مار و مریشک لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

باخچەی شاهانەی مرۆڤ و گرتووخانەی ئاژەڵان لە هەولێر


Loading

باخچەکانی ئاژەڵان 

لە باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی و باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

ئاشکرایە بوونی باخچەی ئاژەڵان لە هەر جێیەک پڕۆژەی بازرگانییە، بە ڕەتاندنی ئاژەڵان و فرۆشتنەوەی بێڕێزی و گەمەپێکردنیان بە خەڵکی، وەکوو کەرەستەی سەرگەرمی. ئەمڕۆ چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان و ژینگەپارێزی لە سەرانسەری جیهانەوە ئیدانەی هەبوونی «باخچەی ئاژەڵان» دەکەن بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەڵبەت زۆر لە خەڵکانی سڤیلیش بە هەموو چین و توێژەکانەوە خۆشییان بە بینینی گیانداران نایەت لەناو قەفەسدا. بەناو باخچەکانی ئاژەڵان وەک باوە، بۆ فریودانی سەردانکەران و ڕای گشتی لە هەوڵی لاساییکردنەوەی ژینگەی سروشتیی ئاژەڵەکاندان، تا وا دەریبخەن خۆشگوزەرانی گیاندارەکانیان بۆ گرنگە و بایەخ بە پێداویستییەکانیان دەدەن. بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، ڕازاوەترین باخچەکانیان نەک هەر ناگەنە سێبەرێکی جەنگەڵ و دارستانەکان، بگرە بەدترین بەندیخانەن و یەک بە یەکی ڕۆحلەبەرەکانی ناوی مەحکوم بە ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی و جەستەیین. 

 

باخچەکانی ئاژەڵان لە باشترین بارودۆخەکانیاندا زیندانی تاهەتایین و پشت تەلبەندەکانیان تژییە لە حەقیقەتی تراژیدی. لەوێ ژیانی ئاژەڵان خاڵیییە لە هەر مانایەک کە سروشتی بوونیان هەیبێت. ئەوان لە مەودای بچووک بچووکدا دیل و دەستبەسەرن و ئازاد نین لەوەدا کەی نان بخۆن، چۆن بجوڵێن و چەند بڕۆن یاخود چەند بفڕن، نزیک کێ بن و جێگاکەیان لەگەڵ کێدا بەش بکەن. خێزانەکان لەیەک جودادەکرێنەوە، دەدرێن بە قەرز و دەفرۆشرێن و لەم باخچە بۆ ئەو باخچە دەگوازرێنەوە. هەر ئاژەڵێک بە هۆکاری وەک پیری و نەخۆشکەوتن سەرنجی خەڵکی ڕانەکێشا و پارەی زۆری بۆ پەیدانەکردن وا باوە بیکوژن. زۆرجار ئاژەڵی ساغیش دەکوژن تا جێی ئەو ئاژەڵانە بکەنەوە کە خواستی زیاتریان لەسەرە. زۆرجار نزیکیی قەفەسی ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان و ئەوانەی کە لە سروشتدا دەکرێت نێچیریان بن، دەبنە مایەی دڵەڕاوکێ و ماندووبوونی مێنتاڵی هەردوولایان. ئەو گیانلەبەرانەی لەگەڵ مرۆڤدا پەیوەندیان هەیە، ناچارن بەوەی ڕۆژ تا بەیانی بە ویستی سەردانکەران لە وەڵامدانەوە و هەلەکەسەمادا بن. نالەباری جێگە و کەمی جۆش و خرۆش لە ژیانی ڕۆژانەی ئاژەڵەکاندا دەبنە هۆی ئەوەی زۆربەی گیاندارەکان لە ڕۆتینێکی تاقەتپڕوکێندا وەکوو یەک هەڵسوکەت بکەن، کە ئەمە لە سروشتدا ئاستەمە ڕووبدات. بۆ نموونە دەبینیت گیاندارەکان بە گشتی بە لەش داهێزراوی کەوتوون، یان لەمسەر بۆ ئەوسەری قەفەسەکە لە هاتوچۆدان یاخود بەدەوری خۆیاندا دەسوڕڕێنەوە، خۆیان دەلێسنەوە یان گاز لە خۆیان دەگرن. مەلەکان باڵەفڕەی قوتاربوونیانه یانیش بێئومێدانە دەنووکیان لەناو گیانی خۆیاندایە و پەڕەکانیان هەڵدەکەنن. هەمیشەش باخچەکانی ئاژەڵان بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین جۆری گیانلەبەران، ئاژەڵگەلێک لە قاڕە و وڵاتانی ترەوە دەهێنن کە هەرگیز ژینگە و ئاوهەوای ئەو وڵاتەی بۆی دەگوازرێتەوە لەبار نییە بۆی. بەڵێ هەموو ئەم دژوارییانەی ئاماژەمان پێدان تنۆکێکن لە دەریای ئەشکەنجە و ئازاری گیانلەبەرانی باخچەکانی ئاژەڵان بە گشتی، بەو مانایەی کە هیچ باخچەیەکی ئاژەڵان نییە خاڵی بێت لەو ناڕەوایەتییەی دەرهەق بەو ڕۆحلەبەرانە دەکرێت. نا بگرە تا ئێرە سانا و قبوڵکراوە لەلایەن ڕای گشتییەوە و کەمنین ئەو کەسانەشی کە پشتگیری هەبوونی باخچەی ئاژەڵان دەکەن. بەڵام ناهەقییەکانی باخچەکانی ئاژەڵان بەمەندە کۆتایی نایەت و لەم ئاستەدا ناگیرسێتەوە، نەخێر بەڵکە لەو وڵاتانەی یاسا بۆ پشتگیری مافی ئاژەڵان نییە و مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر گیانلەبەران قەدەغە نەکراوە، تاوان دەرهەقیان لەڕادەبەدەرە، وەک نموونە: برسی و تینوویان دەکەن تا لەبەرانبەر پێدانی ناندا ناچار بە چالاکیی تایبەتیان بکەن. نینۆکی شێر و پڵنگ و چڕنوکداران هەڵدەکێشن بۆئەوەی کاتێک سەردانکەران دەستیان لێ دەدەن، بریندار نەبن … بێگومان هەموو ئەو تیرۆر و توندوتیژییانەی لەو باخچانەدا دەرهەق بە ئاژەڵان دەکرێن لەپێناو ئەوەدایە بە فریودان و کەیفخۆشکردنی گەشتیاران پارەی زیاتر دەستەبەر بکەن. بەڵێ تاوانەکان ئێجگار هەمەجۆر و ناڕەوان و چاوپۆشییکردن و بێدەنگبوون لێیان بەشداری و ڕێدانە بە کردەی قێزەونی تاوانکاران …

 

مار و مریشک لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

دروست پاڵنەری نووسینی ئەم گووتارەم وێنەی ئەو مار و مریشکەیە کە لە «باخچەی ئاژەڵانی هەولێر» گیراوە! وێنەیەک بۆم قورسە باوەڕ بکەم مرۆڤ هەبێت بیبینێت و بروسکە بە دڵیدا نەیەت. ئەدی ئەو کەسەی مریشەکەکەی لەویادا داناوە دڵی چۆن بووە؟! ئەی ئەو لێپرسراوانەی بڕیارەکەیانداوە و پێداگیریش لە سانایەتی دیاردەکە دەکەن و دەیانەوێت بڵێن ئەوە یەکەمین و دواهەمین مریشکی زیندوو نییە دەیکەینە خۆراکی مارەکانمان.. ئاخۆ دڵ، ویژدان، مۆراڵ هیچێکیان لەمانە هەیە؟! 

 

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر کە سەر بە کەرتی تایبەتە و وەبەرهێنەری ناوخۆیی خاوەندارێتی دەکات. یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی کوردستان. باخچەکە لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ دۆنم زەوی دروستکراوە، تێچووی پڕۆژەکە ٩٠ ملیۆن دۆلارە و لە یەکێتی باخچەی ئاژەڵانی ئاسیا و ئەورووپا ئەندامە! خاوەنی پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، «هێرش تەیار» لە لێدوانێکیدا لەگەڵ (ئاژانسی ئانادۆڵ) دەڵێت: “بیرۆکەکە لە سەردان و گەڕانی وڵاتانەوە دروست بوو، بۆ ئەوەی بەدوای ئەو خاڵانەدا بگەڕێین کە دەبێتە هۆی دروستکردنی وەبەرهێنان و جووڵەی بازرگانی. سەردانی باخچە گەورەکانی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا و ئەفریقامان کرد، بۆ ئەوەی بیرۆکەی مۆدێرنمان لەسەر پڕۆژەکە هەبێت، بە جۆرێک بتوانین ئەو گلەییانە بڕەوێنینەوە کە چالاکان دەربارەی مافی ئاژەڵ هەیانبووە.”

بەڵێ وەکوو خۆیان دەڵێن بیرۆکەکەیان وا بۆ دروست بووە کە بە گەڕان بە وڵاتاندا بەدوای ئەو خاڵانەدا وێڵبن کە دەبنە هۆی دروستکردنی وەبەرهێنان و جووڵەی بازرگانی. وەکتر گومانم هەیە کە بە مانای وشە لە غەمی گوزەران باشیی گیانداراندا بن و دروست کاریان بۆ ئەوە کردبێت دڵەڕاوکێی داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان بڕەوێننەوە، دەنا چۆن گرنگترین یاسای مافی ئاژەڵپارێزییان فەرامۆش دەکرد و بەسەر ئەوەدا تێپەڕدەبوون کە لە وڵاتێکی وەک سوید لە ئەورووپا، پێدانی نێچیری زیندوو بە ئاژەڵانی گۆشتخۆر بە هەموو جۆرەکانیانەوە قەدەغەیە و سەرپێچیکەرانی ئەم بڕیارە دووچاری سزا دەبنەوە. 

 

جێی باسە وێنەی ئەو مار و مریشکە باوکێکی شاری هەولێر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردبووەوە و سکاڵای ئەوەی کردبوو کە لە کاتی سەردانکردنیاندا بۆ باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، دوای ئەوەی منداڵەکانی ئەو دیمەنە ناڕەوا و ترسناکەیان بینیوە، خۆشی هەموو ڕۆژەکەیان لێ دەرهاتۆتەوە و ئەو مریشکە ستەملێکراوەیان لەبەرچاو لانەچووە کە لە ترسدا لە سووچێکدا وەستاوە و بێچارە چاوەڕێی ئەو چارەنووسە سامناکەی دەکات کە مرۆڤ بۆی داناوە! 

پاش ئەمە هەر لە ڕێی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەڵامی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر بڵاوبووەوە کە دەڵێن: “مار دەبێت بە زیندوویی مریشکی پێ بدرێت، ئەگەرنا نایخوات!”

 

لە باخچەی ئاژەڵانی سلێمانی و باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

هەڵبەت ئەم وەڵامە تەنها کەسانێک باوەڕی پێدەکەن کە زانیاری پێویستیان نەبێت و بۆشیان گرنگ نەبێت بەدوای بابەتەکەدا بچن. دەنا بە کەمێک بیرکردنەوە، دەکرێت بڵێین ئەگەر مار لە سروشتدا نێچیرەکەی بە زیندووییش بخوات، لە سروشتدا نێچیرەکەش هەلی ڕاکردنی هەیە و دەتوانێت هەوڵی پارێزگاریکردن لە خۆی بکات. هەروەک چۆن کاتێک بتوانیت مار لە سروشت داببڕیت و دیلی بکەیت، سەخت نییە بە خواردنی نێچیری بەستووش ڕایبهێنیت. ئەگەر کەمێکیش لە وێنەکە وردببینەوە تێدەگەین ئەو کارە قێزەونە لە ناهۆشیاری و بێدەربەستییەوە کراوە نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی مارەکە، ئەگەرنا هەرنەبێت شوێنی مارەکە ئەوەندە گەورە دەبوو کە بتوانێت بەقەد باڵای خۆی تیایدا بکشێت و درێژ ببێت. 

 

باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، وەک خاوەن و لێپرسراوەکانی لە بانگەشەی ڕاگەیاندنەکاندا ئاماژەی پێدەدەن، جۆرەها کۆشک و تەلار و هوتێل و فرۆشگا و ڕیستۆرانتی تێدایە کە گەشتیاران تیایدا پەکیان لە هیچ نەکەوێت و گەر لە شوێنی دووریشەوە بۆی چوون بتوانن لێی بمێننەوە و بە کامی دڵ پارە سەرف بکەن و خۆش بگوزەرێنن. هەروەک چۆن باس لەوە دەکەن کە سەردانکەران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یاخود بە ئۆتۆمبێلی باخچەکە بەناو ناوچە ئازادەکاندا بگەڕێن و دروستکردنی تاوەر و مۆڵ و چێشتخانەی خولاوە و ئەکواپارکیش لەوێ بەڕێوەیە. دروست باخچەی ئاژەڵانی هەولێر باخچەی شاهانەی مرۆڤەکانە و لە ڕووکەشی گشتی و دیکۆردا دەکرێت کێبڕکێی باخچەکانی وڵاتان بکات. بەڵام نەشیاوی هەندێک قەفەس و کەساسی و بێزاری ئاژەڵەکانی ئەوێ، دۆزەخی (باخچەی ئاژەڵانی هەواری تازە)ی هەولێر و (باخچەی ئاژەڵانی سەیرانگەی نەورۆز لە سلێمانی)مان بیردەهێنێننەوە، خۆشبەختانە هەنووکە باخچەی ئاژەڵانی سەرچنار داخراوە، ئەگەرچی نازانین ئاژەڵەکان بۆ چ وێرانەیەکی دی براون. 

 

دەبێت بڵێین باشترین جێگای گیانلەبەران لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر ناوچە ئازادەکەیەتی کە ئەسپ و حوشتر و نەعامە و کۆمەڵێک ئاژەڵی تری تێدایە. ئەگەرچی جێی گومانە ئاژەڵێکی وەک حوشتر لە ئاووهەوای کوردستاندا کە کوێستانە، ئاسوودە بێت! دوابەدوای ناوچەئازادەکە، دەریاچەی مراوییەکان و قەفەسی باڵندەکان تاڕادەیەک پەسەندن کە هیوادارین وەک بە قەولی خۆیان دەڵێن گەورەترین قەفەسی جیهان بێت! هەرچەند دڵنیاین قەفەس هەرچەند گەورەش بێت بۆ باڵندە بچووکە، بەتایبەت کاتێک وەک باخچەی ئاژەڵانی هەولێر زۆرترین جۆری باڵندە و زیاترین ژمارەی تێدا جێبکرێتەوە. وەکتر تەماشای ئەو وێنانە بکەن و ببینن حاڵی ئەو گیاندارە کێوییانە لە گرتووخانەکەدا چۆنن؟ ئایا ئەو قەفەسانە پێداویستی جوڵەی ورچ و پڵنگ و گورگ بە کۆمەڵ و سەگی وەک هاسکی و سامۆید پڕدەکەنەوە؟! ئایا باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دڵنیایە لە چەندین لاوە سەرپێچی یاسای مافی ئاژەڵپارێزی نەکردووە؟

 

خۆراکی خشۆک و گۆشتخۆرەکان

بۆ دەستکەوتنی زانیاری دروست و بەڵگە و سەلماندنی ئەوەی کە ناڕەوایە لە باخچەی ئاژەڵاندا ئاژەڵانێک بە زیندوویی دەرخواردی ئاژەڵانێکی تر بدرێت، پەیوەندیمان کرد بە «دامەزراوەی کشتوکاڵی سوید»ەوە کە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسە لە چۆنێتی مامەڵە و مافەکانی ئاژەڵانیش. پرسیاری ئەوەمان کرد کە ئایا لە ڕووی یاساوە ڕێپێدراوە پەلەوەڕ و ئاژەڵانێک کە لە سروشتدا دەکرێت ببنە نێچیر، لە باخچەکانی ئاژەڵان بە زیندوویی بکرێنە خۆراکی ئاژەڵانی گۆشتخۆر و خشۆکی وەک مار یاخود نا؟

 

لە باخچەی ئاژەڵانی هەواری تازە لە هەولێر

«دامەزراوەی کشتوکاڵی سوید» بڕیار و ڕوونکردنەوەی واژۆکراوی خۆیانیان لەم بارەیەوە بۆ ناردین، کە تیایدا هاتووە:

“بەپێی بەندی 2 § لە یاسای ئاژەڵپارێزی (1988:534) پێویستە پارێزگاری لە ئاژەڵان بکرێت و لە چەشتنی ئازاری ناپێویست بەدوور بگیرێن. ئەم پەڕەگرافە خودی خشۆکەکان و نێچیرەکانیشیان دەگرێتەوە.”

پاشان ڕوونکراوەتەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان زۆر جۆری مار کاتێک لە سروشتدا بە زیندوویی نێچیرەکانیان دەگرن، بەهۆی شێوازی قەپگرتن و جوڵەی خێرا و گرتنی تایبەتیانەوە، بەر لە خواردن نێچیرەکانیان دەخنکێن. مارەژەهراوییەکانیش کە تووندڕەوترینیانن، لەدەمی ڕاودا یەکڕاست بە ددانە ژەهرڕێژەکانیان نێچیرەکانیان دەگەزن. بە واتایەکی دی، ئەو مارانەی هونەری گرتنی تایبەت یاخود ژەهر بەکاردەهێنن هەرگیز نێچیرەکانیان بەر لە ڕۆح دەرچوونیان قوت نادەن. بۆیە هەر مارێک کە بەند دەکرێت، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی بە خواردنی نێچیری بەستوو/مردوو ڕابهێنرێت. واتە هەرگیز پێویست ناکات ئەو ئاژەڵانەی نێچیرن تووشی تووندوتیژی و ئەشکەنجەی زەندەقچوون و دڵەڕاوکێی دووچاربوونەوەی مەرگی دڵنیا بکرێن بەوەی کە بە زیندوویی وەک خۆراک بۆ مار یان ئاژەڵی دی دابنرێن! 

 

هەرچی گیانلەبەرانی وەک تیمساح و کیسەڵ و مارمێلکەیە، لە کاتی خواردندا درەنگ نێچیرەکانیان دەکوژن و دەکرێت بە زیندوویی نێچیرەکانیان بجوون و قوتیان بدەن. ئەمەش ستەم و ئەشکەنجە و ئازاری ناپێویستە دەرهەق بەو ئاژەڵانەی نێچیریانن، بۆیە بە پەیڕەوکردنی یاسای ئاژەڵپارێزی گشتی، هەم پێویستە ئاژەڵانی وەک تیمساح و کیسەڵ و مارمێلکە و هەر جۆرێکی دیش، بە خواردنی ئاژەڵی مردوو ڕابهێنرێن. 

 

دامەزراوەی کشتوکاڵی سوید لە درێژەی بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە بە تێگەیشتنی ئەوان و

“بە گوێرەی بەندی 2 و 4 §§ لە یاسای ئاژەڵپارێزی، پێدانی خۆراک/نێچیری زیندوو بە ئاژەڵی دی لەگەڵ یاسای مافپارێزی ئاژەڵاندا ناگونجێت، بەم پێیەش قەدەغەیە ئاژەڵی زیندوو بە ئاژەڵانی تر بدرێت.”

یاسای قەدەغەکردنی بە خۆراککردنی ئاژەڵی زیندوو و ڕاهێنانی خشۆک و گۆشتخۆرەکان بە نێچیری بەستوو/مردوو نەک هەر بۆ نێچیرەکان، بەڵکە بۆ بخۆرەکانیشیان سوودمەندە چوونکە ڕوودەدات کاتێک بە زیندوویی دەیانخۆن، نێچیرەکان لە ساتەوەختی پەلەقاژەی مەرگدا گاز لە ناودەم و قوڕگ و گەدەی بخۆرەکانیان دەگرن و برینداریان دەکەن. پاشان: 

 

بە پێی بڕیارگەلی دامەزراوەی کشتوکاڵی دەوڵەتیی (SJVFS 2007:77) مەرج و یاسا هەیە بۆ چۆنێتی مراندنی ئەو ئاژەڵانەی کە دەکرێنە خۆراکی گیانلەبەرانی دی. وەک ئەوەی کە دەبێت شێوازی مراندنەکە زۆر خێرا ئەنجامبدرێت و نێچیرەکان کەمترین ئازاریان هەبێت و نەکەونە دڵەڕاوکێوە، جا ئەگەر مراندنەکە بە بەستن و تەجمیدکردنیان بێت یان بە سەربڕین یاخود کوشتنیان بە هەر جۆرە میتودێکی دی. هەروەها پێویستە ئەو کەسانەی هەڵدەستن به کاری مراندنەکە، کەرەستەی پەسەندکراو بەکاربهێنن و چۆنێتی و شێوازەکانیان خوێندبێت و زانیاری و شارەزایی تەواویان هەبێت. 

 

باخچەکانی ئاژەڵانی سوید چی دەدەن بە مارەکانیان؟

لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر

دوای بینینی بەڵگەنامەی یاسای قەدەغەکردنی پێدانی نێچیری زیندو بە ئاژەڵە گۆشتخۆرە خشۆک و ئاویی و بڕبڕەدارەکان. پەیوەندیمان بە باخچەی ئاژەڵانی سویدەوە کرد و لە چییەتی خۆراکی مار و تیمساحەکانیان پرسیارمانکرد. لە وەڵامدا گووتیان:

“مار و تیمساحەکانمان (مشک و جرجی بەستوو) دەخۆن، هەرگیز هیچ ئاژەڵ و پەلەوەرێک بە زیندوویی نادەین بە هیچ جۆرە ئاژەڵێکی دی. تەنها شت کە بکرێت بە زیندوویی بیخۆن حەشەرات/مێرووە.”

 

باخچەکانی ئاژەڵانی سوید وێڕای پابەندبوونیان بە یاساکانی ئاژەڵپارێزییەوە، هێشتا دووچاری ڕەخنەی زۆری داکۆکیکارانی مافی ئاژەڵان و مرۆڤگەلێکی خاوەن ویژدان دەبنەوە بەوەی کە به بوونیان ئازادی گیانلەبەرانیان زەوت کردووە و کردویانن بە کەرەستەی سەرگەرمی و بازرگانی. 

لە وەڵامدا زۆرجار بەهانە و بیانووی باخچەکانی ئاژەڵان ئەوەیە کە دەڵێن: بوونمان بەسوودە بۆ پاراستنی هەندێک ئاژەڵ لە نەمان و لەناوچوون. بۆ دیراسات و خوێندنی قوتابیان. بۆ ئاشنابوونی منداڵان بە گیانلەبەران … بەڵام ئەمانە تەواو دوورن لە ڕاستییەوە، بگرە باخچەکانی ئاژەڵان هەڕەشەن لەسەر ژیانی زۆربەی گیانلەبەران و بەردەوام دەبنە هۆی مردنی ژمارەی زۆر لێیان. یارمەتیدانی ئاژەڵان بۆ پاراستن و لەناونەچوونیان پێویستە لە ژینگەی سروشتیی خۆیاندا بکرێت بە بایەخدان بە سروشتەکەیان و زانستی زیندەوەر و ژینگەناسی و دانانی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕووانگەی خەڵکی بەرامبەریان. هەروەک چۆن باخچەکانی ئاژەڵان هەرگیز نابنە سەرچاوەی دروست بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە تایبەتەکان لەسەر ئاژەڵناسی. ئاژەڵان لەناو زینداندا بە سروشتی خۆیان هەڵسوکەوت ناکەن، ئێمە لە سەردەمێکداین پێویست نییە ئاژەڵانی کێوی بەند بکەین تا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین، ئەمڕۆ سەرچاوەگەلی بەسوود هەیە بۆ ئەو مەبەستە، لەوانە فیلمی دۆکۆمێنتاری و کتێب و بوونی وێبسایتی تایبەت کە کامێرایان لەناو سروشتی دارستان و کێو و جەنگەڵەکاندا هەیە. دیارە بەردەوامیش تەکنیک بۆ خزمەتکردنی ئەم بوارە لە پێشکەوتندایە. سەبارەت بە منداڵانیش باخچەکانی ئاژەڵان زیانی زۆریان هەیە چوون بە شێوازی ڕاست دۆستایەتی گیاندارانیان فێر ناکات، بەڵکوو فێریان دەکات دیلکردن و لەیەکجوداکردنەوەیان ئاسایی وەربگرن، ڕێزی بوونی سەربەخۆیان نەگرن و واتێبگەن ئاژەڵان تەنها بەخاتری خزمەتی مرۆڤ و دەستخستنی پارە و سەرگەرمی هەن.

 

تکا

داوا لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر دەکەین، پەیمان بدەن کە چیتر هیچ پەلەوەر و گیانلەبەرێک بە زیندوویی نەدەن بە مار و تیمساح و هیچ کام لە ئاژەڵەکانی ترتان. تکا دەکەین تەنها ئاژەڵی بەستوو بدەنە خشۆک و گۆشتخۆرەکانتان. وەک بە بەڵگەوە ئاماژەمان پێداوە، مار و تیمساح و هەموو جۆرە گۆشتخۆرەکان دەکرێت بە خۆراکی بەستوو ڕابهێنرێن. پەیماندانتان ڕێزگرتن و پابەندبوونە بە یاسای مافپارێزی ئاژەڵانەوە …

 

سەرچاوە

https://djur.jordbruksverket.se

https://www.aa.com.tr/ks

https://www.skansen.se/sv

https://www.kolmarden.com

وێنەکان دوو دانەیان (مەیمونەکەی سەروو) و (دوو ڕێوییەکە) سەیرانگەی نەورۆزە لە سلێمانی.

وێنەی پڵنگ و ورچەکە باخچەی ئاژەڵانی هەواری تازەیە لە هەولێر و لەم ڤیدیۆیە وەرگیراوە:

https://www.youtube.com/watch?v=Eoye0STG1ME

ئەوانی دی کە هی باخچەی ئاژەڵانی هەولێرن، لەم ڤیدیۆیانە وەرگیراون:

https://www.youtube.com/watch?v=ys7XnzovznY&t=791s

https://www.youtube.com/watch?v=4TRP1Hr19ik

 

باران

11/1/2021

ستۆکهۆڵم

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین