![]()
ئاگرتاش
حەمە کاکەڕەش

ئاگر دەتاشم
گیرفانەکانم پڕ دەکەم لە تەڵاشە ئاگر
دڵنیام ئایندەی مرۆڤ
تاریکتر و ساردتر دەبێت.
ئاو… ئاو… ئاو
ئاوی میھرەبان
وشک دەکەمەوە
بۆ سەردەمی خنکان یان تینوێتی.
ڕۆژگارێ دێت
مرۆڤ وەک باڵندەیەکی پێکراو،
دەکەوێتە بیابانی ژیانەوە
-با- دەبەستمەوە، تا پشکۆی برینی دڵەکان نەگەشێنێتەوە.
دڵی غەمگینی تاریکی دەدەمەوە،
گومان و نیگەرانی تەم ڕوون دەکەمەوە.
دڵی بەرد نەرم دەکەم،
دڵی مرۆڤ نەرم نابێت،
دەرگای قەفەسەکان دەشکێنم،
ژیان خۆی قەفەسێکی بێ دەرگایە.
من،
زمانم گەرمە ئاگرم خواردووە،
زمانم تەڕە پیاوێکم وەک باران شپرزەم،
وشەکانم شەپۆل دەدەن،
خەیاڵم ھاژەی دێت،
من پیاوێکم لە ئاو.
زمانم گەرمە،
وشەکانم کڵپە دەکەن،
خەیاڵم بڵێسەی لێ دەڕژێت،
من پیاوێکی ئاگرییم،
زمانم گڤەی دێت،
وشەکانم پڕن لە دەنگ،
من پیاوێکم لە _با_.
زمانم بڕاوە،
وشەکانم خوێناوین،
خەیاڵم کوژراوە.
مرۆڤ ئاسمانی بۆچییە؟
مرۆڤ کەوتۆتە شتەوە.
ئاسمان وەک کراسەکەی دایکم قەد دەکەم
مرۆڤ تاقەتی ڕوانین و … ڕامانی نەماوە،
مرۆڤ سەرقاڵە بە ھیچەوە،
دایکم سەر قاڵ بوو بە ئێمەوە؛
دایکم شتێک لە سەرووی مرۆڤەوە بوو.
لە شیعرێکی تردا وتومە: دایکم ژیانی خۆی لە بیرکرد،
نەک ھەر ژیانی، بۆ ئێمە خۆیشی لە بیرکرد.
ئاگرتاش دایکم بوو:
دایکم غەمگینترین ئاگرتاش بوو،
دایکم ژیانی ئێمەی ڕووناک و گەرم کردەوە و…
خۆیشی، ئاخ! خۆی ساردییەکی غەمگین دڵ و ڕوحی داپۆشی بوو.
کە دایکم مرد،
منیش مردم!
بەڵام من مردوویەکم ھەناسە دەدەم.
لەم شیعرەدا،
وەک تارمایی دەردەکەوم،
کەم و کورت قسە دەکەم،
ئەگەر لە تەنیاییدا ڕەقیش ببمەوە؛
قسەیەک ناکەم دڵی بەفر گەردێ بگرێ.
با حەسرەتی بێ تۆیی بمسووتێنێ
چۆن دڵی ئاگر سارد دەکەمەوە؟!
باشترین قسەم بێدەنگییە
ژیان کورتە و…
مردنیش درێژ درێژ.
ئا بیرم کەوتەوە ژیان چییە؟!
کە بیر لە ژیان دەکەمەوە،
ئاگرتاشم بیردێتەوە؛
ئاگرتاش لە خانوویەکی قوڕدا
دەژیا.
زستانان کە باران دەباری،
دڵۆپەی خانووەکە؛
سەرینی خەونەکانی تەڕ دەکرد.
ئاگرتاش میھرەبان بوو،
ئاخ! ژیانی پڕ لە حەسرەت و دەرد و ژان بوو.
کە ئاگرتاش مرد،
ئاگرەکەی کوژایەوە؛
ژیانی من سارد ھەڵگەڕا.
من لە تارمایییەکانی خۆمدا دەژیم.
وەک سێبەری ئاواتێکی تێکشکاو
دەنگم لە نێوان دڵ و بێدەنگیدا ون بووە،
هەموو شتێک لە ناو مندا کەم دەبێتەوە،
وەک ڕووناکیی دواڕۆژ؛
کە بە هێواشی دەکوژێتەوە.
لە سەر دڵێکی سارد،
من فێری بێدەنگی بووم،
لە کاتێکدا کە وشەکانم
هیچ کەس نەبوو بیانبیستێ
یان تێیان بگات.
هەناسەم بەردەوام دەچێتە دەر
بەڵام گەڕانەوەی نییە،
وەک ئەو کەسانەی
جارێک چوون و نەگەڕانەوە.
لە تەنیاییدا
دەستەکانم بە یەکتر دەگرم،
بۆ ئەوەی نەکەوم؛
لە قوڵایی بێهیوایی.
دڵم جارێک ئاگر بوو،
ئێستا خاکە،
هەڵدەفڕێت لەگەڵ هەناسەی با؛
بێ ئەوەی شوێنێک بگرێتەوە.
حەسرەت لە مندا نیشتەجێ بووە،
وەک میوانێکی بێ کۆتایی،
نە دەڕوات و..
نە من دەتوانم لێی دووربکەومەوە.
کاتێک بیر لە ژیان دەکەمەوە،
وێنەی ئاگرتاشم دێتەوە پێش چاو،
لە خانوویەکی قوڕدا دەژیا،
کە باران دەباری،
بە دڵۆپەی خانووەکە،
خەونەکانی دەشکان،
خەونەکانی تەڕدەبوون.
ئەو شەوەی دایکم مرد،
ھەزار خەونی ناخۆشم بینی.
حەسرەتی مردنی دایکم،
وەک شەوی دارستان تاریک،
وەک بیابان تەنیاو غەمگینی کردم.
کوێربم من، کە دایکم مرد
شیعرێکم بۆ باوکم نووسی
نووسیم: باوکە دایکم مرد
دایکم مرد، باوکە؛
باوکە دایکم زۆر چاوەڕێی ئەکردیت.
خۆر ئاوابوو،
شەو تێپەری،
ساڵ ھات و چوو؛
کەچی ئەو هەر چاوەڕێی ئەکردیت؛
تا شەوێکیان نائومێدبوو
لەوەی کە تۆ دەگەڕێیتەوە
وەک خۆرێکی غەمگین
بە کپی و بە جوانی مرد؛
وەک چۆن بەکپی و بە جوانی ژیا.
باوکە با بۆت بگێڕمەوە لە دوای تۆ ئێمە چۆن ژیاین:
کە تۆ ئێمەت لە خانوویەکی قوڕینی گەڕەکی بێکەسی شارێکی بێکەسا بەجێھێشت،
لە دوای تۆ زەوی و ئاسمانی ئێمە دایکم بوو،
ئاو و نانی ئێمە دایکم بوو،
با و بارانی ئێمە دایکم بوو،
بزە و گریانی ئێمە دایکم بوو،
ئاگرتاش ژنێک بوو بێ ھاوتا،
دایکێک بوو لە نوور و میھرەبانی خوا.
ئاگرتاش خەونی غەمێک بوو،
بە ناوچەوانی ژیانەوە.
دادەگیرسا و دەکوژایەوە،
لە ژیاندا دەمرد و…
لە مردندا دەژیایەوە.
ئای ئاگرتاش بیرت دەکەم،
بیری نیگا جوانەکانت،
بیری دەست و پێی شەقار شەقار بووت،
بیری دڵی پڕ لە باشیت،
تا دەمرم لە دڵمدا تاقانەترین
ئاگرتاشیت.
ئاگرتاش لە مەرکانەی دڵیدا بارانی ھەڵدەگرت،
تا ھاوینان تینیوێتی منداڵەکانی بشکێنێ.
چەپکێ ئاگری وەک پشتوێن دەبەستە پشتی،
بۆ ئەوەی لە سەرمای زستاندا ئامێزی پڕبێ لە گەرمی بۆ منداڵەکانی.
چەن گوڵێکی ڕەنگاوڕەنگ و بۆنخۆشی
لە پێچی بۆیمەکەیدا دەشاردەوە،
بۆئەوەی پایزان منداڵەکانی بێ ڕەنگوبۆ نەبن.
ئاگرتاش،
ئاگری دەتاشی،
ژیانی دەلاوانەوە،
سادەیی پڕ کردبوو لە جوانی،
ڕەنجی دەدا،
لە دڵیدا ئازاری دەژەنی.
ئاگرتاش نزیک بوو لە خواوە،
بە زمانێکی سادە قسەی لەگەڵ خوا دەکرد.
ھەموو جار دەمبینی لەسەر بەرماڵەکەی
نزای دەکرد و دەپاڕایەوە لە خودا و…
دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە و…
دەیوت: خودایە بێ حەیا و حورمەتمان نەکەیت.
خودایە ڕووسوری ھەردوو دونیامان بکەیت.
خودایە زەلیلی سەر جێگام نەکەیت.
خودایە ھانام بە قاپێکەت.
لە دوای نزاکانی دایکم،
هەموو شەوێک گوێم لە هەناسەی ئاسمان بوو،
وەک ئەوەی خودا،
بە ناوی کوڕی ئاگرتاش بانگم بکات،
من لە ناو ئەو ناوەوە ھەناسەم دەدا و دەژیام؛
ناوێک کە بۆنی نان و ماست و مانگا و گیا و ماندووبوونی لێدەهات.
ناوێک کە دەستە شکاوەکان
هێشتا گەرم دەکاتەوە،
ناوێک پەنجە شکاوەکانی دایکم ژیانی پێ دەنووسێتەوە.
دایکم نەمرد،
ئەو بوو بە ئاگردانێک لە ناو سەرمدا،
کاتێک چاوەکانم تاریک دەبن،
ئەو ژیانم ڕووناک دەکاتەوە.
منیش ھەر ئەو مردووەم،
کەوتووم و ھەناسە دەدەم،
چونکە لە ڕەنگی هەر وشەیەکمدا
دایکم دووبارە دەژێتەوە و…
ژیانم ڕەنگڕێژ دەکاتەوە.
یادەوەریی ئاگرتاش،
بەردەوام دەمنووسێتەوە.
ئەگەر ڕۆژێک مرۆڤ،
لە خۆی دوور بکەوێتەوە
ئەوا ناوی دایکم بنووسن لە سەر ئاسمان،
بۆ ئەوەی فێر ببن
چۆن دەبێت مرۆڤ بوون
لە ناو شەوێکی بێ دەنگدا.
کاتێک ھەموو شتێک لە خۆی دەترسێ،
من بیری ئاگرتاش دەکەم،
من تەنها لەگەڵ یادەکانی ئاگرتاشدا دادەنیشم،
وەک منداڵێک
لە سایەی دایکی
دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە
بۆ داواکاری نا،
بەڵکو بۆ ئەوەی دڵنیابم
هێشتا شوێنێک هەیە
کە دڵەکان تێیدا ناشکێن.
دایە ئاگرتاشی من،
تۆ فێرت کردم،
چۆن لە ناو ئاگر دا نەسووتێم
چۆن لە ناو ئاو دا نەخنکێم
بەڵام فێرت نەکردم
چۆن لە بێ تۆییدا بژیم؟!
لە دوای تۆ
وشەکانم پێکەوە خەیاڵم ناگرن،
ڕستەکانم وەک کۆچبەران،
بێ وڵات و بێ نیشتمان،
هەریەکەیان لە شوێنێک دەگرین و بێ کەس دەمرن.
ئای ئاگرتاش لە دوای تۆ،
دڵم بوو بە ماڵێکی چۆڵ،
پەنجەرەکانیشی داخراون،
تەنها با،
بە دەنگی تۆ سەردانی دەکردم.
تا تۆم ھەبوو بەناو ئازار و دەردا دەڕۆیشتم و نەدەمردم،
من هەرگیز نەمتوانی
باوەڕ بە مردن بکەم،
چونکە تۆ
لە هەموو شتێکی بچووکی ژیانی مندا ھەیت،
لە ھەموو شتێکی گەورەی ژیانی مندا ھەیت،
لە گەرمی دەست و…
لە سپێتی ماست و…
لە نەرموشلی ئاوو…
لە بۆنی نان و…
لە ترپەی دڵمدایت.
لە دوای نزاکانی دایکم
هەموو شەوێک گوێم لە هەناسەی ئاسمان بوو،
وەک ئەوەی خودا،
بە ناوی کوڕی ئاگرتاش بانگم بکات.
من لە ناو ئەو ناوەوە ھەناسەم دەداو دەژیام،
ناوێک کە بۆنی نان و ماست و مانگاو گیاو ماندووبوونی لێدێت
ناوێک کە دەستە شکاوەکان
هێشتا گەرم دەکاتەوە،
ناوێکە پەنجە شکاوەکانی دایکم ژیانی پێدەنووسێتەوە
دایکم نە مرد.
ئەو بوو بە ئاگردانێک لە ناو سەرمدا،
کاتێک چاوەکانم تاریکدەبن،
ئەو ژیانم ڕووناک دەکاتەوە.
منیش ھەر ئەو مردووەم،
کەوتووم و ھەناسە دەدەم.
چونکە لە ڕەنگی هەر وشەیەکمدا،
دایکم دووبارە دەژێتەوەو…
ژیانم ڕەنگڕێژدەکاتەوە.
یادەوەری ئاگرتاش
بەردەوام دەمنووسێتەوە.
ئەگەر ڕۆژێک مرۆڤ.
لە خۆی دوور بکەوێتەوە،
ئەوا ناوی دایکم بنووسن لە سەر ئاسمان،
بۆ ئەوەی فێر ببن
چۆن دەبێت مرۆڤ بوون!
لە ناو شەوێکی بێ دەنگدا،
کاتێک ھەموو شتێک لە خۆی دەترسێت،
من بیری ئاگرتاش دەکەم.
من تەنها لەگەڵ یادەکانی ئاگرتاشدا دادەنیشم
وەک منداڵێک
لە سایەی دایکی
دەستم بۆ ئاسمان بەرزدەکەمەوە
بۆ داواکاری نا،
بەڵکو بۆ ئەوەی دڵنیابم
هێشتا شوێنێک هەیە
کە دڵەکان تێیدا ناشکێن.
دایە ئاگرتاشی من،
تۆ فێرت کردم
چۆن لە ناو ئاگر دا نەسووتێم
چۆن لە ناو ئاو دا نەخنکێم
بەڵام فێرت نەکردم
چۆن لە بێ تۆیی دا بژیم؟!
لە دوای تۆ
وشەکانم پێکەوە خەیاڵم ناگرن،
ڕستەکانم وەک کۆچبەران،
بێ وڵات و بێ نیشتمان؛
هەریەکەیان لە شوێنێک دەگرین و… بێ کەس دەمرن.
ئای! ئاگرتاش لەدوای تۆ
دڵم بوو بە ماڵێکی چۆڵ،
پەنجەرەکانیشی داخراون؛
تەنها با
بە دەنگی تۆ سەردانی دەکردم.
تا تۆم ھەبوو بەناو ئازارو دەردا دەڕۆیشتم و نەدەمردم!
من هەرگیز نەمتوانی
باوەڕ بە مردن بکەم،
چونکە تۆ
لە هەموو شتێکی بچووکی ژیانی مندا ھەیت،
لە ھەموو شتێکی گەورەی ژیانی مندا ھەیت،
لە بۆنی نان و…
لە گەرمی دەست و…
لە سپێتی ماست و…
لە شینی گیا و…
لە فرمێسک و لە ئارامی و لەفڕینمدا تۆ باڵ بوویت،
لە شیعرمدا تۆ جوانترین خەیاڵ بوویت.
ئەگەر مردن
دووربوون بێت؟
ئەوا تۆ نزیکترین کەسی ژیانمیت.
نا تۆ ھەرخۆت ژیانم بوویت.
چونکە لە هەموو ھەناسەیەکمدا
ناوت دەدرەوشێتەوە.
ئای! ئاگرتاش ھیچ ناوێ جێت ناگرێتەوە
دایە: ئەی ئاگرتاشی ژیانم
من هێشتا ئەو منداڵەم
کە بە چاوی پڕ فرمێسک
لە دەرگای شەو دەڕوانێ
بۆ ئەوەی
تۆ وەک ڕووناکی بگەڕێیتەوە.
کاتێک دوا وشەکانم دەنووسم
هەست دەکەم
هەموو شتێک لە ناومدا کۆتایی هاتووە
نە تەنها تۆ
بەڵکو منیش
لەگەڵ تۆ لە ژیان دابڕام.
من ئەو منداڵە نیم
کە ناوی دایکی بانگ دەکات
من تەنها دەنگێکم،
لە ناو بۆشاییەکی بێ وەڵامدا.
شەوەکان درێژتر دەبن،
وەک قەبرێکی کراوە؛
کە تێیدا
یادەکانم یەک بە یەک دەنێژرێن.
دەستم دەخەمە سەر سنگم
بۆ ئەوەی دڵم بدۆزمەوە،
ئەوەی لێی دەمێنێتەوە
تەنها دەنگی بەتاڵییە.
دایکم…ئاگرتاشی من
دوای مردنی تۆ،
منیش مردم.
ئێستا تەنها شتێک ماوە:
جەستەیەک
کە بە ناوی من دەژی و
ڕۆژانە فێری مردن دەبێت.
ئەو شەوەی دایکم مردم
تاقی ژیانم درزی برد.
ناوی ئاگرتاش
لەسەر زمانم قورس بوو،
وەک پارچەیەک لە دڵم سووتابێ.
من ئاگرتاشم نەماوە
من تەڵە پووشێکم،
بەدوای ئاگری خۆمدا دەگەڕێم.
بەبێ ئاگرتاش من نازانم
چۆن بژیم، من کێم!
من دڵێکم ھەبوو
بە دەستە شەقار شەقارەکانی دایکم
دادەگیرسا،
ئێستا،
بووە بە خۆڵەمێش
لە ناو سنگمدا…
قەسیدە ٢٠٢٣ – ٢٠٢٦


