چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی 6 ی سێبتەمبەری 2018 لە ڕۆژانی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە وڵاتی مەغریب

فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیغی


Loading

زاهیر عه‌به‌ ڕه‌ش – شانۆكار و نوسه‌ر

هونەرو کولتور چەندێک پرۆسەی بینین، بیستن، هەستپێکردن ومەعریفەیە هێندەش  پرۆسەیەکی بەیەکگەیشتنی تاکەکانە ودروستکردنی دیبەیت وخوڵقاندنی کەشێکی کۆمەڵایەتیە. کورترین رێگایە بۆ ئاوێتەبوون و تێکەڵاوبوون، دروستبوونی دیالۆگە بەتایبەتی سەر وەختێک کە فێستیڤاڵێکی هونەری دەبینیت.

 

پەیمانگای ڕۆشبیری ئەمازیغی لە وەزارەتی کولتوری وڵاتی مەغریب و ئاسمانی تافۆکات بۆ داهێنان،  چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی  6 ی سێبتەمبەری 2018 لە ڕۆژانی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە وڵاتی مەغریب  بەڕێوە برد، تێدا  چەند بەرهەمێکی شانۆیی پێشکەش کرا. لەگەڵیشیدا هەندێک ۆرکشۆپ و کۆڕو و سیمینار ئه‌نجامدرا. بڕیاروابوو کە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد بەشداری ئەم فێستڤاڵەبن ،بەڵام بەداخەوە، کە نەیانتوانی بوو لەبەر بێ سپۆنسەری و هیچ دامودەزگایەکی کوردستان هاوکاری مادی نەکردوون لەم وەرزی قاتوقڕیەدا. نه‌یانتوانی بۆ ئەوەی ئاماده‌گیان هەبێت و بەرهەمەکەیان نمایشبکەن.

 

 گەلی ئەمزیقی ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە بریتیە لە ڕەنگی شین و سەوز زەرد، کە هێمایە بۆ ڕەنگه‌کانی باشووری ئەفریقا. ڕەنگی ئاسمان و دەریاـ رەنگی شاخ و دارستان ـ ڕەنگی بیابان.  پیتی Z  بە ڕەنگی سوور  و بەزمانی ئەمازیغی لەناوەڕاستی ئاڵاکەیاندایە، لە وشەی ( IZURAN – ئەزوران ) هاتووە، بەمانای ڕەگ دێت. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا لەو مەحفەلە هەرەوەزیە هونەرییەدا، ئەوەبوو؛ کێشەی گەلی ئەمازیغی تەواو وەک کێشەی گەلی کوردستانه‌، بەتایبەتی کوردستانی باکوور، هەتاوه‌كو  ئێستا بەدوای شوناسی خۆیانەوەن، ئایا ئەوان گەلێکی سەربەخۆن یان بەشێکن لە وڵاتی عەرەب؟

ئاڵای ئه‌مازیغ

لە فێستیڤاڵەكه‌دا نەک تەنها شانۆکاران، بەڵکو موفەکیرو ڕۆشنبیرانی گەلی ئەمازیقی هاوکارێکی ڕژدی ئەم فێستیڤاڵە بوون، بە گێرانی سیمینارو کۆڕ لەبارەی شوناس و گەلی ئەمازیقی، کە ئەوەش نیشانەیەکی دڵخۆشکەرەرەیە و  دەتوانرێت ڕۆشنبیرانی کوردستانیش لە فێستیڤاڵ و مەحفەلە هونەریەکاندا هاوکارێکی جدی هونەرمەندان بن، یەکێک لەو ڕۆسنبیرانە (ئەحمەد عصید)  بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. باسەکانی بەناوی (ئیشکالیەتی زمان و شوناس)  بوو. کە هەتا ئێستاش گەلی کورد هەمان ئیشکالیەتی هەیە، بەدیدی ئەو شوناس و تێگەیشتن دوو دیوی یەک دراون و زمان كارلێكیان  لەگەڵدا دەکات.

 

کێشەی هەندێک لە شانۆکارانی کوردیش ئەوەیە کە بە باس لە شانۆی کوردی دەکەن بەو مانایەی کە دەبێت جلی کوردی یان بە زمانی کوردی بدوێن، بۆ ئەوەی خەسڵەتەکانی شانۆی کوردی دیاری بکەن، کە هەمان ئیشکالیاتی هەندێک لە شانۆکارانی ئەمازیغ بوو. بەڵام زۆرجار زمان تەنها گوزارشتکردنە. لەهەمووی گرنگتر تێگەیشتنە بە دید و تێڕوانینی کوردی یان ئەمازیغیەوە بۆ پرسەکان و له‌ڕێگه‌ی  زمان تەنها كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ریان. هه‌ر بۆیه‌  لەشانۆدا تەنها یەک زمان نابینرێت، بەڵکو چەند زمانێکمان هەیە، هەر بەشەی بەتەنها زمانی خۆی هەیە، وەک ؛  زمانی جەستە، زمانی موزیک، زمانی تێکست، زمانی ئاماژە، زمانی ڕووناکی و …هتد. بەڵام لە باس و کۆڕو سیمینارەکاندا لە لایان ڕۆشنبیران و موفەکیرانی ئەمازیغی ڕاستکردنەوەیەکی تەواوی ئەو تێگەیشتنە هەبوو.

 

لەمێژووی ئەمازیغیدا کچ و کوڕ بەرامبەر یەک ڕاوەستاون و شیعریان بەرامبەر بەیەکتری گوتووە، شیعریان بەسەر یەکتردا هەڵداوە، زۆر جارانیش ژنان سەرکەوتووتر بوون و پیاوانیان لەکۆڕی شیعریدا بەزاندووە. کاتێکیش (فتوحاتی ئیسلام)  ئەو ناوچانە دەگرێتەوە و بەزەبری شمشێر ئەمازیغیەکان موسوڵمان دەبن. ئیدی  ئەو کولتوری کرانەوەیەی کە هەیانبووە بەرەو نەماندەچێت. لەبەرئەوە، تێگەیشتنیان دەبێت لەو دیدگای کرانەوە و بە هەند وەرگرتنی مافەکانی مرۆڤه‌وه‌ بێت. ئەوەش بەواتای؛ تۆ دەبێت تێگەیشتنێکی خۆتت هەبێت بەرامبەر بە بابەتەکان، یەکەم وەک مرۆڤێک و ئیندیڤیدوالێك و   دووهه‌م وەک ئەمازیغیەک یاخود وەک کوردێک.

چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی 6 ی سێبتەمبەری 2018 لە ڕۆژانی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە وڵاتی مەغریب

کێشەی شانۆ و تەنانەت سینەمای کوردی ئەوە نییه‌ بەزمانی کوردی و بەئاخاوتنی کوردی بەرهەمەکانمان پێشکەش بکەین بەڵکو گواستنەوەیەتی لە لادێ وە بۆ شار بۆ مەدەنیەت. لە سیمینارەکادا باس لەوە دەکرا کە عەرەبەکان بەگەلی ئەمازیقیان دەگووت؛ ئەوانە فۆلکلۆریان هەیە و باسی فۆلکلۆری ئەمازیغیان دەکرد. لەبەرئەوە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەمازیغ ئەرکێکی قورستریان کەوتۆتە سەرشان ئەویش بزوتنەوەیەکی هونەری شوناسخوازیە، بۆئه‌وه‌ی  له‌و دیدە داگیرکاریە ڕزگاریان بێت کە کولتوری گەلێک وەک فۆلکۆر سەیر بکرێت. هەروەک چون وڵاتانی سەردەستی کوردستان، ماف و مێژووی گەلێکیان تەنها لە هەڵپەڕکێ، خواردن، جلوبەرگ و فۆلکلۆری کوردیدا قەتیس کردبوو. وەك هەموو نەتەوەیەک کە دەیەوێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت خوازیاری سەربەخۆیی ژیانی کولتوری خۆیانن، زۆر جار، نەتەوە لە (ڕۆحی گشتی) خەڵکەوە دروستدەبێت نەک زمان و خاک. لەسەر هەردوو نەتەوەی کورد و ئەمازیغی پێویستە گەشە بە (ڕۆحی گشتی)  بدەن،  ڕاستە خاک و زمان پێویستی پێکهاتەی نەتەوەو دەوڵەتە. بەڕێوەبردنی کاری بەکۆمەڵی هاوبەش لە ڕابوردوودا خواستی درێژەپێدان پێی ئێستاکەش مەرجە سەرەکیاکانن بۆ بۆ دروستبوونی نەتەوە. نمونەشمان زۆرن لەو پێکهاتانە.

ئەو تێگەیشتنەی کە عەرەب بۆ شانۆی ئەمازیغی هەیبوو، هەندێک لە هونەرمەندانی کورد بۆ خۆی هەیبوو، بەو شێوەیە شانۆی کوردی ناوزەندو وێنای دەکرد. وایدەبینی ئەگەر کارەکتەرەکانی لە لادێ بن، نەخوێندەواربن و بەزمانی کوردی بئاخفێن، ئەوا شانۆی ڕەسەنی کوردیە!  نمونەیەک دەهێنمەوە کە  (فیلمی زەڕ ) کە لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی ساڵی پار نمایشکرا، بەزمانی کوردی نمایشنەکرا. ئەکتەرەکان جلوبەرگی لادێ و تەزبیحیان بەدەستەوە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا تا سەر ئێسقان بەدوای شوناسی کوردیدا دەگەڕا. چه‌مكی شار    لێره‌دا‌ بەمەبەستی ئەوەیه‌؛ ژن، گەل،  پاڵەوان بێت و وەک بابه‌ت  له‌چه‌قدا بێت و  باس لە ئازادیەکانی تاک و مافی مرۆڤ بکەیت. لێره‌وه‌ پەڕینەوە لە  چه‌مكی گونده‌ ‌وه‌  بۆ شار مەبەستی ئەوەیه‌ جارێکیتر گەلی کورد یان ئەمازیغی وەک قوربانی سەیر نەکرێت.  ژن لە تێکستەکانیاندا تەنها وەزیفەی گریان نەبێت و قوربانی نه‌بێت، یان هەموو فشار و پاڵەپەستۆکانی دەرەوەیان بەردەوام کاریان تێبکات و تەواو پاسیڤ بن وخۆیان هیچ توانایەکی کردەییان نەبێت، وەک ئێستای گەلی کوردی باشوور…دیاره‌ ئەمه‌  بە مانی ئەوە نییە کە ئێمە وەک کورد و ئەوان وەک ئەمازیغیەکان دەرگای ڕۆشنبیری بەسەر خۆماندا دابخەین و کەڵک لە هیچ ژیار وکولتورێکی تر وەرنەگرین، چونكه‌ یەکێکك لەو هەڵانەی ئەم دوو نەتەوەیە  ( كورد و ئه‌مازیغی) کردیان دەرگا داخستن بوو بەڕوی دونیادا.

 

چوارەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئەمازیقی لە شاری کازابلانکا لە ڕۆژانی 6 ی سێبتەمبەری 2018 لە ڕۆژانی 6 ی سێپتەمبەر تا 10 ی سێپتەمبەر لە وڵاتی مەغریب

(ئه‌حمه‌د صعید)  لەباسەکەیدا باسی ئەوەی کرد، گەلی ئەمازیق سەرەڕای ئەو ژیارە مێژووییەی هەیبووە، یەکێک لە خاڵە نەرێنیەکان ئەوەبوو، بۆ کاردانەوەی دژی میللەتی عەرەب پەنایانبردە بەر چیاکان و تەنانەت منداڵەکانیان نەدەبردە بەر خوێندن! وایانده‌بینی ئەوە کولتوری ئیسلام و عەرەبە، هەروەک ئێمە چۆن نەماندەهێشت لە گوندەکاندا قوتابخانە بکرێتەوە.

لە کۆمەڵگای وەرزێریدا کە کولتوری بەرز لە پاوانی گروپێکی تایبەتیدا بووە، دەرەبەگ و ئاغاکان خۆیان دەکرد بەخاوەنی کولتور، بەڵام لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا کولتور لەسەر بنەمای خوێندەواری و پەروەردەو فێرکردنە بەشێک لە ئیمتیازەکان بۆ گروپی کەمایەتی لەبەرچاو نەگیراوە و لە هەموو کۆمەڵگادا پەرەی پێدراوە. لەبەرئەوە شانۆی کوردی و ئەمازیقی پێویستی بە پەڕینەوە هەیە.

ئاڵای كورد و ئه‌مازیغ

 یەکێکی تر  لەو خاڵانەی تر کە دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم دوای دروستبوونی مێژووی وڵاتانی عەرەبی،  بە بەپێی یاسا نمایشکردن و شیعرنوسین بە زمانی ئەمازیغی  قەدەغەکرابوو. جارێکیتر شانۆ بەزمانی ئەمازیقی لە ساڵەکانی سەرەتای دووهەزارەکاندا لەدایکبووە، لەناو سەندیکا و کۆمەڵە ڕۆشینبیریەکاندا سەری هەڵدایەوە. جێگه‌ی خۆشحاڵی بوو کە هەم گەلی ئەمازیغی و هەم ڕۆشبیرو هونەرمەندەکانیان تێگەیشتنێکی تەواویان بۆ پرسی گەلی کوردستان هەیە، ئەوان بەخۆیان دەڵێن؛  (کوردەکانی مەغریب)  و بە ئێمەش دەڵێن ؛ ئەمازیغیەکان…بۆ ساڵی ئایندە خولێ پێنجەمی فێستیڤاڵ وەک هاوکارێک و هاوبەشێکی خۆیان منیان وەک ئەندامی لیژنەی فێستڤاڵ دەستنیشان کرد. بە هیوام بتوانین ئێمەش هاوکاریان بین.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – له‌سه‌ر داوای نوسه‌ر خۆی –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.