گرافیکی گونتەر گراس؛ ساڵی سەگ

بەسەرهاتى سەگێک لە سێبەرەکەیدا


Loading

-1-

بەدرێژایى ئەو چەند ساڵەى کەوەک پەناهەندەیەک لەشارى شۆلۆ_ى کەنار دەریادا دەژیام، نەمویستبوو بچمە نێو ئەو گەڕەکە دێرینەى کە بە گەڕەکى ئینگلیزەکان ناسرابوو، سەیریش لەوەدا بوو نە ئینگلیزەکان هیچ پێوەندییەکیان بە دروستکردنى ئەو گەڕەکەوە هەبوو، نەبەدرێژایى مێژووى ئەو گەڕەکەش کەسێکى بەڕەچەڵەک ئینگلیز لەو گەڕەکەدا ژیابوو، بەو پێیەى کە لەتەنها کتێبێکى تایبەت بەو گەڕەکەشەوە باسى لێوە کرابوو، تائێستا کەس لەوە حاڵینەبووە کە بۆدەبێت ئەو ناوەیان لەو گەڕەکە نابێت؟ ئەمە جگە لەوەى کەنەشدەزانرا کێیە ئەو کەسەى کە بۆ یەکەمجار ئەو ناوەى لەو گەڕەکە ناوە.
دەماو دەم شتى سەیرو سەمەرەیان لەبارەى ئەو گەڕەکەوە دەگێڕایەوەو وەک باسدەکرا، باران پێش ئەوەى لەهیچ شوێنێکى شارى شۆلۆ_دا ببارێت لەوێ دەبارێت، باڕەش تەنها لەنێو کۆڵانەکانى ئەو گەڕەکەدا هەیەو گڤەى دێت، پشیلەو سەگى بەرەڵڵا تەنها لەو گەڕەکەدا بەرچاو دەکەوێت.
هەموو ئەوانەش کە بە گەڕەکەکەدا گوزەریان کردبوو، سەرسامى گومەزو قەیسەرىو کۆڵانى تەسک و ترووسک و چوخم و حەمام و زۆر سیماى رۆژهەڵاتییانەى ترى بووبوون، سەربارى ئەوەى خەڵکێکى تێکەڵ و پێکەڵى جۆراوجۆر لەوێدا دەژیان، هەر لە ماسیگرو دزو گەوادو فاحیشەو ئەو هونەرمەندە توریستانەى کەلەبەر هەر هۆ و هۆکارێک بێت ئەو گەڕەکەیان دەکردە مەنزڵ.
دیارە گەر هەر لەسەرەتاى گەیشتنم بۆ شارى شۆلۆ ئەو پیرە پیاوە هیندییەم نەدیتبا، نەمهێشتبا لە هێڵە تێکەڵ و پێکەڵەکانى نێو لەپى دەستم وردبێتەوەو رێم پێنەدابا زارە کەفگرتووەکەى لێک بترازێنێت و ئەوەى کە پێى گوتم نەیگوتبا،ئەوە دەمێکبوو ئەو گەڕەکەم دیتبوو.
هەر کەبینیمى وەدووم کەوت، سەرەتا وامزانى دەرۆزەکەرەو لەوەدابوو دەست بخەمە گیرفانم وشتێک پارەى بدەمێ، دەستى گرتم ولەچەقى رێگەکە دوورى خستمەوەو بردمییە پەنا پەیکەرى کابرایەکى حەپەساو کە لەهیچ شتێکى نەدەڕوانى، دەیان کۆتر بەدەورى پەیکەرەکەدا ئەو دەنکە گەنمانەیان کۆدەکردەوە کە پیرێژنێک تۆزە تۆزە بۆى رۆدەکردن. پیرە پیاوە پرچ درێژەکە سەرەتا تەنها لە لەپى دەستێکمى دەڕوانى، دواتر ئەویتریان و جارێکى تر ئەمیان و ئیتر بەو شێوەیە بەردەوام بوو تا لەپڕ نیگاکانى بەتەواوى لەسەر هێڵێکى چەماوەى نێو لەپى یەکێک لەدەستەکانم گیرسایەوەو ئەوەندە بە عاجبایەتییەوە تێى دەڕوانى هێندەى نەمابوو بۆ خۆشم وێنەو پیت و لوغزى تێدا ببینمەوە، بەچەشنێک خۆى شپرزەکردبوو دەتگوت دەعبایەکى پیاوخۆر وەدووى کەوتووەو ئەمیش لەترساندا چۆتە نێو کۆڵانێکى داخراو و ئیدى نازانێت خۆى بەکوێدا بکات و لەکوێوە هەڵبێت.
زارە کەفگرتووەکەى بەش کردەوەو بە زوبانى عەرەبى گوتى: (تۆ جگە لە ناوى خۆت هەموو شتێکت لەیاد چۆتەوە، گەر دەتەوێت بەئارامى و ئاسودەیى بژیت بەهیچ شێوەیەک مەچۆرە نێو گەڕەکى دێرینى ئینگلیزەکان، تا یادەوەرییەکان بەزەینتدا ختوورە نەکەن. تۆ لەئێستادا جگە لەناوێک هیچى تر نیت و نابێت لەوە زیاتریش بیت، تەنها شتێکیش کە دەبێتە مایەى وەبیرکەوتنەوەى هەموو ئەو شتانەى کە لە زەینتدا سڕدراونەتەوە ئەو گەڕەکە دێرینەیە).

ئەوەى لەو کاتەدا بووە مایەى پرسیار و بەدرێژایى رۆژانێکیش هەر بیرم لێ دەکردەوە، ئەوە بوو کەبۆ دەبێت پیرە پیاوەکە بە عەرەبى ئەو قسانەى پێگوتبێتم.
راستییەکەى هیچ پێوەندییەکم لەنێوان گەڕەکى ئینگلیزەکان و هەموو ئەو شتانەى کەلەبیرم کردبوو نەدەدۆزییەوە، ئەمە جگە لەوەى دواى سێ ساڵى مانەوەم لەنێو نەخۆشخانەى دەروونیى ئەو شارەى کە جێم هێشتبوو، گەیشتبوومە ئەو یەقینەى کە هەموو ئەو شتانەى بەدرێژایى ساڵانێک لە مێشکمدا جێى خۆى کردبۆوە سڕدراوبوونەوە، چونکە گەر دکتۆرەکەم بەر لەوەى لەنەخۆشخانە مەرەخەسم بکات هەندێ شتى پێ نەگوتبام، ئاستەمبوو لەو کاتەدا وەبیرم کەوتبایەتەوەو زانیبام:

(پاش چەند مانگێکى مانەوەت لە نەخۆشخانەکەماندا هەواڵى مەرگى دایکتمان پێگەیشت هەر لەو رۆژەوە کەتۆیان هێنایە نێو نەخۆشخانەکە ئەو مردبوو، بەڵام پاش چەند مانگێک و بەڕێکەوت کەسێکى نەناسراو ئەو راستییەى کەشفکردبوو کە بە مەبەستێک چووبووە نێو خانووەکەتان و بەبۆنى جەستەى گەنیوو و هەڵوەشاوەى دایکت وروکاس بوو بوو، بەپەلە چووبووە دەرو لە دەرگاى یەکێک لە ماڵە دراوسێیەکانتانى دابوو، چاوەڕێى ئەوەى نەکردبوو دەرگاکەى لێبکەنەوە، هەر کە گوێى لە نزیکبوونەوەى دەنگى پێى کەسێکى پشت دەرگاکە بووبوو گوتبووى:” پیرێژنێک لەنێو خانووى نێوەڕاستى باخچە گەورەکەدا مردووە”.
تا کەسەکەى پشت دەرگاکە دەرگاکەى کردبۆوە، هەروەک ئەوەى کە غەیب بووبێت، لە دوورى سەد مەتریشەوە کەس بەدى نەکردبوو.
هەر کەلێرە چوویتە دەرێ خۆت ماتەڵ مەکەو یەکسەر خانووەکەتان بفرۆشەو بە پارەکەى بۆ دوورترین پانتاییەکى دنیا بڕۆ، تا هیچ شتێک ئەم شارەت وەبیر نەخاتەوە، تەنها ئەوەندەش لەبارەى خۆتەوە بزانە کە تۆ پاش خوێندنەوەى کتێبى –گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکانى شار- بارى دەروونیت گۆڕانى بەسەردا هات و تێکچوویت. هەرچەندە کتێبێکى ئاساییەو باس لەهەموو گۆرانیبێژە دەنگخۆشە مردووەکانى شار دەکات کە هێشتاکەش هەر دەتوانن لەنێو گۆڕەکانیانەوە و لە شەوە زۆر تاریکەکاندا گۆرانى بچڕن. رەنگە هۆکارى تێکچوونى بارى دەروونیشتان لە بێباوەڕیتانەوە سەرچاوەى گرتبێت کە رەنگە پێتان وانەبێت گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکانى ئێمە لەدواى مەرگیش دەتوانن گۆرانى بڵێن، بەڵام من بۆ خۆم هەر بۆ تاقیکردنەوەى راستى و دروستى ئەوەى کە لەو کتێبەدا هاتووە، لە شەوێکى زۆر تاریکدا چوومە زیارەتى گۆڕەکانیان و پاش کەمێک لە مانەوەم سەرسامبووم بەو دەنگە جۆراوجۆرە سیحراوییەى کە یەک لەدواى یەک لە گۆڕەکانیانەوە دەهاتە دەرێ).
گەرچى دەبوو پاش فرۆشتنى ئەو خانووەى کە بە میراتى بۆم مابۆوە یەکسەر رۆیشتبام، بەڵام خولیاى زانینى نهێنیى ئەو کتێبە وایلێکردم یەک دوو هەفتە بمێنمەوە و عەوداڵى ئەوە بم کە وەچنگم کەوێت و بیخوێنمەوە، هەر بۆیە بێجگە لەوەى هەموو ئەرشیفى لیستى ناوى کتێبى کتێبخانەکانم هەڵدایەوە و زۆر بە وردى بە شوێنیدا گەڕام، کتێبفرۆشى ناو شاریش نەما راینەسپێرم تا ئەو کتێبەم بۆ پەیدا بکات، دیارە هەمووشیان بە داواکارییەکەم سەرسام دەبوون و تەنانەت زۆریشیان وایاندەزانى پێیان رادەبوێرم و هەمووشیان تەنها یەک وەڵامیان دەدامەوە:
(بەدرێژایى مێژووى ئەم شارە نەک هەر دەنگخۆشێکى تێدا هەڵنەکەوتووە، بەڵکو گۆرانیبێژیشى تێدا نەبووەو نەشمان بیستووە کەسێکى خەڵکى ئەم شارە گۆرانیى گوتبێت).

-2-

ئەوەى کە واى لێکردم لە عەسرى یەکێک لە رۆژە باراناوییەکاندا رووبکەمە نێو کۆڵانێکى ئەو گەڕەکە دێرینە، نووسراوێکى سەر لافیتەیەکى رەنگ پەمەیى بوو. هەر لەبەرەبەیانى ئەو رۆژەدا دوو کچۆڵەى چاو سەوزى باڵابەرز بەرامبەر ئەو دوکانەى کە کارم تێدا دەکرد هەڵیانواسى، لەسەرى نووسرابوو:
(لەمڕۆدا دەیان تابلۆى دێرینى سەیرو سەمەرەترین هونەرمەندە شێوەکارەکانى دنیا لە یەکێک لە کۆڵانەکانى نێو گەڕەکى ئینگلیزەکاندا دەفرۆشرێت).
هێندەم روانییە لافیتەکە خاوەنى ئەو دوکانەى کارم تێدا دەکرد کە ژنێکى ئەرمەنى بوو، دەمێک ساڵیش بوو ئەو دوکانى تەیروتیوور فرۆشتنەى لە شوێنێکى لاچەپەکى شارى شۆلۆ_دا کڕیبوو، بەدەنگێکى هێمن و لەسەرەخۆ بانگى کردم و بەئینگلیزییەکى شێوە جیاواز لە ریتمى ئینگلیزى گوتى:
(هەرچەندە هێشتاکە زووە بەڵام دەتوانیت هەر ئێستاکە بڕۆیت، ئەگەر چاوەڕێش دەکەیت ئەوە وەک هەموو رۆژێک لە سەعات دوودا کارت تەواو دەبێت).
ئیدى چونکە زۆر کەم دەیدواندم و بەدرێژایى ئەو ماوەیەش کە لاى دەستبەکاربووبووم، بێجگە لە وشە فەرمانئامێزەکانى کەدەبوو بێ هیچ وەڵام و خۆماتەڵکردنێک دەستبەجێ بەئەنجامى بگەیەنم و هەمووشى پەیوەستبوو بەچۆنیەتى مامەڵەکردنم لەگەڵ ئەو مەلە دەگمەنەنانەى کە پێشتر لە هیچ شوێنێکى تردا نەمدیتبوو، گوێم لە هیچ شتێکى ترى نەبووبوو، هەر بۆیە ئەوەى کەپێى گوتم هێندە سەیر بوو بەلامەوە کەبەدەر لەدەسەڵات و ئیرادەى خۆم، هەموو ئەوەى لەبیر بردمەوە کەپیرەپیاوە هیندییەکە پێى گوتبووم.
هەر لەعەسرى ئەو رۆژەشدا بەبێ هیچ گرفتێک و هەروەک کەسێکى بەڵەدو شارەزا بەبێ ئەوەى بەهیچ شوێنێکى نێو گەڕەکەکەدا رەت ببم، گەیشتمە نێو کۆڵانەکە، بەڵام هێشتاکە هیچ تابلۆیەکى تێدا دانەنرابوو، ئیدى بۆ ساتەوەختێک دوودڵ بووم لەوەى کە تۆ بڵێى ئەمە ئەو کۆڵانە بێت کە دەبا تابلۆکانى تێدا فرۆشرابا؟!
خەریکبوو لە دەرگاى کراوەى یەکێک لە ماڵەکانى نێو کۆڵانەکە بچمە ژوورێ تا کەسێک ببینمەوەو پرسیارى لێبکەم، بەڵام وەک ئەوەى لەناکاو سەرابێک ببینم، کاتێکم زانى لەبەشى سەرەوەى کۆڵانەکەدا چەندان کەس دەڕواننە تابلۆ هەڵپەسێراوەکانى هەردوو بەرى دیوارى نێو کۆڵانەکە، رووناکییەکى نائاسایى لەوێڕا دەهات، بێجگە لە من هەموو ئەوانەى لەوێدا بوون پرچ و ردێنیان درێژ بوو،چاویان نوورى لێدەبارى، قامکەکانیان درێژو باڵا کەڵەگەت بوون. وەک ئەوەى رۆژێکى زۆر سارد بێت کە دەدوان هاڵاو لەدەمیان دەهاتە دەرێ کە لێیان نزیک بوومەوە هەستم بەوە کرد کە دەنگیان لێوە نایەت و تەنها لێویان دەبزوێت. پێدەچوو بە قەبارەو چەشن و شێوەى ئەو هاڵاوەى کە لە زاریانڕا دەهاتە دەرێ، لە هەموو ئەوە حاڵى ببن کە پەیتا پەیتا بە یەکدییان دەگوت.
نەمدەزانى بۆ دەبێت لەژێر باراندا و لەم کۆڵانەدا ئەم بازاڕەیان سازدابێت، پێشم وانەبوو مشتوومڕەکەیان دەرهەق بە تابلۆکان بێت، چونکە نەدەیانڕوانییە تابلۆکان و نەلێشى نزیکدەبوونەوە، هەروەک ئەوەى لە پانتاییەکانى شوێن و زەمەنێکى تردا راوەستابێتن.
پاش ئەوەى سەرپێیى سەیرى چەند تابلۆیەکم کرد کە هەر هەمووى دیمەنى شەپۆلە هەڵکشاوەکانى یەک دەریا بوون، هەر لە خۆمەوە چوومە بەردەم گچکە تابلۆیەک کە سەرەتا بێجگە لە چەند رەنگێکى تێکەڵ و پێکەڵ هیچى ترم تێدا نەبینى، بەڵام پاش کەمێک تێڕامان، هێدى هێدى وێنەکە لە بەرچاومدا روون بۆوەو سەرسامى کردم.
دەتگوت رایەڵێکى نهێنى و پەنهان، من و وێنەى تابلۆکە پێکەوە گرێدەدات، هەرچەندە تا ئەو ساتەوەختەش هیچ یادەوەرییەکى خۆمم وەبیر نەهاتبۆوە، بەڵام پێدەچوو من لە شوێنێکى ئەو تابلۆیەدا بم، یان ئەو لەشوێنێکى یادەوەرییە سڕدراوەکانى مندا شوێن جێگەیەکى هەبووبێت. هونەرمەندە شێوەکارەکە هەوڵى وێنەکردنى سێبەرى سەگێکى شەکەت و ماندووى دابوو کە پێدەچوو بە مەبەستێک وێنەى سەگە راستەقینەکەو سێبەرەکەى لێک جیا نەکردبێتەوە.
کەلێى ورد دەبوویتەوە پێتوابوو بە قوڕاوى کۆڵانە رۆژهەڵاتییەکان رەنگکراوە، بێجگە لە چاوە شینەکانى کە دەچۆوە سەر سولالەى سەگە سیبرییەکان سەرتاپاى قوڕاوى بوو، لە هەمووشى سەیرتر ئەو پەڵە ژەنگاوییەى سەر جەستەى بوو، کە بەپێى هەڵکشانى زەمەن شوێنجێگەکەى دەگۆڕدرا.

-3-

تابلۆکە بەو مەرکانە ئاوە دەچوو کە لە رۆژگارێکى زۆر دێریندا کچۆڵەیەک بەبێ گوێدانە قسەى باوانى و بە ئەنقەست رۆیکردبووە نێو ئەو بیرە وشکەوەبۆوەى کە ساڵانێک بوو دەیان عیفریتى تێدا نێژرابوو، هێندەش بەس بوو بۆ زیندووبوونەوەى عیفریتە مردووەکان.
لەبەردەم تابلۆکەدا تێکەڵەو پێکەڵەى چەندەها یادەوەریم وەبیردەهاتەوە، پێدەچوو وەک پیرەمێردى ئەوانگەلەکان مەبەستى بێت سوارى کۆڵم ببێت و دەربازبوونم بکاتە مەحاڵ.. تازە ئەگەر لەوێش هەڵهاتبام دەیان دەرکە لەنێوەوەى زەینمدا ئاوەڵا بووبوون.
سەبارەت بە کتێبى گۆرانیبێژە دەنگخۆشەکانى شار دوا گوتەى دکتۆرەکەم بیرکەوتەوە، چەندم لەخۆم کرد ئەو کتێبەم وەبیرنەدەهاتەوە کە بەپێى قسەکانى ئەو بووبووە مایەى تێکچوونم. نەدەکرا کتێبێکى وا سەبارەت بە گۆرانیبێژەکانى شارێک نووسرابێت کە نەک هەر بەدرێژایى مێژووى چەند سەد ساڵەى گۆرانیبێژێکى تێدا هەڵنەکەوتبوو، بەڵکو سەرجەم خەڵکەکەشى هەر بە زگماک دەنگیان ناخۆش بوو، ریتمى ناقۆڵابوونى دەنگیشیان بەپێى وەرزەکانى ساڵ دەگۆڕدرا، گەرچى بەشێوەیەکى گشتى دەنگیان بە دەنگى بەربوونەوەى جامە مسێکى دەست کەیبانوویەک دەچوو، بەتایبەت لەو کاتانەدا کە بەر عەردێکى کاشیکراو دەکەوێت.
خەڵکەکە لەنێو خۆیاندا کەپێکەوە دەدوان نەشازێکیان لە دەنگى یەکتردا نەدەبینییەوە، بەڵام کە دەچوونە دەرەوەى سنوورەکانى شارەکەیان و گوێیان لە دەنگى خەڵکانى تر دەبوو بە خۆیاندا دەشکانەوەو مەگەر زۆر بەناچارى چەند وشەیەکیان لەدەم هاتبایەتە دەر، ئەگینا هەروەک ئەوەى کەڵاڵ بن تەنها بە ئاماژەو جووڵەجووڵ و سەرلەقاندن، گوزارشتیان لەوە دەکرد کە دەیانویست بیڵێن. منداڵان دەنگیان وەک دەنگى هەر منداڵێکى ئاسایى بوو، ئەو گۆڕانە لە هەرزەکارییەوە روویدەداو تا مردن لە خەڵکى شارەکە نەدەبۆوە.
وەک لەو ساتەوەختەدا وەبیرم دەهاتەوە داپیرەم چەند جارێک هۆکارى ئەو دەنگ ناخۆشبوونەى خەڵکى شارى لە میانى حیکایەتێکەوە بۆ گێڕابوومەوە، هەرچەندە ئەو دەمە کەهێشتاکە تواناى گێڕانەوەى حیکایەتى هەبوو، من زۆر منداڵبووم و بەوپێیەش نەدەبا بەباشى لەحیکایەتەکەى حاڵى بووبام، جا چ جاى لەبیر نەچوونەوەى. هەر ئەو حیکایەتەش بوو کە پاش مردنى داپیرەم بە قەڵەمێکى سوور لەسەر کارتۆنێکى زەردو بەخەتێکى جوان نووسیمەوەو لەپاڵ کارتۆنە هەڵواسراوەکانى ترى دیوارى پشتەوەى ژوورەکەى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکەمان هەڵمواسى.
ئیدى ئەو کارەم بەڕێوەبەرى زۆر تووڕەکردو هێندەى لێدام تا لە هۆش خۆم چووم، بەڵام نەئەو کاتەو نە ئێستاش لەوە حاڵى نەبووم، بۆ دەبێت نووسینەوەو هەڵواسینى ئەو حیکایەتە ئاساییەى کە هەموو خەڵک دەیزانى هێندە بەڕێوەبەرى تووڕە کردبێت، لەکاتێکدا هەموو ئەو قوتابییانەى کە حیکایەتیان دەزانى بێ پرسکردن لەسەر پارچە کارتۆنێک دەیاننووسییەوەو هەڵیاندەواسى، چونکە بەڕێوەبەر هەر بۆ خۆى چەند جارێک داواى لێکردبووین کە هەر حیکایەت و بەسەرهاتێک کە بەخەیاڵماندا دێت یان پێشتر بیستوومانەو دەیزانین بینووسینەوەو هەڵیبواسین.
لەو کاتەدا کە لەبەردەم تابلۆکەدا راوەستابووم، دەنگى داپیرەم دەهاتە گوێ کە دەیگوت:

( لە رۆژگارێکدا پیرمەنسوور بەمەبەستى سەردانى زاتێکى موبارەکى ئەو سەردەمە باخچە فراوانەکەى خۆى جێدەهێڵیت کە دەکەوتە نێوەندى گەڕەکى مەلەکاى ئێستاوە..پاش چەند هەفتەیەک دەگەڕێتەوەو پێش ئەوەى بچێتە نێو باخچە دڵگیرەکەى هەر بەسەرو سیماى خەڵکى گەڕەکەکەدا دەزانێت شتێک روویداوە، بە شپرزرییەوە دەپرسێت:
“چییە..چى روویداوە؟!”.
کچۆڵەیەکى جحێل پاش ئەوەى دەستى پیر ماچ دەکات، دەڵێت:
“قوربان گەرچى بێ پسانەوەو بەدرێژایى ئەو ماوەیەى کە جەنابتان لە سەفەربوون کوڕیژگەکانى گەڕەکەکەمان بێ پشوودان و وچان پاسى باخچەکەتیان کردووە، بەڵام پێدەچێت لە غەیبەوە کەسێک هاتبێتە نێو باخچەکەو سەرجەم گەڵاکانى درەختە پیرۆزەکەى وەراندبێ”.
پیر دەزانێت ئیدى ئەو درەختە گەڵا دەرناکاتەوەو لەبنڕا وشک دەبێت و دەمرێت، چونکە هەوەڵین و دواهەمین گەڵاى هەر ئەوە بووە کەپێش ئەم حاڵەى ئێستاى پێوەى بووە. سەربارى ئەوەى ئەگەر دەستێک لە غەیبەوە بگاتە ئەو درەختە، ئیدى دەرکەى بەڵاو موسیبەتێکى گەورەیان لێ واڵا دەبێت.
پیرمەنسوور لە حەژمەتا نازانێت چى بکات و دەڵێت:
ئێستا چى بکەم؟ دەترسم لەمەودوا تۆفان و لافاو بتانبات، کچانتان دەرپێداکەندن بکەنە هونەرو پیاوانى بێگانە سوارى خۆیان بکەن.. دەترسم ژنانتان رەدوو بکەون، گەورە پیاوانى شارتان فێرە خیانەت ببن و هەردەمەى داگیرکەرێک بهێننە نێو شارەکەتانەوە..دەترسم پیاوچاکانتان پشتاوپشت سوارى گوێدرێژ بکرێن و کۆڵان بە کۆڵان بگێڕدرێن و خۆڵ و دۆ بەسەریاندا بکرێت”.
ئیدى گریانى پیرەژنان و پاڕانەوەى ریشسپییان و هاتوهاوارو فوغانى بێخەتایان، وا لە پیرمەنسوور دەکات بڵێت:
“تەنها یەک چارەتان هەیە ئەویش ئەوەیە کە بۆخۆتان دەردو بەڵاو موسیبەتێک هەڵبژێرن، تا هەموو ئەوەى کە گوتم پێکەوە روو نەدەن”.

پاش مشتوومڕو بگرەو بەردەیەکى زۆر لەسەر بێزیانترین دەردێک رێکدەکەون کە ئەویش ناسازبوون و ناخۆشبوونى دەنگیانە، هەر بۆیە پیرمەنسوور فەقیانە سپییەکانى بەردەداتەوەو دەستەکانى رووەو ئاسمان بەرز دەکاتەوەو بەدەنگێکى پڕ لە پاڕانەوەو ترسەوە دەڵێت:
“ئەى شاهى شاهان، سوڵتانى سەر عەرشى کەون و کائینات”.

وەک دەگێڕنەوە پیر لەوە زیاتر ناڵێت و ئاوڕێک لە حەشامەتەکەى پشت خۆى دەداتەوەو بەبێ ئەوەى تەنها یەک وشەشى لەدەم بێتە دەر، خەڵکەکە لە مەبەستى حاڵى دەبن و سەرەتا یەک دوویەکیان لە مابەینى خۆیاندا دەدوێن، پاشان ئەوانەى ترو دەبینن دەنگیان بۆتە شتێکى هێجگار ناخۆش و لەو کاتەدا هەر هەموویان پێکەوە بێدەنگ دەبن).

-4-

نەمدەزانى بۆ دەبێت وا بەسانایى بڕوانمە ئەو تابلۆیەى کە تا دەهات زیاتر بەرەو خۆى رایدەکێشام و نغرۆى نێو دەریایەک لە یادەوەریى دەکردم، کەدەبوو بە هیچ وەبیرم نەهاتبایەتەوە. رەنگە هۆکارەکەى ئەو پێوەندییە دێرینەم بێت لەگەڵ دنیاى تابلۆو رەنگ و شێوەکارى کە لە میانى خۆشویستنى ژینا_ى کچە دراوسێمانەوە بوو بووە بەشێکى جیانەکراوەى خولیاکانم. ئەو دەمەى لەبەشى شێوەکاریى هونەرەجوانەکان قوتابى بوو، شێتانە وێنەى هەموو شتێکى بەو شێوەیە دەکێشا کە خۆى دەیبینى. هێندەى دەرفەتى بۆ دەڕەخسا لەڕێى دەروازەیەکى مابەینى خانووەکەمانەوە، پاش ئەوەى بەنێو باخچە چڕوپڕەکەماندا تێپەڕدەبوو، دەهاتە نێو ئەو ژوورەى کە بێجگە لە دەیان کتێبى لەسەر عەرد کەڵەکە بوو، مێزو کورسییەک و سیسەمێکى خەوتن و تابلۆکانى ئەو کە بەزۆر شوێنى دیوارەکەدا هەڵمواسیبوون هیچى ترى تێدا نەبوو.
من وەک خۆم تاقانەى دایکێکى بێوەژن بووم، کە دواى هەفتەیەک لە مەرگى باوکم لەسەر چەرپا بەرزەکەى ژوورەکەى خۆیان راکشاو ئیدى پاش چەند سەعاتێک بەوەمزانى کەدەست و قاچێکى لەکارکەوتووەو ئیفلیج بووە.
ژیانم لە مابەینى خزمەتکردنى دایکێکى ئیفلیج و خوێندنەوەو ماجەراکانم لەگەڵ ژینا_دا، بە بازنەیەکى داخراو دەچوو کەنەمدەتوانى و نەمدەویست لێى بچمە دەر. باوکى شۆفێرى تڕێلە بارهەڵگرەکانى رێگەى دوور بوو، کە بە مانگیش رێى نەدەکەوتە ماڵێ و کە دەهاتیشەوە تەنها چەند رۆژێک دەمایەوەو وەک هەمیشە رێگەى دوورى سەفەرى دەگرتەوەبەر.
وەک بۆى دەگێڕامەوە دایکى لەگەڵ کابرایەکى زرتەبۆزى میسریدا دەستى تێکەڵکردووە کە زوو زوو بەناوى چاککردنەوەى ئامێرە کارەباییەکان دێتە ماڵیان.
لەرۆژێکدا، بەبۆنەى ساڵڕۆژى یەکێک لە یادەوەرییەکانى حزبى بەعسەوە ئاهەنگێک لە گۆڕەپانى پەیمانگاى هونەرە جوانەکاندا سازدەکرێت و بە فەرمانى بەڕێوەبەرى پەیمانگەو لیژنەى ئیدارى سەرجەم قوتابیان لەگۆڕەپانەکاندا کۆدەبنەوە.پاش وتارێکى دوورودرێژى بەڕێوەبەرو پێداهەڵدانێکى ئێکستراى بە حزبى بەعسدا، وەک هەمیشە مامۆستا کەمانچەژەنە ناسراوەکە دێتە بەردەم مایکرۆفۆنەکەو پاش مەدح و سەناى سەیدولرەئیس و حزبەکەى بەجۆش و خرۆشەوە ئاوازى گۆرانیى زێڕە دەژەنێت و چەند گۆرانیبێژێکى مێینەش کە لەشارێکى ترەوە هێناویانن لە دوویەوە دەنگى لێ بەرزدەکەنەوە. لەو کاتەدا بایەکى نەیار هەڵدەکات و قژە ماش و برنجییەکەى مامۆستاى کەمانچەژەن دەژاکێنێت و لاپەڕەکانى بەردەمى کە لەسەر ستاندێک راگیرکراوە بەحەوادا دەبات.لەم کەین و بەینەدا ژینا خۆى دەدزێتەوەو رێگەى ماڵەوە دەگرێتە بەر..بەدەنگى هەموو ئەو بڵندگۆیانەى کە پەیتا پەیتا گۆرانیى زێڕەو پۆڵارێزە دووبارە دەکەنەوەو لە هەموو سوچ و پەنایەکى کۆڵانەکانەوە دەنگیان دێت، وڕوکاس دەبێت. لەنێو ئەو ژاوەژاوەدا دەگاتە بەردەم دەرکەى ماڵەوەیان و پاش ئیستێک یەک لەدواى یەک هەموو دەرگا داخراوەکانى ماڵەوەیان دەکاتەوەو تا ژوورى خەوتنى دایک و باوکى راناوەستێت..لەوێدا کابرا میسرییەکە بەرووت و قووتى بەسەر دایکییەوە دەبینێ کەلەگەرمەى تەکانداندایە.. بەڵام ئاخ و ئۆف و وەیش وەیشى دایکى لەنێو دەنگ و سەداى بەرزى بڵندگۆکاندا بەحاڵ دەبیستێ.
لەو رۆژەدا کە هاتە لام فرمێسک بە چاوە سەوزەکانیدا دەهاتە خوارێ و پاش گێڕانەوەى چەند جارەى ئەوەى کەبینیبووى، لەپڕ بەچۆکدا هات و بە ریتمێک کە پاڕانەوەم تێدا دەبینییەوە، داواى ئەوەى لێکردم ئەو شتەى لەگەڵدا بکەم کە لە دایکى کراوە. زۆرم بەلاوە سەیر بوو، چونکە تا ئەو کاتەش گەرچى زۆر جاران بەرووتیش لەباوەشى یەکتردا خەوتبووین، بەڵام بیرمان لە شتێکى وا نەکردبۆوە، زیاتر چێژمان لە ماچ و مووچ و دەستەملانێ و تەپاوتلى نێو جێگا دەبینى.. هەندێ جاریش دەیکردمە مۆدێل و پاش ئەوەى رووتى دەکرمەوە، لەسەر تاکە کورسییەکى نێو ژوورەکەم دادەنیشت و جیا جیا سکێچى بۆ هەر بەشێکى لەشم دەکرد، بە تایبەتیش ئەو بەشانەى کە دەمارى هەڵئەوساویان تێدا بوو، لەهەمووشى سەیرتر ئەو چەند سکێچە بوو کە بۆ ئەندامى نێرینەمى کردبوو، بە چەشنێک شێواندبووى کە بۆ خۆشم باوەڕم نەدەکرد کە ئەوە ئەو بێت.
هێندەى نەبرد دوگمەى کراسەکەى ترازاندو سوتیانەکەى زۆر بە هێمنى لەدواوەڕا کردەوە، مەمکەکانى لە چاو جارەکانى تردا، کەمێک گەورەتر هاتە پێش چاوم، کە هێشتاکە شوێن مۆربوونەوەى ماچ و مژینى جارى پێشوومى پێوە دیاربوو.
دواتر زریزەى تەنوورە کورتەکەى بەرى کردەوەو پاش کەمێک دەرپێ گوڵگوڵینە تەنکە پەمەییەکەى هێنایە خوارێ و بەپەلە هاتە ژێر ئەو پەتۆ تەنکە رەنگ قرمزییەى کە لە ژێریدا راکشابووم.
نەمدەزانى بۆ لە ئێستادا ئەوەم وەبیرنایەتەوە کە ئاخۆ ئەوەى بۆ خۆى لێى داواکردم، کردم یان نا؟!

-5-

درەخت و گوڵ و رووەکە سەیرو عەجایبەکانى نێو باخچەکەى چواردەورى خانووەکەمان، باوکم پێش مردنى پاش ئەوەى کە لە دوورترین سەفەرێکى گەڕایەوە لەگەڵ خۆى هێنابوونى.
سەرەتا هەموو ئەوانەى باوکمیان دەناسى قەناعەتیان بەوە نەبوو هیچ کام لە نەمامى ئەو درەختە سەیرانە لە گڵەسووردا رەگدابکوتن و سەوز ببن، ئەمە بێجگە لەوەى کە سوێندیان بۆ دەخواردو دەیانگوت:
( مادامەکى ئەمانە هەموویان دارودرەختى وڵاتى گەرمن، مەحاڵەلەبەردەم ساردوسڕیى زستانى ئەم شارەو رەشەباکەیدا خۆیان رابگرن).
ئیدى موعجیزەکە لەوەدا بوو، ئەو درەختانەى کەساڵێک بوو روێنرابوون و سەوز نەبووبوون. پاش مەرگى باوکم لەو پاییزەدا هەر لە خۆیانەوە گەڵایان کرد، تەنانەت دواى ئەوەش بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر گەشەیان کردو هێندەیان لک و پۆپ دەرکردو پەل و پۆیان هاویشت، هەموو رێگەیەکى هاتنە ناوەوەى خۆرەتاویان بۆ نێو ماڵەکەمان بڕى و کردیانە کڵێسەیەکى شێدارى نێو حیکایەتەکان. ئەمە بێجگە لەوەى کە رووەکە بە چنگە سەرسەختەکان هەموو دیوارو سەربان و هەورەبان و سوچ و پەنایەکى ماڵەکەیان تەنى بوو..ئیدى دنیایەکى جوداو جیاواز لە هەموو ئەو دار و درەخت و رووەکە سەیرو سەمەرانە دروست بوو بوو.
شەوگەردى قەبارە گەورەى نا ئاسایى لەنێو رووەکە بەچنگەکاندا خۆیان مەڵاسدەدا، مێش و مێشوولەو هەموو چەشنە مێرووەکانى تریش سەر بە دنیاى نێو درەختانى شار نەبوون، پێدەچوو لەگەڵ درەختەکانى باوکم لەو کیشوەرە دوورەوە هاتبێتن.
هەر کاتێک کە ژینا دەهاتە لام سەرەتا بۆنى گوڵە سوورەکانى ئەو رووەکە هەمیشە سەوزەى دەکرد کە هەردەم بەدەر لە کاریگەریى کەشوهەوا و وەرزەکان ژمارەیەکى نەگۆڕ لە گوڵ و خونچەى پێوە بوو، هەر کە پڕ سییەکانى بۆنى بە گوڵەکانەوە دەکرد مەست و گێژ دەبوو، ماوەیەک بە چیچکانەوە بۆى دادەنیشت و نەیدەوێرا هەڵسێتە سەرپێ نەبادا لاقەکانى تێکبئاڵقێن و بکەوێت.
زەمەن لەژێر ئەو هەموو دارو درەختەدا بە زەمەنى ئاسایى نەدەچوو، زۆر بە هێواشى دەچووە پێش و لەوێدا هەموو شتێکت لەبیردەکردو بەڕاستى پێت وابوو لە کیشوەرێکى تردا دەژیت و دەنگ و سەداى دنیایەکى ترت دەهاتە گوێ، چاوت لە رەنگ و تارماییەکانى پانتاییەکى جوگرافیى تر دەبوو. هەر بۆیە من و ئەو لە ژێر قورسایى سێبەرى ئەو هەموو درەختەدا دەبووینە دوو بوونەوەرى تر، دوو بوونەوەرى رەنگ و شێوە جیاواز..رەنگە لە دەرەوەى ئەو پانتاییەدا هەردووکمان دوو مەخلوقى تر بووینایە، بۆنێکى جیاوازترمان لێ بهاتایە لەکاتێکدا لەوێدا بۆنمان بە بۆنى هەموو شتێکى نێو ئەو باخچەیە دەچوو کە زۆرجار دەگەیشتمە ئەو قەناعەتەى کە رەنگە لەراستیدا نەبێت و تەنها خەیاڵ و تەسەورى هەردووکمان چێى کردبێت. لەوێدا شێتانە حەزمان لەیەکتر دەکرد، شێتانە لە یەکترمان دەڕوانى، شێتانە بیرمان لە دەنگى ناقۆڵاى خۆمان و هەموو ئەو خەڵکە نەفرەتلێکراوەى ئەو شارە دەکردەوە.

-6-

هێشتاکە لە تابلۆکەم دەڕوانى و چاوم بۆ یەکێک دەگێڕا کە لەو نزیکانەوە وەستابێت و شتێکى لێ بپرسم، هەر چییەکم کرد زاتى ئەوەم نەکرد لە هیچ کامێک لەوانە نزیک ببمەوە کە تەنها بە هاڵاوى دەمیان لە یەکتر حاڵى دەبوون.
نوشتامەوەو لەوەدابوو دەست بدەمە تابلۆکە، کاتێکم زانى قاچ و قوولێکى سفت و سپى و بێ موو لە نزیکمەوە راوەستا، کە سەرم هەڵبڕى سەرەتا تەنوورە رەشە کورتەکەى سەرنجى راکێشام کە بستێک لە نێو قەدییەوە هاتبووە خوارێ، تیشۆرتە پەمەییەکەى بەرى هێندە تەنک بوو گۆى مەمکە قووتە بەرەڵاکانى بەئاسانى دەبیندران، بەچەشنێک کە سەرسامى دەکردیت.. ملوانکەیەکى لە هێلکە شەیتانۆکە دروستکراوى لەمل کردبوو، خاچێک لە نێوەڕاستییەوە هاتبووە خوارێ، گەردنە بەرزو رووکارە ئاڵە مەیلەو زەردەکەى درەوشانەوەیەکى سیحراوییانەى هەبوو..رەنگى چاوەسەوزە کەمێک تەڵخەکانى بە رەنگى ئەو دەریایە دەچوو کە لەساتەوەختێکدا پەڵە هەورێک دەیەوێت شتێک رەنگە ئاساییەکەى تێکبدات.
نەدەکرا لەو کاتەدا ژینا_م وەبیر نەکەوێتەوە، کە بەشێوە شتێکى ئەوتۆى لەگەڵ ئەو کچۆڵەیەدا فەرق نەبوو..ئەوەى بەلاشمەوە سەیربوو، تا ئەو ساتەوەختەش هێشتاکە یادەوەرییەکانى پاش ئەو دەمەى کە هەردووکمان لەژێر پەتۆ قرمزییەکەدا راکشابووین، وەبیر نەدەهاتەوە.
دواى ئەوەى دەستى دایە تابلۆکەو هەڵیگرت، چەند هەنگاوێک دوورکەوتەوەو لەپڕ لەشوێن خۆیدا راوەستاو ئاوڕێکى لێدامەوەو بە ئاماژەیەک تێیگەیاندم کە دەبێت وەدووى بکەوم.
بارانەکە بێ کەم و زیاد هەروەک خۆى دەبارى..سەرنجى پێڵاوە پاژنە بەرزەکانیمدا لە رۆیشتندا دەنگێکى زۆر دڵگیریان

دانپێدانانی ماسیەکان
گرافیکی گونتەر گراس ؛ دانپێدانانی ماسیەکان

هەبوو، دەنگى ریتمى رۆیشتنى و بارینى بارانەکە زۆر بەیەک دەچوون، لەو کاتەدا خۆم وەک گۆڵە سەگێک دەهاتە پێش چاو کەدواى دێڵە سەگێک کەوتبێت..بۆنى هەموو شوێنێکى جەستەیم دەکرد، لە هەمووشى خۆشتر ئەو بۆنە بوو کە لە مەمکۆڵانییەوە دەهات، بۆن و نمەى باران و دەنگى پێى کەشێکى سەیریان بۆ خوڵقاندبووم کەدەمێک بوو لێى بێبەش بووم..بیرم لەوە دەکردەوە ئاخۆ دەبێت پەنجەکانم چییان لێ بەسەر بێت ئەگەر بگەنە ژێر تیشۆرتە تەنکەکەى بەرى و بەر گۆى مەمکەکانى بکەون؟! دەبێت لێوەکانم چەند رەنگ بگۆڕن ئەو دەمەى دەگەنە گەردن و روومەت و لێوەکانى؟..سمت و کەفەڵى هێندە تورت و هەڵئاوساو بوون حەزو ئارەزوویەکى هەرزەکارانە بەنێو دەمارەکانمدا دەگوزەراو دەتگوت لە دنیایەکى تردام، یان لە خەونێکى قوڵدام و شەیتان خۆى لێکردوومەتە شیرینترین مێینەو تا شەیتانى نەبم دەستبەردارم نەبێت و ئێخەم بەرنەدات.
بەنێو باریکە کۆڵانێکى دوورودرێژى پاک و خاوێندا رۆیشتین و هێندەى نەبرد لە دەرکەى کراوەى خانوویەکەوە چووە ژوورێ، کە پانیى حەوشەکەى پێنج مەترێک دەبوو، وەدووى کەوتم تا ئەو دەمەى دەرگایەکى تریشى کردەوەو چووە ژوورێ..ئیدى لە ئاستانەى دەرگاکەدا قەدەرێک راوەستام، بەڵام پاش ئەوەى هیچ دەنگى نەبوو بەکاوەخۆ چوومە ژوورێ و لەسەر قەنەفەیەکى پان و پۆڕى رەنگ قاوەیى دانیشتم کە هەر بەجێگەى خەوتن دەچوو. ژوورەکە رێکخراو و پوخت بوو، دەیان شتى ئەنتیکاو تابلۆى بەنرخ بە دیوارەکانییەوە هەڵواسرابوو، ئەو تابلۆیەى کەیەکسەر سەرنجى راکێشام وێنەى راوچییەک بوو کە بە رمەکەى کارمامزێکى پێکابوو، بەڵام هێشتاکە لەسەر لاقان راوەستابوو..بە منداڵیش کەلەگەڵ باوکمدا چووبوومە دوکانى بلەى عەلاف، تابلۆیەکى لەو چەشنەم بەرچاوکەوتبوو، بەڵام لەجێى کارمامزەکە پڵنگێک بوو کە لەحاڵەتى شاڵاوبردندا راوچییەکە رمەکەى لەسەر سنگى چەقاندبوو..بۆ رۆژى دوایش زۆرم لە باوکم کرد تا بمباتەوە بۆ دوکانەکەى بلەى عەلاف، وامدەزانى دیمەنێکى ترم دێتە پێش چاو و هەر لەخۆمەوە لایەنگرى پڵنگەکە بووم و لەبەرخۆمەوە دەمگوت:
(پڵنگ ئازایە..بەنووکە رمێک هیچى لێ نایەت..هەر دەبێت تۆڵەى خۆى لە راوچییەکە بکاتەوەو بیکوژێت).
زۆر بەوردى سەیرى چەند تابلۆیەکى ترى ژوورەکەم کردو هیچم تێدا نەبینییەوە..لەناکاو تابلۆیەکى لێکچووى هەمان تابلۆى سێبەرى سەگەکەم بینى، بەڵام کە زیاتر لێى وردبوومەوە پەیکەرى تێکشکاوى کەشتییەکى کەنار دەریایەکم کەوتە بەرچاو کە لە باکگراوندى نێو قووڵایى تابلۆکە جێهێڵڕابوو، سێبەرى سەگەکەش لە سێبەرى سەگى تابلۆکەى تر زیاتر پەشۆکاو و شپرزە بوو، لەوەش نەدەچوو چاوە شینەکانى تین و گوڕى تێڕوانینیان تێدا مابێت.

-7-

گچکە باڵندەیەکى دەنووک بچکۆلەى مەیلەو زەرد لە دەرگاکەوە هاتە نێو ژوورەکەو پاش کەمێک باڵەفڕە لەسەر رووەکێکى نێو ئینجانەیەکى سووچێکى ژوورەکە هەڵنیشت.. دوو کچ لەو دەرگایەوە هاتنە دەرێ کە پێشتر کچەکەى ترى پێدا چووبووە ژوورێ.
پرچ زەردەکەیان بە سەرسامییەوە سەرنجى دام و پاش هەڵوێستەکردنێکى کەمخایەن، ئاگام لێبوو بەوەى تریانى گوت:
(خۆ نامناسێتەوە).
نەمزانى چۆن لە ژوورەکە هاتمە دەرێ و وەدوویانکەوتم، هێشتاکە لە هەمان ساتەوەختى عەسرى ئەو رۆژەدا بووین و پێدەچوو زەمەن لەو ئاستەدا راوەستابێت. لەرێگا کچە پرچ زەردەکەیان چووە لاى کابرایەکى زرتەزەلامى رەشتاڵە کەلەسەر کورسییەکى تەختە دانیشتبوو، بێباکانە و زۆر بە قووڵى مژى لە ئاغزى نێرگەلەکەى نێو لەپى دەستى دەداو دووکەڵەکەى بەبا دەکرد.
کچەکەى تریان کە ئەسمەرێکى پرچ رەش بوو، لێم نزیک بۆوەو بەگوێمدا چرپاندى:
(مەهێڵە لەو زرتە زەلامە نزیک بێتەوە، تا بڵێى کابرایەکى بەدو بێنامووسە، لێرە هەمووان باش دەیناسن و دەزانن تەنها ئیشێکى گەوادییە).
گوێم نەدایە قسەکانى و پاش کەمێک هەروەک ئەوەى گەمان بکەین، من کەوتمە پێشیان و ئەوان وەدووم کەوتن. دواتر ئاگام لە چوونە پێش و چەشن و چۆنیەتى هەنگاوەکانم نەما، نغرۆى داڵغەیەکى قووڵ بووم و لەزەینمدا بۆ سەرە هەودایەک دەگەڕام تا لەوێوە بچمە نێو ئەو زەمەنەى کەئەو کچەم تێدا ناسیبوو..کاتێک ویستم هەڵوێستەیەک بکەم و لەشوێن خۆمدا رابوەستم، درکم بەوەکرد کە توومەزە هەر لەهەوەڵەوە لەشوێن خۆمدا راوەستاوم و ئەویش لەبەردەممدا راوەستاوەو تیمدەڕوانێت.
کەچاوم هەڵهێنا تەنها گلێنە سەوزەکانى چاوى سەرنجى راکێشام، هەروەک ئەوەى دەست بۆ وێنەیەک بەرم، ئاوا دەستم بە گلێنەکانى چاویدا هێناو هەر لەخۆمەوە بە نینۆک هەڵمکڕاند، سەیرم کرد رەنگەکەى لێ نابێتەوە.
گوتى:
(من ژینام نامناسیتەوە؟!)
نەدەکرا ئەو بێت، گەرچى هەستم دەکرد ئاشنایەتییەکم لەگەڵى هەیەو شتێک پێکەوەمان گرێ دەدات، بەڵام بێجگە لە چاوە سەوزەکانى هیچ شوێنێکى ترى لە ژینا نەدەچوو، دوا وێنەى ژینا لە زەینمدا پەیوەستبوو بەو ساتەوەختەى کە بۆ دواجار هاتە ژێر پەتۆ قرمزییەکەمەوە، لەو رۆژەدا کە پیاوە میسرییەکە خەریکى دایکى بوو. لەناکاو ئەو کچەى کەدەیگوت من ژینا_م دایە پڕمەى گریان و باوەشى پێداکردم، نەدەکرا باوەڕ بەوە بهێنم کەئەم ئەو بێت..ئەستەمبوو گەیشتبێتە شارى شۆلۆ..ئەمە جگە لەوەى هیچ لۆژیکێکم لەوەدا نەدەبینییەوە کەلە ئێستادا لەهەمان تەمەنى ئەو دەمەى ژینا_دا بێت.
گوتى:
(ناکرێت منت لەیادکردبێت، وەبیرت دێت لەسەر داواى خۆت تابلۆى سێبەرى سەگێکم بۆ کردیت؟ هەردەم پێت دەگوتم سێبەرى ئەو سەگە ژیانى لێ هەراسان کردووم و لەهەر کاتێکدا بمەوێت بەختەوەر بم ئەو لە سووچ و پەناو شوێنێکەوە خۆیم پیشان دەدات و بەدەنم ئیفلیج دەکات و رۆژى رووناکم لێ دەکاتە شەوى تار.. بەبیرت دێت ئەو کاتەى کەهێشتاکە منداڵ بوویت دایکت زوو زوو دەیبردیتە سەر پیاوچاکان و موشایەخان تاچاک ببیتەوە.. باشە هەر سێبەرى ئەو سەگە نەبووە هۆکارى ئەوەى کە نەچیتە نێو تاقیکردنەوەکانى دواهەمین ساڵت لەبەشى شانۆ و هەر لەبەر ئەویش نەبوو منت لەژێر پەتۆ قرمزییەکەدا بەتەنێ جێهێشت؟).

-8-

پاش قسەکانى ئەو کچەى کە دەیگوت من ژینا_م، تەنها چەند شوێنێکى سێبەرى سەگەکەم دەبینى کە لەنێو کۆڵانێکى گەڕەکە دێرینەکەدا شوێنگۆڕکێى دەکرد. کەبەتەواوى هاتە پێش چاوم و لە پێشمەوە کەوتە رێ بەکاوەخۆ وەدووى کەوتم و بردمیە نێو حەمامێکى رۆژەهەڵاتییانە..دواى ئەوەى چووینە نێو گەرمخانەکەى، بینیم سەدان پیرەمێردى بەساڵاچوو بە رووت و قووتى لەسەر سەکۆ جیاجیاکان دانیشتوون، دەنگى بەردەوام و یەک لەدواى یەکى بەربوونەوەى جامەکانى دەستیان ئیقاعێکى ترسناکى هەبوو.. لەو ساتەوەختەدا ئاگام لە سێبەرى سەگەکە نەماو روانیمە ئەو پیرەمێردە جەستە رەق و تەقانەى کە ددانێک چییە لەدەمیاندا نەمابوو.. پاش کەمێک لەوە حاڵى بووم کە هەموو پیرەمێردەکان بەشێوە لەیەکتر دەچن و هەر هەمووشیان بەیەک شێوەى سامناک و سەیر تێم دەڕوانن و دەتگوت دەیانەوێت شتێکم پێ بڵێن.
خەریکبوو بچمە دەرێ، کاتێک یەکێکیان گوتى:
(ئێستا حیکایەتخوانەکە دێت و وەک هەموو رۆژێک هەمان حیکایەتمان بۆ دەگێڕێتەوە، حەز دەکەین تۆش گوێڕادێرى بیت).
ئەوەندەى نەخایاند زرتەبۆزێکى رەش ئەسمەر بە رووت و قووتى هاتە نێو گەرمخانەکەى حەمامەکەوە، هەر لە هەوەڵەوە زامە قووڵەکانى زۆر شوێنى جیاجیاى جەستەى سەرنجیان راکێشام.. بەڵام سەیر لەوەدا بوو چەقۆ زۆر درێژە نووک تیژەکەى دەستى، هێندەى زامەکانى سەرنجى رانەکێشام.
لەسەر سەکۆیەکى نزیک حەوزە گەورەکەى نێوەڕاستى گەرمخانەکە کەهاڵاوى لێ هەڵدەستا دانیشت وگوتى:
( وەک هەموو جارێک کە بۆتان دەگێڕمەوە و پێتان دەڵێم من بەڕەچەڵەک دەچمەوە سەر نەوەى یەکێک لە فیرعەونە دەنگخۆشەکان کە تەنها فیرعەونێکى گۆرانیبێژى نێو نەسلى فیرعەونەکان بووە.
لەرۆژگارێکدا و پاش بینینى خەونێک کە تا ئێستاش هیچى لێ حاڵى نەبووم، بڕیارمدا بچمە شارى مەخلوقە دەنگناخۆشەکان، بەسەرهاتى مەخلوقەکانى ئەو شارەشم لە کتێبێکى کۆندا بەرچاوکەوتبوو.
هەر ئەوەندەى گەیشتمە شارەکەو پاش چەند رۆژێک لەبەردەم قەسابێکدا نارەنارێکم لەزار هاتە دەرێ و پێم وابوو رەنگە خۆشحاڵ بێت و لەوێدا بتوانم گۆرانییەک بڵیم..بەڵام تووڕەبوونى گەیشتە رادەیەک، ئەگەر پیاوەکانى سەیدولرەئیس فریام نەکەوتبان ئەو رێک و راست لەپاڵ ئەو ئاژەڵانەى کەسەربەرەوخوار بە قولاپەکاندا هەڵیواسیبوون هەڵیدەواسیم.
دواتر لەوە حاڵیبووم کەخەڵکى شارەکە، بەهەموو دەنگێکى خۆش هستریا دەیانگرێت و حاڵیان لێ دێت، تەنانەت منداڵەکانیشیان هەر لە منداڵییەوە فێرى ئەوە دەکرد کە هەموو چەشنە باڵندەیەکى دەنگخۆش بکوژن و بۆ ئەمەش چەشنى جۆراوجۆرى دارەلاستیک لەو شارەدا دروست دەکرا، خڕکە بەردى نووک تیژیشیان لەقەراغ چەمێکى دوورەوە بۆ کوشتنى باڵندەکان دەهێنا و لە بازاڕدا دەیانفرۆشت. لەو شارەدا دەستم کرد بەچاککردنى هەموو کەلوپەلێکى کارەبایى نێو ماڵان.. هێدى هێدى لەوە حاڵیبووم کە دەتوانم لەژێر زەمینى ماڵەکاندا گۆرانى بۆ مێینە شەهوەتبازەکانیان بڵێم، ئەو مێینانەى بە بیستنى دەنگم سەرسام دەبوون و بێجگە لەماجەراى حیکایەتەکانى نێو گەڵى پیاوان هیچ شتێکى تریان نەدەزانى و لە هیچ کەشوهەواو وەرزێکیشدا دەرپێیان لەپێ نەدەکرد و هەمیشە رێیان بەهەموو چەشنە بایەکى ساردو گەرم دەدا، بەنێو گەڵە هەڵئاوساوەکانیاندا گوزەر بکات. لەو سەردەمى شەڕو شۆڕو تۆپبارانەدا، بەتایبەت ئەو دەمانەى سەرجەم خەڵکى شار شپرزەى رووداو و کارەساتەکان دەبوون، من لەیەکێک لە ژێر زەمینەکاندا گۆرانیم بۆ مێینەیەک یان چەند مێینەیەکى هاوچەشنى ئەو شارە دەگوت.
لەو کاتانەدا زۆر بەختەوەر بووم، چونکە توانیبووم تۆڕێکى نهێنى بۆ خۆم بچنم و لە پشت دنیاى شارى دەنگناخۆشەکانەوە شارێکى تر بنیات بنێم کە پڕبوو لە دەنگى سیحراوى خۆم. مێینەکانى ئەو شارە لێویان بە زەردە توێژاڵێکى تەنکى هەنگوین دەچوو.. نیگاکانیشیان بە پانتایى ئەو بیابانە دەچوو کە موسا لەتاو فیرعەون رووى تێکردبوو. ئیدى رێکەوتێک ئەو دنیایەى پێ جێهێشتم و منى ناردە نێو ئەم دنیایەى کە نەدەکرێت گۆرانیى تێدا بڵێم و نە لێرەشەوە دەنگم بە کەس دەگات، رێکەوتێک بوو کە نەدەبوو رووبدات!.
ژنە شۆفێرێکم ناسى و پاش ماوەیەک لە یەکێک لەو رۆژانەى کەخەڵکى شار یادى خۆشترین رۆژێکیان دەکردەوە، چوومە لاى و لەوەدابوو وەک هەموو جارێک بچمە ژێرزەمینەکەیان تا لەوێدا گۆرانى بۆ بڵێم، بەڵام گوتى:” لەم ژاوەژاو و هەراو زەنایەدا دنیا لێمان بێخەبەرەو کەسیش گوێى لە دەنگت نابێت، با ئەمڕۆ بچینە ژوورى خەوتن و لەوێدا گۆرانییەکانم بۆ بڵێ “.
بەشادمانییەوە لەگەڵیدا چوومە ئەوێ و وەک هەمیشە چۆن لەکاتى گۆرانیگوتندا لەگەڵ مێینەکاندا لێى رادەکشام، بەو چەشنە لێى راکشام و ئەویش لەپاڵمدا راکشاو رەنگە زووربەى ئاوازە سیحراوییەکانى سەردەمى فیرعەونییەکانم بۆ یەکەمجار لەوێدا بۆ ئەو گوتبێت.
پاشان نازانم چى روویدا، رەنگە لەتاو گۆرانیگوتن، لە هۆش خۆم چووبێتم و ئاگام لەخۆم نەمابێت.. بەڵام کە لەم حەمامەى ئێوەدا بەئاگا هاتمەوە، هێشتاکە هەموو زامەکانى جەستەم خوێنیان لێ دەچۆڕا).

-9-

کەلە حەمامەکە چوومە دەرێ سێبەرى سەگەکە لەپەنایەکدا چاوەڕێم بوو.. نەمدەزانى دەمباتە چ شوێنێکى تریش، دەبوو سەرجەم یادەوەرییەکانم وەبیربێتەوە، بەڵام وەبیرهاتنەوەى یادەوەرییەکان تا ژێر پەتۆ قرمزییەکە بڕى دەکرد..دەمزانى لە پاش ئەوەشەوە دەیان یادەوەریى تر هەیە و هێشتاکە لە زەینمدا شاردراوەیە، هەستم دەکرد سێبەرى سەگەکە لە زۆرشت ئاگادارەو شایەتێکى زیندووى رووداوەکانە.
هەوڵمدا نەخۆشخانە دەروونییەکانى شارەکە بێنمەوە پێش چاوم، بەڵام سەیر لەوەدا بوو بینایەکى سەربان و سەردیوار تەلبەندکراوم لەبەر چاودا بەرجەستە دەبوو، کەئاڵایەک بەسەرییەوە دەشەکایەوە.. چەندم کرد نەمتوانى دکتۆرەکە بە جلى پزیشکییەوە ببینم، وەک ئەفسەرێک دەهاتە پێش چاوم، لەکاتێکدا بریق و باقى ئەستێرەکانى سەرشانى ئاوى چاویان دەبرد.
لێَدان و تێهەڵدانى نێو ئەو شوێنەم وەبیر دەکەوتەوە، هەستم بە ئازارى زۆر شوێنى جەستەم دەکرد..قولاپى بنمیچەکەم بیرکەوتەوە کە پاش ئەوەى هەردوو دەستمیان لەپشتڕا کەلەپچە دەکردو قایشێکیشیان تێدەپێچا بەوێدا هەڵیاندەواسیم و وایەرێکى نەرمیان لەسەرى زەکەرم دەبەست و پاش هەڵسوڕانێکى خێراى دەسکى ئەو ئامێرەى جەمالى مفەوەزى ئەمن لە ئامێزى خۆى دادەنا، تەزوویەکى پڕ ئازارى بێزارکەر لەو شوێنە هەستیارەوە دەچووە نێو هەناوم و زۆر جار خۆم پێ رانەدەگیراو چۆڕە چۆڕ میزى خوێناوى لەکونى چووکمەوە فیچقەى دەکرد.دەنگى خۆم وەبیردەهاتەوە، کە پڕ بەدەم هاوارم دەکرد..وامدەزانى لەنێو ئەو کۆڵانەى کە لەو کاتەدا پێیدا تێپەڕدەبووم، سەداى دەنگى ئەو هاوارەى خۆم دەبیستم. دەمویست بگەڕێمەوە ژێر پەتۆ قرمزییەکەو لەوێوە دەستپێبکەم، لەوێوە سەرەهەوداى هەموو ئەو بەسەرهاتە بدۆزمەوە کەدەبوو لە قوڵاییەکانى زەینمدا خۆى حەشاردابێت.
هێشتاکە لەهەمان ساتەوەختى ئەو عەسرەدا بووم، نەمدەزانى ئەو کۆڵانەى کە تابلۆکانى تێدا دانرابوو، دەکەوێتە چ لایەکى ئەو کۆڵانە فراوانەى کە لەو دەمەدا پێیدا رەتدەبووم. گەڕەکەکە زۆر لەوە گەورەتر بوو کە من تەسەورم کردبوو، پێدەچوو بێکۆتا بتوانیت لە نێویدا هەنگاو بنێیت.
سێبەرى سەگەکە لەچەقى کۆڵانەکەدا راوەستاو بە کووچەیەکى کەمێک هەورازدا هەڵگەڕا، وەدووى کەوتم.. هەر کە

گرافیکی گونتەر گراس ؛ ساڵی سەگ
گرافیکی گونتەر گراس؛ ساڵی سەگ

گەیشتینە بەردەم باخچەیەکى گەورە بازێکى بەسەر پەرژینەکەدا داو چووە ژوورێ، منیش هەروەک ئەوەى کەسەگێک بم زۆر بەئاسانى و بەهەمان شێوە بازم بەسەر پەرژینەکەدا داو چوومە نێو باخچە چڕوپڕەکە. رووەکە بەچنگەکان دیوارو سەربان و هەورەبانى خانووەکەى داپۆشیبوو، شەوگەردێک لە سەروو دەرگاى سەرەکیى خانووەکە هەستى راگرتبوو، زووربەى ژوورەکانى نێو خانووەکە چۆڵ و هۆڵ بوون، تەنها لە ژوورێکى لاچەپەکدا کەلوپەلت دەبینى کەکورسى و مێزێک و دەیان تابلۆى هەڵواسراو و بارێک کتێبى کەڵەکەبووى تێدا بوو. لەهەمووشى سەیرتر ئەو سیسەمە بوو کە پەتۆیەکى قرمزیى بەسەردا درابوو کە هەر دەتگوت سیسەمەکەى خۆمە.
یەکێک لە تابلۆ هەڵواسراوەکان وێنەى سێبەرى سەگێک بوو کە لە دەرگاى ژوورێکەوە دەیڕوانییە دوو جەستەى راکشاوى ژێر پەتۆیەکى قرمزى.
چوومە ژێر پەتۆ قرمزییەکەو بۆ تاوێک بە راکشانەوە لەبنمیچى ژوورەکەم روانى، کەشێ و دڵۆپەکردنى ساڵانێکى دوورودرێژ زۆر شوێنى پەڵەپەڵەکردبوو، تێکەڵەیەک بوو لە هارمۆنییەتى رەنگ کە دەکرا بە رەنگە جیاوازەکانیاندا ژمارەى ساڵەکانى تەمەنى ئەو ژوورەى پێ بزانیت.
بۆ تاوێک پێڵووەکانم لێکناو هەوڵمدا بیر لە هیچ نەکەمەوە. کەچاوم هەڵهێنا هەر دەتگوت لەو ساتەوەختەى ئەو رۆژەدام کە ژینا بۆ دواجار هاتەلام، هێندەى نەبرد هەر بەڕاستى بەهەمان جلوبەرگ و شێوەو ئاکارى ئەو رۆژەوە هاتە ژوورێ.. هەمان ئەو شتانەى دووبارە دەکردەوە کە لەو رۆژەدا کردبوونى، دواتر هاتە ژێر پەتۆ قرمزییەکەو گوتى:
( دەئێستا ئەوەم لەگەڵدا بکە کە پێم گوتى).
نەدەهاتە بیرم ئاخۆ لەو رۆژەدا ئەوەم لەگەڵدا کردووە کە لێى ویستووم، یاخود..!
هەستامە سەرپێ و تا نەگەیشتمە بەر دەروازەى مابەینى خانووەکەى خۆمان و ئەوان رانەوەستام، سەیرێکى هەموو ئەو درەختانەم کرد کە جیاواز لەو کاتانەى کەبەڕاستى لەنێویدا دەژیام، هیچ سیحرو تەلیسمێکى باخچەکەى جارانیان نەبوو.. گوڵە سوورەکان بۆنیان نەبوو، هەر بەوە دەچوو کەهەموو شتێکى ئەو باخچەیەت لەمادەیەکى بێ گیان دروستکردبێت. چوومە ئەودیوى دەروازەکەو تا ژوورى خەوتنى دایک و باوکى ژینا رانەوەستام، زرتە بۆزە میسرییەکە بەسەر دایکى ژیناوە بوو، لەکاتێکدا هەردووکیان خوێن لە زۆر شوێنى جەستەیانەوە دادەچۆڕا، هەروەک ئەوەى دەیان دەست و بە دەیان چەقۆى نووک تیژى زۆر درێژ سەراپاى جەستەى ئەو دوانەى بەو حاڵە گەیاندبێت، نەدەچووە ئەقڵمەوە دەستە ناسکەکانى ژینا بووبێتە دەیان دەست و ئەو دوو بوونەوەرەى ئاوا لێکردبێت.
کە بەشپرزەیى گەڕامەوە ژینا لەژێر پەتۆ قرمزییەکەدا دەگریا.. کەهەستى پێکردم سەرى بەرزکردەوەو گوتى:
( من نەمکوشتون و ناشزانم کێ کوشتونى!).
نازانم بۆ لەو کاتەدا گوتم:
( بچۆرە مەخفەرى پۆلیسى دەستەراستى کۆڵانەکەمان و بڵێ کوڕە شێتەکەى دراوسێمان دایکم و کابرایەکى پێکەوە کوشتووە..بڵێ هەر ئێستا لە پەیمانگە گەڕامەوەو کەچوومە ژوورێ ئەو بەچەقۆیەکى زۆر درێژى نووک تیژەوە هەڵدەهات).
ئیدى پاش ئەوەى بۆ ماوەى سێ ساڵ ئاگام لە هیچ هەواڵێکى ژینا نەما.. کە لەنەخۆشخانەش هاتمە دەرێ، هێشتاکە نەچووبوومە ماڵێ کە پیرەژنێکى خزمى دایکمم لەنێوەڕاستى راستەرێیەکدا بوو بەتووشەوە کە هەمیشە بەپێى پەتى دەگەڕا.. بەبێ هیچ هەواڵپرسین و چەندو چوونێک گوتى:
( پاش ئەوەى تۆ دەستگیرکرایت.. ژینا بەوەى زانیبوو کەدووگیانە، هەر بۆیە بەبێدەنگى خۆى سووتاند..یاخوا دەستت خۆش بێت، بەخوا ئەگەر ئەو میسرییەت نەکوشتایە تائێستا نیوەى کچ و ژنى ئەم شارەى خراپکردبوو!).
پێش ئەوەى پیرەژنەکە جێبهێڵم، بەدەنگێکى پڕ سۆز و بەزەییەوە گوتى:
( کوڕى خۆم باشە بۆ خۆت کابرا میسرییەکەت بەسەر ژیناوە بینى، یان بۆ خۆى بۆى باسکردیت، وەک دەڵێن پاش رابواردنى لەگەڵ دایکى.. ئەویشى سەقەتکردووە!؟).
لەو ساتەوەختە کرچ و کاڵەدا سێبەرى سەگەکە وەک عیفریتێک بەسەر سەرمەوە راوەستابوو، هێندە گەورەو زەبەللاح بوو کەپێدەچوو هەموو ژوورەکە سێبەرێکى ئەوبێت.
پێش ئەوەى چاوەکانم لێک بنێم و بۆ دواجار بە پەتۆ قرمزییەکە سەرى خۆم دابپۆشم، سێبەرى سەگەکە وەک خۆى لێهاتەوە و هێدى هێدى خزایە ژێر پەتۆکەو بەتەواوى خۆى پێوە نووساندم.. هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە کە رۆژێک دادێت من لەگەڵ سێبەرى سەگێکدا دەخەوم..هەستم بەهانکە هانک و هەناسەى گەرمى دەکرد.. گوێم لە خیزە خیزى سنگى بوو.. پێدەچوو ببێتە بەشێک لەمن و بێتە ناومەوە، ئەگەر هەر لەبنەڕەتەوە بەشێکى من نەبووبێت و لە زەمەنێکدا وەدەرم نەنابێت!.پاش قەیرێک لەبێدەنگى، بێجگە لە خۆم هیچ کەسێکى تر لەژێر پەتۆ قرمزییەکەدا نەبوو!.
گوێم لەدەنگى لێدانى دڵم بوو بە دەنگى لێدانى دڵى سەگێک دەچوو.. سەگێک کە چەند ساتێک لەمەوپێش تەنها سێبەرێک بوو، بەڵام پێدەچێت منیش لەمەودوا وەک ئەو سەگە تەنها سێبەرێک بم.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.