ئه‌مڕۆ، سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر 01.10.2018 چارلس ئه‌زنه‌ڤۆر (Charles Aznavour) له‌ته‌مه‌نی نه‌وه‌د و چوار ساڵیدا وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی ڕۆشن كشا و دونیای جێهێشت. ئه‌زنه‌ڤۆر له ساڵی ١٩٢٤ له پاریس له‌دایكبووه. له‌ڕه‌چه‌ڵكدا له‌خێزانێكی ئه‌رمینیدا گه‌وره بووه. دایك و باوكی ئه‌زنه‌ڤۆر له نێوان ١٩١٥ – ١٩١٧ دا له قه‌ڵاچۆی ئه‌رمینیه‌كان به ده‌ستی حكومه‌تی عوسمانیه‌وه ڕزگاریان بووه و له‌پاریس نیشته‌جێ بوون و خۆشبه‌ختانه له‌ده‌ست قه‌ڵاچۆی نازیه‌كان له‌كاتی داگیركردنی له جه‌نگی جیهانی دووهه‌میش له پاریس ڕزگاریان بوو. له پاریس دایه وبابی ئه‌زنڤۆر و خوشك و براكانی ڕیستۆرانتێكی بچوكیان هه‌بوو.
دایكی ئه‌زناڤۆر ئه‌كته‌ر بووه و باوكیشی (باریتۆن) بووه كه گۆرانبێژی كۆڕاڵ ده‌گه‌یه‌نێت. له ساڵی ١٩٤٢ ئازنه‌ڤۆر یه‌كه‌م گۆرانی خۆی ده‌نوسێت و له ساڵی ١٩٤٦ كاتێك له باڕێكی لاته‌ریكی موزیكی قه‌راغ پاریس (ئیدیت پیاڤ) گوێی له ده‌نگی ده‌بێت و پێی سه‌رسام ده‌بێت. پیاڤ هه‌م ئه‌شقی پلاتۆنی ئازنه‌ڤۆر ده‌بێت و هه‌م ڕاوێژكار و هاوڕێ. ئه‌زنه‌ڤۆر بۆ چه‌نده‌ها ساڵ له ئه‌مریكا و بریتانیا كاری موزیكی به‌ئینگلیزی نمایشده‌كات و به‌مه‌ش ناو و شوره‌تێكی باش په‌یدا ده‌كات.
ئه‌و گۆرانیانه‌ی له‌دونیادا ده‌نگیدایه‌وه گۆرانی (بوهیمی – La Bohème و ئه‌وی مێینهShe و گۆرانی “Emmenez-moi” بوون…به‌دوویدا ئه‌زنه‌ڤۆر جگه له‌فه‌ڕه‌نسی، گۆرانی به‌زمانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی چڕیووه.١ بڕوانه؛ گۆرانی بۆهیمی – La Bohème
ئه‌زنه‌ڤۆر به ئه‌ڵمانی گۆرانی گوتووه وه‌ك گۆرانی؛ هه‌ر شتێك له‌م ژیانه‌دا ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه – Was auch kommt im Leben یان گۆرانی؛ وه‌ك تۆ ده‌ڵێیت – wie sie sagen – كه له‌ساڵی ١٩٧٤ ّچه‌نده‌های دیكه، و به چه‌نده‌ها زمانی دیكه گۆرانی گوتووه.
بڕوانه؛ هه‌ر شتێك له‌م ژیانه‌دا ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه – Was auch kommt im Leben–
شیعر چه‌قی گۆرانیه‌كانی ئه‌زنه‌ڤۆری داگیركردووه، ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌وه‌ی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی دوای جه‌نگی جیهانی دووهه‌م. موزیك ئه‌ركێكی ڕه‌خنه‌یی و ئه‌خلاقی هه‌بووه له‌بیناكردنی هۆشمه‌ندی گشتی. موزیك وه‌ك ئێستا نه‌بوو، بێ تام و هه‌ڵپه‌یی بۆ بوون به‌ئه‌ستێره و دوایی كوژانه‌وه‌ی به‌خێرایی، نه‌خێر گۆرانی ته‌نها بۆ بوون به‌ئه‌ستێره و كۆكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و دڵخوازان نه‌بوو، به‌ڵكو گوێگرتن بوو له‌ترپه‌ی دڵی مرۆڤ له‌ناو هیلاكی جیهاندا.
ئه‌زنه‌ڤۆر به‌ڕای من نه‌وه‌یه‌كی جوانه كه له جوسیو داسیۆن Joseph Ira Dassin و ژاك بارێل و ئیدیت پیاڤ وه درێژ ده‌بێته‌وه تاوه‌كو ده‌گاته خولیوو و بۆب دیلان و ڤۆلڤ بیرمان Wolf Biermannئه‌م نه‌وه‌یه خۆیان وشه‌ی شیعریان بۆ زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی خۆیان نوسیووه و بابه‌تی موزیكی ئه‌وان خۆی ده‌دا له ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دژه جینۆساید و دژه ڕاسیستی و فاشیزم له‌دونیادا.
ئازنه‌ڤۆر جگه له‌وه‌ی ئاشقێكی گه‌وره‌ی ژنان بووه و دۆن جوانێكی تایبه‌ت بووه له‌سه‌ر شێوازی خۆی و به‌شێكی زۆری گۆرانیه‌كانی بۆ ئه‌شق گوتووه و گۆرانی ئه‌شق به‌ردڵترین موزیكی ئه‌ون، به‌تایبه‌ت گۆرانی (ئیزابێل) كه ئه‌شقی پلاتۆنی نمایش ناكات، به‌ڵكو چركه ساتی ئۆرگازمی پیاوی ئاشق نمایش ده‌كات، ئۆرگازمێك ته‌نها ئه‌شق و ئه‌زنه‌ڤۆر ده‌توانن ته‌عبیری لێوه بكه‌ن.٢
بڕوانه: گۆرانی (ئیزابێل)
ئه‌زنه‌ڤۆر له‌هه‌مانكاتدا ده‌نگێكی پیاوانه‌یه، خه‌مێكی پیاوانه‌یه، به‌ڵام ده‌نگه‌كی تابۆ شكێن و ڕێچكه‌شكێن بووه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوایی ئه‌و سه‌رده‌مه پێیی شه‌رم بووه به‌ئاشكرا قسه‌ی له‌باره‌یه‌وه بكات، ئه‌زنه‌ڤۆر قسه‌ی له‌سه‌ر كردوون؛ خه‌می پیاوانه، گریانی پیاوانه، خه‌مۆكی پیاوانه و سێكسوالیتی پیاوانه… له‌مباره‌یه‌وه ئه‌زنه‌ڤۆر ده‌ڵێت؛ ئه‌مه نه‌خۆشیه مرۆڤ نه‌توانێت باسی هیچ شتێك بكات، من له‌باسكردنی هۆمۆسێكسوالیته‌وه ده‌ستمپێكرد و ده‌مویست هه‌موو تابۆیه‌ك بشكێنم..٣
گۆرانی (چی ده‌تكات به پیاو – What makes a man) كه له ساڵی ١٩٧٠ دا نوسیوویه‌تی باس له ترانسڤیستێك ده‌كات (ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی خۆی ده‌گۆڕێت ) به‌مانای باس له نێره‌موكێك ده‌كات كه له‌گه‌ڵ دایكه پیره‌كه‌یدا ده‌ژیت و خاوه‌نی پشیله‌یه‌كه و چێشت بۆ دایكی دروستده‌كات و ئاگای له‌دایكێتی و ئێوارانیش له باڕێكدا كارده‌كات. مرۆڤێكی ته‌نهایه به‌هۆی ئه‌و چاوه پڕ گومانه‌ی كۆمه‌ڵگه و پیاوان هه‌یانه له‌مه‌ڕ جه‌سته‌ی. له‌م گۆرانیه‌دا كۆمه‌ڵێك پرسیاری وجودیانه‌ی هه‌یه ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و خه‌ونه‌كانی و به‌خته‌وه‌ری ٤
بڕوانه؛ گۆرانی (چی ده‌تكات به پیاو – What makes a man)
ئه‌زنه‌ڤۆر ڕای وه‌هابوو؛ بۆچی ده‌بێت ژنه‌كان هه‌میشه باسی بێ وه‌فایی پیاوان بكه‌ن و پیاوان باسی خه‌می خۆیان نه‌كه‌ن. هه‌ربۆیه له گۆرانی (تۆ زۆر ڕێگه به‌خۆت ده‌ده‌یت ) Let Yourself Go باس له پیاوێك ده‌كات كه چۆن سه‌یری ژنه‌كه‌ی ده‌كات قه‌ڵه‌و بووه و گرنگی به‌خۆی نادات و وورده وورده شێوه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر شێوه‌ی دایكی و له گۆرانیه‌كه‌دا ده‌ڵێت؛ كاتێك سه‌یر ده‌كه‌م گومان ده‌كه‌م، چونكه شێوه‌ی دایكم ده‌بینیم له‌به‌رامبه‌رم وه‌ستاوه ٣
بڕوانه؛ گۆرانی (تۆ زۆر ڕێگه به‌خۆت ده‌ده‌یت Let Yourself Go )
له گۆڕانی (كه‌ڕ – deaf) ئه‌زنه‌ڤۆر له‌دونیای كه‌ڕ و ڵاڵه‌كان نێزیكده‌بێته‌وه، له‌و دونیایه‌ی به‌شوشه‌به‌ندیه‌كی پته‌و مرۆڤ له ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی جوادا ده‌كاته‌وه. گه‌وره‌ترین ئازار بۆ مرۆڤی كه‌ڕ ئه‌وه‌یه كه گوێیی له‌موزیك نییه، چێژ له موزیك لای ئه‌و ونه چونكه تۆنه‌كان نایه‌نه ئه‌ودیوو شوشه‌به‌ندی نێوان خۆی و جیهانه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه ئه‌زنه‌ڤۆر ده‌ڵێت؛ كاتێك ئه‌م گۆرانیه‌م ده‌رباره‌ی كه‌ڕیی نوسی كه ناونیشانه‌كه‌ی ( ئه‌شقێكی بێده‌نگ – MON ÉMOUVANT AMOUR) خۆم فێری زمانی ئاماژه‌كان كرد و له‌سه‌ر شانۆ وه‌ك كه‌ڕوڵاڵه‌كان نمایشمكرد…تاوه‌كو ئێستاش نازانم به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وه چۆن ده‌كرێت )٣… له ڕاستیدا ئه‌زنه‌ڤۆر له‌م گۆرانیه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌كته‌رێكدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌م گۆرانیه كردووه، به‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێك ڕۆڵیان له‌گه‌ڵدا بینیووه و چه‌نده‌ها ته‌عبیری ده‌موچاو له‌كاتی گۆرانیه‌كه‌دا نمایشكراوه. له‌وانه له‌گه‌ڵ لیزا مینیلیل؛
بڕوانه: ئه‌شقێكی بێده‌نگ ١٩٩١ – (Quiet love)
ئه‌زنه‌ڤۆر له حه‌فتا ساڵه‌ی ژیانی هونه‌ریدا زیاتر له هه‌زار و دوو سه‌د ١٢٠٠ گۆرانی نوسیووه و زیاتر له سه‌دو هه‌شتا ملیۆن ڕیكۆردی فرۆشراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆی شاعیر و موزیشنی خۆی بووه و وه‌ك ئه‌كته‌ریش له‌چه‌نده‌ها فلیمدا به‌شداری كردووه و به‌تایبه‌ت له ساڵی ١٩٦٠ دا ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌فلیمی (ته‌قه له پیانیسته‌كه بكه) كه ڕۆڵی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی بینیووه. هه‌روه‌ها له‌فلیمی ئه‌ڵمانی (ته‌پڵی ته‌نه‌كه) به‌شداریكردبوو، كه له‌ڕۆمانی (ته‌پڵی ته‌نه‌كه) گونته‌ر گراسه‌وه وه‌رگیرابوو و له‌لایه‌ن ڕیژیسۆری ئه‌ڵمانی ( فۆلكه‌ر شلوندۆرف ) ده‌رهێنرابوو.
ئازنه‌ڤۆر گۆرانی بۆ ئه‌رمینیا، بۆ كه‌ڕوڵاڵه‌كان و بۆ هۆمۆسێكسواله‌كان و بۆ بۆنی جه‌سته‌ی ژن و ئۆرگازم و ته‌نیایی و گۆشه‌گیری مرۆڤ گوتووه …هیچیترمان پێ نییه جگه له‌وه بڵێین سوپاس ئه‌زنه‌ڤۆر، سوپاس بۆ موزیكی تۆ، بۆ تێپه‌ڕبوونت به دونیادا وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی ڕۆشن .