ڕۆمانی پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه دوای ڕۆمانی (خۆکوژیی) دووەم ڕۆمانی مه‌حمود نه‌جمه‌دینه كه زیاتر وه‌كو چیرۆكنووس ناسیومانه و خاوه‌نی هه‌ردوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی (هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت و پاسه‌كه‌ی گورون)ه. ئه‌م ڕۆمانه له چاپخانه‌ی كارۆ له سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان چاپكراوه و له دووتوێی (210) لاپه‌ڕه‌ی قه‌واره مامناوهندیدایه و ئه‌مساڵ (2018) چاپكراوه و چاپی یه‌كه‌مێتی. به‌و پێیه‌ی سێ جار ئه‌م ڕۆمانه‌م خوێندۆته‌وه و له یه‌كه‌م ڕهشنووسییهوه ئاگام لێیه‌تی، حه‌زده‌كه‌م له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه هه‌ندێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م.
یه‌كه‌م: چۆنێتی نووسینی ئه‌م ڕۆمانه:
ئه‌م ڕۆمانه دووەم ئه‌زموونی مه‌حمود نه‌جمه‌دینه و نووسه‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشان نه‌خشه‌یه‌كی بۆ ئاماده‌كردبێ ده‌ستی كردووه به نووسینی و هه‌تا كۆتایی ڕۆیشتووه، واته به شێوه‌یه‌كی سروشتی و به شێوازی نووسینی خۆی به‌بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ لاسایی كه‌سێكی تر بكاته‌وه ده‌ستی كردووه به نووسینی ڕۆمانه‌كه‌ی. بۆیه له‌م ڕۆمانه‌دا شێوازی نووسین و زمانی نووسینی نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌بینینه‌وه، به‌بێ هیچ ڕتووش و زۆر له خۆكردنێك.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه؛ ئایا ده‌كرێ نووسه‌ر به‌بێ هیچ نه‌خشه و ئاماده‌كارییه‌ك یه‌كه‌م یان دووەم ڕۆمانی خۆی بنووسێت؟ به‌لای چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی داهێنه‌ری ئێرانی (محه‌مه‌د هاشم ئهكبهریانییهوه) به‌ڵێ نووسه‌ر ده‌توانێ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی یه‌كسه‌ر ده‌ستبداته نووسینی یه‌كه‌م ڕۆمانی یان دواتریشی، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
(به‌ڕای من ده‌بێت نووسه‌ر به شێوه‌یه‌كی سروشتی ناخی خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه. دوو سێ ساڵ ته‌نیا خۆی بنووسێته‌وه. ته‌نانه‌ت یه‌ك دوو رۆمانیش بنووسێت و چاپیش نه‌كرێن. ماركیز سه‌باره‌ت به سه‌د ساڵ ته‌نیایی ده‌ڵێت من نه‌خشه و پلۆتم بۆ ڕۆمانه‌كه دانه‌ناوه. ته‌نیا ده‌ستم به نووسین كردووه. ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره (1046) ).
ئه‌گه‌ر سه‌یری شێوازی ده‌ستپێكردنی ڕۆماننووسی جیهانیی و ژاپۆنی (هاروكی موراكامی) بكه‌ین، كه ئێستا یه‌كێكه له ڕۆماننووسه هه‌ره به‌ناوبانگه‌كانی دنیا، به هه‌مان شێوه ده‌ستیپێكردووه و كاتێ له گۆڕه‌پانی یاری بیسبۆڵ بووه بڕیاری داوه ڕۆمانێك بنووسێت و هه‌ر ئه‌و شه‌وه ده‌ستیكردووه به نووسینی یه‌كه‌م ڕۆمانی و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و خه‌ڵاتیشی له‌سه‌ر وه‌رگرتووه. دیاره له كاره‌كانی دواتری هه‌ر نووسه‌رێكدا ورده ورده نه‌خشه‌ی نووسینی رۆمان و ورده‌كارییه‌كانی تری نووسینی رۆمان خۆیان ده‌سه‌پێنن.
دووه‌م: بابه‌تی ڕۆمانه‌كه:
سینۆهه ده‌ڵێت: «پیاوه‌كان له هه‌موو جێگایه‌ك له‌یه‌ك ده‌چن، له‌ناكاو ده‌ڕۆن و له كاتێكدا هیچ كه‌سێ چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یان ناكات، ده‌گه‌ڕێنه‌وه) – بڕوانه؛ سینوهه پزشك مخصوص فرعون جلد دوم 511».
بابه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه بریتییه له ئازار و چاوه‌ڕوانیی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی یادگارییه نه‌نووسراوه‌كانی ئه‌و كوڕ و پیاوانه‌ی دڵداره‌كان و ژنه‌كانیان به ته‌نیا به‌جێهێشتووه و سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه. ده‌شێ ئه‌و كۆچ و ونبوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌هۆی جه‌نگ و كیمیابارانه‌وه بێت، وه‌كو ونبوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی (باڵانبۆ) بۆ لای (مه‌هتاب یان شكۆفه). یان سه‌رهه‌ڵگرتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه بێت به‌بێ هۆكارێكی دیاریكراو، وه‌كو سه‌رهه‌ڵگرتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی (میهران) بۆ لای (فه‌ریبا) یان (باپیره ئه‌شره‌ف) بۆ لای (دایه گه‌وره).
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌نجامه‌كانی جه‌نگ و ئه‌نفال و كیمیاباران بكه‌ین، ونبوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕان و پیاوان بۆ لای دڵداره‌كان و ژنه‌كانیان، زامێكی ئێجگار قووڵه له ناخی گه‌لی كورددا به‌گشتی و خه‌ڵكی ناوچه ئه‌نفالكراو و كیمیابارانكراوه‌كان به تایبه‌تی. ئه‌و ژن و كچانه چه‌ند بریندار و ئازار چه‌شتوون كه له چاوه‌ڕوانیی گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆشه‌ویستان و مێرده‌كانیاندا پرچی سپییان هۆنیوه‌ته‌وه یان سه‌ریان ناوه‌ته‌وه!؟ كه‌واته نووسه‌ر بابه‌تێكی هه‌ستیار و زیندووی هه‌ڵبژاردووه. دیاره نووسه‌ر له پاڵ ئه‌م بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌دا باسی نه‌هامه‌تییه‌كانی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئازاره‌كانی ئه‌و مناڵه ونبووانهش ده‌كات كه دوای كیمیاباران له ئێران گیرساونه‌ته‌وه و دوای چه‌ندان ساڵی غوربه‌ت كاتێ به هیوای دۆزینه‌وه‌ی هێلانه‌یه‌كی ئارام و ئامێزی گه‌رمی خێزانه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و تووشی چ نه‌هامه‌تییه‌ك ده‌بن و چۆن ده‌بن به سینه‌ما.
سێیه‌م: گێڕانه‌وه و زه‌مه‌ن:
گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه كه‌سی یه‌كه‌می تاكه واته (من)، كه هه‌ر خۆشی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه. (مه‌هتاب یان شكۆفه) ورد ورد به‌سه‌رهاتی خۆی و دڵداره‌كه‌ی و خێزانه‌كه‌یمان پێش تهفروتوونابوونیان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، دواتریش سه‌ربورده‌ی خێزانی دووهههمیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه پاش ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان ده‌گیرسێته‌وه. له هه‌ندێ جێگاشدا نووسه‌ر وه‌كو گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزان ده‌بێته یارمه‌تیده‌ری (مه‌هتاب-شكۆفه) و هه‌ندێ له دیمه‌نه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌مان به شێوازی كه‌سی سێیه‌می تاك بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی جدی ڕۆمان بین و ئاگامان له شێوازی نووسینی ئێستای ڕۆمان بێت، ده‌زانین گێڕانه‌وه به شێوازی كه‌سی یه‌كه‌می تاك (من)، ئێستا زۆرترین ڕه‌واجی هه‌یه. چونكه ئاسانتر خوێنه‌ر ڕاده‌كێشێته ناو ناخی ڕۆمانه‌وه و بۆ ئه‌و ڕۆمانانه‌ی باسی كاره‌سات و توندوتیژی ده‌كه‌ن گونجاوترین شێوازه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر باوه‌ڕ به ڕووداوه هه‌ژێنه‌ره‌كان بكات.
وێڕای ئه‌وه‌ش ئه‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌یه خه‌وشی خۆشی هه‌یه بۆ نموونه: گێڕه‌وه ناتوانێت باسی ئازایه‌تی و سیفاته باشه‌كانی خۆی بكات بۆ نموونه: بڵێت من مرۆڤێكی وا ئازام یان من مرۆڤێكی وا میهره‌بانم، به‌ڵكو ده‌بێت خوێنه‌ر له ڕێی ره‌فتاره‌كانی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌وه بگاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی گێڕه‌ره‌وه ئه‌و سیفه‌تانه‌ی تیایه. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی كه‌سی یه‌كه‌می تاك بۆ ڕۆمانه‌كه‌ی (مه‌حمود نه‌جمه‌دین) له شوێنی خۆیدایه و گونجاوه چونكه ڕۆمانێكه باسی كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كان ده‌كات.
سه‌باره‌ت به (كات) نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كات نه‌كردووه، واته نه‌هاتووه له نووكه‌وه ڕووداوه‌كانمان یه‌ك له دوای یه‌ك بۆ بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو زه‌مه‌نه‌كانی تێكه‌ڵ كردووه و سوودی له مۆنتاجی سینه‌مایی و فلاشباك وه‌رگرتووه. بۆیه خوێنه‌ر هه‌تا سه‌راپای رۆمانه‌كه نه‌خوێنێته‌وه له سه‌راپای به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌كان تێناگات.
چواره‌م: كاره‌كته‌ر و كارهكتهرهیزهشن:
بێگومان كاره‌كته‌ر له رۆمان‌دا یه‌كێكه له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كان، هیچ رۆماننووسێك ناتوانێت به‌بێ به‌كارهێنانی كاره‌كته‌ر ڕۆمان بنووسێت، ئیتر ئه‌و كاره‌كته‌ره مرۆڤ بێت یان جنۆكه یان ئاژه‌ڵ. به‌كارهێنانی كاره‌كته‌ریش به‌و مانایه نییه ڕۆماننووس ڕۆمانه‌كه‌ی پڕ بكات له كاره‌كته‌ر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ركیان هه‌بێت یان جیاواز بن. گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ر كاره‌كته‌رێك ئه‌ركی خۆی و ڕۆڵی خۆی هه‌بێت ده‌نا له ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌بێته به‌ده‌نێكی زیاده، كاتێكیش دوو كاره‌كته‌ر یه‌ك ڕۆڵ و ئه‌ركیان هه‌بێت بێگومان یه‌كێكیان زیاده.
مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی تریش به نیسبه‌ت كاره‌كته‌ره‌وه ئه‌وه‌یه؛ مه‌رج نییه ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی له سه‌ره‌تای ڕۆمانێكدا ده‌یبینین له كۆتایی ڕۆمانه‌كه‌شدا هه‌مان كه‌س بێت، چونكه ده‌بێت ئه‌و كاره‌كته‌ره به‌پێی ته‌مه‌نی و گۆڕانی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و رووداوانه‌ی به‌سه‌ری دێن گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت.
له‌م ڕۆمانه‌دا ژماره‌یه‌ك كاره‌كته‌ر ده‌بینین كه له واقیعی ڕۆمانه‌كه‌دا وجودیان هه‌یه و هه‌ستیان پێده‌كه‌ین، ژماره‌یه‌كی تریش هه‌ن كه مردوون و له رێگه‌یه‌ی یاده‌وه‌ریی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه زیندووه‌كانه‌وه زیندوو ده‌كرێنه‌وه و دێنه‌وه ناو رووداوه‌كان. نموونه‌ی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی زیندوون و هه‌ست به وجودیان ده‌كه‌ین وه‌كو (مه‌هتاب، فه‌ریبا، دایه گوڵستان، مه‌لا سه‌یفوڵڵا، به‌هنام، شه‌كیبا، فه‌رشید … هتد) ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی مردوون یان ونن وه‌كو
(باڵانبۆ، گوڵان، به‌هرۆز، شنروێ، میهران، باپیره ئه‌شره‌ف … هتد.) ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ر شه‌ش كاره‌كته‌ری (مه‌هتاب و باڵانبۆ، فه‌ریبا و میهران، باپیره ئه‌شره‌ف و دایه گه‌وره) بكه‌ین، حیكایهتهكانیان له شێوه‌دا له‌یه‌كه‌وه نزیكه به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا له‌یه‌ك جیاوازن و شه‌ش كاره‌كته‌ری جیاوازن و هه‌ر شه‌شیان له ڕۆمانه‌كه‌دا بوونیان پێویسته و تهواوكتهری یه‌كترین. ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كه كه نووسه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانی جیاوازه و كاره‌كته‌ری زیاده له رۆمانه‌كه‌یدا نییه. نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه هه‌مان كاره‌كته‌ر نین و به‌پێی ته‌مه‌ن هه‌ڵوێست و بیر و بۆچوونیان ده‌گۆڕێت كاره‌كته‌ری باپیره ئه‌شره‌فه كه ونبووه و له ڕێگه‌ی یاده‌وه‌ریی مههتابهوه دێته‌وه ناو ڕووداوه‌كان. باپیره ئه‌شره‌ف له پێناوی ئه‌وه‌دا كه بگات به دایه گه‌وره ده‌ست ماچ ده‌كات و له به‌رامبه‌ر ئه‌شقدا بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چه‌مێته‌وه، كه‌چی به‌بێ هۆیه‌كی دیاریكراو دایه گه‌وره به‌جێده‌هێڵێت و هه‌رگیزاو هه‌رگیز سهرناكاتهوه به ماڵدا‌و چاوی به‌چاره‌ی دایه گه‌وره ناكه‌وێته‌وه كه ئه‌وسا پیریش نه‌بووه و نه‌بووه به دایه گه‌وره، واته ئه‌م كاره‌كته‌ره له كاره‌كته‌رێكی پۆزه‌تیڤه‌وه گۆڕاوه بۆ كاره‌كته‌رێكی نێگه‌تیڤ. به‌م پێیه ده‌توانین بڵێین؛ نووسه‌ر له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ر یان كارهكتهرهیزهیشندا سه‌ركه‌وتوو بووه و هه‌م كاره‌كته‌ره‌كانی جیاوازن و هه‌م ئه‌ركیشیان جیاوازه و له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی رۆژگاردا بیر و بۆچوون و هه‌ڵوێستیان ده‌گۆڕێت.
پێنجه‌م: زمانی میدیا و زمانی ده‌ق:
بێگومان ئه‌و خوێنده‌وار و نووسه‌رانه‌ی خه‌می زمانی كوردی‌یان هه‌بێت جوان ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئێستا زمانی كوردی به‌ده‌ست میدیای كوردییه‌وه له چ حاڵێكی شڕدایه؟ چۆن ڕۆژانه ئه‌م زمانه شیرینه به ده‌ست ڕۆژنامه‌نووسی نه‌خوێده‌وار و هیچ نه‌زانه‌وه كۆڵه‌وار ده‌كرێت و خه‌ریكه وای لێدیت كه‌س لێی تێناگات. جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و دراما به ناو دۆبلاجكراوانهی له توركی و زمانه‌كانی تره‌وه به حساب دۆبلاج ده‌كرێن و دێنه ناو ماڵه‌كانه‌وه خه‌ریكه نه‌ك هه‌ر ماڵه‌كان بگره خه‌ریكه زمانی كوردیش وێران ده‌كه‌ن. به كورتی و به كوردی ئێستا میدیای كوردی زمانێكی سه‌قه‌ت و ئاست نزمی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاندووه. به‌داخه‌وه هه‌ندێ له نووسه‌ره‌كان و وه‌رگێڕه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و زمانه سه‌قه‌ت و باوه‌وه كه به‌نده ناوی ده‌نێم زمانی میدیای كوردی، جێگای داخه كه‌سێك خۆی به ڕۆماننووس بزانێ و چه‌ند ڕۆمانێكیشی نووسیبێت ئێستا بێت و به‌و زمانه سه‌قه‌ته ڕۆمان بنووسێت! یان كه‌سێك خۆی به وه‌رگێڕ بزانی و به‌و زمانه كۆڵه‌واره ته‌رجه‌مه بكات و ده‌قی بیانی بخاته قاڵبی ئه‌و زمانه ئاست نزمه‌وه. به ڕاشكاوی ده‌ڵێم؛ ئه‌و نووسه‌ر و وه‌رگێڕانه‌ی جیاوازی له نێوان زمانی میدیا و زمانی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا نه‌كه‌ن حه‌ق نییه خۆیان به نووسه‌ر یان وه‌رگێڕ بزانن و ده‌بێ گومان له‌وه بكه‌ین كه ئه‌وانه نووسه‌رن یان وه‌رگێڕن.
به نیسبه‌ت ئه‌م ڕۆمانه‌ی مه‌حمود نه‌جمه‌دینه‌وه هه‌ر یه‌كه‌مجار كه ڕهشنووسهكهیم خوێنده‌وه، دڵخۆش بووم به‌وه‌ی كه ده‌قێك ده‌خوێنمه‌وه له زمانی میدیا دوورم ده‌خاته‌وه و به‌ره‌و جوانییه‌كانی زمان و ئه‌و وشه شیرینانه په‌لكێشم ده‌كات كه ته‌نیا له‌ناو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ده‌یانبینییه‌وه. له‌وه‌ش جوانتر ئه‌وه‌یه نوسه‌ر هه‌ندێ زاراوه و وشه‌ی جوانی له‌م ده‌قه‌دا به‌كارهێناوه كه ڕه‌نگه زۆر نزیك بن له ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌وه و له خێزانه‌كه‌ی و گهڕهكهیهوه فێری بووبیت. بۆیه ده‌توانم بڵیم؛ ئه‌م ڕۆمانه له ڕووی زمانیشه‌وه سروشتییه و زۆر له خۆكردنی تیا نییه. ئه‌وه‌ی كه له ڕووی زمانه‌وه سه‌رنجی راكێشام زیره‌كی نووسه‌ره له‌و شوێنانه‌دا كه پێویست ده‌كات هه‌ندێ وشه و زاراوه‌ی فارسی یان زاراوه‌ی كوردی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌كاربێت به‌كاری هێناون. جگه‌له‌وه‌ش ئاگادارم نووسه‌ر ده‌قه‌كانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان و پێش ئه‌وه‌ش ده‌خوێنێته‌وه و به‌و شێوه‌یه هه‌ستده‌كه‌م ورده ورده زمانه‌كه‌ی به‌قوه‌ت ده‌بێت و ئه‌وه‌ش له نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئاخر ناكرێت خۆت به نووسه‌ر و وه‌رگێڕ بزانی و ئاگا‌و خه‌به‌رت له توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه و كتێبه‌كانی شوكر مسته‌فا و هه‌ژاری موكریانی و عه‌زیز گه‌ردی و برایم ئه‌حمه‌د و ده‌یان نووسه‌ری دیكه‌ی زمان‌زان و ڕهوانێژ نه‌بێت!!
له كۆتاییدا پیرۆزبایی له هاوڕێم مه‌حمود نه‌جمه‌دین ده‌كه‌م بۆ ئه‌م ڕۆمانە نازداره‌ی کە خستوویه‌تییه ناو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه، هیوادارم به‌رده‌وام بێت و چه‌ندان ڕۆمانی دیكه‌ی به دوادا بێت، له توانا و خه‌یاڵیشی دڵنیام كه به‌رهه‌می جوانتر و باشتر ده‌خاته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی ڕۆمان. با لێگه‌ڕێین به‌هره‌ی نووسه‌رانمان به تایبه‌تی لاوه‌كانمان گه‌شه بكات و باخی داهێنانمان ره‌نگینتر و گه‌شاوه‌تر بێت، دڵنیابن به‌م گه‌شه‌كردن و گه‌شانه‌وه‌یه كه‌سمان زه‌ره‌ر ناكه‌ین به‌ڵكو هه‌ر هه‌موومان و ئه‌ده‌بی كوردیش قازانجێكی بێوێنه ده‌كات.