Sisiter in Arms Movie -2019

فیلمە ڕۆژنامەییەکان لەبارەی شەڕڤانانی ئازادی


Loading

بەگشتی ئەو فیلمە سینەماییانەی لەبارەی شەڕڤانانەوە دروستکراون جگەلە ڕاپۆرتێکی سەرپێیانەی میدیای و ڕۆژنامەنووسی هیچ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەکی گرنگی مەیدانیان بۆ نەکراوە. بۆیە دوا جار فیلمەکان پڕن لەو وێنە گشتییانەی میدیا و ڕۆژنامە بەرهەمی هێناون و زەقیکردونەتەوە. فیلمی خوشکانی چەک Sisters in Arms فیلمێکی درێژی درامای جەنگە، بەرهەمی ساڵی ٢٠١٩یە لە دەسپێکی چوارەمین خولی ڤیستیڤاڵی فیلمی سلێمانی نێودەوڵەتی نمایشکرا. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە شیاوی ڕەخنەیە، بەڵام هەندێ لایەنی باشی تێدایە کە هەوڵی بچووک بوون بۆ نزیکبوونەوە لە جیهانبینی شۆڕشی ڕۆژاڤا.

 

کارۆلین فۆرست Caroline Fourest ژنێکی فەڕەنسییە نووسەر، ڕۆژنامەنووس و گۆشەنووس بووە لە شارل ئیبدۆ و دەرهێنەرە.
کارۆلین فۆرست Caroline Fourest فەڕەنسییە, نوسەر، ڕۆژنامەنووس و گۆشەنووس بووە لە شارل ئیبدۆ و دەرهێنەرە.

دەرهێنەری فیلمی خوشکانی چەک، کارۆلین فۆرست Caroline Fourest ژنێکی فەڕەنسییە نووسەر، ڕۆژنامەنووس و گۆشەنووس بووە لە شارل ئیبدۆ و دەرهێنەرە. ئەو لە ئەزموونێکی زۆری نووسین و وێنەی ڕۆژنامەییەوە کە نزیکی  بیست٢٠ ساڵە، هاتۆتە سەر کاری فیلم دروستکردن، سەرەتا بە دۆکۆمێنتەری و کورتە فیلم دەستی پێکردووە بۆ کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان بەرهەمیهێناوە، بۆیە ئەو کاریگەرییە میدییاییە بەڕوونی لەنێو فیلمەکەیدا بەدیدەکرێ، خوشکانی چەک یەکەم کاری فیلمی درێژی سینەمایی کارۆلینە.

 

بەکورتی سینۆپسی فیلمەکە باس لە کچێکی ئێزیدی دەکات بەناوی زارا، لە هێرش و جینۆسایدیکردنی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە دەڕفێنرێت و وەک کۆیلەی سێکسی بە جیهادییەکان دەفرۆشرێتەوە، دواتر هەوڵی ڕاکردن دەدات و پەیوەندی بە یەکەی ژنە شەڕڤانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکات، کە لەلایەن شەڕڤانێکی کوردەوە فەرماندەیی دەکرێت. بەڵام بە بۆچوونی من پاڵەوانی ئەم فیلمە زارا نییە، وەک دەرهێنەر لە سینۆپسی فیلمەکەدا ئاماژەی پێدەکات. هەرچەندە لە سینۆپسەکەدا زارا کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانەکەیە، بەڵام لەناو فیلمەکەدا هەست بەوە ناکەیت، چونکە زارا پاسیڤە و هیچ کاریگەرییەکی لە گۆڕین و ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان نییە، تەنانەت کاتێک پەیوەندی بە شەڕڤانانەوە دەکات بۆ تۆڵەی باوکی و دۆزینەوەی برا بچوکەکەیەتی. گروپی ژنە شەڕڤانە نێودەوڵەتیەکان ڕەوتی ڕووداوەکانی فیلمەکەیان لەدەستە و دەیگۆڕن بە ئاڕاستەیەکی تر، بۆیە ئەوان نوێنەرایەتی ئەم پاڵەوانییە دەکەن. هەرچەندە گرنگە ڕۆڵی شەڕڤانە نێودەوڵەتیەکان بناسێنرێت کە فیداکاری و هەوڵیانداوە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە ئەوە پرەنسیپ و بەهاکانی ئەو شۆڕشەیە وای لەوان کردووە کە پەیوەندیان پێوەبکەن.

 

 

لەلایەکی دیکەوە ژیان و شەڕکردنی شەڕڤانە نێودەوڵەتییەکان شتێکی جیاکراوە نییە لە ژیان و شەڕکردنی شەڕڤانە کوردییەکان، بۆیە جیاکردنەوەیان لەنێو فیلمەکەدا شتێکی ناهاوسەنگە. ئاساییە لە هەندێ شوێن نیشانبدرێ، چونکە پاڵەوانەکان سنوور دەبڕن و دەبنە پاڵەوانی جیهانی. ئەمانە ئەگەر بە یەک دوو دیمەنیش نیشانبدرێ بەهەرحاڵ، بەڵام زۆرینەی دیمەنەکان هەمان دووبارەبووەنەوەی ئەو دیدە ئەوروپا سەنتەری و ئۆرێنتالیستییە بوون.

هەرچەندە من لەگەڵ فرەیی ئەم فیلمەدابووم ئەو لایەنانە گرنگە و پێویستە نیشانبدرێ، چونکە شۆڕشی ڕۆژاڤا ئێستا فرەییەکی بەرفراوانی تێدایە و زۆر ئینتەرناشناڵە، واتا فرەیی ئاینی و کولتوری و نەتەوەیی و زمان بوونی هەبوو. هەروەها لەنێو فیلمەکەدا زۆر لایەن و دەسەڵاتی تر بوونیان هەبوو، لەوانە بەرگری و شەڕکردنی پێشمەرگە بەرانبەر بە تیرۆرستانی وەک داعش، هەروەها یارمەتییە سەربازییەکانی وڵاتان، بەڵام کردنی ئەویدی (خۆرئاوایی) بە پاڵەوان بەسەر کورددا هاوسەنگیەکە تێک دەدات. چونکە فەرماندەی باڵا و نەخشەداڕێژەری بەرگری و هێرشەکان بۆ سەر داعش (فەرماندەیەکی ئەمریکی بوو!)

 

دەرهێنەر پێی وایە خوشکانی چەک فیلمێکی فێمینستی جەنگییە، بەڵام من بە فیلمێکی فێمێنیستی نایبینم، چونکە هیچ ئایدیا و دونیابینییەکی فێمێنیستییانە (یاخود ژنۆلۆژییانە- ئەگەر بەپێی پرەنسیپەکانی شەڕڤانان و شۆڕشی ڕۆژاڤا لێی بڕوانین-) تێدا نییە. بەڵکو بەگشتی دەرهێنەر هەوڵیداوە زۆر حەماسی و هۆلیودییانە فیلمەکە بەرهەم بێنێ، واتا ئەکشنێکی زۆر زەق، وەک ماریا میس دەڵێت ”ڕامبۆیزمانە”یە، چونکە ئەو وێنایەی ڕامبۆ بۆتە مۆدێل بۆ نێرایەتی مۆدێرن بەرانبەر ئەو وێنا ڕامبۆییە کە پیاوە، ئازا و چەک بەدەستە و لە سوپادایە، ئەوا مۆدێلێکی تر هەیە، کە ژنێکی لاواز و پاسیڤە، فیلمی ڕامبۆیی بەتەواوی بەپشتگیری پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا) دەرهێنراوە. بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گەنجە ئەمریکییەکان لە کاتی جەنگدا. هەرچەند لەم جۆرە فیلمانەدا ڕامبۆیزمی ژن زەقدەکرێتەوە تەواو بەربەرچ و کاردانەوەیەکی زۆر دژە بەرانبەر مۆدێلە زاڵەکان، بەڵام ئەویش لە خۆیدا هەمان مۆدێل و وێنەی لە ژندا دووبارە کردۆتەوە واتا ڕامبۆی ژن بەرهەمدێنی. ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کارکردنانە ئەوە بێ کە ژن لە ئەوروپا و ئەمریکا زیاتر میلیتاریزە (بەسەربازی) بکرێن. زیاتر بەرەو سوپا و چەک ڕابکێشرێن، تەنانەت ئەوە لە ناونیشان و هەندێ پۆستەری فیلمەکەوە خوشکانی چەک بەدەردەکەوێت، کە چەک ئەوەندە بەرز و زەقکراوەتەوە.

 

Sisiter in Arms -2019

کاتێک فیلمێک لەسەر بنەمای ڕووداوی ڕاستەقینە دروست دەکرێ، نابێت هەڵەی وای تێدابێت کە نەک لەگەڵ ڕووداوە ڕاستەقینەکە نەگونجێ، بەڵکو لە زۆر شوێن دژی ڕووداوە ڕاستەقینەکە بێت. وەک بینەرێک چاوەڕوانی ئەوەم لەو فیلمە نەدەکرد کە زۆر واقعییانە (ڕیالیستیک) بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە باش ئاگاداری ئەوەم کە فیلمی سینەمایی هەندێ لە بینین و تێڕوانینی دەرهێنەری پێویستە تاکو تایبەتمەندی خودی دەرهێنەر دەربخات و سەرنجڕاکێشتر و هونەرییانەتر بێت. لەبەرئەوە باش لەوە تێدەگەم دەرهێنەر ناتوانێ هەموو ئەو واقیعەی هەیە و ڕوویداوە لەنێو فیلمەکەیدا بیخاتەڕوو، بەڵام لانیکەم دەیتوانی ڕووداوە مێژووییەکان نەشێوێنێ. کەمێ هزر و ئیرادەی شۆڕشی ڕۆژاڤا وەک ئەوەی هەیە لەنێو فیلمەکەیدا نیشانبدرێ، نەک تەنیا ڕۆڵگێڕانی کارەکتەری سەربازیانەی میدیایی بێت. هەرچەندە بەتەواوی ڕوون بوو کە ئەم فیلمە بودجەیەکی زۆر باشی لەبەردەستدا بووە، ئەمە لە لۆکەیشنە جیاوازەکان، شێوازی وێنەگرتن و کەرەسە و چەکی سەربازییەوە بەڕوونی دیار بوو.

 

 

چەپڵەڕێزانی خەڵکی ناو هۆڵی نمایشی فیلمەکە بۆ زۆرینەی دیمەنە حەماسییەکان و خرۆشانیان هەم دیسان ئەوەی بیردەخستمەوە ئێمە هێشتا کولتوری فیلم سەیرکردنمان نییە کولتورێکی سینەماییمان نییە، هەرچەندە لێرە و لەوێ هەوڵیش هەبێت بۆ دروستکردنی ئەم کولتورە، بەڵام بەئاسانی ئەم هۆشیاری و ئاگاییە بەدەست نایەت. بینەرە حەماسییەکان دروشمیان دەگوتەوە بەبێ ئەوەی بتوانن بەبێدەنگی و بەوردی و قووڵی لە فیلمەکە بڕوانن و ئەجێندا شاراوەکانی پشت فیلمەکە ببینن. هەروەها لایەنێکی تری ئەو جۆرە ڕەفتارانە لەنێو هۆڵی نمایش، ئەو گرێی خۆبەکمزانینە بوو کە بەرانبەر بە مرۆڤی سپی ئەوروپی هەیە، واتا دەرهێنەرەکە ئەوروپییە هەرچییەک بێت، دەبێت ستایش و چەپڵەڕێزان بکرێت، کاتێک شتێک لەبارەی تۆی کوردەوە دەکات یاخود دەیڵێت ئەوا شاگەشکە دەبێت و حەماس دەیگرێت. لە کاتێکدا زۆرینە ئەگەر لە دوورەوەش بێت ئاگاداری ئەم شۆڕشەیە یاخود کورد خۆی بکەری شۆڕشەکەیە و دەیکات. بەڵام بەدوای ئەو دانپێدانانە دەگەڕێت لەلایەن ئەویدی ئەوروپی و ئەمریکییەوەیە و ئەوەی بۆ گرنگە کە ئەویدی بۆی دەکات و لەبارەیەوە دەیڵێت.

 

بەڵام هەڵەکانی ئەو فیلمە زۆر لە لایەنە دروست و باشەکانی زیاتربوون، بۆ نموونە کۆماندەیەک (کە کوردە لە فیلمەکەدا) هەڵەیەکی لەو جۆرە ناکا هەمان ڕەفتار و کرداری داعش بەرانبەر دیل بکات تەنانەت ئەگەر ئەمە بە قسەش بێت. کاتێ بە داعشە دیلەکە دەڵێ ملت لێدەکەمەوە! هەروەها هەمان کۆماندا ‌هەڵەی لەم جۆرە ناکا کاتێک بە گیان و بە خوێنی خۆی هاتووە بۆ ناو شارەکە و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکات، بەڵام ناچێت بە هانای منداڵێکەوە و بڵێت ئێمە نەهاتووین بۆ ڕزگارکردنی لایەنگرانی داعش، لە کاتێکدا دەنگی منداڵێکی بچووکە و هەمان شێوەی ئەو منداڵەی هەیە کە ئێمە لە ڕێگەی میدیاکانەوە لەنێو ئامبولانسێکدا بە لاچاوێکی خوێناوی بینیومانە. ئەم وێنە میدیاییانە پێمان دەڵێت بەدواداچوونی ئەم فیلمە تەنیا لە ڕێگەی ڕۆژنامە و میدیاکانەوە بووە نەک بەشێوەیەکی مەیدانی و واقعی لە شۆڕشەکە و ئەو تیۆری و فەلسەفەیەی لە پشت شۆڕشەکەوە هەیە بکۆڵرێتەوە. هەروەها دیسانەوە نیشاندانی کۆماندە کوردەکەیە کە لایەنی مرۆڤ دۆستییانەی نییە و شەڕڤانە ئەوروپییەکان نوێنەرایەتی ئەم لایەنە ڕزگارکەری و مرۆڤدۆستییە دەکەن و ئەوان فەرمانی کۆمانداکەیان دەشکێنن و دەچن بەهانایەوە! هەروەها هەمان کۆماندە لە دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەکە لەگەڵ پێشمەرگەیەک بەشەرمەوە ماچی دەمی یەکتر دەکەن، لە کاتێکدا کۆماندە خۆی ئامۆژگاری و پرەنسیپەکانی شەڕڤانانی دەگوتەوە بەو کچانەی تازە پەیوەندیان پێوە دەکردن، کە سێکس و هاوسەرگیری و ئەلکهول نییە. بەڵام لە شوێنێکدا لەگەڵ شەڕڤانە نێودەوڵەتیەکان دەخواتەوە، کۆماندە مرۆڤە دەشێ هەندێ جار هەڵە بکات، بەڵام لەو پێگەیەدا و لەنێو پەروەردەی شەڕڤانان و شۆڕشی ڕۆژاڤادا هەڵەی وا کوشندە ناکرێت.

هەڵەیەکی تر، دەرهێنەر زۆر بەڕوونی پێوەی دیاربووە کە لە فەلسەفەی پشت ئەم ئیرادە و بەرخۆدانە تێنەگەیشتووە ئەگەرنا شەڕڤانێک کە ئەزموونی هەیە و پەروەردەکراوە بۆ ئازادی و مافی خۆیان دەجەنگن هەروەها ئێزیدییەکان لە هێرش و کۆیلایەتی دەپارێزن. ئەو شەڕڤانە مارێک ناکوژێ، هەرچەندە ئەم دیمەنەدا لە ڕووی تەکنیکییەوە سەرنجڕاکێشە، بەڵام ئەمە بە دوو باردا دژی بیرکردنەوە و پرەسیپەکانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژاڤایە ئەوان زۆر ئیکۆلۆژیانە پەروەردەکراون و یەکێ لە پرەنسیپە بنەماییەکانی شۆڕشی ڕۆژاڤا ئیکۆلۆژییە، نزیکی ژن و سروشت لەیەکەوە کە درێژکراوەی کۆمەڵگەی دایکەو و ئەوان هەم دیسان گەڕاونەتەوە بۆ ئەو بەها مێژووییانەی لەدەستمانداوە، کە شەڕڤانان زۆر بەجوانی لەسەری پەروەردە دەکرێن و زەوی لای ئەوان بە دایکە زەوی ناسراوە، چونکە ژنان داهێنەر و پەرەپێدەری کشتوکاڵ بوون، هەروەها زۆر ئاژەڵدۆستن. ئەمانە پێکەوە بەشێکن لە هۆشیاری مێژوویی و کولتوری و بەشێکە لە شوناسی داهاتووی ئەوان، هەروەها لەلایەکی ترەوە کوشتنی ئەو مارە بۆ ئێزیدییەکانیش دەبێتە دژبێژی، چونکە دواتر هەر زارا نازناوی ماری سوور هەڵدەبژێرێ بۆخۆی. دەڵێ ڕەنگی سوور و مار لای ئەوان پیرۆزە و ئەم گروپەش  بە گروپی مار دەچوێنی کە ئێزیدییەکانیان ئازاد کرد! ئەمانە هەڵەی گەورە و دژبەیەکن کە ناکرێ شتی ئاوا بەسەر دەرهێنەردا ڕەتببێت. بەڵام دیسان نیشانی دەدات نەیتوانیوە بەقووڵی بچێتە نێو کولتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش میزۆپۆتامیا.

فیلمەکە لە زۆر شوێندا ئەجێندایەکی حیزبی زاڵبوو بەسەریدا، شەڕڤانانی نێودەوڵەتی پەروەردەکراوە تەنانەت زۆرینە کۆرسی زمانی کوردی دەخوێنن، لە تەلەفزیۆنەوە گوێ لە هێلی لۆڤ ناگرن لەسەر مێزێک کە نانێکی باشی تێدا دەخۆن، ئەمە لە بەرەی جەنگ ناچێت، چونکە شەڕڤان شۆڕش دەکات، چەندان دیلان و سروودی نیشتیمانی و مرۆڤدۆستییانە و گۆرانی فۆلکلۆر و کولتوری کوردییان هەیە تاکو گوێی لێبگرن و تەنانەت خۆشیان دەیڵێن. نەک هێلی لۆڤ بە گۆرانی و سەما و دانسی پۆپ و ڕاپی ئەمریکییەوە!

 

یەکێک لەو دیمەنە نەگونجاوانەی لەنێو فیلمەکەدا بوو، تێکەڵکردنی ڕووداوی (شارل ئیبدۆ) بوو، کە دەرهێنەر زۆر هەواڵیانە و لەکاتێکی زۆر نەگونجاودا ئەم تێکەڵکردنەی کردبوو. دەکرا زۆر هونەری و گونجاوتر بوایە بۆ نموونە یەکێ لەو شەڕڤانەی هاوڕێکەی لەنێویدایە یاخود شەڕڤانە فەڕەنسییەکان لە ڕێگەی یادەوەری و فلاشباگەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەم ڕووداوە تیرۆرستییە.

پێشتر لە بێئومێدبوونم لە فیلمی ”کچانی خۆر”دا هیواداربووم فیلم لەسەر ئازارەکانی کچانی ئێزیدی و ئیرادە و ئازایەتی شەڕڤانان زیاتر و قووڵتر بەرهەم بێت و بەردەوام بێت. بەڵام دوای بینینی فیلمی خوشکانی چەک، لە ئێستادا هەرگیز بە فیلمێکی لەو جۆرە ناڵیم با هەبێت و لە نەبوونی باشترە، تۆ ناتوانی فیلمێکی سەرکەوتوو دروست بکەیت کاتێک بەتەواوی قووڵ نەبیتەوە و خۆی بۆ تەرخان نەکەیت.

ئەگەر ئێمە ڕەخنەی ئەم جۆرە لە ئیشکردنە نەکەین ئەوا دووبارە و چەند بارە دەبنەوە و هەرگیز وێنەیەکی ڕوون و ڕاستەقینەی کچانی ئێزیدی و شەڕڤانانی ئازادی بە جیهان نیشان نادرێ، کاتێک فیلم دروستکردنەکە لەبارەی ڕۆژهەڵاتە و لەنێویدا کورد، ئەوا هیچ بەگرنگی و خۆتەرخانکردنەوە ناکرێت، بەڵکو ئەم جۆرە کارانە بەتەواوی لە خزمەتی بازاڕگەرمی سینەما و ئایدۆلۆژیای سیاسی و سەربازی وڵاتە خۆرئاواییەکان بەرهەمدەهێنرێن.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.