سروست نه‌وزاد

Loading

سروست نه‌وزاد

بیریان لە دەریا نەکردەوە

کەشتیوانەکان بە خەیاڵى خەواڵویی ڕۆشتن…

 

 ***

سەرم تونێلى میتۆلۆژیایە و

زارم پڕ خوێنە

برینى خۆم بە کۆڵدادەدەم و دەڕۆم

من لە نەوەى میرنشینەکانم،

بە ئاگردا پیاسە دەکەم و هەموو ئەو پیاوانەم لە یادن، کە گۆرانیەکانیان بیر چووبوون…

من لە دوورەوە هاتووم، بە باخچەدا دەگەڕام و دەستم لە درەختەکان دەدا. خەونەکانم دۆستایەتى زمان بوون و شاعیر بوونیش خواستى دێرینەى من نەبوون… بەڵام من شۆفێرێکى باش نەبووم، بە ئاگردا پیاسەم دەکردوو لە کافێیەک بە ئاگردا دەگەشتمەوە، دەبوو شیعرەکانیشم لە نێو دیواردا نەشارمەوە، کاتێک تەرمى خۆمم لە نێو ئۆتۆمبیلەکەدا بینى و ترسام…

 ***

حەزم بە باخچە بوو، درەختى تۆ کە ئاژاوەى زمان نەبوو!

 ***

 

وێنه‌ی ژماره‌ سێ

لەو سەرەوە لە داهاتووى دەڕوانێت، بەسەر قەدپاڵى شاخەکانەوە مەستەو شوناسى خۆى دەبینێت/ بەناوێکى کوردییانەى غەمگینەوە / پێڵاوەکانى قورسن، وەک شاخەکان بۆ هیچ کوێ کە ناڕۆن…

بە پێش زەمەنى خۆیەوە دەڕوات، بە بۆشاییدا ڕێدەکات.*

گۆرانیەکانى دەدزن/ هەتاو لە قتوو دەنێن/ بە بۆشاییدا ڕێدەکات/ ئەو ماڵەشى لە خۆى دەگرێت، پیاوە قەڵەوەکان ڕێنوێنى سێبەر دەکەن…

لەو سەرەوە لە داهاتووى دەڕوانێت، با کە هەڵدەکات/ خەون دەبینێت/ خەون جانتاى سەفەرەو

(با) ش تەپووتۆزی کیشوەرەکان…

چیتر خۆى نەدەناسییەوە، لێى پرسیم: لە ناوى خۆی پرسى، دەریا لە قژى ئاڵابوو، لە نێوان خۆی و هەنووکەشدا، یادەوەرى دروشمی دڕاوى سەر دیوارێ/ شەپۆلەکانیش دوژمنایەتییان دەکێڵا!

چیتر ئەوانى نەدەناسییەوە، لێى پرسیم: لە بارەى ئەوانەوە پرسى، جلەکانى پێستى سەربڕاوى گاکان بوون، دەستەکانیشى شمشێرى ڕەونەقدارى ئیبراهیم/ لە ڕێ لانادەن. بە پێش زەمەنى خۆیان دەڕۆن، سەریان لە نێو هەورەکاندایەو دوژمنایەتى خواکان دەکەن/ دارەمەیتەکان لەسەر شانیانەو

ئاسمانیش کفنى دوراوى کۆڵانەکان…

 

لە بارەى ئاسمانى گەشەوە هیچ شتێکى نەدەزانى،

 بەڵام باڵندەکانى دەبینی

 لە ئاسمانى گەشدا مەلەیان دەکرد…

 

کەپووى تۆزى چنراوى کۆمپانیاکان بوون، دەیپرسى: لەبارەى خۆیەوە دەیپرسى، بۆتیشکى ڕوونى بەفر کڕونشى دەهاتێ و لەمۆدێرنەشدا دڵى لاى کەر بوو، لەبیرى بوو:  لەنێو هەزاران خەون و خەیاڵدا، بەنێو دارستانەکەدا کەزۆریش جوان و ڕازاوە بوو،

بەچاوى پیر لە پێشى خۆى کە دەڕوانى، دەڕۆیشت و بیرى لە خۆشەویستى دەکردەوە،

خۆشەویستى قوڵ کە پاڵتۆیەو پڕە لە سادەیی ڕۆشتن…

بەڵام دارستان جوان بوو…

ئەویش مرۆڤێکى شیک پۆش بوو، گرنگی بەڕەنگى جلەکانى دەداو لەنێو هەزاران خەون و خەیاڵدا، بەنێو دارستانى گەشدا، وەک با کە ناوى خۆیی بیربوو، دەبوو بڕوات وەک با ، وەک با، پێش ئەوەى سەرین

لە بندەست بنێ و خەونى ڕەنگاو ڕەنگ ببینێ…

 ***

ئاگر پرسیار بوو، چێژى لە سوتانى خۆى دەبینی

 ***

بیریان لە دەریا نەکردەوە
کەشتیوانەکان بە خەیاڵى خەواڵوویى ڕۆشتن
کتێبى کوێریان دەنووسى
تووتیەکان بوون سەردارى سەر چارۆگەکان
لەسەرخۆ شەپۆلیان دەنۆشى و

وێنه‌ی ژماره‌ نۆ

گایەکانیش دەیانڕوانییە
دەرگاى کێڵگەى ئاگر لە شان…

بیریان لە دەریا نەکردەوە
گایەکان بوون مێژووی داگیرساوی شارەکان
بنەماڵەکانیان لە خوێنماندا دەلەوەڕین
وشکاییان دەهێنایە سەر ڕێی گیاکان…
لە بەردەم دەریا
شینایی ئاسمان دەوەرێت
بەسەر پشتی کۆلارەیەک
پێم خاوسە و با دەگەڕێت
بە خەیاڵی خەواڵویی ڕۆشتین
لەبەردەم دەریا
بیرم لە دەریا دەکردەوە
نادیاری کەنارم دەبینی و
زمانم قۆزاخەى هەردەم داخراوى پەمۆ بوو
ئۆتۆمبیلەکان ڕێنوێنیان دەکردم
کاتێک تەرمی خۆمم کردە کۆڵ و بوومە شاعیر
دەبوو زوو تێبگەم
شاعیرەکانیش هەرچۆن زمان بتەقێننەوە
خوێنى سەدەکان لەدواى خۆیان جێدەهێڵن…

خوێنى ئەو هەمووساڵە پەککەوتوانەى،
ئۆهه، دیسان دەنووسم جەنگ
جەنگ غەمگینترین وشەى سواوى شیعرە…

لەبارەى بەختەوەرییەوە بۆت نانووسم کە هیچ کات

 شێوەى لەبەرچاوم تەنانەت دێویش نەبووە
یەکەمجار خۆمم لە فیلمێکدا بینى

ساندەویجە ساردەکەم پێ قوت نەدەدرا
لەبەرەکانى جەنگدا، کەلەسەرى پێکراوى هاوڕێکەم لەنێو دەستەکانمدا بوو
لەبارەى بەختەوەرییەوە بۆت دەنووسم
کۆڵانەکان غەمگینترین فرمێسکى تەڕی شیعر بوون

 پرچی شینیان شانە دەکردو
ڕۆشتنیش، شەقامێکی خەو زڕاو بوو…

بە ڕیشی سپییەوە بارانى خەو گران بەردەبووەوە ناوی
هەموومان بە ڕێگاکاندا دەڕۆین
لەساڵى هەزارو پێنجسەدو سیدا دەژین و
هەموو ئەو نامانەمان لەسەر کاغەز نووسیون کە بۆ هیچ کەسن
لەساڵى دووهەزارو پەنجادا دەژین و
زەنگ بۆهەموو ئەو ژمارانە لێدەدەین
کە دۆستمانن و پێمان غەریبن!

یەکەمجار خۆمم لە فیلمێکدا بینى
ساندەویجە ساردەکەم پێ قوت نەدەدرا
ئەو هەموو تێلەم بۆ خۆشەویستەکەم کردوو وەڵامێک نەبوو
خۆم ئەو کەسەى لە بیستوشەشى نۆی دووهەزاروبیستدا دەژى و
گەر لەو فیلمەداو لەساڵى هەزارو پێنجسەدو سیشدا ژیابام
بەختەوەرى هیچ کات شێوەى لەبەرچاوم
تەنانەت دێویش نەدەبوو…

 ***

زمان بە گژ بوونا دەکەم/ بەڕیتمێکى خاو دەنووسم.

باوەڕم وایە ئەرکى سەرەکیم، ناکۆک بوونمە دژ بە خێراى

 ***

لە بارەى پیاوێک کە گۆرانى بیر چووبوو، کە تێدەپەڕى و تفەنگەکەى لە شانیدا بوو، زۆرشتم دەزانى،

لەبارەى ئەڤینەوە، کەعاشق بووم و لەنێو شەقامە ساردوو سڕەکاندا بیرم کە لێی دەکردەوە کە دەکرا باڵندە بووباین، زۆرشتم دەزانى

بەڵام گرفتم هەمیشە زمان بوو

کە نەمدەزانى

چۆن خۆشەویستیت بۆ بخەمە نێو ڕستەوە

 ***

ساڵەکان وەک دیوارى ماڵەکان، لەسەریەک کەڵەکە دەبوون

ڕۆژەکانیش لەنێو قتو کەدەهاتن و زوو ڕەتدەبوون

وەک پەڵەیەک ڕووناکى ڕەش بەنێو سێبەر بزر دەبوون.

وێنه‌ی ژماره‌ یه‌ک

ئێستا کە سپێدەى شەمەیەکى دڵتەنگییە، لەپشتى کێوەکان خۆر گۆرانییە دووبارەکانى خۆى کە دەچڕێت

بە کوپێک قاوەو سیگارێکەوە، سەرم کە پیانۆى شکاوى هەتاوەو دڵتەنگ و ماندوو لە حەوشە دانیشتووم و لە واگۆنى یادەوەرییەک دەگەڕێم. بیرى باوکم دەکەم…

باوکم گۆچانى ئاسنى ساڵەکان لە ژێردەستى

کە دەلەرزى و سپێدەى شەمەیەکى ماشێنئاسا، چاوانى بە تاڵ و بێخەو، بە دایکمى دەگووت؛

 (ژیان کورت و برینە، بەڵام ژیانى کورت و بریندار ژیان نییە) …

ئەمڕۆ کە ڕۆژێکى خێراى هەفتەیەکى غەمگینە، لەنێو باڵەخانەکان کەسەریان دەکەونە نێو هەورەکان و

ژوورێکیش کەدیوارى ژوورێکى دیکەیە و پیاوێک کە نایپەرژێت بیرى هاوڕێکانى بکات

لەکۆتا باڵکۆنى نهۆمێکدا، سیگارەکەى لالێوى لەخەیاڵى دەستگرتنى ژنەکەیدا پێدەکات و

ئەو ڕۆژانە لەیاد ناکات

ساڵەکانى وەک دیوارى ماڵەکان لەسەریەک کەڵەکە دەبوون و ڕۆژەکانیش لەنێو قتو کەدەهاتن و

وەک پەڵەیەک ڕووناکى ڕەش بەنێو سێبەر بزر دەبوون…

 ***

ئازارم چیاکانن و

 زەویش لە بوونى تۆ گەورەتر نەبوو

بە ئازارەوە، لە نێو شەقامەکان کە دەتلامەوەو

بیرم لە هەبوونى تۆ دەکردەوە!

 ***

لە دەستپێکدا بەجێمام

وشەکان وەک بۆمب بەنێو زماندا کە تەقینەوە،

 پێیەکانیشم هیچ کە سوتوى نووسین بوون و

لە خاکە درێژو درز بردووەکانى شیعریشدا هەرهێندەم هەبوو

بەتەنیشت ڕستەکانەوە

 بیر لە باڵندەکان لەئاسمانى گەشدا بکەمەوەو بنووسم :

شیعرێک گەر بەدڵى خۆم بنووسم

دەنووسم :

خۆزگە شیعرێک دەبوو

تا بەدڵى خۆم بینووسم..

………

* دێڕە شیعرێکى ئەدۆنیسە وەرگیراوە بە دەستکارییەوە.

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌