By Rene Magritte

Loading

By Rene Magritte

بۆچی هاتمە بوون؟ بۆچی لەوکاتەدا؟ بۆچی لەوشوێنەدا هاتمەبوون؟

بۆچی لە نێو ملیۆنان زیندەوەرۆچکە تەنیا من توانیم بگەمە شوێنی مەبەست و بێمە بوون؟
بۆچی لەو کاتەدا دوو ئاڵووش ئاگری حەزیان تێکەڵکرد و دواتر فڕێیاندام؟
بۆچی کاتێک لەسەر زبڵدانەکە فڕێدرام هەر لەوێ لە برسان نەمردم؟
بۆچی کاتێک لەبەردەمی مزگەوتەکەدا فڕێیاندام نەپلیشامەوە؟
بۆچی لە هۆڵی نەخۆشخانە زەردوو نەیکوشتم؟
بۆچی دکتۆرەکان لێنەگەڕان بمرم؟
بۆچی ئەو دایک و باوکەی ئێستا لە
نەخۆشخانە، زبڵدان، بەردەرگای مزگەوتێک منیان هەڵگرتەوە؟
ئەگەر دایکوباوکێکی دیکە منیان هەڵگرتبایەوە چی دەبوو؟
بۆچی لەوکاتەدا ماڵی باپیرم چۆل بوو، دایکیشم بە هەلیزانی و خۆشەویستەکەی بانگکردە ژوورەوە؟
بۆچی دایکم و باوکم خۆیان لە هاوڕێکانیان دوورخستەوە و بۆ ساتێک لە دنیا دابڕان؟
بۆچی باوکم دایکمی بانگێشتی ڤێلاکەیان کرد؟
بۆچی بیریانچوو کۆندۆم بەکاربێنن؟
بۆچی مامانەکە نەیتوانی لەبارم ببا؟
بۆچی بە حەبەکانی پزیشکەکە لەبارنەچووم؟
بۆچی ئەوکاتەی دایکم بە دزییەوە لە نەخۆشخانە ڕایکرد، کارمەندێکی نەخۆشخانەکە نەیبینی؟
بۆچی لەسەرەتای ژیانمەوە نەمزانی یەکێک لە یەکێک لەو شوێنانە هەڵیگرتوومەتەوە و بە درێژایی ژیانم ناچاربوومە بە دایە و بابە بانگی دووکەس بکەم؟
بۆچی ئەوکاتەی باوکم لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانی منداڵپارێزی ئەوکات داوای منداڵی بێسەرپەرشتی کرد، منداڵێکی دیکەیان پێ نەدا؟
بۆچی کاتێک ئەو پیاوە منی لە بەردەمی مزگەوتێک هەڵگرتەوە یەکێکی دیکە هەڵینەگرتمەوە و ئەو بوو؟

بۆچی لەکاتێکدا هەواڵی فڕێدانی من لە تەلەفزیۆن خوێندرایەوە، دایکم و باوکم گوێیان لە هەواڵەکە نەبوو؟ ئەگەر گوێیان لێبوو بۆچی ویژدانیان نەجوولا و لەکارەکەیان پەشیمان نەبوونەوە؟
دایک چییە؟
باوک چییە؟
منداڵ چییە؟
منداڵ بۆ دروست دەکرێ؟
گان چییە؟
بۆچی هەندێک لە زیندەوەرۆچکەکانی ناو تۆواو دەگەنە شوێنی مەبەست و بە ملیارەهایان لەو ڕێیەدا لەناودەچن؟

بۆچی ئەوکاتەی باوکی ئێستام بۆ یەکەمجار لەباوەشی کردبووم و جارجار بەسۆزێکی زۆرەوە ماچێکی ڕوومەتمی دەکرد، لەدەستی بەرنەبوومەوە و شەقم نەبرد؟
بۆچی ئەوکاتەی لەتەمەنی دووساڵی کە دەگیڕنەوە تووشی نەخۆشییەکی کوشندە بووم و کەس بەتەمام نەما نەمردم؟

بۆچی بەپەلە دەستی کێشایەوە کاتێک بەریکەوت؟ بۆچی دوای ئەوە هەر دەستی لە دەمی دەخست و دەیگوت وووووو؟
بۆچی کاتێک منیش تاقیمکردەوە و دەستم بۆی برد دەستم سووتا؟ بۆچی ئازارم پێگەیشت؟
بۆچی کاتێک لە باوکی نوێم پرسی کێ ئێمەی دروست کردووە، ڕاستەوخۆ وەڵامی دامەوە؟ بۆچی کاتێک پرسیاری دووەمم کرد نێوچەوانی گرژکرد و وەڵامی نەدامەوە؟
بۆچی هەندێک شت تامیان خۆشە و هەندێکیش ناخۆش؟ تام چییە؟
بۆچی کاتێک دەمویست جیهان لە ریگەی تامەوە کەشف بکەم هەندێکجار دایکم، یان هەر کەسێک لە نزیکمەوە بووایە هاواریان لێ بەرزدەبووەوە: بڤەیە! کخەیە؟
بڤەیە چییە؟ کخەیە چییە؟ چ پێوەندیەکیان بە تامەوە هەیە؟ بۆچی هەندێکجار دوای ئەوە پەنجەم لە قوڕگ ڕادەکەن و بە پشتمدا دەکێشن تا بڕشێمەوە؟ بۆچی دونیا بە دەم تام ناکرێ؟
بۆچی کاتێک دەستم لە هەندێک شت دەدا ڕەقبوون، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە شل؟ بۆچی هەندێکیان ئازاریان دەدام، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە هەستێکی خۆشییان پێدەدام؟ هەر شتەو ڕەنگێکی هەیە؟ بۆچی هەر ڕەنگە و تام و دەنگ و بۆنێکی جیای هەیە؟ بۆچی هەرشتێک لە کاتی جیا و شوێن و دۆخی جیادا تام و ڕەنگ و بۆن و دەنگی جیای هەیە؟ بۆچی کاتێک دایکم و باوکم جلیان لەبەرە دەنگیان بەشێوەیەکی ڕێکخراو، بەیەک ڕیتم لە دەمیانەوە دەردەچێ؟ بۆچی ڕستەکانیان بە پێی دۆخ و ویستیان بەرزی و نزمی و ماوەی جیایان هەیە؟ ئەدی بۆچی کاتێک بە ڕووتی پێکەوەن ئەو دەنگانەی لێیانەوە دەردەچێ جیاوازە و لە دەنگی گیانلەوەرانی دیکە نزیک دەبێتەوە؟ بۆچی دەنگی باوکم زیاتر مرخەیە و هی دایکم زیاتر گمەگمە؟ بۆچی هەناسەیان سوواردەبێت؟ بۆچی کاتێک لەسەر گوفەکەکە سەگەکە لێم نزیکبووەوە لە جێی ئەوەی پەلامارم بدا و بە کەڵبە تیژەکانی پارچەپارچەم بکات بە سۆزێکی زۆرەوە لێمی ڕوانی؟ بۆچی منیش لەوکاتەدا لە جێی ئەوەی لێی بترسم بەسۆزەوە سەیرم کرد؟ ئایا دەتوانرا بەو سەیرکردنەی من بگوترێت سۆز؟ ئایا منداڵ خۆڕسکانە سۆزی تێدایە یان بەرەبەرە لە ژینگەکەیەوە وەریدەگرێت؟ بۆچی کاتێک سەگەکە ویستی بەجێم بهێڵێت دامە پڕمەی گریان؟ بۆچی سەگەکە گەڕایەوە؟ بۆچی بە ددانەکانی ئەو پەڕۆیەی گرت، کە منی پێ پێچرابووەوە؟ بۆچی من لەو کاتەدا بەرزبوومەوە؟
بۆچی منی بردە ئەو کەلاوەیەوە؟

بۆچی کاتێک برسیم بوو بە گاگۆڵکە خۆم گەیاندە لای بەچکەکانی و لەنێوانیان جێی خۆم کردەوە و وەک ئەوان دەمم بە گوانییەوە نا؟ بۆچی ئەو شلەیەی لە گوانییەوە هاتەناودەمم هێندە خۆش بوو؟
بۆچی ئەو دەنگەی لە منەوە دەردەچوو بە هی ئەوان نەدەچوو؟ بۆچی ئەوان ئەو هەمووە تووکەیان پێوەبوو من پێمەوە نەبوو؟ بۆچی ئەوان هەموویان بەیەکدی دەچوون و من بەوان نەدەچووم؟ بۆچی دایکەکە جارجار زمانێکی بەسەرماندا دەهێنا؟ بۆچی کاتێک یەکێک هاتەژوورەوە منی لەنێو ئەو توولەسەگانە بینی هاواری لێ بەرزبووەوە؟ بۆچی بانگی ئەوانی دەرەوەی کرد و منی لە نێو سەگەکان دەرهێنا و منی لەوان دوورخستەوە؟ بۆچی کاتێک تەماشای منیان دەکرد ئەبڵەق بووبوون و قسە لە دەمیان دەهاتە دەرەوە؟ بۆچی ژنە گەنجەکە منی لە دەستی وەرگرت، بەباوەشی خۆیەوە نام و دایە پڕمەی گریان؟ بۆچی کاتێک من گریام و هاوارم کرد، ئەو لە مەبەستی من تێنەگەیشت؟ بۆچی کاتێک دێڵەی دایکم لەدەرێ ئێمەی بینی هەڵمەتی بۆ برد؟ بۆچی دێڵەی دایکی نوێمیان دایە بەر بەردان و منیان لێ ساند؟ ئایا ئەو کارەیان لە نیەت باشییەوە بوو یان نا؟ بۆچی نەدەبوو من لەگەڵ ئەوان بوومایە؟

بۆچی دێڵەکە وازی نەدەهێنا و بە دەنگێکی کزۆڵ لە دوورەوە دەیناڵاند؟ بۆچی ئەو دەنگە زیاتر لە پاڕانەوە دەچوو؟ بۆچی لەوکاتەدا لەباوەشی ژنەکەدا دەگریام چاوانم کەوتنە سەر چاوانی دێڵەکە؟ بۆچی ئاو لە چاوانی دێڵەکەوە دەهاتەخوارێ؟ بۆچی ئەوانەی لەوێ دانیشتبوون بەزەییان بە من و سەگەکەدا نەهاتەوە؟ بۆچی پیرەژنێک بەکزۆڵەییەوە سەیری ئاسمانی کرد؟ بۆچی بە دەنگێکی لەرزۆکەوە هاواریکرد: خوایە غەزەبمان لێ نەگری؟ غەزەب چییە؟
ئایا هەستی بەوەکردبوو، کە زوڵمیان لە من و سەگەکان کردبوو؟ بۆچی ئەو زوڵمەی لەسەر خۆیان لابرد؟ بۆچی زوڵمەکەی خستەسەر کەسانێکی دیکە؟ ئایا باوکودایکە ڕاستەقینەکەم زووڵمیان کردبوو، یان دێڵەسەگەکە، یان ئەوانەی ئێستا لەناویاندا دەژیم؟ زوڵم چییە؟ ئایا مانای زوڵم لە کات و شوێن و دۆخی جیاوازدا دەگۆڕێت؟ ئایا ڕوانینی کەسەکان بۆ زوڵم مانا بە زوڵم دەبەخشێ، یان وشەکە لە خوودی خۆیدا خاوەنی مانای چەسپاوە؟
ئایا لەو ڕووداوە کێ زاڵم بوو؟ زوڵملێکراو کێیە؟ کێیە یان چییە؟

By Rene Magritte

بۆچی منیان بردە ماڵەوە؟
بۆچی منیان کردە کوڕی خۆیان؟
ئایا ئەوان پێویستیان بە من بوو، یان بەزەییان پێمدا دەهاتەوە؟ بەزەیی چییە؟ بۆچی لەسەرەتادا شتەکان زۆر نامۆ بوون؟
بۆچی بەرەبەرە لە پرسیارەکانم وەڕەسدەبوون؟
ئایا پرسیار وەڕەسکەرە؟
بۆچی ڕێگە لە زانینی من دەگرن؟
چۆن لەو شتانەی دەوروبەرم و ڕووداو و هۆکارەکانیان بگەم؟
بۆچی کاتێک دەست بۆ شتێک دەبەم لەسەر مێزەکە بەردەبێتەوە؟ بۆچی کاتێک بەردەبێتەوە شێوەکەی لەدەست دەدات و دابێتە چەندین پارچەی بچووک؟ بۆچی لەوکاتەدا دایکم چاوی لۆم سووردەکاتەوە و دەنگی بەرزدەکاتەوە؟
بۆچی ئەم ماوەیە نێوانی دایکم و باوکم باش نییە؟ بۆچی باوکم کاتێک هاتەوە تووڕە و بێزار دیاربوو؟
بۆچی کاتێ یەکەم قسە لە دەمی هاتە دەرەوە پەنجەی بۆ من ڕاداشت؟ بۆچی گوتی: ئەمە کوڕی کێیە؟ بۆچی دایکم سەری لەبەر خۆی نا؟ بۆچی باوکم دەنگی بەرزکردەوە؟ بۆچی دایکم بە دەنگێکی نزم پرسی چیبووە؟ پشکنینەکان چۆن بوون؟ بۆچی باوکم پەڕەکانی بۆ ڕاگرت و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا؟ بۆچی کاتێک دایکم پەڕەکانی خوێندەوە و گوێی لە قسەکانی باوکم بوو، دەستی کردە گریان؟ بۆچی ئەمجارەیان باوکم لەباوەشی نەگرت و نەیلاواندەوە؟ بۆچی دایکم خۆی بەسەر چۆکی باوکمدا دا و لێی پاڕایەوە؟ بۆچی باوکم شەقێکی تێهەڵدا؟ بۆچی دایکم تووڕەنەبوو؟ بۆچی بەردەوام بوو لە پاڕانەوە؟ بۆچی باوکم باسی باشی خۆی بەچاوی دایکمدادایەوە؟ بۆچی گوتی: من ناتکوژم ئەوەش باشترین چاکەیە لەگەڵتدا بکەم.؟ بۆچی نەکوشتن چاکەیە؟ ئایا خودی کوشتن دادپەروەریە؟ ئایا دۆخێک و کات و شوێنێک هەیە کوشتن بکاتە کارێکی دادپەروەرانە؟ بۆچی باوکم دەیگوت بەداخەوە زۆرم خۆشویستی و زۆر بۆت باشبووم؟
بۆچی باوکم پرسی: ئەرێ لەچیت کەم بوو؟ ئایا شیاوی ئەوەبووم بە ناپاکی سزام بدەی؟ تۆڵەی چیت لە من کردەوە؟
بۆچی دایکم دەگریا و داوای لێبوردنی دەکرد؟ بۆچی دەیگوت لەژیانم تەنیا ئەو هەڵەیەم کردووە، تکایە بمبەخشە و ئابڕووم مەبە!؟ بۆچی دایکم ئابڕووی دەچوو؟ بۆچی من و دایکم لە ماڵ کراینە دەرەوە؟ بۆچی ئەمجارەیان دایکم نەچووەوە ماڵی باوکی؟ بۆچی بەردەوام دەگریا؟ بۆچی شۆفێری تاکسیەکە دەیویست دڵی دایکم بداتەوە؟ بۆچی لەکاتی قسەکانیدا دایکم تووڕەبوو و تفی لێکرد؟ بۆچی هاواری کرد: ڕایگڕە خوێڕی!؟ بۆچی دوای دابەزین ئاوڕێکی لە شوفێرەکە دایەوە و تفێکی ئاڕاستە کرد؟ بۆچی گوتی بەنەفرەت بن!؟
من لە کێم؟ بۆ لێرەم؟ بۆ کەسێکی دیکە هەڵیگرتمەوە؟
بۆچی ئەوەندە پرسیار دەکەم؟
پرسیارچییە؟
دەمەوێ بەهۆی ئەو پرسیارانەوە بەچی بگەم؟ چ شتێک هەیە منی ئاوا بەگیرهێناوە؟ دەمەوێ لە چی بکۆڵمەوە؟ من کێم؟ لەکوێم و بۆچی؟ من چیم و چی دەکەم؟ بۆچی کاتێک باوکم تووڕەبوو دەولکەکەی لە دایکم گرت؟ بۆچی شێوەی دەولکەشووشەکە گۆڕا و شەربەتەکەی ناوی بە دیوارەکەدا پڕژا؟ بۆچی شکا؟ چۆن شکا؟ چۆن شلەکە پڕژا؟ بۆچی پڕژا؟ بۆچی من گریام؟
بۆچی کاتێک کتێبەکانی باوکم دەدڕاندن باوکم بەسەرمدا هاواری دەکرد؟ بۆچی کاتێک کتێبەکەی نێو دەستم بۆی هەڵبڕی و ئاماژەم بۆ کرد لەگەڵمدا بەشداری یاری کتێب دڕاندن بێت، پێکەنی؟ بۆچی ئەو کتێبی لەگەڵمدا نەدەدڕاند؟ بۆچی دەیگوت نابێت ئاوا بکەی؟ بۆچی ماچی کردم؟ بۆچی دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبەکانی باوکم؟ بۆچی هاوڕێی خوێنەرم پەیاکرد؟ بۆچی یەکێک لە هاوڕێکانم ئەو کتێبەی بۆ هێنام؟ بۆچی ئەو کتێبە ئاوایی کاری تێکردم و تەواوی باوەڕە کۆنکریتیەکەی تێکشکاندم؟ بۆچی ئەو هاوڕێیەم لەوکاتەدا ئەو کتێبەی پێدام؟ بۆچی کتێبێکی دیکە نەبوو؟ ئایا ئەگەر کتێبێکی دیکە و لە زەمەنێکی دیکە بووایە ئاوا کاریگەری لەسەرم دەبوو؟ ئایا هەمان کتێب کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە بە هەمان شێوە دەبوو؟ بۆچی ئەو کتێبە ژیانی منی سەرەوژێرکردەوە؟ بۆچی ئەو گۆڕانەی لە مندا ڕوویدا تووڕەیی ماڵەوەی وروژاند؟ بۆچی باوکم بە بیانووی کافربوون لە ماڵەوە دەریکردم؟
بۆچی باوکم بە بیانووی ئایندار بوونی من دەری کردم؟
بۆچی ئاگادارکردنەوەکانی باوکم کاریگەریان لەسەر من نەبوو؟ بۆچی بەرەنگاری ماڵەوەمان بوومەوە؟ بۆچی باوکم بەسەرمدا هاواری دەکرد؟ ئایا من کوڕی ڕاستەقینەی ئەوان نەبووم؟ بۆچی گوتی تۆ چیتر کوڕی ئێمە نیت؟ بۆچی گوتی هەتا پەشیمان نەبیتەوە دەبێت لەم ماڵە بچیتە دەرەوە؟ ئایا ئەگەر من بەڕاستی کوڕی ئەوان نەبووم پەشیمان بوونەوەم منی دەکردە کوڕی ئەوان؟
ئایا بۆچی دایکم لەوکاتەدا دەگریا؟ بۆچی من نەدەترسام لەوەی شوێنێکم نەبوو بۆی بچم؟ بۆچی لەوکاتەدا تەماشای دایکمم کرد و فرمێسک لە چاوانم زا؟ بۆچی دایکم خۆی بەسەر دەست و پێی باوکمدا خست و لێی پاڕایەوە؟ بۆچی باوکم پەشیمان نەبووەوە؟ بۆچی ئەمجارەیان دایکم لە من پاڕایەوە لەو باوەڕەم پەشیمان ببمەوە؟ ئایا خودا پێویستی بەو دیمەنە هەیە؟ ئەگەر پیویستی نییە، بۆچی باوکم کەللـــە ڕەقانە درێژەی بەو دیمەنە دەدا؟ بۆچی من پەشیمان نەبوومەوە؟ ئایا باوکم بێباوەڕە؟ بۆچی بەو جۆرە بەرگری لە بێباوەڕی دەکات و دەیەوێ لە خوداناسی پەشیمانم بکاتەوە؟ ئایا کێمان هەڵەین؟ هەڵە چییە؟ ڕاستی چییە؟ چۆن درکی هەڵە و ڕاستی دەکرێت؟
ئایا ئێمە هەریەکەمان بەرگری لە ڕاستی دەکەین؟ ئەدی بۆچی ئەو ڕاستەی لای منە جیایە لەوەی لای باوکم هەیە؟ ئایا ڕاستی دابەش دەبێت؟ ئایا ڕاستیەکی ڕەها بوونی هەیە؟ ئایا ڕوانینی هەریەکەمان ڕاستین بۆ هەریەکەمان، یان ڕاستی بوونێکی سەربەخۆی هەیە؟ بۆچی کاتێک لە ماڵ چوومە دەرەوە گریام؟
بۆچی باوکم هەموو ڕۆژێ بەسەرخۆشی دەگەڕایەوە ماڵەوە؟ بۆچی شەوانە دەبووە دەمەقاڵییان؟ بۆچی زۆربەی شەوان دایکم دەگریا؟ بۆچی پێش باوکم بگەڕێتەوە تەماشای ئەلبوومی وێنەکانی دەکرد و دەگریا؟ بۆچی چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و باوکمی بۆ من دەگێڕایەوە؟ ئایا وایدەزانی من لێی تێدەگەم بۆیە بۆی دەگیڕامەوە؟ یان وای دەزانی تێناگەم؟ بۆچی جارجار لەسەر باوشی خۆی دادەنام و بەدەم گریانەوە باسی ڕۆژانی خۆشی خۆی لەگەڵ باکم بۆ دەگیڕامەوە؟ بۆچی جارجار لەنێو جۆلانەکەی دادەنام و ڕایدەژەندم؟ بۆچی هەندێکجار بەدایار فیلمەکانەوە پێدەکەنی؟ بۆچی جارجار بەدیاریانەوە دەگریا؟ بۆچی فیلمەکان جیاوازبوون؟ بۆچی لە فیلمێکیاندا سەگێک منداڵێکی فڕێدراوی هەڵگرتەوە و لەدووری مرۆڤەکان لەگەڵ توولەکانی خۆیدا بەخێوی کرد؟ بۆچی دوای تەواوبوونی فیلمەکە دایکم منی تووند بە باوەشی خۆیەوە گووشی، ماچبارانی کردم و گریا؟ بۆچی فیلمەکان جیاوان؟
بۆچی لەیەکیاندا باوکێک کوڕەکەی لەبەر دینداری لەماڵەکەی دەکرد؟ بۆچی لە فیلمێکی دیکەیاندا باوکێکی دی کوڕەکەی لەبەر بێدینی دەرکرد؟ بۆچی دایکەکان دەگریان؟ بۆچی هیچیان لە بڕیاری خۆیان پەشیمان نەبوونەوە؟
بۆچی یەکێک مەلۆتکەیەکی لەسەر زبڵدانێک فڕێ دا؟
بۆچی یەکێکی دیکە لەبەردەمی مزگەوتێکدا فڕێی دا؟
بۆچی دایک و باوکێک منداڵەکەیان لە نەخۆشخانە جێهێشت؟
بۆچی دایکم دوای هەر یەکێک لەو ڕووداوانەی ئەو فیلمانە منی بەسینگی خۆیەوە دەنا، لەباوەشی خۆیدا دیگووشیم و دەگریا؟
ئایا منیش ئاوا فڕێدرابووم؟ ئایا ئەو دایکەم منی هەلگرتبووەوە؟ ئایا ترسی ئەوەی هەبوو ڕۆژێک ناچاربێ فڕێم دا؟ ترس چییە؟
بۆچی باوکم هەڕەشەی ئەوەمان لێ دەکات فڕێمان داتە دەرەوە؟
ئایا ڕۆژێک فڕێمان دەدا؟ ئەگەر فڕێیداین چیمان لێ دێت؟
ئایا سەگێک، یان بێباوەڕێک، یان باوەڕدارێک هەڵمان دەگرێتەوە؟
کامەیان شیاوترن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا چاکە بکەن؟
ئایا شۆفیرەکە دەستدرێژی دەکاتە سەر دایکم؟ ئایا دایکم خۆی بەدەستەوە دەدات، یان بەرەنگاری دەبێتەوە؟ من چیم لێ دێت؟
من کێم؟ چیم؟ چی دەکەم؟ دەبێت چۆن بم؟
ئایا نووسەری ئەم گێڕانەوەیە کێیە؟ کاراکتەرەکانی کێن؟ چین و چۆن؟

– چیرۆکنووس هۆکارێکی دیکەی جیای شک دەبرد بۆ هێنانە بوونی من؟
ئایا ئەوانەی تا ئێستا نەهاتوونەتە بوون، دەشێ پێیان بڵێین نەبوو؟ ئایا گریمانەی ئەوە نییە بێنە بوون؟ ئایا ئەو گریمانەیە مانای بوونیان نادا؟
ئایا ئەوەی لەلای ئێمە بوونی نییە، لەڕاستیشدا بوونی نییە؟ ئایا ئێمە زانینی ڕەهامان هەیە؟
بۆچی ئەو کتێبەم خوێندەوە؟ بۆچی سەرتاپای ژیانم شڵەقا و بوومە پرسیارێکی گەڕۆک؟ بۆچی ئەم پرسیارانە هەن؟ بۆچی ئەم کاراکتەرانە هەن؟ من کاراکتەر یان گێڕەوە، یان نووسەرم؟ یەک کەسم یان چەندین کەسم؟ لە یەک کات و شوێندا بوونم هەیە یان چەندین؟
بۆچی فڕێدرامە بوون؟
نا بۆچی دروستکرام؟
نا بۆچی قەدەری من هاتنەبوون بوو؟
ئایا بوونم هەیە؟
ئەگەر بوونم نییە ئەی کێیە ئەو پرسیارە دەپرسێ؟
ئایا بوونی فیزیکیم هەیە، یان تەنیا لە وشە، یان لەخەیاڵدا بوونم هەیە؟

ئایا وشە و خەیاڵ بوون نین؟
ئایا وشە و خەیاڵ سەربەخۆیانە بوونیان هەیە، یان بوونێک لە پشتیانەوە هەیە، یان هەردووبارەکە دروستە؟
ئایا سەرەتای ئەم ئەم گێڕانەوەیە کەی بوو؟ چۆن بوو؟ کۆتاییەکەی کەیە و چۆنە؟
ئایا نووسەر لێدەگەڕێ من لە نێو خەیاڵدانییەوە ببمە وشە و دواتر بەرجەستەبم؟ ئایا ئازادیم پێ دەدا؟ ئایا ژیانم دەداتە دەست خۆم، یان بەپێی ویستی خۆی هەڵمدەسووڕێنێ؟ ئایا دەتوانم لە نەخشەی چیرۆکەکەی ئەو ڕابکەم، یان هیچ ڕێیەکی دەرچوونم نییە؟
ئێوەی خوێنەران چی دەڵێن؟
نەخشەڕێگەیەکم هەیە هاوکاریم دەکەن؟

By Rene Magritte

هاوکاریم دەکەن لە پلانی چیرۆکنووس خۆم دەرباز بکەم؟ دەتوانن هەریەکەتان بەشێکی ئەم چیرۆکە بنووسنەوە و درێژەی پێ بدەن؟ بۆچی دوای ئەوەش بەپێی ویستی خۆتان چارەنووسەکەتان گۆڕی چیرۆکەکەتان بۆ کەسێکی دیکەش نانیرن و داوای لێناکەن ئەویش چارەنووسێکی نوێ هەڵبژیرێ و دووبارە من بنووسێتەوە؟ ئایا ئەمە ئازادییەکی زیاتر بەمن دەدا؟ ئایا ئەوە ئازادی یان ژیانی زیاتر و جیاوازتر بە من دەدا؟ ئایا زۆر ژیانی و جیاواز بینین بەمانای ئازادی دێت؟ ئایا ئەوە وام لێناکات لە پلانە یەک ئاڕاستەکەی چیرۆکنووسەکە ڕزگارم بێت؟ ئایا ئەوە فۆڕمی نوێ و چارەنووسی نوێم پێ نابەخشێت؟ ئایا ئەو یارییە بەردەوام نابێت و درێژ نابێتەوە؟ ئەو یاریەی هەریەک درێژەی بە چیرۆکەکەم دا داوا لە کەسێکی دیکەش بکات بێتە ناوەوە، درێژە بە چیرۆکێکی نوێ بدات و چارەنووسی نوێ بۆ هەمان کاراکتەر هەڵبژێرێت چی بە من دەدات؟ ئایا ئەوە چی لە چیرۆکنووسەکە دەستێنێ؟ ئایا ئەو یارییە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ ئایا بوونی من لە ناو ئەو یارییەدا چۆن دەبێت؟ ئایا ڕاکردن لە بڕیاری چیرۆکنووسی یەکەم وام لێدەکات بریارەکانی ژیان بکەوێتەوە دەستی خۆم، یان ئەمجارە دەکەومە بەردەستی کۆمەڵێک چیرۆکنووسی دیکە؟ ئایا ئەوە ئازادیییە؟ کەنێ دەتوانم لەو هەمووە چیرۆکنووسە ڕزگاربم؟ ئایا ئەوە یارییەکە ئاڵۆزتر و سەختتر ناکات؟ ئایا ڕزگاربوون لە یەک کەس ئاسانترە یان لەو هەمووە کەسەی بەشێوەی تۆڕێکی هاکەزایی بەیەکەوە بەستراون و پێکەوە پێوەندیان هەیە؟ ئایا ئەم یارییە خۆم دامڕشتووە، یان چیرۆکنووسەکە خستوویەتە بیرمەوە؟ ئایا بەهۆی ئەو یارییەوە من و خوێنەران لە داوی ئەو چیرۆکنووسە ئازاد دەبین، یان دەکەوینە نێو یارییەکی ئەوەوە؟ بۆچی گومان خەریکە سەرم بخوا؟ بۆچی گومانم لە چیرۆکنووسەکە پەیداکردووە؟ ئایا ئەو گومانە چیرۆکنووسەکە خستوویەتە مێشکمەوە تا لەو پلانەم پەشیمانم بکاتەوە، یان خوودی پلانەکە ئەو خستوویەتە مێشکمەوە؟ ئەگەر ئەو پلانە پلانی ئەو نییە بۆچی ڕێگە دەدا بەردەوام بم لە گەڵاڵەکردنی پلانەکەدا و درێژە بە نووسین دەدا؟ ئایا خوێنەران دەتوانن بیر لەو ئەگەرانە و ئەگەری جوداوازتریش بکەنەوە بەڵکو بگەنە بیرۆکەیەک و بتوانین لە پلانەکانی ئەو چیرۆکنووسە، یان پلانەکانی ئەو کاراکتەرە ڕزگارمان بێت و و ڕزگاریان بێت؟ ئایا ڕێی دیکە هەن بۆ دەربازبوون؟

 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.