ئەبستراکت - شین و سپی

پیاوێکی تیشێرت شینی کڵاو ڕەش


Loading

ئەبستراکت – شین و سپی

پیاوێکی تیشێرت شینی کڵاو ڕەش

چیرۆک

ھۆزار ئەحمەد            

 

یەکەم

 نە ئاسمان، کە پڕ لە پاساری و کۆتر و فڕۆکەیە، نە شەقام. ھەرچەندە تا دێت دەنگی مەکینەی ئوتومبێڵەکان کزتر دروست دەکرێن، بێدەنگە. ھەر قۆرت و تاسەکان نەبێت، شەقام پڕ دەکەن لە دەنگ. لە دەمەقاڵێی خەڵکیش گەڕێ، چ لە بێدەنگی بکرێت! کەس حەز ناکات کەڕ بێت. خۆ کوێریش ھەر ناحەزە. زوڵمەت بە شەو و ڕۆژ بە چەکی گۆڵپەکان ڕاودەنرێت. گڵۆپ و سەگ و دەنگ و کۆتر و پیاوە سوریەکە ڕاو دەکەن. بە ئومێدێکی لەبن نەھاتوو میلەکانیان بۆ پێشەوە تاودەدەن.  پیاوە سوریەکە، لە بەستێنی شۆستە بەردینە شۆراوەکە، تاوێک دەمی دادەچەقێت، تاوێک دەنگ لە ئەوکێی دەردەکات. بە چاوە تروسکاوەکانی لە نێو ڕووناکیدا، دەگەڕێت. زمانی دەگەڕێت. گوێکانی دەگەڕێت. لەشی دەگەڕێت. سەگێکی دەم بەلیک، باوەشک دەدا و کلکی دەخولێنتەوە.” سەگی خوێڕی قەت تێرنابێت..چەخە..” پیاوە سوریەکە تێی ڕادەخوڕێت. ” برنج و سینگی مریشک… گەرم و تازە….” وا جاڕ دەدات. سەگەکە ڕاودەنرێت، کلکی موت دەکات. دووردەکەوێتەوە. پیاوە سوریەکە، سوپاسی منداڵە بۆیاخچیەکە دەکات. دەنگیان بەیەکەوە ھاوشانی گڕەی مۆلیدەی تەنکەری ئاوەکە پەڕاگەندەی گوێکان دەبێت. پیاوە سوریەکە چەشنی چاو تروکانێک، خەیاڵی دەچێتە لای سواڵکەر و گاڵتەچیەکان. دواتر ” یاڵە برنجی سپی دەنک باریک.. سینگی تازە…” بانگ دەداتەوە. ھەر گوێکانی نا، نیگاکانی زۆرجار بە دوای دەنگ یانژی ئیشارەیەک، دەگەڕێت. دەگەڕێت چاوەکانی، گوێکانی، گشت ئەندامی، سەیر دەکات. ڕیزێک کورسی لەگەڵ مێزی بچوک و تەپڵەکی بچوک، ڕووی کردوەتە شەقام. کورسیەکان گیراون بە پیاوەکان. پیاوێکی تیشێرت شینی کڵاو ڕەش سەرنجی دەدات. چاوەکانی دەوەستێت لەگەڕان، کاتێک پیاوە تیشێرت شینەکە دەیەوێت جنتاکەی بکاتەوە.

 

 

 

دووەم

 ھێشتا گڵۆپەکان دانەگیرساون، کەچی ئاسمان مەیلی بۆ تاریکی دەچێت. ئەوە ھەورەکانن بەری ئاسمانیان گرتووە. خەڵک و ئەویش دەزانن باران نابارێت. دوای شەڕ سەرخەوێک دەشکێنێت، و لەخەو ڕادەبێت و سندوقەکە ھەڵدەگرێت، پارچە کارتۆنەکەی ژێری جێدێڵێت. لە ژێر سێبەری دیوارێک، ئەو پیاوەی بە جلێکی نیمچە فەرمیەوە دەستی گرتبوو، نەیھێشت دەستبکاتەوە. ئەو لە خەیاڵیدا قێزی لێدەھاتەوە، خەیاڵ نا، کێ دەزانێت منداڵە بۆیاخچیەکە چی لە خەیاڵە، بەڵام بۆ زۆرێکان ڕوون بوو، بە تیلەی چاو سەیری ئەو پیاوەی دەکرد و ددانی لێکگیر دەکرد. پیاوی جل نیمچە فەرمیەکە، ھەستی بەوە کردبوو، بۆیە پێڵاوەکەی پێدا تاوەکو بۆیاخی بکات. گەرما بە تاوتر دەبوو… منداڵەکە چوو بۆ سوچی چایەخانەکە، ھەر زوو ئەمیش تێبینی پیاوە تیشێرت شینی بێ پانتۆڵەکەی کردبوو، مەترێک یا دوو مەتر، دەبوو.   لەسەر زەویەکە  لە نێزیکیەوە دانیشت، تا دەنگی چیرۆکەکەی پێی بگات.

 

با پیاوی جل نیمچە فەرمیەکە، ڕوون بێت؛ ئەو پیاوە چاکەتێکی لەبەر بوو لەگەڵ کاوبۆیەک و کالەیەکی لەپێدابوو- دەنگی منداڵەکەی پێ نەدەگەیشت و دەیویست دڵنیابێت، چیڕۆکی منداڵەکە لۆمەی ئەو نییە. چەند کورسیەک نزیک کەوتەوە لە پیاوە تیشێرت شینەکە و منداڵەکە:

” من برایەکی بچوکم ھەیە، داوی پایسکلی کردبوو..”

” قەولم پێداوە بە دەستەکانی خۆم بۆی بکڕم.. ھەرچەندە ئیشەکە زۆر کەمبووە…”

” ئێمە دۆم و قەرەج نین، ئەو منداڵەی شەڕم لەگەڵی کرد، درۆ دەکات، ئێمە ھەر لە شارەکەی تر ھەڵاتین باوکم ئاشقی دایکم ببوو، ھەڵیگرت و ھاتین بۆ ھەولێر ھاھا..”

” ئەھا کاتژمێرەکەی دەستم، میلە زلەکەی ئیش ناکا، زۆر وەستام پێکرد گوتیان چاک نابێت، بەیانیەک دۆزیمەوە، وامزانی کار دەکا، لە دەستم کردبوو، لەخۆشی ئەوەی کاتژمێرێک لەدەستمدایە قەت سەیری ئەوەم نەکرد کاتژمێر چەندە. شوفێری پاسەکە گوتی ئیش ناکات، من بێ ئەوەی سەیری بکەم ھەر لەدەستمدا بوو، مەرجی کرد لەگەڵم دە ھەزارم بداتێ گەر بە ئیشکەوت، کەچی دۆڕام ئیشی نەکرد. منیش گووتم؛ ئیشی دەکرد، لە ڕاستیدا ئەو زانی من درۆم کرد، پێیگوتم؛ تۆ دەزانیت زۆر بیژووی…”

 

 

ڕیزە کۆترێک ھەڵدەفڕن، کاتێک شوفێری تانکەری ئاوەکە سۆندە ئەستورەکە ھەڵدەداتە خوارەوە، منداڵە بۆیاخچیەکە، بێدەنگ دەبێت. دوای تاوێک بێزار دەبێت، لەسەیرکردنی پیاوی تانکەرەکە کاتێک ڕیزە دارە بچوکەکانی پێشیان ئاو دەدات. چاوەکانی دەچێتە لای سەگێک، دوای دەکەوێت. دەگەڕێتەوە. پیاوێکی تیشێرت شینی کڵاو ڕەش دەچەمێتەوە، جنتاکەی چەشنی پشتێن بەستووە بە دەوری ناوکیدا زنجیرەکەی تڵ دەدا. منداڵەکە سەیری دەکات.

 

 

 

سێیەم

 کارگوزارێکی شارەوانی ڕەش پێست، ھەردەم گیسکێکی لەدەستە. بوتڵی بەتاڵ و پڕ و شکاو و نەشکاو لەگەڵ پاشماوەکانی دیکە بە گیسکەکەی تاو دەدا، ئەوانەی با نایانبات. وەستاوە، زۆر نا تاوێک دەوەستێت. چەند کەسێک بەیەکەوە مژ لە جگەرەکانیان دەدەن. دواتر قونکەکەی فڕێدەدەنە پێش کارگوزارەکە. بە گسکەکە شتەکان پاڵی نێو خاکەنازەکە دەدا و دەیخاتە نێو عارەبانەکە. کەمێک، ھەر ھەنگاوێک لێیدەخوڕێ و ڕایدەگرێت. گیسک و خەکەنازەکە ھەڵدەپەسێرێت بە عارەبانەکە. دەستەکانی دەسڕێت بە بەدلە سەوزەکەی. لەسەر ڕێگای قەڵات خەڵکێکی زۆر دەبینرێت، لەگەڵ ئوتومبێڵێکی زۆر، بەشێکی ئەو خەڵکە لە چایەخانەکە دانیشتوون، بەشێکی دەڕۆن و دێن.

 

بە دوو چاوی زیت، دیقەت لە دیمەنەکانی ئەوێ دەدات. ڕووخساری بێ گوناح نیشاندەدات، واتە کاتێک بەھەموو جەستەت دەتەوێت سڵاوێک بکەیت. سڵاوێک دەکات “سەلامو عەلیکم”، بەشێکیان وەڵامیدەدەنەوە، بەڵام سەیری ناکەن. کۆترێک و دووان قونەقونیانە بەخێرایی دەنووک لە وردە پسکیتەکەی  نزیک عەرەبانەی کارگوزارەکە دەکێشن. کۆترەکان دەفڕن و ترسان بە وەڕینی سەگێک و دەنگی مۆلیدەی تانکەرێک، بە ئاسمانی چایخانەکە دەفڕن. کارگوزارەکە، زۆر کەمتر لە چرکەیەک بەخێرایی چاوی لەسەر کۆترەکان بەر دەبێتەوە، لای پیاوێکی چاوگێڕ، بە تیشێرتێکی شینی کڵاو لەسەر، لەو نیوەدا تەنیا ئەو دیقەتی دەدات. وا پێدەچێت لای قورس بێت یا باوەڕنەکردە بێت، لەو جەنجاڵیە بێتامە، کەسێک زیاتر لە چەند چرکەیە سەیرت بکات. پیاوە تیشێرت شینی بێ پانتۆڵەکە، سەیری ئەملا و ئەولا و کارگوزەرەکەش دەکات، چاو دەبڕێتە جانتا پشتیەکەی و زنجیرەکەی تڵ دەدات. کارگوزارەکە نزیکتر دەبێتەوە.

 

 

 

چوارەم

 بایەکە تاو ناتاوێک، گڕێکی گەرمی لەسکیدا ھەڵگرتووە، دێت خۆی دەکێشێت بە بازاڕدا، بە ھەر شتێک بێتە سەر ڕێگای. وردە خۆڵ دێنێت و ھەندێکی فڕێدەدا و ھەندێکی ھەڵدەگرێتەوە. خۆی دەکێشێت بە عەلاگەی دەستی ژنێک…

فەزیلە ژنێکی قەڵەوی بێ مەمکبەندە، سینە داکەوتوو و پشت کۆمە، ئەو ناسراوە، لەوێدا ناوی دێنن و باسی دەکەن، بەڵام ناپرسن لە کام خەتی کوردستانەوە ڕێی کەوتۆتە ھەولێر یان چایەخانەکە. “فەزیلە دۆمە، قەحپەیە، پارەی پێ بدە ھەرکوێیت ویست نەوەک دەست کیری تێوەردە…” ئەو گووتانە نوێ نەبوون بۆ میوانەکانی چایخانە. عەلاگەکە دەفڕێت و دەکەوێت و دەفڕێت و دەکەوێتە ژێر پێی پیاوە جل نیمچە فەرمییەکە. ئەو پیاوەی خاوەن قسەکان بوو دەربارەی فەزیلە.

 

دەنگێک دەقیڕێنێت” گیرفانتی لەگەڵ بگۆڕەرەوە ھاھا”

یەکێکی تر” دڵنیام دەتکڕێت..”

یەکێکی تر” بێڵن خەڵک کەسابەت بکات..”

بایەکە نەماوە. فەزیلە، خۆی دەگەیەنێتە عەلاگەکە. ھەڵیدەگرێت و جنێو دەدات” دایک و خوشکتان بگێم.. ژن حیزینە… گەوادە بێناموسەکان…”

 

” دوورکەوە، پیرەژنی سواڵکەری بەدبەخت.. ئەو پارانە ددانی دەوێت تا بخورێت…” سمێڵ باریکەکە، وایگووت و دەچێت بۆ کورسیەکی نزیکتر لە پێڵاوەکانی. فەزیلە خێزیکی تێدەخێوێنێت. بایەکە بەختی بۆ پیاوەکە ھێنا، تفەکە کەوت. فەزیلە کە حەسرەتی قووت دەدا، لوتی زۆر نزیک دەکەوتەوە لە چەناگەی، ھی ئەوە بوو، یەک ددانی لە دەمیدا نەبوو. چاوەکانی لە ڕقدا نقوومبوون، دوای چەند ھەنگاوێک، برۆکانی وێک ھێنایەوە. چاوەکانی پڕبوونەوە لە نزا. فەزیلە دوو چاوی بەزەیی دۆزیەوە. بێ دوودڵی لە پیاوە تیشێرت شینی بێ پانتۆڵی کڵاو ڕەشەکە نزیک کەوتەوە، سەیری کرد کاتێک پیاوەکە زنجیری جانتاکەی تلدەدا.

 

 

 

کۆتایی

 گەرماکەی بەتینە… پیاوێکی تیشێرت شینی کڵاو ڕەشی بێ پانتۆڵ، ڕووت نا، بە شۆرتێکەوە، لە ناوەڕاستی چایەخانەکە، بێدەنگ، بەس چاوگێڕ دانیشووە. پیاوانی تر لە کورسیەکانی دیکە دانیشتوون. ھێندە نابات خۆڵ دەبارێت، لێی دەکاتەوە.

پیاوە تیشێرت شینەکە تەمەنی لە شەست و سێ ساڵ دەچێت. قفلی جانتاکەی تڵ دەدا. کارگوزارێکی شارەوانی، ڕەش و ماندوو، خەریکی تاودانی خاشاکەکەیە، دەست ھەڵدەگرێت و سەیری دەکات. سواڵکەرێکی ژن، بێ مەمکبەند، سینە داکەوتوو، پشت کۆم بە چاوە پڕ خولیاکانی سەیری دەکات. کەمێک ھێواشتر خۆل دەبارێتەوە، بایەکەی کزە. منداڵێکی بێ کڵاو، باسک سوتاو، لێو وشک، بەڵام وریا دێتە پێشەوە بە سندوقێکەوە، دەیەوێ قسە بکات، بەڵام سەرەتا سەیری دەکات و دواتر قسە دەکات. ڕیزە کورسیەکان و مێزەکانی چایەخانە درێژدەبنەوە، تا بەردەم ھەنگاوەکانی پیاوە سوریەکە، بە جلێکی سوری کڵاو لەسەر، عەرەبانەیەکی زەردی بە پێشی داوە، بەجۆشەوە” ئەگەر بەدڵت نەبوو پارەکەی مەدە” وادەڵێت و دێتە پێشەوە، خووی وایە، ھەرکاتێک قاپێک بفرۆشێت، دەچەمێتەوە. ھێشتا نەیفرۆشتەوە. بەرلەوەی بچەمێتەوە سەیری پیاوە تیشێرت شینەکە دەکات. خۆڵەکە نابارێت، ھەوا بێدەنگە. پیاوە پیرە تیشێرت شینەکە، زنجیری جانتاکەی دەکاتەوە. منداڵە بۆیاخچیەکە لەگەڵ سندوقەکەی دەچێتە لای پیاوە جل نیمچە فەرمیەکە پێڵاوەکانی پێدەداتەوە و ئەویش ھەزار دیناری پێدەدات. بە ڕێگای سەگەکە دەڕوات. کارگوزارەکە شۆستەکە گسک دەداتەوە و پشت دەکاتە چایخانەکە. ژنە سواڵکەرەکە، لێوەکانی دەست دەکەنەوە بەنزا بۆ پیاوەکانی تر. برنج و سینگی مریشک فرۆشەکە، لەولاتر بۆ پیاوێک دەچەمێتەوە. پیاوە تیشێرت شینی بێ پانتۆڵەکە بە چاوانی داخراوەوە فوو دەکات بە کونیەلەکانی ھاڕمۆنیکا-کەی و دەیژەنێت.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌