فۆتۆ؛ سووتاندنی جوله‌كه‌ له‌ كه‌مپی نازیه‌كاندا- ئاوسشڤیتز جه‌نگی جیهانی دووهه‌م - جه‌سته‌ كۆنترۆڵكردن- له‌ناوبردن و جیاكردنه‌وه‌

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه


Loading

هێشتا هه‌واڵی کاره‌ساتمان پێ نه‌گه‌یشتووه!

وتوێژ لەگەڵ د.مەسعود بینەندە سەبارەت بە پرسی کارەسات – به‌شی سێهه‌م 

وتووێژکار: ئەمجەد غوڵامی

 

 

 

 

ئەمجەد غوڵامی:  ئایا ئەدەبیات و هونەر توانیویانە دەستپێشخەری بکەن لە سازدانی فۆڕمێکی تایەکاری بۆ نواندنی ڕەنج یان هێشتاش لە داڵانی بەدفۆڕمی و ناکامڵیدا هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەزموونی ژیان دەکەن و درۆی گشتیەتی دەرکی ڕەنجیان بەجێ هێشتووە بۆ ئەدەبی زەرد و ژوورنالیزم؟

د.مەسعود بینەندە:  ئەوەی کە بەگشتی ئەدەبیات و هونەر یان شێوازەکانی تری دەربڕین و داهێنان چۆن و تا چ ڕادەیەک دەتوانن هوشیاری و هەستیاریی ئێمە لەهەمبەر کارەساتەکانی ژیان بەدی بێنن خۆی جێگای مشتومڕێکی مێژوویی بووە. هەموومان ئاگاداری مانیفێستی دژە شیعری ئەفلاتوون هەین کە چلۆن شاعیران و

فاشیزمی ده‌وڵه‌تی؛ هیتله‌ر و مۆسۆلینی.

دراماتیستەکان بە درۆزن و هەروەها مەترسیدار بۆ ئاسایشی کۆمار دەداتە قەڵەم و لە ڕووبەری یۆتۆپیای خۆیدا شاربەدەریان دەکات. هەروەها تەواوی ئەو مشتومڕانەی کە ئایاکوو ئەم مەترسییە تەنێ بۆ شیعرە یان ستایلێکی تایبەت لە شیعر وەکوو شیعری لیریکایە؛ یان خود ئەمە پەخشان(prose) و نڤیساری بەدەر لە نەزم و بووتیقای ئەدەبییە کە توانستی خۆنەبان‌کردن و بەئایدۆلۆژیابوونی هەیە. میلان کۆندرا بەپێی ئەزموونی ژیانی خۆی لە سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتانی تۆتالیتەر لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات، شاعیران بە پێغەمبەرانی بانگدەری فەرامۆشی نێودێر دەکات کە لە ڕێگای گوتاری سۆزبەخش و ئەنارشیانەی خۆیانەوە پشتیوانی لە کردەوە دزێوەکانی دەسەڵاتدارانی سەردەم دەکەن. دەتوانین نموونەگەلێک ببینینەوە کە شاعیران و بەگشتی نووسەران قەڵەمی خۆیان دەخەنە خزمەت و پشتیوانی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان؛ بۆ نموونە هەندێ لە ئاوانگاردەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم وەکوو فیلیپۆ مارینێتی تەڤڵی ئایدۆلۆژیای شەڕخوازانە و بزووتنەوە فاشیستییەکان دەبن؛ یان هونەرمەندی بەناوبانگی سووڕیئالیست سالڤادۆر دالی نامەی پشتیوانی بۆ مۆسۆلینی دەنێرێ و هاودەنگیی خۆی بۆ لەسێدارەدانی ڕۆشنبیرانی دژبەری فاشیزم لە ئیتالیا ڕادەگەیەنێت. لێرەولەوێ نموونەی دژواز لە بابەتی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەی دیکتاتۆری، سەرکوتکاری، سانسۆر یان کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان دەدۆزینەوە چ لە ئاستی تێکست و بەرهەمدا و چ لە ئاستی کردەوە و هەڵوێستدا کە ڕەنگە نەتوانن فۆرمووڵ و سەرچەشنێکی یەکتا و یەکگرتوو بەدەستەوە بدەن. بەڵام ئەوەی سەلمێنراوە و دەتوانین بێ دڕدۆنگی بەڵێنی لەسەر بدەین ئەو وتەیەی ژان‌پۆل سارترە کە هیچ بەرهەمێکی هونەریی مەزن لە لایەنگریی کوشتن و سەرکوتکردنی مرۆڤەکاندا ناخولقێندرێت. هەروەها ئادۆرنۆ لەم بوارەوە دەڵێت وتاری سیاسی درۆزنانە شێوازی جوانناسانەی ناپاک دەکات، سیاسەتی خراپ دەبێ بە هونەری خراپ و هەروەها بەپێچەوانەوە. ئەمە سنووری بەرزەجێی ئینسانی و هێڵی سووری هونەرە کە ئیزن نادات بابەتی هاودەستی کارەسات بێتە پانتایی جیهانی داهێنان و لە مێژووی هونەری مەزندا جێگایەک بۆ خۆی تۆمار بکات.

وادیارە وەسواسی ئەم پرسیارە کە ئایاکوو هونەر و ئەدەب توانیویانە فۆرمێک بۆ هەستکردن و تێگەیشتن لە ڕەنج بەدی بێنن، وەکوو سیمپتۆمێک بەردەوام بەرۆکمان دەگرێت و بەرەو دووپاتکردنەوەیەکی نۆرۆتیک ڕاماندەکێشێ. بەهەرحاڵ بەدەر لە ڕەهەندی پاتۆلۆژیکی پاتەکردنەوە لێرەدا هەوڵ ئەدەین لایەنی ڕزگاریدەری ئەم کردارە وەگەڕ بخەین. فۆرمی هونەر و وێژە چۆن و بە چ مەبەستێک دەتوانن دیالێکتیکی یادەوەری و فەرامۆشی لە پێناو فامستی ڕەنجدا بەرهەم بێنن؟ ڕەنگە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کە ورووژاندنی لە نیچەوە ئاخێز دەگرێ و لە فرۆید و ریکۆردا بەردەوام دەبێ و دەگا بە ئێستای کۆمەڵگای ئێمە، پێویست بێت دیسانەوە ئاوڕێک لە چەمکەکان بدەینەوە. نیچە لە لەهەمبەر نەخۆشینی ئەورووپایی سەدەی نۆزدەهەمی، واتە کەشفی هەرێمی مێژوو هەڵوێست دەگرێ و پێی وایە دەبێ هاوسەنگییەک لە نێوان سەرنجی زێدەڕۆیانە بۆ مێژوو(یادەوەری) و فەرامۆشی لەڕادەبەدەر بدۆزینەوە. هەربۆیە دەبێ زۆرجار لەهەمبەر یادەوەریی توندڕەودا بوەستینەوە و بە فەرامۆشکردنی چالاک(active forgetting) و تێڕامانی ناوەخت دەسبەرداری جەستەی مردووی ڕابردوو ببین و رێگە بۆ داهاتوویەکی جیاواز ئاوەڵا بکەین. فرۆید لە باسی ماتەم و مەخولیادا ئاماژە بە دەوری یادەوەری و فەرامۆشی لە پێکهێنانی هاوسەنگیی دەروونی مرۆڤەکان دەکات و پێی وایە دەبێ پێگەی خۆمان لە ئاست ئۆبژەی لەکیس‌چوو(قوربانی یان مردوو) بە درووستی دیاری بکەین. هەربۆیە پێی وایە زۆرجار فەرامۆشی ترۆمایەک درووست دەکا کە ئاسایشی ئێمە بەردەوام دەهەژێنێ و تاکوو بە یادەوەری ڕووداوی مەترسیهێنەر، ئەو ئوبژەیە لە پێگەی درووستی خۆیدا دانەنێین، پێمل بە یادەوەریی بەردەوام و پاتۆلۆژیک دەبینەوە(پێملبوون بە پاتەکردنەوە).

 

 

هەربۆیە دەبێ یەکجار بۆ هەمیشە وەبیری بهێنینەوە تاکوو بتوانین فەرامۆشی بکەین؛ واتە مافی یادەوەری و مافی فەرامۆشی لە هاوپێوەندییەکی دوولایەنانەدا بەئەنجام دەگەن. مافی فەرامۆشی نە بە واتای لەبیربردنەوە و تۆمارنەکردن بەڵکوو بە واتای دۆخێکە کە پاش وەبیرهێنانەوەی کارەسات و تۆمارکردنی ڕەنجی قوربانی دێتە کایەوە؛ دڵنیایی‌یەک لەوەی مافی بەرکەوتووان و ئازارچێشتووان ئەدا کراوە و وەکوو پرسێکی مێژوویی بەرەو نەوەکانی داهاتوو کراوە و هۆشداری‌بەخشە. کرێسنووسکایا کە بۆماوەی دوازدە ساڵ لە ئۆردووگای کاری زۆرەمڵێ(Gulag)ی سەردەمی ئێستالین ژیانی تێپەڕ دەبێت پاش تۆمارکردنی بیرەوەرییەکانی گوولاگ، لە نامەیەکدا بۆ دایکی ئاوەها دەنووسێ: دایە‌گیان ئەوە وەسیەتی کۆتایی ئێوەم بەجێهێنا و بیروەوەری ئەم ساڵانەم هەموو نووسیەوە، ئێستا ئیزنم پێ دەدەی فەرامۆشیان بکەم؟

 

ڕووسیا – سۆڤیه‌تی جاران – سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین – ناسراو به‌ گولاگ – كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك ١٩٣٦ – Ati – magazine

 

ڕیکۆر هەروەها باسی بیرەوەریی بەکۆمەڵ دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دووبارە گێڕانەوەی ئەو بیرەوەرییە بەکۆمەڵانە، پێوەندی نێوان بیرەوەری مرۆڤەکان ساز ئەدات و ئاڵووێرکردنیان دەهێنێتە کایەوە. ریکۆر کە چەمکی گێڕانەوە(narration) لە جێگای چەمکی حەقیقەت(truth) بەکار دێنێ، جەخت لەسەر مێژوونووسیی ڕەوایی دەکات و پیی وایە لەم چەشنە گێڕانەوەی مێژووەدا سووژەی مرۆڤ چالاکانە و لە ڕێگای دووبارە خوێندنەوەی ڕابردوو، ئەزموونی مێژوویی لە داڕێژگەی ڕەوایەتدا پێکەربەندی دەکات و بەم شێوەیە بەسەرهاتی مێژوویی مرۆڤەکان بۆ یەکتر لە پلاتی چیرۆکەکاندا مسۆگەر دەبێت. ڕیکۆر لەهەمبەر ڕەوتی فەرامۆشی و دەستێوەردانی حافزە و بیرمان (paramecia)دا دەوەستێتەوە و ئەرکی فەرامۆش‌نەکردن بە ئەرکێکی ئەخلاقی لە ئاست قوربانیان دەزانێ. هەر بۆیە پێی وایە لە پێکەوەگرێدانی بیرەوەری و مێژوودا دەبێ جیاوازیی ڕوانگەی جەلاد لە نیگای قوربانی بناسینەوە و بەم چەشنە بەرپرسایەتی خۆمان لە هەمبەر مێژووی فەرامۆشکراو و سەرکوتکراوی قوربانی دەرببڕین. هەوڵدان بۆ فەرامۆش‌نەکردن و هەروەها فامستی ڕەنجی ئەویدی چەشنێ ئاکاری کارەساتە کە دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێ تاکوو بیر لە ئازاری قوربانیان بکەینەوە؛ واتە درێژەپێدان بە ڕەنجێک کە ڕەنگە ڕەنجی ئێمە نەبێت. یاسپێرس پێی وایە هەستکردن بە گوناهی هاوبەش و سووچی گشتی لە ئاست کارەسات وادەکات کە بۆ نموونە ئاڵمانییەکان کۆمەڵکوژیی ئاوسشڤیتز تەنیا بە تاوانی هیتلەر دانەنێن و بەرپرسایەتی خۆشیان ببیننەوە. بلانشۆ وتەنی خواستی کۆتایی بەندکراوانی ئۆردووگاکان ئەویە کە: بزانن چی ڕوویدا، فەرامۆش مەکەن، هەرچەند هیچکات لە قوڵایی ڕووداوەکە تێناگەن.

 

فۆتۆ؛ سووتاندنی جوله‌كه‌ له‌ كه‌مپی نازیه‌كاندا- ئاوسشڤیتز
جه‌نگی جیهانی دووهه‌م – جه‌سته‌ كۆنترۆڵكردن- له‌ناوبردن و جیاكردنه‌وه‌

 

 

بێگومان ئاپاراتووسەکانی فەرامۆشی و دەزگاکانی بەلاڕێدابردنی بیرمانی بەکۆمەڵ لەسەردەمی مودێڕندا هێزی بێ‌وێنەیان گرتووە. کاتێ کێسینجەر دەڵێ “مێژوو بریتییە لە بیرمانی دەوڵەتان” دەبێ دەسبەجێ مەترسی دۆخی ئێستا دامانبگرێ کە سەردەمی هەژمۆنی دەوڵەتەکان و ئاپاراتووسەکانی فەرامۆشی و دەستێوەردانە. ڕۆژنامەگەری ئەگەرچی خۆی خاوەنی حافزەیەکی مێژووییە و زۆرجار دژ بە هێزەکانی فەرامۆشی هەوڵی نواندووە بەڵام شێوازی باو و جیهانگیری ڕۆژنامەگەریی سەر بە پیشەسازیی فەرهەنگ و بازاڕی پاپیۆلار، ئەرشیڤ و بیرمانێکی مەزنی لەهەمبەر وەبیرهێنانەوە و یادەوەریدا دامەزراندووە. ئاگامبێن وتەنی ئەوەی لەمپەری پێوەندی‌گرتن دەبێ خودی پێوەندگرییە؛ واتە هەمان شت کە پێوەندیی مرۆڤەکان مسۆگەر دەکات لێکیان جودا دەکاتەوە. هەربۆیە دەڵێت ژۆرناڵیستەکان و دامودەزگای میدیاکان(هەروە‌تر دەروونشیکاری لە کەرتی تایبەتدا) پێکهێنەری ئاپاراتووسێکی نوێی ئایینین کە بەڕێوەبەرێتی ئەم چەشنە لە نامۆیی سرووشتی زمانیی مرۆڤەکان دەکەن.

وەکو لەم ڕستە ناهاوسازەدا دەردەکەوێ؛ “بیرمانی من مەزنترین ڕێگری وەبیرهێنانەوەمە”، زۆرجار ئەوەی کە هۆکاری فەرامۆشی و لەبیربردنەوەی مێژوو و بەسەرهاتەکانە نەک خودی فەرامۆشی بەڵکوو ئەو بیرمانە بەربڵاوەیە کە ئەقیانووسێ لە دەیتا و زانیاری بەرهەم دێنێ بەڵام واقیعی شتەکانمان لێ دەشارێتەوە. وەک لە نەقڵی پارادۆکسیکاڵی “دارەکان ڕێگری لە دەرکەوتنی دارستان دەکەن”، بە شێوەیەکی ئایرۆنیک ڕوون دەبێتەوە ئەوڕۆکە ئەوە حافزەی ڕۆژنامە و میدیا و بە گشتی ئاپاراتووسەکانی وەبیرهێنانەوەی بەردەوام و سی‌ئێن‌ئێن‌ئاسا(CNN effect)ن کە بیرمانی ڕاستەقینە و پراکتیسی یادەوەریی مێژووی قوربانییان لە خشتە بردووە. تۆنی بێنێت سەبارەت بە کارکردی مۆزەخانەکان دەڵێ ئەم شوێنانە تا ئەو ڕادەی کە جێگای یادەوەرین، فەرامۆشیش بەرهەم دێنن. واتە بۆ وەرگرتن و هاوجووتبوونی بەردەنگی ئێستا لەگەڵ ڕابردوو دەبێ بەشێ زۆر لە بڕگە ناخۆش و کارەساتبارەکانی بسڕدرێتەوە. فۆکۆ وتەنی مۆزەخانەکان بەپێچەوانەی ئاخێزە پڕ لە ململانێ و شەڕوشۆڕەکانیان شوێنی ئاسایش و دڵنیایین، شوێنی خەوێکی ئارام و بێ‌قڕەن. کاتێ لە هەڵەبجە خەڵک لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا هێرشیان کردە سەر مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی ئەو شارە، کارەساتێکی شاراوە ڕووی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ڕێگای مۆزەخانەوە کاریگەریی دەنواند؛ کارەساتی فەرامۆشی لە ڕێگای دەزگاکانی پڕووپاگاندای یادەوەری.

ئەمجەد غوڵامی: ئەگەر بمانەوێ دواپرسیارمان تەرخان بدەین بە مژاری مەرگ و مەترسیی نەخۆشی کۆرۆنا، شتێک کە زۆر لەبارەیەوە دەوترێ، زەختی ئەو نەخۆشییە لە سەر بەساڵاچووان و کەسانی نەخۆشە. وەک بڵێی بەجێماوانی کرونا کۆمەڵگایەکی منداڵ و گەنجە. وەک کۆمەڵناسێک چۆن لەم وێنایە دەڕوانی؟

 

د.مەسعود بینەندە: لە سەردەمی پێش‌مودێڕندا چەرخی ماڵتووسی سنوورێکی بۆ پەرەسەندنی ڕادەی جەماوەر دانابوو و لە ھەر قۆناغێکدا بە ڕووداوی سرووشتی، نەخۆشین یان قاتوقڕی حەشیمەتی جیھانی کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەوڕۆکە ئەم مژارە بۆ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دوو ڕوانگەی جیاوازەوە ھاتۆتە ڕۆژەڤەوە. یەکەم ئەوەی کە هێرشی ئەم ڤایرۆسە چەشنێک تۆڵەسەندنەوەی سرووشتە لە جەماوەر؛ واتە گوشار و تێکدانی لەڕادەبەدەری کۆمەڵگەی مرۆڤ لە ئاست سرووشت ئەم پەرچەکردارەی بەدوادا هاتووە. واتە سرووشت بۆ بەرگری لە کیانی خۆی ناوبەناوێ بە وەگەڕخستنی چەرخی ماڵتووسی، شاڵاوی ڤایرۆسی و ڕووداوی مرۆڤ‌قڕێن جیهانگیر دەکات و هۆشدارییەک سەبارەت بە ئاکامی کردەوە دژە سرووشتەکانی مرۆڤ بڵاودەکاتەوە. ڕوانگەیەکی تر کە بە شێوەیەکی دەسکرد و سۆبژێکتیو بۆ ئەم کەیسە دەڕوانێت پێی وایە ئەمە پیلانێکە بۆ کەمکردنەوە و پاقژکردنەوەی جەماوەری جیھان لە باری ڕادەزۆریی جەماوەر و بەتایبەت باری گرانی نەخۆش و پیر و پەککەوتەکان لەسەر ئابووریی وڵاتان؛ واتە بەکارهێنانی چەرخی ماڵتووسی بە شێوەی مەبەستمەند و پلانڕێژراو. وێرژێنی تری ئەم بۆچوونە ئاماژە بە ململانێ و کێبڕکێی ئابووری و ئەمنیی زلهێزەکانە کە لە پێناوی مەبەستی ڕکابەرانەی خۆیاندا دەست بۆ هەر چەشنە پیلانێکی دژەمرۆڤانە دەهاوێن. سەرەڕای ئەمانە دەیان تێزی پیلانگێڕیی تر لەم بابەتەوە ھاتوونەتە گۆڕەپانی لێکدانەوە و شیکاری ئەم دۆخە نالەبارەوە کە لە ھەموویاندا ڕەگێ لە پارانۆیا بەدی دەکرێت. لە نەخۆشیی پارانۆیادا نەخۆش پێی وایە ئەویدییەکی مەزنتر واتە “ئەویدیی ئەویدی”(the other of the other) لە ئارادایە کە تەنانەت ئەویدیی مەزنیش کۆنتڕۆڵ دەکات. بێگومان لەم دۆخە نالەبارەدا جۆرەها پارانۆیای سووک و گران پەرە دەستێنێ کە ساکارترین و ساویلکانەترین ڕێگا بۆ لێکدانەوەی ئەو دۆخە بەدەستەوە ئەدەن. ڕەنگە لە ڕووی دەروونناسییەوە ئەم پەرچەکردارنە چەشنێک میکانیزمی بەرگری بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەهەمبەر دۆخی نالەباردا؛ یان وەک دەڵێن لە ساتەوەختەکانی تەنگانە و قەیراندا باوەڕی پارانۆرماڵ(paranormal) و خورافی پەرەدەستێنێت. گرنگ ئەویە و دەبێ لەسەری ڕاوەستە کەین کە بە دەستبردن بۆ ئەم لێکدانەوانە بەرپرسایەتی تێگەیشتن و تێڕامان لەسەر دۆخی نالەبار و کارەسات‌ئامێز لە ئەستۆمان دەکەوێ و بەم چەشنە فەرھەنگی فەرامۆشی و قووڵایی کاتاسترۆفی بەرینتر دەبێتەوە. سەرەتا دەبێ بە تەوازوع و خاکەڕاییەکی فەلسەفی دان بەوەدا بنێین کە بەڕاستی نازانین چ خەبەرە و چی لە ئارادایە؟! ژیژەک وتەنی ئەم قۆناغە قۆناغی چەشنێک ئاگنۆستیزم و کەس‌نەزانییە کە تێیدا زۆرتر لە ھەر سەردەمێکی تر پێویستمان بە فەلسەفە و تیۆرییە. نە وەھمی پیلانگێڕی و نە گوتاری تەکنۆکرات و کارناسان، ھیچ‌کام بە‌ڕاست نازانن چ شتێ لەئارادایە. دژوازیی و پارادۆکسی ئەم دۆخە ئەوەیە کە سنووری نێوان خوێندنەوەی پارانۆیید و تێگەیشتنی درووست لە ئاست کارەسات تەماوی و تێکاڵاوە.

كاتژمێری ده‌ستی ئه‌نفالكراوێك له‌ باشووری ئێراق – گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی دۆزراوه‌ له‌ ٢٠١٩

بۆنموونە ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە میکانیزمەکانی سەرمایە و دەسەڵات خۆیان پیلانی هەرەمەزن و هەرەسەرەکین و بۆ هەر شتێک نەخشە و ستراتێژیی تایبەتی خۆیان وەگەڕ دەخەن. ڕەنگە ئەم ڤایرۆسە مەبەستمەندانە و دەسکرد چێ ‌نەکرابێ بەڵام هەر لە هەڕەتی دەرکەوتنیەوە تا دوا قۆناغەکانی، دەکرێ بە ئۆبژەی دەزگاگانی بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵ، و تێکەڵ بە پلانی فەزا‌-سیاسەتی سەردەم دەبێت. سیاسەتی مەرگ لە ژین-سیاسەتەکاندا کۆتایی نایەت بەڵکوو لە نێوانێتی و ناشوێنێکی شاردراوەدا ڕاگیر دەکرێت و لە ساتی قەیراندا سەرهەڵدەدات. فۆکۆ پێی وایە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی لەھەناوی سیاسەتی پاراستن، پەرەپێدان و بەڕێوبردنی ژیاندا بەردەوامیی خۆی پاراستووە. کەوایە ڕەگەزپەرستی یەکێ لە کارکردە دزێوەکانی دەزگاکانی سەردەمی ژین‌دەسەڵاتە کە جیاکردنەوەی نابەرابەر لە ھەناوی گشتێتی ھاوگرتووی جەماوەردا بەدی دێنن و لەژێر دروشمی پاراستنی ژیانی خەڵک بڕیاری مەرگ و نەمان بۆ ئەو کەس و کۆمەڵانە دەردەبڕن کە شیاوی زیندووبوون نین و لە ڕێسای پاراستنی ژیانی بایۆلۆژیکدا جێگایان نابێتەوە.

ئێسپۆزیتۆ هەروەها سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نازییەکان وەکوو توندئاژۆترین شێوازی لۆژیلی ئەمنی(immunity logic) و پاراستنکارانە دەناسێنێت کە سیاسەتی ژیان لە هەناوی سیاسەتی مەرگدا دەشارێتەوە. ئێسپۆزیتۆ پێی وایە پارادایمی ئەمنی‌سازی کە گوتاری زاڵی بیری سیاسی مودێڕن پێک دەهێنێت بریتییە لە پێوندییەکی دەروونی سیاسەت و ژیان؛ بەو چەشنەی کە سیاسەت ژیان دەپارێزێت و هاوکات بەسەریدا زاڵ دەبێت و وزە و توانستەکانی لێ بزر دەکات. شێوازی پۆزەتیڤی پاراستنی ژیان هاوکات شێوازی نێگەتیڤی پاراستن پەرە پێ دەدات و ئاوقەدی توانست و وزەی ژیانی دەکات.

ھارت و نێگری پێیان وایە ژین- سیاسەتی سەردەم و بەرھەمھێنانی ژینەوەرانە بابەتێکی ھاوبەشی جیھانی پێکدەھێنن کە بنەمای دیمۆکراسیی جیھانییە. ئەمان بە درووستی دەڵێن جەستەی کۆماخەڵک(multitude) لە جەستەی جەماورجیاوازە، بەڵام دیالێکتیک و بەیەکداچوونی ئەم دوانە نابینن و سەرنجی ئەوە نادەن کە ھەرچی پانتایی و قەبارەی کۆماخەڵک و کار و بواری ژینەوەری پەرە دەستێنێ بەئۆبژەبوون و بەڕووتەڵ‌کردنی ژیان بەرفراوانتر دەبێت. ئاگامبێن لە بەرامبەردا، ئاپۆریای دیموکراسیی مودێڕن دەخاتە بەر ڕەخنە و دەڵێ سیاسەتی مودێڕن لە پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ژینی ژینەوەرانە و ژینی سیاسی دۆش‌داماوە و تا کاتێ نەتوانێ ژینی ڕووتەڵ لە بەستێنی ژیانی مرۆڤەکان بسڕێتەوە، توندووتیژیی و سیاسەتی مەرگ درێژەی دەبێت. کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوونی کردەوە کە جەستەی بایۆلۆژیک و ژینی ڕووتەڵ لە شێوازی مۆرککراوی فەزا-سیاسەتدا نە پێگەی بەرگری و رزگاری‌بەخشی بەڵکوو مەکۆی گیرۆدە‌یی و دەستەمۆبوونی لۆژیکی ئەمنی‌سازی و پارادایمی سنوورە. ئاگامبێن باوەڕی وایە جەستە هەمیشە لەشێکی ژین-سیاسی و تایبەت بە ژینی ڕووتەڵە و دەبێ لە دەرەوەی ئەم پانتاییەدا لە دووی ناشوێنەکانی ڕزگاری و بەرگری بگەڕێین. هارت و نێگری ڕەوتی سنوورسڕینەوە و بێ‌ناوەندێتی ئێمپراتووریای زاڵی سەردەم بە هەوێنی پەرەئەستاندنی بێسنووری هێزی کاری ژینەوەرانە و هەروەها ئیمکانی شۆڕشی هەمەلایەنە و هاوگرتووی کۆماخەڵک لە ئاستی جیهانیدا دەبینن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە لۆژیکی فەزا-سیاسەتدا هیچ سنوورسڕینەوەیەک بە‌بێ جێگیرکردنی سنووری توندوتۆڵتر و نادیارتر بەئەنجام ناگات.

پارادایمی سنوور کە سەرەکی ترین پارادایمی فەزا-سیاسەتی سەردەمە هاوکات کە سنوورە جوگرافی و فەرهەنگییەکان لە پێناوی جیهانگیریی سەرمایە و گەڕیانی کاڵا و هێزی کار ئاوەڵاتر دەکات سنوورەکانی بێ‌هێزی و بێ‌دەرەتانیی ژێردەستەکان و هەروەها دابڕان و جیاکردنەوەیان بەرفراوانتر دەکات. کارەساتی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەتەنیا هاوئاهەنگی و نیزیک‌کەوتنەوەی دەوڵەتان بۆ یارمەتیی لێقەوماوانی لێ نەکەوتەوە بەڵکوو کەلێنێکی مەزنتری پێک هێنا کە ڕکابەریی دەوڵەتانی (دۆخی جەنگ) لێکەوتەوە. هەروەها لەم پرۆسەیەدا دەسەڵاتی حکوومیی لە ئاست خەڵک بەزەبرتر و باڵادەستتر بوویەوە و کۆی خەڵکیش لە یەکتر دوورتر و نامۆتر کەوتنەوە. لە ئاکامی ئەم ڕووداوەدا هاوسەنگیی تۆپۆلۆژیک و کات-شوێنەوارانەی نێوان “خێزان-کۆمەڵگەی مەدەنی-دەوڵەت”لێکترازاوە؛ بەو چەشنەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەکانی لە ڕێگای سیاسەتی ئەمنی‌سازیەوە خانەنشین کراون. هەروەها جەستەی کۆمەڵگا دابەزیوەتە ئاستی لەشێکی ژینەوەرانە و پاتۆلۆژیک کە دەسەڵات و ڕەوایی دەوڵەت لەپێناو خاوەندارێتی و پاراستنیدا سەلمێندراوە. مەبەست ئەوەیە بڵێین ئەوڕۆکە ئایدیای کۆمەڵگای سەربەخۆ چووەتە پەراوێز و لە ئارادا نەماوە لەبەر ئەوەی ئەم ئایدیایە لە فەزا-فراگمێنتی جەستە‌ی کۆمەڵگا دیھاوێژی کراوە و شوناسی ماڵتیتوود داشکێنراوەتە سەر شوناسێکی سایبۆرگی کە بە میکانیزمەکانی سایبێرنەتیکی و ڤایرۆسی کۆنتڕۆڵ دەکرێت. بێگومان ھێشتا ھەواڵی کارەساتمان پێ نەگەیشتووە کاتێ وادەزانین ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنێ نەخۆشین و پەتایەکی بەربڵاوە و ڕەنگە پاش کۆمەڵێ قوربانی‌ و قۆناغێک لە قەیران کۆتایی پێ بێت. ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرد-ئاماژەیەکە بۆ وەرسووڕانێکی مێژوویی لە ژیانی سەردەمی ئێمەدا کە سیاسەتی ڕزگاریدەر تێیدا لە ئاستێکی بەرفراواندا تەنگەتاو کراوە.

 

ته‌واو

 

 

بۆ كۆی هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌ فه‌رموون

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌