فرانسیس به‌یكه‌ن؛ بانگكردنه‌وه‌ی ژن - ١٩٦١ - زه‌یتی له‌سه‌ر كه‌نڤاس- Francis Bacon Reclining Woman 1961 Oil on canvas x Tate - bacon

Loading

 

١

 

جێگر به‌ختیار

کاتێک چەند پرژه‌‌ میزێک بەر دەموچاوم کەوت، لەبەرخۆمەوە جوڵەیەکم کرد. پێڵووەکانمم بۆ بەرز نەدەکرانەوە. خوێنم لەگەڵ میزی ئەو توتکە سەگە تێکەڵ بوو، کە لەسەر سەرم ڕاوەستا بوو. قاچی بەرزکردبووه‌ و  میزی پێداکردم. دەمویست ھەڵبستمە سەرپێ، نەمدەتوانی. ھاوارمکرد، بەڵام ھیچ دەنگێک لە گەرووم دەرنەھات. وشەکانم لە قوڕگم دا ونبوون. گوێم لە دەنگی مرخە مرخی ھەناسەكا‌نم بوو…کەوتمە بیری ئەو کاتەی منیان ھەڵدایە ئێرە،  قۆڵەکانیان گرتبووم  و لەسەر سک ڕایانکێشام. قاچەکانم بۆ کۆنەدەکرانەوە، وەکو بەڵا بەدواوەم بوون…

 

ـ لێرە جێیبهێڵە، مردووە…

ـ بڕواناکەم، پیشلەی حەوت ڕۆحە!

ـ نووقەی لێوە نایەت، ھەر حەوت ڕۆحی بە جارێک دەرچووە…

 

دواین شت کە بیرم بوو، ڤڕەی ئۆتۆمبێلەکەیان بوو، ھیچ شتێکی دواترم بیر نییە…

لێرە کەوتووم و توانای ھیچ جوڵەیەکم نییە، پارچە ئەنگوتکێکم لە ھەویری نانەوا و بەربوومەتەوە و بەزەویه‌وه ‌نووساوم. بەلامدا تێدەپەرن و ھیچ کەسێک ھەڵم ناگرێتەوە. پارچە ھەویرێکی ترشاوم، فریشتەی مەرگ پێم لێدەنێ، تا پانمبکاتەوە…

 

ـ سەیری ئەو کەلەپووتە، دیارە زۆری خوادووتەوە…

ـ وەرە با کەمێکی پێ ڕابوێرین

ـ ھێ تۆ، پیرە پیاو؟ گوێت لێمە؟

ـ ھیچ دەنگێکی لێ نایە، وەک سەگ خۆی سەرخۆش کردووە…

ـ وازی لێ بێنە، بابڕۆین، پێده‌چێت لەم باڕەی خوارەوە زۆری خواردووتەوە، بیل بۆیەکان تێیانھەڵداوە، ھێناویانە لێرە فڕێیانداوە…

ھەستان تاوه‌كو بڕۆن، یەکێکیان شەقێکی وەشاند، بەر لووتم کەوت، دووبارە خوێن لە لووتم پڕژایه‌وە. خوێنی مەییوو   بەسەر خوێنی نوێدا ده‌چۆڕایه‌وه‌، ئازارەکەیان لێ نوێ کردمەوە…لەم تاریکی شەوەدا، لەسەر شەقامێک کاتەکانم بە کولانەوەی برینەکانم تێدەپەڕێت. دواین برین کەلێم دەکولێتەوە، برینە نوێیەکەمە، برینێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند کاژمێرێک بەر لە ئێستا…تازە بەشەق لێیان کولاندمەوە. چەند کاژمێرک پێشتر، سەر و گوێلاکیان شكاندم، ئەو دوو گەنجەی کە بەلام دا تێپەڕین، برینەکانیان کولاندمەوە…

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ بانگكردنه‌وه‌ی ژن – ١٩٦١ – زه‌یتی له‌سه‌ر كه‌نڤاس-
Francis Bacon Reclining Woman 1961 Oil on canvas x Tate – bacon

 

 

 

٢ 

ئێوارە کە لە کارگە گەڕامەوە، چوومە حەمامەکە، تا ئارەقەی ھیلاکیم  لە له‌شم ھەڵگرم. وەکو گشت ڕۆژێک ئێوارە خوانێکی باشمان ھەبوو، تێر لەسەری لەوەڕام…ژنەکەم زۆر جوان دەردەکەوت، بە مەکسیەکی سوور، کە سەیرمدەکرد وام ھەستدەکرد گوڵە سپیەکان لەناو ئینجانەکان ڕایان کردووە و باوەشیان بەژنەکەمدا داکردووە و بە مەکسیەکەوه‌ی نووساون. پرچە زەردەکەی لە دواوە بەستبوو، کەمێکی ھێنابووە پێشەوە، ئەو پەری زادەیە، لە پەریان بە جێماوە.

 جیاوازی تەمەنمان ھەیە، بەڵام  زۆرم خۆشدەوێت، له‌ڕاستیدا ژنی دووەمی منە. دایکی دوو کوڕەکەم، پێنج ساڵ پێش ئێستا كۆچی دوایی كرد،  دوو ساڵ دوای ئه‌و كۆچه‌ی من ژنم نه‌هێنایه‌وه‌… ژنەکەم پێنج ساڵ لە کوڕه‌ گەوركەم، گەورەترە. کوڕی گەورەم لە نھۆمی سەرەوە دەژیت، ھێشتا ھاوسەرگیری نەکردووە و  چەند جارێک داواملێکردووە کە ژنێک بهێنێت. ئیتر ھێندە خۆی لە ھورێ نەپەستێت. گشت جارێک دەڵێت؛ ئەوھا ئاسوودە ترم!

ـ لە کۆتایی ھەر دەبێ ژن بێنیت؟

ـ کاتی نەھاتووە…

ـ لەبەرچی؟

ـ پیاو جارێک ژن دێنێت، ئیتر بۆ ھەتا ھەتایە ناتوانێ بیگۆرێت!

 

کوڕەکەی تریشم نارد بۆ ئەوروپا. وابڕیارە خوێندن تەواو بکات و بگەڕێتەوە…

 

نانەکەم خوارد چوومە ژووری نوستن پشوو بدەم،  دوو پێک وێسکیم خواردەوە، لێی پاڵ کەوتم…

 

ـ پیاوەکە ھیچت ناوێت بۆت بێنم؟

ـ نا ھیلاکم کەمێک دەخەوم…

 

بە تیلەی چاو سەیری کردم، چاوانی دەیانگووت: ھێی پیرە پیاو لە نوستن زیاتر ھیچ کارێکی تر نازانی؟… سەیری چاوانی کردم لەپی دەستی لە لێوی خشاند، بەجۆرێك سووراوی لێوی تێکچوو،  كه‌ پێده‌چوو منداڵێک پێی لەسەر بۆیەی تابلۆیەک ھەڵخلیسکابێت، سووراوه‌كه‌ی ئاوها دیار بوو،  ئەو ڕۆیشتە دەرەوە و منیش نووستم…

به‌ره‌و نیوه‌ شه‌و ده‌چووین، ڕێک نازانم کاتژمێر چەند بوو، من  دەمێکە هه‌ستكرنم به‌كات  ونكردووه‌. بەیانیان دەچمە کارگە تاوه‌کو ئێواران، دواتر نان خواردن و نوستن دووبارە ھەستانەوە بۆ ڕۆژی دواتر…لەسەر سیسەمەکە دەستـم درێژ کرد، وەک ئەوەی لە بۆشایدا بی سوڕێنمەوە، ھیچ شتێک نەکەوتە بەر دەستم. ھەستامەوە دەنگی تەلەفیزیۆنەکە بڵند بوو، تەواوی ھۆڵەکەی پڕکردبوو. ویستم بیکوژێنمەوە و گەڕام بە دوای کۆنتڕۆڵەکە. گوێم لەپێکەنینی ژنەکەم بوو، زۆر بە نزمی پێدەکەنی،  دەنگەکە لە نھۆمی سەرەوە دەھات. لە پلیکانەکان بەسەر کەوتم، ھەنگاوم نا بەرەو ژووری نوستنی کوڕەکەم، دەرگەکە کەمێک کراوە بوو، پاڵێکم بە دەرگە وەنا ھەردووکیان سەیری منیان کرد و بێدەنگ بوون…

 

بەخێرایی لە پلیکانەکان ھاتمە خوارەوە. بەرەو ژوری نوستن چووم. ژنەکەم بە دوامداھات، ھەوڵیدەدا بموەستێنێ. چەکمجەی یەکەمم کردەوە ھیچی تێدانەبوو، چەکمەجەی دووەمیش. نازانم بۆ مێشکم وا ئاڵۆز ببوو. بەخۆمم دەگوت: ئەرێ لەکوێم داناوە؟ دواتر بیرمکەوتەوە  كه‌ دەمانچەکەم لە ژێر قەدی لێفەکان دانابوو، خێرا چووم و ده‌رمهێنا، به‌ڵام له‌پڕ هه‌ستم به‌هه‌وره‌ بروسكه‌یه‌ك كرد له‌سه‌رمدا، ئیدی زانیم  لە دواوە شتێکی قورس  بەر سەرم کەوتووه‌ …

ـ کووشتت؟

ـ نازانم!

ـ بەسە. چیتر بە سەریدامەکێشە کوشتت…ته‌واو …

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.