ئایا کتێبخانەی ئەندێشە گەورەترین کتێبخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؟


Loading

بۆ ئەوەی بەویژدانەوە قسەبکەین، دەبێ سەرەتا بڵێم؛ کتێبفرۆشی ئەندێشە کاری چاکی کردووە، کتێبی نایابی چاپ کردووە، نووسەری باشیشی لە خۆی کۆکردۆتەوە.. بەڵام لە وەهمی خودمەزنی خۆیدا خنکاوە.. ئازیزم، هەر کەس لەم دونیایەدا کە حەقکاری خۆی وەربگرێ، مافی منەتکردنی بەسەر ئەوانی تردا لەدەست دەدات.. بڕوانە؛ کاتێک فیتەرێک ماشێنێک بۆ مامۆستایەک چاک دەکاتەوە ناڵێ من نەبم تۆ ناگەیتە ماڵەوە، مامۆستاکەش کاتێک وانە بە مناڵی کەناسێک دەڵێتەوە ناڵێ من نەبم، منداڵەکەت کوێر و نەخوێندەوار دەبێت، کەناسەکەیش وەختێ پاشەڕۆ و خاشاکی هەمووان دەماڵێ، نایەت بڵێ؛ من نەبم گەندوگوو دەتانخوات..! لەکوێی دونیادا بووە مرۆڤ پارە وەرگرێت و کەچی ئەرکەکەی خۆی بەوانی دی بفرۆشێتەوە..؟
لە کلتوری ئێمەدا –لەڕاستیدا لە تەواوی کلتوری ئەو نەتەوانەشدا کە من بەریکەوتووم- هیچ شتێک هێندەی خودمەزنی و بەخۆداهەڵنان ناشرین نییە.. لەوە ناشرینتر ئەوەیە لە کاتی بەخۆداهەڵنانەکەتدا؛ بەرامبەرەکەت بە گەمژە و دەبەنگ سەیر بکەیت.. هەر ماوەیەک لەمەوپێش کتێبفرۆشێکی تری هاوپیشەتان لەو شارە نووسیبووی: “خۆر لەم ژێرزەمینەی ئێمەوە هەڵدێ”!.. ئەگەر ڕیکلام کردن مافی سروشتیی هەرکەس و جێگایەک بێت کە سەروکاری لەگەڵ پارەدا هەیە، بەڵام هێشتا لەڕیکلامیشدا دەبێ لۆژیک ئیش بکات.
بەچیدا دەزانی لە نمونەی دوکانەکەی تۆ لە بەیروت نییە..؟! ئەم زانیارییەت لە کوێوە هێنا..؟ بۆ خەڵک وەک گەمژە سەیردەکەیت..؟ لوبنان خۆی پایتەختی چاپ و کتێبی هەموو نیشتیمانی عەرەبییە، تۆ کە ئەم پۆستەت نووسیووە باسی بەیروت دەکەیت؛ لە شارع حمرای بەیروت کامە لەم دەزگا گەورە و بەناوبانگانەت لە چەشنی: (مكتبة انطوان، الشرقية واي ان way in، مكتبة بيسان، مكتبة النهار، مكتبة مركز دراسات الوحدة العربية، المركز الثقافي العربي، عزمي بشارة، دار الساقي، دار الفرات) بینییووە..؟!!
ئەم بەخودنازی و فەخرفرۆشییە لەو شتە دێنیتە خوارەوە کە ناوی سومعەی مەعنەوی جێگاکەیە.. ئیدی ئەم کەش‌وفشە ناشرینانە لە فەیسبووک عەیبە، ئەو شانازیهەڵدانە بەسەر خوێنەری داماوی کوردیدا بەسە، کەسێ دونیای نەدیبێ، وا دەزانێ ئێوە دەزگای (پەنگوین ڕاندۆم هاوس و ئەمەزۆن و هارڤاردپرێس و گالیمار)ن.
بۆ لەسەر مشکی تۆپیو گرەودەکەن.. خۆ تاران ئەوەندە شوێنیکی دوور و عاسی نییە خەڵک پێی نەگەیشتبێ؛ خانەی هونەرمەندانی ئێران لە خیابانی ایرانشهر، لە ناو پارکی هونەرمەنداندا لە تاران، بۆ خۆی یەک کۆمەڵگای ئەدەبی و هونەرییە، ئەوەی ئەوێی دیبێ؛ دەزانێ لەو تەلارەدا: کتێبفرۆشیی، گالەری، هۆڵی کۆنسێرت، هۆڵی نمایشی فیلمی سینەمایی، کافتریای گەورە و مۆدێرن و دەیان ئیمکاناتی تر لەبەردەستدایە بۆ میوانەکانی، چۆن لە تۆ (گەورەتر!) لە تاران و بەیروت نییە..؟! تۆ وەلی عەسرت نەدیوە؟ یا دیوتە و خەڵک بە کەر دەزانی..! کۆمەڵگای فەرهەنگیی-هونەریی تاران لە خیابانی شریعتی ڕووبەرەکەی ٥٧٠٠ مەتر دوجایە، بەیەک دونیا ئیمکاناتی هونەری و ئەدەبی‌یەوە، هەر لەو شەقامە بەرامبەر نەخۆشخانە منداڵان تۆزێ سەروی حوسینیەی ارشاد کتێبفرۆشی ترنجستان بهشت‌ی لێیە کە بەس ڕووبەرەکەی ١٤٠٠ مەترە و پتر لە ٥٠٠٠٠ (پەنجا هەزار) ناونیشانی کتێبی تێدایە..
کتێبفرۆشتن وەک کاسبییەک، خۆی لە بنچینەدا تۆزێ عەنتیەکەیە؛ تۆ لەسەر خەیاڵی کەسێک دەژی کە هی خۆت نییە، ئیشێکە وەک مردووشۆرین، مەهارەتێ لەکارتا نییە؛ شتێک دەبەخشی وەک ئاوی حەمام، ئەگەرچی لە بەیعدا تەسلیم شەرتە، بەڵام تۆ کڕین‌وفرۆش بە شتێکەوە دەکەیت کە خۆی لە ئەسڵدا نییە..! کتێبفرۆش قومارچییەکە بە ٢١ یاری دەکات، بێ ئەوەی بزانێت ئەوەی یارییەکە دەکات وەرەقەکەیە و ئەم تەنها ئامرازێکی پاسیڤە، ئەوجا بێت و بەم زانیارییە کورت‌وکوێرانەوە منەت بکەیت بەسەر خوێنەرێکی گەنجی هەژاردا کە ئەو پەڕەکەی مانگانە؛ بە خوێنی خۆی دەتوانێ دووکتێب بکڕێ..!

 

 

*کولتور مەگەزین :  ئەم نوسینە سەرنجێکی فەیسبوکی توانا ئەمینی چیرۆکنوسە لەفەیسبوکی خۆیەوە وەرگیراوە.