١
پیته‌ر بروک به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی هاملێت ده‌کات: (ده‌کرێت تراجیدیای هاملێت هه‌میشه و سه‌رله‌نوێ، وه‌ک جیهانێکی شاراوه بدۆزرێته‌وه و بژێنرێته‌وه. هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه ئێمه ده‌توانین له هاملێتدا به‌دوای ڕاستییه‌کاندا بگه‌ڕێین، ئه‌و ڕاستییانه‌ی ده‌بنه وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی ڕاڤه و ستراکتوری ڕژێم، ده‌سه‌ڵات، پێوه‌ندییه ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیسته‌مه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی.) ئه‌م پێناسه‌یه‌ی ڕیژیسۆری جیهانی پیته‌ر بروک دووپاتی ئه‌و جیهانه به‌رفراوانه سه‌راپاگیره‌ی شانۆنامه‌ی هاملێت ده‌کاته‌وه و له هه‌مانکاتدا ئاماژه‌یه‌که بۆ نه‌مری و خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وامی جیاواز.
هاملێت ئاوێنه‌ی هه‌موو سه‌رده‌مێکه، هه‌موو سه‌رده‌مێکیش فۆرم و ناوه‌ڕۆکی خۆی له هاملێتدا ده‌دۆزێته‌وه، ناشکرێت هاملێت وه‌ک خۆی و به‌بێ هیچ مانایه‌ک، خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاواز و دیدی سه‌رده‌مه‌کانه‌وه نه‌مایشبکرێت. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه، که هاملێت به‌رده‌وام جێگای سه‌رنجی ڕیژیسۆر و ئه‌کته‌ره‌کانی جیهان بووه، چه‌ندان نه‌وه له هاملێت دا ماناکانی خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه، مه‌زنی شانۆنامەی هاملێت-یش له‌وه‌دایه، که هه‌موو که‌سێک وێنه‌ی خۆی، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکرا، وه‌ک میتافۆرێک له هاملێتدا ده‌بینێت و له هاملێتدا ده‌دۆزێته‌وه.
هه‌ر پیته‌ر بروک دووپاتی گرنگی شرۆڤه‌کردنێکی به‌رده‌وامی شه‌کسپیرمان بۆ ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: (ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه، که له شه‌کسپیر بکۆڵینه‌وه، چونکه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی جێگای گرنگیپێدانن له‌لای برێخت و بێکێت و ئارتۆ، له‌لای شه‌کسپیر هه‌ن…) شه‌کسپیر هه‌موو جیهان و فۆرمه‌کانی شانۆی له شانۆنامه‌کانیدا کۆکردۆته‌وه، له‌م ڕووه‌وه هاملێت ده‌ستپێکی گرنگی ئه‌و گه‌ردوونه هونه‌ری، فیکری، ده‌روونی و شانۆییه‌یه.
هاملێت پاڵه‌وانێکه، که له ده‌ره‌وه‌ی تێکسته‌کاندا، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و شانۆ و فه‌لسه‌فه‌دا ده‌ژی. ناوی هاملێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌یشی، که هه‌رگیز شه‌کسپیریان نه‌خویندۆته‌وه، یان له‌سه‌ر شانۆکان نەیانبینیووە، شتێک ده‌گه‌یه‌نێت. هاملێت هاملێته و به هه‌موو مرۆڤایه‌تی، له‌مسه‌ری دنیاوه بۆ ئه‌وسه‌ری دنیا ئاشنایه.
ئه‌و جیهانه‌ی، که له شانۆنامەی هاملێتدا به‌رجه‌سته ده‌کرێت، ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی له هاملێتدا ده‌گێڕدرێته‌وه، توندوتیژه، دڕندانه‌یه و هه‌موو کاره‌کته‌رێکیش ئه‌زموونی تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی توندوتیژی و دڕنده‌ییدا هه‌یه. هه‌ندێک له کاره‌کته‌ره‌کان له توندوتیژی یاخی ده‌بێت، به گژی‌دا ده‌چێته‌وه، هه‌ندێکی تر ملکه‌چی یاساکانی توندوتیژی و دڕنده‌یی سروشتی مرۆڤ ده‌بن. هه‌ردوو به‌ره‌که، ئه‌وانه‌ی یاخی ده‌بن و ئه‌وانەیش، که ملکه‌چی ده‌بن، له کۆتاییدا تووشی ڕووخان و تێکشکان دێن. یاساکانی ئه‌و جیهانه دڕنده‌یه له هیچ که‌سێک نابوێرێت. ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ڕۆڵه‌کانی شانۆنامه‌ی هاملێت ده‌بینن، مرۆڤن، مرۆڤی ڕاسته‌قینه! تێده‌کۆشن، سوێند ده‌خۆن، یه‌کتری ده‌کوژن و به‌ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه تاوانه‌کانیان ده‌که‌ن و به‌ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه شێت ده‌بن، بۆسه بۆ یه‌کتر داده‌نێن و خۆشیان ده‌که‌ونه ئه‌و بۆسانه‌وه. به‌رگری له ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌که‌ن، یان له ده‌سه‌ڵات یاخی ده‌بن، ده‌یانه‌وێت جیهان باشتر بکه‌ن، یان ته‌نها خۆیان ڕزگار بکه‌ن، بۆ هه‌موو ئه‌مانه شتێک، هۆکارێک و بنه‌مایه‌ک هه‌یه، ته‌نانه‌ت جۆره مه‌زنییه‌ک له تاوانه‌کانیشیان دایه و تاوانه‌کانیان جۆره شێتێتییه‌ک له ناوه‌وه‌ی خۆیدا حه‌شار ده‌دات.
له کۆتاییشدا لاوێکی به‌هێز (فۆرتینبراس) له ده‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه دێت و به فه‌رمانێکی ئه‌فسوناوی، به خه‌نده‌یه‌کی له‌خۆبایی و به بڕیارێکی سه‌ربازییه‌وه ده‌ڵێت: (لاشه‌کان ببه‌ن. دیمه‌نی وا بۆ گۆڕه‌پانی جه‌نگ شیاوه، به‌ڵام ئێره جێگای نییه. بڕۆ به سه‌ربازه‌کان بڵێ تۆپ بته‌قێنن.)
٢
ولیه‌م شه‌کسپیر له ساڵی١٥٦٤ له‌دایکبووه و له ساڵی ١٦١٦ دا، له ته‌مه‌نی په‌نجا و دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووه. په‌نجا و دوو ساڵ ژیانێکی هێنده درێژ نییه و شه‌کسپیر به گه‌نجی ماڵئاوایی له ژیان کردووه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ژیانێکی هونه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ند و درێژ ژیاوە. شه‌کسپیر له‌و کاته‌وه‌ی، که له شاره‌که‌ی خۆیه‌وه، ستراتفۆرد_ ئۆن _ ئه‌ڤۆن و له ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٥٩٠ دا، که ته‌مه‌نی له‌و ده‌مه‌دا بیستوپێنج ساڵ بووه، دێته له‌نده‌ن تا ئه‌و ڕۆژه‌ی، که گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ زێد و شوێنی له‌دایکبوونی، له دوروبه‌ری ساڵی ١٦١٢ دا، نزیکری چل شانۆنامه‌ی نوسیون، جگه له شیعر و سۆناتاکانی.
شه‌کسپیر له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا ژنی هێناوه، ژنه‌که‌ی (ئانا هاتوه‌ی) هه‌شت ساڵ له‌خۆی گه‌وره‌تر بووه، یه‌که‌م منداڵیان کچیک بووه و ناویان ناوه (سۆزانه) و ئه‌م کچه‌یان هه‌ر دوای شه‌ش مانگ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌که‌یاندا له‌دایکبووه. دوای دوو ساڵ دووانه‌یه‌کیان بووه، کچێک و کوڕێک، کوڕه‌که‌ی، که ناوی هاملێت بووه، له ته‌مه‌نی یازده ساڵیدا مردووه. له ساڵی ١٥٩٢ دا بۆ یه‌که‌م جار ناوی شه‌کسپیر له له‌نده‌ن ده‌رکه‌وتووه، له‌م ساڵه‌دا نوسه‌ر و شانۆنامه‌نوسێک به‌ناوی (ڕۆبێرت گرینێ) باسی شه‌کسپیری ئه‌کته‌ری کردووه و له ساڵی١٥٩٤یشدا ناوی شه‌کسپیر له‌گه‌ڵ گروپی لۆرده‌کانی له‌نده‌ندا هاتووه. The Lord Chamberlains trupp.
شه‌کسپیر له ساڵی ١٥٩٣ و ١٥٩٤ دا بۆ یه‌که‌مجار دوو شیعری درێژ و هه‌ر له‌م ساڵانه‌دا به‌شێکی زۆری له سۆناتاکانی بڵاوکردۆته‌وه، یه‌که‌م شانۆنامه‌کانیشی له ساڵی١٥٩٤ دا چاپکراوه. شانۆنامه‌ی (دوو پیاوی گه‌نج له فێرۆنه) یه‌که‌م شانۆنامه‌ی شه‌کسپیره، لێکۆڵه‌ره‌وه‌کان دڵنیانین که‌ی نوسراوه، به‌ڵام وای بۆ ده‌چن، که له ده‌ووروبه‌ری ساڵی١٥٩٠دا نووسرابێت، بابه‌تی شانۆنامه‌که‌یش کۆمیدیایه‌کی ڕۆمانتیکییه و ڕووداوه‌کانی له ئیتاڵیا ڕووئه‌ده‌ن.
سه‌رچاوه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، که نزیکه‌ی نیوه‌ی شانۆنامه‌کانی له سه‌رده‌می خۆیدا و به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆی چاپکراون، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار تێکڕای شانۆنامه‌کانی، حه‌وت ساڵ دوای مردنی شه‌کسپیر له‌ژێر ناوی کۆمیدیا، میژوویی و تراژیدیا‌کانی ولیه‌م شه‌کسپیرMr. William Shakespeares Comedies, Historie and Tragedies بڵاوکراونه‌ته‌وه. ئه‌کته‌ر و شانۆنامه‌نوس (نیکۆلایس رۆف) ١٦٧٤-١٧١٨ له ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌می شه‌کسپیردا ژیاوه، یه‌که‌م که‌سه، که کتێبێکی چل لاپه‌ڕه‌یی بچووکی له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی شه‌کسپیر نووسیووه، ئه‌م دۆکیومێنته ده‌بێته بنه‌مایه‌کی گرنگی بیۆگرافیا و ده‌روازه‌کانی شیکردنه‌وه و نووسینی هه‌زاران کتێب له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی ولیه‌م شه‌کسپیر.
زۆربه‌ی سۆناتاکانی شه‌کسپیر باسی دڵداری و نزیکبوونه‌وه له جیهانی ئافره‌ته‌وه ده‌کات. پسپۆڕه‌کانی شه‌کسپیر دووپاتی ئه‌وه‌یان کردۆته‌وه، که سۆناتاکانی بنه‌مایه‌کی بیۆگرافییان هه‌یه، ئه‌و پسپۆڕانه شیعر و سۆناتاکانی شه‌کسپیر وا ڕاڤه‌ده‌که‌ن، که گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی چیرۆکه خۆشه‌ویستییه تایبه‌تمه‌نده‌کانی ژیانی شه‌کسپیر خۆیه‌تی.
٣
شانۆنامه‌ی هاملێت، وه‌ک شانۆنامه‌ی ماکبێس هه‌ر له سه‌ره‌تای دیمه‌نی یه‌که‌مه‌وه ئه‌تمۆسفێرێکی شه‌ڕانگێزه و سه‌ره‌تای تراژیدیایه‌کی خوێناوی له ده‌روازه‌کانی دیمه‌ن و له‌نێو دێڕ و وشه‌ی سه‌رزاری کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه ده‌رده‌خات. ئه‌م دوو شانۆنامه‌یه (هاملێت و ماکبێس) هه‌ردووکیان به هێزێکی ئه‌زه‌لی و نادیاره‌وه زایه‌ڵه‌ی چاره‌نووسه‌کان، سه‌ره‌تای تراژیدیاکان و ڕه‌وتی شانۆنامه‌کان ده‌ستنیشان ده‌کرێت: تارماییه‌که له هاملێتدا و جادووبازه‌کان له ماکبێسدا. تارماییه‌که‌ی هاملێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ووردی له‌گه‌ڵ تۆڕی ڕووداوه‌کاندا چنراوه و هاوشانی پێودانگه درامییه‌که، ڕووداوه‌کانی شانۆنامه‌که به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌بات.
هۆراشیۆ
له‌م کاتانه‌دا نازانم به دروستی بیر له‌وه بکه‌مه‌وه که چی بکه‌م،
به‌ڵام به بیروبۆچوونی من
ئه‌مه نوقڵانه‌ی ڕوودانی ئاژاوه‌یه‌که له وڵاته‌که‌ماندا.
بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی یه‌که‌م، دیمه‌نی یه‌که‌م.
هه‌ر له دیمه‌نه‌کانی په‌رده‌ی یه‌که‌مه‌وه گرێکانی شانۆنامه‌که ده‌کرێنه‌وه، هه‌موو شتێک ده‌رباره‌ی هاملێت، باوکی (پادشا- تارمایی)، دایکی (شاژن)، مامی (پادشای ئێستا) و گیروگرفته‌کانیان ده‌خرێنه ڕوو، هێڵی تراژیدیاکه ئاشکرا ده‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چ بینه‌ران و چ خوێنه‌ران له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی ده‌به‌ستێته‌وه به ڕووداوه‌کانه‌وه.
هاملێت
ڕۆحی باوکم به چه‌که‌وه! ئه‌مه هه‌رگیز شتێکی باش نییه.
گومان له شتێکی خراپ ده‌که‌م، خۆزگه شه‌و دابهاتایه!
ئه‌ی ڕۆحی من، تا ئه‌وسا ئارام بگره! کاری خراپ هه‌ر سه‌رده‌رده‌هێنێت!
ئه‌گه‌ر خۆڵی هه‌موو دونیاشی به‌سه‌ردا بکه‌یت له‌به‌رچاوی مرۆڤ خۆی ده‌نوێنێت.
– بڕوانه: هاملێت، په‌رده‌ی یه‌که‌م، دیمه‌نی دووه‌م
٤
هاملێت شانۆنامه‌یه‌کی چڕه، له هه‌مانکاتدا مه‌وداکانی فراوانه و سنووری ڕووداوه‌کانی چه‌ندان ئاستی جیاواز له‌خۆده‌گرێت؛ له هاملێت دا چه‌ندان گرێ و گرفت هه‌ن: ڕامیاری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕه‌فتاری زه‌بروزه‌نگ و مۆراڵ، پرسه‌کانی بوون و نه‌بوون، ئاست و بواره‌کانی کێشه و گرێ ده‌روونییه‌کان. هاملێت سه‌باره‌ت به به‌رئه‌نجامه‌کانی کۆتایی و ماناکانی ژیان تراژیدیایه‌کی خۆشه‌ویستییه، هاملێت، ئۆفیلیا و شاژن، تراژیدیایه‌کی خێزانی و له هه‌مان کاتدا تراژیدیای وڵاتێکه، قه‌یرانی فه‌یله‌سوفێک و تراژیدیایه‌کی میتافیزیکییه_هاملێت له هه‌مان کاتدا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژی قووڵ و هه‌ژێنراوه.
له مۆنۆلۆژه‌کانی هاملێت دا دیالۆگێکی ناوه‌کی له‌نێوان لۆژیک و سیاسه‌تدا هه‌یه و له هه‌مان کاتدا دنیابینی هاملێته، خه‌ون و ئه‌ندێشه و بینینی جیهانه میتافیزیکیه‌کانه.
هاملێت
باوکم، وا بزانم، باوکم ده‌بینم.
هۆراشیۆ
کوا، له‌کوێ، ئه‌ی سه‌روه‌ری چاکم؟
هاملێت
به‌چاوی بیرم، ئه‌ی هۆراشیۆ.
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی یه‌که‌م، دیمه‌نی دووه‌م
مۆنۆ‌لۆگه گرنگه‌که‌ی هاملێتیش (ببیت یان نه‌بیت، ئا ئه‌مه مه‌سه‌له‌که‌یه) گفتوگۆیه‌کی قووڵی فیکرییه، که هاملێت له‌گه‌ڵ خودی خۆیدا ده‌یکات و به‌پێی زوربه‌ی بۆچوونه‌کانیش: ببیت مانای ئه‌وه بۆ هاملێت ده‌گه‌یه‌نێت، که تۆڵه‌ی باوکی بکاته‌وه و پادشا بکوژێت، یان نه‌بیت، مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت کۆڵ بدات و واز له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بهێنێت. باوکی کاره‌کته‌ره گه‌نجه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه: هاملێت، لێیرتس و ئۆفیلیا، ته‌نانه‌ت فۆرتینبراس، شازاده‌ی نه‌رویج، هه‌موویان کوژراون یان ده‌کوژرێن.
هاملێت بۆ یه‌که‌مجار له بوون و ده‌رکه‌وتنی تارماییه‌که‌وه هه‌ست به بوونی خۆی، کێشه‌کان و ده‌وروبه‌ره‌کەی ده‌کات. تارماییه‌که وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێز هاملێت ده‌وروژێنێ و ڕوبه‌ڕووی ڕاستییه‌کانی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا به ته‌نها له‌و دووڕێیان و جه‌نگه‌ڵستانه‌دا، به‌بێ یارمه‌تی به‌جێ ده‌مێنێت. پێوه‌ندییه‌کانیش له میکانیزمێکی دڕنده و توندوتیژدا به‌رجه‌سته ده‌بن، ئه‌م توندوتیژییه‌ش زۆرجار له بڕیار و چاره‌سه‌رکردنی خێرا و ده‌ستوبرددا ده‌رده‌که‌وێت و ته‌نگه‌ژه‌ی قه‌یران و گرفته‌کان زیاتر ده‌کات. شه‌کسپیر له هاملێتدا دید و بۆچوونه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به تاوان و سزا ده‌ربڕیوه و هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان به سزای خۆیان ده‌گه‌ن: شاژن ده‌مرێت. پادشا ده‌مرێت. پۆلۆنیه‌س له پشت په‌رده‌ی ژووری شاژنه‌وه به ده‌ستی هاملێت ده‌کوژرێت، ئۆفیلیا شێت ده‌بێت و خۆی ده‌دا به‌ده‌م ده‌ریایه‌که‌وه و ده‌خنکێت، لێیرتیسی برای له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هاملێتدا ده‌کوژرێت و هاملێت خۆیشی ده‌مرێت. پۆلۆنیه‌س ده‌یه‌وێت ته‌ڵه بۆ هاملێت بنێته‌وه، له پشت په‌رده‌که‌ی دایکییه‌وه خۆی حه‌شار ده‌دات و ده‌یه‌وێت له پێوه‌ندییه‌کی توندوتیژدا، پله‌وپایه‌ی خۆی زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت، به‌ڵام له‌م گه‌مه‌یه‌دا خۆی ده‌کوژرێت و بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی ژه‌هر و تاوان بۆ پادشا و بۆ ده‌روازه‌ی به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی تری هاملێت/ لێیرتیس ده‌کاته‌وه.
شا
هاملێت، هه‌رئێستا پێم بڵێ پۆلۆنیه‌س له‌کوێیه؟
هاملێت
خه‌ریکی نانخواردنی شێوانه.
شا
نانی شێوان! له کوێ؟
هاملێت
له جێگایه‌کدایه که ئه‌و نان ناخوات به‌ڵکو به‌خۆی ده‌خورێت.
ئێستا کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ندێک کرمی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌وه.
کرمی تۆ ئیمپراتۆری تۆیه له خواردندا. ئێمه هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی تر قه‌ڵه‌و ده‌که‌ین تا خۆمان پێیان قه‌ڵه‌و بکه‌ین و خۆشمان بۆ کرمه‌کان قه‌ڵه‌و ده‌که‌ین. شایه قه‌ڵه‌وه‌که‌ی تۆ و سواڵکه‌ره لاوازه‌که ته‌نیا جۆره خواردنی جیاجیان_ دوو خۆراکن
بۆ سه‌ر هه‌مان مێز، ئه‌مه‌ش کۆتاییه‌که‌یه.
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی چواره‌م، دیمه‌نی سێیه‌م
ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی هاملێت گه‌مه‌ی زمانه، له هه‌مان کاتدا گه‌مه‌یه‌کی سیاسی و دوو دیوو و دوو بنه‌ما و دوو مانای هه‌یه، یه‌کێکیان گاڵته‌ئامێز، ڕیسواکردن و سوکایه‌تی پێکردن، ئه‌وی تریان مامه‌ڵه‌یه‌کی توندوتیژه و دووره له ڕێساکانی مۆراڵ و ته‌نانه‌ت به‌ها ئایینییه‌کانیشه‌وه.
تراجیدیای هاملێت تراجیدیای ژه‌هره، باوکی هاملێت به ژه‌هر، که ده‌کرێته گوێچکه‌یه‌وه ده‌مرێت، یه‌کێک له دیمه‌نه ژه‌هراوییه‌کانی تر ئه‌وه‌یه، که کلۆدیۆسی پادشا چۆن تۆڕی پیلانه‌کانی بۆ لێیرتیس داده‌نێت به‌ژه‌هراویکردنی نووکی شمشێره‌که‌ی، هه‌ره‌وه‌ها ژه‌هرکردنه پێکی شه‌رابه‌که‌ی هاملێت-ه‌وه، که له‌بری ئه‌و شاژن ده‌یخواته‌وه و ده‌مرێت.
یه‌کێک له گرفته‌کانی هاملێت ئه‌وه‌یه، که ئاگاداری تاوانه‌کانه، به‌ڵام به‌رده‌وام پلانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌کانی دواده‌خات. هاملێت زۆر ده‌زانێت و زۆر تێده‌گات و به ئاسانی هه‌موو شته‌کان ده‌بینێت و پیلانه‌کانی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌مه‌یش وای لێ ده‌کات توانای کاردانه‌وه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی نه‌مێنێت.
هاملێت ته‌نها به وته‌کانی تارماییه‌که قایل نابێت، هه‌رچه‌نده کاریگه‌رییه‌کی زۆری تێده‌کات، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یشه شانۆنامه‌که ڕێکده‌خات و کاردانه‌وه به‌هێزه‌که‌ی پادشا بۆ ئه‌و ده‌بێته به‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا توانای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی نییه.
هاملێت، تاوه‌كو ئه‌و کاته‌ی دایکی هاوار ده‌کات، که ده‌رمانخوارد کراوه به‌و شه‌رابه‌ی بۆ هاملێت ئاماده‌کرابوو، شمشێره ژه‌هراوییه‌که‌ی له ورگی پادشای مامی توند نا‌کات. که، دایکی له‌به‌رده‌میدا ده‌مرێت و خۆی برینداره، ئه‌وکاته ده‌ست له پادشا ده‌کاته‌وه و پاشا ده‌کوژێت. هاملێت تۆڵه‌ی دایکی ده‌کاته‌وه.
به‌درێژایی مێژوو خوێندنه‌وه‌ی جیاواز بۆ هاملێت کراوه و هه‌موو سه‌رده‌م و سه‌ده‌یه‌کیش هاملێت فۆرم و شێوازی خۆی وه‌رگرتووه، له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دوایدا جگه له شرۆڤه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، چه‌ندان خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونی و سێکسیشی بۆ کراوه، بۆ نموونه کوشتنی باوکی و بیرکردنه‌وه له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه که‌متر بیر و هۆشی هاملێتی داگیرکردووه، به‌ڵکو مه‌سه‌له سه‌ره‌کییه‌که زیاتر پێوه‌ندی به په‌له شووکردنه‌وه‌ی دایکی و ئاره‌زووه سێکسییه‌کانییه‌وه‌یه هەیە. ده‌روونناسه‌کان ڕاڕایی و بێ توانایی هاملێت له بڕیار و دواخستنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی باوکی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌و هۆکاره.
٥
هاملێت وه‌ک پاڵه‌وانێکی پۆست مۆدێرنیزم، هێدی هێدی وێنه‌کانی کۆمه‌ڵگا، سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و دیدی ڕۆژگارمان بۆ ده‌نه‌خشێنێت. ئه‌م پاڵه‌وانه بۆته ناوه‌ندێکی گرنگ بۆ کۆمه‌ڵێک ڕوداو، له‌م ڕووداوانه‌دا که‌سایه‌تی هاملێت له دیدی کاره‌کته‌ر و زوربه‌ی که‌سانی تری ده‌وروبه‌ره‌که‌یه‌وه به شێت ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت، چه‌مکه‌کانی (شێتی) ده‌بێته تاکه پێناسه‌یه‌ک بۆ به په‌راوێزکردن و دوورخستنه‌وه‌ی هاملێت له چه‌قی ڕووداوه‌کانه‌وه. گه‌مه‌ی شێتیش ده‌بێته میتۆدێکی هوشیار و چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی به‌ده‌ست هاملێته‌وه. هاوکێشه و پرۆسه‌ی هۆش و له‌ده‌ستدانی هۆش له‌یه‌ک کاتدا، وه‌ک گه‌مه‌یه‌کی هۆشیار، ده‌بێته پێکداچوونێکی چڕ و به‌رده‌وامی ژیانی ڕۆژانه‌ی هاملێت.
هاملێت خۆی وه‌ک شێت پیشان ده‌دات و خۆی له پشت ده‌مامکه‌کانی شێتێتییه‌وه ده‌شارێته‌وه، تا کوده‌تایه‌ک یان ڕاستتر تۆڵه‌ی باوکی بکاته‌وه و به‌ئاسانی پیلانه‌کانی دابنێت.
٦
سیخوڕیی، شوینپێهه‌ڵگرتن، چاودێڕی و به نهێنی گوێگرتن به‌شێکه له گه‌مه سیاسی و پیلان و سیسته‌می ڕژێم و ستراکتوره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی دانیمارکی هاملێت. له‌نێو ڕووداوه‌کاندا و له‌سه‌ر شانۆ به به‌رده‌وامی باسی شوێنکه‌وتن و سیخوریی ده‌کرێت، هه‌موویان به‌بێ جیاوازی سیخوڕیی به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه ده‌که‌ن، سیخوڕییش میکانیزمێکی به‌رده‌وامی سیستمی ڕژێمه‌که‌یه. پۆلۆنییه‌س ته‌نانه‌ت سیخوڕه‌کانی ده‌نێرێت بۆ فه‌ڕه‌نسا بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وتی لێیرتیسی کوڕی بێت.
پۆلۆنییه‌س
سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی دانیمارکییه‌کانی پاریس پرسیار بکه،
بزانه ئه‌وان کێن، چۆنن و چی ده‌که‌ن و له کوێ ده‌ژین،
هاوڕێی کێن، خه‌رجییان چه‌نده، جا دوای ئه‌وه‌ی
به‌و جۆره پرسیاره په‌نا و پێچاویانه‌وه ئه‌وه‌ت زانی
ئه‌وان کوڕه‌که‌م ئه‌ناسن، تۆ ئه‌وسا به‌م ڕێگایه
له بابه‌ته‌که نزیکتر ده‌بێته‌وه له‌وه‌ی به‌تایبه‌تی داوای زانیاری بکه‌یت.
ئینجا وا ده‌ربخه که تۆ له دووره‌وه ئه‌و ده‌ناسیت،
وه‌کو ئه‌وه‌ی ” من باوک و براده‌ره‌کانی ده‌ناسم و
تۆزێک ناسیاویشم له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌یه.” له‌مه گه‌یشتی، ئه‌ی ڕیناڵدۆ؟
-بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی دووه‌م، دیمه‌نی یه‌که‌م
پۆلۆنییه‌س ئۆفیلیای کچیشی ڕاپێچی گه‌مه‌کان ده‌کات و ده‌یکات به به‌شێک له ئامێره‌کانی سیخوڕیی و بۆ مه‌به‌سته‌کانی خۆی به‌کاریانده‌هێنێت. پۆلۆنییه‌س به نهێنیی گوێ له گفتوگۆکانی ئۆفیلیا ده‌گرێت، نامه تایبه‌تمه‌نده‌کانی ده‌خوێنێته‌وه و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کات. ئۆفیلیایش له‌م گه‌مه‌یه‌دا به‌ئاسانی ڕاده‌ستی فه‌رمایشته‌کانی باوکی، لێیرتیسی برای و پادشا ده‌بێت.
پۆڵۆنیه‌س
ئێوه ده‌زانن، جاری وایه ئه‌و چوار كاژێر به‌سه‌ر یه‌که‌وه پیاسه ده‌کات، لێره له‌و ڕاڕه‌وه‌دا.
شا
هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و وا ده‌کات.
پۆلۆنیه‌س
له‌کاتێکی وادا من کچه‌که‌می بۆ به‌رده‌ده‌م،
ئه‌وسا ئێوه و منیش خۆمان له‌پشت په‌رده ده‌شارینه‌وه،
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی دووه‌م، دیمه‌نی دووه‌م
ئۆفیلیا له‌یه‌ک کاتدا به‌شێکه له پیلانه‌کان و له هه‌مان کاتدا قوربانیشه، گوێڕایه‌ڵی باوکییه‌تی و هاملێتیشی خۆش ده‌وێت، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ش ده‌بێته ئامرازێک بۆ پۆلۆنیه‌س و دژی کچه‌که‌ی و هاملێتیش به‌کاری ده‌هێنێت. مه‌سه‌له و پیلان و گه‌مه ڕامیارییه‌کان ته‌نانه‌ت ده‌چێته نێو هه‌ستوسۆزه بچووکه‌کانیشمانه‌وه، هیج که‌سێک له تۆڕه‌کانی ئه‌م گه‌مانه ده‌ربازی نابێت.
ئۆفیلیا ڕه‌زامه‌ندی خۆی ده‌رده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی باوکی و پادشا له پشت په‌رده‌کانه‌وه سیخوڕی به‌سه‌ردا بکه‌ن. له‌وانه‌یه ئۆفیلیا به‌م ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕینه بیه‌وێت هاملێت ڕزگار بکات، یارمه‌تی بدات و گومانه‌کانی بڕه‌وێنێته‌وه، ئۆفیلیا ساویلکه‌یه و له یاسای گه‌مه‌کان ناگات و ناتوانێ مه‌رامه‌کانی باوکی و پادشا بخوێنێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وەیشە، که خۆی ده‌که‌وێته ته‌ڵه‌که‌وه، ئه‌و ته‌ڵه‌یه‌ی پۆڵۆنیه‌سی باوکی بۆ هاملێتی داناوه. دواجار به‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و پیلانه ئۆفیلیا ڕاوده‌نێته، یان ڕاستتر ده‌خزێنێته ڕه‌وشێکه‌وه، که زۆر زه‌حمه‌ته لێی بێته ده‌ره‌وه.
٧
شه‌کسپیر به‌ر له هه‌موو شتێک ئه‌کته‌ر بووه و شانۆنامه‌کانیشی بۆ شانۆ نوسیووه، له شانۆدا ژیاوه و ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ شانۆ مامه‌ڵه‌ی کردووه، له نهێنییه‌کانی گه‌یشتووه، شاره‌زاییه‌کی ووردی ته‌کنیکی بونیادنان و ستراکتوری شانۆنامه‌نووسین بووه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه زانیویه‌تی چی ده‌نووسێت، چی ده‌گێڕێته‌وه و به چ شێوه‌یه‌کیش ده‌یگێڕێته‌وه. شه‌کسپیر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌بووه، که چۆن کاره‌کته‌ره‌کانی فۆرمی خۆیان وه‌ربگرن و له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کاندا بگونجێن و گه‌وره‌بن.
بنه‌مای مه‌زنی و زیندوویه‌تی شه‌کسپیر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که شانۆنامه‌کانی له‌سه‌ر شانۆ ده‌گونجێن و وه‌ک لاستیک وان، به چ شێوه‌یه‌ک بته‌وێت ده‌توانیت ڕایانبکێشێت. هه‌ر له زووه‌وه شانۆکاران توانیویانه چاره‌سه‌ری کرده‌یی و پراکتیکی بۆ شانۆنامه‌کانی بدۆزنه‌وه و به سه‌ربه‌ستی کاریان تێدا کردووه. هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه، له سه‌رده‌می شه‌کسپیر خۆیه‌وه، شانۆنامه‌کانی زه‌مینه‌یه‌کی له‌باربوون بۆ پێشکه‌شکردن، ئاماده‌کردن و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ستایلی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر و شڕۆڤه‌کردنی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی.
شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر و زمانه‌که‌ی هه‌لومه‌رجێکی له‌باری بۆ وه‌رگێڕانیش خوڵقاندووه و نه‌وه له‌دوای نه‌وه وه‌رگێڕی جیاواز و به زمانی جیاواز شه‌کسپیریان وه‌رگێڕاوه، زمانه‌که‌یان تازه کردۆته‌وه و جیهانێکی گلوبالی گه‌وره‌ی شه‌کسپیریان خوڵقاندووه.
٨
شانۆ له سه‌رده‌می شه‌کسپیردا زۆر به‌ربڵاوبووه، بۆ نموونه شانۆی Globe_teatren له هه‌زار که‌س زیاتری گرتووه، له‌م شانۆیه‌دا بینه‌ران له هه‌وای پاکدا و له‌به‌رده‌م ته‌خته‌ی شانۆکه‌دا به‌پێوه وه‌ستاون، ئه‌م به‌شه گه‌وره‌یه‌ی بینه‌ران کراوه بووه و ته‌نها له‌ژێر ئاسمانێکی شین‌دا ئه‌و خه‌ڵکه به‌پێوه سه‌یری شانۆنامه‌کانیان کردووه، به‌چوار ده‌ووری شانۆکه‌یشدا، له‌شێوه‌ی نیوه‌بازنه‌یه‌کی کراوه‌دا و له دوو نهۆمدا بینه‌ران دانیشتوون.
ئه‌زموونی شانۆیی و شاره‌زایی شه‌کسپیر له هاملێتدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه و کاره‌کته‌ری هاملێت وه‌ک که‌سێکی شانۆپه‌روه‌ر، شانۆخواز ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌و گروپه شانۆییه‌ش، که دێنه کۆشک، ده‌ناسێت و له‌وه‌وبه‌ر کاره شانۆییه‌کانی بینیون و لاسایی ڕۆڵی یه‌کێک له ئه‌کته‌ر و مه‌نه‌لۆژی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌کاته‌وه.
هاملێت
جاریکیان گوێم لێت بوو وتارێکت ده‌گووت، به‌ڵام هه‌رگیز نمایش نه‌کرا، یان ئه‌گه‌ر نمایشیش کرابێت، له جارێک تێنه‌په‌ڕی، چونکه من له‌بیرمه شانۆییه‌که به دڵی ملیۆنان که‌س نه‌بوو، وه‌ک (کاڤیار) بوو لای خه‌ڵکی گشتی. به‌ڵام ئه‌و شانۆییه، به ڕای من و خه‌ڵکی دی، ئه‌وانه‌ی که بڕیاره‌کانیان له‌و بابه‌تانه‌دا له سه‌رووی منه‌وه ده‌هات_ شانۆییه‌کی نایاب بوو، دیمه‌نه‌کانی باش گونجێنرابوون، هێنده به ساده‌یی به قه‌د کارامه‌ییه‌که‌ی جوان بوو. وه‌ک له‌بیرمه، یه‌کێک گوتبووی دێڕه‌کانی هێنده تام و بۆی تێدا نه‌بوو تاوه‌کو بابه‌ته‌که تام و بۆدار بکات، شێوازی ده‌ربڕینه‌که‌شی وا نه‌بوو تا دانه‌ره‌که‌ی به ڕواڵه‌تبازی تۆمه‌تبار بکرێت، به‌ڵام من به ڕێبازێکی ڕاستگۆیانه‌ی نواندنم دانا، به‌قه‌د ڕاست و دروستییه‌که‌ی خۆش بوو، جوانتر بوو له‌وه‌ی بڕازێنرێته‌وه.
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی دووه‌م، دیمه‌نی دووه‌م
هاملێت ده‌ستوبرد داوا له پۆلۆنیه‌س ده‌کات، که ڕێگا و جێگای شیاویان بۆ دابین بکرێت، پۆلۆنیه‌س دووپاتی ئه‌وه ده‌کاته‌وه، که (به گوێره‌ی شایسته‌ی خۆیان له‌گه‌ڵیان ده‌جووڵێمه‌وه) هاملێت به ناڕه‌زاییه‌وه داوا ده‌کات، که (ده‌بێ له‌وه باشتر بێت)
هاملێت
…… ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێک به گوێره‌ی
شایسته‌یی خۆی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵدا بکرێت، کێ هه‌یه له قامچی لێدان ڕزگاری بێت؟
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی دووه‌م، دیمه‌نی دووه‌م
هاملێت ڕێنمایی ئه‌کته‌ره‌کان ده‌کات و وانه‌یه‌کی هونه‌ری نواندنیشیان پێده‌ڵێته‌وه و گروپه‌که‌شیان بۆ نیاز و مه‌رامی خۆی به‌کارده‌هێنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاملێت داوا له‌م شانۆکارانه ده‌کات، که شانۆنامه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ند ئاماده بکه‌ن، هه‌ر خۆیشی بابه‌تی شانۆنامه‌که و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ده‌ستنیشان ده‌کات و یارمه‌تی ئه‌کته‌ره‌کان ده‌دات، که دواتر له کۆشک نمایشیده‌که‌ن.
هاملێت
هینده‌ش ده‌سته‌مۆ مه‌به، با وریایی خۆت ڕابه‌رت بێت.
کاره‌که له‌گه‌ڵ وشه بگونجێنه، وشه‌ش له‌گه‌ڵ کردار، ته‌نیا و به‌تایبه‌تی
ئاگات له‌وه بێت، له میانڕه‌وی تێمه‌په‌ڕێنه، جا هه‌ر شتێکی وا
زێده‌ڕۆیی تێداکراو دووره له مه‌به‌ستی نواندن، که ئامانجه‌که‌ی له سه‌ره‌تا و
ئێستاشدا، جاران و هه‌نووکه ئه‌وه‌یه و ئه‌وه بووه که ببێته ئاوێنه و سروشت
ڕه‌نگبداته‌وه، ڕووخساره‌کانی چاکه ده‌ربخات و وێنه‌کانیشی ڕیسوا بکات و
ڕۆژگار و جه‌سته‌ی سه‌رده‌مه‌که بکاته شێوه و ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که.
– بڕوانه؛ هاملێت، په‌رده‌ی سێیه‌م، دیمه‌نی دووه‌م
٩
هه‌لومه‌رجه‌کانی شانۆ له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی پازده و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی شازده‌ی ئینگلیستاندا زۆر گران بووه، ئه‌و شانۆنامه‌یه‌ی، که له‌یه‌که‌م ڕۆژی نمایشکردنیدا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنابێت، ئیتر هه‌رگیز جارێکی تر ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه نمایش بکرێته‌وه. سانسۆر ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی گێڕاوه و گروپه‌کان هه‌موو شانۆنامه‌که‌یان ئاماده‌کردووه و دواتر سانسۆر هاتووه نمایشه‌که‌ی بینیووه و بڕیاریانداوه چ دیمه‌نێک یان مه‌نه‌لۆژ و دێڕه‌کانی ئه‌و نمایشه سانسۆر بکرێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م ڕێسا و سانسۆرانه‌یشدا، شانۆ له‌کاتی ده‌سه‌ڵاتی شاژن (ئه‌لیزابێس)دا ڕۆڵ و پێگه‌ی به‌هێز ده‌بێت و گرنگییه‌کی له‌به‌رچاوی پێ ده‌درێت، گروپه شانۆییه‌کان چوونه‌ته کۆشک و شانۆنامه‌کانیان به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌لیزابێسی شاژن نمایش کردووه. هه‌ر شاژن ئه‌لیزابێسی یه‌که‌م ئاستی شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیری به‌رز نرخاندووه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو شه‌کسپیر له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئه‌و شاژنه ڕاسته‌وخۆ هه‌ندێک له شانۆنامه‌کانی نوسیوون و به‌پێی هه‌ندێک له‌و سه‌رچاوانه‌ی، که له‌به‌ر ده‌ستتدان، شه‌کسپیر له‌ماوه‌ی ته‌نها چل ڕۆژدا شانۆنامه‌ی( De muntra fruarna i Windsor – ژنه دڵخۆشه‌كانی ویندسۆر ) بۆ کۆشکی شاهانه نووسیوه.
١٠
شانۆنامه‌ی هاملێت بۆ یه‌که‌م جار له مانگی پێنجی ساڵی ١٦٠٣ و له قه‌واره‌یه‌کی بچوکدا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه، دوو دانه له‌و چاپه دانسقه‌یه تا ئێستا ماوه و یه‌کێکیان له کالیفۆرنیا و ئه‌ویتریان له مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانیا پارێزراوه. ناونیشانی ئه‌و کتێبه قه‌واره بچووکه به‌م شێوه‌یه بووه:
The Tragicall Historie of Hamlet
Prince of Denmarke
By William Shaespeare
دوای ئه‌وه له ساڵی ١٦٠٤ دا چاپکراوه‌ته‌وه، ئه‌م چاپی دووه‌مه هێنده بایه‌خی زۆر بووه سه‌رله‌نوێ له ساڵی١٦٠٥ و دواتریش له ساڵی١٦١١ دا چاپکراوه‌ته‌وه و له ساڵی ١٦٢٣ یشدا به شێوه‌یه‌کی ته‌واوی له‌گه‌ڵ کۆی به‌رهه‌مه‌کانیدا چاپکراوه‌ته‌وه.
١١
شه‌کسپیر بۆ نوسینی زوربه‌ی شانۆنامه‌کانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌ر کتێبی مێژوو، به‌سه‌رهاتی کۆن و سه‌رچاوه‌ی جۆراوجۆر، به‌ڵام شه‌کسپیر هه‌میشه ئاماده‌کاری له‌و سه‌رچاوانه‌دا کردووه و توانیویه‌تی به‌شێوازێکی تایبه‌تمه‌ندی خۆی شانۆنامه‌کانی له‌سه‌ر دابڕێژێته‌وه. نه‌ژاد و سه‌رچاوه‌کانی هاملێت-یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی چه‌ندان ڕووداوی مێژوویی به‌بێئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ هۆکار و ده‌رئه‌نجامه‌کانی کرابێت. پسپۆڕان و لێکۆڵه‌ره‌وانی بواری شانۆی ئینگلیزی و شانۆی شه‌کسپیر چه‌ندان سه‌رچاوه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه، که پێده‌چێت شه‌کسپیر سوودی لێوه‌رگرتبن. یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه به زمانی لاتین له‌لایه‌ن (ساکسۆ گراماتیۆس) ناوێکه‌وه و له ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٢٠٠ه‌کاندا نووسراوه و ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ی ساکسۆ گراماتیۆس بۆ یه‌که‌م جار و به شێوه‌یه‌کی ته‌واوی له ساڵی١٥١٤ دا له پاریس چاپکراوه، هاملێت له‌م سه‌رچاوه‌یه‌دا ناوی (ئاملێت) بووه.
هه‌روه‌ها چیرۆک و میژووی هاملێت و له ناوه‌ڕستی١٥٠٠ه‌کاندا له‌نێو کۆی به‌رهه‌مه‌کانی نووسه‌ری فه‌ره‌نسیFrancois de Belleforests به‌ناوی میژووی تراژیدیHistoires tragiques دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، ئه‌م به‌رهه‌مه له ساڵی١٦٠٨ دا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی. هیچ به‌ڵگه و دۆکیومێنتێک له‌به‌رده‌ستتدا نین به دیقه‌ت ئەوە دووپات بکه‌نه‌وه، که شه‌کسپیر سوودی له چ سه‌رچاوه‌یه‌ک وه‌رگرتووه، به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵگه‌نامه‌کان ئاماژه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی تر ده‌که‌ن، که له‌وانه‌یه شه‌کسپیر هاملێته‌که‌ی خۆی لێوه وه‌رگرتبێت.
هه‌ندێک یاداشت و به‌ڵگه‌نامه‌ی شانۆیی، که ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵی١٥٩٠ ی له‌نده‌ن، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، که له ساڵی١٥٨٩ دا شانۆنامه‌یه‌ک به ناوی هاملێته‌وه هه‌بووه و له ساڵی ١٥٩٤ یشدا نه‌مایشکراوه؛ هیچ که‌سێک نازانێت نوسه‌ری ئه‌و هاملێته کێ بووه و خودی شانۆنامه‌کەیش فه‌وتاوه. هه‌موو ئه‌و به‌سه‌رهات و شانۆنامانه‌ی، که به‌ناوی هاملێته‌وه هه‌بوون و پێشتر ئاماژه‌مان بۆ کردوون، له ڕووی ناوه‌ڕۆک و کاره‌کته‌ر و بنه‌ماکانی ڕووداوه‌وه له‌یه‌کدی چوون و هه‌مووشیان زۆر نزیکن له هاملێته‌که‌ی شه‌کسپیره‌وه. ئەوه‌ی هاملێت-ی شه‌کسپیریش جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که کاراکته‌ری تارماییه‌که (پادشای باوکی هاملێت) و شانۆکا‌ره‌کا‌نیش، که دێنه کۆشکی پادشا و شانۆنامه‌کانیان له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی هاملێت پێشکه‌ش ده‌که‌ن، له هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌ی تری، که باسمان لێوه‌کردن نییه و شه‌کسپیر ئه‌و مه‌ودا قووڵانه‌ی به‌خشیووه به هاملێت-ه‌که‌ی خۆی، هه‌روه‌ها زمانه شیعرییه ساکار و به‌رزه‌که‌ی شه‌کسپیریش زۆر جیاوازتره له‌و زمانه‌ی هاملێته‌کانی تریان پێ نووسراوه. زمانه‌که‌ی شه‌کسپیر چه‌ندان ئاستی گوزارشتئامێز له‌خۆده‌گرێت: زمانێکی شیعریی وێنه‌ئامێز، مه‌جاز و مه‌ودای قووڵ و جیاواز ده‌به‌خشێته شانۆنامه‌که و سه‌رله‌نوێ ژیان ده‌کاته‌وه به خودی زمانه‌که‌د‌ا و گه‌مه به وشه و ده‌سته‌واژه و مانا وێنه‌ییه‌کان ده‌کات.
ته‌واو
تێبینی: ئەو دیمەنانەی لە دەقی شانۆنامەی هاملێت-ەوە وەرگیراوە، لە وەرگێڕانی د. ئازاد حەمە شەریف. شانۆیی هاملێت، زنجیرەی شانۆی بیانی، ژمارە ١٩. دەزگای ئاراس ٢٠٠٨
سەرچاوەکان
1-Peter Brook, Den tomma spelplatsen, översättning: Anita Dahl och Leif Zern. Pan/Norstedts, Stockholm, 1969
2-Jan Kott, Shakespeare vår samtida, översättning: Jan Kunicki och Carin Leche. Natur och kultur, Stockholm, 1972
3-Rune Blom, Teater i London, Liberförlag, Malmö, 1982
4-Theresa Benér, Man måste våga bryta upp grunden man står på, SvD, 3 april, 2001
بۆ به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی نوسه‌ر (دانا ڕه‌ئوف)
http://cultureproject.org.uk/kurdish/author/dana/