گێچەڵی سێکسی لەناو کەعبە و لەکاتی حەجدا.

لای هیچ کەسێک نەمدرکاند، چیرۆکی پێنج خانم دەربارەی گێچەڵی سێکسی لەکاتی حەجدا


Loading

‘لای هیچ کەسێک نەمدرکاند’ – چیرۆکی پێنج خانم دەربارەی گێچەڵی سێکسی لەکاتی حەجدا

لەلایەن جیانلوکا مێزۆفیۆرییەوە نوسراوە، بۆ سی ئێن ئێن

کوردییەکەی: زامۆ علی عمر

 

 

زاموا عەلی عومەر

پێشەکی وەرگێڕ

گێچەڵی سێکسی لە هەموو جێیەکی جیهاندا بوونی هەیە. لە گشت ڕەگەز و نەتەوەکاندا ئەم کارە قێزەون و خاڵی لە مرۆڤایەتییە کێشەیەکی سەرەکییە لە کۆمەڵگەدا. بەڵام ئەوەی کە لە کولتور و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا باوە ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە کە گێچەڵی سێکسی هۆکارەکەی جلوبەرگ و چۆنییەتی هەڵسوکەوتی خانمانە. لای زۆرێک لە خەڵک خانمەکە خۆی هۆکاری ئەوەیە کە ڕووبەڕووی گێچەڵ و هێرشی سێکسی ببێتەوە ئەگەر جل و بەرگی پۆشتەی لەبەردا نەبێت یاخود بە تەنها لە دەرەوە بێت، و هۆکاری تریش کە دەگەڕێتەوە سەر خانمەکە خۆی. ئەم تێگەیشتنە خۆی هاندەرێکە بۆ زیادکردنی گێچەڵ بۆ سەریان. بەرزترین ڕێژەکانی گێچەڵی سێکسی لە وڵاتە ئیسلامییکاندان کە زۆربەیان حیجابپۆشی تێیاندا یاسایە. بۆ نموونە؛ بەپێی وتارێکی وێبسایتی عەرەب نیوز، شاری قاهیرەی پایتەختی میسر و شاری کەراچی گەورەترین شاری پاکستان، مەترسیدارترین شارەکانی جیهانن بۆ ژیانی خانمان[i]. ئەم دوو شارە نزیکەی تەواوی خانمانییان حیجابپۆشن، و لە پاکستان زۆربەیان سەرتاپا نیقاب دەپۆشن. کەواتە ئەگەر کێشەکە لە جلوبەرگی خانماندایە، گێچەڵی سێکسی بۆ دەکرێتە سەر خانمانی حیجابپۆش؟ لۆجیک لەکوێی ئەمەدایە کە خانمێکی باڵاپۆش لە شارێکی ئیسلامیدا ئازادی ژیانی نەبێت، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بۆ هێرشی سێکسی زۆر زیاتر بێت لەو خانمانەی کە باڵاپۆش نین و  لەو شارانەی ئەوروپادا دەژین کە حیجابکردن تەنانەت یاساش نییە و باویش نییە؟

دەکرێت لە هەموو وتار و داتا و  زانیارییەکان مەترسیدارتر و سەرسوڕهێنەرتر، وتارێک بێت کە باس لە گێچەڵی سێکسی بکات لەناو شاری مەککەدا، لە ناو کەعبەدا لە کاتی حەجکردندا. ئەم وتارەی وێبسایتی سی ئێن ئێن، چیرۆکی چەند خانمێک دەگەیەنێت کە لەکاتی حەجکردندا ڕووبەڕووی قێزەونترین حاڵەتی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە. هۆکاری ئەوەی دەڵێم لە هەموویان سەرسوڕهێنەرتر ئەوەیە کە موسوڵمانان و زۆربەی ئەوانەی موسوڵمانیش نین هەرگیز خەیاڵی ئەوە ناکەن کە لە پیرۆزترین شوێن و فەریزەی ئیسلامدا ئەو کارەساتە ڕووبدات، بەرامبەر خانمانێک کە سەرتاپا خۆیان داپۆشیوە، لەلایەن چەند پیاوێکەوە کە دەبێت لە لوتکەی مرۆڤایەتیدا بن بەپێی بیر و باوەڕەکەی خۆیان لەو شوێنەدا. ئەمە دەبێت تەواوی تێگەیشتنمان بۆ گێچەڵی سێکسی بگۆڕێت، و یەکەمین هەنگاویش ئەوەیە کە لۆمەکە لەسەر خانمەکە لابەرین، و قسە لەسەر ئەخلاق و پەروەردەی نیوە نێرینەکەی کۆمەڵگەکانمان بکەین. وڵاتی سعودییە لە ساڵی ٢٠١٧دا بڕیاری بەتاوانکردنی گێچەڵی سێکسی دەرکرد بە بڕیاریکی شاهانەیی، کە ئەمەش ئەوە دەگەینێت پێش ئەوە گێچەڵی سێکسی تاوان نەبووە و سزای لەسەر نەبووە!

کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی دۆزەخێکە بۆ خانمەکانی ناوی، چونکە سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵ و هێرش و توندوتیژی سێکسی، ناشتوانن بە ئازادی و دەنگی بەرز لە بارودۆخەکەیان بدوێن و مافی خۆیان وەرگرن. کۆمەڵگە لەپێشدا لۆمەی جل و بەرگی ئەوان دەکات لەپێش قسەکردن لەسەر ئەخلاق و (نا) ئەخلاقی پیاوەکانی. کۆمەڵگە شەرەف و کەرامەتی خێزانەکانی خستووەتە سەر شان و ژێر لەچکی ژنەکانی. تەنانەت کە قوربانییشن، هەر ئەوان خەتاباری شەرەفچوونی خێزانن. ئەمەش وای کردووە کە زۆربەی زۆری ئەو خانمانەی کە دووچاری ئەو نەهامەتییە دەبنەوە بێدەنگ دەبن و چیرۆکەکانیان نەبیستراون.

ئەسرا نەدیم، خانمێکی پاکستانییە کە ئێستا لە ئەمریکا دەژی

“تەمەنم ٢١ساڵ بوو لە ساڵی ٢٠٠٦دا کە حەجم ئەنجامدا. یەکەمجار لە پاڵەپەستۆکەی ٢٠٠٦دا گیرم خوارد لە کاتی ڕەجم کردنی شەیتاندا لە مینا. ئەوە خۆی لەخۆیدا شتێکی زۆر خورپەهەژێن و کارەساتبار بوو. بەڵام چەند ڕۆژێک دوای ئەوە گەڕامەوە بۆ مەککە، بۆ ئەوەی عومرە ئەنجام بدەم. لەو کاتەدا بە تەنها بووم و تەوافم دەکرد بەدەوری کەعبەدا.

تا زیاتر لە کەعبە نزیکببیتەوە قەرەباڵغتر دەبێت. هەمووی دەیەوێت دەست لە کەعبەوە بدات، منیش ویستم نزیکی ببمەوە و دەستی لێبدەم. کۆتا بازنەی قەرەباڵغییەکە زۆر بە هێواشی دەجوڵان. لە تەنیشت کەعبەوە بووم و کەسێک لە دواوە سمتی گرتم. پێم وابوو تەنها قەرەباڵغییەکەیە، چونکە هەمووی پاڵی بەیەکەوە دەنا. بەڵام کە بەردەوام بووم لە ڕۆشتن، یەکێک مەمکی گرتم.

ئاوڕم دایەوە و بینیم پیاوێک بە زەردەخەنەیەکەوە سەیرم ئەکات. نەمتوانی هیچ بکەم، بەردەوامیش مەمکمی گرتبوو. هاوارم کرد بەسەریدا و دواتر ئەوانەی دواوە کەوتنە پاڵنانم، و هاواریان دەکرد ‘یەڵڵا یەڵڵا.’ ڕووداوەکەم بۆ یەکەمین دوو پاسەوان گێڕایەوە کە بینیمن. بەڵام کەسیان ئینگلیزییان نەدەزانی، و پێیان دەووتم کە بەردەوام بم لە ڕۆشتن.

چەند کەسێکی ترم ناسیوە کە نامەیان بۆ ناردووم و ڕووبەڕووی هەمان حاڵەت بوونەتەوە. بەڵام لە ٢٠٠٦دا، پێش پەیدابوونی فەیسبووک و  تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، نەتدەتوانی باسی ئەم شتانە بکەیت. ئیتر نەڕۆشتمەوە بۆ حەج. حاڵەتێکی دەروونی زۆر سامناک بوو. سەرەتا پاڵەپەستۆکە، دوای ئەوەش گێچەڵی سێکسی.”

خانمێکی بەریتانی کە ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکرد، ئێستا لە ئاسیا دەژی

هەرگیز هێرشی سێکسیم نەکرابووە سەر هەتا ئەو کاتەی کە چووم بۆ مەککە لە ساڵی ٢٠٠٧دا، کە تەمەنم ٣٢ ساڵ بوو. یەکەمجار کە ڕووی دا بەرەو مزگەوتی گەورەی مەککە دەڕۆشتم بۆ ئەنجامدانی تەواف بەدەوری کەعبەدا. پیاوێک لەوێ دەهاتە دەرەوە بەرەو حەوشەکە. کە لێم نزیک بووەوە قۆڵی درێژ کرد و مەمکی گرتم. تەنها بەرکەوتنێکی خێرا نەبوو، بە تەواوی سنگی گرتم. زۆر توند و ئازاربەخش بوو. سنگمی بەرنەدەدا، و لەگەڵ ئەوەی دەیگوشی بەردەوام سەیری ئەکردم.

دووهەم جار کاتێک بوو کە لە حەوشەی مزگەوتی گەورەدا بووم، و هەستم کرد شتێک چوو بە بەشی خوارەوەی پشتمدا. زۆر قەرەباڵغ بوو و خەڵکێکی زۆر پاڵیان بە یەکترەوە دەنا. بەڵام خۆپێوەنووساندنەکە بەردەوام بوو. ئاوڕمدایەوە و بینیم پیاوێکە، ڕەقی کردووە و خۆی پێوە نووساندووم. هێندە توند خۆی پێوە دەنام هێندەی نەمابوو بەرەوپێشەوە بمبات لەگەڵ خۆی. سەیری دەکردم و سەیرکردنەکەی منیشی دەبینی. ڕامکرد و پۆلیسێکم بینی و بە ئینگلیزی پێمگووت کە شتێکی وەها ڕووی داوە. قاچێکی فڕێدا وەک ئەوە بڵێت بڕۆ دووربکەوەرەوە. هیچ ئارەزووی نەبوو گوێم بۆ بگرێت. تەنانەت پیاوەکەشم نیشاندا لە قەرەباڵغییەکەدا، بەڵام پشتگوێی خستم.

 

سێهەم جار کاتێک ڕوویدا لە شەقامێکی تەنیشت مزگەوتەکەدا تەماشای شت و مەکی حەجم دەکرد. هەستم بە شتێکی تیژ کرد لە دوامەوە. پیاوێکی پیر دەستی خستە نێوان سمتمەوە. هێندە بە توندی گرتبووی هێندەی نەمابوو پەنجەکانی بەرێتە ناوەوە. شتەکە بەخێرایی ڕوویدا و لەتاو ئازار و شۆک هاوارم کرد. سەیرێکی کردم و بە زەردەخەنەیەکەوە وتی “الحمدللە.”

ئەو کەسەی لە دووکانەکەدا بوو پشتی لێم بوو، نەیبینی چی ڕوویدا. پێش ئەوەی بڕۆم بۆ حەج پێیانگووتم کە دەکرێت بەو شێوەیە دەستم تێوەبدرێت، بەڵام ئەو ئاگادارکردنەوەیە ئامادەی نەکردم بۆ ئەوەی کە شۆکی کردم. هێرشی سێکسی زۆر زیاتر ڕوودەدات لە حەج وەک ئەوەی موسوڵمانان دەیانەوێت باوەڕی پێبهێنن. ئەوێ پیرۆزترین شوێنە لە ئیسلامدا، و ئەزموونێکە لە تەمەندا یەکجار دێتە دی. باسکردنی هێرشی سێکسی خۆی کارێکی گرانە، و باسکردنی بابەتەکە و بەستنەوەی بە حەجەوە، کە پایەیەکی ئیسلامە، تەنانەت گرانتری دەکات. چونکە حەج پیرۆزە لای ئەوان.

خانمێکی ئەندۆنیسی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد

من خەڵکی ئیندۆنیسیام و لە ساڵی ٢٠١١ چووم بۆ عومرە کە تەمەنم ١٧ ساڵ بوو. یەکەمجار ، توانجێکی سێکسیم لێدرا. لە ڕاڕەوی ئوتێلەکەدا وەستابووم بۆ ئەوە بڕۆمە ژوورەکەمەوە و دوو پیاوی لێب وو دەستییان کردن بە سەیرکردن و پێکەنین. من گوێم پێ نەدان، دواتر هاوارییان کرد “ها کانتیک.” (کانتیک بە ئیندۆنیسی واتە جوان.) پێکەنینێکیش لەسەر دەمووچاوییان بوو.

ئەو کاتەی کە تەوافم دەکرد بەدەوری کەعبەدا، حاجییەک هاتە پشتمەوە و چووکی ڕەقی نووساند بە پشتمەوە. زۆر تووڕە بووم و هەستم بە ناسەلامەتی دەکرد. نەمتوانی بابەتەکە لای کەس باسبکەم، لەبەر  هەستییارییەکەی و لەبەر ئەوەی هەموو کەس دەڵێن “ئەمە شارە پیرۆزەکەیە، کێ شتی وادەکات؟”

لەو کاتەوە نەڕۆشتوومەتەوە بۆ عومرە یان حەج، پێشم وانییە کە بڕۆمەوە. تەنانەت دوای ئەوەی کە لەوێ ئەوە ڕوویدا، نەمدەتوانی تەرکیز بکەمە سەر نوێژەکانم، تەنها ڕۆژگارم دەژمارد بۆ ئەوەی کەی مەککە بەجێبهێڵمەوە. شتێکی سامناکە کە لەناو مزگەوتی کەعبەدا ئەمە ڕووبدات. کاتێک گوایە لە هەموو کاتێک لە خودا نزیکتریت، ناشریترین شت تووشت دەبێت. ئەمەم بە کەس نەوتبوو هەتا ئەمڕۆ. نازانم بۆ، لەوانەیە لەبەر ئەوەی کە نەمدەویست ئەو حاڵەتەم بیربکەوێتەوە یان خەڵک لێم بپرسن “بۆچی بە تەنها دەسووڕایتەوە؟” یان “بۆچی عەبایەکت پێوە نەبووە.”

 

پۆلیسی ژنان تایبەت لەدژو گێچەڵی سێکسی لە شەقامەکانی قاهیرەدا دەسوڕێنەوە.

 

خانمێکی میسری کە نەیویست ناسنامەی خۆی ئاشکرا نەکرد

من دوو جار گێچەڵی سێکسیم بەرامبەر ئەنجامدرا، یەکەمییان بە قسە و دووهەمییان بە کردار. ئەوەی یەکەمییان کاتێک بوو کە لەگەڵ خوشکەکەم و دایکمدا چووین بۆ عومرە، و کە گەڕاینەوە بۆ ئوتێلەکەمان دوای نوێژ، دوکاندارێک گووتی ” ئا وەرە بۆ ئێرە جوانکیلە.” ئەوەتان بیر بێت کە تەنها تەمەنم ١٣ ساڵ بوو. هەرگیز لەیادی ناکەم. زۆر پەشۆکاو بووم و قێزم لەخۆم دەکردەوە.

دووهەم جار  لە حەجدا بوو، لە کاتی ڕەجم کردنی شەیتاندا لە مینا کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەککەوە. لەناو قەرەباڵغییەکەدا، هەستمکرد یەکێک مەمکی گرتم، ئاوڕم دایەوە و بینیم پیاوێکە کە ژنەکەی خۆی لە تەنیشتییەوە بوو. ڕێزی ژنەکەی و شارە پیرۆزەکەیی نەگرت، ئیتر چۆن ڕێزی من دەگرێت!

دووبارە هەستم بە پەشۆکاوی دەکرد و قێزم لەخۆم دەکردەوە، ئەم جارەیان تەمەنم ١٧ ساڵ بوو. بۆ چەند ساڵێک دەموت دەکرێت بە ڕێکەوت بووبێت یاخود مەبەستییان نەبووبێت، چونکە ئەمە شاری پیرۆز و حەجە! بەڵام لەڕێگەی تویتەرەوە زانیم کە تەنها من نیم ئەمەی ڕووبەڕوو بووەتەوە.

ئەنووشە موشتاق، خانمێکی پاکستانییە کە ئێستا لە ئوسترالیا دەژی

کە تەمەنم دە ساڵ بوو، خێزانەکەم نێردران بۆ لیبیا. باوکم لە هێزی فڕۆکەوانی پاکستانی کاری دەکرد و بۆ چوار ساڵ نێردرا بۆ لیبیا. لە ساڵی ١٩٨٠دا خێزانەکەم بڕیاریاندا حەج بکەن. لەیادمە زۆر بەپەرۆش بووم، چونکە ئەنجامدانی حەج دەستکەوتێکی تایبەتە لە ئیسلامدا. دایک و باوکم گەشتیان کرد بۆ سعودییە. من و خوشکەکەم بەجۆش بووین بۆ چوونە ناو مەککە و بینینی کەعبە بۆ یەکەمجار.

کە چووینە ناو کەعبەوە زۆر قەرەباڵغ بوو. لەناکاو پیاوێک لەدواوە گرتمی، و هەستم بە ناڕەحەتییەکی زۆر کرد. دەستی دایکمم گرت و چومە پێشییەوە. نەمدەزانی پێویست ئەکات پێی بڵێم یان نا، لەبەر ئەوە بێدەنگ بووم.

لە کاتی حەجدا دەبوو بە پاس لە مەککەوە بڕۆینە مەدینە. لە پاسەکەدا من و خوشکەکەم لە تەنیشت یەکەوە دانیشتین و دایک و باوکم لە پشتمانەوە بوون. جابی پاسەکە تکتی پاسەکەی وەردەگرت، لە تەنیشت کورسییەکەی منەوە وەستا و بەشێوەیەک هەڵسوکەوتی دەکرد کە بیەوێت شتێک بخاتە ناو کورسییەکەمەوە. دەستی هێنا بە سنگما و تا لە خوارەوە ڕانی گرتم، و بەری نەدەدا. هەستم بە قێز و توڕەیی دەکرد و نەشمدەزانی چی بکەم. دواتر خۆی بەسەر کوشنەکەدا دا گوایە پەردەی پاسەکە ڕێکدەخات، و پەناڕانی دەدا بە دەموچاومدا…  ئەم گێچەڵەم لای هیچ کەس نەدرکاند، لەبەر شەرم و شەرەفی خێزانەکەم بێدەنگ بووم. هەرگیزم بە کەسم نەگووت چی ڕوویدا لە حەج، هەتاوەکو لەم دواییانە پۆستی هێرشی سێکسیم بینی لەلایەن کەسانی ترەوە

 

سەرچاوەکان: 

[i]  https://www.arabnews.com/node/1700046/middle-east

https://edition.cnn.com/2018/03/08/middleeast/hajj-sexual-abuse-asequals-iwd-intl/index.html

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌