فیستیڤاڵی ئینگمار بێرگمان

فیستیڤاڵی ئینگمار بێرگمان بۆ شانۆی نێونەتەوەیی


Loading

ئەم ساڵ یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی ریژیسۆر و نووسەری بەناوبانگی سوێدی (ئینگمار بێرگمان ١٩١٨-٢٠٠٧)ەو بەم بۆنەیەشەوە، شانۆی پادشایەتی چوارەم فیستیڤاڵی شانۆی نێونەتەوەیی ساز کرد. شانۆی پادشایەتی بە شەش نەمایش بەشدار بوو، هەوەها چەردەیەک لە نەمایشی نێونەتەوەیی، کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیاوە، بۆ نموونە: ئێران، ئەڵمانیا، هۆڵاند، نەرویژ، نەمسا، بەرازیل، فەرەنسا، ڤێتنام و بەلجیکاوە هاتوون، لەم فیستیڤاڵەدا، کە لە ٢٣ی مانگی هەشتەوە تا ٢ی مانگی نۆ بەردەوام دەبێت، بەشدار بوون. جگە لە نەمایشە شانۆیی و ئۆپێراکان، چەندان کۆڕ و سیمینار و وۆرکشۆپ دەگێڕدرێت و فیلمەکانی بێرگمان-یش بە بەردەوامی پیشان دەدرێن. هاوکات کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی سوێدی، هەموو شەوێکی هەینی، یەکێک لە فیلمەکانی نەمایش دەکات.

بەشێک لە نەمایشەکانی ئەم فیستیڤاڵە لە دەق و فیلمەکانی بێرگمان-ەوە ئامادەکراون، هەندێکیان لە ژینگە و ئەتمۆسفێری دنیا تایبەتمەندەکەی بێرگماندا دەسوڕێنەوە و بەشێکێشیان نزیکە لە ڕۆحی بێرگمان-ەوە. زۆربەی شانۆکار و هونەرمەندە بەشدارەکانی ئەم فیستیڤاڵە، بە تایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی ترەوە هاتوون، بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ فیلمەکانی بێرگمان گەورە بوون، یان کاریگەرییەکی قووڵی ئەویان بەسەرەوەیە و لەژێر ئەو کاریگەرییەدا کاریان کردووە.

لەم ڕێپۆرتاژە باسەدا، هەوڵدەدەم ئاوڕ لە بەشێک لەو نەمایشانە بدەمەوە، کە لەم فیستیڤاڵەدا بەشداربوون و بوونەتە جێگای سەرنجی بینەر و ڕەخنەگران.

ئینگمار بێرگمان

دڵنیا/نووسین و دەرهێنانی فاڵک ڕیشتەر

فاڵک ڕیشتەر نووسەر و شانۆکارێکی گەنجی ئەڵمانییە و توانیویەتی بە ماوەیەکی که‌م، وەک شانۆنامەنووس و دەرهێنەرێکی بەتوانا لە ئەڵمانیادا بناسرێت، هاوکات لە شانۆ گەورەکانی ئەوروپاوە بانگهێشت بکرێت، تا کار لە شانۆکانیاندا بکات. ئەم شانۆکارە، بۆ ئەوەی کارێک لە بێرگمان-ەوە فێربێت، دەچێتە ژوورێکەوە و دەرگا لەسەر خۆی دادەخات و ڕۆژانە سەیری دوو فیلمی بێرگمان دەکات. لەم فیلمانەدا، مەرگ، مێردەزمە، پێوەندییە بێ خۆشەویستی و پڕ لە درۆ و ڕیاکان و دابڕانێکی قووڵ دەبینێت، ئەمەیش تووشی بێزاری و دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەکی قووڵی دەکات. دوای ئەوە دەرگاکەی دەکاتەوە و لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە و سەبارەت بە سوێدییەکان وێنەیەکی ڕەش و دنیایەکی سارد و بێ هەست و خۆشەویستیی له‌لا دروست دەبێت. ئەمەیش لەگەڵ ئەو وێنەیەدا یەک ناگرێتەوە، کە ئەو سەبارەت بە کۆمەڵگەی سوێدی هەیبووە، بەمەیش تووشی شۆک دەبێت. ئەم شۆکە و ئەم دنیا سارد و پڕ لە درۆ و دوور لە خۆشەویستییە، لە دەقێک و کارێکی هونەرییدا ڕەنگ دەداتەوە، بەڵام کارەکەی باسی بێرگمان ناکات، بەڵکو باسی سوێد و نەوەکانی بێرگمان و ئەم ڕۆژگارە مۆدێرنەی سوێدێک دەکات، کە لە کارەساتەوە نزیکە.

دڵنیا، کە ناوی نەمایش/دەقەکەیە، لەوانەیە زۆر مانای تر بگەیەنێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مانای “دڵنیا” ناگەیەنێت و بە هەموو شێوەیەک، هەموو شتێک دوورە لەم مانایەوە، بە تایبەتی بۆ نەمایشەکە و ئەو ناوەڕۆکە ڕەشەی بۆ ئەمڕۆی کۆمەڵگەی سوێد هەیەتی. نەمایشەکە باسی ئەو چاڵە ڕەشە دەکات، ئەم ئێستایەمان، کە هەموو جۆرە ستراکتور و بنەما لۆژیکی و موڕالییەکانی خۆی لە دەست داوە. لەم نەمایشەدا، کۆمەڵگەی سوێدی، بڕوا، ئایدۆلۆژی، ژیانی هاوسەرگیری و تەنانەت ئەکادیمیای سوێدیش، وەک سمبۆلێک بۆ دێرینترین و باڵاترین دەزگای ڕۆشنبیری و هۆشیاریی سوێد، داڕوخاوە و هیچ شتێک لە جێگای خۆیدا نەماوە.

ئەم ریژیسۆرە، لە کارێکی هونەریدا: دەق، جەستە، مۆسیقا، سەما، گۆرانی، ئەکرۆپاتیک و تەنانەت فیلمیش کۆدەکاتەوە و تێکەڵاوییان دەکات، لەم دیدە گشتگیرەدا، گەشتێکمان لە باوەڕەوە بۆ گومان، لە بێدەنگییەوە بۆ هەراوزەنا، لە پاکیزەییەوە بۆ خیانەت پێ دەکات. بەنێو کارەساتەکانی ژینگەدا دەڕوات تا دەمانگەیەنێتە دۆزەخ، کۆتاییەکی تەژی لە کارەساتەکانی دنیا. لەم دۆزەخەدا، تەنیایی، بێ متمانەیی، پێوەندییە پچڕاوەکان و نەبوونی خۆشەویستی و ترس بەرجەستەی وێنەکان، خەونەکان، ژیانی کارەکتەرەکان و ژیانە بێ ماناکەی ئەمڕۆمان دەکات. لێرەدا، ئەکتەر و سەمازانەکان دەبنە یەک یەکەی هونەری، پێکەوە سەما دەکەن و هاوکات لە دیالۆگدان، گۆرانی دەڵێن و سەما دەکەن، هەروەها دەشبنە ئامرازەکانی بەرجەستەکردن و بەکارهێنان بۆ یەکتری.

هەموو نەمایشەکە، بەرجەستەی یان ڕاستر وێنایەکی پارچە پارچەی دنیا دەکات، کە لەوێدا ڕووبەڕووی ئەو ترس و بە تاڵییەمان دەکاتەوە، کە تیایدا دەژین. هەموو نەمایشەکە، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە و تێگەیشتن لە گرێ دەروونییەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ، ئەو گرێ کوێرانەی دەروونی مرۆڤی ئەم سەردەمەی تووشی نەخۆشییەکانی تەنیایی، نامۆبوون، بێ متمانەیی، نەبوونی بڕوا، گومان و خۆویستی کردۆتەوە.

دیمه‌نێك له‌ شانۆگه‌ری دڵنیا
دیمه‌نێك له‌ شانۆگه‌ری دڵنیا

سەرمۆنیایەکی ئایینی- دەسەڵات و هونەر

(سەرمۆنیایەکی ئایینی) دەقێکی کورتی بێرگمان-ە، ساڵی ١٩٦٩ بۆ تەلەفزیۆنی نووسیوە، هەر ئەو ساڵەیش تۆمار کراوە، بەڵام تاکو ئێستا لەسەر شانۆ نەمایش نەکراوە. دەقەکە، لە دیدێکی موراڵی و فەلسەفەیەکی توند و گەمەیەکی تەژی لە فەنتازیاوە، باسی ئەوە دەکات، کە چۆن هونەرمەند ناچار دەکرێت ڕووبەڕووی بینەرەکانی ببێتەوە، هاوکات باسی کێشەکانی سانسۆر و پێوەندی نێوان دەسەڵات و دەسەڵاتی هونەر، هونەرمەند و دەسەڵات دەکات.

ڕووداوەکان ساکارە، کارمەندێک (دەسەڵاتێکی یاسایی) هەیە و سێ هونەرمەند، کە لە گەشتێکی هونەریدان، تاوانبار دەکات و ڕاپێچی لێپێچینەوەیان دەکات، بینەران بە تەواوی نازانن، یان ڕوون نییە، ئەو تاوانە چییە، کە ئەو سێ هونەرمەندە کردوویانە. دادوەر بە شێوەیەکی توند، لە ئەتمۆسفێرێکی کافکائاسادا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم هونەرمەندانەدا دەکات و هێزی یاسایی خۆی دژی ئەم هونەرمەندانە بەکار دەهێنێت.

ریژیسۆری نەمایشەکە، ژوورێکی بچووکی بێ دەرگا و پەنجەرە، کە بەرجەستەی ژووری هوتێلێک و هاوکات دادگا و شوێنی لێپێچینەوەی هونەرمەندەکانیش دەکات، دروست کردووە. ئەکتەرەکان هەندێک جار بە جلوبەرگی ئاسایی و مۆدێرنەوە دەردەکەون، هەندێک جاریش دەبنە قەرەقۆز و لێبوک و لێبوکئاسا، بە کڵاوی درێژی نووک تیژەوە دەردەکەون و دەجووڵێنەوە. شێوازێک لە شانۆی ناو شانۆ دەخوڵقێنن و هەمیشە ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە ئەوان هونەرمەندن.

هەندێک لە ڕەخنەگرەکان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە کارەکتەرەکان: کوڕێکی گەنج، پیاوێکی تەمەن مامناوەندی و دادوەرەکەیش، کە لەوان بە تەمەنترە، چەند بەشێکن لە کەسایەتی بێرگمان خۆی، بەڵام لە تەمەن و قۆناخی جیاوازدا؛ گەنجێک، کە هەستێکی قووڵی پڕ لە دڵەڕاوکێ دایگرتووە، تەمەن مامناوەندییەکی تەنها و بەجێهێڵراو، بە تەمەنەکەیش کەسێک، کە لە دین نزیک بۆتەوە و بڕوایەکی پتەوی بە کتێبە دینییەکان، ئەوانەی لە ئاسمانەوە هاتوونەتە خوارەوە، هەروەها بە یاساکانی سەر زەمین، هەیە.

بێرگمان لەم دەقەیدا، کە ریژیسۆر و ئەکتەرەکانیش کاریان لەسەر کردووە، مەسەلەی پێوەندییە جۆراوجۆر و ئاڵۆزەکانی نێوان بینەر و ئەکتەر دەخاتە ڕوو، کە جۆرە سەرمۆنیا و بۆنەیەکی ئاینیی لەنێوان بینەر و ئەکتەردا دەخوڵقێنێت. نەمایشەکە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەم بیرۆکەیە، لە دیمەنی کۆتاییدا، ئەکتەرەکان لەو ژوورە تەسک و بێ دەرگا و پەنجەرەیەدا کۆدەکاتەوە، تا نەمایشێکی تایبەتی بۆ دادوەرەکە (دەسەڵات) پێشکەش بکەن. لەم نەمایشەدا، کە گەمەیەکی شانۆی ناو شانۆیە، دەسەڵات دەکەوێتە دەستی هونەرمەندەکانەوە؛ هونەر دادوەرەکە (دەسەڵات) ناچار دەکات، کە خۆی لەخۆی بپێچێتەوە. ئەم نەمایشەی ئەکتەرەکان بۆ کەسایەتی دادوەرەکە، ئەفسون و هێز و وزەی هونەر، بەرامبەر دەسەڵات و هەموو دەسەڵاتێکی تریش پیشان دەدات. هونەر ئەو ئامرازەیە، گەر بەباشی و لە جێگای خۆیدا بەکاربهێنرێت، هێزێکە هیچ هێزێک ناتوانێت نە بیوەستێنێت و نە چۆکی پێدابدات.

نەمایشەکە دەبێتە گەمەیەکی توندوتیژ و بەرکەوتن و ئەزموونێکی گران بۆ ئەو پێوەندییە ئاڵۆز و گرانەی لەنێوان هونەرمەند و بینەر لەلایەک و له‌لایه‌کیتره‌وه‌ له‌نێوان هونەرمەند و دەسەڵاتدا هەیە. لەم پرۆسەیەدا، هونەر و دەسەڵات هێندە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، کە دەسەڵات تووشی شۆک و ترس دەکات و چۆکی پێ دادەدات. ئەکتەرەکان چەندە ڕۆڵەکانییان بەرجەستە دەکەن، هێندەیش سەما دەکەن، دەبنە بەشێک لە شانۆی بووکەڵە و شانۆی خەیاڵی سێبەر، گەمە بە جەستەیان، بە پانتایی شانۆکە و بە سێبەر و ڕووناکی دەکەن. دەسەڵاتیش لەم گەمەیەدا بەرگەی هێزی هونەر ناگرێت و دەڕوخێت.

ریژیسۆری نەمایشەکە، چەندە کاری لەسەر مەسەلە جدییەکان کردووە، هێندەیش بە فۆرم و تەکنیکێکی کۆمیدی، ئەو هاوکێشە گرانەی نێوان دەسەڵات و هونەر و هونەرمەندمان بۆ دەخاتە ڕوو. بەم شێوەیە چەندە نەمایشەکە ترسناکە، هێندەیش جێگای پێکەنینە و دیمەنەکان، جەستەی ئەکتەر، ڕەوشی دەسەڵات، باری دەروونی کارەکتەرەکان، بینەر دەهێننە پێکەنین و دەمانخەنە بەردەم ئەو ڕاستییەی، کە دەسەڵات چەندە خەتەرناکە، کە هونەر چەندە چەکێکی بەهێزە، کە بینەر چ ڕۆڵێکی گەورەی لە پرۆسە هونەرییەکاندا هەیە.

هوتێلی ستریندبێرگ

هوتێلی ستریندبێرگ

بێرگمان هەر لەسەرەتای تەمەنی گەنجێتییەوە ستریندبێرگ-ێکی تایبەت بەخۆی دەدۆزێتەوە، پارە پاشەکەوت دەکات و کۆبەرهەمەکانی دەکڕێت، دواتریش بەشێکی زۆر لە شانۆنامەکانی لەسەر شانۆ گەورەکانی ستۆکهۆڵم، یۆتۆبۆری و مالمۆ نەمایش دەکات و بەردەوام هەوڵی قووڵبوونەوە لە ستریندبێرگ دا دەدات، هەر بۆ نموونە بێرگمان شەش جار کاری لەسەر شانۆنامەی (خەونەنمایشێک)دا کردوە و تەنانەت بۆ تەلەفزیۆنیشی تۆمار کردووە. کاریگەرییەکانی ستریندبێرگ بە نووسین و ستایلی کار و دەق و فیلمەکانی بێرگمان-ەوە دیارە و هەمیشە بێرگمان لە ستریندبێرگدا گەڕاوە و خۆی لەودا دۆزیوەتەوە و لەوەوە هێز و وزەی وەرگرتووە.

لەم فیستیڤاڵەیشدا، وێنەیەکی ستریندبێرگ لە دەق و فیلمەکانی بێرگماندا ڕەنگ دەداتەوە و مەودایەکی هزری/هونەری/ئێستاتیکی بە دیدی بێرگمان دەبەخشێت. نەمایشی (هوتێل ستریندبێرگ)، کە بە زمانی ئەڵمانی لەلایەن شانۆی بیورگ-ی نەمساوە پێشکەشکرا، گەڕانەوەیەکە بۆ ستریندبێرگ لە ڕێگای بێرگمان-ەوە. ئەم هوتێلەی ستریندبێرگ ژوورێکی بۆ بێرگمان تیایە و لەو ژوورەوە بێرگمان سەردەردەهێنێت و دێتە فیستیڤاڵەکەی ئەم ساڵەوە.

دراماتۆرگ و ریژیسۆری ئەم هوتێلەی ستریندبێرگ، کۆمەڵێک لە دەقەکانی ستریندبێرگ: باوک، کەڵک، کە فەرزەندە و منداڵ ڕۆڵی سەرەکی تیادا دەبینن، سۆناتای تارمایی، بەرەو دیمەشق، سەمای مەرگ و خەونەنمایشێک تێکەڵاو دەکەن، هاوکات بیۆگرافیای ژیانی ستریندبێرگ خۆیشی، لە هوتێلێکی سێ نهۆمیدا کۆدەکەنەوە. ئەم هوتێلە، شەش لە ژوورەکانی بۆ بینەران کراوە و دیارن، کە لە سینۆگرافیایەکی گەورەدا، لە لێواری شانۆکەوە تا ساپیتەکەی بەرز بۆتەوە، بینەرانیش لە پەنجەرە گەورەکانی ئەم ژوورانەوە، دەچنە نێو ژوورەکانی ئەم هۆتێلەوە و میوانەکان (کارەکتەری دەقەکانی ستریندبێرگ) دەبینن. ڕەخنەگرە سوێدییەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە (هوتێل ستریندبێرگ)، جۆرێک لە فیستیڤاڵێکی بچووکی تایبەت بە ستریندبێرگ، فیستیڤاڵێک لەناو فیستیڤاڵێکدا لەخۆ دەگرێت؛ لەم فیستیڤاڵە بچووکەدا دەقەکانی ئەم نووسەرە لە چەندان بەشی کورت کورتدا دەردەکەون و تێکەڵاوی یەکتریش دەبن، بەمەیش دەقێکی تر و یەکەیەکی تری هونەریی پێک دەهێنن.

ریژیسۆر و دراماتۆرگی دەقەکە، شانۆنامەکانی ستریندبێرگ و ئەو دیدەی ئەو هەیبووە، بۆ نموونە پێوەندییەکانی ژن و پیاو و پرسەکانی سێکسوالیتی، لەگەڵ دیدی ئەمڕۆ و کێشەکانی مرۆڤی ئەم گۆمەڵگە مۆدێرنەی ئەوروپا ڕێکخستوە و لەنێو یەک یەکەی هونەریدا، وەک نەمایشێکی دۆکیومێنتاری، جێگایان کردوونەتەوە. لەم نەمایشەدا، پێوەندییەکانی ژن و پیاو، سەربەستی سێکسوالیتێت، شەڕ و ناپاکیی هاوسەرگیری، لە دەستدانی شووناس، ون بوون لە ڕەوتەکانی ژیان، لە هوتێلێکدا کۆدەکرێنەوە و دەشبنە سمبولی بێلانەیی، بێ متمانەیی، دوودڵی و مێردەزمەیەکی بەردەوام. هەرچەندە نەمایشەکە لە ئەتمۆسفێرێکی ڕیالیزمیدا دەسوڕێتەوە، بەڵام وێنای دنیایەکی مێردەزمەئاسا بەرجەستە دەکات و لە خەونەنمایشێکی تەژی لە فەنتازیاوە نزیک دەبێتەوە.

کارەکتەرەکان لەنێو ئەو دۆزەخەی ستریندبێرگ تیای ژیاوە و دەقەکانی تیا نووسیوە و لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی پڕ لە ئازاردا دەجووڵێنەوە و ئەو ڕەوش و بارودۆخانەمان بۆ دەگێڕنەوە، کە ژیانی کارەکتەرەکان، بە تایبەتی پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو، بۆتە ئەو دۆزەخەی، کە زۆر گرانە لێی دەربازبین.

ئەو کارەکتەر و تەنگەژە دەروونی و کێشە خودگەراییانەی ستریندبێرگ لە شانۆنامەکانیدا دەیانخاتە ڕوو و باسیان دەکات، لەم هوتێلەدا دیالۆگی تازە لەخۆ دەگرن و لە زمانەکەی ستریندبێرگەوە، زمانێکی مۆدێرن و ڕۆحێکی تر بەو دیالۆگانە دەبەخشن، کە ستریندبێرگ بەر لە سەد ساڵ نووسیونی. زمانە شانۆییەکە لە زمانی ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆوە نزیک دەبێتەوە و بەرگێکی تازەی پۆشێوە، بە شێوەیەک، ستریندبێرگ دەبێتە نووسەرێکی مۆدێرن و کێشە و قەیرانەکانی ئەمڕۆمان دەخاتە ڕوو.

ئەم نەمایشە، چەندە ستریندبێرگ لە ڕارەوەکانی بێرگمان-ەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەمڕۆی ئەوروپا، هێندەیش دەرگایەکە، کە لاش نۆرێن بەوپەڕی دڵنییاییەوە لێوەی دێتە ژوورەوە و کارەکتەرەکانی تێکەڵاوی ستریندبێرگ دەکات، لەگەڵ بێرگمان شەڕ دەکات و ئەوانیش دەبنە میوانێکی هەمیشەیی ئەو داب و نەریتەی ستریندبێرگ، سەد ساڵ لەمەوبەر بە قووڵی لە ئەدەب و شانۆی سوێدیدا بەرجەستەی کردووە. لاش نۆرێن، خۆی لە هوتێلێکدا گەورە بووە و سەرەتای دەرکەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەقانەی، کە لەنێو ژوور و ڕارەو و ئەتمۆسفێری هوتێلەکاندا ڕوودەده‌ن.

سینۆگرافیای هوتێلەکە/نەمایشەکە، دیمەن لە دوای دیمەن گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و تا لە کۆتایدا دەبێتە نەخۆشخانەیەکی دەروونی، بە هەمان شێوە کارەکتەرەکانیش دیمەن لە دوای دیمەن، بەپێی جووڵەیەکی دیالێکتیکی بە پرۆسەیەکی سەختی گۆڕانکاریدا دەڕۆن و لە کۆتایدا، ئەوانیش لەو شێتخانەیەدا، بە شێتی دێوانەئاسا خۆیان دەبیننەوە. هوتێل ستریندبێرگ، لە پرۆسەیەکی هونەریدا دەستی بینەران دەگرێت و گەشتێکیان بەناو مێشکی ستریندبێرگ-دا پێ دەکات و لەوێوە بۆ ژیان و بەرهەمەکانیمان دەبات.

دراماتۆرگی ئەم هوتێلە، جگە لە شانۆنامە و دەقەکانی تری ستریندبێرگ، چەندان دیمەنی تر، وەک چوارچێوەیەک بۆ دەقەکانی ستریندبێرگ دەنووسێت، بەم شێوەیە هەموو نەمایشەکە پێکەوە دەچنێت و هاوکات وێنەیەکی سەراپاگیری کۆمەڵگە و سەدەیەکمان، لەو کۆنتێکستە دا بۆ بەرجەستە دەکات.

ریژیسۆری ئەم نەمایشە، سیمۆن ستونێ، لەدایکبووی وڵاتی سویسرایە و لە ئوستورالیا گەورە بووە و بەوە ناسراوە، کە بە شێواز و دیدێکی مۆدێرن و تەکنیکێکی جیاواز کار لەسەر دەق و شاکارە کلاسیکییەکان دەکات و لە دیدێکی تەواو ڕادیکاڵەوە، دەقە کلاسیکییەکان سەرلەنوێ ئامادە دەکات و بە شێوەیەکی تر بونیادیان دەنێتەوە.

ئه‌كته‌ره‌كانی شانۆگه‌ری بێرگمان لە تاراوگە

بێرگمان لە تاراوگە

بێرگمان ناوبانگێکی نێونەتەوەیی گەورەی هەیە و یەکێکە لەو هونەرمەندانەی لە هەموو جیهاندا ناسراوە، ئەم نەمایشەیش (بێرگمان لە تاراوگە) هەوڵێکە بۆ ناساندنی ناوبانگی بێرگمان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتی سوێد.

ئەم نەمایشە پێنج ئەکتەری سەر بە پێنج وڵاتی جیاواز؛ ڕۆمانیا، ئەمەریکا، ئێران، ئەفریقا، کە لە سوێد دەژین، کۆدەکاتەوە و باسی بەرکەوتنەکانی خۆیان لەگەڵ فیلمەکانی بێرگمان، بەرلەوەی بێن بۆ سوێد دەکەن. ئەم کارەکتەرانە بە هۆکاری جیاواز و لەکاتی جیاوازدا هاتوونەتە سوێد: یەکێکیان ریژیسۆری فیلمە، ئەویتریان توێژەرەوەی مێژوو، هاوکات قەشەیەکی جولەکە، کارمەندێکی کتێبخانە گشتییەکان و بەڕێوبەری دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوە.

ئەم کارەکتەرانە لە ڕووی تەمەن، ڕەگەز، ئاستی هۆشیاری، پیشە و هەموو شتێکی ترەوە، لەیەک جیاوازن، تەنها شتێک کۆیانبکاتەوە، فیلمەکانی ئینگمار بێرگمان-ە، کە بەرلەوەی بێن بۆ سوێد، لە وڵاتەکانی خۆیان بینیویانە و کاریگەری هەبووە بەسەریانەوە.

لە پانتاییەکی واڵادا، پێنج کورسی، بە ستایل و قەبارە و شێوازی جیاوازەوە لەسەر شانۆکە دانراون، هەروەک ئەوەی لە فیلمەکانی بێرگمان، یان لە نەمایشە شانۆییەکانییەوە هێنرابن، کە لەسەر شانۆی پادشایەتی پێشکەشی کردوون. کارەکتەرەکان دێنە ژوورەوە و لەسەر ئەو کورسیانە دادەنیشن، خۆیان و هاوکات کەسایەتی تریشن، کە لە فیلمەکانی بێرگمان و لە ژیانی ڕۆژانەی سەرشەقام و کۆڵانەکانی ستۆکهۆڵمەوە دێنە دەرەوە.

ئەو ڕووناکییەی لە هاوینەکانی وڵاتانی سکندەناڤیا، لەنێو درەختەکانەوە دەدرەوشێنەوە و هەرگیز نایەڵن تاریکی شەو زەفەریان پێبێنێت، کە بەشێک لە فیلمەکانی بێرگمان پێکدەهێنێت، هاوکات مەسەلە گرانەکانی تری وەک مەرگ، خۆشەویستی و پێوەندییەکانی فەرزەندە و نەوەکان، بۆتە ئەو دەروازەیەی ئەم کارەکتەرانەی لە فیلمەکانی بێرگمان نزیک کردۆتەوە.

ەمایشەکە، لە فۆرمێکی ساکار و ڕاستەوخۆدا، لەگەڵ بینەران دەکەوێتە گفتوگۆیەکی قووڵ سەبارەت بە بێرگمان: تاریکی و ڕووناکی، دوودڵی و نائارامی، دابڕان و بڕوا و بڕوانەبوون و ئایین، خوا و مرۆڤ، خۆشەویستی و پیاو و ژن… هتد، دەبێتە بنەمایەک بۆ گفتوگۆکانیان. لەم گفتوگۆیانەوە هەندێک لە دیمەنی فیلمەکان (فانی و ئەلێکساندەر، پەرشۆنە، پەیمانی حەوتەم، چرپە و هاوار، بێدەنگی)، پیشان دەدرێت و دەبێت بە بەشێک لە گفتوگۆ و کۆنتێکستی دەق و نەمایشەکە. دیمەنی فیلمەکان، کارەکتەر و ئەو گفتوگۆیەی نێوانیشیان دەبەستێت بەیەکەوە و دیدێکی فراوانتر، بە خودی نەمایشەکە دەبەخشێت. ئەم کارەکتەرانە، لە کۆتایی گفتوگۆکەیاندا دەگەنە ئەو ئەنجامەی، کە خۆشەویستی لە ئایین گرینگترە و ئیرۆتیک بزوێنەری ژیان و پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاوە.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.