ئیدوارد مونخ - خواردنەوە -

Loading

هیراد یاسین

سڵاو ئەی شار

 شیعر 

هیراد یاسین 

 

 

 

 

سڵاو ئەی شار

ئەوەتا لێرەم،

ئیتر من پەنابەرێکی ئەبەدیی شەوەکانتم و

لەمەودواڕۆژەکانت بۆ من ناشێن،

هەڵیان بگرە بۆ خۆت.

 

 

با دووبارە وەک یەکەم ڕۆژ یەک لەئامێز بگرینەوە،

ئەم جارە شەوانی گڵۆپڕێژ لە تۆوە و

دەنگی بێکۆتا لە من.

بەسەر شۆستەکانەوە،

وەک چۆن دوو عاشق بۆ دواجار نەرم-نەرم ماڵئاوایی لە یەک دەکەن

منیش نەرم نەرم هەنگاو بەسەر لاشەتدا دەنێم.

 

شۆستەکان نیشتمانی منن

لە کوێدا دوو شۆستە دەستی گەرمی یەکتر بەردەدەن

لەوێدا ڕادەوەستم و

چەشنی درەختی کەناری دوورگە تەنیاکان،

دەستم ڕادەوەشێنم؛

سڵاو ئەی دۆستی ئەبەدیم

سڵاو شەوانی بێکۆتا،

ئەوەتا من لێرەم

هەمدیس لە هەمان شوێن

لێرە چاوەڕێم، هەر وایش دەبم…

 

 

 

سڵاو ئەی شار

ئەوا دیسان گەڕامەوە

هاتمەوە، دەستم بگرە،

تەنها ئەم شۆستانە بەشی پیاسەی ناکۆتای ئەم دڵە شکاوە و

دوو قاچی تەنیاییم دەکەن.

سڵاو دۆستم… سڵاو

ئەمشەو هاتمەوە

لە هەگبەمدا پێمە ڕووتییەکی نەبڕاوە و

لە دوایشمەوە،  ڕۆژگاری جیهانێکم جێهێستووه‌

 کە هەرگیز ناتوانێت دەست لە دڵم بداتەوە.

 

 

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌