قەرەجەكە چاوی هەڵبڕی و لەو شەوە ئەنگوستەچاوەدا، بریسكەی ڕووی چەقۆیەكی تیژی بینی، كە سنگی هەڵئەدڕێت. دواتر دوو دەستی تر چەقۆی تیژی خۆیان لە سنگی وەشاند.
قەرەجەكە بە دەنگێكی گڕەوە وتی: كەواتە مردنی فیزیكی بەم شێوەیەیە!
قەرەجەكە ئێوارەی ئەو رۆژە دوایین سەمای خۆی كرد. دوایین سەمای شێتانەی خۆی. سەمایەكی بێ ڕیتم و شێتانە، كە هەرگیز لەوەپێش نەكرابێت.
قەرەجەكە هاواری ئەكرد: (سەمای بوون)، (ئەی بوون، خۆت بدەرە دەست ئەم وزەی سەمایە)، (من سەمام)، (من خودام).
قەرەجەكە وتی: خودا دایكە، تەنها ژن ئەتوانێت خالق بێت. زەوی دایكە. هەمووتان لە ڕەحمی زەوی هاتونەتەدەر! هەمووتان ئەی چاوزەقینە … هۆ مەلای كەمتیار … هۆ قەشەی پشیلە … هۆ حاخامی سمۆرە … من تەنها كەمتیارێك و پشیلەیەك و سمۆرەیەك لە ئێوەدا ئەبینم … ئێوە مرۆ نین …
خەڵكی بە دەمی كراوە و چاوی سەرسامییەوە، لە قەرەجەكە خڕ بووبوونەوە. پێش ئەوەی قەرەجەكە سەما شێتانەكەی خۆی تەواو بكات، مەلا و قەشە و حاخامەكە قەرەباڵخییەكەیان بە جێهێشت و بە نەفرەتەوە ڕۆیشتن.
قەرەجەكە وتی: هیچ شتێك وەك سەما مرۆ ناكات بە خودا. ئەوە سەمایە وا ئەكات رەگەزەكەی تر لە ناوەوەتدا هەست پێبكەیت. یەك رەگەزی لە مرۆدا بوونی نییە، ئێمە نێر و مێ، لەم لەشەدا پێكەوهین و جوداییەك لە گۆڕێدا نییە.
خەڵكی ڕووەو قەرەجەكە وەرچەرخان. مەلا و قەشە و حاخامەكە خەلكیان كۆكردبووەوە هەتا باسی خودا بۆ خەڵك بكەن. كە قسەكانیان تەواو بوو، ژنێك كە منداڵێكی لە باوەشدا بوو، وتی: بۆچی خودا ڕەبەنە و تاك و تەنهایە؟ ئەوانیش وتیان: ژن سەر لە پیاو تێكئەیات!
پیاوێكیش وتی: خودا نێرە یان مێ؟ ئەوانیش وتیان: نێرە و باڵادەست خۆیەتی!
منداڵێكی جڵكن وتی: خودا لە كوێیە؟ ئەوانیش وتیان: حەوت تەبەقەی ئاسمان!
قەرەجەكە وتی: برسیمە خێرێكم پێبكەن. مەلا و قەشە و حاخامەكە و خەڵكەكە وتیان: خودا بتداتێ.
قەرەجەكە وتی: من گەدەم بەتاڵە، ئێوەش سەرتان. من پێویستم بە نانە، ئێوەش ئاگایی.
قەرەجەكە بە زەنگۆڵی ئاگایی و ئاڵوواڵایی رەنگینی بیر و جلە سەیروسەمەرەكانیەوە، هاتە ناو ئەو كۆبونەوەیەی كە مەلا و قەشە و حاخامەكە بۆ باسكردن لە (خودا) سازیان دابوو …