فۆتۆی : هه‌ڵۆ لانۆ - له‌ 20.02.2011 - ڕووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات سلێمانی.

شوێن وەک ئاسەواری دەستی مرۆڤ، لە کارەکانی هونەرمەندی فۆتۆگراف هەڵۆ لانۆ


Loading

سه‌ره‌تا پێش خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (گارا)  كرته‌ بكه‌ سه‌ر فۆتۆ گه‌له‌رییه‌كه‌ی (هه‌ڵۆ لانۆ)  له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌دا،  پشوویه‌ك بده‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر فۆتۆیه‌كدا  (كولتور مه‌گه‌زین ) 

 

پێش ئەوەی بێمە سەر کارەکانی هەڵۆ لانۆ، بەپێویستی ئەزانم بەکورتی چەند دێرێک دەربارەی مێژوووی فۆتۆگراف بەگشتی بنوسم لە سەرەتای پەیدابوونیەوە، لە نیوەی یه‌كه‌می سەدەی نۆزدە وەکو ئامرازێک بۆ دۆکیومێنتکردن لە خزمەتی بوارەکانی دیکەی هونەر و زانستدا، تاکو ئەو کاتەی کە بوو بە هونەرێکی سەربەخۆ.

کەم هونەر هەیە بە ئەندازەی هونەری فۆتۆگراف بەدرێژایی ئەم سەدوپەنجا ساڵەی تەمەنی هێندە هەوڵ و کۆششی دابێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە هونەرە، ئه‌مه‌ش لەبەر ئەوەی:

یەکەم: هونەرمەندەکە ڕاستەوخۆ کارە هونەرێکەی دروست ناکات، بەڵکو ئامرازێک بەکاردێنێت بۆ دروستکردنی فۆتۆکانی، ئەویش کامێرایە، هەر ئه‌مه‌ش جیای دەکاتەوە لە بەشەکانی هونەری شێوەکاری کە هونەرمەند خۆی کارە هونەریه‌کە دروستدەکات، وەکو هونەری نیگاركێشی و پەیکەر و گرافیک و ئینستلەیشن و ئۆبیەکت و پیرفۆرمانس و ئەودوای بەشەکانی هونەری شێوەکاری.

دووەم: بەشە تەقلیدیەکانی هونەری شێوەکاری وەکو ‌هێڵکاری و نیگاركێشی و پەیکەرسازی  مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە نێو کولتوری فۆتۆدا. بەمجۆرە ئەوانە توانیوویانە خۆیان وەکو هونەر بسەلمێنن لەکاتێکدا فۆتۆگراف ئەم مێژووەی نییە.

سێهەم: لە کاتی ڕینیسانسەوە نوسین هەیە دەربارەی هونەری شێوەکاری و لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەوە ئەم  نوسینە بووە بە زانستی  هونەری شێوەکاری و ئیشی گەورەی کردووە بۆ بەستنەوەی هونەری شێوەکاری بە قووڵایی (کولتوری وێنه‌)  وە لەدیووی ئەودیوودا تاکو حەفتاکانی سەدەی بیست زانستی هونەر بایەخی بەفۆتۆگراف نەداوە بۆ ئەوەی وەکو میدیۆمێکی سەربەخۆ تەماشا بکرێت.

هەندێ لەهۆیەکانی دیکەیش بۆ قەبوڵنەکردنی فۆتۆگراف وەکو هونەرێکی سەربەخۆ. بەڕای هەندێک لەمێژوونووسەکانی سەرەتای سەدەی بیست دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، کە فۆتۆگراف وەکو هونەرێکی هۆمۆجین دروست نەبووە، واتا خؤی ئیشی لە ناو خۆیدا نەکردوە ئەگەر دیسانەوە بەراوردی بکەین بە بەشەکانی دیکەی هونەری شێوەکاری، بەڵکو وەکو کارێکی هیتیرۆجین تەماشاکراوە کە هەڵگری چەندین میدیۆمە.[1]

هونەری فۆتۆگراف ئەم نەعلەتەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە تاکو کاتی دادایه‌كان و سوریالیه‌کان و هەندێ گروپی هونەری دیکە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست وەکو گرۆپی هونەری ئەڵمانی نۆیە – زاخلیشکایت (Neue  Sachlichkeit) و بینینی نوێ (Neuen Sehen) کە فۆتۆگرافیان بەکارهێنا بۆ نیشاندانی شێوەی شتەکان و لای سوریالیەکان گرنگی فۆتۆگراف لەوەدابوو، کە سیحری شتەکانی نیشان ئەدا.[2] بەمەش فۆتۆ گراف هەنگاوێکی گرنگی نا بەرەو سەربەخۆبوون.

نیوەی دووهه‌می سەدەی بیست کاتێکی باشتر بوو بۆ فۆتۆگراف لەوەی کە لەناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیست  جوزێف کۆسۆس (Josef Kosuth) پێویستی بە فۆتۆگراف بوو بۆ بیرۆکە کۆنسێپتوالێکەی خۆی، بەمجۆرە لە ساڵی 1965 کۆسۆس فۆتۆگرافی بەکارهێنا بۆ نیشاندانی چۆنێتی پەیوەندی نێوان شتەکانی ناو واقیع و فۆتۆی ئەو شتانە لە هونەری فۆتۆگرافدا، ئەمەش وایکرد فۆتۆگراف ببێتە میدیۆمێکی گرینگ لەبواری هونەری کۆنسێپت و لاند ئارت.[3]

خاڵێکی وەرچەرخان لە میژووی نوێی فۆتۆگراف ئەوە بوو کە لە ساڵی  1977بە شداری دۆکیۆمێنتای شەشی کرد،[4]  ئەوەش وایکرد کە فۆتۆگراف ئیدی وەکو هونەرێکی سەربەخۆ بچێتە ناو بازاڕ و مۆزەخانەی هونەرەوە، ئیدی بە ئاشکرا سیفەتی هونەری بۆ خۆی وەرگرت، وه‌ك  شان بە شانی بەشەکانی تری هونەری شێوەکاری بەشداری کرد لە پرۆسەی تازەکردنەوە و پێشکەوتنی هونەر وکولتوور، هه‌روه‌ها  بوو بە بەرهەمهێنەری چەندین ناوی گەورە لەو بوارەدا.

فۆتۆگراف لە ئەوروپاوە پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی  و لە سەرەتادا ئەوانیش بۆ دۆکیۆمینتکردن بەکاریانهێناوە، بەمجۆرە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە وێنه‌ی  فۆتۆگرافی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیشدا پەیدا بووە، پاشان کاری ڕۆژنامەگەریشی پێکراوە. دیاره‌  لەبەر نەبوونی  زانستی هونەری فۆتۆگراف  له‌ئێراق و كوردستاندا هه‌ر بۆیه‌ هونه‌ری  فۆتۆگراف نەچۆ ‌تە نێو دانوستاندنی هونەرەوە، بەڵام    (هەڵۆ لانۆ) ی  فۆتۆگراف ، فۆتۆ وەکو هونەر بەکار دەهێنێ و ئەو بە کامیراکەی نەک تەنیا چرکەساتەکان دۆکیومێنت دەکات، بەڵکو لەلایه‌کەوە هەندێ لە بیرۆکەکانی خۆی پێ جێبەجێدەکات. لەلایه‌کی دیکەوە ده‌ربڕنه‌ له‌ده‌ست و نه‌سه‌ته‌كانی خۆی، بۆیە فۆتۆکانی هەستێکی تایبەت بە بینەر دەگەیێنن و ئەم هەستەش لەهەڵبژاردنی بابەتەکانی و چۆنیەتی فۆتۆ گرتنیان دەبینرێت. واتا لە چۆنێتی یەکگرتنەوەی چاوی ولەشی و ڕۆحی (دەروونی) لە چرکەساتی فۆتۆگردنەکەیدا. بەمجۆرە توانیوێتی ببێتە خاوەنی تایبەتمەندی خۆی لە هونەری فۆتۆگرافدا و یەکێک لە هونەرمەندە فۆتۆگرافە ناودارەکانی ئێستای کوردستان.

ئەو له‌ منداڵیەوە سەرسامی کامیرابووە و لە ساڵی 1996 بوەتە خاوەنی کامیرای خۆی، ئەوکات تەمەنی پانزە ساڵان بووە، وەکو خۆی دەیگێرێتەوە ؛

 کامیراکە ئەگرێت بەدەستەوە و بە هەستێکی خۆشەوە ئەچێت بۆ ناو بازار و فۆتۆی ئەمنە سورەکە و حامیەی سلێمانی وساختمانی پاڵاس ئەگرێ کە ئەو کات هێشتا ئاوارەکانی تیا ئەژیا.

هونەری فۆتۆگراف وەکو میدیۆمێک کە پشت بە تیشک دەبەستێت نەک مەتریاڵ [5] لای هەڵۆ لانۆ تەنیا نیشاندانی شێوە ولایەنی ئێستاتیکی شتەکان وتوانای تەکنیکی نییە، بەڵکو بەڕادەی سەرەکی نیشاندانی مانای ژیانە:

 

 یەکەم:  لە نێوان ئەو بابەتانەوە کە هەڵیان ئەبژێرێت و دووەم: چۆنێتی وینەگردنیان بە جۆرێک کە بتوانێت هەڵوێستی ئینسانی خۆی نیشان بدات، ئه‌مه‌ش بە تێکەڵاوکردنی شێوە و تەکنیک و ناوەرۆکی کارەکانی بە قوڵایی ماناکانی ژیانەوە، کە زیاتر لە و نێوان فۆتۆی مرۆڤەوە نیشانی ئەدات.

 بێگومان هەر جۆرە مرۆڤێک شوین و ڕاومی تایبەتی خۆی هەیە  و لەگەڵ جۆرە شتێکدا ژیان بەسەر ئەبات ، بۆیە شتەکانی دەوروبەری مرۆڤ لە وینەکانی هەڵۆ لانۆ دا دیسانەوە بۆ بەخشینی ماناکانن، وەک لەوەی کە دەوروبەری مرۆڤەکانی پێ برازێنێتەوە.  ئەوشتانە لە فۆتۆکانی هەڵۆ لانۆدا بەهای خۆیان هەیە، چ وەکو نیشاندانی پەیوەندیەکانیان بێت یان  وەکو شوێن پێی مرۆڤەکان بێت.  هونەرمەند خۆی لەوبوارەوە دەڵێت:

لە گشت کارەکانمدا گرنگە لام جێگە دەستی مرۆڤ بدۆزمەوە  و بایەخی پێ بدەم.

 

 بەڕای کرستینا پاک (Christine Pack) پەیوەندی لە نێوان شت ومرۆڤ به‌رامبه‌ر پەیوەندی نێوان فۆتۆگرافی و واقیع دیت.[6]بەمجۆرە ئەو بە فۆتۆ فۆتۆگرافێکانی مەتریاڵێکی دەوڵەمەند بۆ بینین نیشان دەدات.

بەکارهێنانی کامیرا دا بۆ دروستکردنی فۆتۆ چەمکی (دەڕبرین) جێگه‌ی پرسیارە، بەڵام هەڵۆ لانۆ خۆی باس لە ڕەهەندی دەربرین دەکات  لە کارەکانیدا، لە هەندێ  فۆتۆکانیدا هەستی مرۆڤەکانیش نیشان دەدات، بۆ نموونە لەو فۆتۆیەدا کە لە حه‌ڤده‌ی شوبات لە کاتی خۆ پیشاندانێکدا چركاندوویه‌تی و بۆتە یەکێك لە فۆتۆ بەناوبانگەکانی کوردستان.

هەڵۆ لانۆ پێیوایە هییچ فۆتۆیەێک بە بێ بوونی شتێکی زیندوو مانا نادات، بۆیە لە کارەکانیدا بەدەگمەن فۆتۆ ئەبینین بێ بوونی مرۆڤ وەکو زیندوترین گیان لەبەر. ئیدی دەموچاوی بێ یان جەستەی مرۆڤ بەتەواوەتی، منداڵ بێت یان گەورە، بەتەمەن بێت یان گەنج، کوڕ بێت یان کچ ، ژن بێ یان پیاو، لەشاربێت یان لە لادێ. ئایا بە ته‌نیا بێت یان بەکۆمەڵ، لەکاتی کارکردندا بێت یان دانیشتن،  یاخود لە حاڵەتی جوڵە و ڕویشتندا بێت  یان وەستان، هه‌ربۆیه‌ بۆیە ناکرێت کارەکانی هەڵۆ لانۆ وەکۆ کاری ئه‌بستراكت لە هونەری فۆتۆگرافدا ببینرێت.

بۆ ئەوەی بزانین فۆتۆکانی هەڵۆ لانۆ چ جۆرێکن؟ بە پێویستی دەزانم چەند جۆرێک لە کاری فۆتۆگرافی ڕوونبکەمەوە وەکو فۆتۆگرتنی سەر جادە(Street Fotografie) یان فۆتۆگرتنی لەناکاو – چركاندنی ناكاو  (Schnappschuss Photographie) یان ئەو جۆرە فۆتۆگرتنانەی کە هونەرمەندەکە لەوەو پێش بابەتەکەی بۆ ئامادە دەکات وەکو (Fabricated Fotografie) یان (Stage Fotografie).

 هه‌ڵۆ لانۆ خۆی دەڵێت :  فۆتۆگرتن لای من وەک فیلمێک نییە، کە لەوەوپێش بەرنامەم بۆی دانابێت…واتا ئەو  لەوە وپێش بابەتەکەی ئامادە نەکردووە بۆ فۆتۆگرتن. بەڵکو   فۆتۆی  مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری دەگرێت وەک ئەوەی کە هەن، ئەو یەکەمجار بابەتەکە دەبینێت، هەڵیئەبژێرێ، پاشان  ئاشنا دەبێت بە ئۆبجەکتەکە و پەیوەندیەک لە گەڵی دروست دەکات، هەستی لا دروست ئەبێت بۆ بابەتەکە، پاشان فۆتۆی ئەگرێت، بەواتایەکی دیکە، نیشاندانی پەیوەندی شوێن و مرۆڤ و شتەکانی دەووروبەریانه‌.  هونەرمەند باس لە بابەتیک دەکات، کە خۆی پێیدەڵێت (گۆڵد پۆینت  – خاڵی ئاڵتونی)  و دەڵێت:  ئەوە منم بە دوای گۆڵد پۆینتدا دەگەرێم… بۆ گرتنی فۆتۆیه‌ك، ئەو چەند جارێک بێ کامێرا دەچێتە جێگاکە، سەیری دەکات، لێی وورد دەبێتەوە، تاکو دەبێتە بەشێک لە هه‌ستی، جێگاکە دەخاتە ناو دەروونیەوە، ئینجا بەکامیراکەیەوە دێت و فۆتۆی دەگرێت، ئه‌مه‌ش جۆری (پۆل کلێ) مان دەخاتەوە یاد لە سەرەتای سەدەی بیستەم کە ڕەهەندێکی ڕۆحی بەکارەکە دەبەخشێت.

بەمجۆرە لە نیوان ئەو سێ جۆرە فۆتۆچركاندنه‌ی  ‌ کە لە سەرەوە باسمان کرد، دەتوانم بڵێم: فۆتۆ گرتن لای هەڵۆ لانۆ دوورە لە  (fabricated photographie   و Stage Photographie) نزیکە لەنه‌ریته‌كانی  فۆتۆگرتنی سەرجادە (Street phtographie) یان  فۆتۆگردنی لەناکاو (Schnappschuss)  بەڵام نەک بە تامی  شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، بەڵکو بەتامی ئیستا، کە هەڵۆ لانۆ کارەکانی بە کامیرای (ئەنالۆگ) ناگرێت، بەڵکو بە کامیرای (دیجیتاڵ) و لەم باره‌شدا هونەرمەند دەتوانی  کاریگەری خۆیشی لە سەر فۆتۆکە جێبێڵێت.

هونەرمەند خۆی دەڵێت: لە کاتی فۆتۆگرتندا هه‌سته‌كانم تێکەڵاوە، لە خۆشی و دڵەراوکێ، ئەمە جگە لەوەی هەست بە بەتاڵبوونەوەیەک ئەکەم، پاشان حەزدەکەم زوو بەپەلە بگەمەوە ماڵ و فۆتۆكه‌  لە سەر کۆمپیوتەرەکەم ببینم.

بۆ زیاتر ووردەکاری و نزیکبوونەوە لە دونیای هونەرمەند هەڵۆ لانۆ، من دوو نموونەم لە کارەکانی هەڵبژاردووە؛ یەکێکیان ئەو کۆمەڵە ئیشەن کە چەند شوێنێکی بە ڤیلدۆزەر تەختکراو نیشان ئەدەن و مرۆڤەکان لە سەری دێن و دەچن یان کارئەکەن، نمونەی دووەمیش  ئەو فۆتۆیەیە کە بووە بە بابەتی بینراوی حه‌ڤده‌ی شوبات.

بۆ شیکردنەوە و ڕونکردنەوەی فۆتۆکان لەم دوو نمونەیەدا، من کار لەسەر چەند پرسیارێک دەکەم، وەک پرسیاری نیشاندانی دەقاودەقی شتەکانی ناو واقیع  لەفۆتۆی فۆتۆگرافدا و پرسیاری ناوەڕۆک، هەرەوەها چەند پرسیارێکی تەقلیدی دیکە کە لە بواری فۆتۆگرافدا دەکرێ وەکو: فۆتۆگراف وەکو وێنه‌ دروستکردن یان فۆتۆگراف وەکو وێنه‌ گرتن؟

 

نمونەی یەکەم پێکهاتوون لە کۆمەڵە فۆتۆیەک کەچەند شوێنێکی تەختکراو بە ئامێری تەکنەلۆژیا نیشاندەدەن، واتا جێگاکان بە شۆفەڵ وبیلدۆزەر تەختکراون، هەندێ لە جێگاکان بەبەفر باندراون یان قوڕاوین، ئاسەواری ئەو ئامێرە زەبەلاحانە نیشاندەدەن کە مرۆڤ بەکارهێناون  بۆ تەختکردن و گۆڕینی فۆتۆکان. لە هەندێ فۆتۆی دیکەدا جێگاکان بە چیمەنتۆ سەبه‌کراون، شفۆتۆکان دەشێت لەوە پێش پارچەیێک بوبێتن لەسروشت یان ساختمانێک یان جاده‌یەک یان کارگەیەک یان چەند ماڵێک بوبێتن کە مرۆڤی تێدا ژیابێت.  لە هەموو حاڵەتەکاندا، ئەو شوێنانە بە شۆفڵ تەختکراون و خەریکن ئامادەئەکرێن بۆ شوێنێکی دی، ئیدی ساختمان بێ یان جادە یان کارگە، واتا ناسنامەی جێگاکان گۆڕدراون.

(هەڵۆ لانۆ)  پێیوایە؛  ئەم ماکینە گەورانە وەکو ئامێری دەستی مرۆڤ بوونەتە هۆی گۆڕانی ناسنامەی جێگاکان و فۆتۆکانیان تێکداوە. ئەو بەئاشکرا ویستویەتی فۆتۆی  جێماوه‌ی  ئامێرە زەبەلاحەکان نیشانبدات، کە لەلایەن مرۆڤەوە بەکارهینراون. بۆیە لە فۆتۆكانیدا  جێگه‌ تایەی گەڵابەکان و زنجیری بیلدۆزەرەکان لەسەر خۆڵ یان قوڕ یان لەسەر بەفر دەبینرێن، ئەم فۆتۆ تەختکراوانە بەڕای هونەرمەند ئاسەواری دەستی مرۆڤن.

 

لە فۆتۆكاندا هەندێ لە مرۆڤەکان بەتەنیان، یان دوو دوون، یان سێ سێ، یان چوار چوار یان زیاتر، هەندێکیان لە باری ڕۆیشتندان و هەندێکیان لەباری ئیشکردن، تیایانیشدایە بەسواری ماتۆڕێکەوەیە، بەگشتی لەجوڵانەوەدان. هەندێجار فۆتۆکان بە جێدێڵن، وەکو ئەوەی بیانەوێ بچنە سەرەوی فۆتۆکە،  یاخود  بەرەو پەراوێزی فۆتۆكه‌ برۆن و هەندێک جاریش بە پێچەوانەوە لە قەراغی فۆتۆکەوە بەرەو ناوەراستی دێن،  یان  لەپەراوێزەوە  بەرەو سەنتەر بڕۆن و هەندێک جاریش مرۆڤەکان لە ناوەڕاستی فۆتۆکەن، واتا لە سەنتەری فۆتۆکەن. لەم بارانه‌دا  هونەرمەند دەیەوێت بیرۆکەی خۆی  دەربارەی سەنتەر و پەراوێز نیشانبدات. واتا لەم فۆتۆیانه‌دا هەندێك لەمرۆڤەکان لە پەراوێزەوە بەرەو سەنتەر دەڕۆن و هەندێکیان سەنتەر جێدێڵن  بەرەو پەراوێز دەڕۆن. هەروەها  لە فۆتۆكاندا سێبەری کەسەکان دەبینرێن بۆ دڵنیابوون لە بوونیان.

هونەرمەند لەم فۆتۆیانه‌دا  پەیوەندێیک لە نێوان فۆتۆکان و مرۆڤەکان  نیشان دەدات،  هەر وەکو خۆی دەڵێت: ئەگەر من فۆتۆی شۆێنەکە بە تەنیا بگرم هیچ مانایەکی نییە. هونەرمەند فۆتۆ گشت ئەم شوێنانەی لەسەرەوە گرتووە، واتا بە زمانە هونەرێکەی خۆی لە چاوی (هەڵۆ) وە.[7]  کە لای خۆی خۆشەویسترن نیگایە.  بەمەش هونەرمەند ئەو بیرۆکەیەی خۆی نیشاندەدا، کە مرۆڤ هەرچەند گەورەبێت ، بەڵام بە بەراورد بە گەردوون زیندەوەرێکی بچووکە. سەرە ڕای ئەو بچووکیەیش توانیویەتی ژینگە و ڕووبار و جێگاکان بشێوێنێت، ئەمەش بە هۆی ئامێرەکانیەوە، هەربۆیە دیسانەوە دەڵێت: من دەتوانم بە فۆتۆكانم لایەنە ڕووخێنەرەکانی مرۆڤیش نیشانبدەم، نەک تەنیا لایەنی ئیستاتیکیەکەی، هونەرمەند لەم  فۆتۆیانه‌دا ڕەخنە لە دونیای سەرمایەداریش دەگرێت  و دەڵێت : دونیای سەرمایەداری شتەکان به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌سه‌پێنێت.

نمونەی دووەم، سەبارەت بە بابەتی شوێن وەکو ئاسەواری مرۆڤ لای هەڵۆ لانۆ لەفۆتۆیه‌كی  فۆتۆ ڕەنگاو ڕەنگدا دەبینرێت کە یەكێکە لە کارە ناسراوەکانی.  هونەرمەند ئەم فۆتۆیه‌ی  لە 20ی شوباتی 2011 گرتووە، شوێن تیایدا شەقامێکی ناو شارە پڕە لە خەڵک، زۆربەیان لە حاڵەتی نائارامی و توڕەبووندان، هەندێکیشیان زۆر ئاسایی بەسەر شۆستەکەدا ئەرۆن وتەماشای فۆتۆگرەکە دەکەن. کەمیان جلی کوردیان لەبەرە، فۆتۆکە بە ئاشکرا هەستی دژواری و ناڕازیبوون بە بینەر دەگەیه‌نێت،. بەردێکی زۆر لەسەر شەقامەکە کەوتووە، لەوە دەچێت کە خەڵکە کە بەکاریان هێنابێت ، لە دوورەوە و لەکۆتایی جاده‌کە یەک دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس  دەبینرێت،  کە هێشتا گڵۆپە سوور و شینەکەیان نەکوژاندۆتەو.  ئەمەش دووپات لە سەر نائارامی ڕاومەکە دەکات ، قەرەباڵغیه‌کیش هەیە لەدەوروبەری ئۆتۆمبێلی پۆلیسه‌كان ،  هەر لەو دوورەیشەوە و لە سەر ساختمانێک ئاڵای کوردستان دەبینرێت،  ئیتر ئەمە دەیسەلمێنێت، کە دیمەنەکە لە شارێکی کوردستانە.

 

فۆتۆی : هه‌ڵۆ لانۆ – له‌ 20.02.2011 – ڕووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات سلێمانی.

 

 لە فۆتۆكه‌دا دوو ئاگر بە ئاشکرا دەبینرێن یەکێکیان  گەورەیە ولە پێشەوەیە و کەوتووەتە دەستی ڕاستی فۆتۆكه‌ و ئەوەکەشیان هەندێ دوورترە و لە ناوەراستی جاداکەدایە و ئەکەوێتە دەستی چەپی فۆتۆكه‌وه‌ ، ئاگرەکان لەوەناچن ئاگری نەورۆز بن، بەڵکو لە ئەنجامی ئەو حاڵەتە ناڕازیبوونە کراونەتەوە، وەکو دەربڕینێک بۆ حاڵەتەکە کە لە فۆتۆی ڕاکردنی گەنجێک بەجلی کوردیەوە زیاتر درکی پێئەکرێ کەلەناوەراستی شەقامەکە لە دیوێکەوە بۆ دیوەکەی دیکە ڕائەکا، ئەمە تەنیا کە سەیه‌  لەناو فۆتۆكه‌دا کە با ئاشکرا جلی کوردی لەبەرە.

لە ناوەڕاستی شەقامەکە و لە ناوەراستی فۆتۆکەیش، نزیک لە ئاگرە گەورەکەی پێشەوە پیاوێکی هەژار ئەبینرێ وەکو فیگوری سەرەکی ناو فۆتۆکە، پیاوەکە پانتۆڵی لەبەرە لەگەڵ قاپووتێکی ڕەشی درێژ کە دوگمەکانی دانەخستووە و لە ژێرێوەی بلوزە قاوەێێکەی دەبینرێت و بەتانیێکی قاوەیێ داوەتە سەرخۆێدا و بەسەر شانیدا هاتوەتە خوارەوە، ئەمەش دیسانەوە دەیسەلمێنێ کە وەرزەکە ساردە. قژی سەری پیاوەکە و سمێڵ و ڕیشی سپی دیارن، بەدەستی چەپی شتێکی هەڵگرتووە،  بە دەستی ڕاستیشی وەکو ئەوەی ئەیەوێت  شتێك لە گیرفانی قاپووتەکەی دەربێنێت  یاخود  بیەوێت دەستی لەسەر دڵی دابنێت.

 

 پیاوەکە ڕێکوپێک وبە هێمنی و بێ گوێدان بە هیچ شتێ بەرەو چاوی بینەردێت و سەیری ناوچاوی فۆتۆگرافه‌كه‌ (هه‌ڵۆ لانو) دەکات  لە کاتی  چركاندنی فۆتۆكه‌دا ، وەکو ئەوەی ئاگای لە دەوروبەری خۆی نەبێ. هونەرمەند باس لەگرنگی نە شڵەژاندنی کەسەکە دەکات  لە کاتی  فۆتۆگرتنه‌كه‌دا کە لەم فۆتۆیدا سەلماندوێتی.

 

فۆتۆکە ئەتمۆسفێرێکی غەمگین نیشان ئەدا و هیچ شتێک لە فۆتۆکەدا نیە نیشانەی خۆشی بێ. ئاسمان تەمومژاویە و ڕەنگی قاوەیێکی کاڵی غەمباری بەخۆوە گردووە، هەموو شتەکان لە فۆتۆکە دا هەستی غەمباری ئەبەخشێ، تەنانەت دارەکانیش هیچ گەڵایێکیان پێوە نییە، ئەم ڕەنگە قاوەییە خەمناکە ئەگەر ڕەنگی ئەو ئەتمۆسفیرە بێ، بەڵام بەبۆچونی من لەوە ئەجێ هونەرمەندەکە خۆیشی تۆزێ دەستکاری کردبێ. ئەم فۆتۆیە لەو فۆتۆ دەگمەنانەیە کە هونەرمەند لە نیگای (چاوی مرۆڤەوە)[8] گرتوویەتی، واتا لە بەرزیەوە نەیگرتووە بەڵکو لەبه‌رامبه‌ر ڕووداوەکە، ئه‌مه‌ش بە بۆچوونی من ئەوە نیشان دەدا، کە هونەرمەند ویستویه‌تی لە ئاستی ڕوودارەکەدا  بێت، بەرامبەر ڕووداوەکە بێت، بەمجۆرەش بینەریش ئەهینێتە به‌رامبه‌ر ڕووداوەکە وەکو ڕێزێک  بۆ ئەو پیاوەی ناوەڕاستی فۆتۆکە و بۆ هەستی ئەو مرۆڤە توڕانە، هەروەها وەکو بەشداریەکی هونەرمەند خۆیشی لە ڕووداوەکە.

 

لەو ڕوانگەیەوە، کە شوێن ئەشێ راومیش بێت، ئیدی ئەم ڕاومە  دژووارە لەئەنجامی جوڵانەوەی خەڵکەکانی ناو شەقامەکە دروستبووە. وەکی دی ئەگەر مرۆڤەکان و ئاگرەکان لە ناو فۆتۆکەدا لابدەین  فۆتۆکە یان راومەکە، هێمن و خامۆشە بەڵام بە بۆچونی من ئەوەی هونەرمەندی هارووژاندووە بۆ فۆتۆکردنی ئەم فۆتۆیه‌، شڵەژاوی مرۆڤەکان و ئاگرەکان ودژوواری راومەکەیە.  لەوانەیە ئەو بە چڕکردنەوەی نیگای خۆی لەسەر پیاوەکەی ناوەراستی فۆتۆکە ویستبێتی جێگیریێک و هێمنیێک لە وێنەکە دا دروستکات، وەکو هەوڵدانێک بۆ هاوتاکردن لەگەڵ ئەتمۆسفیرە شڵه‌ژاوەکە. بەمجۆرەیش بینەر هیلاک نابێت لەکاتی سەیرکردنیدا. بە واتایه‌كی دیكه‌  دەتوانم بڵێم؛  دیمەنەکە دژوار و نا ئارامە، بەڵام هونەرمەند بە ئارامی فۆتۆکەی گرتوە و ئەو ئارامیەێش گەیشتوە بە چاوی بینەر.

 

ئەوەی دەیسەلمینی کە ئەم فۆتۆیه‌  لە کوردستان گیراوە، تەنیا فۆتۆی ئاڵای کوردستانەو ئەو گەنجەی کە بە جلی کوردیەوە لەناو جادەکە ڕاده‌کات، وەکی دی ئەکرێ فۆتۆیەک بێ لە هەر جێگایەکی دیکەی دەرەوی وڵاتە خۆرئاوایه‌كان، لێرەدا من ئەمەوێ جه‌خت لەسەر لایەنە  مرۆدۆستیه‌كه‌ی ڕوودارەکە بکەم، کە هونەرمەندەکە نیشانیداوە و ئه‌مه‌ش بە بۆچوونی من گەورە ترە لە لایەنە سیاسیەکەی.

ده‌شێت ئەم کارە پێش ئەوەی وەکو دۆکۆمێنتکردنی حاڵەتێکی ناڕەزایی لە کوردستان سەیربکرێت، به‌ڵام پێویستە وەکو کارێکی هونەری ببینرێت، هه‌روه‌ها  وەکو دەربڕینێکیش بۆ هەستی هونەرمەند لە چرکەساتی فۆتۆگرتنه‌کەیدا، کە یەکگرتنەوەی هونەرمەندبوون و  مرۆڤبوونی خۆی نیشاندەدا.  ئەو پەیوەندیەکی دروستکردووە لە نێوان نیگای چاوی پیاوە هەژارەکە و نیگای چاوی خۆی، کە لە هەمانکاتدا دەگات بە نیگا و چاوی بینەریش، ئه‌مه‌ش دۆکیۆمێنتکردنێکی زۆر ووردە ، هەتا ئەم فۆتۆیە بمێنێ ئەو نیگایە بە زیندوێتی دەمێنێ و ئەمە بەشێکە لە زیندوێتی فۆتۆکە.

 

ده‌رباره‌ی ئەم لێکدانەوە وشیکاریانەدا، هونەرمەند خۆی  دەڵێت :  من حەزدەکەم بینەر خۆی چۆن ئەیبینێ و چۆن لێی تێده‌گات با بەو شێوەیە بێت… دەشتوانین ئەم قسەیەی (هەڵۆ لانۆ)  بۆ ئەو دوای فۆتۆکانیشی بەکاربێنین، بەمجۆرە ئەو ئازادی بە بینەر ئەدا بۆ تێروانین و لێکدانەوەی خۆی بۆ فۆتۆکانی.

 

هەڵۆ لانۆ هەوڵیداوە فۆتۆی شتەکان وەکو خۆیان بگرێت،  لەگەڵ هەندێ دەستکاریکردنی بچووک  بچووک کە بەڕای خۆی: بە مەرجێ نەگاتە ئەوەی لە ڕاستی بابەتی فۆتۆکە دوورکەوێتەوە…بەمجۆرە وەکو وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە (وینەگرتن یان فۆتۆ دروستکردن) ئەتوانم بڵێم هەڵۆ لانۆ هەم فۆتۆ دەگرێ و هەم فۆتۆیش دروستدەکات، لەبەر ئەوەی ئەو جگە لە بەکارهێنانی کامیرا بۆ فۆتۆ گرتنی بابەتەکان دەیەوێت خۆیشی ڕۆڵی  هەبێت و جار و بار  ئه‌زموونگه‌ری بە کامیراکەی دەکات.

ته‌واو

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان 

[1]-Christa Pack.

[2]– Christa Pack.

[3]– هەمان سەرچاوە.

[4]– Marie-Christine frein v. Ungern- Sternberg: 36

[5]Vgl. Monika Wagner: 28.

[6]-Christina Pack. 17

[7]لیرەدا مەبەست لەچاوی (هەڵۆ) ، هەڵۆی هونەرمەند نییە ، بەڵکو هەڵۆی باڵندەیە. وەکو ئاشکرایە لە زمانی هونەری فۆتۆگرفدا سێ جۆر نیگا هەیە بۆ وینەگردن ، یەکێکیان  لەسەرەوە کە لە (چاوی هەڵۆ)ی پێدەگوترێ و گردنی فۆتۆ لە خوارەوە کە لە (چاوی بۆق)ی پێدەگوتری و ئەوەی سێهەم لە بەرامبەرەوە کە لە (چاوی مرۆڤەوەی) پێدەگوترێ.

[8]– بروانە پەراوێزی ژمارە حەوت.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین