دیلان قادر

سبەی دەبم بە کەنەدی


Loading

سبەی دەبم بە کەنەدی

دیلان قادر

سبەی بەفر دادەکا و کەنەدیبوون

وەکو کڵۆ دامدەپۆشێ

نیو سەدەیە دەژیم

کەنەدییەکم نەبینی ببێت بە عێراقی

مێژوو تیرێکە بەرەو داهاتوو

یاخود نادیار؟

ئاشکرایە لە تەک شوناسم گرفتارم

سۆران ڕەفعەت – نمایشی سەرمەدی

سبەی باران دەبارێ

دڵۆپەکان جۆگەلە دەبەستن و

دەمبەنەوە منداڵدانی دایکم

لە شلەیەکدا مەلە دەکەم

شڵەقاوی شەڕ و شۆڕە

دەنگی بۆردومان دەبیستم

وا دەزانم خەڵکی لەتاو لەدایکبوونم

جەژن دەگێڕن

کۆڕەوە و بە هەورازدا سەردەخرێم

لای من شادییە و هەڵپەڕکێیە

شەقێک ئەوەشێنم و دایکم دەڵێت ”ئاخ”

فرمێسک دەڕژم

لە ناوەوە ماچی دایکم دەکەم

خۆی بە قوربانم دەکات

لێم دەبورێت

لەدایکدەبم

هێندە بە ژیان نامۆم

دەدەمە گریان

بە کوردی لەدایکدەبم

ئەمە ئەوە دەگەیەنێ

یەکەمین ڕستە بیستم

بە دایکمیان وت: ”کوڕە، کوڕ!”

ئیمتیاز نییە کورد بیت و کوڕ بیت

زیاد لە هەموو شت بەدبەختییە

بە باپیرم بێ، ئیسلام دینم بوو

بە نەنکم، ئاقیبەتم منداڵ خستنەوە

بە باوکم، مەعیشەت چارەنووسم

بە مێژووم، هاودەمم چەک هەڵگرتن

بە دەوڵەتم، هێشتا نەهاتوومەتە دونیاوە

بە کوردی لەدایکبووم و بە کوردی ژیام

بێ کۆرس وەرگرتن فێری هەڵپەڕکێ بووم

پێش دەریا چیام بینی

پێش خۆشەویستی فێربووم ڕقم لە دوژمن بێ

ئازادی هەوا بوو، شەهیدبوون شکۆمەندی

بەرخودان پیرۆز، مانەوە ئەرک

زمان پێستم بوو، خاک و مێژوو خوێن و ڕۆح

سبەی هەورە و سوێند دەخۆم

بە وەفا بم بۆ شاژنێکی بیانی

تێناگەم بۆچی ئینگلیزەکان وەکو خوداوەندێک

دەیژیەنن؟

کەمن ئەو شتانەی شایستەی تێکۆشانن

ئەمە ڕەشبینی نییە

تەنها ئەوەیە داخکردنی ژیان قسەیەکی تری هەیە

دایکم بە چەشنێ لە برسێتی سڵی دەکردەوە

ئاردەکەی هێند دەهێشتەوە ئەسپێ تێی دەدا

پاشەڕۆژ بە لامەوە وشەیەک بوو

هێندەی سانتا کڵۆس بوونی هەبوو

ئێستاش … هەندێجار … هەروایە

کەنەدیبوون چی لە کوردبوونم دەگۆڕێ؟

بیرم دێ بە دایکم بێ، خۆشبەختی نسیبمە

سبەی بەفر دابکا یان باران، هەور بێت یان هەتاو

تەلەفون بۆ دایکم دەکەم

پێی دەڵێم خۆشم دەوێت

دەزانم بڕوای بە وشە لەق بووە،

هەمدیسان هەوڵ دەدەم و پێی دەڵێم

دێمەوە …

کێ دەڵێت هیوایەکی ساختە

لە بێهیوایی

باشتر نییە؟

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌