وێنه‌ی ژماره‌ ده‌

Loading

جێگر به‌ختیار – چیرۆكنوس

ئای عەباسی پلە فاتێ، کو دەستت چوێ وا لە ئامینەی کەی؟ ئەتو لەو عومرەی دای دەستی لێ برندکەی و لێیدەی. بە ھەموو تاقەتی خۆت گۆپارانی بخێورینێی؟ ھەموو قالبی ھوردکەی، عازەی بەدەنی بەساغی نەھێری؟ لەفکرت کرد وەختی خۆی کو لۆی شێت ببووی؟…ھەر ئەوەندەی کە نیوڕانە دادەھات و دەتزانی مەکتەب بەر دەبی. خێرا خۆت دەگەیاندە پێش دەرکەی مەکتەبێ ، ھەتا  چاو چاوانێ لە گەر ئامینەی بکەی. چاوت لە چاوانی ببڕی و زەردەخەنەی لۆ بکەی.

ئەو وەختی ئامینە تازە تغیانی بوو، مەمکی ھەندی شەمامەی، سەرە مەمکی وەک پەسیرەی پایزی لەسەرمان ھەر دەلەرزی. گەردەنی وەکی بەفری قەندیلی، کوڵمەی خین تێزای، دەوی وەک نوقڵی بەراتێ، ددانی دەتگۆ دنکە برنجە. کە چاوی لە چاوت دەنا بە چاو ڕەشەکانی دەیگۆ : ” کورەتیم ئەمن دەزانم دەبمە حەرارای توو، بەس مخابن لە ترسی داک و بابی خۆم ناوێرم چ ڕازان لۆ توو بدرکێنم. “

سەری دادەخست، ھوردە ھوردە وەکی پۆلە پۆڕان لەگەر دەستە خوشکان دەرۆیشت. لە دووی دەچووی ھەتا دەرکێی حەسارێ، ئەگەر مەجیە کەچەری برای دیار نەبا لە پێش دەرکەیان خۆت دەخافراند، بەشکی جارەکی دی خۆی بەدەر خا و تێی بڕۆنی. ھەر ئۆندەی جاحێرەک ژنی ھینابا، ڕۆژ دەبووە ڕۆژی توو. خۆت لە مەجلیسی پیاوان داوێشت تا یەکەک برێ: دەی عەباس گاسکە حەیرانەکی. ئەوجا دەستت لەبن گێتنابا و گۆتبات:

 

ئەمن دەمگۆ حەیران

ئەتو بەمن  نا(دری)

ئەتو نا(دری)

چەندی گاز دەکەم کیژێ نادری

بەمن نا(دری)

ئەتو لەداک و بابێ خۆ زیزی

خۆ کیژێ بێوەژنان نەبووی

حەکە رووی داکت رەش بی

ئەوسار بەوێ بوارێ

لۆ وا لەگەر من دوو دری

 

 

By Rostam Aghala

یەک بەخۆت دەنگت ھەرینابا، ھەتا ئەمینە گێ لێت بی و برێتە دەستەخوشکانی: ” لە دەوری گەرێم، دەنگی دەرێی زەنگورە. لیفکە شۆری من لۆ وی نەبی لە جاحێران حەرام بی، ھەر دەبی لۆ من بی شەوێ درێژی زستانێ لەبن لیفێ بمگەوزینی، ھەتا مەلای سوبحەینێ دەکا تەکبیران دەست لەملانم ئارێنی. پاشی وی ژیان لەمن حەرام بی.”

 

لە بیرت دێ، وەختی داوای ژنت لە پلە فاتێی کرد؟ پلە فاتێ گۆتی: “ھا عەباس درت چوویتە سەر کێ؟”

گۆتت: ” دایە ئامینەی سەید مارفیم کەتیتە دری.”

 

 

ئەو دەمی بە لینگە ناعلان بەدووت کەت و ھاواری دەکرد: ” کوڕە عەباس سەر بەھەش، چما ئەمە لە مستەوای ئەو دۆم و قەرەجانەین. ئەمە بەگزادەین و رەسنین. ئەوانیش خۆیان بە ئەولادی رەسولی نازدار دەزانن و دایم دەست پاندەکەنەوە لە خەرکی، نانی خوساو نەبی لە دەوی ناھاوێن. ھەر ئەوە مابوو سبەی خەرکی برێن عەباس  کچی سەید مارفە دەرۆزەکەری ھینایە.”

 

بەپێداگری دەتگۆ: ” وەڵای دایۆ لۆم نەینن حەیاتان دەبەم. ئامینەی ھەردەگرم و توشی دوژمنداریتان دەکەم. “

لەکەلی شەیتانی نەھاتییە خوارێ ھەتا لۆیان ھینایی.

ئەدی ئێستا چ بوو؟  ئاخر ھەندەی دەینا، لەسەر بزنە مەرەزی لە ئامینەی دەی. ھەی نمەک بە حەرام، خۆ ئامە  نەبی ئەتو ناتانی دووپاریان بەباشی دەدەوی خۆت باوێی . یەخەی کراست ھەموو ڕۆژێ چرکی ھەردەینی، شەوێ دەبی ئاوی بکورینی و کورت لۆبکا و لە ناو تەشتی بەو دەستە ماندیانەی خۆی جلکانت لۆت بشوا. ئەگەر زوو زوو وەفکرت نەیتەوە خۆت بشۆی، ئەسپێ لەسەرت گێرەی دەکەن.

خۆ بەدەستی ئەنقەست لاقی بزنە مەرەزی نەشکاندییە، ھەمووی لە ھیکەکی بوو. بەیانی کە خەریکی دۆشینێ بوو، نۆبە کە گەیشتە بزنە مەرەزی، ئامە دەستی بەسەر پشتی داھینا و سەد جار خۆی بە قوربانی دەکرد. دری خۆش بوو بزنەکان شیری باشیان تێدایە. لە دری خۆی دا دەیگۆ: شیرەکەی دەکەمە ماست و دەیفرۆشم، پارەی مەسرەفێی لێدەگێرمەوە و ئەویدیش بە کەوایەک دەدەم لۆخۆم. خۆ ئەگەر بە تەمای مەعاشە تەقاوتیەکەی عەباسی بم، ھەر دەبی کەچەجلان لەبەر کەم.

 

لەو فکر و تەکبیرانە دابوو، داڵغەی رۆیشتبوو، گوانی بزنە مەرەزی توند کوشی. ئەو حەیوانە بێزمانە لە تاوان لە خۆی ھەردا و دەرپەڕی. پێی لە پەقرەجی شیری ئارا و پەقرەجە شیری لە عاردی کرد. ئامە توڕە  بوو یەک دوو کوچکە بەردی ھاویشتێ ، یەکی لە لاقان گیر بوو و لاقی شکاند. ئەتوش ھەندە دیتت لاقی بزنە مەرەزی شکایە وەریگەرایێ بە گۆپاران.

کو درت ھات  ئەو ھەموو جونەی بە ئامەی بدەی و لێیدەی. سەد جار پێی برێ: دەگ دەستت بشکێ، گۆج بی یاخوا، ژانت تێوەستی،  ئەو حەیوانەت لۆ والێ کرد. ئێستاش لە قوژبنەکی ژۆرێ دانیشتیە و ھێدی ھێدی دەگریە و توکانت لێدەکا…عەباس دوعایان کە خوا نەتگری، عەباس دوعاین کە.

تەواو

٢١/٨/٢٠١٩

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.

 

په‌راوێز و فه‌رهه‌نگۆك: 

  • له‌م ئه‌زموونه‌دا مه‌نه‌لۆگی ناوه‌كییه‌، به‌مانای پاڵه‌وانه‌كه‌ به‌ دیاله‌كتیكی خۆی قسه‌ده‌كات، ته‌نها یه‌ك ده‌نگه‌ و ئه‌م ده‌نگه‌ش هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت و تان و بۆی ناوچه‌كه‌ی خۆیه‌تی .

فەرھەنگۆکەی کوردی ـ کوردی

ـــــــــ

برندکەی / بڵندکەی، بەرزکەیەوە

بخێورینێ/ ڕایوەشێنیێ، لێی گیربکەی.

بەدەن / لەش

قالب/ لەش

عازە/ ئەندام

تغیان/ گەورە بوون

خین/ خوێن

کورەتیم/ کورە ھەتیوو

بدرکێنی/ ئاشکرا کەی

گاز دەکەم/ بانگ دەکەم

گاسکەیە حەیرانێ/ حەیرانێک بڵێی

نا دری/ نا بە دڵی، دڵت لەگەڵی نییە.

دوو دری/ دڕدۆنگی ، دوو دڵی

سوبحەینێ/ بەیانی

مستەوا/ ئاست

دایۆ/ دایکە

چرک/ چڵک

کور/ حەمام کردن

بکورینی/ بکوڵێنی

ھیکەک/ لە ناکاو ، لە پڕەک

مەسرەف/ مەسروف ، خەرجی

مەعەشی تەقاوتی/ موچەی خانەنشینی

پەقرەج/ سەتڵ

کەچەجل/ جلی بێکەلک( جل ئەو پارچەیەی بەسەر پشتی گوێدرێژ و ئەسپ و بارگین دادەرێت)

ژانت تێوەستی/ ژان بگری، ئازار بگری

قوژبن/ روکن

توک/ دوعای خراپ