دیموکراسى ڤایرۆس یان دەرمان


Loading

بۆ بنوسم، کەس ناخوێنێـتەوە، ئەمە نمایشێکە بۆ بینەرە نابیناکان

نوسینى: پێشڕەو حسێن

ئەو ناونیشانە لەبەر جۆرى ئەو دۆستایەتیە ئۆرگانیەیە کە بە ستراتیژى ئەم گۆڤارەوە گرێى دەدات، فێڵێکە، بیانویەکە تا بتوانێت جۆرە خزمایەتییەک لەتەک ئەو نوسینانەدا ببەستێت و لە پێرستەکەدا هەست بە غەریبى نەکات.
مەسەلەکە تەنیا نوسین نییە، هەموو کایە کلتوریەکان بێ وەرگرن. شانۆ سواڵى بینەر دەکات، تابلۆکان لە گەلەرییەکاندا خۆیان تەماشاى خۆیان دەکەن، موزیک لەبەر گوێچکەیەکى زەبەلاحى کەڕدا تەقوکوتیەتى. باوەڕبکەن، تەنانەت هەست دەکەم گرنگ نییە لەم نوسینەدا چى دەوترێت، چى دەنوسرێت، ئەمە بۆ پڕکردنەوەى بۆشایى لاپەڕەى گۆڤارێکە، باوەڕ ناکەن؟! لەم چەند دێڕەدا باسى هیچ دەکەم، کەى خوێندتانەوە بزانن کە بەئەنقەستە: شەوێک دیموکراسى لەسەر نەخشەیەک خەوى لێدەکەوێت، لەخەویدا پیاوێک، بە مقەستێک و مەترێکەوە هەڵدەکوتێتە سەرى، کۆمەڵێک رۆژنامەنوسى کوێر و پەرلەمانتارى پۆشتەوپەرداخ هەردوو دەست و قاچییان توند گرتووە و سینەماکارێکیش بەزۆر جلەکانى دادەکەنێت، بەکەمجار دیموکراسى زۆر دەترسێت وادەزانێت دەیانەوێت دەستدرێژى بکەنە سەر بەڵام پیاوەکەى یەکەمجار، کە ئێستا دەزانێت بەرگدرووە، دەست دەکات بە قیاس کردنى ناوشان و بەرزى و درێژى باڵاى و دەکەوێـە دورینى بەرگێک، دیموکراسى لە خەوەکەیدا لێیان دەپاڕێـتەوە دەڵێت برادەران ئەم بەرگەى خۆم زۆر بەدڵە، باوکم لە جەژنى لەدایکبوونمدا پێشکەشى کردم، رۆژنامەنوسەکە چاویلکە رەشەکەى سەر چاوى لادەبات، دەڵێ هەرچەند من ناتبینم بەڵام هەست دەکەم ئەم بەرگە بەبەرت تەسکە، پەرلەمانتارەکە: نا ئازیزم پێویستە جلێکى جوانترت هەبێت، دەرهێنەرە سینەماییەکە ئەم فیگەرەى تۆ کەمێک دەستکارى دەوێ….
بەهەرحاڵ ئەگەر گەشتنە ئێرەى نوسینەکە و هێشتا بەتەماى ئەوەبوون باسەکە لێکۆڵینەوەیەکى زانستى و لێکدانەوەى ئەو بۆچونە فەلسەفیانە بێت کە دواتر لە پەراوێزدا سەرچاوەى بۆچونەکانى دیارى کردبێت هەڵەن، ببورن، هەڵە نیین، بگرە پێویستە روونى بکەمەوە کە: باوەڕبوونم بەوەى لەم قۆناغەدا کارگەیەکى تەماتە باشترە لە نمایشى شانۆنامەیەکى سارتەر، کەس نییە سەفەرێکى ئەنتاڵیا (تا ئێستا نەمبینیوە، باسى دەکەن) بگۆڕێـتەوە بە بەشدارییەکى کاریگەر لە کۆنفراسى توندوتیژیى دژى ژنان، پڕوپاگەندەى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن زۆر خۆشترە لە گوێگرتن لەو گۆرانیبێژەى دایمە گۆرانى غەمگین دەخوێنێت، هەڵێنجراوى شایەتیدانى نزیکەى 15 ساڵى تەمەنمە لەم ناوەندە رۆشنبیرییەدا (بە نمایش دەستیپێکرد و پاشان وەرگێڕان و …) کە هیچ لێکۆڵینەوەیەک، هیچ نوسینێک، هیچ نمایشێک نەبوو وەکو چۆن لەوێندەر کاریگەریى خۆیان هەبوو، هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئێمە دابنێت. لەبەرئەوەى ئێمە تەنیا دەمانەوێت چێژ وەربگرین، بیرکردنەوە هیلاکمان دەکات، خوێندنەوە چ چێژێکى نییە لەمس بکرێت، تەماشاى نمایشێک ئەوەندەى لەخۆمان نیگەرانمان دەکات چ چێژێکى تیادایە، ئێمە دێوانەى چێژین، چێژێک نە توانیومانە لە خواردندا بیدۆزینەوە نە لە ئۆتۆمبێلەکان نە لە ئاپارتمانەکان نە لە…. لە سیاسەتیشدا چێژى خستنى ئەویتر و سڕینەوەى بیروبۆچونەکانى بەرامبەرمان حەز لێیە، ئامانجمان تەنیا چێژوەرگرتنە.

ئیتر دیموکراسى هیچ قسەیەکى نامێنێت، دەلێت بەراستى شەرمەزارتان کردم، من لەخۆمەوە غایەلەى خراپ بە مێشکما دەهات، دەى تەواو دەست و چاقچم بەردەن بەئاقڵى دادەنیشم تا بەرگەکەم تەواو دەبێت، سینەماکارەکە کامێراکەى دەردێنێت فیگورە دەرهێنەرانەکەى بەزەقى دەردەکەوێت، ئادەى کەمێک کۆببنەوە با فۆتۆیەکى یادگارى بگرین… رۆژنامەنوسەکە فلاشێکت دەدەمێ ئەو رەسمانەم بۆ دابنێ ئەمەوێت راپۆرتێک لەسەر ئەم سەفەرەى جەنابى دیموکراسى بکەم، ئائا رێپۆرتاژێک بەناونیشانى: دیموکراسى میوانى کوردستانە. پەرلەمانتارەکە بەپۆزێکى گەلدۆستانەوە لەو ئۆتۆمبێلە دادەبەزێت کە بەبۆنەى دەستبەکاربوونیەوە پێشکەشى کراوە، دەچێتە تەنیشت دیموکراسى و بەگوێدا دەچرپێنێت: ئەمشەو لاى خۆمان دەعوەتى، باوەڕبکە حیزبەکەى من ئەمجارە زۆرترینى دەنگەکانى بردۆتەوە، ئەزانم تۆ لە جەماعەتى زۆرینەیت، ئەمشەو زۆرینەى سەرکردایەتیش لەوێ دەبن دەتوانیین لەسەر زۆرینەى گرفتەکان و دەنگەکان و لەسەر ئەو کەمینەیەش قسە بکەین کە پێویستە جارى داهاتوو دەنگ بدەن بەخۆمان…!!
یەکێکیتر لەو بۆچونانەى تا ئێستا لەناو مندا گەورەبووە ئەوەیە کە جیاوازى بێروڕا لەو جیهانەدا کە دیموکراسیەتى وەکو دەرمانێک بە کۆمەڵى مرۆیى ناساند بۆ دروستکردنى راى سێهەم بووە، دەنگێک لە دەنگى من ناچێت نایسڕمەوە، هەوڵ دەدەم لەو پڕۆگرامانەى رەنگێکیترى سیاسى تەرحیان دەکات جێگەیەک بۆ رەنگەکەى خۆم بدۆزمەوە، ئیتر ئەوکات کە شین و زەرد تێکەڵ دەکەین رەنگێکیتر دەردەچێت. دیموکراسیەت لەوکاتەشدا کە پێچەوانەى ئەم ناوەخنە ئەزەلیەى خۆى بەکارهێنراوە، دواجار کە بۆ سڕینەوەى بەرامبەر و بۆ ئەوەبووە کە رەنگەکەیتریش ئیحتیوا بکات، هاوتاى تۆتالیتاریەت و هاوشانى دیکتاتۆریەت راوەستاوە. لە دیموکراسیەتدا نابێت هەموو حەق بە تۆ بێت و من هیچ حەقێکم نەبێت، نابێت تۆ هەر زۆرینە بیت و کەمینەیى منیش بە شورەیى بزانیت.
ئیتر جەنابى دیموکراسى کەمێک رەنگى گۆڕا، توڕەیى پێوە دیاربوو، کەمێکیش دەترسا، چونکە بیرى بوو چۆن جاریتریش بەمشێوەیە یەکەمجار میوانداریەکى شایستە کراوە و دواتر بەتەواوەتى ریسوا کراوە، لەپڕ بەدەنگێک کە زیاتر لە پاڕانەوە دەچوو وتى: ئازیزان بەڕاستى هەست دەکەم جلەکانى خۆم بەدڵە و نامەوێت بیانگۆڕم، بەڵام لەبەرئەوەى دیموکراسیم ئەڵێم بابەدڵى ئێوە بێت، باشە بەڵام تەنیا رەنگەکەى بگۆڕن، مۆدێلەکەى یان فۆرمەکەى با وەکو خۆى بێت. برادەران هەمویان دەستیان کرد بە پێکەنین، خەیاتەکە قاقا دەستى لە بڕین و دورین هەڵگرت و وتى: بەسەرى تۆ تائێستا مراخانى منت نەبینیوە بۆیە ئاوا دەڵێى، تۆ تەحەمولکە باوەڕکە ئەو جلوبەرگەى ئێمە ببینیت ئیتر قەت ئەوەى خۆت لەبەرناکەیتەوە.

کاتێکیش دیموکراسیەت، لە جۆرى پراکتیکى سیاسییدا و کاتێک لەپێش ئەوەى هەوڵێک هەبێت بۆئەوەى پێش ئەوەى بۆ جۆرى دەنگدان بەکاربهێنرێت ببێتە کلتورێک بۆ پەروەردەکردنى دەنگدەر، پێش ئەوەى یارییەک بێت بە دروشمەکان باوەڕێک بێت بە حەقیقەت، پێش ئەوەى پەیژەیەک بێت بۆ سەرکەوتن بەسەر جەستەى دەسەڵاتدا تەختەرەشێک بێت بۆ گۆڕینى عەقڵى سیاسى، ئەوکات بەستەرى لەدایکبوونى حوکمێکى دیموکراسیانە هەموارتر دەبێت. ئەگەر مرۆڤەکان بیروباوەڕى دەستەجەمعى خۆیان وەکو پیرۆزییەک تەماشا بکەن و هەوڵ بدەن موریدیتر کۆبکەنەوە، ئەگەر مەینەتى و داواکانى گەل بقۆزرێنەوە بۆ بەدەستهێنانى دەنگ، ئەگەر تاقمێک لەسەر دزینى ئەو دەنگە راستەقینانەى جەماوەر لە ناڕەزایى جەماوەریەوە بۆ دروشمى سیاسى بەردەوام بن، ئیتر دیموکراسیەت ئەو مەفهومە کۆنینەى لەدەستدەدات کە زۆرینە تەنیا حوکمڕان و پاڵەوانى ئەو شارە نییە کە زۆریینەى دەنگەکانى بردووە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سەلماندنى ئەو حەقیقەتەى کە هەڵیگرتووە بەو کەمینەیەى دەنگى پێنەداوە.

سودى نەبوو، هەرچییەکى کرد دەستبەردارى نەبوون، دەیانویست بەزۆر جلەکانى لەبەر دابکەنن، هاوارى کرد، قیژاندى، شەڵاڵى عارەق و بە هەناسەسوارى لەخەو راپەڕى، جەنابى دیموکراسى لەسەر نەخشەى کوردستان (باشوور) خەوى لێکەوتبوو.


بابه‌تی: گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت