتن. پلەی گەرمی و سووڕی دیاردە سروشتییەکانی وەک باران و سەرما و گەرما، تەنانەت سووڕی ژیانی هەموو زیندەوەران، بەکاتەوە بەستراوەتەوە. یەکیێک لە دیاردە سروشتییەکان، بوونی شەونم و خوناوە لەسەر لاچک و گەڵای گیاو دەوەن لەوەرزی بەهاردا. ئەم خوناوە لەگەڵ تین و تاوی هەتاو لە چیشتەنگاودا، نامێنێت و دەبێتە هەڵم. ئەم بەهەڵم بوونە لەئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕوودەدات، ئەویش بەهۆی هەڵکشانی کات ڕوودەدات لە بەیانییەوە بەرەو چێشتەنگاو. لەسروودی زەویدا شاعیر ئەم دیاردەیە بەهۆکارێکی ترەوە دەبەستێتەوە، بەڵام مەبەستە سەرەکییەکە، کە پابەندبوونی بوونەوەرە بەکات ون نابێت. ئەو دەڵێت:

خوناو چەند بێ بەزەیی و پڕ ئیرەیییە

تا نیوەڕۆ نامێنێتەوە

بەیەکەوە نوێژێک بکەین و دروود

بۆ هەستیاریی زەوی بخوێنین

ئازادی، لەزۆر شوینی سروودی زەویدا ئازادی جەختی لەسەر کراوەتەوە. بەڵام یەکێک لەو شوینانەی بووەتە بابەتی دەربڕینی دانایی، ئەم چەند دێڕەیە کە شاعیر دیمەنی کەروێشکی کێوی و ماڵی دەخاتەڕوو بەراوردیان دەکات. ئەو پێی وایە کەروێشگی کێوی ئازادە و بەئارەزووی خۆی لانە دروستدەکات و لەپێناو پاراستنی لانەکەی خۆی سروشتیش دەپارێزیت. بەڵام کەروێشکی ماڵی ئازاد نییە و لەجیاتی لانەدروستکردن، خەریکی ڕاکردنە و دەیەوێت لەو بەندکراوییە رزگاری بێت. دەلێت:

کەروێشکی کێوی لە پێناو لانەی خۆی سروشت دەپارێزێ

هیی ماڵیش بە دڵشکاوی ڕا دەکات

ئاهـ و حەسرەت: بوڕکان، دیاردەیەکی سروشتییە. گەرمی و ماددەی تواوەی ناخی زەوی لەگەڵ گازی پەستێوراوو دووکەڵ، لەو دەرچانەوە دەردەچن کە لە ڕێڕەوەکانی ناخی زەویدا هەن. مرۆڤ زۆرجاران ئەوەندەی خەم و پەژارە چەشتووە، ناخی وەک ناخی زەوی جۆشدەخوات و دەکوڵێت. لەسروودی زەویدا شاعیر هەڵچوونی بورکانی کردووەتە هەناسەهەلکێشانی زەوی. دەیەوێت ئەوە ڕابگەیەنێت زەوی لەخەم و پەژارەی خراپ مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و سروشت، ناخی دەسوتێت و هەناسەی دووکەڵاوی بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

بوڕکان دەنگی هەناسە هەڵکێشانی زەوییە

ڕوانین لەناخ: کیسەڵ سروشتی وایە بۆ خۆپاراستن سەرو دەست و قاچەکانی دەباتەوە ناو قاوغەکەی. رەنگە هۆکاری تریشی بۆئەم کارە هەبێت وەک خۆپاراستن لە گەرماو سەرماو ….. تاد. لەسروودی زەویا شاعیر دەیەوێت سەرنجی مرۆڤ بۆلای ناخی مرۆڤ ڕابکێشێت و گرنگیی وردبوونەوە لەناخ بیری مرۆڤ بخاتەوە، بۆیە بابەتی کیسەڵ دەقۆزێتەوە و دیاردە سروشتییەکە بەم چەشنە لێکدەداتەوە:

کیسەڵ کە سەری دەباتەوە ناو قاوغی

لە قووڵایی خۆی دەڕوانێت

ئارامی، سیفەتێکی زۆر جوانی مرۆڤە. زۆربەی خەڵکی لەئەنجامی بەڕێکردنی تەمەن و بەناوساڵکەوتن فێری ئارامی دەبن. ناخۆشییەکانی ژیانیش مرۆڤ فێری ئارامی دەکەن. شاعیر لە یروودی زەویدا نموونەی ئەو جۆرە کەسە بە ژەنەڕاڵێکی خانەنشینی دوای جەنگ دەهێنێتەوە کە بووکەشووشە دەفرۆشیت. ئەو ئەوەندە مەینەتی ژیانی دیتووە، هەستی یەکجار ناسک بووە و تەنانەت هەست بەلێدانی دڵی بووکەشووشەش دەکات. هەر لەبەر ئەوەیە دەنگی بەنەرمی بەرزدەکاتەوە. دەیەوێت دیاردەی دەنگنزمیی بووکەشووشەفرۆش، بۆ شلەژانی لێدانی دڵی بووکەشووشەکان بگێڕێتەوە، ئەمەش هۆکارێکی دروستکراوە و بوونی نییە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

ژەنەڕاڵە خانەنشینەکانی دوای جەنگ

بووکەشووشە لەناو بازاڕی گەورە و باخچە گشتییەکان دەفرۆشن

بووکەشووشە فرۆش بەجۆری لێدانی دڵی بووکەشووشە ڕاهاتووە

بە نەرمی دەنگی بەرز دەکاتەوە

باران، یەکگرتنی دڵۆپی وردی ئاوە لە ئاسمان و پاشان بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی دڵۆپەکانەوە دادەبارنە سەرزەوی. سروودی زەوی بەجۆرێکی تر ئەم دیاردەیە لێکدەداتەوە، شاعیر پێی وایە دڵؤپی باران دەیەوێت خۆی بزرکات بۆیە دادەبارێتە سەرزەوی.

باران بۆ ئەوە دەبارێ خۆی ون بکات

بۆ ئەوەی نییە خۆی بدۆزێتەوە

لە داباریندا لێک جیادەبێتەوە

لە خاکدا یەک دەگرێتەوە و دەبێتەوە کانی و ئاو

حەفتەم: چنینی دانایی لەڕێی گێڕانەوەوە:

ئەنجامی ستەم، بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە ڕیسوابوونی ستەمکار بووە. ستەملێکراویش هەردەم دریژەی بە ژیانی خۆی داوەو برینی ستەمەکە هەرچەند قووڵیش بێت، ڕێگری ژیان نەبووە و بەتێپەرینی کاتیش سارێژ بووە. ئەم ڕاستییە، وەک یاسایەکی نەگۆڕی ژیانی لێهاتووە و هەربەم هۆیەوەش مرۆڤ توانیویەتی درێژە بەژیان بدات و شارستانێتی درێژە پێبدات و لەدوای شکستەکانی هەستێتەوە. سروودی زەوی ئەم ڕاستییەی لەشێوەی گێڕانەوە زۆر بەجوانی خستووەتەڕوو. شاعیر دڵێت:

ڕێوییەکی نەدیوبدی

ڕک و کینە بەسەر ددانی دەهات و دەچوو

مریشکێکی لەسەر لکی درەخت برد و خواردی

ڕیخۆڵەی مریشک لە قاچ و قولی ئاڵا

دەستەیەک منداڵی چەقاوەسوو

لەسەر گردی بن ماڵان یارییان دەکرد

داوی کۆلارەیان لە کلک و گوێی گرێ دا

ڕێوی خۆی بێرە و بەوێدا دەدا و پەلەکوتێیەتی

پەڵەیەک خوێن لە عاردی جێما

نزیک پەڵە خوێنەکە جووجکەی مریشکەکە باڵیان پشوو پێدەدەن و چینە دەکەن

سەرچاوەکان

  • قورئانی پیرۆز

فەرهەنگ و ئینسکلۆپیدبا:

  • ابن فارس بن زكريا، أبو الحسين أحمد ، معجم مقاييس اللغة، ط:1، تحقيق و ضبط عبدالسلام محمد هارون، القاهرة، دار إحياء الكتب العربية، 1366 هـ.
  • ابن منظور، الإمام العلامة أبو الفضل جمال الدين محمد ابن مكرم الإفريقي المصري، لسان العرب، دار صادر للطباعة و النشر، دار بيروت للطباعة و النشر، 1956
  • رضا، أحمد. معجم متن اللغة، بيروت، لبنان، دار مكتبة الحياة. 1958
  • المعجم الوجیز، مجمع اللغة العربیة، القاهرة ، 1998
  • الموسوعة العربیة العالمیة، مجموعة من العلماء و الباحثین، مؤسسة اعمال الموسوعة للنشر و التوزیع، بیروت، 1999
  • دیوانی سەباح ڕەنجدەر، چاپخانەی تاران، تەهران، 2018

کتێب بەزمانی عەرەبی:

  • ابو عبدالله الحسین بن احمد الزوزني، شرح المعلقات السبع، الدار العالمیة، ؟ ، 1993
  • حسن نعمة، میثولوجیا وأساطیر الشعوب القدیمة و معجم اهم المعبودات القدیمة، دار الفکر اللبناني، بیروت، 1994
  • شوقي ضيف (د.)، في النقد الادبي، دار المعارف، بغداد ، 1962
  • طه باقر، ملحمة کلکامش اودیسة عراق الخالدة، دار الحریة للطباعة و النشر، بغداد، ١٩٧٥
  • علي بن محمد بن علي الزين الشريف الجرجاني ، التعریفات، ضبطه وصححه جماعة من العلماء باشراف الناشر، دار الکتب العلمیة، بیروت، 1983
  • هاري الدر و بیریل هیدز، البرمجة اللغویة العصبیة فی 21 یوما، مکتبة جریر، ط: 3، 2003
  • يوسف كرم ، تاريخ الفلسفة اليونانية، مؤسسة هنداوي للتعلیم و الثقافة، القاهرة، 2012

گۆڤار بەزمانی عەرەبی:

  • محمد عربي الخطابي ، الألفاظ و المعاني القائمة في النفس، مجلة الفیصل، العدد: 200، اغسطس 1993

کتێب بەزمانی فارسی:

  • شمسا، سیروس، انواع ادبی، چاپ دهم ، تهران، فردوس، 1383

گۆڤاری زانستی بەزمانی فارسی:

  • نامهای اهورامزدا در اوستا، دوفصلنامەی علمی، پژوهش پژوهشنامە ادیان، سال ششم، شمارە دوازدهم، پاییز زمستان 1391

ئەنتەرنێت:

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌