Pablo Morales de los Ríos

کەمێک سەیرتر لە خەیاڵ -مەنیفێستی سێهەم


Loading

كاریكاتێریست: Pablo Morales de los Ríos

1

چیتر تیشکەکانی گڵوپی چەند ڕەنگەی دیسکۆکە ناچن بە چاوە زەقەکانی کانتدا، چونکە بە توڕەییەوە هەڵساوە تا بڕوات. هیوم هێشتا دانیشتووە، بە کچێک دەڵێت: “هەناسەم، گەنە مووی دەوری لێوت هێندەی تر سیحراویت دەکات.” بە یەکێکی تر دەڵێت: “واز لە هەر شتێک بێنە، ئەوەی هار و دێوانەم دەکات قژە بزڕکاو و ڕوو لە ڕووتانەوەکەتە.” خەریکە بە کیژێکی تریش دەڵێت؛ ناسکۆڵ لووتە چڵماویەکەت كێرم تا سێیەم تەبەقەی ئاسمان هەڵدەسێنێت، بەڵام بیری دەکەوێتەوە کە تەنانەت لە ئەخلاقی یوتێلیتاریانیستی و ئەقڵیەتی گشتەکییشدا ئینسان قسەی وا قۆڕ ناکات. کانت ئێستا لە دیسکۆکە دەرچووە؛ بە تووڕەییەوە، لەژێر لێوانەوە دەڵێت: “سەیری دەرەنجام دەکات و ئیتر دەتوانێت بەو کچانەش بڵێت جوان کە بە جوانیان نازانێت. منیش لەوەتەی هەم بۆم نەبووە بە کچێک بڵێم جوان، یان درۆی ئەوە بکەم کە خۆشمدەوێت؛ ئەمری ڕەها و کاتیگۆریک ئیمپیریتیڤ بە …م.”

Pablo Morales de los Ríos

2

هیوم لەگەڵ سیان لەو کچانەدا کە لە دیسکۆکە بەهۆی فەزیلەتەکانی ئەقڵیەتی گشتیەکیەوە ڕازیکردن، دەچێتەوە ماڵەوە. فەرموویان لێ دەکات تا دابنیشن. تێر سەیریان دەکات. دەچیتە تەوالێت و چاو دادەخات، لێرەوە ئیتر کاری ئەبستمی هیومیی دەستپێدەکات: جەستەی یەکیان لە کەمەریەوە بەرەوسەر، جەستەی ئەوی تریان لە کەمەریەوە بەرەو خوار، دەخاتە ژێر دەموچاوی سێیەمیان؛ ئەفسانەییترین دەسپەڕ بەسەر ماشووقە ئوستووریەکەیدا دەکات.

3

لە گەردوونێکی تری نه‌هامه‌تدا، هیگڵ وەک شاعیرێکی تاساوی پاش جەنگی جیهانیی دووەم لەدایکبوو. نمونەیەک لە نووسینەکانی:

“ئەسەفا بۆ ئاگامەندیی ڕەها،

کە تووشی ئەنفلۆنزا بووە و

لەگەڵ هەر پژمەیەکیدا لایەکی مرۆڤایەتیی دەمرێت.”

4

ڕێک پاش جەنگی جیهانیی، دورکهایم لە ماڵەکەى دێتە دەرەوە. دراوسێکەى سڵاوى لێدەکات و دەربارەى ئەو دەڕنەفیزە زەبەلاحە پرسیار دەکات، کە بەڕێز دورکهایم لەشانى ناوە؛ ئەو نازانێت کە هەقیقەتە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت وەک شت لەلایەن توێژەرەوە مامەڵە بکرێن و پیشەى دورکهایمیش، تەنها تونگکردنەوەى برغووەکانە.

5

دوو سەدەیە (ئاگامەندیی ڕەها) بەسەر دورکهایمدا بۆڵەبۆڵێتى:” کاتیگۆریەکانت لە کانت سەندەوە، هیچمان نەگووت. بەڵام ئاین لە کۆتاییدا کۆمەڵگایە کاتێک خۆی دەپەرستێت؟! هەر بە جدیی؟ بۆچی کۆمەڵگا؟ ناوتبنامایە خودا، یان شابزوێن، هیچ نەبێت چاکەى ڕەها. گاڵتە بە سپیۆزاش دەکەن!”

6

ڤیبه‌ر – ماركس – دۆركهایمه‌ر

ڕەخنە لە ئەقڵی سۆشیاڵ ڕیالیستیی:

ڤیبەر: “بەڕێز دورکهایم دیلی قەفەسێکی ئاسنینە، کەواتە کۆمەڵناسییەکەى بە کوێریی لەدایکبوو.”

مارکس: “بەڕێز دورکهایم نازانێت چ هەڵەیەک دەکات، بەڵام دەیکات”.

مارکۆزە: “بەداخەوە، بەڕێز دورکهایم ئیرۆسی نییە”.

گرامشی: ” هەڵبەت هەموو کۆمەڵگاکان تووشی نەخۆشینی کۆمەڵایەتی دەبن، بەڵام باری تەندرووستی کۆمەڵگه‌ کامەیە و لەکوێدا تووشی لادان، گۆڕان دێت؟ لەم پرسیارەوە دەردەکەوێت کە تیۆریی بەڕێز دورکهایم تا چەندێک سوخرەکێشی هێجێمۆنی(کۆنترۆڵ)ی کلتووریە.”

ژیژەک (لە کاتێکدا کە بە هەردوو دەستی، دەمى دۆستۆیڤێسکیی گرتووە): “ئەگەر هەقیقەتە کۆمەڵایەتیەکان بوونیان هەبێت، ئەوا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە”.

ژیژەک لە ڕەخنەیەکى نوێتردا: “تۆ ڕقت لە کۆمەڵناسی نییە، تۆ ڕقت لە دورکهایمە”.

 

 

7

چوار چاویلکەی یەکەم لەچاو دەکەم؛ لە ئاسماندا ئاگر، خاک و ئاو و هەوا دەبینم. بە دوو چاویلکەی تر، فۆڕمگەلی دەرەهەست، شابزوێن دەبینم. هەر یەک لە چاویلکەکانى تریش کۆمەڵگا، مەدلوولات، مێژوو، باوکم و تەرمى خودایەکم دێننە بەرچاو. دەچمە بەر ئاوێنەکە: من چیم و چیم لەبەر دەڕوات؟

8

“بالوعەی مەرکانەکە دەکەمەوە، هێڵێکی ئاویی سارد لە دالەکان خۆیان دەڕژێننە گڵاسەکەمەوە؛ زمان، ئامادە بۆ خواردنەوە، خۆیم بۆ نمایشدەکات. دەیخۆمەوە، زمان دەڕژێتە ناومەوە، ناتوانم دەریبدەمەوە! زمان دەمخنکێنێت! داگیرمدەکات!”: تەنها یەکێکی تربوو لە کابووسەکانى ژاک لاکان، کاتێک بۆ ژیژەکی دەگێڕایەوە.

9

بۆدریارد و دوڵووز لەسەر گردێکى قەراغ شار دانیشتوون، زیاتر لە سێ سەعاتە خەریکی خۆمەستکردنن. بۆدریارد دەڵێت: “ئەم شارە کۆپیەکى قۆڕی کۆپیەکى ترە، کەواتە بێمانایە”. دوڵووز دەڵێت: “نا. ئەم شارە کۆپیەکى قۆڕی کۆپیەکى ترە، کەواتە هونەرە”.

10

پۆڵ سیزانی چکۆلە گوڵدانەکەى لەدەست بەربووەوە. پیکاسۆ لەڕووى بەزەییەوە هات و بە چەسپ، پارچەکانى بۆ لکاند بە دیوارێکەوە؛ سەرەتا کیوبیزم نەبوو.

11

دڵنیام دواى بڵاوبوونەوەى ئەم بابەتە (بۆدریارد)  لە ڕقی دوڵووز نامەم بۆ دەنێرێت و دەنووسێت: “باش نییە موحاکات بە ئەدەب ئەژمار بکرێت”.