فۆتۆگرافی تارا ڕەشید -جێماوەکان - ڤێنا ٢٠٢٠-

ئه‌بستراكـتی جه‌نـگـه‌ڵ


قەسیدە

Loading

نەژاد عەزیز سورمێ

ڕووی شـاراوه‌

ئه‌بستراكـتی جه‌نـگـه‌ڵ

نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

 

به‌ری خۆرنشینی دڵ مه‌گره‌

جه‌نگاوه‌ری كه‌پك و خه‌ره‌ندان !

ده‌بینی ئێمه‌

ئاسووده‌یی لێك ده‌ستێنینه‌وه‌

تاریكی پێك ده‌ڵێین

گۆشه‌گیریمان،

به‌ سێبه‌ری هێشووه‌ گرمۆڵه‌بووه‌كانی

ڕه‌زی ته‌لانان سپاردووه‌

خه‌رمانه‌ی ڕوئیاكانمان

له‌ چاڵی ڕوومه‌تی

كچانی خه‌ون ون كردووه…

چ شه‌پۆلێكی تووشه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌

ڕووی له‌ به‌نده‌ری خولیاكانمان كردووه‌

دێت و ناگه‌ڕێته‌وه‌ ..

چ ئاوازێكی خامۆشه‌

له‌ شه‌وی سه‌ركه‌شی برۆنزیمان ئه‌دا…

بزه‌یه‌ ، بزه‌یه‌ ، بزه‌ 

ڕۆحی مه‌رگ ،

دوای ده‌یان كۆستی دره‌وشاوه‌

پاش سه‌تان په‌ژاره‌ی ئاسنین

گه‌رداوی قایه‌خی كون كون

له‌ ئاوێنه‌ی ده‌ستی

ڕووهه‌ڵگران ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌…

گلێره‌یه‌ ، گلێره‌یه‌ ، گلێره‌…

گیانی ته‌ره‌بووی باران

سه‌مایه‌كی ژاكاو

فۆتۆگرافی تارا ڕەشید – جێماوەکان ٢٠١٨ – براتیسلاڤا

چه‌شه‌خواز

شاڵاو دێنێ و

جه‌سته‌ی تووكنی چیایان ده‌كوتێ…  

ئێمه‌ له‌ كوێ و

ئه‌شقی ژه‌نگاوی له‌ كوێ؟

ئێمه‌ له‌ كوێ و

ئه‌ته‌می هێللانه‌ی باڵندان له‌ كوێ ؟

ئێمه‌ له‌ كوێ و

ڕه‌ونه‌قی

نان و ئاوی سبه‌ی له‌ كوێ ؟

ئێمه‌ له‌ كوێ و

تامانی باڵانوێنی په‌سیوان له‌ كوێ ؟

ئێمه‌ له‌ كوێ و

لاله‌زاری عه‌تر و

بۆنی مه‌له‌ تۆراوه‌كان له‌ كوێ ؟

پاسه‌وانی عه‌ییار و

له‌ككه‌ی نه‌هلستییان له‌ كوێ ؟

ببینن !

ژووره‌ بنمیچ شووشه‌ییه‌كان

به‌ چ شه‌یدایی و نیازه‌وه‌

تارای ڕه‌ش

به‌سه‌ر خه‌یاڵی ئومێدا ئه‌ده‌ن… 

ببینن !

كێڵگه‌كانی هه‌ناومان

ده‌شته‌ كاكی به‌ كاكیه‌كانی بینایمان

چیمه‌نه‌ چه‌رمووه‌كانی سنگمان

بڕستی هه‌نگاومانه‌

به‌سه‌ر سنووری

قه‌ڵه‌مڕه‌وی تاسان و

پێخوستی سه‌هه‌ند و

فۆتۆگرافی تارا ڕەشید – جێماوەکان – فلوپمێس – نەمسا ٢٠١٧

ئه‌ندازه‌ی دارایی .. ببینن !

ژێـی ده‌نگمان ببینن

كه‌ نازانین موبته‌لای چی بوون

بۆ له‌ پێكه‌نین و گریان كه‌وتن. ..

 ئه‌ی قیبله‌نماكان په‌یجووری چیان كرد ؟

ببینن ! 

په‌نجه‌ره‌ و كڵاوڕۆژنان ببینن

چۆن وه‌رزی كوژاوه‌ی پێدا دێن ..

چ خه‌مێكی موچڕكداره‌ (جیهانایه‌تی)

چ هه‌وایه‌كی ته‌وژمداره‌

یه‌كه‌مینایه‌تی ..

شنه‌ی دێ ناڵه‌ی عاشقان

زه‌مین بڕبڕه‌ی ناخمان

له‌ ڕووی زبر و تینووی ده‌سوێ ..

له‌م باخچه‌یه‌دا

ئیتر دره‌خت

به‌ په‌ینی پاك ته‌رز ناوێن ، هه‌ڵناچن

ڕووباره‌كان به‌ هه‌ڵه‌داوان ، بێ ئاوڕدانه‌وه‌

 تێده‌په‌ڕن

شتێكیان ون كردووه‌

نازانن چییه‌ …

 هه‌ڵۆ به‌ هاواری كوشنده‌وه‌

سه‌ره‌وخوار ده‌بنه‌وه‌

گوڵه‌گه‌نم

له‌ ژنانی ئه‌ندێشه‌ ڕووتترن ..

( ئای له‌و بنبه‌سته‌ هه‌ڵایساوه‌

 له‌م ونگه‌یه‌ سه‌حه‌ركوژه‌ )

فرمێسك وای ده‌گێڕێته‌وه‌ .

تشرینی دووه‌می 2022

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌