Henry Charles Bukowski (born Heinrich Karl Bukowski; August 16, 1920 – March 9, 1994) was a German-American poet, novelist, and short story writer.

 باڵندەیەکی شین لە نێو دڵمدا‌يه


Loading

زانكۆ یاری

ھێنری چارڵز بۆکۆڤسکی Henry Charles Bukowski)) شاعیر، چیرۆکنوس و ڕۆما‌ننوسی ئەمریکایی له ١٦یولی  ١٩٢٠ لە شاری ئاندرناخی وڵاتی ئەڵمانیا (Andernach) لە خێزانی کاڕل بۆکۆڤسکی (Henry Karl Bukowski) لەدایکبووە. دایکی کاترینا فیت (Katharina – née Fett) کە ئەڵمان بوو، باوکیشی  دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ ئەڵمان–ئەمەریکایی بوو.  دایک و باوکی لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمدا یەکتریان ناسیووە، بۆکۆڤسکی پێداگرە لەسەر ئەوەی ؛ بەرهەمی پەیوەندییەکی نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوە ،بەڵام ئەرشیڤەکانی ئاندرناخ نیشانی دەدەن کە دایک و باوکی یەک مانگ پێش لەدایکبوونی ئەو هاوسەرگیرییان کردووە.

دوای ڕووخانی ئابووریی ئەڵمانیا لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمد له ساڵی ١٩٢٣ خێزانەکەی بۆکۆڤسکی ڕۆیشتن بۆ بالتیمۆر (Baltimore). دوای كارو ماندووبوون، ئەم خێزانە لە تەنیشتی شاری لۆس‌ئەنجلس نیشتەجێ بوون. که ئەو کاته بۆکۆڤسکی تەمەنی سێ ساڵ بووە. ئەو لە (لۆس ‌ئەنجلس) گەورە بووە و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ھەر لەوێ ژیاوە. لە ماوەی منداڵی بۆکۆڤسکیدا، باوکی زۆربەی کات بێکار بوو و بە باوەڕی بۆکۆڤسکی  مرۆڤێكی خراپ  بووه‌. دوای دەرچوون لە قۆناغی ناوەندی لە خوێندنگەی لۆس‌ئەنجلس، دوو ساڵیش لە زانستگای شاری لۆس‌ئەنجلس بوو و چەند خولێکی هونەر، ڕۆژنامەڤانی و ئەدەبیاتی بینی.

(چارڵز بۆکۆڤسکی)  یەکێکه‌ لە گرنگترین شاعیرەکانی نیوەی دووهه‌می سەدەی بیستی ئەمەریکایه و تەنیا شاعیر و نوسەرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو بلیمەتێك بوو، یەکێك لەو کەسە دەگمەنانەی کە لە گووتنی ڕاستی نەترساوە، کەسێك که شێوازی خراپی ژیانی خۆی کردۆته‌ کەرەستەیەكی باش بۆ نوسین. لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا یەکەمین چیرۆکی خۆی له گۆڤاری (چیرۆک)دا بڵاودەکاتەوە، لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا دەستدەکات بە نوسینی شیعر. لە ساڵی ١٩٥٩دا یەکەم کتێبی شیعری بڵاوکردەوە .  هەروا بەردەوام بوو تا زیاتر لە چل و پێنج کتێبی شیعر، کورتەچیرۆک و ڕۆمانی نوسیووه‌.

بۆکۆڤسکی بۆ ئەوەی بژیی و بتوانێت بنووسێت لە ئەمەریکادا کاری  جۆراوجۆری  کردووه‌ و بۆ ماوەی بیست ساڵ چەندین کاری کردووە لەوانە: شۆفێری،کرێکاریی، پاسەوانی و هتد. لە کۆتایشدا، لەسەرەتای دەهەی ١٩٥٠ بۆکۆڤسکی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستی لۆس‌ئەنجلس وەک پۆستەچی و نامەگەیەنەر بۆ ماوەی پانزە ساڵ کاردەکات… ماوەیەکیش لە وڵاته یەکگرتووەکان سەرگەردان بوو و کاری سەرپێی زۆرکردووه‌ .

لە ساڵی ١٩٥٥دا بەهۆی نەخۆشیەوه بە مەبەستی چارەسەر دەخرێتە ژێر چاودێری و کاتێک لە نەخۆشخانە دێتەدەرەوە دەستدەکات بە نوسینی شیعر. لە ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ شاعیر و نوسەر باربارا فرای (Barbara Frye) هاوسەرگیریی کردووه‌، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم و لەساڵی ١٩٥٩دا لەیەک جیا دەبنەوە. باربارا فرای جەختی له‌وه‌ کردبوو،  کە جیابونەوەی ئەوان هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبیاتەوە نەبووە، ئەگەرچی زۆربەی کات بەشێوەیەکی گوماناوی دەیگووت؛ کە بەتوانایی بۆکۆڤسکی لە شاعیرییدایە. لە دوای ئەم جیابونەوەیە، بۆکۆڤسکی دووبارە دەستیکردەوە بە شەراب خواردن و نوسینی شێعر.

 

چارڵز دوای ده‌ ساڵ وازهێنانی لە کاری پۆستەچی، گەڕایەوە سەر کارەکەی. لە ساڵی ١٩٦٤دا لە گه‌ڵ فرانس ئیسمیت (Frances Smith) دەبێتە خاوەنی کچێک بەناوی مارینا لویس بۆکۆڤسکی (Marina Louise Bukowski)، ئیسمیت و بۆکۆڤسکی پێکەوە دەژیان بەڵام قەد زەماوەندیان نەکرد. بۆکوڤسکی دوای ماوەیەکی کەم لەگەڵ جۆن و لویس(Jon and Louise Webb) بووە هاوڕێ. لەم ماوەیەدا گۆڤاری ئەدەبی The Outsider بوونی هه‌بوو  و بەشێوەیەکی تایبەت شیعرەکانی بۆکۆڤسکی بڵاودەکردەوە، بۆ نموونه شێعرەکانی؛ دڵی من لە دەستی ئەودا (My Heart in Its Hands, 1963) و خاچێک لەدەستی مەرگدا(Crucifix in a Deathhand,1965) بڵاوکردەوە.

بۆكۆڤسكی لە تەمەنی چل ونۆ ساڵیدا دەست لە کارکردن لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن هەڵدەگرێت و بەشێوەیەکی پیشەیی دەستدەکات بە نوسین، لەنامەیەکیدا کە باس لەو سەردەمەی دەکات دەنوسیت؛

“من دوو هەڵبژاردنم هەیە… لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستەدا بمێنمەوە و گەمژەیەکم لێدەربچێت…یان لە دەرەوەی ئێرە بم و وای نیشان بدەم کە نوسەرم و برسیی بم. من بڕیارمدا کە برسی بم”.

 

بۆکۆڤسکی لە دوای پرسیاری “تۆ بۆچی دەنووسیت؟” بەم چەشنە وڵامدەداتەوە:

“دەنووسم لەبەرئەوەی خۆی دێت و دەبێت بنوسم، ئینجا بۆ ئەوەی لە دوایدا پارە وەربگرم؟ بە یەکێکم گووت، لە وەختێکدا، کە نوسین وەک چوونە ناو جێگە وایە لەگەڵ ژنێکی جواندا و لەدواییشدا لە خەو هەڵدەستێت دەچێت جزدانەکەی دەکاتەوە و بە دەستی هەندێک پارەم دەداتێ. منیش وەری دەگرم.”

 

پاشان بۆكۆڤسكی  دەڵێت:  “نوسین هەر کار نییە، کاتێک خەڵک پێم دەڵێن نوسین چەنده بە ئازارە من تێیناگەم، چونکە ئەوە ڕێک وەک لوولکردنی شاخ وایە. نوسین بەڕەڵاتدەکات، نوسین چێژی  هەیە، نوسین خەڵاتێکە و تۆ لەبری ئەوەی دەنوسیت پارە وەردەگریت.”

قۆناغە ناخۆشەکانی دوا ویستگەی ژیانی بۆکۆڤسکی لەو کاتەدا کۆتاییان دێت کە لە ساڵی ١٩٦٩دا، دوای گرێبەستێک لەگەڵ جۆن مارتین (John Martin) بڵاوکەرەوەی دەزگای Black SparrowPress دا و وەگرتنی سه‌د  دۆلاری مانگانە بۆ هەموو ژیانی وەک مافێکی ئەم دەزگایە بۆکۆڤسکی کاتەکانی خۆی بۆ نوسینی پیشەیی تەرخانکرد. دواتر (جۆن مارتین )داوا لە بۆکۆڤسکی دەکات ڕۆمانێک بنوسێت، چونکە بە بۆچوونی ئەو لەو کاتەدا ڕۆمان لە شێعر پڕفرۆشتر بووە. پاش دوو حەوتە تەلەفۆنەکەی جۆن مارتین زەنگ لێدەدات؛

 

بۆکۆڤسکی: تەواوم کرد.

جۆن مارتین: چیت تەواو کرد؟

بۆکۆڤسکی: ئەو ڕۆمانەی کە داوات کردبوو.

جۆن مارتین: چۆن لە دوو هه‌فته‌دا  ڕۆمانێکت نوسی؟

بوکۆڤسکی: لە ترسا…!

 

ترسی بۆکۆڤسکی ئەوە بووە کە جۆن مارتین گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە لە ماوەی دوو حەوتەدا ئەزموونی پانزە ساڵ کارکردنی خۆی لە ڕۆمانێکدا بەناوی (فەرمانگەی پۆست)  تەواو دەکات. مارتین گەرەنتی لایەنی دارایی بۆکۆڤسکی کردبوو وەک نوسەرێک و ڕێزی لێ دەگرت، بۆکۆڤسکیش زۆربەی کارەکانی دواتری خۆی لە دەزگای بڵاوکردنەوەی Black Sparrow Press چاپ و بڵاودەکردەوە.

لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆکۆڤسکی سەردانی لیندا لی بەیل (Linda Lee Beighle) کرد کە خاوەنی ڕیستۆرانتێکی خواردنی تەندروستی بوو. دوو ساڵ دواتر ئەم دوانە لە خۆرهەڵاتی هۆڵیوودەوە، جێگایەک کە بۆکۆڤسکی زیاتر تێیدا دەژیا ڕۆشتن بۆ بەندەری سان پێدرۆ(San Pedro)، پاش چەندین ساڵ پێکەوە بوون، بۆکۆڤسکی و بیلی لە ساڵی ١٩٨٥دا هاوسەرگیرییان کرد، لە ڕۆمانەکانی ژنان(Women) و هۆڵیوودی(Hollywood)بۆکۆڤسکیدا، لیندا لی بەیل بە ناوی سارا (Sara) ناوی براوە. لە ساڵی ١٩٨٦ گۆڤاری تایم چارڵز بۆکۆڤسکی به‌؛   شاعیرێكی زیندووی بێئەخلاقی ئەمەریکا ناوزەند کرد…

بۆکۆڤسکی لە ٩ی مارسی ١٩٩٤ لە سان پێدرۆی کالیفۆرنیا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا، چەند مانگێک لەدوای تەواوکردنی دوایین ڕۆمانی خەڵک پەسەند (Pulp) بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێنەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕێ‌ و ڕەسمی بەخاک سپاردنەکەی لە ڕێگەی ڕاهیبە بوداییەکانەوە بەئەنجام گەیەندرا. لەسەر کێڵی گۆڕەکەی بۆکۆڤسکی ئەم دەستەواژەیە دەبینرێت هەوڵ مەدەن (Don’t Try) ئەمەش دێڕێکە لەو شێعرەی کە دەڵێت؛ “هەندێک کەس لە من دەپرسن چی دەکەم و بە چ جۆرێک دەنووسم و بەرهەمە ئەدەبییەکانم دەخوڵقێنم، من تەنیا وڵامیان دەدەمەوە تاکە کارێک کە پێویستە ئەنجامی بدەیت ئەوەیە کە هیچ کارێک نەکەیت. ئەوەندە بەسە دەست لە هەوڵدان هەڵبگریت. چ بۆ وەدەستهێنانی ئۆتۆمبێلێکی بێ‌ وێنه، چ بۆ خوڵقاندنی بەرهەڤێک و چ بۆ نەمری. تەنها ئەوەندە بەسە کە چاوەڕی بکەیت و ئەگەر هیچ ڕووی نەدا زیاتر چاوەڕێ بکەیت. ڕێک وەک بزماری سەر دیوارێک؛ ئارام دەگریت تا خۆی بەرەو ڕووت دێت”. بەگوتەی لیندا بۆکۆڤسکی (Linda) نوسراوی سەر گۆڕی هاوسەرەکەی بەم مانایە دێت “ئەگەر ئێوە هەموو کاتێکی خۆتان بۆ هەوڵدان تەرخان بکەن، ئەوکاتە هەموو ئەو شتەی کە ئەنجامتان داوە تەنیا هەوڵدان بووە، کەواتە هەوڵ مەدەن ئەنجامی بدەن”

 

دەربارەی ئەوەیکه نوسەران کێن و دەبێ چۆن خەڵکانێک بن، بۆکۆڤسکی ئەم گوتە گرنگەی هەیە: ”نوسەران خەڵکانی بێچارەن و كاتێك کە ئیتر بێچارە نین نوسەریش نین.” هەروەها لەمەڕ تەکنیکی شیعر و زمانەوانی، بۆکۆڤسکی بێباکانە دەڵێت: ”یەک تۆزیش گوێ بە گرامەر و مرامەر نادەم و کاتێک شیعر دەنوسم بە خاتری وشەیە، ڕەنگە، شیعر وەک وێنەکێشانە لە سەر کانڤاس. گوێ بۆ هەموو شتێک هەڵدەخەم و لێرەولەوێ شتێکیش دەخوێنمەوە و بەگشتی ئاوایە، بەڵام لە ڕووی تەکنیکی شیعرەوە نازانم کە چی دەگوزەرێت و ئەسڵەن بۆم گرنگ نییە. پێشم وایە هەندێک نوسەر بە دەست ئەم چارەنوسەوە ئازار دەچێژن، چونکه‌ لە دڵەوە دژی یاساکانی گرامەرن وەک یاساکانی دیکەی ژیان کە بۆ مێگەلی بانگمان دەکەن. هەمینگوای، شێروود، ئەندێرسۆن، شتاین، لەو نوسەرە کەمانەن کە بۆ خۆیان شێوازیان  داوەتەوە بە یاسا و ڕێساکان بەتایبەت لە خاڵبەندی و دەستپێک و کۆتاییی ڕستەدا و بەدڵنیاییشەوە جێمس جۆیس لە هەموو ئەوانەش زیاترە. ئێمە حەزمان لە ڕەنگ و شێوە و مانایە.”

 

بۆکۆڤسکی پێی وایە شێعر خۆی مانیفێستی خۆیەتی؛ لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ شاعێر، ڕۆماننوس و سیناریۆنوس جۆن ویلیام کۆرینگتۆنی (John William Corrington) تەمەن ٣١ ساڵ باس لە ئازادیی ئافراندن و شیعر دەکات و پێی وایە شیعر دەبێت ئەو ئازایەتییەی هەبێت، کە بەرەڵڵا بێت و لە دەرەوەی فۆرمە ئاساییه‌كان  بێ و دەڵێت: ”ڕاستییەکەی دەبێت بهێڵین مۆمەکە بسووتێت، ئەگەر پێویست بووگازۆلینی بەسەردا بکەین. هەستی باو هەمیشە باوە، بەڵام لە پەنجەرەکانەوە قیژە و هاواریش دێن و هەن…هەندێک جار کاتێک موزیک دەوەستێت و دەنگ نامێنێت، ئێمە لە ناو چوار دیوار و شووشەیەک و بەرد و خراپتریش جێ دەهێڵدرێین، دەڵێی هەر  له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌  دیواریش نییە ، دڵێکی داماو و زوقمکردوو وەک لە ئەتڵەنتا بیت.”

نووسینەکانی بۆکۆفسکی کاریگەرییەکی زۆری ژینگەی شاری لۆس ‌ئەنجلسیان پێوە دیارە. ئەم نوسەرە هەزاران شیعر، سەدان کورتەچیرۆک، شەش ڕۆمان و پتر لە ٥٠ کتێبی نوسیوە و چاپی کردوون.

ئه‌مه‌ش نمونه‌یه‌ك  له‌ شیعره‌كانی به‌ناوی  باڵندەی شين (1)    كه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ شیعری “دوایین شه‌وی شیعره‌کانی خاک” (2)

1-Blue Bird.

2-The Last Night of the Earth Poem’s. 1992

 

 

باڵندەیەکی شین لە دڵمدایه

دەیەوێت بێتە دەرێ

بەڵام من بۆ ئه‌و زۆر توندم

دەڵێم لەوێدا بمێنەوە، من ڕێگە به که‌س نادەمبتبينن.

باڵندەیەکی شین لە دڵمدایه،

دەیەوێت بێتە دەرێ

بەڵام من ويسکی پيا دەکه‌م،

دوکەڵی جگه‌رەی به سه‌ردا دەکه‌م.

Heinrich Karl Bukowski; August 16, 1920 – March 9, 1994

 

سۆزانی و ساقی و

مێوە فرۆشه‌کان

قه‌د نازانن ئه‌و

لەوێدايه.

 

باڵندەیەکی شین لە دڵمدایه

کە دەیەوێت بێتە دەرێ

بەڵام من بۆ ئه‌و زۆر توندم،

دەڵێم هێمن به‌رەوە،

دەتەوێت کێشه‌م بۆ دروست بکه‌يت؟

دەتەوێت کارەکان بشێوێنیت؟

دەتەوێت فرۆشی کتێبه‌کانم له ئه‌وروپا زياد بکه‌يت؟

 

باڵندەیەکی شین لە دڵمدایه

کە دەیەوێت بێتە دەرێ

بەڵام من زۆر ژیرم

کە تەنها هه‌ندێك جار  ڕێگەی پێدەدەم

لە شەوانەدا بێتە دەرێ

کاتێک خەڵکی له خه‌ودان

دەڵێم دەزانم تۆ لەوێیت،

بۆيه غه‌مگين مه‌به

پاشان دەیکەمەوە جێگەکەی خۆی،

بەڵام لەوێدا بە کەمی دەخوێنێت، بەتەواوەتی ڕێگەم نەداوە بمرێت

بەو جۆرە پێکەوە دەنووین

بە به‌ڵێنه نهێنیەکەی نێوانمانەوە

ئەوە زۆر جوانە مرۆڤێک بخەیتە گریان،

بەڵام من ناگریم،

تۆ دەگريت، به‌ڕاست تۆ ده‌گریت؟

 

 

 

 

 

……………………………………

 

په‌راوێزه‌كان

 

ڕۆمانەکانی بۆكۆڤسكی :

١- فەرمانگەی پۆستە ١٩٧١

٢- هەزار پیشە ١٩٧٥

٣- ژنان ١٩٧٨

٤- ساندویچی ژامبۆن بە نانی جۆوە ١٩٨٢

٥- هۆلیوود ١٩٨٩

٦- خەڵک پەسەند١٩٩٤

 —–

1-Blue Bird.

2-The Last Night of the Earth Poem’s. 1992

 

 

سەرچاوەکان 

 

  1. Donnelly, Ben. “The Review of Contemporary Fiction: Charles Bukowski: Locked in the Arms of a Crazy Life by Howard Sounces”. Dalkey Archive Press at the University of Illinois. Archived from the originalon 2008-10-11.

  2. “Charles Bukowski, King of the Underground From Obscurity to Literary Icon”. Palgrave Macmillan.

  3. Young, Molly. “Poetry Foundation of America. Bukowski Profile”. Poetryfoundation.org. Retrieved 2014-07-17.

  4. Bukowski, Charles Run with the hunted: a Charles Bukowski reader, Edited by John Martin (Ecco, 2003), pp. 363-365

  5. “Charles Bukowski: There’s Gonna Be a God Damn Riot in Here! Live in Vancouver (1979) – Trailers, Reviews, Synopsis, Showtimes and Cast”. AllMovie. Retrieved 2014-07-17.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.