مۆدلیانی - مۆدێل - زه‌یتی

Loading

-پاکیز، بێ خوار, درەنگە تووش بەزمێکمان مەکە… شۆفێری پاسەکە وا دەڵێت…

پاکیز، هێند پەست و تووڕەیە، لە حەژمەتان چنگی لە بوخچەکەی باوەشی گیرکردووە. ئەو لە ڕیزی دواوەی پاسەکە و لە تەنیشت پەنجەرەکەوە دانیشتووە. لە جامەکەوە سەیری دەرەوە دەکات و هیچ وەڵام ناداتەوە. دە خولەک دەبێت هەموو سەرنشینانی پاسەکە دابەزیوون و گەراجەکەیان چۆڵ کردووە.

مۆدلیانی – مۆدێل – زه‌یتی

کات، عەسرێکی درەنگ وەختە. گۆڕەپانی گەراجەکە تەنها ئەم پاسە و دوو تەکسی تێدا ماوە. بە گشتی لەم کاتانەدا، تاك و تەرا نەفەر لەم ئۆردوگایەوە دەچێت بۆ شار،  پاسەکانیش بۆ چەند نەفەرێك دەرناچن. بۆیە هەمیشە تەکسییەك یا دوو تەکسی لە گەراجەکە دەمێننەوە. لەبەردەم ژووری شۆفێرانی خەتەکەوە، دوو شۆفێر و چاودێری خەتەکە بەدەم چاوەڕوانی نەفەرەوە، چاودێریی پاسەکە دەکەن، بزانن داخۆ نێوانی پاکیز وشۆفێرەکە دەگات بەچی.

– دادە گیان، هێژم پارەکەت پێ ئەدەمەوە و بێ خوار… شۆفێرەکە وا دەڵێت

– بەسە!…  پاکیز بە هەموو هێزی خۆی هاوار دەکات.

– دەوەرە خوا گیان، تووش چ بەڵایەك بووین.

شۆفێرەکە، جگەرەیەك دادەگیرسێنێت و بە بەرخۆیەوە دەبۆڵێنێت. پاکیز بە هێواشی جوڵەیەك دەکات. لەسەرخۆ و بە قورسی هەڵدەسێتە سەرپێ و بەرەو دەرگای پاسەکە دەڕوات. شۆفێرەکە لە بەردەم دەرگاکەدا وەستاوە، بزەیەکی سەرفرازیی دەکەوێتە سەر لێوەکانی.

– ئاوا، بە قوربان! ئێمەش کارمان هەس، ماڵ و منداڵ چاوەنۆڕێمان دەکەن. تۆش بچۆوە ئیسراحەتێك بکە، بەشکو دەرمانەکان سوودێکیان هەبێت بۆت.

شۆفێرەکە بە تۆنێکی بەزەییهاتنەوە تێکەڵ بە پاڕانەوە وا دەڵێت و کرێی پاسەکەی بۆ ڕادەگرێت… پاکیز، کە بە دەستی چەپی بوخچەکەی بە باوەشەوەیە و بە بێ ئەوەی تەماشای شۆفێرەکە بکات، بە پشتی دەستی ڕاستی پاڵێك بە دەستی شۆفێرەکەوە دەنێت و پارەکە ڕەتدەکاتەوە. پاشان بە هەردوو دەستی توند بوخچەکە بەسنگیەوە دەنووسێنێت. هەر هێندەی چەند هەنگاوێك لە پاسەکە دووردەکەوێتەوە. دەستبەجێ شۆفێرەکە سواری پاسەکە دەبێت، دەیخاتە ئیش و بەدەم گۆرانییەکی هەڵپەڕکێ وە، فەڕتەڕناشێكی پێ دەکات و پێی پێوەدەنێت. دەستێکی خواحافیزیی بۆ شۆفێرەکان بەرز دەکاتەوە و پاکیزیش لە ناو دوکەڵی شینی پاسەکەدا وندەکات.

 

پاکیز چەند هەنگاوێك بەرەو دەرەوەی گەڕاجەکە دەڕوات، پاشان بیری دەکەوێتەوە، خۆ ئەو هیچ کەسێکی نییە تا چاوەڕێی بکات. ئەو، چەند ساڵێکە لە ژوورێکی خانووەکەی میمکە (سافێ)دا دەژی و پێشتر کرێی دەدایێ. حکومەت مانگانەیەکی کەمی بۆ پاکیز،بە هۆی ئەنفالکرانی ماڵی باوکییەوە، ‏بڕیوەتەوە، بەڵام کاتێك مامۆستا عەلی کوڕی میمکە سافێ ژنی هێنا و چووە شارۆچکەیەکی نزیك لەم ئۆردووگایە، ئیدی بۆ ئەوەی چاودێریی و خزمەتی میمکە سافێ بکات، بڕیاریان دا کرێ خانووی لێ وەرنەگرن. ئەم  پێشنیوەڕۆیە کاتێك میمکە سافێ، زانیی پاکیز بۆ سەردانی پزیشك بۆ شار دەچێت؛ ئەویش بڕیاری دا بۆ ماڵێ ‏عەلیی کوڕی بڕوات و شەو لای ئەوان بمێنێتەوە.

 

پاکیز، لایەك بە لای ژووری شۆفێرەکاندا دەکاتەوە. هەردوو شۆفێرەکە و ‏چاودێری خەتەکە لە دەوری تەنەکەیەك، کە بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاگریان تێدا کردۆتەوە، دانیشتوون و تەماشای ئەم ‏دەکەن. ئەمیش بەرەو ئەوسەری گەڕاجەکە دەڕوات و لە پەنا دیوارێکی ناوەوەی گەڕاجەکەدا کروشکە دەکات. ‏

 

پاکیز ئەمڕۆ بۆ پشکنینی  پزیشکێکی دەروونیی، سەردانی  شاری کرد. ئەو ماوەیەکە دووچاری کەمخەوی و سەرئێشە بووە و لەوەش ناخۆشتر، هەندێکجار نائاگاهانە لەگەڵ خەڵکیدا تووشی هەڵچوون و ناکۆکی دەبێت. بە تایبەت کاتێك خەون بە خێزانەکەی و فەرهادی دەزگیرانییەوە دەبینێت، یان کەسێك هەستی بریندار بکات، ئیدی زۆر بە سەختی پەست و تووڕە دەبێت. خەڵکی ئۆردووگاکەش،ئاگاداری باری ئه‌ون و  هەندێک پێیانوایە ؛جنۆکە چووەتە گیانییەوە و ئامۆژگاری دەکەن، سەردانی شێخ و مەلا بکات. هەندێکیتر بە بارێكی دەروونیی دەزانن و دڵنەوایی دەکەن و داوای لێ دەکەن سەردانی پزیشک بکات. هەندێك لە مناڵەکانیش لێی دەترسن.

ئەو سەردانی بنکەی تەندروستی ئۆردووگاکەی کرد و پزیشکەکەیش، ناونیشانی پزیشکێکی دەروونیی لە شار، بۆ هەڵدا. پاکیزیش کاتێك چوو بۆ شار، بوخچەکەی لەگەڵ خۆی برد. ئەو زیاتر لە بیستوپێنج ساڵە، بۆ هەر شوێنێك چووبێت، بوخچەکەی بەجێنەهێشتووە. چونکە هیچ کاتێك دڵنیا نییە داخۆ لەو سەرەوە دێتەوە یان نا. بۆیە هەمیشە لە دڵی خۆیدا دەڵێت ئەگەر کەوتمە هەر شوێنێکەوە و هەر چییەکم بەسەردا بێت، با بوخچەکەم پێ بێت. ئەو، پێش زیاتر لە بیستوپێنج ساڵ، لە گوندەکەی خۆیان لە گەرمیان، لەگەڵ فەرهادی پێشمەرگەدا کەوتنە داوی ئەڤینی یەکترەوە. لەو گەرمایەی گەرمەسێردا، مەگەر عەشقێکی ئاوا گەرم، فێنکایی بخاتە دڵ و دەروونەوە.

پاکیز، تاقانەی چواربرا و نازداری خێزانەکەی بوو. هەر بۆیە لە خوێندنگەکەی گوند هەتا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێند. بەڵام دواتر لەبەر یارمەتیدانی دایکی، خوێندنی تەواو نەکرد. فەرهادیش کە لە بنەماڵەیەکی شێخزادەی هەمان گوند بوو، لەگەڵ پاکیزدا، پێکەوە خوێندنگەی سەرەتاییان تەواو کرد. بەڵام ئەو بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی چووە خوێندنگەیەکی دواناوەندی لە یەکێك لە ئۆردووگاکانی نزیك گوندەکە. ئەو هێشتا لە پۆلی دووی ناوەندی، واتە چواردە ساڵ، بوو کە تێکەڵی کاری ڕێکخستنی حزبی بوو. دوای دووساڵیش بەهۆی ئاشکرابوونییەوە، بوو بە پێشمەرگە. فەرهاد، گەنجێکی یاخی بوو. ئەو لەگەڵ نەریتی شێخایەتی خانەوادەکەیدا زۆر تەبا نەبوو. ئەوانیش خۆشحاڵ نەبوون بەوەی کوڕەکەیان بووە بە پێشمەرگە. کاتێکیش زانییان عاشقی پاکیز بووە، گەلێك ناڕەحەت بوون، چونکە خێزانی پاکیز مسکێن بوون. بۆیە زۆریان هەوڵ دا تا پەشیمانی بکەنەوە. بەڵام گڕی ئەوینی نێوان پاکیز و فەرهاد ئەوەندە بە تین بوو، هەموو بەربەستەکانی تواندبۆوە. دواجار، بە ناچاری چوونە خوازبێنی پاکیز. تەنها خوشکێکی فەرهاد، لەبەر عەیبە بۆ کڕینی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی زەماوەندەکەیان هاوڕێی پاکیز بوو بۆ شار. لە گەڕانەوەیاندا بۆ گوند و دوای پشکنینیان لە یەکەم خاڵی پشکنینی سەربازەکان دەرچوون؛ بەڵام لە خاڵی پشکنینی دووەم ڕێگه‌یان نەدان بڕۆن، بە هۆی ئەوەی پرۆسەیەکی سەربازیی فراوان لە ناوچەکە بەڕێوە دەچوو. ئیدی هەرگیز خێزانەکانیان نەبینییەوە.

پاکیز، چاو دەگێڕێت، پارچە مقەبایەك دەدۆزێتەوە. دەیهێنێت و ڕای دەخات. هەست بە برسێتی دەکات. دەست دەبات ئەو کولێرەیەی لە ناو بازاڕ کڕیبووی، دەردەهێنێت. شۆفێرەکان، بە بەرد سەگێك ڕاو دەنێن. ئەویش بە قروسکە قروسک لە پاکیز نزیك دەبێتەوە، ڕائەوەستێت و سەیری پاکیز دەکات. ئەمیش سەیرێکی سەگەکە دەکات. پاشان لەتێك کولێرەی بۆ هەڵ دەدات. لەگەڵ سەگەکدا کەمێك سەیری یەکتر دەکەن، وەک ئەوەی بیانەوێت لەم بێکەسییەیاندا، ببنە کەسی یەکتر.

 

پاکیز، ئەمڕۆ لە هەموو دونیا پەستە؛ لە خودا و لە پێغەمبەرەکانیش. ئەو ڕەفتارەی ئەمڕۆی پێشمەرگەی سەیتەرەکە، برینی بیستوپێنج ساڵ لەمەوبەری کولاندەوە. ئەو ڕۆژەی، کە لەگەڵ حەلیمەی دشیدا بەرەو گوند دەگەڕانەوە و لە خاڵی پشکنینەکە سەربازێك، دوای ئەوەی بوخچەکەی بە پاکیز کردەوە، دەستوپلە چڵکنەکەی بەناو ئاوەڵكراس، کراس، ژێرکراس و تەنانەت پارچە خامە سپییە نیو مەترییەکەشدا گێڕا. ئەمڕۆش پێشمەرگەکە، دوای ئەوەی هەموو سەرنشینەکانی پاسەکەی داگرتە خوارەوە و لە ناو پاسەکەدا دەستی بە پشکنینی جانتا و کەلوپەلەکان کرد. بوخچەکەی پاکیزیشی هەڵشێواند و دەستی بە ناو جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی ناو بوخچەکەدا دەگێڕا. لەو کاتەدا پاکیز سەرنجی دەست و پەنجە و نینۆکە درێژەکانی پێشمەرگەکەی دەدا، دەستبەجێ نینۆکە چڵکنەکانی سەربازەکەی هاتە بەرچاو. ئەو نینۆکانەی بۆنی ناوگەڵ هەڵکڕاندن و چەوریی زیپکە تەقاندنیان لێ دێت. پاکیز، کە پارووە کولێرە وشکەکەی لە دەمدایە، هێڵنجی دێت و خەریکە دەڕشێتەوە. خێرا پارووە کولێرەکەی دەمی دەتفێنێتەوە و قومێك لە ئاوی دەبەکە دەخواتەوە.

 

 

مۆدلیانی ؛ پۆرترێتی خۆی جین هاوژینی – ١٩١٩
Amedeo-Modigliani Portrait-of-Jeanne-Hebuterne-sitting-and Self -Portrait

کاتێك وه‌ئاگادێتەوە، دەبینێت دونیا تاریك بووە وشۆفێرەکانیش ڕۆیشتوونەتەوە. هەر خۆی و سەگەکە لە ناو گەراجەکەدا ماون. سەگەکە، چەند جارێك ‏ بە ناو گۆڕەپانی گەراجەکەدا ڕا دەکات، دەچێت بۆ لای دەروازەی گەڕاجەکە و دووبارە بۆ لای پاکیز دەگەڕێتەوە. پاشان بن دیوارەکانی گەراجەکە هەمووی بە بۆن دەگەڕێت، وەک ئەوەی لە دوی شتێك بگەڕێت. ئینجا دێتەوە و لە لای ‏پاکیزەوە هەڵئەتروشکێت. ئەمیش پارچەیەك کولێرەیتر بۆ سەگەکە هەڵ دەدات؛ ئەو بەشەیشی کە ‏دەمێنێتەوە لە ناو کیسەی نایلۆنەکەدا هەڵ دەگرێت.‏ بوخچەکەی دادەنێت و کەمێك لێی ڕا دەمێنێت؛ ‏پاشان ڕادەکشێت و سەری دەخاتە سەر. هەست بە سەرما دەکات، ئاخر  به‌فرانباره‌ چلەی زستانه‌، هێشتا  زستان‏ دە ڕۆژێکی ماوە. ئەو، خۆی بچووك دەکاتەوە و دەستەکانی دەخاتە نێوان ڕانەکانییەوە. کزەی سەرما و کسپەی ئازار و خەمەکانی، بڕستیان لێ بڕیووە. نیگایەك دەگرێتە ئاسمان. هەورێکی سپی و مات ئاسمانی داپۆشیووە. لەوانەیە ئێستا لە کوێستانەکان بەفر و باران ببارێت. بە بەر خۆیەوە دێڕە گۆرانییەکەی حەسەن زیرەك دەڵێتەوە:

                          ئەلعان لە کوێستان دەبارێت باران   دەیدات لە گۆنای ناسك و نازداران

لە دڵەوە حەز دەکات ئەمشەوی باش لێ بڕوات و باران تەڕی نەکات. بەدەم گۆرانییەکەوە چاوەکانی دەنووقێنێت. بەرەو گوندەکەیان دەڕواتەوە…. زەوی یەکپارچە ئەڵێیت فەرشێکی سەوزی ڕاخراوە.  گووڵاڵە سوورە، چاوە پشیلە و گوڵە بەیبوونی ناو ئەو گژوگیایەی گرد و دۆڵەکان، ئەو دەشتەیان کردۆتە تابلۆیەکی سروشتیی. جێبەکە دەگاتە ناو گوند. ئەم دادەبەزێت و چاوەڕێی حەلیم ناکات. گوندەکە جموجۆڵێکی شادی دایگرتووە و  لە ڕێگەیدا بەرەو ماڵەوە، فەرهاد دەبینێت. ئەو لەگەڵ کۆمەڵێك پێشمەرگەدایە و بەرەو ناوگوند دەڕۆن؛ هەر کە چاوی بەم دەکەوێت هاوڕێکانی بەجێ دەهێڵێت و دێت بەرەو لای ئەم.

– شیرینەکەم چۆنیت؟ دوو رۆژە ڕۆیشتوویت، لام بوو بە دووسەد ساڵ. فەرهاد وا بە پاکیز دەڵێت.

– ناشرین چەند جارم پێ گوتیت پێم مەڵێ شیرین، ئاخر با نەبینە فەرهاد وشیرین…

– نا گیانەکەم، نەبووینە فەرهاد وشیرین. ئەی ئەوە نییە بۆ یەکتر بووین. خۆ ئەگەر شەهیدیش بووم، ئەوا ئێمە، چیرۆکەکەی فەرهاد وشیرین پێچەوانە دەکەینەوە. ئەمجارە با شیرین لە دوی فەرهاد بگەڕێت و کێوی بۆ کون بکات…

پاکیز، سەیری چاوانی فەرهاد دەکات، لە قەد وباڵای ورد دەبێتەوە؛ لە دڵەوە پێیخۆشە باوەشێکی پێدا بکات. بەڵام فەرهادی لەبەرچاو ون دەبێت. ئاوڕدەداتەوە و دەبینێت لەبەر دەرگەی ماڵەوەیە. دایکی دەیبینێت، دەست لە مەشکە ژەنینەکە بەر دەدات و بەرەو ڕووی دێت…

– بەخێر بێیتەوە کچە تاقانەکەم. دڵم لات بوو، خەمم بوو زوو نەیەنەوە.

– دەستت ماچ دەکەم دایە گیان. کەی ئەمە زووە، زۆر درەنگە. ئەزانیت چەندم چاوەڕێ کرد. تەماشام کە، جلوبەرگم تۆزاوی، سەر و پرچم سپی بوون. مەمکەکانم تورتێتیان تێدا نەما. گۆشتی لەشم هەمووی داکەوت. لە دڵی خۆمدا دەترسام فەرهاد، ژنی هێنا بێت. ئای دایە گیان! چەندم چەشت؟!

– نا، دایە گیان، ئەوە تۆزی ڕێگەیە، لە بەرگ و ڕەنگت نیشتووە. ئەها سەیری ئەو ئاوێنەیە بکە. سەیری کە چەند جوان و ناسک و نازداریت! هەر ئەڵێیت تازە بووکیت. خێراکە ئەم جلە تۆزاوییانە داکەنە. بڕۆ، خێرا دەستێك بدە لە خۆت. کچم درەنگە هەموو چاوەڕێی تۆین…

 

پاکیز، سەرنجێکی حەوشەکە دەدات، چەند مەشکەیەیەکیتر دۆ بە دارەوە هەڵخراون، چەند مەنجەڵێك چێشت لەسەر ئاگرێکی دارن. بۆنی خۆشی چێشتەکە و گەرمای ئاگردانەکان خۆشییەك بە لەش و ڕۆحی پاکیزدا دەهێنێت. دەنگی زەنگوڵەی گەڕانەوەی ڕانەکە دێت، پاشان گوێی لە دەنگی وەڕین و لورەی سەگ دەبێت. سەگی گەڕاجەکەی بە بیر دێتەوە. ماتییەك دای دەگرێت و لە دڵی خۆیدا دەڵێت؛ خۆزگە لەگەڵ خۆمدا هێنابام… لەم کاتەدا تریقەی پێکەنینی چەند کچێکی ڕایدەپەڕێنن. ئاوڕدەداتەوە، ئامۆزا و خاڵۆزا و هاوڕێکانی جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردایە و بە خۆو کیسە خەنەوە بەرەو لای ئەم دێن؛ ئەوە چییە، چۆن دەبێت بووکە تاقانەکەمان لە ڕۆژی زەماوەندیا داڵغەی بڕوات؟

 

پاکیز، دەیەوێت باوەشیان پێدا بکات. لە پڕ زریانێكی سارد هەڵ دەکات، جلە ڕەنگاو ڕەنگەکان دەبن بە جلی ڕەش. سیمای کچە جوانەکان هەموو دەبن بە سیمای پاکیز؛ پاکیزێکی سەر و قژ شێواو و سەر سپی و مووی برۆ و دەموچاویان هاتووە. نەعلی دڕاویان لە پێدایە و قاچەکانیان قڵیشاون وخوێنیان لێ دەتکێت.ئەم دەیەوێت لێیان نزیک بێتەوە و ئەوان پاشەوپاش دەگەڕێنە دواوە. ئەم دەست بۆ ئەوان درێژ دەکات وئەوانیش دەست بۆ ئەم، بەڵام ناگەن بەیەك.

 

پاکیز، لەسەرمادا چۆقە چۆقی ددانەکانی دێت. نووزەیەکی لێوە دێت. توانای هاوارکردنیشی نەماوە. سەگەکەش دەنگێك دەردەکات وەکو نوزەنوزێك، بەدەوری پاکیزدا دەخولێتەوە. جار جاره‌ دەوەستێت و تەماشایەکی ناو گۆڕەپانەکە دەکات، وەك ئەوەی چاو بۆ نەفەرێك بگێڕێت تا بگاتە فریای پاکیز. بەڵام جگە لەڕەشایی هیچیتر دیار نییە. پاکیز بەدەم لەرزەوە بە ئاستەم چاوەکانی بۆهەڵ دەبڕدرێت؛ دوواین نیگای تەماشایەکی سەگەکە دەکات. سەگەکەش لێی ورد دەبێتەوە و زوو زوو دەلوورێنێت و نوزەیەك دەکات.

 

 

لەگەڵ تاریک وڕوونی بەیانیدا، جوڵە دەکەوێتە ناو گەڕاجەکە. تاكوتەرا پاس، تەکسی و نەفەرەکانیش پەیدا دەبن. نەفەرەکان هەموو لە تاو سەرما خۆیان پێچاوەتەوە و پەلەیانە بەرەو شار بڕۆن. شۆفێرەکان لەبەر سەرما لە ناو ئۆتۆمبیلەکانیان دانابەزن. هەندێکیان نیگایەکی سەرپێی دەگرنە ئەو ژنەی لەبن دیوارەکەدا ڕاکشاوە و سەگێکیشی بە دیارەوەیە. بەڵام هیچ کەس هیچ ناڵیت و هیچ ناکات. دونیا بەتەواوی ڕووناک دەبێتەوە و گۆڕەپانەکە وەکو ڕۆژانی ئاسایی لە جوڵەدایە. ئەوجا شۆفێر و نەفەرەکان تێبینی دەکەن ئەو ژنە هەر ناجوڵێتەوە و ئەو دەنگەدەنگە بێداری ناکاتەوە. لێی نزیکدەبنەوە. هەندێکیان دەیناسنەوە، لاشەی پاکیزە لەسەر پارچە مقەبایەك کەوتووە، نەعلە دڕاوەکانی لە پێ دانەکەندووە، قاچەکانی شین هەڵگەڕاون. پاکیز، ئەو شەوە لە تاو سەرما، نەعلەکانی دانەکەندبوو، بەو ئومێدەی هیچ نەبێت کەمێك سەرما بگەڕێنێتەوە.  لەتێك کولێرە و نیو دەبە ئاو لە تەنیشتییەوە دانراون و  دەیانەوێت لێی نزیك ببنەوە و بانگیدەکەن. بەڵام پاکیز، نە دەجوڵێتەوە، نە وەڵامدەداتەوە؛ سەگەکەش بە دەوری تەرمەکەدا دەسووڕێتەوە، هەر دەوەڕێت و‏ دەمڕێنێت و ناهێڵێت کەسیان لە تەرمەکە نزیک ببنەوە.

 

10.6.2018

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.