هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی - ١٥١٣ - مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌ Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

دەنگێک لە کەناری گەردوونەوە


Loading

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

دەنگێک لە کەناری گەردوونەوە 

قەسیدە

 سەرهەد هادی

چۆن باسی ئەو ساتە بکەم، کە پێم وابوو ژیان لەوێوە دەست پێ دەکات، بەڵام ھێندەی گەورەیی ئەو ساتە ژەھرئاسایە، یەکەم خشتی خۆشبەختیم کەوت… ئای چ کەوتنێک… کەوتنێک لە وێنەی تاقانە ئەستێرەیەکەوە…

من ھەموو درەنگانێکی شەو خەونەکانی خۆمم ئاو دەدا، شانشینەکەمم دەبردە ئاسمان و نیشانی ھەموو فریشتەکانم دەدا، دەمگوت: وەرن، وەرن و سەیرکەن من چ شانشینێکی خودایانەم ھەیە.

ھەموو شەوێک بە کووچەکانی ئەم شارەدا دەڕۆیشتم و وەک ناسکترین بونەوەر نازم دەکرد، خەونەکانم کردبوون بە مستیلەیەک و نیشانی ئەوانەم دەدا، کە خەونێکی جوانی وەک منیان نەبوو!

ڕۆژێک ھاوڕێیەک گووتی: ئەم خەندە زێڕینە چییە؟ ئەم تریسکانە چیین لە چاوانتەوە دەردەچن؟!

وەک ئەوەی ئایەتێک بخوێنمەوە دەمگوت ئەوە جادووی ئەوە بۆ خۆشبەختی من.

ئەوان نەیاندەزانی باسی چ جادووگەرێکی  جوان دەکەم، ئەو کەسەی کە دەیتوانی بمخاتە نەرمترین ئامێزی پنتەکانی ئەم گەردوونە!

ئەو ڕۆژەم قەت بیر ناچێتەوە کە ڕازم لەگەڵ گوڵێک دەگۆڕییەوە، ئەوم چەند سادە دەھاتە بەرچاو، دڵڕەقانە پێم گووت: ھێی ئەی گوڵ، من چیتر ناتوانم تۆ بۆن بکەم، شەونمی سەر پەرەکانت چیتر ئارامم ناکەنەوە، قەدی ناسکت قەت وەک جاران چیڕۆکی گەورەبوونتم بۆ ناگێڕنەوە… من ئیتر دەبم بە یاری ناسکترین گوڵی ئەم فەلەکە! گوڵی من زۆر لە تۆ بۆن خۆشتر و پەرەکانی رۆحی زۆر لەتۆ نەرمترە.

ئێستا دەزانم چەند رەق قسەم لەگەڵ ئەو گوڵە کرد کە زۆرێک لە ژیانم لەودا دەدیت، چەند سپڵە بووم، ئەو گوڵە بێئەوەی ھیچ قسەیەک بکات، پەرێکی کەوت و ڕەشداگەڕا.

ڕۆژێک چوومە بەر باران و سەرم بە رووی ئاسماندا بەرزکردەوە و ھاوارم کرد: دەی ئاسمان، دەی باران وەک دواھەمین جار تەڕم بکە، ئیتر لەمەودوا تۆ قەت بەر جەستە و قژم ناکەویتەوە، “ئەو”ی من دەبێتە چەتر و لە نێویدا نوقم دەبم، “کەزی”یەکەم لە گەردەنی دەئاڵێنێ و گۆنام سوور ھەڵدەگەڕێ و بە جۆرێک گەرم دەبمەوە، کە چیتر بیر لەتۆ و لە زستان نەکەمەوە، باران!

ئەو ڕۆژەی بەفر باری من زوو گووتم: ئەوە دواھەمین جارە بەفر ببارێتەوە… بۆ من بەفر جگە لە سپیکەڵەیەکی کوشندە کە بە جوانییە خەڵەتێنەرەکەی ئێمە سڕ دەکات ھیچی تر نەبوو، ھاتنی “ئەو”ی من، نیشانەی مەرگی بەفر بوو بۆ من.

زانیم کە چیتر ڕەشەبای شار ناتوانێ زەفەرم پێ ببات، “ئەو”ی من دەبێتە ئەو بەربەستە لە بەردەمی، کە داوجار کەنار بۆ ڕەشەبا دەئافرێنێ.

ئای چەند شەرم لە ئاگر دەکەمەوە، خۆ من زۆر لە ئەو بێ بەزەییانە تر دەمگوت؛ ھێی چیتر تۆ سوتێنەر نابیت، گڕی ئیرەیی ھیچ کەسێک ناتوانێ من بسوتێنێ، دوکەڵی ئاگری ھیچ کەسێک ناگات بە ئاسمانی من، ئەو لەوێیە، ئەو…

بیرمە ئەو رۆژە کە  پاڵتۆ نیلییەکەم کردە بەرم بۆ نێو بازاڕ، بە ڕێکەوت رێم کەوتە کتێبفرۆشەکان، خەریک بوو ئەو ڕۆمانە بکڕم، کە باس لە کەینونەی خەلقی کەوکەبەکان دەکات، ھەر زوو بە خۆمم گووت؛ چۆن ڕێگە بە خۆم بدەم بەسەر گەردوونی بینراوی خۆم باز بدەم و گەردوونێکی نوسراو بخوێنمەوە! ئاخر… ئاخر من ئاسمانێکی بچکۆلانەی نێو ھەناوی گەردوونت بووم!

ئەرێ، زۆر باش ئەو کاتەم لەبیرە کە وازم لە خوێندنەوەی پەرتووکە ئاسمانییەکان ھێنا، دەمگوت چ دێڕێک ھێندەی ئایەتی من پیرۆزە، من کە ئایەتی ھەموو گەردوونم دەبینم، چ پێویست دەکات دێڕەکان بخوێنمەوە، چ پێویست دەکات خەتمی وشەگەلێک بکەم، کە کۆتاییان دێ، ئاخر تۆ ئەو خەتمە بێ کۆتاییە بووی کە چێژم لە تەواو نەبوونت دەبینی… ئای چەند ئەو پەرتوکانەم لە خۆم ڕەنجاند!

بیرمە ئەو ڕۆژە کە خەریک بووم قژم وەک کوێرە گرێیەک بکەم بە کەزی و جگە بە سیحری تۆ بەھیچ زاتێک نەبێتەوە، دەمگووت؛ دەی فریشتەکانی “کیڕامولکاتیبین” ئیتر گوناھێک، چاکەیەک نییە بینووسنەوە، تەنھا وەفا و عیشق نەبێ، من نەمزانی رۆژێک دادێ فریشتەکان زویر دەبن لە نامەردیت، بە مەرەکەبێکی سوور تیانسووێک لە خیانەتێک بە دێڕگەلێک دەنووسنەوە.

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

دەزانی، تاریکی کە زیاتر لە بێ دەنگییەکەی دەترسام، بە ھاتنی تۆ، مەیلم بۆی گۆڕا، ئەوسا تێگەیشتم ئەو بێ دەنگییەی لە تاریکیدا قەتیس ماوە چەندە پڕ حیکمەتە کە لە تارکترین شەودا جگە لە دەنگی ھەناسەدانەوەکانت کە بە تەنۆلکەکان دەگەیشتن، ھیچی تری پێ نەدەبەخشیم.

بیرم دەکردەوە بۆ دەبێ عیشق ھێندە جوان بێ، بۆ دەبێ خەونی منێک بکات بە “باڵاخانەکانی هەورڕوشێن” بەڵام وای لەو رۆژە، وای لەو رۆژە کە تێیدا لە پێناو جەستەی کەسێک رۆحی منت پەرشی تاریکترین کونی رەشی ئەم گەردوونە کرد… وا وەیلا. ئاخر کێ دڵی دێ مەعشوقەکەی خۆی تەنھا جێبھێڵێ، ھەر بەراست خودا چۆن دەتوانێ مرۆڤێک سەرگەردان بکە، دەی تۆ چۆڕاوەی سیفەتە ئەزەلییەکانی خودا بوویت بۆ من، کەچی بوویت بە لیکی ئیبلیسێکی بێ وەفا!

ئاخر کە دەمویست وەک کاریلەیەک دوا قۆناغەکانی گەورە بوونم بە میھرەبانیت بسپێرم، بەڵام تۆ… تۆ منت فڕێدا چۆڵترین زەوییەک، کە جگە لە بۆنی گورگەکانی سەردەمی یاقوب شتێک نەبوو، لێی شین ببێ! ئاخر چۆن دایکێک دەتوانێ رۆڵەکەی تەسلیمی چۆڵەوانی بکات… تۆ وات کرد، تۆ ئەو دایکە بووی کە دەمتوانی جگە لە ئادەم حەواییبوونت لێ ببینم… بەڵام سەیرکە چیتکرد بە من.

زانیم، عیشق ھەنگوینی هەنگێکی کێوییە، بە تامکردنی چزووی پر لە ژەقنی لە ڕۆحدا بۆ تا ئەبەد جێ دەمێنێ. گومانێک کە ھەمبوو، ئەوەبوو؛ کە چۆن عیشق ھێندە میھرەبانە… وامدەزانی یان کەس عیشقی نەناسیوە، یان من ھەرگیز عاشق نەبووم! ئەوسا تێگەیشتم من چەند درەنگ تێگەیشتم.

دەزانی تێکدان یانی چی؟ دەزانی خەون یانی چی؟ دەزانی ڕۆح یانی چی؟  دەزانم نازانیت، نا ھەرگیز نازانیت، گەر بتزانیبوایە قەت نەدەبوویت بە قابیل بۆ رۆحی ھابیلانەی من… قەت نەدەبوویت بە تۆفان بۆ کەشتی پر لە ژیان و ئاسودەگی من… نا، نا ھەرگیز تۆ لەو وشانە تێناگەیت، گەر تێگەیشتبوویتایە، نەدەبوویت بە جەللادی عیشق، نەدەبوویت بە قاتیلی رۆحێک، کە جگە لە گەردی باڵی پەپوولە کۆچڕەوەکان ھیچی تری پێوە نەبوو… نەدەبوویت بەو مرۆڤە دڵرەقە کە بۆنی ئەم گوناھەت وەک نەیزەکێک گڕ دەگرێت و دەبێت بە شیھابێک، ئاسمان قەڵس و خەمناک دەکات!

دەزانی ڕووخاندنی خەونی کچێک یانی چی؟! ئای چەند خەم دەخۆم بەوەی بۆ نازانی خەون یانی چی، بۆ نازانی خەونی کچێک یانی چی! بزانە کە روخاندنی خەونی کچێک وەک روخاندنی عەرشی خودا وایە.

بەلێ… من باوەڕم وایە، دوو شت نابی بڕوخێندرێن، عەرش و خەون، کە ڕووخێندران بۆ ئەبەد دروست نابنەوە. تۆ چۆن زاتی ئەوەت کرد جەللادانە خەونێک ھەپروون بە ھەپروون بکەی، چۆن توانیت عەرشێک بڕوخێنیت، من تیناگەم تۆ چ گوناھبارێکیت.

من ھەموو شەوێک، ئەم ئایەتەی “ئینجیل”ەکەی “یۆحەنا”م دەخوێندەوە:

“ھەموو کردارێکی ناڕەوا گوناھە”!

بە پێوەری چ بستە زەمینێکی ئەم گێتییە، ئەوەی کردت ڕەوا بوو… چۆن ڕەوایە کەسێک کە هەموو بوونی خستۆتە دەستەکانتەوە، تۆش وەک مرۆڤێک کە لە ئەزەلەوە سۆزت نەبووبێ فڕێی بدەیتە زەوییەکانی کەنعانەوە! دەی تۆزێک رابمێنە سەیرکە چ گوناھێکت بەرامبەر کردووم، چ گوناھێک، ئای چەندە مرۆڤێکی بەھێزیت، کە دەتوانی ئەم گوناھەت وەک قیڕات ھەڵبگریت!

تۆ چ ئەھریمەن زادەیەکیت، کە بۆ لاشەی بینراوی کەسێک مرواری شاراوەی من فڕێ دەدەیت، تۆ چ رووکەش پەرستێکی… ئای چ گوناھکارێکیت بەرامبەر رۆحێک کە ھەموو شەو بە ویردی عیشقت دەچووە سکوونەتەوە.

من ھەموو بەیانییەک بەر لەھەر شتێک ئەم وتەی “مسیا”م بیر خۆم دەھێنایەوە؛

“ئەوەی بێتە لام ھەرگیز دەری ناکەم”

من کە نەمدەویست کەس دەربکەم، تۆ بۆ ئەبەد دەرت کردم…دەرت کردم وەک ئەوەی کائینێکی بێ هەست بم… ئایی تۆ چ دڵێک و چ ئاینێک، چ خودایەکت ھەیە.

من چی بکەم، دەزانم گەر وەک “یەرمیا”ش شین بکەم ھیچ دادم نادات، وەک موسا “دوا وتار” بنووسم، کەس نایخوێنێتەوە، وەک “دەیڤد” ئازارەکەم بھۆنمەوە، ھیچ کەس بە ئاوازێک نایڵێتەوە… سەیرکە چیت پێکردم.

تۆ کە لە خەیاڵی جەستەی کەسێکی تردا پەرێشان بیت، چۆن لە عەزابی رۆحی من تێدەگەیت، تۆ کە لە چێژی ساتگەلێکی کەسێکی تر مەست ببیت چۆن لە برینێکی قوڵ تێدەگەیت… من کە دەمویست ئاسمانت لەگەڵ بەش بکەم، کەچی تۆ زەویشت پێم رەوا نەبینی.

هیرۆنیمۆ بوش – سه‌ده‌ی شانزه‌؛ كه‌شتی قۆشمه‌كان

من کە دەمویست ببم بە رەگ تا بە ئاسمان پیرۆزانە ھەڵبکشێی، کەچی تۆ بوویت بە تەورێک و لە خاکێکی رووتەڵاندا منت قرتاند.

ئایی … لاشە پەرست، تۆ پەروەردەی چ جەھەننەمێکی، نە لە عیشق نە لە وەفا نە لە خودا، نە لە خەون، نە لە کچ و نە لە ڕۆح و نە لەم و نە لەو قەت تێناگەی.

بەڵێ رۆژێک دێ تەنھا دەبیت و ھیچ گرۆھێک ڕۆحی سات پەرستی تۆی پێ قەبوڵ ناکرێ، ھیچ عاشقێک لە بەردەمی خودادا تکات بۆ ناکات، ھیچ خەونێک دەست نوێژ بە جەستەی تۆ ناشکێنێ! تۆ کە ڕوخێنەری خەونێک بیت، ئەی خەون چۆن ببێت بە ڕاگرێک لە ڕۆژێکدا کە جگە لە ئومێد ڕزگارکەرێک بوونی نییە.

من دەتوانم ببم بە تێلدڕی ھەوەسی گڕگرتووت، دەتوانم ببم بە فریشتەی عەزابت لەبری نیانی بە زەبرێک ئاسمان بەسەر رۆژگارتدا بروخێنم…  بەڵام من دڵم ھەیە دڵ! ئەو شتەی کە تۆ نییتە!

 دەتوانم وابکەم نەگەی بە جەستەی ئەو قوربانییەی کە جگە لە سۆزانیبوونتان ھیچی تر کۆتان ناکاتەوە… بەڵام نا، دەھێڵم تا تامی پێستی پڕ لە حەڕامی یەکتر بکەن، یەکتر تام بکەن، تا ببن بە بخۆری یەکتر و بۆ ئەبەد جەستەتان بە ھەوەس ژەھراوی ببێ!

بەڵام نا، ھەرگیز نا، من وەک تۆ نامەرد نابم… ئاھی من، رۆحی شەکەتی من دەبێتە زەنگێک لە شەواندا، کاسەی پر شیلەی ھەوەست لێ تاڵ دەکات… ئەو کاتەی لە بری ڕۆحێک خەریکی ئاودانی جەستەتیت، دەبم بە دڕکێک بەسەری دڵتەوە.

بەڵێ…

ڕۆژێک دێت من دەڕۆم، دەڕۆم و لە رۆژی پەسڵاندا ئەم نامەردییە وەک ناسۆرترین دەستدرێژی بۆ سەر رۆحێک بۆ خوداوەند دەگێڕمەوە، من دەزانم ھەموو ڕاوەستاوان گوێ دەگرن، گوێ دەگرن و حیساب و کیتاب بۆ تاوێکی درێژ دەوەستێت.

لەوێ من دەبم بە یەکەم مرۆڤ کە لەبەردەم یەزدان، ھاواری پەنگخواردووی ھەزاران ساڵەم بە گوێی ھەموو فریشتەکانی دەوری یەزدان دادەدەم! لەوێ بۆ سەدەیەک  دەگریم  و قیامەتێکی تر بەرپا دەکەم…

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌