Faces- Collection Photography by Hasan Falah

هەڵوێستەیەک لەسەر سوژەی دایک


Loading

سەرباری هەموو نەهامەتی و دەردیسەرییەکانی، ژیان جوانە. ئێمە ژیانمان نەکڕێوە، هەروا وەرمانگرتووه.  گەر ڕاستیتان بوێت مام کانەبی نازانێت چۆن، یەکێك دەڵێت دیاری خوداوەندەییە و یەکێکی تر دەڵێت توخمێکە لە ئەنجامی بەرەوپێشچوونی دنیا و گەشەکرنی بایۆلۆژییەوە دروست بووە. بە هەرهۆکارێک ئەو ژیانە درابێت بە ئێمە، دەبێت لەڕێگەی مێدیۆمێکەوە بێت، ئەو مێدیۆمەش زیندووی زیندووەکانە، دایکە.

ژیان تەنیا لە ژیان دێتە بەرهەم، ژیانی هەمووشمان لە دایک بەرهەم دێت. دایک بۆ خۆی ژیانە، ئەو بۆ خۆی زیندووترینی زیندووەکانە.

لەم سوژەیە دا مام کانەبی خواستی بوو کەمێک لە پاداشتی ئەو ژیانەی وەرمانگرتووە بداتەوە بە دایک، بە زیندووی زیندووەکان. بەو دایکەی کە هەموومان تا دەمرین لەگەڵی دەژین.

بڕواننە چیرۆکەکەی کاک سیروان عەبدوڵا*، ئەو کاتەشی کە فەتاح لە تەمەنی سەروپەنجاوەیە، لە حزوری دایکیدا خۆی لێدەبێتەوە بە منداڵێکی هەشت ساڵان. کاک حەسەن لە چیرۆکەکەیدا، بەخەی پاڵەوانی چیرۆک، دوای ساڵانێکی زۆر دەگەیەنێتەوە سەر گۆڕی دایکی. دایک وایە، هەتا دەمرین دەبێت لەگەڵمان بێت. زۆراب لە چیرۆکەکەیدا هەوڵ دەدات بڵێت کە روحی دایک دوای مردنیش لەگەڵمانە و هەر باوەڕی پێمانە. ئەوە، باوەڕە ئێمە دەهێڵێتەوە و درێژە بە بەردەوامبونمان دەدات. بێ باوەڕبەخۆبوون ئەستەمە بتوانین سبەینان کە لە خەو بێداردەبین هەستینە سەرپێ و رۆژێکی نوێ پێشوازی لێبکەین و بکەوینە خەباتی ڕۆژانەمان. زانا واحید دایک وەک هیوا وێنا دەکات، بەڵێ دایک هیوایە. ئەوە نییە لە هەموو دەرگەکاندا، کە دەرگە بۆ خۆی مێتافورە بۆ لەسەرداخستن، پەنجەرەمان بۆ دەکاتەوە، دەریچەیەکمان بۆ بینینی دەرەوە بۆ دەکاتەوە. هیوامان پێدەبەخشێت. ئەی پەنجەرە مانای هیوا نییە؟ تۆ بڕاونە، ئەو دایکانەی ناو چیرۆکەکانی ئێمە چۆنن؟ لە ئاستیاندا هەر منداڵین، هیوامان پێدەبەخشن و تا دوای مردنیش هەر ئاگایان لێمانە. لە چیرۆکەکەی بەیان خاندا دایک سەرچاوەی زانیاری و مەعریفەیە. ئەو بە کچەکانی دەڵیت کە لە هەڵبژاردنەکانیاندا لە ژیاندا وریابن، وا بە ئاسانی نەخەڵەتێن و حساب بۆ ئەزموون و وانەکانی ژیانی کەسانی تر بکەن.

لە چیرۆکەکەیدا فێرمان دەکات کە نابێت بهێڵین ژێردەستەی کەس بین و هەموو پشتی خۆمان بە کەسانی تر نەبەستین کە ئەگەر مێردیشمان بێت. کاک بەختیار لە چیرۆکەکەیدا دایک دەکاتە قوربانی منداڵەکان. کاتێک کە بۆشی ڕزگار ناکرێن لە حەسرەتییاندا خۆی دەکوژێت. ئیتر ناکرێت یەکە بەیەکەی چیرۆکەکان بەسەر بکەمەوە، مام کانەبی یادەوەریشی فێڵی لێدەکات. کارزان لە ‘پورە گوڵاڵە’ دا پێمان دەڵێت کە ئەگەر چی دایک بەدەم شتێکمان پێدەڵیت کە باش نییە، وەلێ لە ناخی ناخەوە پڕە لە میهرەبانی و سۆز بۆمان. لە چیرۆکەکەی گۆران سەمەد دا، دایکی ناو وێنەکە، دوای مرنی مێردەکەی بە زۆر بەشوودەدرێت بە برابچوکی کۆنە مێردی. ئا بیرم کەوتەوە، خۆ کیاکسار دایک وەک زەوی و سروشت و گەورەتر لە دایکی بایۆلۆژی دەبینێت. ڕزگار دایک دەبەستێتەوە بە بۆنی گوڵ و مێخەک و بەهارەوە.

بەندە چاوەڕێم دەکرد ژمارەیەک چیرۆکی زۆرتر بۆ دایک بنوسن، لە چیرۆکەکانتاندا باسی گەورەوبچوکتان بکردایە. کەستان باسی ئەو خواردنە خۆشانەتان نەکرد کە دایکتان بۆی لێناوون، کەستان باسی ئەو کاتانەتان نەکرد کە دایک بەشی خۆشی دەبات، کە کەمێک کات بۆ خۆشی تەرخان دەکات، کەستان باسی ئەوەتان نەکرد کە دایک لە زستاندا وەک پێخەفە، لە هاویندا وەک ئاوێکی سازگارە.

گوێی مەدەنێ، مامی خۆتان زۆر خۆشحاڵە، چونکە ئێوە لەم پرۆژەیە کاردەکەن. ئێوە تروسکایەییەک دەدەن بە حەکایەتەکانی مام کانەبیەکەی خۆتان. هەرچەند ئێوە چیرۆکنوس نین، بەڵام هەوڵ دەدەن، باوەڕتان بە خۆتانە کە بتوانن شتێک بۆ گێڕانەوەی کوردیی بکەن. ئەوە گێڕانەوە و حەکایەتەکانە لە ناو دنیای سیاسەت و حیزحیزبێنەی کوردیدا فەرامۆش کراوون. ئەو وەزعەیە بازنە داخراوەکەی ئێمە دروست دەکات. بە چیرۆکەکان لەو بازنەیە دێینە دەرەوە. لای ئێمە کەس زەوق لە ژیان نابینێت، چونکە فەنتازیا لەوێ بوونی نییە. هەموو کەس هەوڵ دەدات عەقڵانی بێت و لەدەرەوەی عەقڵ شتێک ناڵێن، عەقڵانی بوونەکەشیان لەسەر بۆشە. ئێوەی چیرۆکنووس دەتانەوێت فەنتازیا بگێڕنەوە ماڵەکان، مناڵەکان بە گوێگرتن لە حەکایەتی پڕ چێژ ڕابێنن، ئەو بازنەیە بشکێنن کە دایخستووین.

یەک ئامۆژگاری مامی خۆتان ئەوەیە کە ئەمە وەک ئەرکی سەرشانتان نەبینن، هەوڵ بدەن چێژی لێببنینن، لە چێژبینین دا هەست بە زیندویی ژیان بکەن.

مامی خۆتان حەفتا ساڵە لەو کێوەیە، هەر رۆژە و بە شێوازێکی نوێ دەیبینێت. ئەو بەردانەی دەیانبینێت هەر رۆژە و بە جۆرێکن. چونکە بەندە، مام کانەبی، هەر رۆژە و بە چاوێکی نوێوە سەیریان دەکات. چاوکراوە بن، هەموو شتەکان بەسەرهات و چیرۆکی خۆیان هەیە. بیانکەن بە حەکایەت و بیاننوسنەوە، ئەو خەڵکە تامەزرۆی حەکایەتە.

مامی خۆتان مام کانەبی

بۆچی کولتور مه‌گه‌زین-ی کوردی!

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین