ژیان لە شتە لاوەکییەکاندایە

Loading

کێشەی شەڕی گەورەو کێشەمەکێش و ململانێ فوتێکراو و سەپێنراوەکان ھەمیشە بە زیان بۆ خەبات و بەرگریی و بەرەنگاری پەراوێزبوو و پەراوێزەکان تەواو دەبێت. کێشەو ملمکلانێ و بەر یەککەوتنە توندەکان نە ڕووداون و نە پرسێکی چارەنوسساز، بەڵک شەڕێکی دروستکراو و خولقێنراوی ھێزە لە پێناو سەرقاڵکردنی خوارەوە لەوەی دەبێت ھەموومان ” لە پێناوی پرسە گەورەکە، لە پێناوی ئایندەی پرسە سترتیژییەکە، لە پێناوی خەمە گەورەکە، لە چاوەڕوانی ڕووداوە گەورەکەدا..) ،وردە شەڕ و وردە ململانێی خۆمان دوا بخەین، یاخود دەسبەرداری ببین.

یاخود بەشێوەیەک کاری لە سەر دەکرێت کە “ئەم وردە شەڕو ململانێ ژیانییانە” ئەسڵ و ڕەوایەتی و شەرعییەتیان نییەو و دروستکراون بۆ لەبیربردنەوەو کاڵکردنەوەی کاری گەورە و ستراتیژی بۆ” ئامانجە گەورەکە”. ئامانج و غایەتە گەورە مرۆییەکان بە دەر لەوەی وەھمن، بە دەر لەوەی حیکایەتی پڕ دۆگم و ئیدیۆلۆژین…ئەمانە تەنیا ترسە لە “پەراوێزو ھێزی پەراوێزەکان”. لە پێناو عەدالەت و دادپەروەرییە گەورەکەدا، دەبێت ئێمە لە ناو چینی پرۆلیتاریاو پاشکۆکانیدا دەسبەرداری ئەزموونە ژیانییەکانی خۆمان ببین!

Salvador Dalí, The Great Masturbator, 1929.
Salvador Dalí, The Great Masturbator, 1929.  دالی ؛ ده‌ستپه‌ڕی گه‌وره‌  ١٩٢٩؛ بێگومان ئه‌زمونێكی بچوك به‌ڵام گه‌وره‌ له‌ژیانی مرۆڤدا
  • لەپێناوی ئازادی وڵات و ئازادی گەل و نیشتمان.. دەبێت قوربانی بە وردە بەختەوەرییەکانی خۆمان بدەین، لە پێناوی ژیان و بەختەوەریەگەورەکەی نەتەوەو جڤاکدا دەبێت ئێمە خۆمان بە “کاری لاوەکییەوە” سەرقاڵ نەکەین. بەڵام کاری لاوەکی چییە؟

 

  •  ئەوە کێیە ناو لە کۆمەڵە کارێک دەنێت وەک کاری لاوەکی، وەک کارگەلێک کە ھێشتاکە کاتی نییەو دەبێت لە یادی بکەین، دوای بخەین، ئەمانە کاری ئیمپیریالیزمن، کارو ختوکەو وەسوەسەی شەیتانن، دەستی دەرەکی و دەیانەوێت فەوزا بخولقێنن و کارە گەورەکەمان لێ تێک بدەن!  کێ ناو لە کۆمەڵە کارێک دەنێت وەک کاری سەرەکی و کاری لاوەکی؟

 

  • دەبێت نەپرسین کاری لاوەکی چییە، دەبێت بپرسین ئەوە کێیە ناو دەنێت لە چەندێتی و چۆنێتی کارەکان، و دەبەشیان دەکات، پۆلێنیان دەکات بۆ لە پێشینەیی و لە پاشینەیی کارەکان، ئەولەوییەت بە کارێک و دواخستنی کارێکی تر؟

.پێش ھەر شتێک دەبێت ئەو ھێزە بناسین کە لە ناو “ستراتیژی ناونان و ناو لێناندا” دەیەوێت چی بڵێ و دەیەوێت چ ستراتیژێک دیاری بکات و چۆن ئاراستەمان بکات؟. شۆڕش لە پێناو ئازادی یەکجاریی، لە پێناو بەختەوەرییەکی سۆسیالیستیی و یەکسان بۆ ھەمووان، لە پێناو دەوڵەتێکی گەورە بۆ ھەمووان، لە پێناو دیموکراسییەکی کامڵ و بە دەستھێنانی، لەپێناو چاوەڕوانی تا نەمانی ململانێ چینەکان، تا ڕزگاری و سەربەستی ھەمیشەیی و یەکجاری… دەبێت ئێمە قوربانی بە زۆر شت بدەین، قوربانی بە ئازادییە بچوکەکانمان، بە فۆرمی بچوک و تایبەت بە ژیانی خۆمان، بە وردە بەختەوەری، بە ئەزموونە بچوکەکان و ئەزموونکردنە بچووکەکانمان لێرەو لە ئێستاد!

بۆ ناسینەوەی ھەر گوتارێک کە چەندێک (ژیانکوژ و فاشیست بە ژیان) دەتوانین لێی پێبگەین، لە گەمە شاراوەو نھێنی و میکانیزمەکانی تێبگەین”؟، واتە ئێستاو ئێرەی ئێمە لە ناو گوتارێکدا دەکاتە پراتیککردن یان دواخستن و ھەڵگرتن و عەمبارکردن؟ ھەر لێرەشەوە فاشیستبوونی گوتارو نەریت و ھێڵێکی ئیدیۆلۆژی دەناسینەوە و دەزانین ژیان بۆ ئەو گوتارە ئامانجە یان ئامڕاز، پرژەیەکی گەورەو حیکایەتێکی گەورەی ھەڵگیراو و دواخراوە، یاخود لە ئێستا و لێرەدایە؟

تەواوی گوتارە سۆیالیستی و ئاینی و مەزھەبی وناسیۆنالیستیەکان بەپێودانگی ژیان لێرە و لەئێستادا بپێوین. کەواتە کارە لاوەکیەکان، کارە نەشاز و نامۆکان ڕێکدەکەنە ژیان و ئەزمونە ژیانییەکانی ئێمە. مرۆڤایه‌تی  بەگشتی و دونیای ئێمە بەتایبەت لەپێناو (پەیام و ئامانجە گەورەکەدا) لە چاوەڕوانی وکارکردن بۆ خوڵقاندنی (ڕووداوە گەورەکە) ھەمیشە ژیان پڕۆژەیەکی ھەڵگیراو و عەمبارکراو دواخراو بووە، تا ھاتنی سۆسیالیزم، تا ھاتنی دەوڵەت، تا ڕزگاری و سەربەخۆیی یەکجارەکی نەتەوە، تاوه‌كو سەرکەوتنی چینی پرۆلیتاریاو بەشخوراو و بەشمەینەتان... تا.. تا .. دەبێت دەستبەرداری ووردە بەختەوەری و میکرۆ ئەزمونەکانمان بین.

کارە “لاوەکیی”ەکانمان ڕێک و پێک دەکاتە ژیانمان، دەکاتە ئەو پارچە پارچەو فاکت و ئەزموونە بچووک و مایکرۆییانەی ژیانمان بە ئیمانانسی. لەوەتەی ھەین ژیانمان پرۆژەیکی “ھەڵگیراوەو لە ناو درۆو دەسەلەسەو وەھمی پرۆژە گەورەکە. پەیامە گەورەکەش ھەر نەھات و ھەر نایەت.

ئیدی با لەم پێناوەدا “پەیام و ئامانجە” گەورەکەدا دەیان و دەیان ماکینەی شەرعییەتدان و دوالیزی مۆرالێ و تەنانەت تیۆریزەکردن و تیۆریزاسیۆن و چەمکاندن لە ناو شەرعییەت وچیرۆک و حیکایەتی ئەکادیمیی و ڕوناکبیریی و ئەدەبی و ھونەرییدا سەر پێخراوە. حیکایەت و چیرۆک و پرۆژەی پەیام و ئامانجە گەورەکە لە ناو ئەکتی ترسناکی ئیدیۆلۆژییی نوێنەرایەتیکردن و بەرگی مەعریفیشدا مانێڤست دەبێت و خۆی دەشارێتەوەو یاری دەکات. ئەم پرۆژانە، “وەھم و حیکایەتی گەورەی پەیام و ئامانجە گەورەکە” بڕێکی زۆر کار لە سەر دۆکساو ڕای گشتی و جەماروەر و گردبوونەوەو مێگەل دەکات، ئەو کاری بە مێگەلێکی نا وشیارو بێئاگایە لە پێناو ھەرچی زیاتر وەدەستھێنانی سەرمایەو شەرعییەت و ھێزو ڕەوایەتی، “زۆرینەیەکی بە کەرکراو و بێئاگاو بێھۆش و ناو وشیار” .

ئەمەش ڕێک بە واتای لە بیربردنەوەو مه‌زنده‌كردنێك کە دەبێت لە ناو “یۆتۆپییایەک”دا بن. مۆدێرنیتێ و تەواوی ئەو حیکایەتانەی لە ناو ڕەحمی مۆدێرنیتێدا ھاتوونەتە دەرەوە، یەکسان و ھاو واتان به‌مرۆڤی بێ ئەزموون و بێ ڕووداوی بچوک. ڕووداوە گەورەکە، چاوەڕوانی ڕووداوە گەورە یەکلاکەرەوەکە. ئەو ڕووداوەی چرکەساتێکی جیاکەرەوە لە گەڵ پێش و پاش خۆی دروست دەکات. ئەو ڕووداوە گەورەیەی ھەموومان ڕزگار دەکات. ئەو ڕووداوە گەورەیەی لە پاش ئەو ڕووداوەدا شتگەلێکی غەریب و سەیرو سەمەرەی یۆتۆپیی و خەیاڵکراو دێنە بوون.

واتە ڕووداوێک لە داھاتوودایە، لە ڕابووردوو ھەبووەو لە بار براوەو دەبێت بیگەڕێنینەوە، لەکاتێکدا ڕووداوێک دەکاتە کردەیەکی ناوازە و تاک و تەراو دەگمەن و دانسقەی داھێنراو لە ژیانی ھەر یەک لە من و تۆدا. ڕووداوێک دەکاتە کردەو ئەکتێکی داھێنەرانەی تاک و گروپێک لە ئێستا و لێرەدا بە بێ چاوەڕوانکردنێکی یۆتۆپیی و بارگاویی و جەبرو حەتمییەت و دیتێرمینیزم. دەکاتە زار ھەڵدانێکی بێیاساو ڕێساو جەبرو حەتمییەت. ڕووداوێک بۆ من و تۆ دەکاتە شێوازێیکی جیاوازی ژیانکردن و فۆرمیولەو سوبژێکتیڤیتێیەکی دەگمەن و دانسقە لە ناو سەیرورەدا. ڕووداوێک ئەزموونە ژیانییەکانی ئێمەیە لێرەو لە ئێستادا نەک لە ڕابووردو لە داھاتوودا. بۆیە دەبێت ھەموو حیکایەتێکی ئیدیۆلۆژیی بپێوین بە ئەو “پرۆژە ژیانییەی” کە پێیەتی لێرەو لە ئێستادا. واتەبۆ ئێستاو ئێرەی ئێمە چی پیێەو چی پراتیک دەکات؟

ده‌بێت ھەموو شتێک، ھەموو ئەکت و پرۆژەو گوتارو نەریتێک بە ژیان و بە ناو ژیاندا ببەین، نەک ژیان لە ناو گوتارێکی مەزھەبی و ناسیۆنالیستی و مارکسیستی و سۆسیالیسیتی و کۆمۆنیستیدا ببەین و پێمان بلێن : ژیان چییەو چی نییە؟ ژیان تەنیا بە ژیان و ئەزموونە ژیانییەکان لێرەو لە ئێستادا ھەم مانایەکی ھەیە و ھەم پراتیک دەکرێت؟ ژیان دەکاتە ئەزموونەکانمان لێرەو لە ئێستادا.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌