فیلمی (ماڵی ڕه‌ش) - گرته‌ی نه‌خۆشه‌كی گولیی

شاژنە سەبا


Loading

حیسام ئه‌میری؛ شاژنه‌ با –   ڕاڤه‌ و فیلم بۆ ته‌ماشا 

له‌فارسییه‌وه‌ ڕاڤین كامه‌ران 

 

 

دوای دروستکردنی فیلمی ماڵەکە ڕەشە، ڕەخنەی جۆراوجۆر لەبارەی فیلمەکەوە نوسرا کە لە ڕەخنەکاندا دوو ئایدیای سەرەکی لە فیلمەکە شایەنی تێگەیشتن بوو؛

یەکەم: دەرهێنەر هیچ شتێک لەبارەی دەرهێنانی فیلمەوە نازانێت.

دووەم: ئەوەی فیلمەکەی دروستکردووە ئیبراهیم گوڵستانە نەک فروغی فروخزاد!

 

هەندێک لە ڕەخنەگرانی وەک مەنوچەهر کیارەش هەردوو ڕەخنەکە ئاڕاستە دەکات و هەندێکی دیکە، وەکو ڕەزا سۆهرابی سەرەڕای ستایشی فیلمەکە، دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن فڕوغەوە دەخاتە ژێر پرسیار. ئەوەی لەنێوان هەموو ئەو ڕەخنەگرانەدا ڕوون و هاوبەشە نیگایەکی بە سووک تەماشاکردنی دەرهێنەری ژنە. لە ڕوانینی ئەواندا ژنێکی وەکو فڕوغ ناتوانێت فیلم دروستبکات، ئەگەر دروستیشی بکات فیلمێکی باش نییە و ئەگەر باشیش بێت، کاری ئەو نییە. شەمیم بەهار لە ڕەخنە بەناوبانگەکەی و هەڵبەت بەدناوەکەی خۆیدا دەقی فیلمەکە بە ئەدەبیاتێکی ناسک ناو دەبات، پەروێز نوری ڕەخنە لە ڕوحیەتی سەنتەمێنتاڵیزم و ڕووكه‌شی ژنانەی دەرهێنەر دەگرێت و ئەیرەج سابری لە نوسینە سەرتاپا هیستریک و بێشەرمانەکەیدا، هۆکاری دروستکردنی ئەم فیلمە بۆ پێویستیی مادیی فڕوغی فڕوخزاد دەگەڕێنێتەوە!

فروغی فروغزاده‌ – وه‌ك ده‌رهێنه‌ری؛ فیلمی ماڵی ڕه‌ش.

ئەوەی کە فڕوغ هیچ شتێک لەبارەی فیلمسازییەوە نازانێت هیچ نییە جگە لە وەهم و قینی ڕەخنەگرە پیاوەکانی ئەو سەردەمە. فڕوغ بەپێچەوانەی زۆرێک لە دەرهێنەرانی تری سینەمای ئێران فیلمسازیی بە شێوەیەکی ئەزموونگەراییانە و ئەکادیمیانە فێربوو بوو. ئەو دوو جار بۆ بەشداریکردن لە خوێندنی فیلمسازی گەشتی بۆ ئینگلتەرا کردبوو، لەوێ سەرەڕای فێربوونی تەکنیکەکانی سینەما، ئاشنای فیلمسازان و فیلمە گەورەکانی سینەما بووە. ئامادەبوونی لە ستۆدیۆکەی گوڵستان و ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆر، لە مۆنتاژەوە تا یاریدەدەری دەرهێنەر، دەرفەتێکی باشیان بۆ ئاشنابوونی ئەو بە سینەما ڕەخساندبوو. ئەگەر وای دابنێین هیچ کام لەم ئەزموونانە لە کارنامەی فڕوغدا بوونیشیان نەبووبێت، ئەوا هێشتا هەر فیلمێکی قەشەنگی هەیە بەناوی (ماڵەکە ڕەشە)  فیلمێک ئەوە نیشاندەدات کە ئەو چ دەرهێنەرێکی گەورەیە و ڕەخنەگرەکانیشی چەندە بچووک.

 

 

هۆی ئەو سووکایەتی و ڕەخنانە لە هونەری فڕوغ، بێگومان پەیوەندیی بە فیگۆری ئازادیی و سەربەخۆیی فروغەوە هەیە. مێژووی نێر وا بە ئاسانی ڕێگە بە ئامادەیی ژنێکی داهێنەر نادات و هەر لەم ڕووەوە هەوڵدەدات بە شێوەی جۆراوجۆر داهێنان و ئافڕێندراوەکانی بشێوێنن. بێ‌هۆ نییە کە لە تەواوی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هێندەی قسە لەسەر فڕوغی فڕوخزاد کراوە، دەربارەی هیچ کەسێک و هیچ هونەرمەندێک هێندە قسە نەکراوە. کاتێک فڕوغ لە ژیاندا مابوو لەبارەیەوە دەدوان، ئێستاش بە هەر بیانوویەک بێت، دەربارەی ئەو و کاریگەریی ئەو و هەر شتێک پەیوەندیی بە فڕوغەوە بێت قسە دەکرێت. هەر لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا مەسعوود کیمیایی لە چاوپێکەوتنێکی سەیر و ئابڕووبەرانەدا باسی لەوە دەکرد کە ئەو جەستەی فڕوغی شتووە و چەند ڕۆژێک دواتر ڕاستەوخۆ وێنەی فڕوغ لە دەستەڕاستی سەر بەرگی ڕۆژنامەی میهرنامە باڵاوکرایەوە و بە فۆنتێکی گەورە ئەم ڕستەیەیان نووسیبوو: کێ فڕوغی شووشت؟. ئەمە کۆتایی ماجەراکە نییە، ئەمڕۆش لێرە و لەوێ ڕۆشنبیرگەلێکی پیاوسالار هەن کە هونەری فڕوغ بە هونەرێکی ژنانە دەزانن. ئەم جۆرە بیروڕایانە هیچ شتێک نییە جگە لە گۆڕینی هونەر بۆ جەستە و جەستە هیچ نییە جگە لە پەیوەندی، فریودان، سێنتەمێنتاڵیزم و ڕووکەش.

 

تۆماس ئێلسایسەر لە کتێبی تیۆری فیلمدا دەنوسێت؛ ژنان بە پیچەوانەی پیاوانەوە هەمیشە بە جەستەوە نمایشدەکرێن. ئەو بە گەڕانەوە بۆ کتێبی پیرۆز، داستان، ئەفسانەکان، چیرۆکی فۆلکلۆری و ئەدەبیاتی کلاسیک ئەوە نیشاندەدات کە تەواوی ژنان، تەنانەت ژنانی خەیاڵیش لەگەڵ جەستەیاندا وەسف دەکرێن. هیچ ژنێک لەم کتێب و چیرۆکانەدا نییە کە جەستەیان نەبێت. ئێلسایسەر دەڵێت؛ دەکرێت فریشتەیەکی پیاو/ نێر تەنیا دەنگ پەیڤی هەبێت بەبێئەوەی پێویستیی بە هەبوونی جەستە و بە دەرکەوتن و نمایشی جەستەی هەبێت، بەڵام هەمیشە دەبێت جەستەی فریشتەی ژن وەسف بکرێت. وەک ئەوەی زەینی فالیک تەنانەت نەتوانێت بوونی ژنێکی خەیاڵئامێزیش بێ جەستە وێنا بکات. لە مێژووی هونەری ئێراندا چارەنوسی فڕوغ شتێکی جیاواز نییە لەوەی ئێلسایسەر دەیڵێت. جەستەی ئەو هەردەم یاد دەکرێتەوە و ژیانی تایبەتیشی بۆتە جێگەی لێکۆڵینەوە.

 

شتە سەیرەکە لەوەدایە فڕوغ جگە لە یەک دوو دیمەنی فیلمی داخوازی، هیچ ئامادەگییەکی فیزیکی و جەستەیی لە سینەمادا نییە، ئەو لە فیلمی خشت و ئاوێنە ڕۆڵێکی کورت و گرنگی لە چیرۆکی فیلمەکە هەیە. ئەو کارەکتەرە ژنەی ئەو ڕۆڵی تێدا دەبینێت، لە سەرەتای فیلمەکە مناڵەکەی دەباتە ناو تاکسی و لە کۆتایشدا لە شەقامدا چاوەڕوانی تاکسییە. لە هەردوو دیمەنەکەدا جەستەی ئەو لەژێر پەچە داپۆشراوە و بە هیچ شێوەیەک جەستەی دەرناکەوێت. ماڵەکە ڕەشە پڕکێشەترین ئامادەیی ئەوە لە سینەما. ئەو لێرەدا دەنگ و پەیڤی هەیە بەڵام جەستەی دەرناکەوێ و دیار نییە. فڕوغ هەر وەک فریشتەیەکی ژن، بێ‌جەستە دەتوانێت بیربکاتەوە، بپەیڤێت و شتێک بڵێت بەبێ ئەوەی جەستەی دەرکەوێت.

 

لە سینەمای ئێراندا فەخری خوروش یەکەم ژن بوو کە لە فیلمی (باشووری شار)  پێنج ساڵ بەر لە فیلمی (ماڵەکە ڕەشە) ڕوو لە کامێرا قسەی دەکرد. ئەو بۆ یەکەم جار بیرکردنەوەی ژنانەی لە وێنەگرتنی جیاکردەوە، بەڵام بە هۆی چیرۆکی فیلمەکەوە، ئەم بیرکردنەوەیە وابەستە و ملکەچی وێنە بوو. لە دوای ئەو ئەوە فڕوغ بوو کە توانیی بە شێوەیەک نەگەڕێتەوە جەستە و جەستە لە وێنە جیا بکاتەوە. تەنانەت ئاواز و خوێندنەوەی[1] فڕوغ لە ماڵەکە ڕەشە جیاوازیی لەگەڵ نموونەی پیاوەکانی پێش خۆی هەیە، بۆ نموونە ڕەنگە لە هەر فیلمێک زیاتر فیلمی شەپۆل، مەرجان و تاشەبرد لە ماڵەکە ڕەشە بچێت، بەڵام خوێندنەوەکەی گوڵستان خوێندنەوەیەکی ئاهەنگی هەبوو، لەکاتێکدا هێشتا گوزارشتەکان لە وێنەدا دەردەبڕدرێن و لە نێوان دەنگ وێنەدا پەیوەندییەکی لۆژیکیانە بوونی هەیە. لێرەوە گوڵستان لە فیلمی شەپۆل و مەرجان و تاشەبەردـدا هاوشێوەی شاعیرێکە کە هەواڵ بخوێنێتەوە. ئەو پەیڤی ئاهەنگدار و ڕازاوەی هەیە بەڵام ملکەچی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیارییە.

خوێندنەوەکەی فڕوغ لە ماڵەکە ڕەشەدا تەواو جیاوازە. ئەو بە هیچ جۆرێک مەبەستی پەخش و گواستنەوەی وێنە و زانیاریی دیمەنەکانی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. پەیوەندی وشە لەگەڵ وێنەی فیلمەکە پەیوەندییەکی بنچینەییترە. ئەگەر لە فیلمی شەپۆل و مەرجان و تاشەبەردا دەنگ و وێنە تەریب و هاوهێڵ بن لەگەڵ یەکتردا، ئەوا لە فیلمی ماڵەکە ڕەشە گوتەکانی فڕوغ لەگەڵ وێنەی فیلمەکەدا پەیوەندییەکی هەماهەنگییان هەیە. دەنگی فڕوغ لە هەندێک جێگای وێنەدا دەبڕدرێت و ڕاستەوخۆ دەنگی لە وێنە دوور دەکەوێتەوە. ئەرکی گواستنەوەی زانیاری لەناو فیلمەکەدا بەخشراوە بە گێڕەرەوەیەکی دیکە: ئیبراهیم گوڵستان. گوڵستان لە سەرەتا و ناوەڕاستی فیلمەکە دەربارەی نەخۆشیی گول[2]ی چەند زانیارییەک بە بینەران دەبەخشێت. دەنگی فڕوغ ئەرکێکی تری لە ئەستۆی خۆی گرتووە.

 

لە شوێنێکی فیلمەکەدا پیاوێکی گول، کوێرێکی چاویلکە لەچاو دەبینێت کە لە حەوشەی گوڵخانەکەدا دانیشتووە. یەکسەر دەنگی فڕوغ دەبیسترێت: “ئەی پایە بڵندی چاوبەستراو، چاوەکانت من دەبینن.”…  لێرەدا قسەکانی فڕوغ دەربارەی چاوی کابراکە ڕوونکردنەوە نادات، بەڵکو ئەوە چاوانی پیاوەکەیە دەگەڕێنەوە لای پەیڤەکانی فڕوغ. لەو چرکەساتانەدا دەق و دەنگی فڕوغ خەریکی بەیانکردنی شیکاری نییە، جۆرێکە لە لایلایە، چرپە، بێدەنگییەک لە دەنگدانەوەی تەقینەوەیەکدا.

 

 

لە فیلمی ماڵەکە ڕەشە دەنگی فڕوغ دەبیسترێت بەڵام جەستەی بەرچاو ناکەوێت. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە تەژییە بە هەموو جۆرە جەستەیەک (تەنیا لە چەند نمایەکدا جەستەکان بەرچاو ناکەون، کە گوڵستان لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ حەمید نەفەسی دەڵێت ئەو گرتانە بە پیشنیاری ئەو فڕوغ بۆ سەر فیلمەکەی زیادی کردوون.) خوێندنەوەکە، هاوشێوەی شیعرەکانی فڕوغ پڕە لە دەربڕین و ئیماژ، ئامادەییەکی حاشاهەڵنەگر و پڕشانازیی جەستە. پەیڤگەلێکی وەک: سکپڕبوون، منداڵبوون، تروسکەی سکی دایک، ئێسک، قورسیی دەست و بۆگەنبوون و شیبوونەوەی جەستە. لە لایەکی دیکەش فیلمەکە دەربارەی ئەوانەیە کە نەخۆشیی گولییان گرتووە، ئەوانەی بەر لە هەر شتێک، بە جەستەی پڕ کێچ و برینیان دەناسرێنەوە. تەواوی حاڵ و هەوای فیلمەکە لەژێر کاریگەریی دڵڕەقیی ئەم جەستانەدایە و تەنانەت دەنگە شیفا بەخشەکەی فڕوغیش ناتوانێت بارکەوتوویی و بێچارەیی ئەم جەستە برینڕێژکراوانە دڵنەوایی بداتەوە. لێرە جۆرێکی تر لە وێنە پیشان دەدرێ، ئیدی جەستە ڕووی دەرەوەی پیشان نادرێت، بەڵکو ناواخن و لەنێوان برین و کێم، دەگەڕێتەوە و بەم جۆرە ترسناکە لە بەرچاوی بینەران خۆی پیشان دەدات.

 

 

هەستدەکەم فڕوغ لە ماڵەکە ڕەشەکە لە تێکچوون و وێرانبوونی گولەکان دەربارەی جەستەی خۆیشی دەدوێت. ئەگەر ئەوانی تر (پیاوەکان) بەردەوام لە دەرەوەی جەستەی ئەو (جەستەی ژن) دەڕوانن، لە بەرامبەردا فڕوغ دەیەوێت لە دەروونەوە بڕوانێتە جەستە. ئەم کارە لە سینەما له‌ڕوویی  شیعرەوە گەلێک سەخت و دژوارترە، چونکە سینەما بە پێچەوانەی ئەدەبیاتەوە سەروکاری لەگەڵ ڕاز و نهێنییە و جەستەکان لە بەرامبەر کامێرای سینەمادا هێندە بە ئاسانی ناخییان پیشان نادرێت. تەنیا دێودرنجەکان، ڕووخسارشێواوەکان، زیندەوەرەکان، نافۆڕم و بوونەوەرە عەجایبەکان توانای هاتنەدەرەوەیان لە جەستە هەیە. هەر لەم ڕووەوەیە لە فیلمەکەدا گولەکان گرنگن. زامی جەستەیان درزی ئەوانن تا لە ڕێیەوە کامێرا بچێتە ناو درز و شەقبوونەکانەوە و لەو کەلێنانەوە دەرەوە نمایش بکەن.

 

 

دەکرێت بگوترێت فیلمی ماڵەکە ڕەشە دەربارەی هەموو ئەو شتانەیە کە نمایەکی ڕووکەشانەی نییە، فیلمێک دەربارەی ئەو لایەنانەی جەستە، کە ئەوانی دی ناتوانن بیبینن بەڵام تووشبووەکان هەستی پێدەکەن. فیلمەکەی فڕوغ لە زۆر لایەنەوە کاری زۆرێک لە دەرهێنەرە گەورەکان بەیاد دەهێنێتەوە. ڕەنگە کەمێک سەیر بێت بەڵام من کەوتمەوە بیری ئانیس ڤاردا[3] . ڤارداش لە فیلمەکانیدا هەمیشە بە جۆرێک هەوڵدەدات لە دەروونەوە بڕوانێتە جەستەی خۆی و هەستی تەنیایی خۆی دەگوازێتەوە بۆ بینەران. جگە لەمە، هاوشێوەی فڕوغ لەگەڵ جەستە و شێوەی شێواوییەکانی تر(تەنانەت لەگەڵ پەیکەرە نوقسانەکان و پەتاتەشکڵخوارەکان) هەست بە نزیکایەتی دەکات، وەک ئەوەی ئەو جەستە و فۆڕمە ناڕێکانە جەستەی خۆی بن. هەڵبەت جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەم دوو دەرهێنەرەدا هەیە. سەرگەرمیی و هاروهاجیی مناڵانەی سینەمای ڤاردا بێگومان شوێنیکی لە سینەمای تاریک و ڕەشبینانەی فڕوغدا نییە.

 

 

 

تەماشاکردنی ڕووخسارە گولەکان لە فیلمی ماڵەکە ڕەشە ئەزمونێکی ترسناک و دڵتێکەڵهێنەرە، چونکە تەماشاکردنی هەڵوەشانەوەی پێست لە نیگای بینەرانەوە ترسناکە. ئەم ترسەش دەکرێت هۆکاری ئەوە بێت بتوانین فیلمی ماڵەکە ڕەشە بە یەکەم فیلمی ترسناکی سینەمای ئێران ناو بنێین. دوو-سێ ساڵ دواتر چەند فیلمێکی داستانیی ترسناک(مۆمیا – لە دەرهێنانی حەمید موجتەهیدی، ژنی خوێنمژ – لە دەرهێنانی مستەفا سکویی و پیاوێکی نادیار – لە دەرهێنانی ئیسماعیل کوشان) بۆ یەکەم جار لە سینەمای ئێراندا دروست دەکرێن. جگە لەوە، فیلمی ماڵەکە ڕەشە هۆکارێکی تری بۆ ترساندنی بینەران هەیە: فیلمەکە دەربارەی نەخۆشییەکە کە نەخۆشییەکە درمە و دەگوازرێتەوە. بینەران شتێک دەبینن کە شایەنی بینین نییە، نزیک لە شتێک دەبنەوە کە نزیکبوونەوە لێی ترسناکە. تەنانەت دروستکردنی فیلمێک لە بارەی گولەکانەوە بۆ ئەوان ئۆقرەهەڵگرە، بە بڕوای ئەوان گولەکان دەبێت بۆ شوێنێک دوور بخرێنەوە، نەوەک بهێنرێنە ناو سینەما، ببرێنە شوێنێک کە نەکرێت تەماشای گولەکان بکرێن.

 

فڕوغ بۆ پیشاندانی هەستی تەنیایی ئەم دوورخراوانە[کەرەنتینەکراوەکان] جارێکی تر و دووبارە دووریان دەخاتەوە. لە زۆربەی گرتەی فیلمەکەدا ئەوان تەنیان و هەر وەک پەیکەرە دڵتەنگ و کۆنەکان لە تەنیاییدان. ئێمە لەبەر ڕووخساریان دەترسین و لەبەر عەزابەکەشیان دڵمان بۆیان دەسووتێت. ترس و بەزەیی دوو هەستی سەرەکین کە هەر لە دەستپێکی فیلمەکەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. ئالان بێرگالا کەسەکانی ناو فیلمەکە بە دێوی غەمگینی تابلۆی فرانسیسکۆ گویا دەچوێنێت، ئەویش وەک گولەکان هەم دەمان خاتە دڵەکوتە و هەم هەست‌ناسکمان دەکاتەوە.

 

گرنگترین هۆکاری فڕوغ بۆ نمایشی ئەم بەزەیی و هەستە جیاوازانە لە فیلمەکەدا: ڕیتمە. زۆریی و کەمیی درێژەی گرتەکان، دووبارەبوونەوەی بەردەوام و شێوەی ڕیزبەندیی نماکان ڕیتمێکی بێ‌هاوتا دەبەخشێت بە فیلمەکە. ئەم ڕیتمە وەک چوارچێوەیەکی گەردوونیی نادیار. لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکەدا هاوکات هەم لە گولەکان نزیک دەبینەوە و هەمیش مەودایەک دەخینە بەینمانەوە. هەرچەند نزیک ببینەوە ئەوان دوورتر دەبینین و بە دوورکەوتنەوەش لێیان نزیکیان دەبینەوە. ئەزموونێکی وا جیاواز و دژبەیەک لاوازیی فیلمەکە نییە، بەڵکو درەوشاوەترین لایەنیەتی. لە کاتێکدا کە فیلمەکە زەڕوریی نزیکبوونەوە لەگەڵ گولەکانمان پێدەڵێت بەڵام هاوکات نزیکبوونەوە لە شوێنی بینەرەوە بۆ لای ئەوان ئەستەمە. چ بابەتێکی ئەخلاقیتر لەمە هەیە؟

 

بێرگالا پاش شیکاریی گرتە بە گرتەی فیلمەکە، دەربارەی ڕیتم لەناو فیلمەکەدا دەنووسێت کە ڕیتم بە جۆرێکە کە سێ زەمەنی جیاواز لە یەک کاتدا ئامادەگییان هەیە. زەمەنی داخورانی جەستەی گولەکان، زەمەنی ئاهەنگەکان، ڕووداوەکان و پێشبڕکێ و لە کۆتاییدا زەمەنی بارگرانیی و سەختیی ژیانی ڕۆژانە. لە زەمەنی یەکەمدا مرۆڤەکان دەبنە دێو و دەعبا، لە زەمەنی دووەمدا هێندێک تایبەتمەندێتیی مرۆڤ دەبەخشرێتە ئەم دێوودرنجانە و لە سێیەمین زەمەنیشدا ئەم دێوودرنجە مرۆییانە چارەنووسیان ڕەها دەکات. فڕوغی فڕوخزاد بۆ پاراستنی دووانەی دژبەیەک بەڵام پیویستیی فیلمەکە(ترس-بەزەیی، دووریی-نزیکیی، مرۆڤ-دێو، دووبارە-ڕووداو) سوودی لە ڕیتمی جیاواز وەرگرتووە. تەنانەت بێرگالا دەڵێت فڕوغ لە یەکێک لە گرتەکانیدا فۆڕمێکی نوێی لە مۆنتاژی فیلم داهێناوە و شێوازێکی تازەی دروستکردووە. لەو گرتەیەدا، سەرەتا لە دیمەنێکدا کەسێک دەچێتە نوێژخانە، دواتر کامێرا بە هێوری دەست بە تراڤڵینگ شۆت دەکات و بەر لەوەی بگات بە کۆتایی نوێژخانەکە لەپڕ بە جەمپ-کەتێک کامێرا دەچێتە سەر نوێژکەران.

 

 

فیلمی (ماڵی ڕه‌ش) – گرته‌ی نه‌خۆشه‌كی گولیی

 

 

لە سەرەتادا سەروکارمان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا هەیە (فڕوغ دەڵێت یەکێک لە نەخۆشەکان بانگخوێن بووە و جگە لە بانگدان کارێکی تری نەبووە. ئەو هەمیشە لە فڕوغ و ئەوانی تری دەپرسی: کەی وەختی بانگدانە؟) بەو جۆرە لەگەڵ جووڵەی کامێرا داخڵی جۆرێک لە زەمەنی ئایینی دەبین و لە کۆتاییدا بە دەرکەوتنی لەناکاوی نوێژکەران بە جەستەی هەلاهەلابوویانەوە بۆ زەمەنی لەتوکوت و وێرانکەر دەگەڕێینەوە. ئەم گرتەیە بۆ من گەڕانەوەیە بۆ سکانسێکی بەناوبانگی ئینجیل بە گێڕانەوەی مەتتا (گولەکان هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکایەتییان لەگەڵ ئیالهیات هەبووە و فڕوغیش بۆ نووسینی سیناریۆکەی سوودی لە کتێبی پیرۆز وەرگرتووە). لەو شوێنەی کە مەسیح بە یەک کەت[4] نەخۆشەکە چاک دەکاتەوە و شیفای پێدەبەخشێت، بەڵام لێرەدا فڕوغ بە کەت‌ێکی لەناکاو ئەوە پیشان دەدات کە هیچ جۆرە چاکبوونەوە و ئومێدێک لە ئارادا نییە.

 

 فڕوغ بەر لە ماڵەکە ڕەشەش لە کایەی مۆنتاژدا بەهرەمەندیی خۆی لە فیلمی گڕێک، لە دەرهێنانی ئیبراهیم گوڵستان، سەلماندبوو. لە کۆتاییەکانی دەیەی سی، بیری ژمارە شەش لە ئەهواز لە کاتی چاڵهەڵکەندندا دەگاتە ئاستی گاز و گازەکە گڕ دەگرێت. شارۆخ گوڵستان بە کامێرا شانزە میلیمەترییەکەیەوە وێنەی ئەو ئاگرە دەگرێت کە حەفتا ڕۆژ درێژەی کێشا. شارۆخ گوڵستان تا پێش ئەو کاتە هیچ فیلمێکی نەگرتبوو و هەر لەبەرئەمەش وێنەی ئاگرەکە تا ڕادەیەکی زۆر ئەتمۆسفیرێکی ناکارامە و ئاماتۆریی پێوە دیارە. گرتەکان هەزاروپێنسەت مەتر فیلم دەردەچێت. فڕوغ لە یەکەمین ئەزموونی کاری مۆنتاژیی خۆیدا، ئەرکێکی بێ ئەندازە سەخت و دژواری لە بەردەمدایە. ئەو دەبوو یەک کیلۆمەترونیو ڕەشیۆ[5] تەنیا و تەنیا بۆ بیست خولەک کورت بکاتەوە.

 

لە سینەمای ئێراندا تا پێش فیلمی گڕێک مۆنتێرەکان گرنگییەکی وایان نەبوو. مۆنتاژ تەنیا بە واتای پێکەوەلیکاندن و ڕیزکردنی گرتەکان بوو و خودی مۆنتاژ واتا و بەهایەکی جوانیناسانەی نەبوو. زۆرێک لە دەرهێنەرانی وەک خاچکیان، بۆخۆیان مۆنتاژی فیلمەکەیان دەکرد، هێندێک کاتیش ئەرکی مۆنتاژکردنی فیلمەکە دەخرایە ئەستۆی پسپۆڕانی بواری هونەری(کەسانی وەک گورگن گریگۆریانوس) و زیاتر ئەم دەرهێنەرانە بوون کە مۆنتاژی فیلمیان دەکرد.

 

لە سینەمای ئێراندا فڕوغی فڕوخزاد یەکەم کەس بوو کە پلەیەکی باڵای هونەرییانە ببەخشێتە مۆنتاژ. ڕیتمی فیلمی گڕێک لەگەڵ ڕیتمی فیلمە دۆکیۆمێنتەرییەکانی پیش خۆی جیاواز بوو. بەراوردی مۆنتاژی فیلمی گڕێک و فیلمی شەپۆل، مەرجان و تاشەبرد دەتوانێت گرنگیی فڕوغ بە باشی دەربخات. لە فیلمی شەپۆل، مەرجان و تاشەبرد وێنە تا شوێنێک بەردەوام دەبێت و مۆنتاژ تەنیا بۆ پێکەوە لیکاندنی گرتەکان بەکار هاتووە. بەپیچەوانەی ئەمەوە لە فیلمی گڕێکدا مۆنتاژ ڕۆڵی سەرەکیی لە فیلمەکەدا هەیە و شێوەیەکی ڕوون و موزیکیی بە زنجیرەی وێنەکان بەخشیووە. حەمید نەفەسی لە بەرگی دووەمی کتێبی مێژووی کۆمەڵایەتیی سیاسیی سینەمای ئێران بۆ دڵنیابوونەوە لە جیاوازیی نێوان فڕوغ و گوڵستان ناوی دوو فیلمی دۆکیۆمێنتەریی ئاو و گەرما دەهێنێت کە لەلایەن گوڵستان و فڕوغەوە دروستکراوە(من هیچ کام لەو فیلمانەم پەیدانەکردووە) نەفەسی دەنووسێت لەو دۆکیۆمێنتەرییەی فڕوغدروستیکردووە دەنگ، ڕیتم و جووڵە لە چاو ئەوەی گوڵستان بەیاخی زیاتر پێدراوە.

 

فڕوغ بە تەواوی درکی بە زەمەن کردبوو، بە هەمان شێوەش کە زەمەنیش بە باشی درکی پێدەکرد. ئەمڕۆ دەتوانین بە تەماشاکردنی فیلمی ماڵەکە ڕەشەفەزای ئەو دەوروزەمانەی کە فیلمەکەی تێدا دروستکراوە، هەست پێبکەین. بە نیسبەت ئەو سەردەمەوە لەگەڵ فیلمەکە هەروا پەیوەندییەکی سادە و ساکار نییە. گوتنی ئەوەی گولخانەکە نمایشی یەک بارودۆخی مێژوییە. فڕوغ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ فەرەجوڵا سەبا دەڵێت: “ئەم ژیانە – ژیانی گولەکان – دەکرێت لە هەر شوێنێکی تریش بێت. دەکرێ ژیانی گولەکان نموونەیەک بێت لە ژیانی کۆمەڵگەیەک.” فڕوغ لە ماڵەکە ڕەشە ژیانی سەردەمێک وێنە دەگرێت، بە تەنیا ژیانی ئەم و ئەو نا، بەڵکو ژیانی هەموو کەسێک دەگرێتەوە. هەم گولەکان و هەم ئەوانی دیکە. “ژیان شتێکی زۆرەملێیە. ئەوە ژیانە مرۆڤێکی گول بەڕێوە دەبات، نەک ژیانی ئەو… ئەو وەک گەردیلەیەک لەناو ژیاندا.”

 

 

لە ماڵەکە ڕەشە ئەم زۆرەملێیەی ژیان نمایشکراوە، مۆنتاژ و خوێندنەوە و دەنگی دەقەکە بە شێوەیەکی زۆر قووڵ ئاوێتەی یەکدی بوون. هەمووشتێک ئاوێزان بووە تا ئەم ئامێربەڕێوبەرەی ژیان ئاشکرا ببێت. وەک ئەوەی خودی ژیان فیلمەکەی دروستکردبێت نەک یەکێک لە زیندووەکان. لەم خاڵەدا دەتوانرێت ماڵەکە ڕەشە وەک بەیانکەری سەردەمەکەی خۆی خوێندنەوەی بۆ بکرێت “مرۆڤ بڕوانێتە هەر گۆشەیەک دەکرێت گولێک بەدی بکات.” فڕوغ دەتوانێت هەموو مرۆڤێک وەک گولێک ببینێت چونکە ئەو ژینگە و هەوایەی ئەو تێیدا دەژی ئاڵوودە و ڤایرۆساوییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە ژیان گۆڕاوە بۆ بونیادێکی ناچاری و قەزاوقەدەر کە هەموو زیندووەکانی وەک گەردیلەی پەرشوبڵاو تێیدا دەژین. دەزانین تەنیا لە ژێر یەک بارودۆخی مێژوویی و سیاسیی تایبەتە کە هونەرمەند هەستدەکات ژیانمان لێ سەندراوەتەوە. سەیر نییە فیلمەکە ڕێک لەو ساڵەدا دروستکراوە کە محەمەد ڕەزا شا دەستی بە گۆڕینی بنچینەیی پێکهاتەی حکومەت کرد؟ شا ناوی ئەو گۆڕینە دەنێت شۆڕشی سپی. ناوی فیلمەکەی فڕوغ چییە؟ ماڵەکە ڕەشە.

 

سەرەڕای ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی سینەمای پیشووتر و دواتری ئێران، فیلمەکە دەکەوێتە ململانێوە. لەگەڵ دەستپێکی دەیەی چل[ـی هەتاوی] سینەمای ئێران گۆڕانێکی قووڵی بەسەردا دێت. ژمارەی فیلمەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن، گۆڤارە سینەماییەکان چەند ئەوەندە دەبنەوە و ڕێژەی بینەران زیاد دەکات، لەگەڵ هاتنی جووتیاران بۆ شار سینەمای ئێران زیاتر و زیاتر ژمارەی زیاد دەبێت. لەم ساڵانەدا بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرەکانی ئێران لەژێر کاریگەریی سینەمای بازرگانیی وڵاتەکانی تردا و کەمبوونەوەیەکی ڕێژەیی سانسۆریش لە سینەمای ئێران، دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی باشترین شیواز بۆ پڕفرۆشیی فیلمەکانیان، نمایشی ئیرۆتیک و دەرخستنی جەستە و ڕووخساری سینەماییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گرنگی بە گرتەی نزیک لە ڕووخساری ئەکتەرەکان لەسەر پەردەی سینەما و بەرگی گۆڤارەکان دەدرێت. ڕووخسار و گرتەکان دەگۆڕێن بە کاڵا و کاڵاش دەبێت بە پارە.

 

ڕووخساری مرۆڤەکانی فیلمی ماڵەکە ڕەشە لایەنی تاریکیی ئەو ڕووخسارە ڕووناک و ئیرۆتیکیانەی سینەمان. لێرە ڕووخسار بە دروستی ئەو شتەیە کە شایەنی بینین نییە. ئەگەر بۆ هەندێک کەسیش شایەنی بینین بێت ئەوا بە هیچ جۆرێک قابیلی بە کاڵاکردن و بازرگانی نییە. وێنەی ئەو ژنەی لە سەرەتای فیلمەکە دەڕوانێتە ناوەڕاستی ئاوێنەیەک، هیچ گۆڤارێکی سینەمایی لەسەر بەرگی خۆیان چاپی ناکەن. ئەو ڕووخسارانە مەگەر تەنیا بکرێت لە کتێبی تایبەت بە پزیشی پیشان بدرێن. ئەو کچێکە کە شایەنی ناوزەدکردنی بە ژنی ساڵ نییە (گۆڤاری ژنی ڕۆژ ساڵێک دواتر دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد) چونکە ئەو بۆ هەمیشە ڕووخساری لە دەست داوە. لە لووتکەی شکڵوشێوەگرتنی بازرگانیی ئەستێرەسازیی لە سینەمای ئێراندا، فیلمی ماڵەکە ڕەشە بە جۆرێک لە جۆرەکان کارکردنە لە بە نا-ئەستیرەییکردن. تەنیا ڕووخسارەکان دەتوانن ببن بە ئەستێرە لەکاتێکدا ئەوەی لە فیلمەکەی فڕوغدایە دەربارەی گۆشتی دەرهاتووی ڕووخسارە. شیوەنێکە بۆ پێست. بیهێننە پێش چاوتان لە ناوەڕاستی دەیەی چلدا و لە هۆڵێکی سینەماییدا کە فیلمێکی بازرگانی نمایش دەکرێت، لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا، لەناکاو فیلمەکە دەبڕێت و ماڵەکە ڕەشە پەخش دەکرێ، بێگومان بینەران دەکەونە ترسولەرز. حەتمەن بینەران پێیانوادەبێت ئەکتەرە دەموچاو گەشاوەکانی پێشوو فڕێدراونەتە قووڵایی دۆزەخ.

 

 

لەگەڵ ئەوەی فیلمی ماڵەکە ڕەشە لە سینەمای بازرگانیدا شایەنی دووبارە دروستکردنەوە و لاساییکردنەوە نەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی باشی بەسەر زۆرێک لە دەرهێنەرە بەهرەمەندەکانی دواتری خۆیەوە هەبوو. چەندین ساڵ دواتر زۆرێک لە دۆکیۆمێنتسازە گەورەکانی ئێران لەژێر کاریگەریی فڕوغ دەستیان کرد بە دروستکردنی فیلم و شەپۆلێک لە فیلمی دۆکیۆمێنتەریی شاعیرانە لەدایک بوو. تەنانەت لە هێندێک شاکاری دەرهێنەرە بیانییەکانیشدا دەتوانین شوێنپێی ماڵەکە ڕەشە بەدی بکەین. لێرەدا بە نیسبەت منەوە دوو دەرهێنەر پێش هەموو کەسێک گرنگیان بە فڕوغ داوە. یەکەمیان عەباس کیاڕۆستەمیە و دووەمیش کریس مارکەر. لە سینەمای جیهاندا هەم کیاڕۆستەمی و هەم مارکەر هێندە گەورەن کە قسەکردن لەبارەی کاریگەریی فڕوغ بەسەر ئەوانەوە ڕەنگە زیادەڕەوی و قسەی بەتاڵ بێت، هەربۆیە تا ئەو شوێنەی بکرێت باسی کاریگەری ناکەین، بەڵکو زیاتر مەبەستم نزیکی و هاوسۆزیی ئەوانە لەگەڵ فڕوغ.

 

 

ئەگەر شوێنێک هەبێت تا لەبارەی کیاڕۆستەمی و فڕوغەوە ئاماژەیەک بکەین، بە شێوەیەکی گشتی فیلمی با لەگەڵ خۆی دەمانبات‌. لە سکانسێکی ئەو فیلمەدا بێهزاد کە لە شارەوە هاتووە بۆ گوند و لە شوێنێکدا ژنێک خەریکی دۆشینی شیری مانگایە و شیعرێکی فڕوغ دەڵێتەوە. دێڕی کۆتایی شیعرەکە ئەمەیە(با لەگەڵ خۆی دەمانبات) و دەبێتە ناوی فیلمەکەش و بەم جۆرە کیاڕۆستەمی بە ڕاشکاوی ئاماژە بۆ هونەری فڕوغ دەکات. لە لایەکی دیکەوە هێندێک لە ڕەخنەگرانی وەک جۆناسان ڕۆزنباوم(ئەو کەسەی کە فیلمی ماڵەکە ڕەشە بە گەورەترین فیلمی مێژووی سینەمای ئێران و یەکێک لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەما دەزانێت) فیلمی ئەی بی سی ئەفریقا لە دەرهێنانی کیاڕۆستەمی پێش هەر فیلمێکی دیکەی ئەو، بە ئیلهام وەرگرتن لە فیلمی ماڵەکە ڕەشەی دەزانێت. ڕۆزنباوم دەنووسێت کە کیاڕۆستەمی لە فیلمەکەیدا بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانی ئۆگاندای تووش بوو بە نەخۆشیی ئایدز دەکات کە فڕوغ چەند دەیەیەک پیش ئەو لەگەڵ گولەکانی بابایاغی‌ـی شاری تەبریز سەروکاری هەبوو. هەر دوو دەرهێنەر بەبێ ئەوەی لە دەرد و ئازاری نەخۆشەکان کەم بکەنەوە، ژیانی ڕۆژانەیان و گوندە بچووکەکانی ژیانیان وێنە دەگرن. لە ئەی بی سی ئەفریقاشدا، بە هەمان شێوەی ماڵەکە ڕەشە هاوکات لەگەڵ سوژەکانی ناو فیلمەکە دوور و نزیک دەبینەوە(کیاڕۆستەمی بۆخۆی مامۆستای تێکەڵکردنی پارادۆکسە لە سینەما).

 

فروغی فروغزاده‌ – وه‌ك ده‌رهێنه‌ری؛ فیلمی ماڵی ڕه‌ش.

بەڵام من بۆ خودی خۆم فیلمێکی دیکەی کیاڕۆستەمی بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکە ڕەشەی دەزانم: ژیان و ئیتر هیچ. فیلمێک کە لە نیگای یەکەمدا ڕەنگە چوونیەکییەکی لەگەڵ فیلمەکەی فڕوغدا نەبێت بەڵام شێوەی تێڕوانینی دەرهێنەر بۆ ژیان منی خستەوە بیری ئەو فیلمە. “من پێم وایە ژیان لەوێ ئاسایی تێپەڕ دەبێت، ئەمە بۆ من ترسناکە بەاڵم ئەوان بۆ خۆیشیان ئەو ژیانەیان قبووڵ کردووە. وا بیر دەکەمەوە ژیان شتێکی ترە جگە لە دەست یاخود قاچ هەبوون.” ئەگەر قسەکەرانی ئەم ڕستانە نەناسین و لێمان بپرسن کام دەرهێنەر بەم شێوەیە دەپەیڤێت حەتمەن بەبێ چرکەیەک وەستان ناوی کیاڕۆستەمی دەهێنین. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ئەم قسانەی کردووە فڕوغی فڕوخزادە. سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییە بەرچاوانەی لە نێوان هەردوو دەرهێنەردا هەیە بەڵام جۆرێک لە هاوبەشی و لێکچوون لە درککردنیان بە جیهان هەیە. بە بڕوای هەردووکیان ژیان ناچاری و زۆرەملێیە و لەگەڵ ئەوەشدا زیندووەکان(بەتایبەت قووربانییەکان) ناچارن و مەیلی ژیانیشیان هەیە.

 

پێم وایە فیلمی ژیان و ئیتر هیچ گەڕانە و دروستکردنەوەی فیلمی ماڵەکە ڕەشەیە لە شکڵوشێوەیەکی جیاوازدا. هەردوو فیلمەکە دەربارەی ژیانە و هیچی تر نا. دڵتەنگی، شۆڕبوونەوە و ئاوارەبوون خاڵی هاوبەشی هەردوو فیلمەکەیە. لە ماڵەکە ڕەشە پێستی ڕووخسارەکان هەڵدەوەشێنەوە و لە فیلمی ژیان و ئیتر هیچخانووەکان پڕ لە ئازار و دەربەدەری دەبن. ژیان دەڕواتە پێش و تەواوی گرتەکان و وێنەکان لێک هەڵدەوەشێنەوە: ڕووخسارەکان هەر وەک دیمەنی ماڵە بوومەلەرزەبەرکەوتووەکان ئاوارە دەبن و ماڵەکانیش وەک دەموچاوە گولەکان شۆڕدەبنەوە. ئەمە ئەو شتەیە فڕوغ لەسەر زمانی کیاڕۆستەمی دەیڵێت و کیاڕۆستەمییش لەسەر زمانی فڕوغ.

 

 

جگە لە کیاڕۆستەمی، کریس مارکەریش لە ستاییشکەرانی فڕوغی فڕوخزاد بوو. ئەو بە مەرگی فڕوغ هێندە غەمگین بوو کە بۆ یەکەمین جار لەژێر ناوی ڕاستەقینەی خۆیدا وتارێكی لە ستاییشی ئەو، لە باڵڤۆکێکدا دەنووسێت. مارکەر، ئەو دەرهێنەرەی هەمیشە ڕووخساری خۆی لە خەڵک دوور دەخستەوە، لە ستاییشی فڕوغدا، فیلمسازێک کە دەربارەی ئەو کەسانەی ڕووخساریان لە دەست دابوو فیلمی دروستکردبوو، بۆ یەکەم جار ڕووخساری خۆی دەرخست. بە تێپەڕینی زەمەنیش ئەم پەیوەندییەی مارکەر بە فڕوغەوە کەم ناکات. دوای ئاژاوەکانی ساڵی هەشتاوهەشت لە ئێران، مارکەر گرافیکێک بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندەران دەکێشێت. لەو وێنەیەدا وێنەی چەند ڕووخسارێک هەیە کە یەکێک لەوانە وێنە باناوبانگەکەی مەیدانی تیانانمێن‌ـە. لە لای دەستە چەپیش دوو وێنەی تر هەیە: یەکەمیان وێنەی پشیلە(کە لە راستیدا پشیلەی مارکەر خۆیاتی) دووەمیشیان وێنەی فڕوغی فڕوخزاد. وێنەیەک ئەوەمان پیشان دەدات مارکەر چەند پەیوەستە بە فڕوغی فڕوخزاد و فیلمەکەیەوە. ئەو لە نووسینەکەیدا پاش مەرگی فڕوغ ئەو بە شاژنە سەبای ستانداڵ ناودەنێت. هۆکاری ئەم ناوبەخشینە نازانم و چونکە شەیدای ئەو شتانەم کە لە سینەمای مارکەردا نایزانم، پێموایە شاژنە سەبا جوانترین ناوبێت کە تا ئێستا بە فڕوغی فڕوخزاد بەخشرابێت.

 

پەیوەندیی مارکەر بە فڕوغەوە تەنیا لە نووسین و وێنەی ستاییشئامێزدا کورت نابێتەوە. دەتوانین زیادەڕەوی بکەین و فەرز بکەین کە هێندێک لە شێوازەکانی سینەمای مارکەر قەرزداری ماڵەکە ڕەشەیە. ئەو دۆکیۆمێنتەریانەی مارکەر دوای ماڵەکە ڕەشە دروستی دەکات جیاوازن لەگەڵ فیلمەکانی پێشووتری. دەقی خوێندنەوەی ئەو فیلمانەی دواتر مارکەر دروستی دەکات لەچاو فیلمە سەرەتاییەکانی شیعریتر و ڕیتمیترە و هەروەک پەیڤەکانی فڕوغ، دەقەکان پەیوەندییەکی ئازادانە و بنچینەییتریان لەگەڵ وێنەکان هەیە. جگە لەوەی دەنگی گێڕەرەوەی ژن، کە تا پێش فیلمەکەی فڕوغ لە سینەمای مارکەر بوونی نەبوو، دەبیسترێت. هەڵبەتە مارکەر چەند ساڵێک دوای ماڵەکە ڕەشە تێکەڵ بە سینەمای گەریلایی و سیاسی دەبێت و لەبەر ئەو بارودۆخەش ناچارە مەودایەک بخاتە نێوان سینەماکەی خۆیەوە. بەڵام بە بڕوای من مارکەر لە دەیەی هەشتا و بەتایبەت لە فیلمی بێ‌خۆر، بەر لە هەر فیلمێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکە ڕەشە.

 

 

خوێندنەوەکەی ناو فیلمی بێ خۆر یەکێکە لە ئاهەنگسازترین شتەکان کە تا ئێستا بینەران لە مێژووی سینەما گوێبیستی بووبێتن. دەنگی ژنێک بەسەر وێنەکانەوە دەبیسترێت، بە شێوەیەکی میالنکۆڵیک و ئازادانە وەک مەلێک بەسەر ڕووی ئاسمانەوە. ئەوەی گوێبیستی دەبین لەگەڵ ئەوەی دەیبینین پەیوەندییەکی جادوویی و ڕازئامێزی هەیە و لەگەڵ زنجیرەیەکی نادیار وێنەکان یەکتری ڕادەستی ئەوی دی دەبن. ئەگەر ماڵەکە ڕەشە و بێ خۆر بە دوای یەکدا تەماشا بکەین، دڵنیام بێ خۆر کۆپیی ئۆرجیناڵی بەشی کۆتایی فیلمێکی سینەماییە کە ڕۆژگارێک فڕوغی فڕوخزاد ماڵەکە ڕەشەی دروستکردبوو. ئەمە جگە لەوەی هەردوو فیلمەکە دەربارەی ئازار و برینن. برینێک کە بە تێپەڕینی زەمەن بەسەر ڕووی ڕووخسار و جەستەکانەوە دەمێنێتەوە. بۆ مارکەر هەر برینێک یادەوەرییە و هەر یادەوەرییەک برینێکە. بێ خۆر سەمفۆنیای برینەکانە، وەک چۆن ماڵەکە ڕەشە گۆرانییەکی غەمگین بوو دەربارەی برینەکان. لە شوێنێکی فیلمی بێ خۆر دەژنەڤین: “کێ بوو دەیگوت زەمەن برینەکان ساڕێژ دەکات؟ وا باشترە بڵێین زەمەن هەموو شتێک ساڕێژ دەکات جگە لە برینەکان.” گوزارشتێکی لەم جۆرە وەک ئەوەی بڵێی ماوەیەکی زۆر لەوەو بەر لە زاری فڕوغەوە لەبارەی گولەکانەوە گوێبیستی بووبێتین. ئەو مرۆڤانەی کە زەمەن هەموو شتێکیانی ساڕێژ دەکرد جگە لە برینەکانیان. لە سکانسێکی فیلمی بێ خۆر دەچینە شوێنێکی پیرۆزی تایبەت بە پشیلەکان. لەوێدا و لە یەکێک لە بەناوبانگترین سکانسەکانی سینەمای مارکەر، پەیکەری پشیلەیەک دەبینین کە دەستەشکاوەکەی ڕووەو ئاسمان بەرز کردۆتەوە وەک ئەوەی خەریکی نزا و عیبادەت بێت. چل ساڵ لەوەو بەر لە ماڵەکە ڕەشە پیاوێکی گولمان بینی بوو کە لە شوێنێکی پیرۆزی تردا دەستەوێرانەکەی ڕووەو ئاسمان بەرز کردبۆوە.

 

ناوی فڕوغ لە مێژووی سینەمادا وەک دەرهێنەرێکی دۆکیۆمێنتساز بە یاد دەهێنرێتەوە. تەنیا سکانسێکیش کە ئەو لە سینەمادا دایڕێژا و پیشنیاری بۆ ئەکتەرەکان کردبوو، سکانسی کۆتایی ماڵەکە ڕەشەیە لە مەکتەبێکدا. یەکەمین و دوایین دیالۆگەکانی ئەو سەرسوڕمێنن. مامۆستا پرسیار لە یەکێک لە منداڵەکان دەکات دەربارەی چوار شت کە خۆشی دەوێن. مناڵەکە وەڵام دەداتەوە: “مانگ، خۆر، گوڵ، یاری.” دواتر منداڵەکە ناوی ئەو شتانە دەبات کە خۆشی ناوێت: “دەست، قاچ، سەر.” دواتر خوێندکارەکانی تر بەبێ هیچ هۆکارێک بەتەواوی بوونیانەوە دەکەونە پێکەنین. دەمیان وەک برینێک بە ڕووی دەموچاویانەوە دەکرێتەوە و لە دڵخۆشییان دەکەونە قاقالێدان. تا پێش ئەو سکانسە هەموو شتێک لە سفری ڕەهادایە، بە جۆرێک پچووکترین زەڕبە دەتوانێت تەواوی هەستی بینەران ژێراوژوور بکات. فڕوغ ئەو لێدانە لە سکانسی مەکتەبەکە و بە پێکەنین و پێکەنینی منداڵەکان لێمان دەدات. ڕووخسارەکان بە درێژایی فیلمەکە لەناو دەچن تا پێکەنینی ئەم منداڵانە و لەو ساتەدا جارێکی تر هەستوسۆزێکی بێئەندازە لەدایک دەبێتەوە. لە سینەمای ئێراندا کەسانێکی زۆر زۆر پێکەنیون بەڵام من هیچ پێکەنینێکی ژیانبەخشترەم لە پێکەنینی ئەم منداڵانە، لەناو سینەمای ئێراندا نەبینیووە. بە تایبەت پێکەنینەکەی حسێن مەنسووریکە لێوە بچووکەکەی لە ساتێکدا وەک برینێک دێتە سەر شاشە.

فڕوغ بە دروستکردنی فیلمی ماڵەکە ڕەشە کارێکی گەورەی بۆ سینەما ئەنجامدا و بۆ هەمیشە سینەمای ئێرانی قەرزباری خۆی کرد. ماڵەکە ڕەشە بۆ ئێمە لوتف و میهرەبانی بوو و ڕەنگە بۆ فڕوغیش زەڕوری. ئەو ساڵانێک بەر لە دروستکردنی ئەم فیلمە مناڵەکەی لەدەستدابوو و بە درێژایی ژیانە کورتەکەشی ئازاری بۆم ئەم لە دەستچوونە دەچەژت. ماڵەکە ڕەشە ئەو ئیمکانەی بە فڕوغ بەخشییەوە کە دووبارەی مناڵەکەی بەدەست بهێنێتەوە. ئەندرێ بازن دەربارەی چارلی چاپلن دەنووسێت کە ئەو فیلمی دیکتاتۆری مەزنی دروستکرد تا سمێڵەکەی لە هیتلەر وەربگرێتەوە، دەتوانین بڵێین فڕوغیش ماڵەکە ڕەشەیدروستکرد تا کوڕەکەی لە دەسەڵاتی ژیان وەربگرێتەوە. بەڵێ، ئەمە بوو چیرۆکی شاژنە سەبا.

 

سه‌رچاوه‌:

                                                                                                     https://www.vitascope.biz/essay/105/ملکه-سبا/

 

[1] Over-voice

[2] Leprosy/ الجذام

[3] Agnès Varda (30 May 1928 – 29 March 2019)

[4] cut

[5] ratio

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌

 

فه‌رموون بۆ بینینی فیلمه‌كه‌: 

https://www.youtube.com/watch?v=-ep-lsdWxTk