ئاكادیمای پلاتۆن ؛ پلاتۆن و ئه‌رستۆ له‌ته‌ینستیه‌وه‌ و له‌ناوه‌ڕستدا و دیۆگین له‌سه‌ر قادرمه‌كان دانیشتووه‌ - نیگاركێش ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١

کاوە جەلال؛ لەبارەى سێ لێچواندنەکەى پلاتۆن لە دیالۆگى کۆماردا

 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه

كاوه‌ جه‌لال – نوسه‌ر و تایبمه‌ند له‌بواری فه‌لسه‌فه‌

پێشگۆتن

ئەم توێژینەوەیە لەبارەى سێ لێچواندنەکەى خۆر و هێڵ و ئەشکەوت لە دیالۆگى ‘کۆمار‘دا بە بابەتێکەوە خەریکە کە دەکەوێتە قۆناغی ناوەڕاستی فەلسەفاندنی پلاتۆنەوە (1).

پلاتۆن ناونیشانێکى لاوەکیى بۆ دیالۆگى ‘کۆمار‘ داناوە: ‘لەبارەى دادپەروەرى‘. ئەو لەم دیالۆگەدا لەبارەى ژیانى بەداد لە دەوڵەتدا دەپرسێت و خودى دادپەروەری بەند دەکات بە مەئریفەى ئیدێى چاکەوە. کێ لە ئیدێى چاکە تێنەگات، لە ڕەوشتى دادپەروەرى تێناگات. ئیدێى چاکە بە دیدى پلاتۆن دوا ئامانجى مەئریفە و کردارە. لێ ئایا ئیدێى چاکە چییە؟ سۆکرات لە دیالۆگەکەدا ناتوانێت ڕاستەوخۆ وەڵامى ئەم پرسیارە بداتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات ناڕاستەوخۆ بەڕێى لێچواندنەوە (ئانالۆگی) لێى نزیکبکەوێتەوە.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانە بۆ بەشداریکردنێکى ئەکادیمى لەو دەگمەنە ئیشانەدا کە بە کوردى لەبارەى هزرى پلاتۆن نووسراون، بەشداریکردنیش تەنیا ئەو واتایە دەگەیەنێت کە ڕووبەرى دانوستاندن لەبارەى فەلسەفەى پلاتۆن فراوانتر بکرێت.

لە بەشى یەکەمى ئەم توێژینەوەیەدا ڕوودەکەینە پرسیارى لێچواندن وەک هەوڵێک بۆ پێشاندانی شتى نادیار بەڕێى نموونەى دیارەوە. پاشان لە بەشى دووەمدا بە سێ تەوەرى جیاواز لێچواندنەکانى خۆر و هێڵ و ئەشکەوت دادەڕێژین و هەر یەکەیان لە بڕگەى تایبەت بە تەوەرى خۆیدا ڕووندەکەینەوە، لێ بۆ پتر تێگەیشتن لە لێچواندنى هێڵ، پەیوەندییەکانمان هاوکات بە هێڵکارییەک پێشانداوە. ئەوجا لە کۆتاییدا، لە بەشى سێیەمدا، سەرلەنوێ سێ لێچواندنەکە پێکەوە لە پەیوەندیاندا بە یەکترییەوە و لە مەبەستیاندا راڤە دەکەین.

بەشى یەکەم: لێچواندن وەک دەسوێژى ڕوونکردنەوەى دراوێکى ئەبستراکت

لێچواندن ڕوونکردنەوەیە بەڕێى وێنەوە

لێچواندن ڕوونکردنەوەیە بەڕێى وێنەوە، یان مرۆ نموونەى دیار وەردەگرێت تاکو ئاماژە بۆ بابەتێکى شارراوە بدات. لێ ئێمە نابێت ئەم جۆرەى ڕوونکردنەوە بە واتاى وشە وەربگرین، بەڵکو پێویستە وێنەکە بەسەر ئەو بابەتەدا بەکاربەرین کە دیار نییە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە لەبەر چە هۆیەک پلاتۆن هانا بۆ لێچواندن دەبات تاکو لە ئیدێى چاکە نزیکبکەوێتەوە؟ بۆ ئەوەى لە وەڵامى ئەم پرسیارە نزیک بکەوینەوە، پێویستە لە دوالیزمى جیهانى ئەزموون و ئیدێ بڕوانین.

دوالیزمى جیهانى ئیدێ و ئەزموون ئەو واتایە دەگەیەنێت کە پلاتۆن لە نێوان دوو شێوەى جیاى داکەوتدا (واقعدا) جیاوازى دەکات کە بریتین لە جیهانى ئیدێ وەک سەروێنە و جیهانى ئەزموون وەک دەروێنە، ئەمەش پەیوەندییەکە کە دەشێت بە شرۆڤە ڕوونبکرێتەوە. پلاتۆن شتەکانى جیهان تەنیا وەک دیاردە یان وه‌ک دەروێنەى ئیدێکان دادەنێت، خودی ئیدێکانیش لە کایەى هۆشەکیى پەتیدا گریمانه‌ دەکات و دیاردەکان دەخاتە پەیوەندیى بەشداریکردنەوە (مێتێکسیس) لەو ئیدێیانەدا. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە لاى پلاتۆن دوو جیهانمان نییە کە بەرانبەر یەکترى وەستابنەوە، بەڵکو هەر تایبەتێتییەکى جیهانى ئەزموون بەشدارى لەو ئیدێیەدا دەکات کە سەروێنەى خۆیەتى. لێ ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆ شێوازى مەئریفە دیارى دەکات: جیهانى ئەزموون کە دیاردەى جیهانى ئیدێکانە، تەنیا بەڕێى سێنسه‌کانەوە (حەواسەکانەوە) دەرکدەکرێت بەبێ ئەوەى سێنسه‌کان هیچ شتێکمان لەبارەى بوونى دەرککراوەکان پێڕابگەیەنن. کەواتە دەرککردن لاى پلاتۆن مەئریفەی ڕاستەقینە نییە، بۆیە ئەرکى مرۆڤى مەئریفەخواز ئەوەیە کە سەرجەم کۆششى خۆى ئاڕاستەى ناسینى ئیدێکان بکات. پلاتۆن ئەم کۆششە بۆ گەیشتن بە ناسینی ئیدێکان وەک سەرەنجامى ئانامنێزیس (یادهێنانەوە) دەبینێت: دەروون لە پرۆسەى مەئریفەی ئیدێکاندا ئەوەى دێتەوە یاد کە پێش هاتنى بۆ نێو لەش لە هەبوونە سەرمەدییەکەى خۆیدا لێیڕوانیوە. بەگشتى مەرجى گەیشتن بە ڕاستى ئەوەیە کە مرۆ بزانێت دەرککردن تەنیا دیاردەى شتە تایبەتییەکان وەردەگرێت، لێرەشەوە مرۆ ناچار دەبێت کە بە دەرککردنى دیاردەکان قایل نەبێت، بەڵکو هەوڵ دەدات لە بوونى هەر دیاردەیەکى دەرککردن تێبگات. لێ پێویستە هۆشى ئەو بەرگەى باڵاترین مەئریفە بگرێت کە مەئریفەى چاکەیە و بەرزترە تەنانەت لە چوار فەزیلە سەرەکییەکەی دادپەروەرى و ئیمان، ناخسەنگینى و دلێرى. بێگومان هۆش هەرگیز ناتوانێت بەتەواوى لەبارەى چاکە بزانێت، لێ گەر نەتوانێت لە چاکە تێبگات، ئەوسا هیچ لەبارەى داد و جوان و ماتماتیک و هتد بەباشى نازانێت.

 

 

ئێمە لێرەدا دەگەینەوە بەو پرسیارە کە لەبەر چە هۆیەک پلاتۆن بۆ روونکردنەوەى ئیدێى چاکە هانا بۆ لێچواندن دەبات. پلاتۆن له‌ شرۆڤه‌ی مه‌ئریفه‌دا له‌ جیهانی ده‌رککردنه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت و سه‌رده‌که‌وێت ڕووه‌و گشتێتی و گشتیتر، که‌ ئیدی له‌ جێیه‌کی تایبه‌تیدا ده‌گات به‌ ئیدێی بوون که‌ خۆی به‌سه‌ر هه‌موو ئیدێکانی دیکه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌. لێ ڕوونکردنه‌وه‌کانی ئەو په‌یوه‌ند به‌ ئیدێی چاکه‌وه‌ هێنده‌ ڕۆشن نین، به‌ واتایه‌کی دی پلاتۆن ته‌نیا به‌ ده‌سوێژی لێچواندن ده‌رفه‌ت بۆ خۆی ده‌ڕه‌خسێنێت له‌ پرسی ئیدێی چاکه‌ نزیک بکه‌وێته‌وه‌. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ دەسوێژى لێچواندن کە پلاتۆن بۆ ڕوونکردنەوەى ئیدێى چاکە هاناى بۆ دەبات، ته‌نیا ئه‌و واتایه‌ ده‌گەیەنێت کە مرۆ ناتوانێت ئەم ئیدێیە به‌ڕوونی دیاری بکات. کەواتە ئیدێى چاکە لاى پلاتۆن ڕوون نییە، ئەمەش وایکردووە کە هەتا ئەمڕۆ بە چەندین شێوەى جیا ڕاڤەبکرێت. “پلاتۆن بە شێوەیەکى هونەریى جوان لێچواندنەکان ئاوەڵا دەکات و بە قەشەنگى دایاندەڕێژێت، لێ سەرەڕاى ئەمە هەتا ئەمڕۆ توێژەرانى پلاتۆن کۆک نین سەبارەت بەوە کە داخۆ پلاتۆن بە دەستەواژەى ‘ئیدێى چاکە‘ لە چى بدوێت. هەتا ئەمڕۆ مەزەنەى مسۆگەرنەکراو، بنیاتنانى ئەندێشەیى و جۆرى ناڕۆشنى ئاخافتن باڵادەستن”(2).

پلاتۆن لە بەشى شەشەمى دیالۆگى “کۆمار”دا ڕوودەکاتە پرسى ئیدێى چاکە (3). ئەو لەم بەشەدا جیاوازى دەکات لە نێوان ژیانى بەداد و بێداد لە جیهاندا، واتا لە دەوڵەتدا. بە دیدى ئەو تەنیا گەر فەیلەسوفەکان ببن بە دەسەڵاتدارى دەوڵەت، ئیدی دادپەروەرى لە دەوڵەتدا مسۆگەر دەکرێت، چونکە تەنیا ئەمانن کە بەهۆى تێگەیشتنیانەوە لە ئیدێى چاکە دەتوانن بە هێزى مەئریفە و ئەزموونیان کۆتایى بە بێئارامیى جیهانى مێژوویى بهێنن. لێ پلاتۆن بۆ ئەوەى لە کرۆکى ئیدێى چاکە “نزیکبکەوێتەوە”، ڕاستەوخۆ دوالیزمى جیهانى ئەزموون و جیهانى ئیدێ بەگەڕدەخات، ئەمەش بەڕێى خوازەوە لە سێ لێچواندنەکەى خۆر و هێڵ و ئەشکەوتدا. بە واتایەکى دى ببێژین، پلاتۆن ئیدێى چاکە ڕوونناکەنەوە، بەڵکو پرسى ئیدێى چاکە دەخاتە فۆرمى لێچواندنەوە، چونکە ئەوە کە پلاتۆن وەک دوا ئامانجى سەرجەم کردارى مرۆڤ دایدەنێت، تەنیا بەڕێى وێنەوە شیاوى پێشاندانە (4). وێنە گەرەکە ڕوونیبکاتەوە کە چۆن فەیلەسوفەکان بە مەئریفەى ئیدێى چاکە دەگەن، لێ بەبێ ئەوەى پاشان بتوانن بە هەموو دانیشتوانى دەوڵەتى ڕابگەیەنن. ئەم کێشەیە لە دیالۆگى ‘تیمایۆس‘دا بەڕوونى دەردەکەوێت. تیمایۆس ڕوودەکاتە دانیشتوان و پێیان دەبێژێت: “دۆزینەوەى هۆکارى (بناغەى) … گەردوون ئاسان نییە، لێ دواى ئەوەى دۆزرایەوە، مەحاڵە بە هەمووان ڕابگەیەنرێت” (5). بۆیە گەرەکە دوا ئامانجى کردار و مەئریفە بەڕێى نموونەى دیارەوە کە خۆرە، پێشان بدرێت.

ئاكادیمای پلاتۆن – پلاتۆن له‌ناوه‌ڕستدا و دیۆگین له‌سه‌ر قادرمه‌كان دانیشتووه‌ – نیگاركێش ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١

بەشى دووەم: سێ لێچوانەکەى خۆر و هێڵ و ئەشکەوت

تەوەرى یەکەم: لێچواندنى خۆر

بڕگەى یەکەم: داڕشتنى لێچواندنەکە

مرۆڤ بە چاو دەبینێت، هەروەها بە سێنسەکانى دیکەی دەرکى سەرجەم شتەکانى شیاوى دەرککردن دەکات. لێ بۆ ئەوەى چاو بتوانێت شتە دیارەکان ببینێت، پێویستى بە سێیەمێکە کە ڕوناکییە و لە سروشتەوە بۆ ئەم مەبەستە دروستکراوە. ڕوناکى پەیوەندییەک لە نێوان سێنسى بینین و شتە دیارەکاندا چێدەکات. لێ ڕوناکى بێسەرچاوە نییە، بەڵکو لە لایەن خۆرەوە دەپەخشێنرێت. خۆر بریتییە لەو سەرچاوەیە کە چاکە وەک وێنە (نموونە)ى خۆى دروستى کردووە.

لە نێوان سێنسى بینین و خۆردا رێژەیەک هەیە: چۆن چاکە لە کایەى هۆشەکیدا پەیوەندى بە ئاوەز (نووس) و کایەى ئەزموونەوە دەکات، بە هەمان شێوە خۆر لە کایەى ئەزمووندا پەیوەندى بە سێنسى بینینەوە دەکات، هەروەها چۆن چاو لە تاریکیدا نزیکەى کوێرە، بە هەمان شێوە گه‌ر هۆش ڕووبکاتە تاریکى، واتا ڕووبکاتە جیهانى ئەزموون/مادی کە لەژێر ڕکێفى دروستبوون و لەناوچووندایە، ئه‌وا ڕۆدەچێت بۆ سەر ئاستى بۆچوون. لێ گەر هۆش بە پێچەوانەوە ڕوو لەوە بکات کە بوون و چاکە تیشکى بەسەردا دەپەخشێنن، ئەوا هەر ئەوەندى لێى تێگەیشت، ئیدى دەگات بە هێزى هزرین. تەنیا ئیدێى چاکە ڕاستى بە بابەتى مەئریفە و بە کەسى ناسەریش هێزى مەئریفە دەبەخشێت. ئیدێى چاکە بریتییە لە هۆکارى مەئریفە و ڕاستى کە هۆش دەیانناسێت. بێگومان رەوایە گەر ئێمە چاو و ڕوناکى بە خۆرین دابنێین، لێ بۆمان نییە بە خودى خۆریان دابنێین. مەسەلەکە لەتەک ڕاستى و مەئریفەشدا بە هەمان شێوەیە. هەردووکیان لە چاکە دەچن، لێ پێى یەکسان نین (6).

بڕگەى دووەم: ڕوونکردنەوەی لێچواندنەکە

لەم لێچواندنەدا دەردەکەوێت کە تاریکى سەرچاوەیەکى نییە و لێوەى بتەنێتەوە، لێ ڕوناکى بە پێچەوانەوە لە شتێکەوە دەپەخشێت کە خۆرە و بەسەر خودى ڕوناکیدا سەروەرە، خۆریش وێنەى چاکەیە کە چاکە وەک دەروێنەى خۆى چێیکردووە. هەر شتێک لەبەر تیشکى خۆردا بێت، دیارە، چى لە تاریکیدا بێت، دیار نییە یان بە زەحمەت دەبینرێت. کەواتە ئەم پەیوەندییە واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە هەر شتێک لەبەر ڕوناکیى ئیدێى چاکەدا بێت، ئیدى لەو شتەوە ڕاستى و بوونەوەر دەدرەوشێنەوە، لێ هەر شتێک لەبەر ئەو ڕوناکییەدا نەبێت، سەر بە کایەى ئەزموونە (جیهانی مادییە) کە تایبەتە بە دروستبوون و لەناوچوون.

لێچواندنى خۆر ڕێژە لە نێوان سەروێنە و دەروێنەدا دادەنێت. لەبەر ئەوەى لاى پلاتۆن دەروێنە ناکامیلە و تەنیا دیاردەى بوونەوەرێکى کامیلە، ئەوا “دەروێنە لاى خۆى نییە، بەڵکو خۆى لە دۆخى ئاماژەداندا دەبینێتەوە”، واتا دەروێنە شتێکە کە “شتێکى دى دیاردەهێنێت. کەواتە دەروێنە دەبێت لەو شتە جیاواز بێت کە دیاریدەهێنێت. وێنە تەنیا بەو ڕێیەوە وێنەى شتێکە، گەر ئەو شتە نەبێت کە وێنەى دەداتەوە، بەڵکو بۆ خۆى شتێک بێت. وێنە لە لایەکى دیکەوە تەنیا کاتێک وێنەیە، گەر ئەو شتە کە بۆ خۆى هەیە، بەئاشکرا پێشان نەدات، بەڵکو ئەویدی دیاربهێنێت”(7). جگە لەوە ناشێت “لە نێوان سەروێنە و دەروێنەدا یەکگرتنەوەیەکى هەمەکى و جیاوازییەکى هەمەکى هەبێت”، چونکە گەر یەکگرتنەوەیەکى تەواو لە نێوانیاندا هەبێت، “ئەوسا دەروێنەکە ئۆریجینالێکى (ئەسڵێکى) دووەم دەبێت” بەپاڵ سەروێنەوە، هەروەها گەر جیاوازییەکى هەمەکی لە نێوانیاندا وەربگیرێت، “ئەوسا دوو کایەى تەواو ناتەبا هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکترییەوە نابێت و دەرفەت نادەن هیچ بەراوردێک لە نێوانیاندا بکرێت”. پلاتۆن بە پێویستى دەزانێت کە لە نێوانیاندا “یەکگرتنەوەیەکى یەکلایەنى بە جیاوازییەکى یەکلایەنییەوە هەبێت وەک نیشانەیەک بۆ لەیەکچوونیان نەک هاوشێوەییان”(8). لەیەکچوون نیشانەیە بۆ نەبوونى یەکانگیرى یان شوناس لە نێوان ئه‌و دوو تەوەرەیەدا، لێرەشدا هەمیشە تەوەرەى دیار کە دەرکدەکرێت (خۆر)، لە تەوەرەى نادیار دەچێت. پلاتۆن لەم لێچواندنەدا خوازەى خۆر و چاو بەکاردەهێنێت تاکو بەڕێیانەوە ئاماژە بۆ دوا ئامانجى ئاوەز بدات. گه‌ر ئاوه‌ز بییه‌وێت هێزی ناسینی هه‌بێت، ئه‌وا پێویستە ئامانجێکی دوایه‌مین بۆ خۆى دابنێت. ئه‌م دوایەمین ئامانجه‌ بریتییه‌ له‌ مه‌ئریفه‌ی ئیدێی چاکه‌. په‌یوه‌ندکردنی مەئریفە بە ئیدێى چاکەوە شیمانه‌یه‌ک ده‌هێنێته‌ گۆڕێ بۆ ئەوەى “پەیوەندییەکى تایبەتیى چاکە بە ئیدێکانى دیکەوە چێبکرێت”(9). که‌واته‌ لەبەر ئەوەى تەنیا بوونەوەرى هەمیشە هەبوو، واتا ئیدێ، شیاوى ناسینە، ئەوا ئەم ناسینه‌ یان مەئریفەیە هاوکات ئیدێى چاکە دەگرێتەوە، چونکە “ئەم ئیدێیەش پێگەیەکى ئۆنتۆلۆژیانەى هەیە کە بێگومان تەواو جیاوازە لە پێگەى ئیدێکانى دى”، لێ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ پێویستە هزر “پەیوەندییەکى ئۆنتۆلۆژیانە لە نێوان ئەم ئیدێیە و ئیدێکانى دیکەدا” وەربگرێت (10).

تەوەرى دووەم: لێچواندنى هێڵ

بڕگەى یەکەم: داڕشتنى لێچواندنەکە

لێچواندنى هێڵ ڕاستەوخۆ بەدووى لێچواندنى خۆردا دێت. سۆکراتى پلاتۆن لە لێچواندنى خۆردا ڕێژەى تایبەتى لە نێوان سەروێنە و دەروێنەدا پێشان دەدات، لێ لە لێچواندنى هێڵدا خۆى بە خودى ڕێژەکانەوە خەریک دەکات. ئەو کێشەى تایبەتى دەکات بە هێما و هەوڵ دەدات ڕوونیان بکاتەوە.

سۆکرات لەم لێچواندنەدا هێڵێک بەسەر دوو کەرتى نایەکساندا بەش دەکات کە هێمان بۆ هەردوو کایەى ئەزموون و هۆشەکى، لێ روونى ناکاتە کام کەرتەیان لەویدیکەیان گەورەترە. ئەوجا ئەم دوو کەرتەهێڵە بە هەمان رێژەى کەرتکردنى یەکەم دووبەش دەکات و لە کۆتاییدا چوار کەرتى بۆ مەبەستەکانى لە بەردەستدا دەبێت.

کەرتى یەکەم تایبەتە بە کایەى وێنەکان، واتا کایەى سێبەر و وێنەدانەوەى سەرجەم ئەو شتانە کە تایبەتن بە دەرککردن، لێ کەرتى دووەم تەرخان کراوە بۆ خودى بابەتەکانى دەرککردن، بۆ نموونە زیندەوەر و بابەتە دروستکراوەکان. ئەم دوو کایەیە کە تایبەتن بە جیهانى ئەزموون، شێوەى جیاوازى مەئریفەیان هەیە: مەئریفەى کایەى وێنەکان بریتییە لە بۆچوون (aikasia)، مەئریفەى بابەتەکانى دەرککردن بریتییە لە باوەڕکردن (pistis)، هەردووکیان پێکەوە بریتین لە ڕا (doxa).

کەرتى سێیەم و چوارەمى هێڵەکە تەرخانکراون بۆ کایەى بابەتە هۆشەکییەکان. لێ هزر ناتوانێت ڕاستەوخۆ هەنگاوبنێتە نێو کایەى سێیەمەوە، بەڵکو دەبێت بە یاریدەى گریمانە (هیپۆتێز) بۆ کایەى سێیەم بگەڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش بابەتە مادییەکانى دەرککردن وەک دەسوێژ وەردەگرێت. ئەوجا گریمانەکانیش لە لایەنى خۆیانەوە دەبن بە دەسوێژێک بۆ هزر تاکو هەنگاو بنێتە نێو چوارەم کەرتى هێڵەکەوە. کەرتى سێیەم تایبەتە بە ماتماتیک، کەرتى چوارەم تەرخانکراوە بۆ ئیدێکان. لێ بۆ ئاوەز بەس نییە کە تەنیا شرۆڤەییانە لە ئیدێکان تێبگات، بەڵکو هاوکات گەرەکە ڕووەو ئەو بنەمایە هەنگاو بنێت کە پلاتۆن ناوى دەنێت “بناغەى بێمەرج”(11). ئاوەز لە چوارەم کەرتى هێڵەکەدا تەنیا بە تێگە پەتییەکان کاردەکات تاکو بەم شێوەیە مێتۆدى خۆى بۆ مەئریفە چێبکات. ئەم دوو کەرتەهێڵەى کایەى هۆشەکیش شێوەى مەئریفەى خۆیان هەیە: شێوەى مەئریفەى کەرتى سێیەم بریتییە لە گریمانە (dianoia)، لێ شێوەى مەئریفەى کەرتى چوارەم بریتییە لە تێگە (nous).

بڕگەى دووەم: ڕوونکردنەوەى لێچواندنه‌که‌

پلاتۆن لەنێو خودى جیهانى ئەزمووندا جیاوازى لە نێوان دوو کایەى داکەوتدا دەکات: نزمترین کەرتى هێڵەکە تەنیا وێنەى شتەکان، یان سێبەر و وێنەدراوەکان، پێشان دەدات، بۆ نموونە وێنەى دراوە لەنێو ئاودا، یان وێنەى دروستکراو، جگە لەوە مەئریفەى ئەم کەرتەهێڵە ڕاستەوخۆ ڕوودەکاتە دەروێنەکان نەک ڕووبکاتە خودى ئەو بابەتانە کە وێنەدراونەتەوە.

کەرتەهێڵى دووەم شێوەى تایبەتى مەئریفەى هەیە. گەرچى ئەم کەرتەى هێڵەکە تایبەتە بە شتەکانى شیاوى دەرککردن، “لێ شێوەى مەئریفەى ئەم کەرتەهێڵە دەرککردن نییە، بەڵکو بڕوایە. هەموو شتێکى تایبەت بە ئەزموون هاوکات ئۆبژێکتى (دانراوی) بڕوایە. بێگومان بڕوا ڕوودەکاتە شتەکانى شیاوى دەرککردن، لێ خودى ئەم بڕوایە تەواو جیاوازە لە دەرککردنى سانا”، چونکە “بڕوا هەر بابەتێکى خۆى وەک شتێکى تایبەتى تێدەگات. بڕوا هەمیشە توخمى ئەوتۆ لەخۆدەگرێت کە لە دەرککردنەوە نەهاتوون”(12).

کەرتەهێڵى شتە مادییەکان ڕاستەوخۆ لکاوە بە کایەى هۆشەکییەوە، واتا بە کەرتەهێڵى سێیەمەوە. کەواتە رۆڵێکى نێوەندیار لە نێوان هەردوو کایەى ئەزموون و هۆشەکیدا وەردەگرێت. لەم ڕوانگەیەوە “شتە مادییەکان دوو جار لە پەیوەندیى هێڵەکەدا دەردەکەون، لێ هەر جارەیان بە کاراییەکى جیاوازەوە: شتەکان وەک هاوبەندى کەرتەهێڵی دووەم دەشێت بابەتى دەرککردن بن، یان بەتایبەتى بابەتى بڕوا بن”، بۆ نموونە کاتێک مرۆ گۆتەیەک بە یاریدەى هەڵگیراو (پرێدیکات / مەحمول) لەبارەى ئەوان دەردەبڕێت (“سێوەکە پێگەیشتووە”)، لێ “لە لایەکى دی دەشێت شتەکان وەک دەروێنە وەربگیرێن، لەم حاڵەتەشدا ئەوان چیدى وەک بابەت مەبەست نین، بەڵکو ناڕاستەوخۆ لە کاراییاندا وەک دەروێنە”(13) مەبەستن، بۆ نموونە مرۆ ڕووبەرى زەویی ژوورێک وەک دەروێنەى چوارلایەکسانى ماتماتیکى وەردەگرێت.

گریمانەکان لە کەرتەهێڵى سێیەمدا “دەرچەن بە مۆرکێکى ئۆبژێکتییەوە”(14)، بە واتایەکى دى، ماتماتیکییەکان خۆیان بە تێگەوە خەریک ناکەن، بەڵکو بە شتە مادییەکانى شیاوى دەرککردنەوە، واتا بە شێوە ئەندازەییەکانى وەک ڕاست و چەماوە، سێ جۆرەکەى سێگۆشە و شێوەى دیکەى ئەندازەییەوە، لێرەشدا تێگەى ئەو شێوانە (سێگۆشە، هاوکێشە و هتد) وەک پێشمەرج دادەنێن. ماتماتیکییه‌کان له‌ دانانی تێگه‌کاندا پێشبینی ده‌که‌ن کە گۆیا زانینێکیان لەبارەى ئەوان هەیه‌، لێ ئه‌وان به‌ دیدی پلاتۆن تەنیا وەک گریمانە دایانناون، چونکە ئەوان لە جیهانى ئەزموونەوە گۆڕان بە هزردۆزەکانیان دەدەن. بۆ نموونە ئه‌وان بابەتێک ناودەنێن چوارلایه‌کسان، لێ ئەو بابەتە هەرگیز بەڕەهایى چوارلایه‌کسان نییه‌، به‌ڵکو له‌ چوارلایه‌کسان ده‌چێت. یان بۆ نموونە “هاوکێشەى ماتماتیکى تەنیا وێنەى خودى هاوکێشەیە و هەرگیز پێى یەکانگیر نییە، چونکە هاوکێشەى ماتماتیکى هەمیشە ڕوودەکاتە پەیوەندییە چەندێتییەکان، لێ ئیدێى ‘هاوکێشە‘ خۆى لە سەرووى چەندێتى و چۆنێتیشەوە دەبینێتەوە. هاوکێشەیەک لە جیهانى ئەزمووندا هەمیشە تێکەڵە بە ناهاوکێشە” (15).

ماتماتیکییەکان لاى پلاتۆن بڕێک لە بوونەوەرى هەمیشە هەبوو تێگەیشتوون. پلاتۆن بۆ ئەم پەیوەندییەى ماتماتیکییەکان بە بوونەوەرەوە خوازەى “خەون” بەکاردەهێنێت: هەتا ئەو کاتە کە ماتماتیکى خۆى بە گریمانەوە خەریک بکات، ئەوا تەنیا خەون بە بوونەوەرى هەمیشە هەبووەوە دەبینێت و هەرگیز ناتوانێت لە کاتى بێداریدا بیبینێت (16). خەونبین نازانێت کە ئەو خەون دەبینێت، جگە لەوە تەنیا خۆى پێگەیەکى ریال بە وێنەى خەونەکانى دەدات بەبێ ئەوەى وێنەکان شایانى ئەو پێگەیە بن. ئاخر خەون ریال نییە، بەڵکو تەنیا خەونە (17).

پلاتۆن بە تێگەى ‘مێتێکسیس‘ (بەشداریکردن) دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەى هزر بەبێ بازدان هەنگاو بنێتە نێو کایەى پەتیى هۆشەکییەوە. یەکەم کایەى هۆشەکى، واتا ماتماتیک کە جۆرى مەئریفەکەى گریمانەیە، رۆڵى نێوەندیار وەردەگرێت. هزرمەند لە خۆڕەخنەى مەئریفەدا، یان بە واتایەکى دى لە پشکنینى مەئریفەدا دەبینێت کە هۆش لە جیهانى ئەزمووندا تەنیا “ڕا”یەکى لەبارەی شتەکان هەیە، واتا لەبارەیان نازانێت، چونکە شتەکان تەنیا دیاردەن (دەروێنەن) و بەمەش تەنیا بابەتى دەرککردنن، لێ هزرمەند هاوکات دەبینێت کە بە یاریدەى شتەکان “هەبوون”ى کەرتەجیهانێکى هۆشەکى ڕووندەبێتەوە کە کایەى ماتماتیکە. ئەمە کایەیەکى ئەوتۆى بوونەوەرەکانە کە ماتماتیکییەکان وەک پێشمەرجى دیاریکردن و ڕێکخستن دایدەنێن. هەبووە ماتماتیکییەکان کە کەمترین ناتەواوییان تێدا نییە، تەنیا کاتێک لە هەبوونى ڕاستەقینەیاندا دەناسرێن، گەر وەک دەسوێژى کارکردن و فێرکارى وەرنەگیرێن، بەڵکو وەک ئاستێکى ئەوتۆى مەئریفە دابینبکرێن کە لێوەى هزرمەند بتوانێت لەنێو هەبوونى خۆیاندا لێیان تێبگات. بەم شێوەیە هێدى هێدى تێگەکان لە هۆشى هزرمەنددا دێنە ئاراوە، لێ ئەو جارێ پێویستە ڕێکخراویى هەرەمییان بناسێت. هزرمەند بە هێزى دیالێکتیک ئەو پلەیە جێدەهێڵێت کە تێیدا ماتماتیکییەکان چەقیون.

کەواتە دیالێکتیکی خۆی لە کەرتەهێڵى چوارەمدا بە گریمانەوە خەریکدەکات، لێ ئێستا بە پێچەوانەى ماتماتیکییەکانەوە گریمانەکان بە پرنسیپى ڕاستەقینە دانانێت، بەڵکو وەک خودى خۆیان، واتا وەک گریمانە وەریان دەگرێت. ماتماتیکى و دیالێکتیکى هەردووکیان بە بابەتەکانى هزرەوە خەریکن، لێ هاوکات بەهۆى ئاڕاستەیانەوە ڕووەو بابەتەکانى هزر لە یەکترى جیادەبنەوە. دیالێکتیکى دەتوانێت بە پێچەوانەى ماتماتیکییەوە زانینى خۆى و توخمەکانى ئەو زانینەى ڕوونبکاتەوە، لێ ئەمە واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت کە ئەو شتێکى گریمانەکراو وەک دەرەنجام بباتەوە و بسەلمێنێت. دیالێکتیکى خۆى لە ناوەرۆک و مێتۆد و سەرەنجامى ئەو دیسپلینانە بەدوور دەگرێت کە تایبەتن بە سێیەم کەرتى هێڵەکە، لێ سەرەڕاى ئەمە دەتوانێت مەئریفەى نەهەنگێوەرى ماتماتیکییەکان بناسێتەوە و ڕاستبکاتەوە(18) – ئاخر ئەو خۆیشى بەنێو ئەو بوارەى ماتماتیکدا تێپەڕیوە و پاشان هەنگاوى ناوەتە نێو کایەى ئیدێکانەوە.

ئارستیۆ تالیس – پلاتۆن – له‌ناو ئه‌كادیمای پلاتۆن – تابلۆی ڕافائیل ١٥٠٩-١٥١١

ئیدێکان بونیادێکى هەرەمییان هەیە: لە توێژى ژێرەوەى ئەم هەرەمەدا بۆ نموونە ئیدێکانى گوڵە هێرۆ، ژاڵە، ئەسپ، پشیلە، کۆتر، چۆلەکە و هتد هەن، توێژى سەروویان پێکدێت لە ئیدێکانى ڕووەک، شیردەر، باڵندە، لە سەرووى ئەمانەوە ئیدێى زیندەوەر و لە سەرووى ئەمیشەوە ئیدێى ژیان هەیە، دوا پلەى ئەم هەرەمە بریتییە لە ئیدێى بوون. هەموو شتێک لە جیهانى ئەزمووندا کە جیهانى تایبەتێتییە زۆرەکانە، تەنیا دەروێنەى ئیدێیەکە. لە ئیدێى گوڵە هێرۆدا هەموو گوڵە هێرۆکانى جیهان بەشدارن. لە ئیدێى گوڵدا هەموو گوڵەکان. ئیدێى گوڵ گشتیترە لە ئیدێى گوڵە هێرۆ، ئەمیش گشتیترە لەو گوڵە مادییە کە ناوى دەنێین هێرۆ. مەرجى ئیدێى گوڵە هێرۆ بریتیە لە ئیدێکانى گوڵ، ڕووەک، زیندەوەر، بوون. لێ بۆ ئەوەى ئیدێى گوڵە هێرۆ بتوانێت خودى ئەم ئیدێیە بێت، ئەوا پێویستە لەتەک خۆیدا یەک بێت و هاوکات لە ئەوانیدى جیاواز بێت. کەواتە مەرجى دیکەى گوڵە هێرۆ بریتین لە ئیدێکانى ئیدێنتیتێ / شوناس و جیاوازى. بەم پێیە دەبێت ئیدێى بوون (کرۆک، ئووسییا) بریتى بێت لە باڵاترین یان گشتیترین ئیدێ، چونکە هەر شتێک کە هەیە، بەدەر نییە لە بوون. کەواتە ئیدێکان دەتوانن “تێکەڵ بە یەکترى ببن بەبێ ئەوەى خۆجۆرییەکەیان بدۆڕێنن. بۆ نموونە کاتێک ئیدێکانى یەکایەتى، زۆرێتى، ئیدێنتیتێ/شوناس، جیاوازى، بوون، نەبوون و هتد، نێویەکییانە چ وەک بابەت (سەبژێکت) و چ وەک هەڵگیراو (پرێدیکات) کارا دەبن، ئەوا بەسەر ئەو رۆڵە جیاوازەدا کە وەریان گرتووە، بۆ لاى خۆیان دەگەڕێنەوە و سەرەرەڕاى ئەم ئاڵوگۆڕەیان شوناسى خۆیان دەپارێزن. بۆ نموونە یەک (ئەلواحید) وەک بابەت نەک تەنیا بەڕێى زۆرێتیى هەڵگیراوەکانى وەک بوون، ئیدێنتیتێ، جیاوازى و هتد دیارى دەکرێت، بەڵکو ئەو خۆیشى وەک هەڵگیراوى ئەوان یەکایەتییەکەى دەپارێزێت. کەواتە ئیدێکان سەرەڕاى بزووتنیان هێشتا هەر وەک خۆیان دەمێننەوە”(19). ئیدێکان لاى پلاتۆن ئەوەن کە ئەوان لە بنەڕەتدا ئەوەن. ئەوان سرەوتوون، لێ لەبەر ئەوەى هەردەم لە ئیدێیەکى دیکەدان، ئەوا دەبزوێن، بۆ نموونە یەک (ئەلواحید) چە لەنێو خۆى و چە لەنێو ئەویدیدایە، کەواتە دەبێت بەگوێرەى ئەم سروشتەى ببزوێت و بسرەوێت. کاتێک یەک لەنێو خۆیدایە، ئەوا سرەوتووە، لێ لەبەر ئەوەى یەک هەمیشە لەنێو ئەویدییەکدایە، ئەوا هاوکات دەبزوێت.

لە بنەڕەتدا ئیدیێ چاکە “ئامانج”ى دیالێکتیکییە (20). لێرەدا دەکەوینە بەردەم مەبەستى هەڵچوونى ئاوەز بۆ نێو کایەى پەتیى هۆشەکى. ئەم هەڵوچوونەى ئاوەز تەنیا کاتێک مەغزایەکى دەبێت گەر “مەبەست”ى هەڵچوونەکە کە روانینە لە ئیدێى چاکە، بەدیبهێنرێت.

وەک لە سەرەوە بینیمان، دیالێکتیکى ناتوانێت بەبێ گریمانەکان بچێتە نێو کایەى ئیدێکانەوە، لێ دیالێکتیکى دەبێت بەئاگابێت لەوە کە “زانینى ئەو لەبارەى ئیدێکان بەندە بە گریمانەى نەسەلمێنراوى ئیدێکانەوە”، بۆیە گەر لەم دۆخەدا بچەقێت، ئەوا “زانینەکەى لە کۆتاییدا هەر گریمانەیى دەبێت”(21). لەم روانگەیەوە پێویستە “دیالێکتیکى (…) لە گریمانەى ئیدێ و زانینى ئیدێ تێپەڕبکات (…). گەر فەیلەسوفى ئیدێ لەنێو جیهانى ئیدێکاندا بمێنێتەوە، ئەوا لە ڕووى پرنسیپەوە هیچ جیاوازییەکى لە ماتماتیکى نابێت کە قایلە بە زانینى گریمانەیی خۆى. تەنیا گەر ئەو سنوورى جیهانى ئیدێکان ببڕێت، ئەوسا دەچێتە نێو کرۆکەوە”، ئەوجا ڕوو لەو جێیە دەکات کە تایبەتە بە “ئیدێى چاکە. لەوێدا دیالێکتیکى دەپرسێت کە داخۆ زانینى ئیدێکان چە مەغزا و مەبەستێکى (…) هەبێت”(22).

دیالێکتیکى ڕوودەکاتە “ئامانجێکى چەسپ”، واتا “هەرە یەکەمین بنەماى بێمەرج”(23) کە ئیدێى چاکەیە و “بناغە بە هەموو ئیدێکان دەدات”(24). لێ “بنەماى بێمەرج” لە بنەڕەتدا تەنیا دەستەواژەیەکى دیکەیە بۆ ڕەهایەتیى (موتڵەقیەتى = لێجیابۆوەیی) ئەم ئیدێیە، چونکە بەند نییە بە پێشمەرجى دیکەوە، وەک چۆن ئەمە لە ڕەوشى ئیدێکانى دیکەدا بەدى دەکرێت کە سەراپا هەبوون و کرۆکیان لە ئیدێى چاکەوە وەردەگرن. ئەم ئیدێیە “لە سەرچاوە بەدەرە” و هیچ ئیدێیەک “پێش بوونى ناکەوێت”، کەواتە ئیدێى چاکە “ئۆنتۆلۆجیانە لەپێشترە”(25). هەموو ئیدێیەک بوونى هەیە، کرۆکى بە خۆ تایبەتى هەیە و بەڕێى ئەم بوونەیەوە لە هەر ئیدێیەکى دى جیادەبێتەوە، لێ “بوون هەمیشە بناغەیەکى گەرەکە”، بە پێچەوانەى ڕەهاوە (ئەلموتڵەق) کە تەنیا “بەڕێى خۆیەوە هەیە و بۆیە لەوبەر سەرجەم بوونەوەیە”(26). لەم ڕوانگەیەوە شێوەى ناسینى ئیدێى چاکە جیاوازە لە شێوەى ناسینى ئیدێکانى دى.

ئێستا پتر له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نزیککه‌وتووینه‌ته‌وه‌ کە بۆچى سۆکرات لە پرسیارى ئیدێى چاکەدا هانا بۆ لێچواندن دەبات: ئیدێى چاکە شیاوى دیاریکردنی تەواوەتی نییە. ئەو تەنیا شیمانەیەکە بۆ ناسینى ئیدێ، یان دوا ئامانجى مەئریفەیە کە بەها بە مەئریفە و کردار دەدات. “ئیدێى چاکە خۆى لە هەموو دیاریکردنێکى مێتافیزیکى بەدووردەگرێت. ئەوبەرێتییەکەى واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە ئەو بەبێ هیچ گومانێک ئیدێیە، لێ نابێت هەمان مامەڵەى ئیدێکانى دیکەى لەتەکدا بکرێت. پەیوەندییە بەدیهێنەرەکانى ئەو بە ئیدێکانى دیکە و توانستى هزرینى ئێمەوە بەس نین بۆ ئەوە کە کرۆکى حەشاردراوى چاکە ڕوونتر پێشان بدرێت. ئێمە تەنیا کاتێک دەتوانین بڕیارێکى لەبار بەسەر پلاتۆندا بدەین، گەر ئێمە لێچواندنەکە لە کرۆکى چاکەوە نەخوێنینەوە، بەڵکو لە پەیوەندیى نێوان ئیدێى چاکە و ئیدێکانى دیکەوە بیخوێنینەوە (…). کەواتە ئەدگارى ‘مێتافیزیکیانە‘ى ئیدێى چاکە جیاوازە لە ئیدێکانى دى. بەم ئیدێیە چە ئۆنتۆلۆژیانە و چە ئێپیستێمۆلۆژیانە کارایى دەدرێت، کە کاراییەکى مێتافیزیکییە، لێ مێتافیزیکیانە ڕوونناکرێتەوە (27). ئێمە پێویستە ئیدێى چاکە لاى پلاتۆن لە واتایەکى فەلسەفەییدا وەربگرین وەک “ئەو هۆکارە، کە بەشداریى (مێتێکسیس) لە چاکەدا دەشێنێت، چونکە ئەو لە-خۆدا-چاکە و وەک چاک بێبەخیلییە”(28). کەواتە لێچواندنى هێڵ (و لێچواندنەکانى دى) نابن بە دەروویەک ڕووەو ئیدێى چاکە. “ئامانجى لێچواندنەکان ئاشکراییەکى حەدەسییە (ئینتوئیتیڤە) نەک بەڵگەى زانستى”(29).

لێ دواى ئەوە کە دیالێکتیکى لە بناغەى بێمەرج تێدەگات، ئیدى دادەبەزێت بەبێ ئەوەى لە دابەزیندا هیچ بابەتێکى شیاوى دەرککردن وەک دەسوێژ وەربگرێت. ئەم دابەزینە بۆ ئاوەز دەلوێت، چونکە لەنێوان ئیدێکاندا پەیوەندییەکى هەرەمى هەیە. پلاتۆن ئەم پەیوەندییە بە مێتۆدى دابەشاندن (دیهەیڕێزیس) ڕووندەکاتەوە: مێتۆدى دیهەیڕێزیس بریتییە لە دابەشاندنى ئیدێى گشتیتر بەسەر ئیدێى تایبەتیدا و بەم رێیەوە دەتوانین بە پێناسە بگەین. لێ لێرەدا پێویستە ڕەچاوى هەڵبژاردنى ئیدێیەک و پێگەى ئەو ئیدێیە لە ریزى ئیدێکاندا بکەین، واتا پێویستە لە گشتیترین ئیدێوە، بۆ نموونە لە زیندەوەرەوە، دەستپێبکەین و بە جیاکردنەوەى جیاوازى هەنگاو ڕووەو ناوەرۆکێک بنێین کە چیدى شیاوى دابەشاندن نییە. بەم شێوەیە زنجیرەیەکى پێناسەیى سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە “زیندەوەرى دووپێى بێباڵى بمر” دەبێت بە پێناسەى مرۆڤ. پنتى دەستپێکردنى دیهەیڕێزیس لە ‘دەوڵەت‘دا ئیدێى چاکەیە، کە پاشان دابەزینەکە بە شێوەیەکى دیشۆتۆمى (جووتفاقى) بەردەخرێت هەتا هۆش بەو کایەیە دەگات کە تایبەتە بە دیاریکردن.

تەوەرى سێیەم: لێچواندنى ئەشکەوت

بڕگەى یەکەم: داڕشتنى لێچواندنەکە

لێچواندنى ئەشکەوت لە بەشى حەوتەمى دیالۆگى ‘دەوڵەت‘دا دەستپێدەکات، لێ پێویستە پەیوەند بە دوو لێچواندنەکەى پێش خۆیەوە وەریبگرین.

لە ئەشکەوتێکى ژێرزەمینیدا کۆمەڵێک مرۆڤ دەژین. ئەم مرۆڤانە لە منداڵییەوە لە کۆت و زنجیر نراون، کە ئیدى نە دەتوانن هەستنە سەر پێ و ببزوێن، نە دەتوانن ملیان بە ئەملا و ئەولادا بگێڕن. لە پشت سەرى ئەم دیلانەوە بەبەرزى ئاگرێک دەسووتێت و تاکە سەرچاوەیەکە کە ڕوناکییان بۆ دەپەخشێنێتە نێو ئەشکەوتەکەوە. لە نێوان ئاگرەکە و ئەم دیلانەدا ڕێگەیەک بۆ سەرەوە ڕووەو دەرەوەى ئەشکەوتەکە هەڵکشاوە و بە دیوارێکى نزمى لەمپەرئاسا لێیان دابڕاوە. لە دیوى پشتەوەى ئەم دیوارەدا کۆمەڵێک پیادە بەپاڵیدا ڕادەبوورن کە بە کۆڵ بابەتى تاشراویان لە دار و بەرد و کەرەسەى دیکە هەڵگرتووە و بابەتەکان لە قەراغى دیوارەکە بڕیانکردووە. هەندێکى پیادەکان دەدوێن، ئەوانى دیکەیان بێدەنگن.

دیلەکان لە دۆخێکى ئەوتۆدا دەژین کە هەرگیز هیچى دیکەیان جگە لەو سێبەرانە نەبینیوە کە ڕوناکیى ئاگرەکە لەسەر دیوارێکى بەرانبەریان دەیانخاتەوە: سێبەرى ئەو بابەتانە کە پیادەکان بە کۆڵ هەڵیانگرتوون، یان سێبەرى خۆیان و یەکترى. ئەوان تەنانەت وشە دەنگدراوەکانى خۆیان و پیادەکان بە هینى سێبەرەکان دادەنێن.

ئێستاش پلاتۆن دەپرسێت کە بەردانى ئەم دیلانە چە سەرەنجامێکى دەبێت! یەکێک لەم دیلانە لە کۆت و زنجیر دەکرێتەوە، ئەوجا ناچار دەکرێت هەستێتە سەر پێ و ڕووبکاتە ڕوناکیى ئاگرەکە. ئاشکرایە ئەم مرۆڤە کە هەرگیز لە شوێنى خۆى هەڵنەستاوە و ملى بە ئەملا و ئەولادا نەگێڕاوە، هەست بە ژانى جەستەى دەکات، هەروەها بەهۆى درەوشەى تیشکى ئاگرەکەوە ناتوانێت سەرجەم ئەو شتانە ببینێت کە هەتا ئێستا سێبەریانى بینیبوو. گەر ئێستا کەسێک پێى ببێژێت، هەموو شتەکان کە ئەو هەتا ساتى ئازادبوونى بینیونى، تەنیا دیاردە بوون و ئێستاش دواى ئازادبوونى کەمێک لە بوونەوەر نزیککەوتۆتەوە، چونکە ئێستا بە چاوى خۆى ئەو بابەتانە دەبینێت کە بە کۆڵى پیادەکانەوەن، ئاشکرایە ئازادکراو باوەڕ ناکات. ئەو تەنانەت ناوى بابەتەکان نازانێت و سێبەرى بابەتەکان بە هەقیقیتر دادەنێت لە سێبەرخەرەوەکان. ئازادکراو شێواوە. لێ گەر ئێستا وازى لێنەهێنرێت و ناچاربکرێت لە ئاگرەکە بڕوانێت، ئەوا ژان چاوەکانى دەتەنێت و یەکسەر هەوڵ دەدات بەرەو پاش ڕووەو ئەو جیهانە بگەڕێتەوە کە لە منداڵییەوە ناسیوێتى: سێبەر و دیوارەکە. لێ ئازادکراو ڕێى ئەوەى پێنادرێت، نەک ئەوەش، بەڵکو تەنانەت بەسەر ئەو ڕێگە سەختەدا سەردەخرێت هەتا دەگەیەنرێت بە ڕوناکیی دەرەوەى ئەشکەوتەکە. ئازادکراو لە دەرەوە بەرگەى تیشکى بەتینى خۆر ناگرێت و ژان چاوەکانى دەتەنێت. چاوەکانى پێویستە ڕابێن. دواى ئەوە کە ئازادکراو هێوردەبێتەوە، ئیدى دەرفەتى بۆ دەڕخسێت بەئاسانى لە سێبەر یان بابەتى وێنەدراوە بڕوانێت، ئەوجا دواى ئەوە دەتوانێت خودى شتەکان بناسێتەوە. ئازادکراو ئێستا لە ئاسمان دەڕوانێت، لێ جارێ بە شەو باشتر دەبینێت وەک بە رۆژ. بە شەو لە تروسکەى ئەستێرەکان دەڕوانێت، لە تریفەى مانگ، ئەوجا دواى ڕاهاتنى چاوەکانى بۆى دەلوێت بە رۆژ لە تیشکى خۆر و لە کۆتاییدا تەنانەت لە خودى خۆر بڕوانێت. ئێستا خۆر لە شوێنى ڕاستەقینەیدا دەبینێت و کرۆکى دەناسێت، ئاخر ئێستا دەزانێت ئەوە خۆرە کە ڕوناکى دەپەخشێنێتە نێو ئەشکەوتەکەوە و سێبەرکان دەخاتەوە – ئەو سێبەرانە کە ئەو لە منداڵییەوە دەیبینین و بە هەقیقەتى ڕەهاى دادەنان!

ئازادکراو زۆر شادمانە بەم ئەزموونەى، لێ کاتێک لە هاومرۆڤانى خۆى و داناییەکانیان دەهزرێت، بەزەیى پێیاندا دێتەوە. ئەو تەنانەت بەزەیی بەو دانا هاوئەشکەوتیانەدا دێتەوە کە بە بڕوا و پەرۆشەوە خەریکى ڕاڤەى سێبەر و دەنگەکانن، یان پێکەوە بەردەوام دانوستانیان لەبارەوە دەکەن. گەرچى ئازادکراو تاسەى گەڕانەوەى بۆ لاى ئەوان نییە، سەرەڕاى ئەمە لە سەرجیهان نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ خوارەوە بۆ نێو ئەشکەوتەکە دادەبەزێت تاکو لە دانوستانى داناکاندا بەشدارى بکات. لێ ئەوە کە ئازادکراو دەیبینێت و دیاریى دەکات، جیاوازە لە دیدى ئەوان، بۆیە دەبێت بە مایەى گاڵتەجاڕى. دیلەکانى نێو ئەشکەوتەکە پێیڕادەبوێرن و بە تەوسەوە پێى دەڵێن، کە گۆیا چاوەکانى بەهۆى جێهێشتنى نشینگەى سەرچاوەیى خۆیەوە تێکچوون. ئازادکراو سەرەڕاى ئەوە کۆڵ نادات و لەگەڵیاندا دەکەوێتە شەڕ، بەمەش ژیانى دەکەوێتە مەترسییەوە: ئاخر گەر هەوڵ بدات ئەوانیش لە کۆت و زنجیر ئازاد بکات و ڕووەو سەرچاوەى روناکیى نێو ئەشکەوتەکەیان بەرێت، ئەوا ڕەنگە بیکوژن.

 

 

 

دیۆگینی سنیۆپی به‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ؛ لاچۆ ، تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت .-

بڕگەى دووەم: ڕوونکردنەوەى لێچواندنەکە

پلاتۆن خوازەى ئەشکەوت بۆ جیهانى دیار بەکاردەهێنێت، دەرەوەى ئەشکەوتەکە نیشانەیە بۆ جیهانى هۆشەکى. ڕوناکیى ئاگر خوازەیە بۆ هێزى تیشکى خۆر کە خۆیشى خوازەیە بۆ ئیدێى چاکە. سێبەرى سەر دیوارەکەى بەرانبەریان خوازەیە بۆ وێنەى بابەتەکانى جیهانى ئەزموون، سێبەر و وێنەدراوەکانى دەرەوەى ئەشکەوتەکە وێنەى ماتماتیکن وەک پێشمەرجێک بۆ هزرینى تێگەیى. مرۆڤەکان وێنەى دەروونن کە لە سێ بەشى دانایى و سۆز و ڕەمەک پێکدێت. هەڵچوونى ئەشکەوتییەکە بۆ سەرەوە و ڕوانین لە دیاردەکانى ئاسمان واتاى هەڵچوونى ئاوەزە ڕووەو جیهانى هۆشەکى. دوا کۆتایى ئەم جیهانە ئیدێى چاکەیە کە هۆش لێى دەڕوانێت و تێیدەگات.

پلاتۆن لە لێچواندنى هێڵدا چوار پلەى مەئریفە دیارى دەکات کە بریتین لە بۆچوون، بڕوا، گریمانە و تێگە، لێ ئەم پلانەى مەئریفە لە لێچواندنى ئەشکەوتدا دەبن بە ڕێگەى پێگەیشتنى ئەو فەیلەسوفە کە گەرەکە ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت. کەواتە مەئریفە لاى پلاتۆن لە بنەمایەکى بێفەزاوە نایەتەگۆڕێ، وەک چۆن لە فەلسەفەى سەردەمى نوێى ئەوروپیدا دەیبینین، بەڵکو لەو شوێنەوە دێتەگۆڕێ کە دیلەکە تێیدا دەژى و خۆى بە سێبەر و دەنگى دراوەى نێو ئەشکەوتەکەوە خەریککردووە. ئەو لە سەرەتاوە تێگەیشتنێکى تایبەتیى جیهانى هەیە و لێوەى ڕێگەى ڕووەو راستى دەگرێتە بەر. لێ پلاتۆن داوا دەکات کە پێویستە ئازادکراو زۆر لەسەرخۆ ڕێگەى رووەو ئەم ئامانجە بگرێتە بەر. کەواتە نابێت لە نیوەى ڕێ لە خۆى بایى ببێت و وا بزانێت بووە بە مامۆستاى هزر یان بە فەیلەسوف.

ڕزگارکردنى مرۆڤ لە کۆتی نەزانین یەکەم هەنگاوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە جیهانى بە هەقیقەت دانراو تەنیا جیهانى سێبەرە، ئەم ڕزگارکردنەش بەزۆر بەدیدەهێنرێت، چونکە تەنانەت دواى ئەوە کە ئەشکەوتییەکە لە کۆتى نەزانین کراوەتەوە و بە چاوى خۆى بابەتى سێبەرخەرەوە دەبینێت، هێشتا هەر باوەڕ بەم ڕاستییە ناکات، چونکە لەنێو خووى جیهانەکەیدا ‘ڕاهاتووە‘ و لە ڕاهاتنەوە بڕیار دەدات کە چى ڕاست و چى ناڕاستە. بۆیە پلاتۆن داوا دەکات کە پێویستە فێرکردن و پەروەردە لەسەرخۆ بەربخرێن، ئەوەش مێتۆدى دیالێکتیکیە وەک تاکە مێتۆدێکى فەلسەفە کە چاوى جەستەیى لە جیهانى سێبەر و ئەزموونەوە ڕووەو بوونەوەرى هەمیشە هەبوو وەردەچەرخێنێت.

ئێمە پێویستە لە لێچواندنى ئەشکەوتدا دوو ئاڕاستەى جیاوازى بزووتن دیارى بکەین: بەرزبوونەوەى کەسى ئازادکراو ڕووەو سەرجیهان و ئەوجا دابەزینى بۆ لاى هاوئەشکەوتیەکانى. “ئەم بزووتنانە ڕووداون” و ئەشکەوتییە ئازادکراوەکە ناچاردەکەن “ڕاهێنان بە چاوەکانى بکات لە تاریکییەوە بۆ ڕوناکى و لە ڕوناکییەوە بۆ تاریکى. هەر جارە چاو لەبەر هۆى جیاواز دەشێوێت”(30). لێ چۆن پێویستە چاوى جەستەیى هێدى هێدى بۆ ڕوانینى دروست ڕابهێنرێت، بە هەمان شێوە پێویستە هۆش خۆى بۆ نێو کایەى بوونەوەر ڕابهێنێت. ڕاهێنان بۆ نێو کایەى هۆشەکى بەدیدێت گەر هۆش سەرجەمیانە بە ئاڕاستەى بناغەیى تەقەلاکەى وەربچەرخێنرێت (31).

لێ ئامانجى فەلسەفە لاى پلاتۆن تەنیا ڕوانین نییە لە ڕاستییە سەرمەدییەکان، بەڵکو هاوکات وەرگرتنى هەڵوێستە لەنێو جیهانى ژیاندا بەرانبەر ئەشکەوتییەکان. بەمەش دیدى ڕۆشنى ڕاستییەکان و دیدى ناڕۆشنى جیهانى سێبەر کە بە ڕاستى دانراوە، دەکەونە ناکۆکییەوە. ئەم ناکۆکییە یەکلادەبێتەوە گەر فەیلەسوف ببێت بە دەسەڵاتدارى دەوڵەت و لەنێویدا پەیوەندیى بەداد بسەپێنێت – بە هەر کەسێک ئەوە بدات کە پێی دەگونجێت.

بەشى سێیەم: راڤەى سێ لێچواندنەکە

،،نامەى حەوتەم،،ى پلاتۆن، کە دەمەو کۆتایى ژیانی نووسیوێتى، واتایەکى جەوهەریى بۆ تێگەیشتن لە هزرى ئەو وەردەگرێت، چونکە ئەم نامەیە بڕێکى زۆر پرسى ژیاننامەیى سەبارەت بە ئەو لەخۆدەگرێت. پلاتۆن لەم نامەیەدا دەنووسێت: لەو کاتەوە کە ئەو بەسەر خودى خۆیدا سەروەر بووە، ویستوویەتى لە ژیانى سیاسیدا چالاک ببێت (32). لێ پلاتۆن کە بەهۆى ڕەچەڵەکیەوە (33) کەوتە نێوەندى ژیانى کولتوورى و سیاسیی وڵاتەکەیەوە، لە سەردەمێکى تەنگژەییدا پێگەیشت. لەم سەردەمەدا خۆویستى و هەڵپەى دەسەڵات تەنیبوونەوە، بە تایبەتی ئەڕیستۆکراتزادەکان بە هەموو شێوەیەک هەڵپەیان بۆ دەسەڵات دەکرد و بۆ ئەوەى ئەم ئامانجەیان بەدیبهێنن، وانەى تایبەتیى ڕەوانبێژییان لە سۆفیستە مەزنەکانى ئەسینا وەردەگرت، تاکو فێر ببن چۆن پایەگایەک لە سیاسەتدا مسۆگەر بکەن. ئەوجا کاتێک پلاتۆن ساڵى 404 پ.ز. دەسەڵاتى سیى دیکتاتۆرەکە (34) و ساڵێک دواى ئەوە دەسەڵاتداریى دێمۆکراتەکان دەبینێت کە بە تۆمەتى “تێکدانى هۆشى لاوان و لادان لە ئایین” سزاى مەرگ بەسەر سۆکراتى مامۆستایدا دەدەن، دەگات بە تێڕوانینێکى گرنگ و بڕیاردەر بۆ باقیى تەمەنى:

“… لە کۆتاییدا پەیوەند بە سروشتى دەوڵەتەکانى هەنووکەوە بەو بڕوایە گەیشتم، کە هەموویان خراپ حوکم دەکرێن، چونکە یاساکانیان هیچ شیمانەیەکى چاکسازى لە خۆ ناگرن، یان مەگەر پەرجوویەک بقەومێت و بەڕێیەوە لە ڕیشەوە چاکبکرێن. بەم چەشنە هەستم کرد ناچارم ئیئتراف بە  فەلسەفەى ڕاستەقینە بکەم و پێشانى بدەم، کە گەر مرۆ لە فەلسەفەوە دەربچێت، ئەوسا بەتەواوى دەبینێت کە دادپەروەرى لە دەوڵەت و ژیانى تایبەتیدا چییە، هەروەها مرۆڤایەتى لە بەدبەختییەکەى ڕزگارى نابێت هەتا فەیلسوفانى ڕەسەن و ڕاستەقینە لەنێو دەوڵەتدا بە دەسەڵات نەگەن، یان هەتا نێوەندە دەسەڵاتدارەکانى شارەکان بەڕێى پەرجوویەکى خودایانەوە بە جیدى نەکەونە فەلسەفاندن”(35). فەلسەفە بۆ پلاتۆن دەبێت بە سەرچاوەى زانینى سەرجەم ئەو شتانە کە گەرەکە لە ژیانى سیاسى و کەسیی تاکدا چواندنیان هەبێت. هەر بۆیە پلاتۆن دەکەوێتە شەڕێکى نەبڕاوە (زۆر جار یەکلایەنى و سۆفیستیانە) لە دژى هەموو ئەو کەسانە کە بە بڕواى خۆى “مەئریفەى ڕاستەقینە”یان لەبارەی بوونى ڕاستەقینەى مرۆڤ نییە، ئەم شەڕەشى بەتایبەتى ئاڕاستەى سۆفیستەکان دەکات.

ئایا چۆن مرۆڤ بە مەئریفە دەگات؟ ئەمە پرسیارە کرۆکییەکەى پلاتۆن بوو. ئەو لە دیالۆگى “کۆمار”دا (بەگشتى لە قۆناغى ناونجیى هزرینى خۆیدا) پرسیارەکەى سۆکرات لەبارەى بوونەوەرێکى سەرمەدى بە شێوەیەکى دى وەڵامدەداتەوە، واتا وەک سۆکرات لەنێو خۆیەتیى مرۆڤدا داینانێت، بەڵکو بوونەوەرى سەرمەدى لە دەرەوەى خۆیەتیی مرۆڤ، لە جیهانى ئیدێکاندا، دادەنێت. مرۆڤ تەنیا کاتێک بە مەئریفەى ڕوون و ئاشکرا دەگات، گەر چیدى بە دەرککردنى دیاردەکانى جیهان قایل نەبێت و وەک زانین دایانبنێت، بەڵکو لەبارەى بناغەى دیاردەکان بپرسێت. ئاخر ئەو دیاردانە تەنیا دەروێنەى ناکامیلن، بۆیە تەنیا بە مەئریفەى بناغەکانیان زامنێک بە هزر دەدرێت. کەواتە مرۆڤ پێویستە شرۆڤەى شیمانەکانى مەئریفە بکات هەتا بەو بناغانە دەگات کە جیهانى ئیدێ سەرمەدییەکانە. هۆى ئەم جیهانبینییەى پلاتۆن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاوەزگەراییە (ڕاسیۆنالیزم) کە ئەو نوێنەرایەتیى دەکرد: مرۆڤ تەنیا بەڕێی ئاوەزەوە بە مەئریفە دەگات، بە پێچەوانەى سێنسەکان کە ئۆرگانى دەرککردنى بابەتەکانى جیهانن و تەنیا دیاردەى شتەکان بە مرۆڤ دەگەیەنن. لێ ئاوەز توانستى بۆ هزرینى دروست دەبێت، گەر لە باڵاترین بنەماى بێمەرج تێبگات کە ئیدێى چاکەیە. پلاتۆن لە لێچواندنى خۆردا ئەم پرسەمان لە لایەک بە ڕێژەى جیهانى ئەزموون و چاو، لە لایەکى دى بە ڕێژەى ئاوەز و هێزبەخشەکەى مەئریفە کە ئیدێى چاکەیە، پێشان دەدات. ئەوجا لە لێچواندنى هێڵدا پەیژەى ئۆنتۆلۆژیانەى هەردوو جیهانى ئەزموون و هۆشەکى لە لایەک و پەیژەى ئێپیستێمۆلۆژى لە لایەکى دى دادەڕێژێت. فێرخوازى فەلسەفە پێویستە بە کاوەخۆ و هزرینى دیالێکتیکى هەنگاو بنێتە نێو خۆڕەخنەى مەئریفەوە، کەواتە هەموو پلەکانى مەئریفە لە وێنەکانەوە هەتا جیهانى شتەکان و بوونەوەرە ماتماتیکییەکان و جیهانى ئیدێکان شرۆڤە بکات، هەتا لە کۆتاییدا بە دوا بنەماى بێمەرج دەگات کە ئیدێى چاکەیە. کەواتە ئەو کەسە کە لە ئەشکەوتى نەزانییەوە ڕێگەى مەئریفە دەگرێتە بەر، پێویستە پشت بکاتە ڕوانگە و خواستە جیهانییەکانى، هاوکات لە نیوەى ڕێ بە مەئریفەى نیوەناچڵ قایل نەبێت، یان تەنانەت لە خۆى بایى ببێت و وا بزانێت بووە بە مامۆستاى هزر یان بە فەیلەسوف. ئەم مەترسییە هەردەم لەگۆڕێیە، ئەمەش بەوەدا دەردەکەوێت کە زۆر کەس دواى کەمێک دوورکەوتنەوەیان لە جیهانی سێبەرەکان لە خۆیان بایى دەبن و جاڕى فەیلەسوفێتیى خۆیان بە گوێى هەموواندا دەدەن، لێ هێشتا هەر بە زمانى باوى نێو ئەشکەوتەکەیان دەدوێن.

لێ فەلسەفە لاى پلاتۆن لە خزمەتى کردارى جیهانیدایە: “تیۆرییا”، واتا ڕوانینى هۆشەکى، لە کۆتاییدا بۆ مەبەستى کردارى پراکتیکییە. ئەو کەسە کە ئەشکەوتى نەزانین جێدەهێڵێت و لە کۆتاییدا، دواى گەیشتنى بە ئیدێى چاکە، دەبێت بە فەیلەسوف، تاکە کەسێتییەکە کە دەتوانێت کۆتایى بە ناڕێکخراویى کۆمەڵایەتى بهێنێت و بەمەش دەوڵەتێکى بەداد دابمەزرێنێت.

گەر لە دەروونناسییەکەى پلاتۆن بڕوانین، ئەوا باشتر تێدەگەین کە لە چە هەڵوێستێکى ناخەکییەوە ڕێگەى ڕووەو فەلسەفە (ى پلاتۆن) دەگیرێتە بەر و چۆن لە بوارى پەروەردەدا بەگەڕدەخرێت. دیلەکان لە لێچواندنى ئەشکەوتدا وێنەى دەروونن. لەم روانگەیەوە ڕزگارکردنى دیلەکە و سەرکەوتنى لە جیهانى داخراوى ئەشکەوتەکەوە ڕووەو سەرجیهان، وەرچەرخانى ئاڕاستەى دەروونە ڕووەو سەروەربوونى دانایى.

وەک گۆتمان، دەروون لاى پلاتۆن لە سێ بەش پێکدێت کە بریتین لە دانایى (سەر)، دلێرى (دڵ)، ڕەمەک (لە زگ بۆ خوارەوە). پلاتۆن ڕاستەوخۆ ئەم تیۆرییەى دەروون لە تیۆریى دەوڵەتدا بەگەڕدەخات. لە دەوڵەتدا سێ چین(36) هەن: حوکمداران (فەیلەسوفەکان)، پاسەوانان کە دلێرەکانى دەوڵەتن، ئەوجا مشوورخۆرانى بژێوى کە بریتین لە کرێکاران، جوتیاران، بازرگانان، خاوەندارانى کارگە و فابریکە و کۆیلەکان. چینى  سێیەم بەگوێرەى خوو و ئەزموونە ڕۆژانەییەکانى دەژى و بۆیە هەرگیز ناتوانێت ڕێگەى ڕاستى بگرێتە بەر، نەخێر، ئەم ڕێگەیە لە چینى سوپاوە شیاوى دابڕینە، چونکە لێرە پرۆسەى فێرکارى ڕووەو فەلسەفە و زانستەکانى دی بەردەخرێت. ئاخر لەبەر ئەوەى فەزیلەی دلێرى لەنێوان دانایى و ڕەمەکدایە، ئەوا مەیلى بۆ هەردووکیان هەیە. ئەوە ئەرکى فەلسەفەیە کە کاریگەرى لەسەر ئەم سۆزەى دلێرى بنوێنێت و ئاڕاستەکەى ڕووەو دانایى وەربچەرخێنێت.

ئەو کەسە کە ڕووى لە سێبەرى جیهانەکەى وەردەگێڕرێت و ڕووەو ڕاستى دەبرێت، پێویستە لە ڕووى خۆییەوە ئامادەباشیى بۆ ئەو مەبەستە تێدا بێت. ڕوونتر ببێژین، پێویستە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبکرێت. ئەوە بەتایبەتى فەلسەفەیە (فەلسەفەى پلاتۆن) کە ئەو ئەرکەى پێدەسپێررێت. پێش ئەوەى ئەم کاریگەرییەى فەلسەفە ڕوونبکەینەوە، گەرەکە بڕوانین چۆن پرۆسەى فێرکارى بەردەخرێت و پاسەوانەکان بۆ باڵاترین ئاستەکانى فێرکارى دەپاڵێورێن.

پاسەوانەکان دەبێت سەرەتا ژیانى ڕەبەن قبووڵ بکەن و چیدى نابێت هیچ داواکارییەکیان بۆ خاوەنداریى تایبەتى هەبێت. پلاتۆن بۆ ئەمان تەنیا پەروەردەى دەوڵەت، بێخێزانى، ژیانى بەکۆمەڵ و موڵکایەتیى گشتى دیارى دەکات، چونکە کێ بۆ بەرژەوەندیى گشتى بژى، نابێت بەرژەوەندیى کەسیى هەبێت. ئەوجا لەنێو چینى پاسەوانانەوە بەتواناترینەکان هەڵدەبژێررێن و لە نێوان تەمەنى بیست هەتا سى ساڵیدا دەخرێنە بەر پەروەردەیەکى زانستى، کە هاوکات بە پەروەردەیەکى دى، واتا پێگەیاندنى لەش بە وەرزش، تەواودەکرێت. کێ لەنێو ئەم هەڵبژاردەیەدا باشترین بێت، بەرز دەکرێتەوە بۆ ئاستى باڵا. پلاتۆن ئەم دەستەبژێرە ناو دەنێت “پاسەوانانى کامیل” و ئەرکەکەیان ئەوەیە کە ببن بە فەیلەسوف، تاکو دەوڵەتەکەى پلاتۆن بەڕێوەبەرن. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت پێنج ساڵى دى فەلسەفە، ماتماتیک، ئەستێرەناسى، هونەرە جوانەکان، لێ بە تایبەتى دیالێکتیکى فەلسەفەیى، بخوێنن. ئامانجى ئەم پەروەردە فێرکاریە ئەوەیە کە بگەن بە مەئریفەى سەرجەم یاسا و هەقیقەت و بەهاکانى جیهان. بەدووی ئەمەدا فەیلەسوفەکان مافیان هەیە ڕایبگەیەنن کە زانینى ڕاستییان هەیە، بۆیە ماف بە خۆیان دەدەن کە کێشەکان ڕاڤە بکەن و یاساکان ڕوونبکەنەوە، لێرەشەوە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێت داواى دەسەڵاتداریى دەوڵەت بکەن. فەیلەسوفەکان بەگشتى پازدە ساڵ لە پایەگا بەرزەکانى دەوڵەتدا خزمەت دەکەن، لێ لە تەمەنى پەنجا ساڵیدا لە خزمەتى دەوڵەت دەکشێنەوە و لەم کاتە بەدواوە تاکە خزمەتێکیان بۆ دەوڵەت راوێژکاری دەبێت لە پێناوى بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا.

گەر لێچواندنى ئەشکەوت وەک نموونەى پێگەیشتنى فەیلەسوف وەربگرین، ئەوا دەبینین کە پرۆسەى فێرکارى بە روونکردنەوەى وێنە و سێبەرەکان بەردەخرێت، کەواتە لەم پلەیەوە کە دەروێنەى داکەوتێکى دەروێنەییە، ویست بۆ دۆزینەوەى ڕاستى دەبزوێنرێت. ئێمە دەتوانین پێشبینیى ‘نێوەندێکی وەرگرتن’ بکەین، کە پسپۆریانە بەگوێرەی فەلسەفەی ئیدێکانی پلاتۆن وریاترین و هۆشبزواوترینى پاسەوانەکان تاقیدەکاتەوە و بۆ باڵاترین پلەکانى فێرکارى دەیانپاڵێوێت. گەر بمانەوێت لەم پرسە نزیکبکەوینەوە، ئەوا گەرەکە دەرچەیەک لە ناخسەنگینییەوە (Besonnenheit) دابین بکەین کە لەپاڵ دادپەروەرى و دلێرى و ئیمانداریدا فەزیلەیەکى سەرەکییە. پلاتۆن بە پێویستى دەزانێت کە مرۆڤ سەرەتا لە ناخى خۆى بڕوانێت، چونکە تەنیا لەوێ ڕاستی ئاشکرادەکات، ڕاستیش مەئریفەی بوونەوەرە سەرمەدییەکانە کە یاریدەى دەدات راڤەى خودی ئەو بوونەوەرانە بکات. لێ مرۆڤ ئەمەى بۆ دەلوێت گەر بەڕاستى بەڕەوشت بێت. کەواتە کاتێک مرۆڤ لە ناخى خۆى دەڕوانێت، ئەوا لەوێ مەئریفەى گشتێتییەک دەبینێتەوە. بۆ نموونە گەر مرۆڤ لە ناخسەنگینییەوە بگات بەو تێڕوانینە کە شتى تاک (مێزێکى مادی) ناکامیلە، ئەوا لەم مەئریفەیەوە دەتوانێت گریمانەى کامیلێک بکات کە لێوەى شتە مادییەکە هاتۆتە ئاراوە. مێزى مادی کە ئێمە لە جیهاندا دەیبینین، ناکامیلە (لاقى چل سانتیمەترى لە جیهاندا هەرگیز چل سانتیمەتر نییە)، چونکە دەروێنەى مێزى هۆشەکییە کە دارتاش لەنێو هۆشى خۆیدا لێی ڕوانیوە و ئەوجا بە کەرەسە، بە تەختە، لاسایى کردۆتەوە (هەوڵى داوە بە مشار چوار لاقى چل سانتیمەتریى بۆ ببڕێتەوە). مێزى نێو هۆش ،،ریال،،ـە و هاوکات هاوشێوەى ئیدێى مێزە. مرۆڤ لە ڕەوتى خۆڕەخنەى مەئریفەدا، واتا لە ڕەوتى شرۆڤەکردنى شیمانەکانى زانیندا، هێدى هێدى لە تایبەتێتییەوە دەگات بە گشتێتى، لە مێزى مادییەوە بە یاسا ماتماتیکییەکانى مێز، لێرەشەوە دەگات بە تێگەى گشتیى مێز، کە هەموو کەسێک لێى تێدەگات. کەواتە پرۆسەى مەئریفە هەڵچوونى هزرە لە لێشاوى دەرککردنەکانەوە ڕووەو جیهانى ماتماتیک و تێگەى گشتى و گشتیتر، رووەو بوون (ئووسییا، کرۆک)، ئەوجا “گیرسانەوە”ى هزر بە ڕوانین لە تاکە بنەماى بێمەرج کە ئیدێى چاکەیە.

پلاتۆن لە کۆتایى لێچواندنى ئەشکەوتدا چەند ئەگەرێک پەیوەند بە ئایندەى فەیلەسوفەوە دەخاتە بەردەم. سامناکترینیان کوشتنیەتى لە لایەن ئەشکەوتییەکانەوە. کێشەکە لێرەدا ئەو ئەشکەوتییە سادانە نین کە لە بەردەم ڕوونکردنەوەکانى دانایانى ئەشکەوتیدا حەپەساون، بەڵکو کێشەکە ئەو کەسانەن کە خۆیان وەک داناى جیهانەکەیان ڕاگەیاندووە و بە هێزى زمان راڤەى سێبەرەکان دەکەن، بەبێ ئەوەى بزانن ئەو سێبەرانە دوورترینن لە ڕاستییەوە. جگە لەوە ئەم “ڕۆشن_بیر_انە” بە پێگەى کۆمەڵایەتییان پشت و پەنایان بۆ خۆیان دابین کردووە، ئەوجا لەبەر ئەوەى بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان بپارێزن، ئەوا مایەى مەترسین بۆ فەیلەسوفى ئیدێ – دەتوانن لەناوى بەرن، چونکە داواى گومان لە خودى هزرینى باو و ڕاڤە سەروەرەکان دەکات، یان چونکە دەیەوێت هزر بە خۆڕەخنەى مەئریفە ئازاد ببێت و بەمەش خۆى بۆ ناخەکێتى بکاتەوە. بە شێوەیەکى دى ببێژین، فەیلەسوف (ـەکەى پلاتۆن) ئەو سێبەرانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە وەک ڕاستیى ڕەها ڕاگەیەنراون و بوون بە هەقیقەتى کۆمەڵایەتى. لێ دەبێت بەئاگابین لەوە کە پلاتۆن هەموو شێوەیەکى شۆڕش لە پێناوى بەدیهێنانى ئەم مەبەستەدا ڕەتدەکاتەوە. ئێمە لاى پلاتۆن تیۆرییەکى سیاسیمان نییە کە سەندنى دەسەڵات لەلایەن فەیلەسوفەکانەوە بکات بە پێشمەرجى دادپەروەرى لە دەوڵەتدا، بۆ نموونە وەک لە مارکسیزمدا کە فەیلەسوفەکان وەک سەر و پرۆلیتاریا وەک جەستەى شۆڕش دادەنرێن. پلاتۆن دەیەوێت ببێژێت، تەنیا بە مەئریفەى ئیدێى چاکە داد دێتە جیهانەوە. لەبەر ئەم هۆیەیە کە دەوڵەتەکەى ئەو ناودەنرێت “نموونەیى / ئیدیال”. دادپەروەریش بە توێژێکى بچووکى دەستەبژێر دەسەپێنرێت. کەواتە فەلسەفەى پلاتۆن کە دەبێت بە دەستوورى دەوڵەت، دەسەڵاتێکى “سیادى” چێدەکات تاکو پەیوەندیى بەداد (لەو شێوەیەدا کە پلاتۆن دەیبینێت) لە دەوڵەتدا بچەسپێنێت.

ته‌واو

پەراوێز

(1) فەلسەفەى پلاتۆن بەنێو سێ قۆناغى پرسیارکردندا ئاوەڵادەبێت. ئەو لە قۆناغى سەرەتاى فەلسەفاندنیدا لەژێر کاریگەریى سۆکراتدایە و بە پێناسەى تێگەى ئێتیکییەوە خەریکە، بەڵام لە قۆناغى ناوەڕاستى هزرینى خۆیدا پرسیارى ڕاستى بەند دەکات بە جیهانى ئۆبژێکتیانەى ئیدێکانەوە پلاتۆن لەم قۆناغەدا گۆڕان بە ‘تیۆریى ئیدێکان‘ دەدات. ئەوجا لە قۆناغى کۆتاییدا، گەرچى هێشتا هەر پابەندە بە تیۆریى ئیدێکانەوە، تا ڕادەیەک بە پرسیارەکانى سەرەتایدا دەچێتەوە، هاوکات فیگورى سۆکرات، کە لە دیالۆگەکانى سەرەتادا رۆڵى سەرەکیى پێدرابوو، پاشەکشەى پێدەکرێت.

 

 2) Stemmer, Peter: Platons Dialektik. Die frühen und mittleren Dialoge: Berlin / New York 1992, S. 185.

3) Platon, Der Staat, S. 287 ff.

 4) بڕوانە:

Platon, der Staat,487e4-5.

5) Platon, Timaios, S. 154.

6) بڕوانە:

Platon, Der Staat, 507b – 509b.

7) Gadamer, Hans-Georg: Idee und Wirklichkeit in Platos Timaios, Heidelberg 1974, S. 20.

8) Gloy, Karen: Studien zur platonischen Naturphilosophie im Timaios, Königshausen und Neumann 1986, S. 50.

9) Lim, Sungwhan: Platons Idee des Guten in der “Politeia”. Dissertation zur Erlangung der Doktorwürde an der philosophischen Fakultät der Universiät Heidelberg. Heidelberg 2005, S. 64.

10) Ebenda, S. 64.

11) Platon, Der Staat, 510 b.

12) Wieland, Wolfgang: Platon und die Frage des Wissens, Göttingen 1982,  S. 204.

13) Ebenda, S. 208.

14) Bormann, Karl: Platon, München 1973, S. 70.

15) Ebenda, S. 71.

16) Platon, Der Staat, 533b.

17) Wieland, Wolfgang, a.a.O., S. 215.

18) Ebenda, S. 216.

19) Gloy, Karen, a.a.O., S. 61.

20) Platon, Der Staat, 504d 2-3.

21) Lim, Sungwhan, a.a.O., S. 87.

22) Ebenda, S. 88.

23) Platon, Der Staat, 510 b.

24) Hirschberger, Johannes: Geschichte der Philosophue, Bd. 1, Freiburg im Breisgau, S. 109.

( 25 د. محەمەد کەمال: فەلسەفەی ئەفلاتون،  د. محەمەد کەمال: سلێمانی 2010. لا 132.

26) Hirschberger, Johannes, a.a.O., S. 109.

27) Lim, Sungwhan, a.a.O., S. 67.

28) Gigon, Olof u.a.: Platon, Lexikon der Namen und Begriffe, S. 170.

29) Lim, Sungwhan, a.a.O., S. 52.

30) Heidegger, Martin: Platonslehre von der Wahrheit, 3. Auflage, Bern 1975, S. 22.

31) Ebenda, S. 25

(32 بڕوانە:

Platon, Der siebente Brief, Stuttgart 1993, 323b.

(33 پلاتۆن کوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌کی خاوه‌ن نفوزی سیاسی بوو. خاڵی به‌ ناوی دیۆن یه‌کێک بوو له‌و سیی دیکتاتۆره‌ که‌ کۆتاییان به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیمۆکراسیی ئه‌سینا هێنا.

(34 دیکتاتۆریی سیی تیرانه‌که بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ (ئابی 404 تا مارتی 403 ی پ.ز.) له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی که‌مینه‌ی ئۆلیگارشه‌کانه‌وه‌ (ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانه‌وه‌) به‌ پشتیوانیی سپارتا دوای جه‌نگی پێلۆپۆنێز دامه‌زرا.‌

35) Platon, Der siebente Brief, 326 a-b.

36) چین لای پلاتۆن جیاوازە لە دیدی مارکس بۆ ئەم تێگەیە. لای مارکس، بەگوێرەی کۆمەڵگەی سەرمایەگەری، دەرفەتی پەڕینەوەی تاک لە چینێکەوە بۆ چینێکی دی هەیە: کرێکارێک دەشێت ببێت بە بۆرژوا یان بە پێچەوانەوە. لێ تێگەی چین لای پلاتۆن “تا ڕادەیەک” لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی هیندی یان ئێزدییەکان دەچێت، کە تێیاندا پەڕینەوەی تاک لە چینێکەوە بۆ چینێکی دی نەشیاوە. بێگومان پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە دەربڕینی “تا ڕادەیەک” ڕێژەیەتی دەدات بەم تێڕوانینە لەبارەی تێگەی چینایەتیی پلاتۆن، چونکە چینەکان لای ئەو هێندەی کۆمەڵگەی هیندی یان ئێزدی داخراو نین. ئاخر ئەوە لە کۆتاییدا پاسەوانە هزرمەندەکانن کە دوای پەروەردەکردنیان دەبن بە فەیلەسوف و بەمەش بە دەسەڵاتدار، واتا دەچنە چینی سەرەوە. تێڕوانینی داخراویی چین لە لایەکی دی توێژەکانی خوارەوە دەگرێتەوە کە لە پەروەردە بێبەشکراون.

تێبینی: ئەم توێژینەوەیە سەرەتا لە گۆڤاری زانکۆی کۆیە، ژمارە 28، ساڵی 2013، بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین