سوژەی کوردی

Loading

بوونێک لە شکانەوەدا

” کورد خۆی ئەویتری خۆیەتی.”

١

سوژە نە جەوهەرێکی ئەبەدییە و نە فۆرمێکی وەستاو و دامەزراو، سوژە پێکدێت، دەخوڵقێت و دەخولقێنرێت. سوژە دەربڕین و مانێڤستبوونی هێزی زاڵ و هێزی هەژمونکارە. سوژە لەناو پەیوەندی هێزەکان و ململانێ و بەرکەوتن و کێشمەکێشی هێزەکاندایە. بەم واتایە هەر هێزێک زاڵ بێت، ئێمە سوژە – ئاوێنەیەکمان هەیە کە تەنیا و تەنیا تیشکدەرەوەی ئەو هێزەیە کە کاری پێکهێنان و ڕێکخستن و ئاراستەکردن و چوارچێوەدارکردنی ( سوژەیەکە)، سەر ڕێگاخستنی سوبژێکتیڤاسیۆن و سوبژێکتیڤیتێیەکە کە مانێڤستی ویست و ئیرادە و خواستی هێزە. سوژە پڕە لەو درزانەی هێزو پەیوەندی هێزەکانی بە ناودا تێدەپەڕێت. جەستەیەکە نەخشێنراو و ڕەنگڕێژکراوە بە ویست و گوتاری ئەو هێزانەی کە لە شەڕ و ململانێدان لە پێناو شکڵبەندکردن و بەرهەمهێنانەوەی.

ئەبوبەکر جاف ؛ نوسەر ؛لەبواری هزری ڕەخنەییدا
ئەبوبەکر جاف؛ نوسەر؛ لەبواری هزری ڕەخنەییدا

٢

تۆ لەو بڕوایەدایت بوونی تۆ لەوەتەی هەیە هەر ئەمەیە، قەدەرێکە و نەخشاندویتی، جەبرێکە و ناتوانیت لێی دەربچیت، لەناو حەتمییەتێکدایت کە ئیرادەی دەرچوون و دەربازبوون و تێپەڕاندنت نییە.

٣

ئەمە ڕێک ویستی دەسەڵات و دەزگاکانێتی. دەسەڵات بەرمەبنای فشار و سەپاندن و چەپاندن و توندوتیژی کار ناکات، دەسەڵات مەعریفە بەرهەم دێنێت، لە ڕێگەی مەعریفە و تەعریف و پێناسەکانەوە خۆی و سوژەی خوازراو و ویستراو بەرهەم دێنێتەوە. دەسەڵات و هێزەکان مێژووت بۆ دیاری دەکەن بە شێوەیەک مێژووی تۆ مێژووی گوتاری دەسەڵات و دەزگاکانی دەسەڵاتە. مێژووت وەک مەعریفە دەداتێ. مێژووت دەکات بە مانێڤستبوونی سەرەتا و کۆتایی بوون و جوڵە و وێنە و بەرکەوتنەکانیشت. دەسەڵات لە ناو تۆڕێک لە دەزگای شاراوە و ئیمانانتدا پەی بە تەواوی ئەو پنت و درزانەش دەبات کە سوژە دەیەوێت لێیەوە هەڵبێت و ئەکتێکی بەرگری سەر ڕێگا بخات.

٤

وێنا و وێنە و وێناکردن لەناو ویست و ئیرادەی دەسەڵات و هێز و گوتارەکانیدا ناچارە بچێتە ئاستێکی دیکەی کارکردن و بەرهەمهێنانەوە. دەبێت وەهم و ئیمانێک بەرهەم بهێنێت و بیکات بە بڕوا و دۆگم و دۆکسا، واتە بوونێکی دانەبڕاو و جیانەکراوە لە ئاستە وجودی و کەینونەکەشیدا لە گەڵ ئەو دەرئەنجامە ماتریالییەی سوژەیەک لە ئاستی فەردی و گروپیدا بەریدەکەوێت. دەبێت هێزەکان بڕوا بە کوردەکان بێنن ئەمە قەدەر و بڕیارێکی پێشوەخت یەکلاکراوەیە کە کوردەکان ناتوانن ڕابەرایەتی خۆیان بکەن، ناتوانن بونێکی سیاسی و دەزگاییان هەبێت. بەڵام چەسپاندنی ئەم بڕوا و ئیمانە دەچێتە ناو پاساوگەلی گوتارییەوە، ئاین دێت باسی برایەتی ئیمانداران و موسوڵمانان دەکات، سۆسیالیزم باسی برایەتی زەحمەتکێش و پاڵە و ڕەنجدەران بۆ کوردەکان دەکات، باسکردنەکە هەم فۆرمی ئیمانی لە خۆ دەگرێت، هەمیش کاری تیۆریزەکردن و تیۆریزاسیۆن. کوردەکان تەنیا و تەنیا لەناو یەکێتییەکی سەرو ناسیۆنالیستیدا دەتوانن ژیانێکی باشتر ئەزموون بکەن. ئەم کارکردن و موخاتەبە و دواندنەی کوردەکان هەمیشە بەرهەمهێنانەوەیەتی لە ننق پرۆسێسیوسەکانی (دواخستنی سوبژێکتیڤیتێی بە کوردبوون لەناو ئەکتێکی خۆیدا.)

٥

مێژووی سیاسی کوردی، وەک مێژووی فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەرییەکەی، مێژووی ئەکتێکی بەرەنگاربوونەوەیە لەناو داکۆکیکردن لە بوون و مانەوە نەک ئەکتێکی پراتیککردنی خۆ و خۆ ئەداکردن و خۆ ئەزموونکردن. لەناو گوتاری مانەوە و ئەکتەکانی بەرگری تەنیا لە پێناو مانەوە و بە سەر ژیانەوە بوون، سوژە و سوبژێکتیڤیتێی کوردی مەحکوم بووە بە سەر ڕێگاخستنی تەنیا شێوازێک لە بەرگری و بەرەنگاری و بەرهەڵستکاری، ئەکتی شۆڕش و چەکداری. ئەکتی شۆڕشگێڕی و چەکداری کردەی ناو هەلومەرجێگە تەنیا ویستێک بۆ مانەوە و ڕۆیشتن لە گەڵ ژیاندا بوونی هەیە. لەناو ئەکتی شۆڕش و شۆڕشگێڕیدا تەنیا فریای ئەوە دەکەویت بڵێیت: بە تکا من زۆرم ناوێت و تەنیا دەمەوێت لەناو هەندێک مافی بچووکدا بمێنمەوە. تەنانەت گەمە و یاری و یاساکانی دەسەڵات و هێزەکان مافە بچووکەکانیشت بۆ دیاری دەکەن. واتە ئەو مافانەی تۆ بەرگری لێدەکەیت، ویست و خواستێکی هێزەکانە لە بەرانبەر کۆمەڵێک مافی پێناسەکراو و دیاریکراودا. کەواتە مافەکانت و ئەو مافانەی کە دەتەوێت بە دەستی بهێنێت، دروستکراوێکی هێزەکانە.

٦

سوژەی کوردی هەڵگری وێنەیەکی تێکشکاو و هەڵگەڕاوەیە لە بەرانبەر خۆی و ئەویدیکەدا. پەیوەندییەکانی بە خۆی و ئەوانی دیکەشەوە بەر مەبنای ئەو وێنە شکاوە و هەڵگەڕاوەیەیە کە هێزەکان و دوزگاکانیان دروستیان کردووە. وێنەی بوونێکی کوردی هەر فۆرم و دەرکەوتەیەکی هەبووبێت، وێنەو وێناکردن و دەرکەوتنی بووە لە ناو ئارەزووی هێزەگان بۆ فۆرمێک لە بوونی خوازراو و ویستراو بۆ کوردەکان. مێژووی بوونی سوژە و سوبژێکتیڤیتێی کوردی، مێژووی بەرهەمهێنانەوەی وێنەو وێناکردن و مەعریفەو ئێستیسماری گوتاری باڵادەست بووە لە سەر کوردەکان. ئێمە وپەیوەندیمان بە خۆمانەوە، پەیوەندی و بەرکەوتنی داڕێژراو و نەخشە بۆ کێشراوی پێشوەختەیە. ئێمە هەمیشە و بەردەوام گوزارشت بوین لەو وێنە و وێناکراوە بەرهەمهێنراوەی هێزەکان بۆ ئێمەیان داتاشیوە و کردوویانە بە دۆخێکی ئۆنتۆلۆژی. دەسەڵات و هێزو پەیوەندییەکانی هێزەکان لەناو پرۆسێسیوسەکانی خۆ بەرهەمهێنانەوەدا، خۆی وەک ( ئەویتر) ی سوژەیەک ون دەکات. مەیدانی خۆ بەرهەمهێنانەوە و کارکردنی گوتارێک، لە ناو دیسپۆزیتیفەکانیدا، ناهێڵێت بوونێکی کۆنکرێتی و مەلموس و دیار و بەرچاوی هەبێت، لەم پێناوەدا ئەویترێک دەخوڵقێنێت و بەرهەم دێنێت لە خودی سوژە و سوبژێکتیڤاسیۆنەکە. هێزەکان لە خودی کوردەکان ئەویتری خولقاندووە، ئەویترێک کە لە ڕێگەیەوە هێز و دەسەڵات و دەزگا هەژموونکارەکانی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. کوردەکان لە خۆیان ئەویتر پێکدێنن، واتە پەیوەندییەکی نەیاربوون و دوژمنکاری لە گەڵ خۆیاندا سەر ڕێگا دەخەن و لە ناو ئەکتی پارێزگاری لە خۆکردن و خۆ هێشتنەوەدا ئەوەیان لە بیر دەچێت کە ئەویتری کوردەکان ئەوێکیتری لە خۆیان دروست کردووە.

٧

مێژووی زیاد لە سەدەیەکی ئێمە، مێژووی هەڵهاتن و ڕاکردنە لە سوبژێکتیڤیتێیەکی کوردی، مێژووی کورد نەبوونە، مێژووی سوژە و سوژە سازییەکی دەسەڵات و هێز و دیسپۆزیتیفەکانێتی لە ناو وەهمی کوردبوون و کوردایەتی و کورداندن. سوژەیەک نییە بە ناوی کوردەوە، ئێمە پراتیکی وێناکردنێکی پێشوەختی گوتار و دەزگا گوتارییەکانین. ڕێک مێژووی سەدەیەکی ئێمە دەکاتە مێژووی سەدەیەکی ئەویتری بە کوردکراو و بە کوردبوو.

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .