چه‌ند ڕۆژێكه كزه‌بایه‌ك له باشووره‌وه هه‌ڵیكردووه، بۆنی لمه ههڵقرچاوهكانی به‌ر خۆری بیابانه‌كان، هاڵاوی كه‌لاكه گامێش و به‌رازه مردارهوهبووهكانی ده‌م زۆنگاوه‌كان، بۆگه‌نی لاشه به‌جێماوه‌كانی ژێر كه‌لاوه پهرپووتهكانی شار، له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاده‌ماڵێت. ڕۆژێك له‌و ڕۆژه ئه‌فسوون و دڵگیرانه‌ی خاكهلێوهیه، ده‌مه ده‌می ئێواره‌یه و ئاسمان ڕه‌نگی خۆڵهمێشییهكی تۆخه. تا هه‌نووكه‌ش تیاماوم، واقم له‌وه وڕماوه، كه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه ده‌ستی له ده‌ستمه‌وه ئاڵاندووه و له ته‌نیشتمه‌وه ڕێده‌كات، باران ده‌بارێت… تا دوای نیوه‌ڕۆش خۆر به ئاسمانه‌وه پرشنگی زێڕینی خۆی، به كووچه و كۆڵانه‌كانی شار ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرد، كه‌چی به‌م دره‌نگانه، خه‌ریكه تاریكی خۆی له باڵای شاره‌وه لوول ده‌دات، باران چاڵوچۆڵی شه‌قامه‌كانی پڕكردووه له ئاو…
من ده‌ڵێم؛ ده‌زانی؟ ئه‌م بارانه نه‌خۆشی و ده‌ردی پێوه‌ییه.
وچانێك ده‌دات و له چاوه‌كانم ورد ده‌بێته‌وه، قژه ڕه‌شه‌كه‌ی وه‌ك ئیسپرلینگ به‌سه‌ر شان و ملیا هاتووته خواره‌وه و ئاوی لێدهتكێتهوه.
_ باران ده‌بێت نه‌خۆشی چی پێوه‌بێ؟!
_ بۆمه‌گه‌ر تۆ نازانی چ گهندوگوویهك له هه‌وادا دێن و ده‌چن. ده‌ی كه باران ده‌بارێت هه‌موو ئه‌و گهندوگووانه به سه‌ر و گووێلاكی ئێمه‌دا دێنه خواره‌وه و ده‌بن به ده‌رد.
_ من به‌وه‌م نه‌زانی بوو…
سه‌ری ده‌له‌قێنێت و زیاتر درێژ دادڕی پێوه ناكات و به‌ده‌م ئه‌وه‌وه ده‌یداته پڕمه‌ی پێكه‌نین…به‌سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كیدا ڕێدهكهین، كه درێژترین شه‌قامی شاره‌یه، لای چۆمه وشكه‌كه‌ی ده‌روازه‌ی شاره‌وه ده‌ستپێده‌كات و دوای چه‌ند جارێك پێچاوپێچكردنهوه، تا ئه‌وپه‌ڕی شار درێژده‌بێته‌وه. شار پڕه له ژاوه‌ژاو و هه‌را و زه‌نای مرۆڤ و ئامێره‌كان. وڕه وڕی ئۆتۆمبێل و ویزه ویزی مۆتۆڕسیكێل له لایه‌ك و ورته ورتی پیاده‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه…خه‌ریكه وڕ و كاسمان ده‌كه‌ن. كاشییه ههڵتهكاوهكانی سه‌ر شۆسته‌كه له ژێر پێم ترقهیان دێت و دهلهنگێن.
_ ده‌زانی له‌و ڕۆژه‌ی بارگه‌و بنه‌ت پێچایه‌وه و بێ ماڵئاوای ڕۆیشتی، بۆ تاقه جارێكیش به خه‌یاڵمدا نه‌هاتووه ڕۆژێك بگه‌ڕێیته‌وه. ئاخر تا هه‌نووكه هه‌موو ئه‌و مهخلووقانهی بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌ی تۆ هاتوون نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه. حه‌په‌ساوم، هێشتاش وه‌ك یه‌كه‌م ساتی بینینت ده‌له‌رزم و لهقهفڕكهمه، نازانم چۆن و؟ به چ شێوه‌ییه‌ك؟ تۆ هاتوویته‌وه.
ده‌ستی گرمۆڵه ده‌كات و ده‌یخاته گیرفانی پاڵتۆكهیهوه، خۆی له خه‌تی گێلی ده‌دات. به‌ده‌م ڕێكردنه‌وه له‌به‌ر پێی خۆی ده‌ڕوانێت. له‌وه زیاتر ماتڵهم ناكات و ده‌ڵێت: ڕاستدهكهی، بێ ماڵئاوای ڕۆیشتم، ده‌ی ئاخر ئه‌وان بواری ئه‌وه‌یان نه‌دا به من، كه ته‌نانه‌ت خوداحافیزیش بكه‌م…
قۆڵی بلوزه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كات، له سه‌رووی ئانیشكیه‌وه په‌نجه‌ی دۆشاو مژه‌ی ده‌خاته سه‌ر جێ برینه‌كه‌ی، كه له‌شێوه‌ی خه‌تێكی مۆرباوییهوه ده‌رده‌كه‌وێت. دواتر ده‌ڵێت: چاوی لێكه، دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ش هێشتا جێیه‌كه‌ی ون نه‌بووه…
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك ده‌كات، ددانه برنجیهكانی له نێوان لێوه ئاڵهكانییهوه ده‌رده‌كه‌وێت. به‌و ئاوایه به‌رده‌وام ده‌بێت.
-
به‌ڵام تۆ دڵگران مه‌به، ئه‌وه‌تا ئێستا ته‌نها به خاتری تۆ ئه‌و ڕێگه سه‌خت و دژواره‌م بڕیوه و گه‌ڕاومه‌ته‌وه.
_ به‌ڕاست، تۆ ته‌نها له‌به‌ر خاتری من هاتوویه‌وه؟
_ به‌ڵێ، له‌به‌ر تۆ هاتوومه‌وه…
له‌پڕ ده‌ستی له ده‌ستما ده‌ترازێنێت و خۆی ده‌خزێنێته نێو ئاپۆڕای ماشێنه‌كان. ده‌ست ده‌كات به سه‌ما و گۆرانی گووتن.
_ كچێ، ئه‌وه تۆ چی ده‌كه‌ی؟! ئابڕوومان ده‌چێت، ئه‌و خه‌ڵكه نابینی وه‌ك گورگی برسی چاویان تێبڕیوی؟ به‌س سینگ و سهدهفت بلهنگێنه.
_ جا خه‌ڵك خڕ ده‌بنه‌وه چییه؟ چش. پڕ به گه‌رووی دهقریشكێنێ و ده‌ڵێت: ده‌ی خه‌ڵكینه، وه‌رن، وه‌رن و ببینن چه‌ند دڵخۆش و بهكهیفم.
_ ئه‌ی هاوار ئابڕوومان چوو. كچێ وه‌ره بۆ ئێره، تۆ نابینی ئه‌و خه‌ڵكه چۆن ئه‌بڵه‌ق بوون و لێت ده‌ڕوانن؟! تۆ ئه‌و ماشێنانه نابینی كردوویانه به چ هۆی هایه‌ك؟!
لای ڕاستی شه‌قامه‌كه، چه‌ند هه‌نگاوێك له خوارووی ترافیك لایته‌كه، باخچه‌یه‌كی بچووكی لێییه، ده‌رگاكه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر شۆستهكهو ده‌چین و له‌سه‌ر چیمه‌نه‌كه ئیسراحه‌تێك به خۆ ده‌ده‌ین. گوڵه‌كان سه‌رتاپا بوژاونه‌ته‌وه و هه‌ر لق و پۆپێك ده‌بینی شكۆفه‌ی گرتووه و بۆن و به‌رامه‌ی لێوه دێت. خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م و له‌پی ده‌ستم له‌سه‌ر كڵاوه‌ی ئه‌ژنۆم داده‌نێم. ده‌ڵێم: تۆ له‌و وه‌خته‌ی هاتوویه‌وه نه‌ختێك باسی خۆت نه‌كردووه، ده‌ی بزانم، ئه‌و جێگه‌یه‌ی تۆی لێیت چۆن جێگه‌یه‌كه؟
_ ده‌ته‌وێ من باس و خواسی چیت بۆ بكه‌م؟ تا به چاوی خۆت نه‌یبینی نازانی چۆن جێگه‌یه‌كه. به‌ده‌م ئه‌و قسانه‌وه له‌سه‌ر چیمه‌نه‌كه ڕاده‌كشێت و ده‌سته‌كانی ده‌خاته بن سه‌ری، له‌و هه‌وره تاریكه ده‌ڕوانێت، كه به‌ری ئاسمانی گرتووه. دڵۆپه باران دیدات له ڕووخساری و شادی له ڕووی ده‌گه‌ڕێت.
_ كچێ، ئه‌وه تۆ چی ده‌كه‌ی؟ ئه‌و خه‌ڵكه‌ت بینیوه چۆن ته‌ماشامان ده‌كه‌ن، لێره شووره‌ییه ئافره‌ت له ناوه‌ڕاستی شه‌قام ڕاكشێت…
قیت ده‌بێته‌وه و خۆی ده‌خاته سه‌ر باری دانیشتن، ده‌سته‌كانی به‌یه‌ك دا ده‌دات، له ورده پووش و پهڵاشهكانی چیمه‌نه‌كه‌ی پاك ده‌كاته‌وه. بۆ ساتێك بێده‌نگ ده‌بێت، دواتر ده‌ڵێت: دوانزه ساڵ كاتێكی زۆره، لام وابوو دوای ڕۆیشتنم هه‌موو شتێك گۆڕاوه، خه‌ڵك به جۆرێكی تر بیرده‌كه‌نه‌وه.
ده‌ستم ده‌خه‌مه سه‌ر ملی و ده‌ڵێم: هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه هاوڕێ، ئه‌مێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ته‌ونه‌ی جارانین، ته‌نها كه‌مێك بیناكان به‌رزتر و شه‌قامه‌كانیش ئه‌و قوڕ و لیته‌یه‌ی جارانیان نه‌ماوه و بوون به كۆنكریت، بۆچی؟ مه‌گه‌ر له‌و جێگه‌یه‌ی تۆی لێیت، سه‌ما و ڕاكشان عه‌یب نییه؟
_ نا، له‌و جێگه‌یه‌ی منی لێم هیچ شتێك عه‌یب نییه…
دونیا به ته‌واوی تاریكی كردووه، بارانش وه‌ك كوونده دێته خواره‌وه، ده‌ڵێم:برسیمه، له‌به‌ر ڕێگه‌كه‌مان خواردنگه‌یه‌كی بچووكی لێیه، ده‌ی هه‌سته، سه‌رێك له‌وێ ده‌ده‌ین و بابۆڵه‌یه‌ك ده‌خۆین. دواتر چه‌ند شوێنێك ماوه، به‌یه‌كه‌وه ده‌چین و سه‌رێك له‌و شوێنانه‌ش ده‌ده‌ین.
قاچی به‌رز ده‌كاته‌وه و به‌و ئاوایه له‌سه‌ر نووكی په‌نجه‌ی خۆی ده‌گرێت. ده‌ستی به‌رز ده‌كاته‌وه، چڵه دارێك ده‌پچڕێت و ده‌یخاته ده‌مییه‌وه. به ده‌م ئه‌وه‌وه له باخه‌كه دێینه ده‌ره‌وه. ده‌ڵێت: سه‌یری ئه‌و خه‌ڵكه بكه له‌وێ خڕبوونه‌ته‌وه!
_ له كوێ؟ بۆ من هیچ نابینم. چاوه‌كانم قووچ ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڕوانم.
_ ته‌ماشای خواره‌وه‌ی ده‌ستگێڕه‌كان بكه، له‌به‌ر ده‌می بینا به‌رزه‌كه‌وه.
_ ئه‌ها بینیم. با نزیك بینه‌وه، وابزانم شانۆگه‌رییه…
ئه‌مه ده‌ڵێم و نزیك ده‌بینه‌وه. خۆمان ده‌خزێنینه ناو ئاپۆڕای خه‌ڵكه‌كه. ده‌ڵێت: ئه‌وه چ شانۆگه‌ریه‌كه؟ ئه‌ها ئه‌و كچه ده‌بینی له ناوه‌ڕاستی ئه‌و خه‌ڵكه چۆن كوریشكهی كردووه؟ خۆ ئه‌و كتومت منه!
سه‌رم ده‌خه‌مه بن گووێیهوه، به سرپهوه پێی ده‌ڵێم: من به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست تۆم بۆئێره هێنا، ئه‌مڕۆ دوانزه‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆچی تۆیه، ئه‌وان ئه‌و شانۆگه‌ریه‌یان بۆ یادی تۆ ئاماده كردووه. شادی له ڕووی ده‌گه‌ڕێت،
ده‌ڵێت: به‌ڕاسته؟
_ به‌ڵێ، به‌ڕاستمه…
_ ئه‌ها سه‌یری ڕووخساره سپییه‌كه‌ی و چاوه درشته‌كانی، چه‌ند به من ده‌چن. پیر، گه‌نج، ژن، منداڵ، هه‌موو له ده‌وری خڕبوونه‌ته‌وه و به‌ردی تێده‌گرن. ڕێك وه‌ك ئه‌و ڕۆژه‌ی له ئاوایی “به‌حزانی” بووین. له تاخه بهرداویهكهی سه‌رووی كه‌لاوه پهرپووتهكه، به‌و ئاوایه له ده‌ورم خڕبووبوونهو و به‌ردیان دههاوژمێ. خوێن وه‌ك كانیه‌كی ته‌قیوو به ڕووخسارمدا ده‌هاته خواره‌وه، ده‌ستم درێژ ده‌كرد و دهكڕوزامهوه، چه‌ند هه‌نگاوێك له‌و لاشه‌وه پاسه‌وانه‌كان به ساڵوهزیهوه لێیان ده‌ڕوانیم… به‌و دیمه‌نه چاویان كریسكهی ده‌هات، كه‌چی ورته‌یان نه‌ده‌هات…
به‌ده‌م ئه‌و قسانه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی تێكه‌ڵ له مه‌راق و مه‌زڵومی ده‌باته بنه‌چه‌ی سییه‌كانیه‌وه و غه‌م له ڕووخساری ده‌گه‌ڕێ. هه‌مدیسان ده‌ڵێت: خودا به‌و ڕۆژه نه‌كا هه‌مووان لێت دوورتهری بن، تۆ له‌وانه گه‌ڕێ كه به هه‌ویره خوێ ده‌یانناسی، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له ڕۆحی خۆت خۆشترت ده‌وێن، به هیچ جۆرێ خۆ به خاوه‌نت نه‌كه‌ن، ئه‌وه له‌و مردنه به ئازارتره كه به بلۆك و پاچ به‌رده‌بنه وێزه‌ت و پێستت داده‌ماڵن…
به ده‌م ئه‌و قسانه‌وه سه‌یری شانۆگه‌رییه‌كه ده‌كه‌ین، ده‌ستی له ده‌ستم ده‌ترازێنێت و له پڕ له‌چاو ونده‌بێت…