دادا یاخود دادایزم، لە بزووتنەوەی مۆدێرنیزمیدا، ڕێبازێکی پێشەنگ و تایبەتی هونەری و ئەدەبییە، جوڵانەوەیەکی کۆنەپەرستانەیە و دەکرێت وەک ناڕەزایەتییەکی بەرچاو ببینرێت بەرانبەر پێکەوەبەستنی کولتوری لە هێرارشیی کۆمەڵایەتیدا. هەروەها دەتوانین بڵێین دادا یەکەم شکانی خودئاگایانەیە بە بەردەوامی کولتوری بۆرژوازی و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە، دژوەستانی هونەری تاکەکەسییە بەرانبەر ئەو کۆمەڵگەیەی جەنگی جیهانی یەکەمی خوڵقاند.
ڕەوتی دادایزم لە ساڵی ١٩١٦ لە شاری زویرخی وڵاتی سویسرا، بە ڕابەرێتی کۆمەڵێک هونەرمەند و نووسەر بەرپا بووە و پاشان لە وڵاتانی تری ئەورووپا و لە ئەمەریکاش پەرەی سەندووە. پێشەنگانی دادا لە زویرخ بریتی بوون لە؛ (هوگۆ باڵ، ئێمی هێنینگس، تریستان تـزارا، هانس ئارپ، مارسێل جانکۆ و هتد …) ئەم کۆمەڵە ئەدیب و هونەرمەندە بە بەیاننامە و کار و چالاکییە سەیروسەمەرەکانیان دژی خەسڵەتدارکردنی هونەر و ئەدەب وەستانەوە. لێپرسراویەتی جەنگ و وێرانکارییەکانیان خستە ئەستۆی کۆمەڵگە و هێرشێکی هونەرییان لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندا بەرپاکرد، بە ئامانجی لەناوبردنی ناسیۆنالیستی سیاسی، نەریتی چەقبەستووی کۆمەڵایەتی، وەکیەکبوون و زیادەڕەوی هزری و لۆژیکی.
پاش زویرخ، لە بەرلین لەلایەن؛ (ڕاول هاوسمان، جۆرج گرۆس، هاننا هوێچ، واڵتەر مەهرین، جۆهاننێس بادەر و هتد …) جوڵانەوەکە بەرفراوان کرا و هاوکات لە ئەمەریکاوە گروپێکی تر بە ڕابەرێتی (مارسێل دوچامپ، فرانسیس پیکابیا و ئارتور کراڤان و هتد …) لەم بارەیەوە دەستبەکاربوون و پەیوەندیان لەگەڵ گروپەکانی بەرلین و زویرخدا گرت و بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی دادایزم لە پاریسیش، کە لەوێ (ئاندرێ برێتۆن و بینیامین پێرێت و جاکویس ریگاوت …) لە دیارترین داداییەکان بوون. هەروەکچۆن فەیلسوفی ئیتاڵی (جولیوس ئێڤولا) و نووسەری ناودار (واڵتەر سێرنەر) وەک چالاکوانانی دادایزمی ناسران.
لەو ڕووەوە کە هونەر ڕاستی کۆمەڵگەیەکی درۆزنی نیشاندەدا، داداییەکان هێرشیانکردە سەر تێگەیشتنی هەنووکەیی هونەر و دژی ئەو چەمکە کلاسیکییە وەستان کە جوانیی لە ناوەنددا دەهێڵایەوە. هونەری دادایزمەکان لە هەرەلەپێشترینەکان بووە و خۆیان بە (دژە-هونەر) ناویانبردووە. ئەوان بە مەبەست و ئاگاییەوە شێوازی نەشیاو و ناباویان بەکارهێناوە و بایەخیان بە بێسەروبەرەیی و بێدەربەستی داوە.
زۆر تێگەیشتنی جۆراوجۆر و ناڕوون بۆ واتای بنچینەیی وشەی دادا هەیە، هەندێک پێیوایە دادا لە دەنگی گڕوگاڵی منداڵەوە وەرگیراوە، هەندێک دەڵێت لە وشەیەکی منداڵانەی فەڕەنسییەوە هاتووە بەواتای ئەسپ و هەشە وشەکە پەیوەست دەکاتەوە بە دەستەواژەیەکی ئەڵمانییەوە کە بۆ ماڵئاوایی دەگوترێت. دادا هەموو ئەم واتایانە دەدات و مانای هیچیشیان نادات، ناڕوونی وشەکە تا ئاستێکە کە بووەتە شێوازێک لە ناڕوونی و چۆنییەتی ڕێڕەوگرتنی ڕەوتەکەدا.
بزوتنەوەی هونەری دادایزم ساڵی ١٩٢٤ هەڵوەشایەوە، وێڕای کورتیی تەمەنی جوڵانەوەکە، جێپەنجە و کاریگەری خۆیان بەهێز و سەرنجکێش بەجێهێشت، بە جۆرێک، ئەو ئەنتی هونەرەی کە دروست بوو، لەگەڵ کاتدا چووە ناو دامەزراوەی هونەری جیهانییەوە و تا ئەمڕۆش کاری پێشەنگەکان پڕ بەها و بەرزدەنرخێندرێن.
هەندێک کاری داداییەکان:
سەرچاوە:
https://www.artsy.net/article/artsy-editorial-100-years-on-why-dada-still-matters