پیته‌ر ئێرستن؛ گۆشت فرۆشه‌كه‌، ١٥٥١ Meat Seller’s Stall, Pieter Aertsen, 1551, oil on panel

جێرمی ئیگێرس؛ فەلسەفە و خواردن


Loading

”تۆ ئەوەیت، کە دەی خۆیت” پەندێکی ئەمریکی نووسراوەکەی سەر دەرگەی پەرستگەی دێلفی داوا لە فەیلەسوفان دەکات بە دووی پەنهانی شوناسی مرۆڤدا بگەڕێن، بەڵام چەند لێکۆڵیارێک ئاماژە بە پەنهانییەکی دیکەی ئەم کێشەیە دەکەن:  بۆچی فەیلەسوفان زۆر کەم گرنگی بە خواردن، چێشتلێنان، و چێژتن دەدەن؟ ڕەتکردنەوەی خواردن وەك بابەتێکی شیاو بۆ پرسیاری فەلسەفەیی ڕیشەیەکی قووڵی لەنێو مێژووی هزردا هەیە. خواردن، خواردن ئامادەکردن، و ئیشتیا لە مێژووی فەلسەفەدا بۆ فەیلەسوفان نەبوونەتە هۆی لێڕامانی فەلسەفەیی. ئاخر لە پلەبەندی سێنسەکان (حواس)دا چێژتن، گرتن، و بۆنکردن لە خوار سێنسی بیستن و بینینەوە دادەنرێن، ئەمەش بەشێکە لە ڕێگەی دابەشاندنی دووانە دژیەکەکان و سەروەراندنی یەکێکیان بەسەر ئەویدی وەک ”سەروەریی هۆش بەسەر جەستەدا، ئاوەز بەسەر سێنسەکاندا، مرۆڤ بەسەر ئاژەڵدا، کولتوور بەسەر سروشتدا. هەروەها سەروەریی نێر بەسەر مێدا، پیاوێتی بەسەر ژنێتیدا”.

 

گرنگینەدانی فەیلەسوفان بە خواردن و چێشتلێنان ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پلاتۆن، کە لە دیالۆگی ‘گۆرگیاس’دا دەپرسێ؛ ”داخۆ بەڕاستی دەزانی چۆن چێشت لێدەنرێ؟” بۆ پلاتۆن، چێشتلێنان توانستێکی سانایە و دژبەری هونەرێکی ڕەسەنی وەک نۆژدارییە. کێشەی ئەم گرنگی پێنەدانە ئەوە نییە، کە خواردن و خۆراک لە بەدەستهێنانی ئەو گرنگی پێدانەی کە شایستەیانە نوشوستییان هێناوە؛ بەڵکو ئەوە خودی فەلسەفەیە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا ڕۆیشتووە. بۆیسڤێرت دەبێژێ فەیلەسوفان لە جەستەی خۆیان دابڕاون و بوونە بە ”چینێک هزرڤانی دوور، کە تەنیا دەتوانن قسە بۆ یەکدی بکەن”، ئەوان لەبارەی ئەو کێشانە دەهزرێن کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ژیانی ڕۆژانەوە نییە. بەپێچەوانەوە هەندێ لە فەیلەسوفان گرنگی زۆر بە ئەزموونە ساناکانی ڕۆژانە دەدەن و هەوڵدەدەن فەلسەفە ڕۆشنایییان پێبدا، ڕیچارد شوتەرمان لە زانینگەی تێمپڵ ئەوە ناودەنێ ”ژینی کارامە” ”ئەم فەیلەسوفانە کات بە گومانی گەردوونییەوە ناکوژن. ئەوان لەتەك کێشەی دانایی کولتوری سەرەتادەگرن و پتر دەگەڕێن. جەستە و گەدە ئێمە لەنێو جیهاندا دەچەسپێنن، ئێمە لە سەرجەم چالاکی و پەیوەندییەکاندا بەشدار دەکەن، هەروەها سنوورە توندەکانی نێوان خۆمان و دەوروبەرمان کاڵ دەکەنەوە”.

 

ئەو ڕوانگەیەی دەبێژێ خواردن و چێژتن بە هەڵە وەك بابەتێکی ناگرنگ دانراون، بۆیە گرنگییان پێنەدراوە، بەتەواوی ناڕاستە، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە_ چی دەبێ ئەگەر هۆکاری ڕاستەقینەی گرنگینەدانی فەیلەسوفان بە خواردن و نەریتی خواردنمان لەبەر ئەوە بێ، کە بۆ ئێمە زۆر گرنگن لە خستنە مەترسی هزراندنی فەلسەفەیییەوە؟

یەکێك لە پەندە فۆلکلۆرییە ئەمریکییەکان کە ڕێنومای ئێمە دەکات ”گوو لە شوێنێک مەکە، کە نانت لێخوارد”. ڕەنگە پەیوەندی نێوان فەلسەفاندن و گووکردن ڕوون نەبێت، مەگەر تۆماس ئەکویناست بێتەوە یاد لە کۆتایی پیشەکەیدا، ئەکویناس ڕای دەگەیەنێ سەرجەم ئیشە فەلسەفەیییەکەی دەخاتە سەر ”دەسکە پوشێك” وەها دەرناکەوێ کە وێناکردنی قورس بێت کە ئەکویناس ئەو پووشەی لە هۆشدایە کە دواتر لە تەرسی ئەسپەوە دێتەدەر.

 

دانایی ئەو پەندە ئەوەیە: خواردن و خۆراک قازانجی کڕۆکین، هەر پرسیارکردنێکی فەلسەفەیی کە پراکتیسە ڕۆژانەییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە دەشێ مەترسیدار بێت. ئەوە ڕێک ئەوەیە کە ئێتیکڤانی ئوستڕاڵی پیتەر سینگەر بەڕێی پیشەکەی خۆیەوە دەیکات. کتێبەکەی سینگەر ‘ئازادی ئاژەڵان’ چاپی یەکەمی ١٩٧٥ دەبێت بە سەرەتای هاتنەئارای بزووتنەوەی مافی ئاژەڵان. وەسفکردنەکانی سینگەر سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی ئاژەڵان لە توێژینەوەی زانایان و بە تایبەت لە بەرهەمهێنانی گۆشتدا، ئاوێتە بە ئارگومێنتە بەهێزەکانی بۆ یارمەتیدانی ئەو ڕوانگەیە کە دەبێژێ ئاژەڵان شایستەی گرنگی پێدانی مۆڕاڵی ئێمەن.

ئارگومێنتەکانی سینگەر وەها لە ملیۆنان خوێنەر لە سەرانسەری جیهان دەکات بکەونە کێشەی نەسازی نێوان بەها مۆڕاڵییەکانیان و خووی خواردنیان. لە چاوپێکەوتنە تازەکەماندا لەگەڵ پیتەر سینگەر پرۆفێسۆری بیۆئێتیک لە زانینگەی پرینستۆن ڕوانگەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە و دانوستانی کاریگەری بزووتنەوەی مافی ئاژەڵان دەکات لە چارەگە سەدەی ڕابوردوودا. خواردن وەک بابەتێکی لێکۆڵینەوەی فەلسەفەیی ڕەنگە بە تایبەت لە ئێستادا بابەتێکی ساتەکی بێت، هەرچەندە لە ترادیسیۆنی فەلسەفەدا فەیلەسوفان بڕوایان بە سروشتی نەگۆڕی مرۆڤ هەیە، لێرەدا یارمەتی گەشەپێدانی ئەو ڕوانگەیە هەیە کە دەبێژێ ئێمە تاڕادەیەکی زۆر بەرهەمی کولتووری خۆمانین و کولتوورە جوداوازەکان خودی جوداواز بەرهەم دەهێنن.  ئەمڕۆ خواردن و خۆراک لەنێو کولتووری خۆرئاوادا هەمان ڕۆڵی سێکس دەگێڕێن لە چەند دەیەی ڕابوردوودا: خواردن ئیرۆتیزەکراوە و کێشەیێندراوە و بووە بە سەرچاوەی نیگەرانییەکی زۆر. من پێشنیازی ئەوە دەکەم لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکانی خۆرئاوادا، لەبەر ئەوەی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە چۆنیەتی خۆ پێناسەکردنماندا ڕوویداوە: نەوەیەک یان دووان لەمەوبەر شوناسی تاکمەندیان پتر بەڕێی پایەگای کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانیانەوە دیاردەهێنرا_ پاشان پتر جەخت لەسەر سێکس کرا؛ ئەمڕۆ  شوناسی ئێمە پتر و بەهێزتر بە بەکارهێنان (چ دەخۆین و دەخۆینەوە)ەوە پەیوەست کراوە.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە

https://philosophynow.org/issues/31/Philosophy_and_Food