Gala Salvador Dalí. A Room of One’s Own in Púbol at Museu Nacional d’Art de Catalunya, Barcelona,

گالا, دالی، زەوی و ئاسمان، وەک تەواوکەری یەک


Loading

Gala

لە پێشانگایەکی تایبەت لە مۆزەخانەی نەتەوەیی کەتالۆنیا لە بەرشەلۆنە، لە نێوان ٥/٧ بۆ ١٤/١٠/٢٠١٨، کۆمەڵێک تابلۆی هونەرمەند (سالڤادۆر دالی) نمایش کرا. بابەتی پێشانگاکە ئەگەرچی نمایشێکە بۆ کۆمەڵە تابلۆیەکی ناوداری هونەرمەند، بەڵام پتر بۆ (گالا دالی) تەرخان کراوە.

(ئێلێنا دیاکۆنۆڤا) Elena Diakonova ناسراو بە (گالا) Gala، هاوسەری هونەرمەند سالڤادۆر دالی، لە ساڵی ١٨٩٤ لە کازان، لە ڕووسیا لەدایک بووە. لە خێزانێکی ڕۆشنبیردا پەروەردە کراوە, کە لەو دەمەدا ڕۆشنبیریی تەنها بۆ هەڵبژاردەی بنەماڵە ئەریستوکراتەکان بوو. (گالا) سەرجەمی سەرەتاکانی ژیانی لە مۆسکۆ بەسەر بردووە، پاشان لە سویسرا نیشتەجێ بووە. هەر لەوێ بە دیداری هونەرمەند (پۆل ئێلوارد- PaulÉluard)دەگات، پاشان دەبێتە هاوسەری و جێی نیشتەجێبوونیان بۆ پاریس دەگوازنەوە.

 

لە پاریس  لەگەڵ هونەرمەندە سوریالیستەکان په‌یوه‌ندیه‌كانی ڕایه‌ڵده‌كات، بەتایبەتی هونەرمەندی ئەڵمانی (ماکس ئێرنست -Max Ernst )کە دواتر دەبێتە دۆستی، بێجگە لەوەی دەبێتە مۆدێل بۆ وێنە فۆتۆگرافیەکانی هونەرمەندی ئەمریکی _ فەرەنسی (مان ڕێ) Man Rayو هونەرمەندی بریتانی (سیسیل بیتۆن) Cecil Beaton.

لە ساڵی ١٩٢٩، لە گەشتێکیدا بۆ کاداکێس لە ئیسپانیا، (گالا) چاوی بە (دالی) دەکەوێت، هەر لەو ساتەوە دەبنە دوو ئاشق و دوو بەهرەمەند. (گالا) وەک فریشتەی ئیلهامبەخشی (دالی) و دواتر هاوسەری، هەرگیز لە یەک جودا نابنەوە هەتاوه‌كو کۆچی دوایی (گالا) لە ساڵی ١٩٨٢.

Portrait of Gala with two lamb chops in equilibrium upon her shoulder (around 1934) Salvador Dalí, Fundació Gala-Salvador Dali, VEGAP, Barcelona, 2018, Fotogasull SL

پێشانگای “گالا، دالی””Gala Dali”لە مۆزەخانەی نەتەوەیی کاتالۆنیا Museu Nacional d’Art de Catalunya، بە هاوکاریی (دامەزراوەی گالا سالڤادۆر دالی) Fundació Gala-Salvador Dali پێداچوونەوەیەکە بۆ ژیانی پڕ نهێنی ئەو ژنە پەنهانە، بەتایبەتی کاریگەریی لەسەر (دالی) و هاوکاریکردنی هونەریی هونەرمەند لە ڕووی بیرۆکەی کۆمەڵێک بەرهەمی و بە دەڕبڕینی بیروڕای سەبارەت بە کارەکانی.

Galatea of the Spheres
Date
1952
Dimensions
65 x 54 cm
Tecnique
Oil on canvas

لەو پێشانگایەدا، شەست تابلۆ نمایشکراوە. زۆرینەی بەرهەمی (دالی)ین، چەند بەرهەمێکیشیان لە نێوان تابلۆ و وێنەگرتن لەلایەن هونەرمەندانی سوریالیستی ترەوە کێشراون، وەک (ماکس ئێرنست)، یاخود وێنەی  (دالی)  و (گالا) بە کامێرای (مان ڕێ) و (سیسیل بیتۆن). هاوکات، تابلۆکان گەشەکردنی هونەرمەند دەردەخات و فیگۆری داهێنەر و شاراوەی (گالا) کە لە بنەڕەتدا بەشێکی خەونی ئەوە، بەڵام بە فڵچەی (دالی) کێشراوە و لەسەر تابلۆکانی ئەو ئەنجام دراوە. بێجگە لە تابلۆ و وێنەی فۆتۆگرافی، کۆمەڵێک جل و بەرگ و کتێب و کارتی یارکردن و سکێچ و نامە و دەستنووسی (گالا) نمایشکرابوو. سەرجەمی هەموو پارچە نمایشکراوەکان دەگاتە نزیکەی ٣١٥ پارچە کە بە مێژووی ئەو ژنە ئاڵۆز و پڕ کارئەکتەرەدا دەچێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکەین، کە چل پارچەی ئەو پێشانگایە لە چەند مۆزەخانە و دامەزراوە و کەسانێکیش کۆکراوەتەوە کە خولیای کۆکردنەوەی بەرهەمی هونەرییان هەیە. وەک مۆزەخانەی (دالی) لە سانپیترسبۆرگ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکی، (مەڵبەندی پۆمپیدو) لە پاریس…هتد.

بەڕێوبەری مۆزەخانەی نەتەوەیی لە بەرشلۆنە (پیپی سێرا) Pipe Serra، لەو بارەوەدەڵێت؛  پێشانگا‌ی (گالا دالی) هەنگاوێکی گرنگە لە مێژووی مۆزەخانەکە. لە سەرێکەوە، ئەوە یەکەم پێشانگایە کە بە تایبەتی بۆ (گالا) تەرخان بکرێت؛ لە سەرێکی تریش، هاوکارییەکی زۆر بە سوودە لە نێوان ئێمە و دامزراوەی (گالا) کە بواریان پێ داین کۆمەڵێ بەرهەم نمایش بکەین لە ڕووی نێونەتەوەییە زۆر گرنگن.

 

گەڕانەوەیەک بۆ ڕیشەی پەیوەندی نێوان (گالا) و (پۆل ئێلوارد و ماکس ئێرنست و دالی)

چاوپێکەوتنی (گالا) لەگەڵ (پۆل ئێلوار)، دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە سویسرا. (گالا) لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا تووشی (سیل) بووە، بە ڕیکەوت، هەر لەوێ چاوی بە (پۆل ئێلوار) دەکەوێت و لەو ساتەوە سەرەتای ئیشقێکی گەورەش لە نێوانیان لەدایک دەبێت.  لە کاتێکدا کە (ئێلوارد) هێشتا نەیدەزانی ئەگەری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دەبێتە شاعیر و یاخود ڕۆژێک دێت و ناوی لە نێوان شاعیرە هەرە گەورەکانی فەرەنسا ئاماژەی پێ دەکرێ، ئەوا گالا ئه‌و  ژنە بوو بە فریشتەی ئیلهامبەخشی شاعیر و هاندانی بۆ ئەوەی بنووسێت و یەکەم هەڵبەستەکانی بڵاوبکاتەوە.

لە ساڵی ١٩١٤ کە چاک دەبنەوە و هەر یەکەیان بۆ ڕووسیا و فەرەنسا دەگەڕێتەوە، بەڵێن بە یەک دەدەن کە یەکیدی لەبیر نەکەن و جودا نەبنەوە.

شاعیر لە نامەیەکیدادەڵێت؛ ”(گالا)ی ئازیز، تۆم خۆش دەوێت، بڕوام بە ژیان نییە، بڕوام بە تۆ هەیە”.

لە ساڵی ١٩١٦ (گالا) مۆڵەت لەدایک و باوکی وەردەگرێت و بەو توندوتیژییەی شەڕی یەکەمی جیهانی کە پڕیشکی لە دوور و نزیک دنیای دەگرتەوە، بۆ پاریس دەڕوات و پاش ماوەیەک لەگەڵ (ئێلوارد) هاسەرگیری دەکەن و کچێکیان بە ناوی (سیسیل) دەبێ. بەڵام (گالا) هەمیشە مەودایەک لە کچەکەی وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئازادی خۆی بپارێزێت. کە کاتی ئەوەش دەێت لە ساڵی ١٩١٧ بە دیداری (ماکس ئێرنست) بگەن، هونەرمەند و (گالا) دەسبەجێ دەکەونە ئێشقی یەک، هەتا وایان لێ دێت کە سێ بە سێ پێکەوە بژین.

The Madonna of Port Lligat (1949) Courtesy of Haggerty Museum of Art © Salvador Dalí, Fundació Gala-Salvador Dali, VEGAP, Barcelona, 2018

ئێشقێکی سێ کوچەی ئازاد کە بیروڕای دادایستەکان و دوایش کە دەبنە سوریالیستەکانی لە دوایدا بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو دابونەریت و فیکرێکی موحافیزکارانەی بورژواکان. ئەم ئێشقە سێ قۆڵییە بەردەوام نابێت.

(ئێلوارد) ناڕەحەتە بەوەی بەشی هەرە زۆری (گالا) بۆ (ماکس ئێرنست)ە، هەندێک پێیان وایە کە(گالا) بۆ بەرژەوەندی خۆی پشکۆی ئەو ئاگرەی تیژکردۆتەوە، هەندێکیش بۆ ئەوە دەڕۆن کە بۆ پاراستنی گەرموگوڕیی ئیشقی نێوانیان بوو. دیارە (ئێلوار) بەوە ڕازییە کە هونەرمەند بەشدار بێت لە ”ژنەکەی”، بەڵام فریشتەی ئیلهامبەخەشی هەر بۆ بمێنێت. لە ساڵی ١٩٢٤شاعیر (گالا) ناچاری هەڵبژاردن دەکات، لە نێوان ئەو و هونەرمەند، ئەمیان دەبوو بروات. لە ساڵی ١٩٢٩ وا ڕێک دەکەوێت کە لە پاریس (پۆل ئێلوار) بۆ پیگال بڕوات، لێرەدا بە دیداری (دالی) دەگات و وێنەیەکی ڕووتی (گالا)ی نیشان دەدات. (دالی)یش سەرسامە بە ژنی ناو وێنەکە و بانگهێشیان دەکات بۆ ئیسپانیا.

لە شاری کاداکێس بۆ یەکەمجار (گالا) و (دالی) بە دیداری یەک دەگەن. (گالا) لایەنە سەیر و شاراوەکانی ئەو هونەرمەندە نەناسراوەی بۆ دەرەکەوێت، هەر لەو ساتەدا ئیشقێکی هەتاهەتایی لە نێوانیاندا لەدایک دەبێت. لە ئاست ئەم پەیوەندییە نوێیە، (ئێلوار) بەناچاریی بە تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ پاریس. شاعیر هەرگیز (گالا)ی لەبیر ناچیت و بەردەوام نامەی بە گوڕی بۆ دەنووسێت.

 

 

 (گالا)، ژنێک لە نێوان داهێنان و بوون بە فریشتەی ئیلهام بەخش و ئاشقێکی ئازاد

(گالا) لە نێوان ئەو شێتییە دەستکردەی (داڵی)  و مێشکی ژنێکی بەهەرەمەند،  بەوەی دە ساڵ لە (دالی) بە تەمەنتر بوو، وێنەیەکی ئەفسانەیی بۆ خۆی دا‌هێنا. (دومینیک دو گاسکێ) نووسەری ژیاننامەی (دالی) بە پشتبەستن بە کەسایەتی (پاکیتە) کە لە خزمەتی هەردوو هاوسەر بووە، لە کتێبی “ئەوبەری ئاوینە” بەم جۆرە باسیان لێ دەکات؛  ”هێشتا گوێم لە قاقای پێکەنینیانە. (دالی) کە هەرگیز شێت نەبوو، بەو دەنگە شانۆگەرییەی دەیویست وێنەی کەسایەتیەکی هونەرمەند بە خۆی بدات، (گالا)ش دەبینم، بەو بریسکەییەی لە چاویدا بوو و بە وەستانەکانیشی هەمیشە کچێکی گەنج بوو.”[1]

Fundació Gala-Salvador Dali, VEGAP, Barcelona,

بە ڕاستی(گالا) کێ بووە؟

 

بە پێی وەسفکردنی دەرهێنەر (جاک مالاتێر)  Jacques Malaterre لە فیلمێک لەسەر هەردوو ئاشق، (گالا) بە کەسایەتیەکی دڵڕەق و بەرژەوەند خواز ناسراوە ، هەموو ڕێگەیەکی گرتۆتە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجی. بەوەشەوە جێی سەرنج و پەسەندکردنی سێ گەورەترین هونەرمەندی وەک (پۆل ئێلوار)، (ماکس ئێرنست) و (دالی) بوو.

لە گەمەی نمایشکردنی وێنەکانیشیدا بە “ژنە داندی”یش تەماشاکراوە، ئەگەرچی، ناکرێت بڵێین؛ کە تەنها ئیلهامبەخشی ئەو شاعیر و هونەرمەندانە بوو، چونکه‌ (گالا) خۆیشی دا‌هێنەر بوو. دەینوسی و نمونەی جلوبەرگەکانی بە دەستی خۆی دەیانیکێشا و لەگەڵ خانە گەورەکانی مۆدە، وەک کریستیان دیۆر هاوکاری دەکرد. کۆمەڵە جل و بەرگێک لە پێشانگاکە بەڵگە بوون لەسەر کاری ئەو. (گالا) بەو جۆرە بەرگانەش مەبەستی داهێنانی وێنەی خۆی هەبوو و  دەیویست بەو شێوەیە وێنەی خۆی نمایشبکات. وێنەیەک کە لە نادیارەوە دەریبهێنێت بۆ ڕووناکی و دیارتر بێت. بێگومان تیشکی (دالی) کە تا دەهات بەرەو زیادبوون دەچوو، بۆ ئەو سێبەرێک بوو. داهێنانی وێنەی خۆی، دەیکردە ئەو هەوڵە بێ وەچانەی ژنێک لە نێو کۆمەڵی پیاوانی سوریالیستەکان بۆ گەیشتن بە پلەی ناسینەوەی داهێنانی مێینەیەک.

(گالا) لە چاوی (دالی) فریشتە و خواوەند و پاکیزە بوو. ئەو تابلۆیانەی (گالا)ی تێدا کێشراوە لە وه‌ستان و دانیشتن و نوستن و خەون و جەستەی ڕووت، نمونەیەکن لەسەر سەرسامی هونەرمەند بە جەستەی ئەو ژنەی بەچەندین ساڵ لەخۆی گەورەتر بوو، بەڵام کاریزمایەکی گەورەی هەبوو.

(دالی) پارێزەرانە پەروەردە کرابوو، بە وتەی خۆی؛ هەتا (گالا)ی نەبینیبوو نەیزانیوە هاوجووتبوون چییە…(گالا) چۆن لە ڕاستیدا بیرو هۆشی (دالی) داگیر کردبوو، وەهایش پانتایی تابلۆکانی. ئەو خەونەکانی بوو و لە بەرهەمە هونەرییەکانی ئەنجامیدەدان. ئەو بۆ هونەرمەند بە پێی وتەی(دالی) خۆی، ڕۆڵی پیاوی دەبینی و(دالی) ڕۆڵی ژن.

(گالا) هانیدەدا بڕوات بۆ گالەرییەکان و تابلۆکانی بفڕۆشێت، هەمیشە دەیخستە بەرچاوی کە کۆڵنەدەن و بگەن بە ئامانج. دەیویست (دالی) بەرەو بلیمەتی بەرێت. بەو جۆرە، ئەگەر (گالا) فریشتەیەک بوو بۆ(دالی)، هەر ئەویش پارێزەری هونەرمەند بوو. لە خەونێکی وەدەستهێنانی شکۆ بۆ هەردووکیان، (گالا) ببووە بەڕێوبەری کارەکانی (دالی) و خۆی وتو وێژ و مامەڵەی فرۆشتنی تابلۆکانی هونەرمەندی دەکرد. بۆ بەهاخستنە سەر تابلۆکانیشی، چوون بۆ پاریس کە لەو سەردەمەدا گرنگترین بنکەی هونەری بوو، بەتایبەتی بۆ سوریالیستەکان، زۆر پێویست بوو. بەو جۆرە، هەردوو هاوسەر لە یەک ئاوێنەیەک لە خۆیان و داهاتوویان دەڕوانی و تابلۆیەک هەردووکیانی گرتەوە.

 

Fundació Gala-Salvador Dali, VEGAP, Barcelona,

(گالا) تەنها فریشتەی ئیلهامبەخشی هونەرمەند نەبوو، بەڵکو لە یەک ژنێکدا هاوسەر و دۆست و دایک بەڕێوەبەری کار و مامۆستاو مۆدێلی تابلۆکانیشی بوو. کاتێ (دالی) وێنەی دەکێشا، (گالا) ئەو کتێبانەی بۆ دەخوێندەوە کە ئەو هەرگیز نەیخوێندبوونەوە. بەدیارییەوە دەوستا، بیروڕای لەسەر تابلۆکانی دەردەبڕی و ڕێنمایی دەکرد و بیرۆکەی پێ دەبەخشی. (گالا) بۆ (دالی) خەونە پارچەپارچەکانی بوو و لە ژیانی ڕاستیدا یارمەتیدەدا خۆی کۆکاتەوە. تەنانەت کە دەچێتە ساڵەوە و کاتی ئەوە دێت دوور لە (دالی) بژی، هونەرمەند کۆشێکی بە دیاری پێ دەبەخشێت بەناوی (پوبۆل) Pubol، (گالا) تاکو کۆتایی ژیانی لەوێ دەژی و گۆڕەکەی هەر لەناو ئەو کۆشکەیە. بەتەنیا لە (پوبۆل) دەژیا، بە ویستی خۆی دیکۆر و مۆبیلیای کردبوو، بە کارتی داواتنامە پێشوازی لە هاتوچۆکەرانی دەکرد، خودی (دالی)یش لەوە بێبەر نەبوو. ئیشقی بۆ (دالی) وای لێکرد داوا لە ژنە ئه‌کتەری فەرەنسی (ئاماندا لیر )Amanda Learبکات، کە ئەو دەمە دۆستی نوێی (دالی) بوو، تاکو بۆ هەمیشە ئاگای لە هونەرمەند بێت. ئەم هەستەی وەک بەرپرسیارێتی دایکێکە لە ئاست داهاتووی منداڵەکەی. سەرجەمی تابلۆکانی (دالی)یش لەو پێشانگایەدا نموونەن لەسەر ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی هونەرمەند بە (گالا).


تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

سەرچاوەکان:

 

– Dossier de presse, Gala Salvador Dali. Exposition au Musée national d’Art de Catalogne. 2018.

– DE GASQUET, Dominique et LLORENS VERGES, Paquita. Gala et Dali, de l’autre côtédu miroir. Éd. Robert Laffont, Paris, 2017.

 

[1]DE GASQUET, Dominique et LLORENS VERGES, Paquita. Gala et Dali, de l’autre côtédu miroir. Éd. Robert Laffont, Paris, 2017.