هەردوو ڕۆمانی گەندەڵی و گۆشەگیری ڕۆماننوس ئیسماعیل حەمەئەمین لەگەڵ پایپەکەی - فۆتۆگراف؛ مەریوان عەلی ڕۆژنامەنوس

ڕۆمانی `گەندەڵی` ڕۆمانێک بۆ ڕاپێچکردنی گەندەڵکاران

 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه

پێشەوا کاکەیی – لە نەمرەڕێ دا

ڕۆمانی `گەندەڵی`  ڕۆماننوس `ئیسماعیل حەمەئەمین`  ڕۆمانێک بۆ ڕاپێچکردنی گەندەڵکاران

 پێشەوا کاکەیی

 

 

 دە سەرنجێکی خێرا…

 

یەکەم: مادام ئێمە دژی گەندەڵین، دەبێت ئەو کتێبەمان بە دەستەوە بێت و بە دوای تەواوی گەندەڵکاراندا بگەڕێین، فەرمانی دادوەرمان پێ نییە، چۆن خۆمان دادوەرین و ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت کە ئەوە بەڵگەکان و دادوەرەکانیش خۆیان گەندەڵن، تەنانەت ئەوانیش سەگی هەوشاریان ڕاگرتووە.

 

دووهەم: نووسەر لە زمانی «مۆپسی پاشا»وە، لە زمانی سەگێکەوە دەدوێت؛ هۆکاری ئەمەش دوو تەوەرە؛ هەم سۆکراتانەیە و هەمیش دیوە ئەنیشتاینەکەیە. بە دیوێکەوە هەموو شتێک دەربارەی گەندەڵی باس دەکات و لەولاوە وەک ئەوەی بڵێت هیچ لە گەندەڵی نازانم؛ لە دیوێکی دیکەشەوە، مرۆڤی گەندەڵ بە زمانێک دەدوێنێت یان با بڵێین مرۆڤ دەباتەوە ئاستی برسیێتی خۆی و وەک سەگێکی هەوشاری نیشان دەدات و لە برسیێتیدا قەپ لە هەموو شتێک بگرێت. ئەم سەگە کە مۆپسی پاشایە، هەرجارە و ڕۆڵێک دەگێڕێت لە ڕووداوەکانی دواییدا.

 

سێهەم: مۆپسی پاشا، هەر لە سەرەتاوە مەرگی دەیان کەسی گەندەڵ ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر فریای خۆیان نەکەون. ئەم ئاگادارییە بە باوەڕی من نەدەبوو ڕایگەیەنێت، بەڵکوو دەبوایە ڕاستەوخۆ قەپی لە گەندەڵکاران گرتبا و فریای هەڵاتن نەکەون. هەڵبەت گێڕەرەوە دەیەوێت لەگەڵ ئەوەی گەندەڵکاران بدەینە دادگا، شۆڕش نەکەین جارێ، بەڵام کە دادگا بوونی نەبوو، پێویستە شۆڕش بکرێت. بۆ ئەوەی دادگا لە خودی خۆی وە ئاگا بێتەوە کە شۆڕش هەموو شتێک ڕادەتەکێنێت بە دادگای گەندەڵکارانیشەوە.

 

چوارەم:  سەرەتای گەندەڵی بە ڕاگرتنی سەگی `هەوشاری` دەست پێ دەکات، مرۆڤکوژی و گەندەڵی تێکەڵ دەکرێت. ئەم سەگە، هەم بۆنی مرۆڤی پیس دەکات و هەمیش ناچار دەبێت سەگەکان گۆشتی مرۆڤە کوژراوەکان لەمبەر و ئەوبەری باغەکانی گەندەڵکاران بخۆن. ئەوەی سەیرە ئەم سەگە ڕووداو دوای ڕووداو دەگێڕێتەوە کە چ دەگوزەرێت لە نێوان بکوژان و خزمەتکردنی بکوژاندا.

 

پێنجەم: ئەم ڕۆمانە هێند بە کەتواریی و گاڵتەجاڕیی ئەقڵی، ڕووداوەکانی چنین کراوە و دەیگێڕێتەوە، چ پێویست ناکات کەتوارتان `ڕیاڵ – واقیع` نیشان بدەم، چ پێویست ناکات گاڵتەجاڕییە ئەقڵییەکان دەرهاویشتە بکەم بۆ بەردەنگ. چۆن «بیسەری گێڕەڕەوە» مۆپسی پاشایە، ئەم مۆپسی پاشایە نازانین تا ئێستا کێیە، بەڵام دەزانین چۆن تارماییەکانی دیارە. مۆپسی، هەم بیسەرە و هەم گێڕەڕەوەیە. داڕشتنەوەی سەرلەبەری ئەم زنجیرە چیرۆکانەی کە دواجار خۆی لە ڕۆمانێکی گەورەدا دەرخات، دەنووسێتەوە. ئەم دەرخستنە بە زۆر دەرخراو نییە، بەڵکوو خۆی لەناو ڕووداوەکاندا ژیاوە. ئەم ڕۆمانە هێند ڕووتە، پەردەی لەسەر هەموو شتێک هەڵداوەتەوە، لێرەدا نامەوێت لەوە ڕووتتری بکەمەوە؛ هەر بۆ نموونە:

 

[ بیرم دێت، خاڵەگەورە پێش ئەوەی دوا جەڵدەی دەماغی، وەسیەتی بۆ گردم و گوتی: «مۆپسی پاشا، من تازە فریا نەکەوتم، بەس تۆ چیرۆکی ئەم بێقیمەتانەی چواردەورم بگێڕەوە» دوایی زانیم خاڵەگەورەی میهرەبان، بە فڕۆکەی تایبەت براوەتە هەمان ئەو خەستەخانە تایبەتەی کە (یاسر عەرەفات)ـی هاوڕێی، سیانزە ساڵ لەمەوبەر تێدا خەوێنراو و بە لاشەیی هاتە دەرەوە.۱]

 

ئەوەی لێرەدا دەردەکەوێت ڕوون و ڕووتە، مۆپسی دەیەوێت خوێنەر بەو ئاڕاستەدا ببات جوانیناسی ئەوە نییە تۆ بە هەندێک وشە قەڵسیت کە دژی گێڕانەوەیەکی کە نوقرچە لە دەسەڵات دەگڕێت، سیاسییە پیسخۆرەکان کەوڵ دەکات، ئەوکات هەست بە کەوڵبوونی خۆتیش دەکەیت، کە پێت وا نییە ئەوە جوانیناسی نابێت به زمانی خۆی بدوێت! ڕێک بە پێچەوانەوە، پێم وایە جوانیناسی لە هەر ڕووداو و دیاردەیەک و کۆی داڕشتنی بابەتەکەدا لەسەر چەقی ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان دەوەستێت، ڕووداوەکان چین و کارەکتەرەکان کێن؟ بۆیە جوانیناسی دێت بەو زمانەی ڕووداو و کارەکتەرەکان دەدوێت و دەگێڕێتەوە. کاتێک باس لە گەندەڵی دەکەین، جوانیناسییەکە هەر ئەوەیە بتوانین گەندەڵییە دەرخەین. لە خودی گەندەڵی بدەین لە ڕێزی زمانی گاڵتەجاڕیی ئەقڵییەوە.

 

شەشەم:  هەر لە سەرەتای گەندەڵییانەوە، کە بە تۆڕی ماسیی دەست پێ دەکات، خۆی و ژنەکەی گەڵاڕێزانی خەسووی کە خاوەن گۆڤارێکی ئەدەبی و ژینگەپارێزییە، [ئیتر لەمە ڕوونتر دەبێت چ بێت ئاخۆ کێنە!] هەموو شتێک دادەنێن چۆن ماسییەکان پێوە بن. دەبنە شۆفار بەسەر یەکترییەوە. یەکێک لە بنەماکانی تەشەنەسەندنی گەندەڵی، ئەوەیە هەریەکێک ئەویتر دەکاتە شۆفار بەسەر ئەویترەوە، بۆ ئەوەی ئەمیش لە دەستکەوتەکان و تاڵانکردن بێبەش نەبێت.

 

ڕۆمانی ` گەندەڵی – کتێبی یەکەم` چاپی یەکەم ٢٠٢٢

حەوتەم:   کڕۆکی ئەم ڕۆمانە کە لە ڕۆمانەکانی تر جیا دەکاتەوە، ئەوەیە لە ڕێی کەیسی گەندەڵی و ڕووداوی گەندەڵی و شوێنی گەندەڵی و بابەتی گەندەڵی و کەسە گەندەڵەکانەوە، سیاسەتی حوکمی بنەماڵە و خێڵی سی ساڵە و پێشتریش بۆ دەگێڕێتەوە، بە پێچەوانەی ڕۆمانی ترەوە کە لە ڕێی سیاسەتەوە گەندەڵییمان بۆ دەردەخات. مەسەی ویژدان و دەیان ڕۆمانی تر… باسی گەندەڵی کراوە هەر لە خولەقۆپچەوە تا دەگاتە بنەماڵەی حیزبە سیاسییەکانی ئێستا کە لە ژماردن نایەن، بەڵام ئەوانی پێشوو- [ڕۆمانەکانی پێش کۆڕەو] دەرخەری نادادی و نەبوونی ئەقڵی بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەگێڕێنەوە. چۆن خودی ئەو ڕۆمانانە لەسەر بنەمای دەسەڵاتەکان دڕێژراون، کە وەک ئەمڕۆ ناوێکی گەورە و بۆش نەبوونە بەناوی حوکوومەتی هەرێمەوە! کە ئەم حووومەتە تەنیا وەزیفەی دزین و گەندەڵی بە گەندەڵکردنی کەسی بێگەندەڵە. ڕۆمانێکە سەرتاپای ڕووداوەکان و شوێنەکان و کەسەکان وەک سێ چەقی گەورەی گەندەڵی ناو ڕۆمان نیشان دەدات.

هەشتەم: ڕۆمانێکە، هێندە ڕووداو و کارەکتەر و شوێن بەر باس دەدات، هێنده بابەتەکان وەک چەقی گەندەڵی نیشان دەدات، فەزایەک بۆ خوێنەر ناهێڵێتەوە قسەی تێدا بکات و بڵێ فڵانە کەیسە چۆن بە گەندەڵی نەکراوە. بۆ نموونە، هەر لە پشتشێلان/ مەساجەوە تا دەگاتە دووکاندار، خاوەن کێڵگەی کشتوکاڵ، گوند، شار، مۆڵ، مۆلیدەکان، هەر سێکتەرێک تۆ دەیڵێیت وەکوو گەندەڵی باس کراوە. تەنانەت نووسەری گەندەڵ، شاعیری گەندەڵ، دەزگای گەندەڵ، چاپخانەی گەندەڵ، ئەندام مەکتب سیاسی گەندەڵ، پاسەوان، وەزیر، پەڕلەمانتار…. هەموو بە کەیسی گەندەڵییەوە دەگێڕێتەوە. ئەوەی گەندەڵیش نەبووبێت و لێیان نزیک بووبێت، نووسەران و غەیرە نووسەران لە ڕێی مەساجەوە لە ژنبردنەوە بۆیان تا شتی تر…، تووشی کەیسی گەندەڵی بوون. نووسەر هەبووە بە هۆی کەیسی گانگانۆکەوە ناچار بووە بچێتە پاڵ ئەم دەزگا سیخوڕانەوە، و  ورگنی چوارسانەی لێدەرچێت.

 

نۆهەم:  ڕۆمانێکە پێویستە تاک بە تاکی دژەگەندەڵ بیخوێنێتەوە و بە هیوام نووسەر لە دوای ئەم ڕۆمانەوە نەکوژرێت. ئەگەرچی خۆیشی کوشتنی لەناو ڕۆمانەکەدا باس کردووە. ئەمە بەو مانایە نایەت فڵانە ڕۆماننووس باسی گەندەڵی نەکردووە، یان باسی مەسعوود، جەلال، نەوشیروان هتدیی نەکردووە، نا! بەڵکوو چەقی ڕۆمانەکە گەندەڵییە و مۆپسی پاشاش بۆنی هەمووان دەکات.

 

دەهەم: ڕۆمانێکە، بە فۆرمی یادەوەریی و گوتار. ئەوەی گرنکە چ بۆ شیعر و چ بۆ ڕۆمان، چۆن گوتار بەرهەمدەهێنینەوە لە خوێندنەوەدا، نەک چۆن گوتار بخزێنینە ناو ڕۆمانەوە. ئەم ڕۆمانە سەدان گوتاری جیا جیای لێ دەخوێندرێتەوە، ئەمە تەنیا گوتارێک بوو کە بۆ ئێوە دەرخراوە.

 

 

 

سەرچاوە:  ئیسماعیل حەمەئەمین،  ڕۆمانی `گەندەڵی – کتێبی یەکەم`   ساڵی دەرچوونی ٢٠٢٢ – ئەم ڕۆمانە  لەسەر ئەرکی نوسەر خۆی بڵاوکراوەتەوە.  

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌