زۆراب ئیسماعیل؛ دەنگ و وێنە


Loading

نامەیەک بۆ هاوڕێکەم

زۆراب ئیسماعیل

هاوڕێکەم نامەیەکی بەدەستەوە بوو بۆی دەخوێندمەوە، خوێندنەوە بە سەری پەنجە. پیتەکانی ئەو نامەیە لە نوقتە پێک هاتبوون، نوقتەی هەڵتۆقیو لەسەر ڕووی کاغەزەکە.

“کوڕم ئێستا کە ئەم نامەیە دەخوێنیتەوە…”، هاوڕێکەم پەنجەی بەسەر رووپەڕی نامەکەدا دەهێنا و لەبەر خۆیەوە لێوی دەجوڵاند و بەردەوام دەبوو لەسەر خوێندنەوە، “من چیتر لەلات نیم. بە جەستە لەلات نیم.”

ساڵانێکی زۆر بوو هاوڕێکەم بینایی لەدەست دابوو. هەمان ئەو ڕۆژەی هەواڵەکەیان بە دایکی گەیاند، دایکی ئەوەندە هاوار و قیژەی کرد دەنگی لەدەستدا. سەرەتا وایزانی تەنیا لەدەستدانێکی کاتی یە و دوای چەند رۆژێک دەنگی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە هەرگیز ڕووی نەدا. هەتا لە ژیاندا بوو نەیتوانی جارێکی تر قسە بکات. کارەساتەکان بە تەنیا نایەن، لەلایەک بینایی کوڕەکەی و لەلایەکی ترەوە دەنگی خۆی لەدەستدا. هەمان رۆژ. لەدەستدانی دەنگی ئەرکی سەرشانی زۆر لە پێشتر سەختتر کرد، بەتایبەتی لە بەرامبەر کوڕەکەیدا کە چاوی لەدەستدابوو. ئیتر چۆن بیتوانیایە لەگەڵ کوڕەکەی دا بدوێت، ئەو نابینا و ئەم بێدەنگ.

ئەو نامەیەی هاوڕێکەم دەیخوێندەوە بە پیتی زبر نوسرابوو، پیتی زبریش لە زۆربەی زمانەکانی خۆرئاوادا هەیە و لە زمانی کوردیدا نوێ یە.

“کوڕم، بینایی چاووم، بمبورە نەمتوانی تا کۆتایی لەگەڵت بم. ژیان وایە. نابێت وەک بەڵگەنەویست دایبنێین. دێین و دەڕۆین. گرنگ ئەوەیە کە تا لەژیاندا بین تواناکانمان بەکار بێنین. ئەو توانایانەی کە ماومانن. من دەنگم لەدەست دا، لەدەستدانەکەم وزە و هێزی ناو ناخمی نەکوشت، هەروەک چۆن تۆم فێرکرد کە لەدەستدانی چاووت نەبێتە هۆی کوشتنی توانا شاراوەکانت. من ئێستا دڵنیام کە تۆ لە جاران زیاتر باوەڕت بەخۆتە، تۆ چاوت لەدەستدا بەڵام …”.

هەر کە گەیشتە ئەو شوێنە لە نامەکە، هاوڕێکەم بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە دەستێکی برد بۆ ڕوخساری خۆی. لەدەستدانی هەندێک ئۆرگانی لەش وایە، تەنانەت لە دوای تێپەڕینی چەندین ساڵیش کەسەکە جارجار لە یادی دەچێت کە ئەو ئەندامەی نەماوە، وەک ئەو کەسەی کە لاقی دەبڕنەوە، جارجار گوڕ دەداتە بەر خۆی بۆ ئەوەی هەستێت و بڕوات، بێ ئاگا لەوەی کە ئیتر لاقی نەماوە …

دەستی لە روخساری خۆی دا و توند دەموچاوی خۆی گوشی، ئازاری چرکەساتی ڕوداوەکەی دووبارە هەست پێکردەوە، بەوەدا دەزانم کە ناڵەیەکی لێوە هات و لێم پرسی چیبوو، لە وەڵامدا وتی کە ئازاری ئەو ساتە وەختەی پێگەیشتۆتەوە کە پارچەی ناپاڵمەکەی بەرکەوتووە.

ئەو باوکی پێشمەرگە بوو. لە سەرەتاوە چوبووە ناو شۆڕش. بەهۆی ئەوەوە دایکی و خۆی و برا بچکۆلەکەی دەستبەسەر کرابوون و لە زیندانێکی ئەبوغرێب کە بە جەمالۆنی لەوح بانی بۆ کرابوو بەندکرابوون. ئەبوو غرێب لای کوردەکان واتە زیندان. ئەو بیابانە غەزەبلێگیراوەی ئەوێ هەواش نەیدەتوانی هەناسەی تیادا بدات نەک مرۆڤ. ئەوان لەوێ مانەوە تاکو سەدام حوسێن خۆی کرد بە سەرۆک، ئەو کاتە بەر عافوات کەوتن و بەربوون. ئەوکاتەی ئەوان گیران، دایکی هاوڕێکەم خانمێکی گەنج بوو کە لەسەرەتای تەمەنی لاوێتیدا بوو. ئەو دەبوو خەمی دوومنداڵەکەی و خۆیشی بخوات. لەسەر زەوی بەردەوام دووپشک و جڕوجانەری جۆراوجۆر هەراسانی دەکردن و لە هەواشدا هەڵماوی ئەو گەرماوەی جەمالۆنی ژێر هەتاوەکە جۆشی دەدا بۆیان.

رۆژێک پێکەوە تێر گریاین، من و دایکی. کاتێک دایکی باسی ئەو کاتەی بۆ کردم، کە چۆن ئازاریان دەچەشت بەدەست برسێتی، تونێتی، سوکایەتی پێکردن لەلایەن حەرەسەکانەوە، نەبوونی ئاودەست و ژمارەی زۆری بەندیەکان کە لەو شوێنە بچکۆلەیەدا بەندکرابوون – کە جەمالۆنێکی سی مەتر چوارگۆشەیی بوو دوسەدوپەنجا کەسی تیابوو. لەبری ئاودەست تەنەکەیەکیان لە سوچێکی هۆڵەکەدا بۆ دانابوون. هیچ دیوارێک تەنەکەی پیسیتێکردنەکەی لە خەڵکەکە جیانەدەکردەوە.

ئەو کاتە وابوو، هەر کەسێک ببوایە بە پێشمەرگە، کەسوکارەکەی لەلایەن بەعسەوە دەستبەسەر دەکرا تا ئەو کاتەی دەکوژرا یان تەسلیم دەبۆوە. ئەو کاتە کە هاوڕێی منداڵیم ئاوات پێشمەرگە بوو، خێزانەکەی هەموویان بەدەستبەسەرکراوی لەوێ بوون تا شەهید کرا. دوای ئەوە بەردران.

کاتێک کە هاوڕێکەم و دایکی و برابچکۆلەکەی ئازادکران یەکسەر گەڕانەوە بۆ کوردستان و بە زوترین کات خۆیان گەیاندە گوندە دوورەدەستەکان بۆ ئەوەی دووبارە نەگیرێنەوە. بەو جۆرە ژیانیان گوزەراند تا ڕاپەڕین. دەمێک لە سەر سنووری نێوان ئێران و عێراق و دەمێکی تر لەمبەر و لەبەری ناوچەی شۆڕش و ئیتر بەو جۆرە. هیچ رۆژێک پڕ بە دڵی خۆیان تێریان نەخوارد و بۆ یەک ساتیش لە مەترسی ژیان دوور نەبوون. باوکی هاورێکەم لە ماوەی هەموو شۆرشدا لە مردن ڕزگاری بوو هەرچەند لە زۆربەی شەڕ و شەڕگەکاندا ئامادە بوو. ئەو وردەوردە پلەی بەرزکرایەوە تا بوو بە مەسئول، کە ڕاپەڕین کراو شارەکان لەلایەن خەڵکەوە دەستیان بەسەردا گیرا لەبەر کاری حیزبی و شۆڕش و دەعوەتودەعوەتکاریی نەیدەپەرژا بچێتەوە لای خێزانەکەی. لەدوای بەربونیان لە زیندان، هاوڕێکەم چەند خۆشکوبرای تری بۆ هاتبۆ دنیاوە.

هاوڕێکەم لەیەکێک لە بۆردومانی فڕۆکەکانی رژێم دا بریندارببوو و چاوی لەدەست دابوو. ئەو رۆژەی بەرکەوتبوو، دایکی بەسەردان چوبوو بۆ لای خزمەکانی. هەر هەمان ئەو رۆژە هەواڵەکەی پێگەیشتبوو. هەر ئەو رۆژەش دەنگی لەدەست دابوو. هەمان رۆژیش گەڕابۆوە لای کوڕەکەی. دوای برینداربوونەکە کوڕەکەی کەوتبووە کۆماوە. نە قسەی دەکرد و نەدەگریا. ڕوخساری زۆر شێوا بوو. لەو گوندە وێرانبووە نە دکتۆر هەبوو نە نەخۆشخانە. بە نهێنی لەڕێگەی تەنزیمی ناوخۆییەوە بردبوویاننە ناو شار و لە ماڵێکدا نیمچە نەخۆشخانەیەکیان بۆ دروستکردبوون. لەوێ مابۆوە تا برینەکانی ساریژ ببوو. دوای ئەوە دووبارە لەگەڵ دایکی گەڕابونەوە شاخ. لەوێ مانەوە تا سەدام کوردستانی بەجێهێشت.

کە باوکی پلەی بەرزکرایەوە و پارەی زۆر بوو، دووبارە ژنی هێنایەوە. بە هیچ جۆرێک نازونیعمەتی نەدا بە خێزانەکەی، ئەوانیش دواتر ناچار بوون بەرەو هەندەران بکەونە ڕی. دایکی و خۆیی و خوشک و براکانی.

ئێستا کە نامەکەی بەدەستەوەیە و دەیخوێنێتەوە، دایکی لەژیاندا نەماوە. ئەو نامەیە یەکێکە لەو شتانەی کە بۆ کوڕەکەی بەجێهێشتووە. وەسێتی کردبوو کە نەیدەن پێی تا لە ژیاندا بێت.

پیتی هەڵتۆقیو، جۆرە پیتێکە،، لەلایەن ‘برێلە’ داهێنراوە. ئەو کەسێكی نابینا بووە و زۆر مەراقی بووە نابیناکانیش بتوانن وەک خەڵکیانی چاوساغ بخوێننەوە. دیارە کە یەکێک نابینابێت ناتوانێت ئەلفوبێی نوسراو بخوێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەستاوە بە گەشەپێدانی جۆرە پیتێک کە بە نوقتەی زبر دەنوسرێت. کاغەزەکە لەژێرەوە بە ئامڕازێك فشاری دەخرێتە سەر تا نوقتەیەک لەڕووپەڕەکەی پێشەوەی بەرزببیتەوە. لێکدانی چەند نوقتەیەک، وشەیەک یان ڕستەیەک دروست دەکات. پولێکی دۆمینە بێننە پێش چاوی خۆتان کە شەش چاڵەکەی لەبری چاڵ بەرزبوبێتنەوە. یەک نوقتە پیتی ‘ئا’ و لەگەڵ نوقتەی تەنیشتی پیتی ‘بێ’، و ئیتر بەو جۆرە، پێکدەهێنێت.

کاتێک کە هاوڕێکەم گەیشتبووە خۆرئاوا بە نوسینی زبر ئاشنا ببوو، هەرزووش خۆی فێر کردبوو.

لەسەر خوێندنەوە بەردەوام بوو:

“ئەو کاتەی کە پارچە ناپاڵمەکەت بەرکەوتبوو، کە هاتمەوە لات لاشەیەکی بێگیان بوویت. ئەوەندە توڕە بوویت لێوەکانت پێکەوە نوسابوون. لە هەموو روخسارت دا تەنیا لێوەکانت بەساغی مابوون. منیش نەمدەتوانی قسە بکەم. دەنگم لەدەستدابوو، تۆ چاوت نەبوو، من قسەم نەدەکرد …”

دەنگی هەنسکی هاوڕێکەم گریانێكی کپکراوبوو، دەستی برد چاوی وشک بکاتەوە. وایدەزانی وەک جاران دەتوانێت فرمێسک بڕێژێت، لەبیری نەبوو کە گریانی ئەو بێ فرمێسکە. لەو کاتەوەی وای لێهاتبوو فرمێسک لەچاوانی نەهاتبۆ خوارەوە.

“تۆ چاووت نەبوو، منیش دەنگ، نەمدەزانی چۆن گفتوگۆت لەگەڵ بکەم. سەرباری ئەو دوو کارەساتە دەبوو کۆشش بکەم بتخەمەوە سەر پێی خۆت. بتژیێنمەوە. زیندوتبکەمەوە. تاکە ڕێگەشم بۆئەوە سەرەتا تەنیا لەڕێگەی دەستەکانمەوە بوو. بەسەری پەنجەکانم کە لەلاشەتم دەدا کۆششم دەکرد گفتوگۆت لەگەڵ بکەم. هێند ئاسان نەبوو وەک دایکێک کۆرپەکەی خۆم بەو بێ گیانییە و بەو مەراقەوە ببینم. تەنیا یەک ڕێگەم لەبەر دەمدا مابۆوە، پشوودرێژی و کۆڵنەدان. ئەو دوانەشم زۆر دەمێک بوو بەدەست هێنابوو. ژێر جەمالۆنەکانی ئەبووغرێب و ڕاکەڕاکی ئەم شاخ و ئەو شاخ فێریان کردبووم کە خۆڕاگر بم”.

ئەو کاتەی هاوڕێکەم فێری نوسین و خوێندەوەی لەو جۆرە ببوو، دایکیشی فێر کردبوو. ئەو جۆرە نوسینە ئاسانکاریی زۆری بۆ کردبوون تا پێکەوە بدوێن. کۆمپیوتەرێکی هەبوو، لە دوگمەکانی پیتەکان نوسرابوون و بە زبریش لەسەر هەمان دوگمە هەمان پیت بە هەڵتۆقیوی نوسرابوو. کە دەست دەنرا بە دوگمەیەکدا دەنگێک ئەو پیتەی دەوتەوە کە لەسەری نوسرابوو. گەر هاوڕێکەم بە زبر بینوسیایە، دایکی دەیتوانی لەسەر شاشەکە بیخوینێتەوە و گەر دایکیشی شتێکی بنوسیایە، کۆمپیوتەرەکە دەیخوێندەوە و بەو جۆرە هاوڕێکەم تێدەگەیشت کە دایکی چی پێ دەڵێت. تەکنیک وا پێشکەوت کە لاپتۆپێکی بچکۆلەی لەو جۆرەیان هەمیشە لە دەرەوە پێ بوو لەڕێگەیەوە لەگەڵ یەک گفتوگۆیان دەکرد.

“کاتێک کە زەخمەکانت چاک بونەوە، دەبوو بۆ هەموو شوێنێک کە دەچووین دەستت بگرم. هەرچیت بویستایە داوات دەکرد و منیش بە بێدەنگی بۆم جێبەجێ دەکردی. هێنانی پەنجەکانم بەسەر گیان و ڕوخسارتدا وەک خشاندنی پەنجەکان وابوو بەسەر ڕووپەڕی نوسراوەکان بە پیتی هەڵتۆقیو. هەر لەو کاتەوە تواناییمان لە بەکارهێنانی پەنجەکانماندا گەشە پێدا. بە لێدانی ژمارەی جۆراوجۆری پەنجە لە لەپی دەستت دەمتوانی ئەوەی دەمەوێت پێت بڵێم، بەڵام هەموو شت نا. دواتر کە کۆمپیوتەرەکەمان بەکار دەهێنا ئیتر دەمتوانی هەموو شتێکت پێ بڵێم. خۆ ئەگەر تۆ نەبویتایە من نەمدەتوانی فێری زبر خوێندنەوە ببم. تۆ فێرت کردم چۆن بەکاری بێنم. من بووم بە چاوی تۆ و تۆ بویت بەدەنگی من. ئێمە بووینە تەواوکەری یەکتر. لە شوێنەکانی تریش کۆمپیوتەرەکەت بوو بە دەنگی من لەگەڵ خەڵکی تردا. پڕ بەدڵ سوپاست دەکەم. من دایک بووم هەرچیم بۆ تۆ کرد ئەرکی سەرشانم بوو، ئەوەی تۆ فێرت کردم و بۆت کردم… “.

لەوێدا لە خوێندنەوە وەستا و نامەکەی قەد کردو خستییە ناو گیرفانیەوە. وتی “با بڕۆین”. قۆڵی کرد بە قۆڵمدا و بەرە و دارستانەکەی نزیک کەوتینە ڕێ. لەبەر ئەوەی ساڵانێکی زۆر بوو پێکەوە هاوڕێ بووین لە هەموو کۆدە ڕۆژانەییەکانی تێدەگەیشتم. ئیتر تێگەیشتم کە نایەوێت زیاتر لە نهێنی نامەکەم بۆ ئاشکرا بکات، ئەو وابوو.

کە بەڕێگەدا دەڕۆیشتین و بەربەست و بەرزی و نزمی بهاتایەتە ڕێگەمان دەبوو بڵێم هەنگاوێک بەرەو سەر، یان دوو هەنگاو بەرەو خوار و ئیتر بەو جۆرە ڕێمان دەکرد.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین