دیلاكروا؛ خه‌یاڵبه‌ندییه‌كی ناسیونالستانه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ١٨٣٠

مرۆڤ و مێژوو


Loading

کاتێک سەيری مێژووی  مرۆڤایەتی دەکەين  یەکێ لەو دياردانەی بە ئاشکرا دەرکی پێدەکەين بريتیيە لە گۆڕان و گه‌شەکردن، واتە گۆڕانکاری و گەشەکردنی مێژوو لە بوارە  جۆراوجۆرەکانی وەک فکر، ئابووری،سياسەت، پەيوەندیە کۆمەڵایەتیەکان،شارستانيەت…زۆربەی کات ئەو شێوازە بيرکردنەوە و کولتورەی کە لە قۆناغێکی مێژوودا هەبووە لە قۆناغی دوای ئەوە، زۆر تا کەم گەشەی کردوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە دەتوانين بڵێين ؛ژیانی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ لە گەشەکردنێکی بەردەوامە لە خاڵێکی دياريکراودا ناوەستێت.پرسيارە گرنگ و قورسەکە ئەوەیە هۆکاری ئەم گەشەکردن و گۆڕانکارييە چييە؟بۆچی قۆناغێکی مێژوويی دياريکراو جياوازترە لە قۆناغێکی دی؟

ئاشکرایە چەندين وەڵامی جۆراوجۆر هەیە بۆ ئەم پرسيارە،چەندين تيۆری جياواز هەیە بۆ تەفسيرکردنی ئەم پرسە،هەندێک هۆکاری ئەو گۆرانکاری و گەشەکردنە دەگەرێنێتەوە بۆ هۆکاری ماددی و چەمکی ژێرخان و سەرخان و ململانێی چينایەتی(ئابووری)وەک مارکس بۆی دەچوو، هەندێک دەيگەرێنێتەوە بۆ یاسای(گۆڕان)کە یاساییەکی گەردوونی و سروشتيە (وەک هيراکليتس) و چەندان تيۆری ديکەش هەن کە هەر یەکە و  بەشێوازیک و لە ڕەهەندێکەوە دەڕوانێتە ئەم پرسە و تەفسيری دەکات.

بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت باسی بکەين وەک هۆکارێک بۆ گەشەکردنی بەردەوامی مێژوو بريتييە لە جەدەل و ململانێی نێوان هەردوو چەمکی ئەوەی کە هەیە(ما هو کائن) و ئەوەی کە پێويستە هەبێت (ما ينبغي ان يکون).

چەمکی یەکەم (ئەوەی کە هەیە-ما هو کائن)ئاماژەیە بەو بارودۆخە سياسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریەی، کە لە ئێستادا هەیە و کاری پێدەکرێت و کۆمەڵگایەکی پێدەناسرێتەوە.

چەمکی دووەم (ئەوەی کە پێويستە هەبێت-ما ينبغي ان يکون) بريتیە لەو خەون و ويستانەی کە دەمانەوێت لەئايندەدا بيهێنينە دی، چ لە بواری سياسی بێت یا کولتوری و کۆمەڵایەتی و فکري یا هەر بوارێکی دیكه‌دا بێت.

ئايا بە پشت بەستن یاخود لە ڕێگای ئەم دوو چەمکەوە چۆن دەتوانين لە گەشەکردن و گۆڕانی بەردەوامی مێژوو تێبگەين و تەفسيری بکەين؟یاخود مەبەستمان چيیە کاتێک دەڵێين هۆکارێکی سەرەکی گۆڕانکارييە مێژووييەکان بريتييە لە جەدەل و ململانێی نێوان ئەو دوو چەمکە؟ 

یەکێ لەو پێدراوانەی کە میژوو دەمانداتێ بريتیيە لەوەی کە زۆرێک لە شۆڕشەکان چ سياسی و کۆمەڵایەتی کە هێز و خوێن ڕشتنی تێدا بەکارهاتووە. یاخود شۆڕشە پيشەسازی و فکری و تەکنەلۆژيەکان،هەر وەها تيۆرە فەلسەفی و ئابووری و سياسيەکان…یاخود جەنگەکان. هەموو ئەمانە کە بوونەتە هۆکاری گۆڕانکارييە مێژوویيەکان و ڕەوڕەوەی مێژوویان گۆڕيوە، لەبنەمادا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مرۆڤ ناڕازی و ناکۆک بووە لەگەڵ ئێستادا(ئەوەی کە هەیە) و هەوڵیداوە (ئەوەی پێويستە هەبێت)بهێنێتە دی. بۆ نموونە کۆماری ئەفلاتون کە یەکێکە لە شاکارە گەورەکانی مێژووی مەعريفەی مرۆڤ، بەشێک لە هۆکاری هاتنە بوونی ئەم شاکارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەفلاتون لەگەڵ سيستەمی سياسی و کۆمەڵایەتی ئەسينای ئەو کات ناکۆک بووە و ڕەخنەی توندی ئاڕاستە کردوە. كتێبی (کۆمار) برتييە لە پێشکەشکردنی سيستەمێکی سياسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەڵتەرناتيڤ، کە بەبۆچوونی ئەفلاتون بريتييە لەوەی کە پێويستە هەبێت.

هەروەها جەنگەکانی نێوان دەوڵەتان و ئيمپراتۆرەکانی جاران دەکرێت هەمان هۆکاريان هەبێت،لایەنەکان ناڕازين لەو باردودۆخەی کە هەیە لە ئیستادا و دەيانەوێت لە ئايندەدا ئەوە بێننە دی کە پێويستە هەبێت. چەندان نموونەی دی هەن کە دەکرێت لە رێگای ئەو دوو چەمکەوە تەفسير بکرێن.

واتە هۆکارێکی سەرەکی گەشەکردنی مێژوو بريتييە لەوەی کە مرۆڤ لەگەڵ ئێستا (ئەوەی کە هەیە) ناکۆکە و ڕازی نییە، هەوڵی ئەوە دەدات ئايندەی وەک ئێستا نەبێت و ئەوە بێنێتە دی، کە لای ئەو پێويستە هەبێت، هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ئايندەیە، مرۆڤ بۆ ئايندە دەژێت، لەمەشەوە دەتوانين بڵێين هۆکاری گەشەکردنی مێژوو لەسەر بنەمای ئايندەیە،نەک بە تەنيا کەڵەکەبوونی ڕابوردوو.

كاڕڵ پۆپه‌ر

پێويستە ئاماژە بەوەش بکەين کاتێک دەڵێين گەشەکردنی میژوو مەبەستمان تەنيا لایەنی پۆزەتيڤ نییە بەو ماناییەی هەموو گەشەکردن و گۆڕانێکی مێژوو بەرەو دۆخیکی باشتر دەڕوات، بەڵکۆ مەبەستمان گۆڕانکاریە بەمانا جۆراوجۆرەکانیه‌وه‌، چونکە  مەرج نییە مرۆڤ یا کۆمەڵگه‌ یا گروپێکی کۆمەڵایەتی ئەوە بێنێتە دی کە خۆی مەبەستیەتی یا ئارەزووی دەکات و هەوڵی بۆ داوە، چونکە وەک (کارڵ پۆپەر) ئاماژەی پێدەکات ئێمە ناتوانين پێشبينی ئايندە بکەين کە چی ڕوودەدات و ناتوانين بزانين مێژوو بەرەو چ ئاڕاستەیەک دەڕوات و دەگاتە کوێ لە ئايندە! چونکە لای پۆپەر مێژوو پەيوەستە بە مەعريفەی مرۆڤ، ناشتوانين پێشبينی گەشەکردنی مەعريفەی مرۆڤ بکەين،واتە بە شێوەیەکی زانستی و فەلسەفی ناتوانين پێشبينی یا کەشفی ئەوە بکەين کە سەدەیەکی دی یا چەن ساڵێکی دی مەعريفە و ئيدراکی مرۆڤ لە چ ئاستێکدایە،گەشەکردنی مێژووش لای پۆپەر پەيوەستە بە گەشەکردنی مەعريفەی مرۆڤ کە پێشبينی ناکرێت،کەواتە مێژوو پێشبينی ناکرێت.

 

لە هەموو ئەوەی کە باسمان کرد دەگەينە چەند ئەنجامێک :

یەکەم: گەشەکردنی مێژوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە مرۆڤ مەحکومە بەوەی لەگەڵ ئێستادا(ئەوەی کە هەیە) ناکۆکە و دەيەوێت ئايندەیەکی باشتر(ئەوەی پێويستە هەبێت) دروست بکات،ئەم ويستە مێژوو دەجوڵێنێت.

دووەملەگەڵ ئەوەی ويستی مرۆڤ گۆڕانکاريە مێژووییەکان دروستدەکات،بەڵام مەرج نییە ئەو گۆڕانکاريە ڕووبدات کە مرۆڤ مەبەستیەتی و ئارەزویەتی. وەک زۆرێک لە شۆرشەکان بۆ نمونە ويستی کۆمەڵگه‌ عەرەبيەکان لە کاتی ئەو شۆڕشانەی کە ناسراوە بە(بەهاری عەرەبی) و دەرئەنجامی ئەم شۆرشانە.  دیاره‌ جياوازی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی کۆمەڵگه‌کهان ويستیان بەدی بێنن (دروشمەکان) لەگەڵ ئەوەی کە لە واقعدا بەدی هاتووه‌.  واتە زۆر کات  ئەوە نایەتە دی کە مرۆڤ دەيخوازێت.

سێهەم: مرۆڤ کاتێک دەيەوێت (ئێستا)بگۆرێت،جۆرێک لە سەرکێشی دەکات چونکە نازانرێت لە ئايندەدا چی ڕوودەدات ! وەک گووتمان؛ ناتوانين پێشبينی مێژوو بکەين، ئايندە نا ڕوونە و پڕە لە ئەگەرە جۆراوجۆر و دژ بەیەکەکان، لەگەڵ ئەمەشدا سەلمێنراوە کە مێژوو ناوەستێت و بەردەوام لە گەشەکردنە،واتە مرۆڤ مەحکومە بەوەی گۆرانکاری بکات، بێگومان هەميشە بەشێک یا زۆرينە لە کۆمەڵگه‌یەک یان لەوڵاتێکدا دەيانەوێت گۆڕانکاری بکەن و کەمينەیەک یا بەشێک هەیە بەرگری لە دۆخی باو دەکات، لەمەشەوە جەدەلی نێوان ئەو دوو چەمکەی سەرەتا  باسمانکرد دروست دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی(بە کۆنزەرڤاتيڤەکانەوەش) مرۆڤ لەهەوڵی ئەوەدایە شتێكی نوێ بخاتە سەر ئێستا واتە هيچ (ئێستا)یەک نييە کامڵ بێت،مرۆڤيش لەهەوڵی گەيشتنە بە کەماڵ ،بەڵام هەرگيز نايگاتێ، کەواتە مێژوو بەردەوام لە گەشەکردن دەبێت.بوونی ويستی گەيشتن بە کەماڵ لە مرۆڤدا، لەگەڵ نەبوونی ژیان و دۆخێکی کامڵ لە واقعدا،بزوێنەری مێژوون.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین