كولاژ - سورمێ

بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم، لەو كانییانەم خواردەوە  


Loading

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

1

فڕین لە نەغمەی مۆسیقادا ون دەبێ‌

تارمایی مانگ لە ڕەنگی سوور

                                سوور

                                     سوور .

بە چاوت ڕا دەزانم

هێشتا گەلاوێژ نەبزووتووە

منیش وەك تۆ ،

مەملەكەتی خۆم ون كردووە  ..

ڕۆشناییان بەنوێژی نیوەڕۆ

لێ‌ دزیوم

بە چاوتڕا دەزانم

سپێدەیەكی سپی بەڕێوەیە

                               سپی

                                            سپی

                                                    سپی  .

هەورم بە وشكی نەدیبوو

ئەو پیتانەی بە كێڵگەكانم  وه‌ركردبوون

بەشێكم لە شەو ،

بەشەكەی دیم لە گزنگی بەیان خواستبوون

                                          زەرد

                                                 زەرد

                                                         زەرد .

پەپوولە لە زمانی خەون ناگەن

ڕووباری گریان

سەرچاوەی لە پایزەوە نەگرتووە

ئەمجارەش بۆنی سەوزایی

لەخەو ڕایچڵەكاندم…

                      سەوز

                                   سەوز

                                          سەوز .

 

 

 

 

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

2

تەنیایی ، گوڵی گەشی داری فەنا

ڕۆژنامەو بڵاوكراوە و

ڕادیۆو تەلەفزیۆن و سایتەكان

لێی دەترسن

خۆیانی لێ‌ دەپارێزن  ..

كەچی ئەو لە شێوەی ژنێكی ڕادیكاڵ

بە چاوی بەزەییەوە لێیان دەڕوانێ ‌..

3

كۆتر بە ناوی ئاشتییەوە فڕێنرابوون

چیا لە ئامێزیان دەگرتن ، لایلایەیان بۆ دەكردن

بەڵام بەفر خۆی لێ‌ نەكردن بەخاوەن

ڕووی نەدانێ‌

كۆترەكان ئێستاش چاوەڕوانن

بەفر سڵاوێكیان لێ‌ بكا .

4

ئەو مردووانە

بۆچی دەستیان لە گۆڕ دەرهاتووە؟

ئەو هیوایە شێتە

چییەتی بەو سەرماوسۆڵە

لە شەقامی شاعیراندا

سەرگەردان ، ئەستێران كۆدەكاتەوە

كە هێشتا تاریك دانەهاتووە

ئەم دنیایە بۆ نووستووە ؟

*تێبینی: وەڵامەكان بۆ ئیمێلە هاككراوەكان دەنێردرێن .

 

 

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

5

ڕێگا دوور بوو ، جێژوان خاڵی

من بەمەوسیمی چاوی تۆ

بیناییم ڕوون دەبووەوە ..

موریدی خانەقای تۆم من

گرفتاری لالەزاری گوڵڕەنگی

حوجرەی بە دەنگ و سەدای تۆم ..

6

سەرە بێباكە مژوولەكان

خلۆر دەبنەوە  ..

لەو دیو مینای پەنجەرەكانەوە دەبینرێن

ئەو شەقامە تاریكانە

ئەو دیوارە تاریكانە

ئەو شارە تاریكانە

چیت بەبیر دێننەوە..؟

من هەر ئەو (من)ـه‌م

نەمهێشت گەڵا شەرمنەكان هەڵبوەرێن  ..

 

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

7

ئێوارەی ئەبەدیەت،

شوێنپێی لەرزۆك ،

ڕووباری بەخۆڕ ،

هەموویان لێرەدا ، بە بەر سێبەری نووكی

ئەو قەڵەمە باڵانوێنانەدا تێپەڕین  .

8

ڕوخساری ماندووتم

لە ئاوێنەدا بینی

ویستم بڵێم ناتوانم بڵێم ئەوەی لە دڵمە بیشارمەوە

پێم بڵێ‌ پرسیارەكانت چی لێ‌ كردن ، بۆ كوێت بردن ؟

پێم بڵێ‌ من كێم ؟

9

ئێمە لە كوێین ؟

ئەو شانۆگەرییە بۆچی ئەوەندەمان ماندوو دەكا ؟

تاومان بۆ بە خۆشەویستی ئەم ڕۆژگارە لێ‌ هەڵنایێ‌ ؟

چ دەڵێی ،

بۆ نایێی لە كۆڵ خۆمانیان بكەینەوە

ئومێد ماوە ، ئەویشیان بدەینێ ‌..

10

دەستم لە ئەبەنووس دەچوو

دڵم پێدەكەنی  ..

دەستم پەشمی تابانە

دڵم دەگری …

11

شازادە نهێنی ڕەنگەكانی

لەگەڵ خۆی برد

پێدڤی‌ ئاڵامان ڕەنگی

لە دامێنی چیاكانەوە وەربگرێ‌

تا هەتا هەتایێ‌

بزەی كوێستانانی پێوە دیاربێ ‌..

12

هێشتا زەردە بەسەرانەوە مابوو

بارانم شایەدە شیرین قەد!

من لە وادەی خۆم دوانەكەوتبووم

تێمهەڵكردبوو

كسپەی جوداییم دەنگی دەگەییە ئاسمانان

بارانم شایەدە

لەوادەی خۆم دوانەكەوتبووم

بە چیت بڕوا پێ‌ بكەم

لە هاتنم بێ‌ خەبەر بووی..؟

13

پێكەوەین

كەچی لەیەكتریش جوداین

ڕێگای ئەڤین یەك ڕێگایە شیرین قەد !

14

پەپوولەیەكی داماو

چ لە دیوارێكی كۆنكریت دەكا

چ لەو خەونە نیگەرانانە دەكا

ژنێكی سپیپۆشی تێدا دەردەكەوێ‌..؟

پەپوولەیەكی داماو

چ لە زایەڵەی دەنگ و

ئەشكەوتی ترسناكی بێدەنگی دەكا ؟

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

15

دەستە ڕەشەكانن

كەمەندان

لەمەزرای دڵەشكاوەكان داوێن

چاوەكان لە ئاست مێژوودا نووقاون

لەوانەیە كۆنەبرین بكولێنەوە

ڕەنگە دیسان شەو دابێتەوە ..

16

باخچە چاویان لێ‌ ستاندم

ڕووبار فرمێسك..

ئێستا سیمام لە پەیكەری مرۆڤێك دەچێ‌

لەبەهەشتدا تووڕ درابێ ‌..

17

لە برادەر زیاتر بوو

باجستێنی خەم

ڕۆیشت…

بێ‌ خواحافیزی ، بێ‌ ڕوخسەت

بێ‌ ئەوەی گۆڤارەكەی دەربچوێنێ‌

یا پێمان بڵێ‌ ئیتر نایەمەوە

تێنەگەیشتم بۆچی

سەفەری بێ‌ گەڕانەوەی

خستە سەرەتای زستان..؟

18

جارێكی دی هاتیەوە خەونم

لەخۆشیان نیوەگیان بووم

ئەوە چ چیرۆكێكە كەژێ‌

چیرۆكی من و تۆ

پەیكی زەمەن نایبڕێ ‌..

19

پێشوتاری قەڵەم

بەدخەوی بوو

ڕۆحی سترانان

خەڵتانی بێدەنگیی جۆگەو ڕووباران

شیرین قەد لە من ون نییە

چاوە فێڵاوییەكانی

لەودیوی مینای پەنجەرەوە دەبینم

پێشوتاری قەڵەم

لێرە ، لە كانی لەزەتدا ورشە دەدا ..

20

ماهی ئێمە

لەباتی تریفە

پەشم دەبارێنێ‌

لەگەڵ میوانداری مەرگیش

لەگەڵ نەخوێندنەوەی مێژوو

لەگەڵ ئاودزبوونی برینان

لەگەڵ بەردەوامی شەو

هێشتا دڵ پەیژەیەكی ئومێدی

پێوە دەمێنێ‌

من و تۆی پێدا سەركەوین .

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

21

پایتەختەكانی ئەم سەدەیە

لەهێڵی یەكتربڕو تەریب دەچن

بێ‌ سەرەتا ، بێ‌ دیماهی

پایتەختەكان گوندی گەورەن

بەڵام هێلكەی بچووك دەكەن ..

22

ئەو ئاواز و گۆرانییانە

كێ‌ شكاندنی؟

كێ‌ بوو بە زەبری ستەم

قەرەجە چاوكاڵەكانی

لەگەڵ دنیای ماسكداری ئێمەدا

تێكەڵ كردو تارمایی دوواندن ؟

كێ‌ بوو ڕازەكانی بردن ؟

نەوا.

نەوا.

نەوا.

بۆ كێ‌ ؟

23

كە پێویستیمان بە لێفەشڕێك و نانێك هەبوو

ئەوان بروسكەیان دەنارد ..

وەك گۆزەیەكی شكاو لە مەیدانی شەڕەكانیاندا

بەجێیان دەهێشتین  ..

ئاهەنگیان لە گەڕەكی كەڕان پێ‌ دەگێڕاین  ..

كەچی ژیان  ..

ئا ئا ژیان  ..

ئەوەتا بە پیرمانەوە دێ‌

ئێمەین خۆمانی لێ‌ لادەدەین  ..

24

پەتای ئادەمی

كە ئێستا بووە بە مۆد

دیواریان بەخانووانەوە

پەنجەرەیان بە دیوارانەوە

شووشەیان بە پەنجەرانەوە نەهێشت …

بەم جۆرە

چیرۆكی ئەمشەویشمان لێرەدا تەواوبوو ..

25

پاسەوانی ڕێگا بوو

هێللانەكانی تێك دابوون

لەو ساوە تەرزە لە شكارتەكانمان دەدا

لەو ساوە پیلمان لەگەڵ برسییەتیداتێكهەڵكێشاوە ..

26

ڕەنگەكان لەكوێدا خۆیان بنوێنن

كە هەموو شەڕو پشێوی دونیا

لەسەر دەنكە ڤیاگرایەك بێ ‌..

27

بەداخەوە باران مابوو

ئەویش ئێستا

لەپرۆسەیەكی ڕسكاودا

جاسووسی بەسەر هەورەوە دەكا

دەڵێن باران هەموو نهێنییەكانی دركاندووە

بۆیە هەور تووڕە بووە

وەك دەبینی ماوەیەكە

هیچ كارێكی پێ‌ ناسپێرێ ‌.

 

 

28

كە ڕۆیشتی پرچت تا تا

سیمات بروسكەی دەهاوێشتن ..

نازانم چۆن لەژێر ئەو هەموو ماسكانە ماندوو نەبووی ..

 

29

دونیا لەژێر باڵی (جیهانایەتی)دا نووستووە

كێڵگەكانی نێرگس ،

ڕەنجی فەرهاد دەدەن

لەو لاوە

لە پەنای دێرێكدا

كە دەنگی گیان و

گیانی دەنگی پۆشیوە

مرۆڤێكی سادە

بەدڵی شكاوەوە

لاوكی بەسەرچوو دەچڕێ‌ ..

 

 

30

حەوشەمان بۆنی شەوبۆی لێ‌ دێ‌

هەر دڵەو پەیكانێكی بۆ دێ‌

هەر چاوەو گڕ دەبارێنێ‌

ئاوازی كپ ،

دەفری بەتاڵ پڕ ناكا

ئیتر لێرە بەدوا سێو لە ئەفسانان دێتە دەرێ‌

بە كلیكێك پێ‌ دەگا ..

بە كلیكێك دەكڕدرێ‌

بە كلیكێك دەفرۆشرێ‌

دوور نییە بە كلیكێكیش بخورێ ‌..

بژی (جیهانایەتی)

كانگەی تەمبەڵی و

كۆڵەواری و تەنپەروەری ..

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

31

سرووتی خاكەڕایی

خەمی نادیار

خۆری سپیپات

وا پێك نەهاتبووین برالە

منداڵیی گەردوون

بە گورگان بسپێرین  ..

 

 

32

ئای زەوی خۆزگە ئەوەندە بچووك نەبای

ناچارم بكەی

سینگم بكەم بە چیمەن

چاوم بە هێللانەی مەلان

درەخت لەسەر باڵەكانم بڕوێنم  .

33

پەری لە هەوران دەركەوتن

باس لەوەختێك دەكەم

بەیانیی نەدابوو

هێشتا ئاگری شوانان

بە بنارانەوە دیار بوون

شەوگەڕ نەهاتبوونەوە

پەری لە هەوران دەركەوتن

لە كاتێكی وادا

تۆ بڵێی پەری بۆ لە هەوران دەركەوتبن ؟

34

ژنێك بۆ غەریبی خۆی دەفی لێ‌ دەدا

گەڵای داران

سەرەتاتكێیان لەگەڵدا دەكرد

ژنێك ،

لە كانگەی نوورەوە هاتبوو

دەفی بۆ غەریبی خۆی لێ‌ دەدا ..

35

ئەودەمەی كولێرەیەك بەدەستەوە دەگرم

دەزانم دونیا دەهێنێ‌

گۆرانی بۆ بچڕی .

36

گریمان دڵیان

خستیە سندووقی دەنگدانەوە

بیرت لێ‌ كردۆتەوە

بە چ زمانێك لەگەڵ پرسیاران بئاخڤێی

یاخود چییان پێ‌ بڵێی..؟

37

چاو و گوێمان

بەسێنی سەربانانەوە بەستراوەتەوە

تكایە پێم بڵێ‌ من كێم؟

لە كوێڕا هاتووم ، بۆ كوێ‌ دەچم ؟

38

گڕم نەدیبوو لەو شێوە

بێباك ، بێ‌ پەروا..

بەفری لوتكان بسووتێنێ‌

ئاوی ڕووباران داغ بكا .

39

مەرگ لە چاوەڕوانی ژیاندا خوێنی لە بەردەڕوا

شارستانیەت و چۆلپەرستی

لەبەر ئاستانەی سەدەی نوێ‌

دەست لە ناو دەست

پرۆتۆكۆلی نهێنی ئیمزا دەكەن

وێنەی یادگاری دەگرن …

40

نەمدەزانی گوڵ لە تەمدا

جوانتر دەردەكەون

نەمدەزانی تریفەی مانگ

لە تانەی چاوان دەچێ ‌..

41

لێم دیارە دەرفەتەكان لە ئەفسانەدا ئاڵاون ..

لێم دیارە ،

پیاڵەی بەتاڵم لێ‌ دیارە

چاوی ماندووی تێدا ڕەنگ دەدەنەوە

دەنگی گیراوی تێدا دەنگ دەدەنەوە ..

لێم دیارە ، شتی دیشم لێ‌ دیارە

لێ‌ مومێكی بەر با چی لەدەست دێ ‌؟

لەوەی بەدەر

یەخەی خۆی لە تاریكیدا دادەدڕێ‌ .

42

ڕۆژگارمان

ڕۆژگاری دووپشكانە

چڕپە دەخوێننەوە

سەوڵ لە خەیاڵ دەدەن

ڕازێك ، نهێنییەك

لە ڕۆژگاری دووپشكاندا نەماوە ..

43

فرمێسك نووستبوو

چاو بێدار

لەو دیو سۆزی سۆمادا

ژنێك سەمای

لەبەر ئاوازی هەتاو و سێبەردا دەكرد

فرمێسك نووستبوو

ژنێك لەبەر ڕوناهی دا دەلەیزی ..

44

تارمایی ڕێیان

لە هەور

لە با

لە خەونان گرتووە

تارمایی گەیشتنە ئاسمانی خەرەندان ..

45

ڕەشەبا نەبووایە ،

درەخت بەلادا نەدەچوون

ڕەشەبا نەبووایە ،

چاوی تۆ

بەو ئێوارە ئەرخەوانییە تەرزیان نەداوێشت

ڕەشەبا نەبووایە ..

46

مێژووی شۆستەكان نانووسنەوە

ئەو ڕەوەزەی لە خەودا بە سەرتدا  ڕما

ئەو خەمە نادیارانە بوون

پایزان دەدرەوشانەوە ..

ترپەی دڵە هەلاهەلاكان بوون

تەمی سپێدەیەكی زستانی …

فلیمەكە هەر ئەوەندەی لێ‌ مابووەوە

ئەوی دی لێ‌ ڕەشببوەوە ..

نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ؛ كاری كۆلاژ

47

داربەڕوو پەنجەمۆری

بەسەر گوڵاڵەكانی كەنارەوە مابوونەوە

پاسەوانی فەرمانگەی دۆزینەوەی تاوانان

نەیهێشت لە گوڵان نزیك ببمەوە

تۆ پێم بڵێ‌ دڵدارەكەم چاوەڕوانە

من چۆن بێ‌ گوڵ بگەڕێمەوە ؟

48

بازی كێوییان

بە دووكەڵی پرسیاران گیراوە

ئەستێرە

لە ئاسماندا ڕادەكەن

خەڵكی لە بەهەشتیشدا خۆیان كۆكردۆتەوە

كەس نازانێ‌ چی قەوماوە ..

49

دەخیل چاكی سەرگرد و تەلانان

بەهەور بڵێ‌

لە قەدەحی پڕیدا ڕێژنەیەك دا بكا

شاعیران وەختی ژوانێ‌

هیچیان لە بیر نامێنێ ‌.

هەولێر- 2009

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.