خه‌نده‌ حه‌مید - نه‌به‌ز سه‌مه‌د - چالاكی هه‌شتی مارسی ٢٠١٨ له‌سلێمانی - كولتور مه‌گه‌زین - پرۆژه‌ی كولتوری

نه‌به‌ز سه‌مه‌د؛ نامەیەک بۆ خەندەکەم سەبارەت بە ئەنفال


Loading

خەندەکەم ئەمڕۆ (١٤/٤/٢٠١٤) یادی ئەنفالە. من وەک کوڕی ئەنفالکراوێك ئەزموونی ئەو جینۆسایدەی کوردم کردووە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی باوکمەوە، دوای هەژەند و تاوانەکە. بۆیە ئەوە هەست و تێڕوانینێکم پێدەدا ، جواداواز لەو کەسانەی کە لەم دۆخەدا نین.

ئه‌م دۆخە هەستی جودا بە من دەدا، ڕەنگە ئەرێیی و نەرێیی بن. خۆت دەزانی لە کۆمەڵگەی ئێـمەدا هەبوونی باوک (پیاو_ی_ سەرۆک خێزان) هێزە، پەناگەیە، داڵدەیە، ئەمە وادەکا ئەوانی دی نەتوانن بەئاسانی بتکەن بە ئامانج وەک لاوازێك، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە پیاوسالار و خێڵەکییە. لێرەوە ئەزموونی بێباوکێتی (هەتیووێتی!؟) بەشێك لە لاوازی و هەستکردن بە ترس و خۆ بەکەمزانی تێیدایە، چونکە ئەوانیدیکە وەهات لێدەکەن هەست بەنوقسانی بکەی، کاتێك ئەوان وەک ”هەتیوو” لێتدەڕوانن. ئەوە ڕووبەڕووی سەختی و کێشەت دەکاتەوە، ئاخر بێباوکی لە کۆمەڵگەی پیاوسالار و خێڵەکی واتا ڕووتی، بێماڵی، بێئاسایش، بۆیە ئەوانیدی دەتوانن بەئاسانی بتپێکن.

هەروەها هەستی بێکەسی، تەنیایی و نامۆییت پێدەدا، هەستی بێ بەشبوون لە سۆزی باوکایەتی، هەستی خۆ بە قوربانیزانین، کە دەبیتە مایەی بەزەیی بۆ ئەوانیدی، بەڵام زۆر جار ئەو بەزەیییە پڕە لە نامیهرەبانی، نادلۆڤانی، بێڕێزیکردن و سووکایەتی کردن پێت. ئەمە دەشێ لایەنی نەرێیی بێباوکی بێ.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بێباوکێتی لایەنی ئەرێیشی هەیە. ئاخر هەستی ڕووبەڕووبوونەوە، بەرگەگرتن (بەرگری)، هاڤڕکێت پێدەدا و دەبێتە پاڵهێز بۆ هەستانەوە، بۆ ژیانکردن، بۆ بەردەوامی. نائامادەیی باوک لە ژیانی مندا، بۆتە هۆی پتر پەیوەستبوونم بەدایکمەوە. بۆیە من بەهەست و سۆزێکی دایکانەوە گەورەبووم و پەروەردەبووم، کە ئەمە کاریگەری لەسەر دروستبوونی کەسێتی من هەیە. من لەو ڕووەوە خۆشحاڵم کە زۆر لەڕووە ناشرینەکانی باوکی کوردیم ئەزموون نەکردووە. بۆیە لێرەوە گریمانەیەک لەلام دێتەگۆڕێ: ڕەنگە منداڵانی ئەنفالکراوان کە بە پەروەردەیەکی دایکانە گەورەبوون، کەسێتیییەکی هێمنتر، ئارامتر و ناتوندوتیژانەتریان هەبێ لەوانەی کە لە خێزانی باوک سالاردا گەورەبوون.

خەندەکەم، تۆ دەزانی دایکم چەند تایبەتە لەلام، من لەوەوە زۆر شت فێربووم. من بەهۆی دایکمەوە کەمتر هەستم بەبێ باوکی کردووە، ئەو بۆشایی باوکیشمی پڕکردۆتەوە. بۆیە من خۆم بە ”هەتیوو؟!” نازانم. لای ئێمە بە کەسێک دەگۆترێ ”هەتیوو” کە باوکی نەبێ. هەتیوو وشەیەکی ناشرین، بریندارکەر و پڕ لە سووکایەتی و بێڕێزییە.

خەندەکەم، پەیوەندی من لەگەڵ تۆ لەم دۆخەدا، پەیوەندییەکی جوداواز و تایبەتە. دوای ئەنفال، دوای ئەو ئەزموونە ناخۆشانە، دوای ئەو بێڕێزییانە، کە هەندێ کەس بە پاشماوە (ی ئەنفال)مان دادەنێنن، من بەردەوام بوومە لە ژیان و لەو تەنیایی و بێکەسییە (ناخەکییە)دا پەیوەندیم لەگەڵ تۆدا دروستکردووە و خۆشەویستیم کردووە. خەندەکەم ئەزموونی خۆشەویستی من وەک کوڕی ئەنفالکراوێك لە هی کەسانیدی جوداوازە، تۆ قەت بیرت لەوە کردۆتەوە تۆ لەگەڵ کەسێك لە پەیوەندیدای لەگەڵ کەسێك دەژی، کە ئەزموونی ئەنفالی کردووە؟ خەندەکەم ئەنفال بۆ من واتایەکیدی هەیە، ڕەنگە جوداواز بێ لە هی ئەوانیدی بەتایبەت ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ (بەڕێی کەسێکی نزیکیانەوە) پەیوەندییان بە ئەنفالەوە نییە، نازانم ئەوە لای تۆ چۆنە؟

خەندەکەم، بۆ من خۆشەویستی، پەیوەندی و ئێستاش پێکەوەییمان واتایەکی زۆر جوان و تایبەتی هەیە. ئێستا من هەست دەکەم دەژیم، هەست دەکەم کەسێکم هەیە خۆشیدەوێم، ڕێزم دەگرێ، نەک سووکایەتی و بێڕێزیم پێبکا و بەزەیی پێدابێمەوە. پێکەوەییمان واتا ژیانکردن، بەردەوامبوون، ژیانەوە و هەستانەوە.

تێبینی/ ئەم نامەیە لە ١٤/٤/٢٠١٤ لە کتێبخانەی زانینگەی مانچێستەر/ بەریتانیا بۆ خەندەی هاوسەرم نووسیووە.