فرانسیس به‌یكه‌ن- ١٩٦٩- كارێك له‌سه‌ر لوسیان فرۆید Francis Bacon, Three Studies of Lucien Freud, 1969, oil on canvas, 78 x 58 each canvas. Sold: 142.4 Million To: Elaine Wynn, ex-wife of Steve Wynn

میوانخانە خوێ


Loading

حه‌سه‌ن حسێن – چیرۆكنوس

– ناچم و لە دووی ناگەڕێم. هەموو دونیا قسەم بۆ بکات، خۆم ئەزانم دایکم ڕەدووی میوانەکە نەکەوتووە، بە بێئەوەی سەرم لەسەر شەتڵەکان هەڵبڕم، ئاوا وەڵامی مامم دەدەمەوە…

-ئاخر خاوەنی ئەم ئەقڵ و بیرکردنەوەیە بوویت، بۆیە حاڵی ئەم ماڵە بەم ڕۆژە گەییشت، ئەگەر هێندە سەرت بەسەر کتێباندا شۆڕ نەکردبایەوە و تۆڵەی کاکمت لەو میوانانە کردبایەوە، ئەوا هیچ کام لە میوانەکان چاویان نەدەبڕییە دایکت و ….

مامم وا دەڵێت. من دەست لە چاندنی شەتڵەکان هەڵدەگرم و بە تووڕەییەوە قسەکەی پێ دەبڕم…

 

-بەسە مامە، لەمە زیاتر ناوی دایکم مەزڕێنە. دایکم هەتک کرا و  هەر لە قەهری ئەوەیش خۆی ونکرد، کە میوانەکان دڵپاکییەکەیان قۆستەوە. ئەو میوانانەی بە چاوساغی تۆ ڕوویان لە ماڵی ئێمە کرد…

مامم بە تووڕەییەوە ژوورەکەی دایکم بە جێدەهێڵێت. هەفتەیەکە ژاوەژاوی دیارنەمانی دایکم نەبڕاوەتەوە. خێزان هەموو عەوداڵی دایکمن. چ جێیەک نەماوە نەیچنێ، نەخۆشخانە، پۆلیسخانە، مەیتخانە، ئوتێل، گەڕاج، پارکەکان تەنانەت بندیوار وکەلاوەکانیشی لەدووگەڕاون. یەک دەڵێت؛ ڕەدووی یەکێک لە میوانەکان کەوتووە. ئەوی دی دەڵێ: سەری خۆی هەڵگرتووە، دەڵێن کوژراوە، دەڵێن فڕێنراوە، دەڵێن و دەڵێن و دەڵێن… تەنیا من نەبێت کە خەریکم ژوورەکەی دایکم بە باخچەیەکی چکۆلە دەکەم و پەیین و شەتڵ و ئینجانەی بۆ دەبەم. هەندێك پێیانوایە ئەمە لوتکەی خەمساردیمە. هەندێکیتریش ئەمە بە سەرەتای لە دەستدانی ئاوەزم لێک دەدەنەوە.

 

 

کاتێک دایکم لە لایەن کابرای میوانەوە دەستدرێژی کرایە سەر و هەتک کرا؛ هەمووان دەیانویست بیکوژن. تەنیا من بووم ڕێگریم لێ کردن و بۆ یەکەمینجار هەڕەشەی خوێنڕشتنم کرد. ئەوان دەیانگووت. ئەگەر خۆی گفت و سۆزی پێی نەدا بێت، ئەوا میوانەکە ناتوانێت، دەستپێشخەری بکات. هەمووان لە ترسی بەرەو ڕووبوونەوەی کابرای میوان، خۆیان لەوە گێل دەکرد کە ئەم میوانە ئەتوارحیزانە سڵ لە لاقەکردنی دایک و خوشکی خۆشیان ناکەنەوە.

لە چاندنی شەتڵەکان و ڕێکخستنی ئینجانەکان دەبمەوە، سەرنجێکی ڕەفەکە دەدەم، پاشان پەردەی سەرتاقەکە هەڵدەدەمەوە و تەماشای کەلوپەلەکانی ناوی دەکەم. وەک ئەوەی ترسم لە ئاشکرابوونی نهێنییەک هەبێت، بە خێرایی پەردەکە دائەدەمەوە و ئاوڕێک بۆ دواوە ئەدەمەوە.

دایکم دەیگێڕاوە:” هێشتا تۆ لە دایک نەبوویت، لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا ئەو میوانانە لە دەرگەیان دا. بە قسەی خۆش و شیرین دەرگەکەیان بە باوکت کردەوە، ئیدی هەر ئەو دەرگەکرانەوەیە بوو”

 

وا نیوسەدە زیاترە دەرگەی ماڵ هەر وا بە کراوەیی ماوەتەوە و دانەخراوەتەوە، میوان لەم ماڵەدا خۆیان داکوتاوە و هەر لێرەیش ژنیان هێناوە و مناڵیان  خستۆتەوە. میوان ئارامی و ئۆقرەیان لەم ماڵە بڕیووە. من لە بیرم نایەت، دایکم بۆمی دەگێڕاوە، کە باوکم هەر فریای ئەوە کەوتووە نان پەیدا بکات و بە قوڕگی ئێمە و میوانەکانیدا بکات، کەچی ئەوان هێندە چاوبرسی و بێچاو و ڕوو بوون کەوتوونەتە دزینی مریشک، قەل و قازی ماڵە دراوسێکانیش.

 

کاتێکێش میوانەکان زیادیان کرد و بەسەر دراوسێکاندا دابەشبوون؛ کۆڵانەکان و پاشان (گەڕەکشاریان) پڕ کرد. ئیدی دزییش بە شتێکی ئاسایی بوو؛ سەرەتا منداڵەکانیان فێرە دزین کرد، بەڵام هێشتایش هەر خواردن و خواردنەوە بەرگەی نەدەگرت، تا وای لێ هات هەموومان لەبەر خاتری میوانەکان بە ئاشکرا دزیمان لە یەکتر دەکرد. کاتێکیش سکیان تێر دەبوو، ئینجا دەکەوتنە وێزەی ژن و کچی کۆڵان و گەڕەک و چەندین منداڵی زۆڵیان پێ خستنەوە، ئێستاکە ئیدی کەس نازانێ کێ میوانە و کێش خانەخوێیە؟ کێ دزە  و کێش ساحێبماڵ؟

دەنگی قاقای میوانەکان لە هەیوانەکە دەژنەووم. ئاخۆ دەبێ بە چی پێ بکەنن؟ من لە بیرم نایەت دوایینجار کەی بوو پێکەنیم. ئاخر ژیانی من بە هۆی ئەو میوانانەوە بە تەواوی لە ڕژدیدا نوقمبووە. من هەمیشە بیرم لای ئەوە بووە چۆن ئەم ماڵە لە میوان پاک بکەمەوە. دەست و دامێنی براو خوشکەکانم بووم؛ بەڵام سوودی نەبوو. هانام بۆ هاوڕێ و دراوسێکان برد تا لە کۆڵانەکە وەدەریان نێین. هەندێکیان گاڵتەیان بە قسەکانم دەهات. هەندێکیشیان ڕووبەڕووم دەیانووت باشە؛ تەگبیریان لەگەڵ دەکردم و پلانیان لەگەڵ دادەنام. کەچی شەوانە سفرە و خوانیان بۆ میوانەکان دەڕازاندەوە، دەبوونە ساقییان و قەحبەیان بۆ لە ژوور دەکردن.

دەنگەدەنگ و قاقای میوانەکان لە هەیوان و حەوشە و ژوورەکانی تر نابڕێنەوە. من هێشتا لە ناوەڕاستی ژوورەکەی دایکمدا ڕاوەستاوم كه‌ ژیان خۆی بە ژوورا ئەکات.

 

-هەر ئێستا بچۆ جانتای خۆمان و مناڵەکان بپێچەوە.

-بەم شەوە؟

-ئا، ئەی بە ڕۆژی رووناك؟

-خەڵک چیمان پێ ئەڵێت؟ تۆ وەکو سۆراخێکی دایکت نەکرد، ئەی چاوەڕی ناکەیت تا شوێنەوارێکی دەرکەوێت؟

 

 

لەم قسانەداین هەست بە نەرمبوونی زەوییەکەی ژێر پێی چەپم دەکەم، شوێنپێکەم وردەوردە چاڵ دەبێت. قاچم دەجوڵێنم. بەڵام قاچم زیاتر ڕۆدەچێت. هەستدەکەم توانام بەسەر قاچما نامێنێت. گڵی زەوییەکە بە تەواوی قاچم دادەپۆشێت. هەوڵێک و دووان و سییان، بەڵام سوودی نییە. وا لاقیشم  لە دووی خۆی دەبات. ژیان دیمەنەکە دەبینێت، ئەتۆقێت. دەیەوێت هاوکاریم بکات لە دەرهێنانی قاچ و لاقی چەپم، بەڵام بێهوودەیە. لەم کاتەدا زەلامێک، کە نازانم ئەویش یەکێکە لە میوانەکان یان خاوەنماڵە تازەکەیە، بە دەم دەنگ ەدەنگەکەی من و ژیانەوە خۆی بە ژوورا دەکات. ئەویش هەوڵمان لەگەڵ ئەدات، بەڵام لاقم زیاتر ڕۆدەچێت و خەریکە دەگاتە ئەژنۆم. ئەو بە خێرایی تەورێک لە بەرپشتێنەکەی دەردەهێنێت و وەک ئەوەی تەوروەشاندن پیشەی بێت، بە یەک لێدان ئەژنۆم لە لاقم جیا ئەکاتەوە… بەرچاوم تاریک ئەبێت، یان تاریکی باڵ بەسەر ژوورەکەدا دەکێشێت، نازانم…

 

 

هەفتەی ڕابوردووە، هەر لەم ژوورەدا و لەگەڵ دایکمدا دانیشتووم و چا دەخۆینەوە. پێیدەڵێم؛ حارس نیزامەدین لە پیلانێکی میوانەکان ئاگاداری کردوومەتەوە، کە بە نیازن منیش وەکو باوکم شوێنبزر کەن و (ژیان)ی هاوسەریشم وەکو تۆ هەتک بکەن.

فرانسیس به‌یكن؛ پۆرترێتی هێنریتا مۆریس – ١٩٦٣ – -فرۆشراوه‌ به‌ ٢١ ملێۆن دۆلار
1963 Portrait of Henrietta Moraes- Bacon’s Female
Portrait

حارس نیزامەدین هاوڕێی دێرینی قوتابێتیمه‌، لە قۆناغی ئامادەیی، دووساڵ لەسەر یەک تەختە دائەنیشتین. هەر لەسەر ئەو تەختانە لە وانەی فیزیادا وێنەی خەونەکانمان دەکێشا، لە وانەی کیمیادا وێنەی ئازادیمان دەکێشا، لە وانەی زیندەوەرزانیدا وێنەی سنگی ڕووتی ژنان، لە وانەی زماندا گۆرانییە غه‌مباره‌كانمان دەنوسییەوە. بەمجۆرە بۆ هەر وانەیەک تێمایەکمان دیاریکردبوو تاوه‌كو وێنەکەی بکێشین یا خەیاڵەکەی بنوسینەوە… لەدوای شەشی ئامادەیی ئەو چووە کۆلیژی پۆلیس و ئێستا سەرهەنگی پۆلیسە، و  منیش هەموو شتێک بووم و هیچیش نەبووم. هەموو کارێکم کرد و هیچیشم نەکرد. سەرەڕای ئەو ساڵانە بەڵام لەگەڵ حارسدا پەیوەندیمان وەکو خۆی ماوەتەوە. هەر هەفتەی رابردوو بوو ئەو پێیگووتم؛

 

– ئاگاداربە میوانەکان لە بنکەی پۆلیس دۆسیەیان بۆ دروستکردوویت و بەڵگەی زۆریان لەسەرت داتاشیووە. ئەوان کاربەدەستانی وڵاتیان لە تۆ پڕ کردووە. دەڵێن؛ تۆ هەر بەوەوە نەوەستاویت کە ڕێزی میوانەکان ناگریت و بەردەوام دەمەقاڵێتانە. هەروەها خەڵکی فێردەکەیت کە ناوی ئەم شارە بۆ گەڕەکشار بگۆڕن. ئەمەیش لای ئەوان خیانەتێکی گەورەیە، چونكه‌ بچووککردنەوەی شارەکانی وڵات بۆ ئاستی گەڕەکشار، سووکایەتییە بە پیرۆزییەکان، بۆیە ئاگات لە خۆت بێت.

 

-بەڵام ئەم شارانە هەر سیمای گەڕەکیان هەیە هەتا شار. شارنشینی و ژیانی شار لە سایەی ئەو میوانە شەلاتی و شەقاوانەدا تا ئەندازەی ژیانی ناو گەڕەکێک تەسک بۆتەوە. خەڵکی لە ترسی گێچەڵی میوانەکان ناوێرن لە نێوان ناو ئەم گەڕەکشارانەدا هاتوچۆ بکەن.

-هەتیو، من خەمی تۆمە. تۆ ئێستایش وەکو سەردەمی ئامادەیی لێی دەخوڕیت.

 

دواقووم لە چایەکە دەدەم و سەرنجی دایکم دەدەم، هەرگیز ئەوم بەو ماتییە نەبینووە. منیش خەمیکی قووڵ دامدەگرێ، هەردووکمان وا تەماشای یەکتر دەکەین، وەک ئەوەی دوادیدار و دووایین نیگاگۆڕینەوەمان بێت…

 

-ڕۆڵە گیان، من شوێنبزربوونی سەرداری ماڵەکەمم بینی و هیچم پێ نەکرا. من هەتککرانی خۆمم بینی و هیچم لە دەست نەهات. تکات لێ دەکەم با جەرگسووتانیش نەبینم. با هەتککردنی ژیانی بووکیشم نەبینم. لێرە مەمێنە و بڕۆ.

دایکم بە دەم هەڵڕشتنی فرمێسکەوە وا دەڵێت…

 

-بۆ کوێ بڕۆم؟ چۆن تۆ بە جێدەهێڵم؟ من بە خەمەوە وا دەڵێم…

 

-منیش نامەوێ دوای تۆ لەم ماڵەدا بە بێکەسی بژیم.  خۆ تۆ لێرە بیت یان نا، تازە من هەتک کراوم. دڵنیام دوای تۆ بەردەوام من و ژیان هەتک دەکەنەوە. بۆیە باشترین شت ئەوەیە بەر لە ڕۆیشتنت لەم ژوورەی خۆمدا بە زیندووێتی بمنێژیت. ئەگەر بەر لە مردنم زیندەبەچاڵم کەیت، دڵنیابە کە نامرم.

هەفتەی ڕابوردوو بوو هەر لەم ژوورەیدا بێئەوەی کەس بزانێت دایکمم زیندە بەچاڵ کرد. کارەکەم زۆر بە خێرایی ئەنجامدا. تەنانەت ماچی یەکتریشمان نەکرد، نەکا سۆزمان بجوڵێت و پلانەکەمان هەڵوەشێتەوە.

لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا لەگەڵ ژیان و هەردوو مناڵەکەماندا، هەر بەو دەرگەیەدا کە نیوسەدە زیاترە دانەخراوەتەوە چووینه‌ دەرێ. کۆڵان تاریک، گەڕەکشار کش و مات. لاقی چەپم خوێنی لێ دەچۆڕێت. بەڵام دەڕۆین، دەڕۆین و خۆشمان نازانین بۆ کوێ. مناڵەکان خەمی ئەوەیانە، میوانەکان بە دڵۆپە خوێنەکانی لاقمدا، شوێنپێکانمان بدۆزنەوە.

  بەرلین – 25.07.2020

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌