فرانسیس به‌یكه‌ن؛ خود پۆرترێت ١٩٧٣ Painting Title: Self Portrait 1973 Francis Bacon

چوار کاتژمێر لەبەر دەرگای سەنتەر


Loading

چوار کاتژمێر لەبەر دەرگای سەنتەر

چیرۆک

ھۆزار ئەحمەد

ئاسمان و شتەکانی ژێرەوەی، دەلەرنەوە، سەنتەر و گیاکانی زەویەکەی دەلەرنەوە، دوو پیاو لە گۆمەکەدا دەلەرنەوە و شت دەڵێن… دەمیان دەجوڵێت و  تاوێک چاو لە چاوی یەکتر دەبڕن. شت دەڵێن و بێدەنگ دەبن، ھێشتا شت دەڵێن. بە چاوەکانیان سەرنجی یەک شت دەدەن،  دەیانبینیت، نازانیت ئەو شتە چییە؟!

دەنووکی دەخاتە نێو گۆمەکە و بڵندی دەکات، کلکی دەجوڵێت، چەند جارچاوی تێ دەبڕێت. دەچێتە پێش و دەگەڕێتەوە و دەیخوات. ھەر سەیری دەکات دەیەوێت بیخوات، ڕاوی بکات. چاوەڕێدەکات. ئوتومبێڵ بەوێدا تێدەپەڕێت یەک دوو سێیان… بەڵام نافڕێت. ئەو نینۆکەکانی دەبڕێت، کۆیاندەکاتەوە، دەیانخاتە سووچی کەناڵی پیادەڕۆکە. چۆلەکەکە ئاو ناخواتەوە، پشیلەکە لەوێ نەماوە… دوو پیاوەکە، دانیشتوون، مووکێش دەخاتە لووتی، تەواو دەبێت. ڕۆنگ سمێڵی ڕاست دەکات. لە گوێی چەپی، مووی زیادەی لێ ھەڵدەکەنێت. ئاسمان دەلەرێتەوە. بۆ شینە؟!

فرانسیس به‌یكه‌ن؛ خود پۆرترێت ١٩٧٣
Painting Title: Self Portrait 1973
Francis Bacon

چاوەکانت دەپرسێت. خەیاڵت دەڵێت ھی ئاوە، ڕووبارە…  دەیپچڕێنیت.  چەندانی تر ئاو دەخۆنەوە. پێڵوەکانت دادەخەیت، بیر لە چەند خولەکێکی داھاتوو دەکەیەوە، شەقێک دەکێشێت بە کەلەت. بیر لە ڕابوردوو دەکەیەوە، شەقێک دەکێشیت بە مێشکت… سەیری سەنتەرەکە دەکەیت، شەقێک دەکێشت بە مێشکت، چاوەکانت دەگەڕێن، دەبینیت پشیلەکە سەیریان دەکات. پیاوێکیان شتێک دەڵێت، بە دەستەکانی پاتەی دەکاتەوە. لووتی دەسڕێت بە پەڕۆیەک. دواتر پێڵاوەکانی پێ دەسڕێت. کاتژمێرە زنجیرەکەی دەکاتەوە. مارسیدسە ١٩٠ کەی دەسڕێت، بەگلایت و تەواوی  دەسڕێت، یەدەی دەرگاکانیشی. ڕادیۆکەی دادەگیرسێنێت، ھەواڵ دێت و دەڕوات؛ چەند شەمەیە؟! کەی گۆڤارە ئەدەبیەکە دەردەچێت؟ گووی تێ بێت… لە خەیاڵت دەیپچڕێنیت. دەمت ناجوڵێت، خەیاڵت دەینوسێت. ڕۆژنامەیەک وەردەگرێت لە ئۆفیسی سەنتەرکە، ڕیکلامەکان ھەڵدەداتەوە، چەند مانشێتێک دەخوێنێتەوە. دەچیتە بازاڕ ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە، لە چایخانەیەک مانشێتەکان ھەڵدەدەیتەوە، ڕووداوە سیاسیەکان ھەڵدەدەیتەوە. چی؟ ئەمجارە لێوت دەجوڵێت، بەخۆت دەڵێی گەمژە، گرنگیەکەی چییە؟

کاتژمێرەکەی دەردێنێت و ھەڵیدەگرێتەوە، دوو سێ ھەنگاوێک دوورتر لە ئۆتۆمبێلەکەی دەنۆڕێت، شوێنێک و دوانی دەسڕێتەوە. دوورتر سەیری دەکاتەوە. دەمارە سەوزەکانی پشتی دەستی دەبینێت. کاتژمێرەکە دەردێنێت، و دووبارە مانشێتەکان دەخوێنێتەوە. دەرگای سەنتەرەکە دەکرێتەوە و دادەخرێتەوە. ڕیزێک ژن بە لەرینەوە تێدەپەڕن. ھێشتا گرمۆڵەیت و بە چاوەکانت لە گۆمەکە دەڕوانیت.  با دەوەستێت ھیچیان نالەرنەوە. با ھەڵدەکاتەوە، دنیا دەلەرێتەوە. خەیاڵت چوار کاتژمێر تایپ دەکات، پێت دەڵێت؛ چوار کاتژمێر لە بەر دەرگای سەنتەر، ھێشتا کات دەڕوات، لە کۆتاییەکەیدا نییە. دەرگای سەنتەر دەکرێتەوە و دادەخرێتەوە. دەنگێکی بەھێز بانگی ئەو دەکات. مارسیدسەکەی جێدەهێڵێت. بە دەوری گۆمەکەدا ڕادەکات…

ئەو حەپەساوە. قەرەوێڵەکە دێنە دەرەوە، پێی دەڵێن:- «خێزانەکەت تەواو بوو، لە کاتی شوشتنی گورچیلە دڵی وەستا، بەداخەوە خۆتان خۆشبن» ئەو چەرچەفەکە، لە ڕووخساری لادەدات، دەبینێت. دەبینیت ژنێکە. خێزانەکەی پێڵوی چاوەکانی ناجوڵێت. ھەموان سەیری ئەو دەکەن. دەبینیت لە چاوی ھەمووان خۆزگەیەک ھەیە، کە ئەو بگرێیت، بەڵام ناگریێت. لە دڵی خۆتدا دەڵێیت «توخوا بگریی» ئەو سەیری دەکات، ھیچ ناڵێت.

دەگەڕێتەوە لای شۆستەکە، دادەنیشێت. خۆت بیردێتەوە، خولەکێک بەر لە ئێستا ئاوا دانیشتبوویت. دەگەڕێتەوە. چەرچەفەکە دادەداتەوە و دەگەڕێیتەوە، پشت گۆمەکە. دەبینیت، دەڕۆن. دڵت دەگوشرێت. لە جیاتی مێردی ئەو ژنە دەگریت، لە خۆتەوە دەڵێیت« تۆ دڵت بەھێزکە، ئەتۆ مەمرە.».

چاوەکانت دادەخەیت، دەیکەیتەوە، دایدەخەیت، دەیکەیتەوە. جگە لە ئامێرەکە چی دی نابینیت. ئامێرەکە، دەڵێت؛توت توت… ھێڵی نێو شاشەکە، ڕاست دەڕوات. خوێن لە نێو سۆندەکان دەوەستێت، پەستانی خوێن سفر دەبێت. چاوەکانی داخراون. شەقا لەیەک و دووان.. سێیان… چوار… دە… سەد.. بەسەری خۆتدا دەکووتیت. بە دەنگ ھاوار دەکەیت «نا گوو بە مێشکم، دایکم مەمرە..نا…» ئەوانەی ئەوێ دەورت دەدەن، دڵت دەدەنەوە. ھەستدەکەیت خاوەن مردوویت، دەڵێیت «گوو بەشەڕەفتان» ڕادەکەیت. دەکەویتە نێو گۆمەکە. گیانت دەشێوێت، جلە تەڕەکانت، لەشت دەگرێت…

سەر بڵند دەکەیت، پشیلەکە، خەریکە چۆلەکەیەک دەخوات، دوو پیاو لەوێ وەستاون. نوکتە دەگێڕنەوە، و سەیرت دەکەن. گوێت لێیە لە مزگەوتەکەوە بانگی نێورۆ دەدرێت. بەقاڵێک لە کۆڵان جاڕدەدا و جاڕی نرخی میوەکانی دەدات. لێوەکانت دەلەرزن، زمانت ھەزار جار بەر مەڵاشوت دەکەوێت، ھێندەی بڵێیت؛ نا…نا.. دەنگێک بانگت دەکات، ئەو دەبینیت، خەیاڵت…. خەیاڵت… دەڵێیت؛ شوکر ئەمڕۆ زیندووە، لەبیرت نەچێت بەو زوانە دەمرێت نا زیندوو دەبێت..نا دەمرێت….نا…

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌