كات؛ مانگی حوزەیران ساڵی ٢٠٠٣
شوێن: گەرەکی سەرشەقام .سلێمانی
لەنێو خەیاڵی خۆمدا نقووم بووم ئاخۆ دەبێ چی بڵێم تاڕازی بکەم کەمێک بۆم بدوێت ؟ بڵێم من کێم ؟ بڵێم چیم ؟ باشە دەڵێم سوێند دەخۆم باسی هیچ ناکەم. نا دەڵێم دڵنیابە! نا دەڵێم بۆ کتێبێکمە نا! باشترە لەپێشا بپارێمەوە..نا! تۆ بڵێی ئاسان بێتە قسە! دوای چەند جار بگەمە ڕاستیەکان؟ تۆ بڵێی چەندم کات بوێت، تاوهكو قسەم بۆبکات ؟ ئاخۆ سادە وەڵامم بداتەوە یان ئاڵۆزی بکات لێم ؟
تۆ بڵێی نەیەت بەگژم او نکوڵی لەکارەکەی نەکات ؟ گەر لێی پرسیم کێ ناردویهتی بڵێم چی؟ گەر گووتی درۆیە چی بڵێم ؟
ماڵێك له ژێر ئاسمانێكی نادیاردا
لەنێو گێژەڵوکەیەکی پڕ تەپوتۆزاوی و بەرەو ئاسمانێکی نادیار دەرۆشتم و نوقمی خەیاڵەکانم بوو بووم نەمدەزانی گەشتومەتە کام کەنارو کوچەو کۆلانی شار، پرسیارەکانم لە خۆم باڵایان بەرزترو کێشیان لەخۆم زۆر زیاتر بوو. هێواش هێواش هەناسەم توند دەبوو نینۆکەکانی خۆم دەکرۆشت هەستم دەکرد دەخنکێمو هەوای ئەم شارە بەشم ناکات
– خەندان خان گەشتین فەرمو دابەزە
– ئۆو زۆر سوپاس.
(شوفێری ڕێکخراوەکەمان گەیاندمی و لەگەڵ دابەزینمدا هێندە دڵم توندو خێرا خێرا لێیدەدا، گوێم لەزرمە زرمی دڵم بوو دەتگوت لەسەر بانیژەوحەسارە قورینەکان هەڵدەپەرم . پێتان سه یر نەبێت گەر بڵێم وامدەزانی دەچم بۆ بەردەم تاقیکردنەوەی بەکەلۆری چونکە زۆرجار تەریقکرابومەوەو پیاماهەڵشاخابوون. دەستە لەرزۆکەکانم بەئهوپەڕی دوودڵیەوە برد بۆ دەرگایەکی دووتاکی کۆن هێندە هەتاو دابووی لهبۆیهی دهرگاكه، كه بەئاستەم دەتزانی ڕەنگەکەی لهبنهڕهتدا شین بووە… لەگەڵ یەکەم کردنەوەو درزی دەرگادا تیشکی خۆرێکی تیژ لەشوشەی جامخانەی هەیوانەوە دایەوە بەناو چاومداو ڕایچڵەکاندم، ئیدی وەک شەمشەمەکوێرەیەک کە لەنێوتاریکیدا دێتەدەر لەکورترین کات وساتدا پڕترین و جەنجاڵترین بازاڕ، ماڵ ،شار،گوند، بەهەشت، جەهەنەم ..زۆرترین وێنەو ڕووخسارم هاتە بەرچاو. هەستم کرد هەناسەیەک بۆ سیەکانم دێن بەڵام هێشتا لە سەر سنگم قەتیس ماون..
حەوشەیەکی چاڵ و ماڵێکی شێواز نیوەشاری و نیوە گوندی، بڕوام نەبوو لەودیوو ئەودەرگا چکۆلەیەوە حەوشەو بانێکی هێندە بەر بڵاو وجەنجاڵ ببینم. هەرچۆنێک بێت هەنگاوم هەڵهێناو بە دوو قادرمە چوومە خوارەوە بەرەو حەوشەی ماڵەکە. هێشتا هەر تاسابووم دەمویست بە کەمترین كات چاو لەهەموشتێ بکەم. خۆیشم نازانم بۆ هێندە پەلەم بوو بەزەییەکم بە چاوی خۆمدا نەدەهاتەوە تاهێواش هێواش سەیرکەم و تێبگەم حەوشەیەکی سەرکەچەڵی ڕەنگ چڵکن، چیمەنتۆکەی هێندە بەتەمەن و بێزار بوو بست بەبستی چاڵ و چۆڵی بوو، لەزۆر جێگەدا چەوە بەردینەکانی دیاربوو دەتگووت چاوێکی زەقن لە من دەڕوانن ئەمبەر و ئەوبەری ماڵەکە هۆدە و هەیوان بوو. بەری دەستەڕاستی پێوەی دیاربوو کە چ ئارایشتێک و پینەو پەرۆیەکی بە سەدان جارو کاتی جیاواز بۆ کرا بوو. جامخانەیەکی نیوەشین و نیوە زەرد و لادیوارێکی بەردی مەڵکەندی و لادیوارێکی لەبغێکی ڕەنگ بۆر و قوفڵێکی زەمانی ئینگلیز بە جامخانەکەوە خۆی هەڵواسی بوو!
لەبەری دەستە چەپیشدا هەیوانێکی ڕەنگ چڵکن و پان و دیوارەکانی بهقوڕ سواخداربوو. کۆڵەکەیەکی داری ئەستور هەمو قورسای بانەکەی ڕاگیركردبوو، نیوەی کۆڵەکەدارەکە بۆیاخێکی سەوزی تۆخ و نیوەکەی تریشی هەر ڕەنگ زەرد و چڵکن. هێندە بزماری پیاداکوترابوو سەدەها کوونی لەسەربوو، خۆ گەر بتخستایەتە دەریایەکەوە خۆی لەسەر ئاو ڕانەدەگرت دەتگووت بێژهنگە. دەیان وسەدان پریاسکەی ناشرین و خۆڵاوی و چڵکن و بۆرو دەیان کیسەی نایلۆنی ڕەنگ ڕەش و زەرد و شینی پێدا هەڵواسرابوو. لەناوەراستی هەردوو دەستەی خانووەکەدا حەوشەیهك بوو كه دارەتویەکی سەرهەڵپاچراو ههبوو، دارتوویهك خاوەنی کەمترین سێ بەر لە ناوەراستی حەوشەکەدا قوتبوو بۆوه.
هێشتا ڕامابووم بێدەنگی باڵی بەسەر ئەم ماڵەدا کێشابوو، کەچی لەڕاستیشدا بێدەنگ نەبوو، بەدەیان ژن و کچی گەنج و پیرێژن دانیشتبوون، هەندێکیان لەسەر کورسی فافۆنی تاڵ نایلۆن کە لەیادمە ساڵەکانی حهفتا بۆ ههشتاكان لەزۆربەی ماڵەکاندا هەبوون. دووان سیانێک بەچیچکانەوەو یەک دوانێک بەپێوە لەسووچێکدا بەجۆرێك لە یەکئاڵابوون، کە بهئاستەم دەتوانرا ڕووخساریان ببینی. بەدەستەکانیان سەرپۆشێکیان بەرزکردبۆوە و ڕووی پاکیزەیی و ژنبونی خۆیان پێداپۆشی بوو، بەڵام ئەوان لەودیوو سەر پۆشەکانەوە منیان باش دەدی. من هێشتا نوتقم لەخۆم بڕی بوو بەس سەیرم دەکرد وەک ئەوەی پێمگووترابێت تاقیكردنهوهی کۆتایتەو دەبێت لەماوەی پێنج خولەکدا هەرچی وێنەی ئەو ماڵەیە بیکێشیت .
سەرجەم ژنەکان و کچەکان بۆیان جێگەی داخ بوو كه کەسێکی تر خۆی بكات بهژووردا، هەموویان بەلایەکی چاو پێێانگووتم؛ دەک بەخێرنەیەیت!…خێرا سەروڕوخساری دووان سیانم دی بەلێو هەڵقرچانێکەوە لچیان لێ بادام و ڕووی خۆیان خێرا وەرگێرا. یەکێك بەبەری دەستی و یەکێ بەسەرپۆش و یەکێ بە کتێب و یەکێ بەلەتێ مقەبا، هەموو تواناکانیان خستە گەر تا دەموچاویان نەبینرێت! دیاربوو لە چاوەروانی و چیچکە کردن و هەڵکروشاندا بێزار بوو بوون، جارجار قورسایی لەشیان دەخستە سەر پێکەی تریانو جێگۆرکێێان بەقاچەکانیان دەکرد.
حهوزی شتنهوهی خوێنی لهباربردن
هێشتا چاوم دهیڕوانیه ئەم تابلۆ بێ ڕەنگانە، دهمم كردبۆوه له سهرسامیدا و لەیادمکرد بوو لێکیان بنێم، دەنگێکی خنکاو قەتیس پڕ ترس هواری دهكرد؛ ئایی…ئاییی.. تخوا..تخوا…
دەنگێکی پڕ لە ناسۆر هاتە بەرگوێم، موچوڕکە بەسەرتاپای جەستەمدا هات، ئەو ساتە ئیتر ترسام بیرمکەوتەوە لەکوێم، ههربۆیه خێرا ڕووم بەرەو لای هاوارەکە وەرگێڕا…بیرم لهوهدهكردهوه کەمنداڵ بووم دایکم هەقایەتێکی ترسناکی بۆ دهگێڕامهوه و دەیگووت؛ دێوەکە دەڵێت؛
بۆن دێت، بۆن دێت،
بۆنی بێگانان دێ،
لەم دەورو پشتان دێ.
دێوەکە بەبۆن دەڕوات منداڵەکان بخوات، منیش لەبری بۆن بەدەنگەکە ڕۆیشتم بەلام من نەمدەویست کەس بخۆم. بەرەو لای هەیوانە قوڕینەکە ملم ناو ویستم هەنگاو بنێم بەلام یەکێك شیراندی؛
– ئەودەرگایە پێوەیە، دادە گیان ئەوبەردەشی بخەرەوە بەر…
لەژێر سێبەری دەستە پڕ موستیلە ئاڵتونەکانیدا بە مۆڕەکردنێکی بێ لەزەتەوە یەکێ لەو ژنانەی لەحەوشەکەدا دانیشتبوو ئهوهی پێگووتم و منیش گەڕامەوە دواوە و دەرگای کۆڵانم پێوەدا، بەڵام بەتیلەی چاوەبزێوەکانیشم هەر سەیری ئەو خانمانەم دەکرد هێشتا حاڵی نەبووبووم ئەمانە چ کارەن لێرە؟!
ویستم هەنگاو بنێم بەرەو هەیوانەکە ژنێکی شپرزە لە دەرگای ژوورەکە هاتەدەر و بەپڕتاو بەلایەکی لێویەوە جگەرەیەکی نیوەسوتوو وەک ئەوەی دڵی نەیەت بیتەکێنێت، دەستێ جلی کوردی ناتەواو لەبەردا، کراسێکی کورت و کوێر هێلەکێکی ڕەش دیاربوو لە پێشدا سەتەن بوو، بەڵام سوابوو تۆخیهکهی ڕۆشتبوو. بەلەچکێکی سپی چڵکن ناوچاوانی بەستبوو ئاگریجەو بسکە لولە زبرەکەی نیوەڕەش و نیوەسپی هێنابووه دەرێ. قۆڵ و بازنێکی پلاتینی سوورباو لەدەستیدا لە چروچو لۆچی ڕووخساریدا هەزاران حیکایەتی بێ سەروبن خۆیان حەشاردابوو…چاوێکی تیل و چاوێکی ساغ بەدەم خێرا ڕۆشتن و ڕاپەراندنی کارەکەیەوە قاپێکی قوڵی ستیل و دوسێ مقەست و مقاشی ستیل لەناویداو لێوان لێو لە خوێن و پارچە خوێنی خەستو چڵکاوی بهدهستهوه بوو. بێ ترس و بێ سڵەمینەوە وەک ئەوەی سادەترین کار بێت و بەیەک قڵپ رشتی و کردیە بەردەم بەلوعەکە! خێرا، خێرا لەئاوی بەرمیلەکە ئاوێکی پیاکرد و پڕ بەقاپەکەش ئاوێکی کرد بەخوێناوه خوڕەکەدا تا بڕوات. ئیدی خوێن و چڵکاو و ئاو هێدی هێدی بە جۆگەلە باریکەکەدا ڕێچکەی خۆیان گرت و ڕۆچوونە خوار کونجەکە كه کەمێك دوور تر بوو لە بەرمیلی ئاوەکەوە.
ژنهكه سەری هەڵبری و خێرا سووتوی جگەرەکەی تەکانده سەر زمانە ڕەشەکەی و ئاخر مژی لە جگەرەکەیداو خستیە بەرجۆگەلەکە، تائەویش بەخێر چێت! ڕۆح و چاوم دەستەو یەخە منیان جێهێشت و لەگەڵ ئەو پارچە خوێنە ئەستورانەدا بەرەو جۆگەکە ملی نا و لەودیوو زێرابەکەوە بەچرپە بەو منداڵە ساوایەم دەگووت؛ گەر لەدایک بویتایە دەشێ زۆر جوان بویتایە …. دەمگووت گەر لەدایکبویتایە ڕەنگە زۆر بەد بەخت بویتایە، گەر بمایتایە لەوانەیە خۆت مردنت هەڵبژاردایە ..لەوانەیە ..لەوانەیە…
بەتەقەی مقەست و چەقۆو دەزگاکانی لەقاپەستیلەکەدا، من چوومهوه حەوشەکەو پارچە خوێنەکانم جێهێشت و ( پوورە بەهێ) ویستی بچێتەوە ژوور بۆ تەواوکردنی کارەکەی، چومەسەر ڕێگەی و خێرا گووتم؛ سڵاو پوورە بەهێ جەنابتی ؟
برۆی چاوە ساغەکەی لێ بەرز کردمەوەو بەدەنگێکی بێزارو توڕەییەوە گووتی؛ سکەکەت چەند مانگە؟
واقم وڕماو حەپەسام، منێک بەدرێژای سێ ڕۆژە چیرۆک دەهۆنمەوە تاوهكو كه (پوورە بەهێ) م بینی چۆن بیهێنمە قسە کەچی بێ سێ ودوو خستمیە ناو ئۆقیانوسەکە و گووتی مەلەبکە. بەدەنگێکی ناشرینترو بێزارتر گووتیەوە؛ گوێت نییە سکەکەت چەندە؟
ئیدی بەرەو ژورەکە ملی نا و منیش بەدوایا ڕۆشتم و گووتم؛ من سکم نییە!
گووتی؛ ئێ …پەردە دەدوریتەوە؟
– نهخێر، پەردەی چی ؟
زۆر خێرا سەری هەڵبری ئەم جارەیان وەک ئەوەی سەرۆکی دادگا بەسەر تاوانبارێکدا هاواربکات و هاواریكرد؛ ئەی چیتدەوێت ؟ ها ؟شوو ؟ شوو لێرە دەست ناکەوێت!
– نا پورێ گیان من هاتوم تۆزێک ئیشم پێتە…
– درۆ و دەلەسە مەکە و سەرم مەیەشێنە هەمووی خۆی ئەکات بە فاتیمەی زەهرا، جائەوەندە بەحایاو شەرمنن یهكسهر قاچتان هەڵمەبڕن! ژن …ئاخ لهدهست ژن …
– پورێ گیان درۆناکەم من بۆشتێکی تر هاتووم…
هەرچیم کرد زمانم نەیدەوێرا بڵێ بۆ چاوپێکەوتن هاتووم، هێندە توڕەوتڕۆ بوو، هێندە بە پەلە بوو کەدەمزانی ئاش لەخەیاڵێک، ئاشەوان لەخەیالێکی تر، هەر چۆنێك بوو گووتم؛
-
دەکرێت تۆزێک کاتم بدەیتێ قسە بکەین ؟ من لەڕێکخراوێک ئیشدەکەم….
وەک فیشەکە شێتە نەی هێشت قسەکەم تەواو کەم شیڕانی بەسەرما و گووتی؛
– لاچۆ، لاچۆ دادەگیان مافی مرۆڤ! تەڕەماش ! تو خوا لاچۆ بائیشەکەم بکەم دنیاتان حیز و دزکرد…
لە نێو ئەو بگرە و بەردەیەی من و پوورە بەهێدا چی دەگوزەرا، ئافرەتێکی گەنج، کە هێشتا باش نەمدەتوانی ڕووخساری ببینم، دوو ژنیش خەریکی پۆشتەکردن و جل لەبەرکردنی بوون. یەکێك خەریکی دهموچاوی بوو بە دەستهسڕیش ئارەقی بۆدەسڕیهوه و ئەوی تریشیان سەرقاڵ و شپرزەی کۆکردنەوەی جلو بەرگەکەی بوو…وامزانی خەو دەبینم لێوان لێو لە ترس و ڕامان لەناوەڕاستی ژوورەکەدا خۆم دی، کە بەدەم قسەوە لەگەڵ (پوورە بەهێ) چووبوومە ژوور بێئەوەی هەستی پێبکەم…
شهوگهرده قهدیمهو خانهنشینهكهی پوره بههێ
دەزانم تۆی خوێنەر بڕوا بەم دیمەنە ناکەیت، بەڵام مەخابن خەون نەبوو، من بەڕاستی دیم. ژوورێک بوو لە قوڕ کە هێشتا بۆنی سەردەمی ساڵانی پەنجاکانی لێدههات، ژوورێک ئەوەندە قەرەباڵغ بوو کە نەخانەکانی مێشکم و نە چاوم بەرگەی دەگرت! پەنجەرەیەکی کۆنی دارینه، تاقی پەنجەرەکەش هێندە پان بوو كه سەدان کاغەزو پرو پریاسکەو قەڵەم و تەپڵەکی جگەرەی باغە و دۆلکەیەکی ستیلی ئاو خواردنهوه و تۆپەڵێک لۆکە و سووزگیەک پڕ لە پاکەتە دهرمان و داوو دەرمانی تێکەڵ. لەناو جەنجاڵی ئەو هەموو شتومهكهدا قتوویەکی کۆنی تەنەکەی ڕۆن، چەپکێ ڕێحانەو گوڵی تێدا ڕووابوو، ڕێحانەکان ئەوەندە پیر بوون، لق و پۆپەکەی تووکی ههڵدابوو، گەڵاکانی زبر زبر ڕەنگ مۆر. لەبەردەم ئەم پەنجەرە بێ نازەدا قەرەوێڵەیەکی کۆن، تابڵێی کۆن سەرنجڕاکێش بوو، سێ قاچی تەواو و قاچێکی شکاو، تیرۆکێک کەبەسەدان پەتی ڕەنگاورەنگی تیراخی پەڕۆ بەسترابۆوە! وەک ئەو پیرەمێردانەی دارشەقەکەیان لەدارێکی پینە و پەرۆ دروستدەکەن، ئاوهها وهك قاچ بۆ قەرەوێڵەکە کرابووە قاچی چوارەم، سێ قاچەکەی تریان هێندە قورسایان لەسەر بوو کەئیتر لەتوانایانا نەمابوو قنج بوەستن و بەرگەی زۆرتر بگرن، بەتەواوی لێک بڵاو بوو بونەوەو دەتگووت ئێستا نا ئێستا دەشکێن!
پارچەیەک سفرەی چەرمی بێجی ڕهنگ و چڵکن و پیس لەسەر نیوەی قەرەوێڵەکە بوو، دۆشەکێکی بەرگ گوڵ گوڵی ئەنگۆرە سەرینێکی بێ بەرگو تابلێی قێزەون، ئەوەندە پەڵەی زەرد لەسەر خامەکەی بوو هەستتدەکرد جگە لەو كۆنی و پووایی، نقوومه لە فرمێسکی چاوی سەدەها کیژۆڵە و ئارەقەی شەرمەزاری و ئازار ی بێ هاواری زۆرێک لەژنان . بێئەوەی ئەم قەرەوێڵەیە بدوێنیت، دەیان چیرۆکی ترسناک و نامۆی بەگوێتا دەچرپاند. بێئەوەی دەست بۆ ئەو پێخەفانە بەریت بەئاشکرا دەردە دڵی خۆیان دەکرد و داوای ئازادیان لێ دەکردی و دەپارانەوە بۆ ئازادی و گەڕانەوەی رۆحی هەزاران ساوای بێتاوان…
کورسیەکی فافۆن لەبەردەم ئەم قەرەوێڵە پیرو شەکەتەكهدا دانرابوو، لای سەروی لەسەر پارچە چەرمەکەش تەختەیەکی حهمام، ئەوەندە کۆن بوو لەناوەڕاستدا قڵشی تەختەکە هێما بوو بۆ بێزاری و پیری. له بەرامبەر قەرەوێڵەکە کورسیەکی قەدیمی تەختە وەک قەنەفەیهكم، دۆشەکێکی بەتەمهنترو داڕزاوتری لەهی قەرەوێڵەکەی لەسەر بوو! چەرچەفێکی ڕەنگ کاڵەوە بوو و چەند کونێکی تێدا بوو دڵنیام کەئەوەندە کۆن بوو ڕزیبوو. گەرچی بەئەتەمین چنرابوو بەڵام ڕەنگی خووریەکانیش هێندەکاڵ بووبونەوە، ئیتر چاوەکان بەزەیان بەحاڵیدا دەهاتەوە و نیگا شەرمی دەکرد لێی بڕوانێت.
لای خواروی قەرەوێڵەکەش تورەکەیەکی لەگوێنی نایلۆن دروستکراو دانرا بوو، کە بە کۆکلە نەخشی زیگزاگی لەسەر چنرابوو. دڵنیام هی سەرەتای ساڵەکانی پەنجاکان بوو، چ وەک مۆدێل چ وەک نەخش و جێدەستی پێوه دیاربوو. ئەوەی جێگهی هەڵوێستە بوو ئەم توورەکەیە پڕ پڕ بوو لەسەرە پارچەی قوماش، وەک ئەوەی دوکانی خەیاتێکت گسک دابێت و کردبێتە ئەو توورەکەیەوە، ئاوهها لەهەموو چەشنێک پارچەی تێدا بوو. گەرچی من تاوهكو ئەوساتە نەمزانی بۆ ئەم هەموو شتە جیاوازە لەم ژوورهدا هەن، بەڵام دڵنیاش بووم هیچ شتێك بێ وەزیفە نییە لەم ژوورەدا! هەموو شتەکان سەرەڕای بەتەمەنی و كۆنیان، بەڵام هێشتا لەکاردا بوون و هیچ شتێك بۆنی ئەوەی لێ نەدەهات خانەنشین بکرێت یان تووڕ بدرێت…نهك ئهوه، بهڵكو وەک ئەوەی هێشتا سەرەتای دەست بەکاربوونیان بێت، هەر لەسەر قەرەوێڵەکە لای خواروی زۆرێک کەرەسەو شتومەکت دەدی وەک دەزووی کڵافەو جۆرەهامقەست و موکێشی گەورەو مقاش و دەستکێشی تەنک و چەندین شتی تر کەناویان نازانم.
دیواری ژوورەکە ماندووبوون و بێزاریان پێوە دیاربوو، وێنەیەکی ڕەش وسپی و بهڕهنگاڕهنگكراو شان هەڵکزاو، لەچوارچێوەیەکی تەختەی باریکدا بهدیوارهكهوه ههڵواسرابوو. بزمارەکانی چواردەوری شوشەکە گەرچی باریک و بچوک بوون، بەڵام ڕەنگە ژنگاویەکەیان جوان دیار بوو، شوشەکەی توێخێک خۆڵ و تۆزی لەسەر بوو. بهبێ دوودڵی و بیرکردنەوە دەتزانی وێنەی گەنجێتی (پوورە بەهێ)ەو لەوپەڕی لاوێتی و گەنجێتیدا، ئهو فۆتۆیهی گرتبوو. لەژێر ئەوفۆتۆیهدا پهیكهرێكی ناشرینی گەچ هەڵواسرابوو، كه کەوێکی بەدبەختی ڕەنگاوڕەنگ بوو، دەنووکەکەی شکابوو، ئهمه جگهلهوهی گەچەکەی دەر کەوتبوو سەرباڵو لاشەکەشی هەموی قرنجابوو مەگەر خودا خۆی بزانێت تەمەنی چهنده تابلۆ گەچە چەند بوو؟ بەتەنیشت ئەمانەوە وەک ئەوەی بۆشای نەمابێت، لەدیوارەکەدا و جێگە بەش نەکات وێنهیهكی کاغەزی گەورەی حەج و مەکە بەچوار کلێبس و دنیایەک پارچە تیپی ئاوی داکوترابوو! لەسەروو هەمووشیانەوە كاتژمێرێكی قاوەیی لەچوارچێوەیەکی دیکۆری مزگەوتدا هەڵواسرابوو. گەر پێم شەرم نەبووایە دەمپرسی؛ پورە بەهێ گیان ئەم ژوورە هەر چواردەوری دیوارە بۆچی وا هەموشتێک لە پال یەکدا هەڵواسراون ؟
لەلای خواروتری قەرەوێڵەکە عەلاگەیەکی بۆری ئاسنی زەبەلاحی درێژ، بەقەد یەک کەنتۆر جل شتی پێدا هەڵواسرابوو. لانی کەم كاژێرێكم دەویست تابزانم چی و چیه و چی پێوەیە! عەبا و هێلەک و کەواو سەرپۆشو چاکەت و…هتد. هەربۆیه خێرا ڕووم وەرگێراو هەناسەم توندبوو. ڕوومکردەوە پەنجەرەکە بەڵکو خودایە هەوایەک بەدزیشەوە بێت خۆی بکات بەژووردا، من وا دەخنکێم! بەڵام سەد خۆزگە ئەوەندە بەووردی و بەتاسەوە نەمڕوانیایە پەنجەرە دیلەکە، لەلا شیپانی پەنجەرەکەدا شهوگهردێكی ڕەزاگران ئەوەندە ماڵی بوو بوو، بەئارەزوی خۆی لێی ڕاکشابوو بێ ترس و دڵەڕاوکێ تووکەکانی سەر پشتی پێیدهگووتی؛ كه دەمێکە لێره دهژی و چاودێری کارەکانی پوورە بەهێیە! چەپۆڵەکانی توندکرد بوو لە دیوارە قورەکە و بێخەم و بێ دهربهست وەستا بوو…
هێندەی نەمابوو لەجێگهی خۆم بزریکێنم، بەراستی گەرچی چیرۆکەکانی (ئۆقیانوسێک لەتاوان ) لێوان لێو بوو لەترس و ڕاچڵهکین، بەڵام هێشتا بۆمن ترسی سەروسیمای ئهم شهوگهرده زیاتر دەمتۆ قێنێت!
خێراتر ڕووموەرگێراو ڕوومکردە دەرگاکە بەڵام سەروسیمای دەرگاکە جوانترو باشتر نەبوو لەشتەکانی تر، ئەویش تەمەنێکی دورودرێژی لەگەڵ پورەبەهێدا بەسەر بردبوو. بەڕاستیش زۆر ماندو بوو بوو، ئیتر داکەوتبوو بەزۆر بەلاشیپانەکەدا هەڵواسرابوو،ههر دەتگووت ئێستا نا، کەمێکی تر دەکەوێتەخوارهوه و ژووره پڕدهكات لهفهوزا، بەتانیەک بەسەردەرگاکەدا داکوترابوو، ئیدی دەتزانی گەر پیرە دەرگاش بكهوێت ، ئهوا بەتانیە بۆر جێگهی دهگرێتهوه.
بۆم ڕووننەبۆوە تاوهكو دواجاری سەردانیشم کە ئایا دەرگای ژوورەکە تەختەبووە یان تەنەکە؟ چونکە نیوە تەختە و نیوە تەنەکە لەیەکتر ئاڵۆسکابوون، گرێژەنەکەشی لەجێگەیەک تاکێ نەعل بەبزمار بۆی دانرابوو. لە بەردەمی ئەم دەروازە پڕ نهێنیەدا پانکەیەکی بچوکی قەدیمی بەتڕە تڕ ئیشی دەکرد، دەنگی ماتۆڕەکەی ئەوەندە ناخۆش بوو بێزاری دەکردی، هەستمدەکرد پەڕەکانی فریاناکەون، خێرا بخولێنەوە بۆیە زووزوو بەر یەکدەکەوتن!
لەهەیوانهكهش (عەلادینێکی ئینگلیزی) دووچاو لەسەر سینیەکی فافۆنی شکاو بە هەزار بەدبەختی ئیشی دەکرد. ئەوەندە دوکەڵ و بەرزی و نزمی کردبوو، چواردەوری ڕەشبوو بوو، کتریەکی فافۆنیشی لەسەر بوو، لەبری سەرت كتری، ژێر پیاڵەیەکی لەسەر دانابوو. (پوورە بەهێ ) بێ دوودڵی كهسهرسوڕمانی بینی گووتی؛ ئەوە ئاوی گەرمەو بۆ کارەکەی دەیەوێت، پێویست بەبیر کردنەوە ناکات….
بەلام بەداخەوه وهها نەبوو چونکە سەد لەسەد هەڵە بوو، لێرەدا با واز لەسیمای ژوورەکە بهێنم و بگەڕێمەوە ناو بەسەرهاتە چاوەروان نەکراوەکە .
سۆندهیهكی خوێناوی شۆڕبۆوه
ژنەکان هەر چۆن بوو ئافرەتەکەیان هەڵسانە سەرپێ، و یەکێکیان زوو زوو دەنگی مۆبایلەکەی لێیدەدا بە پەلەپروزێ هەڵیگرتوو بەدەنگێکی شەرمنانەو هێواشەوە گووتی؛ وەرن ئا وەرنە بەردەرگا تەواوبوین وادەیگۆرم …لەوکاتەدا (پووره بەهێ) تاویدایە سووزگیە دەرمانەکەو سێ دەنک حەبی کردە سەردەستی ژنێکیان و گووتی؛ بابیخوات، کە كهوتیشە سەرخوێن، ئیتر ئەوە پێمگووتن خۆتان مەسئولن!
بەرەو حەوشە کەوتەوەڕێ و بانگی یەکێك لەو خانمانەی کرد، کە لەحەوشەکەدا بوون، بێ سێ و دوو تێگەشتم ئەوانە لەچاوەڕوانی چیدان و هەر یەکەو بەسەرهاتێکی لەپشتە…
منیش هەر بەدوای (پورە بەهێ) بووم، بەڵکو خودایە ڕەحمێکم پێ بکات و تۆزێک ئارامی بخەیتەدڵی و گوێم بۆ بگرێت… ئیدی ژنەکان بەرەو دەرەوە هاتن و چوبونە ژێر باڵی ئەو ژنهی دیكه و ئەویش بەدەنگێکی پر پاڕانەوەو بەزەییەوە، بەدەنگێکی تاساو و پڕ پڕ لە گریان و بێدەسەڵاتی دەیگووت؛ ئاه ….ئاه … ئای مردم تو خوا…
ژنهكه ڕەنگی ئەوەندە زەرد هەڵگەرابوو کە دەتگووت هیچ خوێن لەجەستەیدا نەماوە، پێستیشی بە ڕەنگی زەرد سواخدراوە لەنێوان قاچەکانیدا، سۆندەیەکی باریک شۆڕ بو بۆوە، بهجۆرێك کە بەناڕەحەت دەیتوانی بڕوات، هەموقاچو قولی خوێن بوو.
ترس ودڵەراوکێیەک دایگرتم، نەمدەزانی چی دەکەم و چیمدەوێت لەنێوان دووبەرداشی زل هێزدا دەیانهاڕیم، یەکێك ئامانجەکەمو و دەسکەوتەکەم لەڕێگەی (باجی بەهێ) وە یەکێكی تر ئەو سیماو ڕووخسارە پڕ ترس و تۆقێنەرانەیهتی.
ژنەکان ووردەروردە بەرەو دەرگای حەوشەکە ڕۆشتن و گەشتنە سەر قادرمەی یەکەم، پوورە بەهێ پڕ بەقوڕگی شیڕاندی؛ وەرە، وهره ئەو پارهیه کەمە….
منیش تاوهكو ئەوساتەش بەتەینشتیەوە وەستابووم، ڕاچلەکیم و هۆشم هاتەوە، خۆم توندکردو قاچەکانم توندتر نووسان بەزەویەکەوە…ژنێکیان گەڕایەوە و گووتی؛ بۆ بەقوربان؟
پورە بەهێش خێرا خێرا نیوەی زمانی دەهێنایەدەر ونیوەی پەنجەگەورەکەی پێ تەڕدەکردوو پارەکەی پێ دەبژارد؛ ئەوە بیست ئەوە سی ..ئەوە چل …. ئەوە ….ئەوە …… پێنج هەزاری کەمە!
ژنهكه خێرا گووتی؛ ئا، توخوا عەفوو، دەستیکرد بە جانتاکەیدا و بەکۆڵێک ڕێزو خاترو حورمەتەوە دەستخۆشی و ماڵئاوادانی و خوا لەشت ساغ بکا و هەر بێوەی بیت و ماڵت نەشێوێ…
بهمجۆره پارەکەیدایه. ئەو پارەیەی باجی بەهێ بژاردی ، منیش وەک سکرتێری بەدیاریەوە هەڵوەستابووم، شهست سهد پهنجا هەزار دینار بوو…ئیدی وەک ئەوەی هەنگم لەداردا دۆزیبێتەوە زۆر بێسفەتانە وازم لە (پوورە بەهێ) هێنا و وەک ئەوەی ئیتر منەتم پێی نەبێت، ڕامکرد بەدوای ژنەی تردا. هێشتا نەگەشتبووە سەرقادرمەکان شانیم گرت و گووتم؛ پورێ گیان کارم پێتە… هەستمکرد وەک ئەوانی تر ڕووی خۆی حەشارنادات و زۆر ترس داینەگرتووە.
-
پورێ گیان مەرۆ یەک دەقە ئیشم پێتە…
-
خێرە ئیشی چی؟
-
من لەرێکخراوێک ئیشدەکەم دەمەوێ چاوپهكهوتن لهگهڵ هەندێ خەڵك بکەم، تۆزێک قسەم بۆدەکەی؟
-
بەزەردەخەنەیەکەوە؛. جا ڕۆڵە گیان هی من بۆ؟ ماشاڵا ئەوە گەڕەکێک ژن دانیشتون من پەلەمە ئەها جێم دێڵن …
-
ئەوە چی تۆ بوو، کچت بوو؟
-
نەوەڵا خوا شوکور نەیهێنیتە ڕێگهی کەسمان، نەوەڵا ڕۆڵە گیان، دایکەکەم، ئهوه دراوسێمانە لەبەرخوا هاتم لەگەڵیان، ئەوەی تردایکی بوو!
دەستیشی بۆ دەرگای حەوشەکە برد بیکاتەوە بروات دووبارە گرتم و گووتم؛ بوەستە ئەی چۆن تۆزێک قسەم بۆدەکەیت ناوت ناهێنم هەر ناشمەوێ ناوت بزانم؟
-
شتی چی کچم، وازم لێ بێنە جێمدێڵن!
-
من خۆم دەتبەمەوە بەر ماڵی خۆتان توخوا پورێ گیان، تکادەکەم.
-
ئەیەڕۆ ئەمە چی بوو، ئەڵێێ قیرو بنێشتە.
-
ئێ خۆ چی تیایە، دووپرسیارت لێ بکەم؟
-
هیچ بەس پەلەمە بۆ جارێکی تر ئەها ئەو هەموژنە دانیشتوون!
-
مالەکەتانم بەرێ کاتێکی تردێم من فلان کەسم لەو رێکخراوە کاردەکەم هائەوە کارتەکەم بەس ژمارەیەک یان ئەدرەسێکتم پێ بدە!
-
ئەی خوا شوکوور! بنوسە ژمارەکەم بەخوا هی خۆشم نییە هی کورەکەمە، ئەمە، ڕاوەستە هی ماڵەوەمان خۆشکوور من خوێنەوار نیم، ها لەسەر ئەودەفتەرە نوسراوە بەساقەی بم کوڕەکەم بۆی نوسیووم!
(لە جانتاکەی دەریهێنا و خێرا وەک ئەوەی باشترین کەسم دەستکەوتبێت نوسیم و ئەویش وەک ئەوەی لەدەست جەلاد ڕزگاری بووبێت ئۆخەیەکی کردو ڕۆیشت. كه دەرگاکەدا کەکرایەوە سەیرێکی بەردەرگاکەم کرد ئۆتۆمبێلێكی کی جامڕەشی مۆدێلی تازه ڕاوەستا بوو، ژن و ئافرەتەکەی تێدا بوو، ئۆتۆمبێلهكه خێرا لهبهرچاوان ونبوو…
بەپڕتاو خێرا گەرامەوە لای (پوورە بەهێ) و وەک گوڵەبەرۆژە ڕووم وەرگێرایەوە بۆلای ئەو لەژوورەوە مشتومڕی نرخ و کرێ دەستی بوو، پوره بههێ تابڵێیت بەتوڕەییەوە و خێرا خێرا قسەی دەکرد…
-
ئهها، ئەوەتا بەبەر چاوی خۆتانەوە چەندی یا! من تاقەتی معامەلەم نییە دایکەکەم، کاتم مەگرە بەخوا وام لێهاتووە دەرگا لەکەس نەکەمەوە. خۆژن شعوریان نییە ناڵێن ئەم ژنە نانی ئەوێ، ئیسراحەتی ئەوێت!
یەکێ لەو ژنانەی لەوژورەوە بوو دیار بوو لەگەڵ کەسی تووش بوودا هاتووە گووتی؛
-
راستەکەی بەخوا بەس ئەڵێێ چی ڕووی پارە ڕەش بێت تۆش ئەبێت بزانی هەمووی گیرفانی وەک یەک نییە، ئەم نیەتی خێرە تۆ بەهەشتێك بۆخۆت دەکڕیت…
-
بەهەشت! وەڵا بەوە بێ هەی (….) من بەهەشتم بەوە ههر دەستناکەوێت، حەیاو داوێنی خۆم دادە گیان، ئەوەکەی ئیسلامەتیە، ها ؟ ئەی کاتێ پاڵئەکەون بۆ بیریان نییە ها؟ ئەی تاوهكو مەعیدەیان بۆ ئەبەنە ژوورهوه بۆ بیری نییە ها؟
پوره بههێ زۆرێک قسەی ناشرین و بێ لەزەتی كرد، کە تاڕادەیەکی زۆر سوکایەتی و بێ حورمەتی بەژنەکان دەکرد، كه شایستەی نوسین نییه.
-
ئێستا ناوی خوای لێ بێنە بە چوارسەد هەزار کە بۆی بکە!
-
نایکەم پێمگووتی نایکەم، بڕۆنە دەرەوە، باژنێکی تر بانگبکەم دەی هەڵسن کاتم مەگرن…
یەکێکی تریان کەدیار بوو کەسی نزیکتری تووش بووەکەیە، خێرا پەلاماری دەستی پوورە بەهێی داو بەدڵێکی پڕ گریانەوە گووتی؛ توخوا خێرت دەگات، دەنا بەخوا دەبێت بیخنکێنین و بیخەینە بەحرەوە من چی بە باوکو برای بلێم؟
کچێکی کزۆڵەو سەرتاپای لەشەرمدا نقومبوو، دڵێکی پڕ لە گریان و فرمێسک لەسەر پێڵوی چاوەکانی وەستا بوون، چاوەرێی بارینیان دەکرد و پەنجەکانی دەستی لەیەک ئاڵاندبوو، بەهەموو جۆرێک دەیجوڵاندن بە لەرزینێکەوە گووتی؛
– وەعد بێت سەری مانگەکەی تر بۆت بێنم.
– هینە، خۆ تاقمە پلاسکۆم لێ ناکڕیت تابەقەرز بێت. ئێستا سەرم بۆ دێشێنن گووتم نایکەم و تهواو…
پاشان ژنەکەی یەکەمجار قسەی دەکرد ههڵیدایه و گووتی؛ باشە باش من دەیاندەمێ بەقەرز، وەعدی دا ئەو بیدات!
-
کەیفی خۆتانە چۆن ڕێدەکهون من پارەکەی خۆمم دەوێ و تهواو!
-
بەسەر چاو..
-
دهدهی پاڵکەوە خێرا، ئەو پانتۆڵەت داکەنە ئەڵێێ هینی (….)
کچە پاڵکەوتوو و بەشەرمێکەوە نیوەی پانتۆڵەکەی هێنایە خوار، ئەوەندە دەترسا بهجۆرێك دەستەکانی وەک شەقشەقە دەلەرزین. پووره بههێ هاواری لێكرد و گووتی؛ ها پێت عەیبە لێره دایكهنیت؟ باشه بۆچی بۆ ئەو پیاوه ئاسان داتكهند! بەخوا هەقە هەمووتان بسوتێنن، جاران ژنێک لەمێردی خۆشی سکی دەبوو بەهەزار شەرم وحەیاوە دەهات، ئێستا هەیهوو، هەیهوو…
جیرەی دەرگاکە دەتگووت ئاوازی مۆسیقاژەنێکە کەتازە فێری مۆسیقا دەبێت..دهرگاكه جیرڕاندی و ژنێک بە کۆڵێک پێکەنینەوە هاتە ژوور و چۆن و چاکییەکی گەرم و ئەملاولای پوورە بەهێی ماچکرد، پووره بههێ گووتی؛ باشە من نەمگووت زوو وەرن ئاخر ئەوەتا ئەبینی حەوشەکە پڕە خۆ عالەمەکە هەموی هەر ئیشو کاری بوە بە(…)
-
پەنابەخوا خۆ حەپەسام ئەوەچیە خۆ ئەڵێێ عیادەکەی دکتۆرە!
-
ئەی چی جاتۆ چیت دیووە بەس بائەمە تەواو کەم دادهنیشن…
-
کچێ ڕۆحی چووە بەخوا لەژێردەستدا ڕەنگە زراوی بتۆقێت…
-
زیرەکات پێغەمبەر، بڵێ مەکروناز مەکە، بەخوا مەکرو نازی کەسم پێ هەڵناگیرێت!
ئافرەتێکی باڵابەرزی گەنج خۆی کرد بەژووردا و دیار بۆ قسەو باس لەسەر ئەم خانمە بوو، بە ڕوویەکی خۆشەوەو نیوە ترسەوە ماچی پورە بەهێێ کرد وگووتی؛ بەخوا زۆر دەترسم!
-
داوەشێی یاخوا خۆ تۆ منداڵت بووە، چەندە دووان یان سیان؟
-
کچێ سیانم هەیە بەخێر نەیەمەوە، نازانم ئەمە چۆن لەدەستم دەرچوو مێشکم وا ئەتەقێت!
-
فوئادئەڵێ بت بێ خوا هاوار بۆچیمانە، ئێ گووتم خۆ لە کۆلان نەمهێناوە چیبکەم؟
-
جا بتگووتایە ئاگات لەخۆ بێت پێغەمەر (…) ئێشە بگرێت !
-
هاهاها
هەموویان دایانهقاقای پێکەنین
-
بەخوا پێرێ بەس گوێم لەقیژەی ئەو ژنە بو هەر نازانم چۆن ڕامکرد!
-
ئەوە کچ بو بابە گیان، کچ فەرق دهکات مناڵی نەبووە و هێشتا زۆر نەکراوەتەوە. هەر ئەوەیە لەخۆشیاندا خۆیان پێ ناگیرێ و فڵق سکیان پڕدەبێ! هەشیانە هێشتا پەردەکەی نەدڕاوە سکی ئەبێت، خۆ ئەوە چییە قەترەیەک بچێتە ژوور تەواو! ها دهباشه، بچنەسەرەوە دانیشن و خۆم بانگتان دەکەم بچن چایەک لێ بنێن. بەخوا هێشتا نانم نەخواردوە…
پوورە بەهێ قەیتانێکی ڕەش لهملدابوو، چهند کلیلێكی پێوە بەسترابوو، لەملی داکەند و دایە دەست دووخانمە ناسیاوەکەی. منیش وەک ئەوەی خزمی نزیکیان بم و مافی خۆم بێت بەپانی ودرێژی ماڵ ەکەدا بێمو بچم خێرا گووتم؛ پورە بەهێ منیش دەچم چاوەرێت دەکەم تا تەواو دەبیت…
كهگوێیی لهدهنگم بوو، یەک قیژەی کرد بەسەرمدا ناوسکم گەرم داهات و گووتی؛ مەگەر تۆ هێشتا لێرەی ئەیەڕۆ ئەم بیاتاقەیە توخوا وەرە…هەر هۆشم نییە بەدیارمەوە وەستاوە، بڕۆره دەرەوە چۆن ئاوا دێیته ژوورهوه؟
-پورێ گیان تۆ برسیتەو سەرقاڵیت خۆ کفر نابێت پێنج دەقە گوێم بۆ بگریت، بەشکم کاری خێرم هەبێت ئاخر بەسەر پێوە تۆ تێمناگەیت!
– چییە ؟ هاوڕێکەت سکی پڕکراوە؟ خوشکەکەت؟ یان کێ پەردەی دڕاوە؟ قابیلە لەوەزیاتر ئیشی چیت بەمن هەبێت ها؟ ئەها ئەو حەوشەگەلە چییە هەمووی وەک تۆن، خۆتەسککردنەوەی ناوێت، زۆریش مەلێ. ئەتەوێ بڕۆ سەرە بگرە ناشتەوێت دەرگاکە کراوەیە خوات لەگەڵ…
-من بۆ هیچیان نەهاتووم، ئەسڵەن شتێکی ترم دەوێت لەتۆ، گەر گوێم لێ بگریت بۆت باسدەکەم منیش وەک تۆ داخ لەدڵم دەمەوێ بزانم ئەوحەوشە پڕە لەپای چی و بۆ؟
– حای، حای، وەڵا تازە مافی مرۆڤ خەبەری ئەبێتەوە، جا خۆ ئەبێت بە دانسقە بۆ کچ بگەرێت!
– باشە منیش دەمەوێ تۆ قسەم بۆ بکەیت من لەمافی مرۆڤیش نیم!
– ئەی یەکێتی ژنان و تڕوتەشقەڵە؟
ئهو ژنهی لهژوورهوه جاوهڕهیی نۆبهی خۆیان بوون ههڵیاندایه؛
– بەهێ خان گیان قەزات لەماڵم ئێمە درەنگمانە، دادە گیان وەختی ئەو هەقایەتی مێشە نیە بائیشەکەی ئێمە رای کات ئەوخەڵکە هەمو چاوەرێن سەد بەد بەختیمان هەیە…
پورە بەهێش بەتوڕەیەوە پێمیگووت دەی بڕۆ لاچۆ درەنگمە…
ناوگهڵت دامهخه، من مقهستم پێیه
پووره پاشان ڕوویکردە ژنەکان و تاکێ دەستکێشی هەڵکێشا و یەک دوو کۆکەی کرد و تۆزێک قرخاندی و تاوهكو توانی پڕ چنگێک بەڵغەمو تفی فڕێدایە سەر زەوی ژورەک. پاشان بەهەموو هێزی وەک سادەترین کارو کردەوە پڕیکرد بە ئەژنۆکانی کچەی داماودا، بێبەزەیانە لێکی جوداکردنەوە و بەدەنگێکی پڕ قینیشەوە گووتی؛ دەی قاچت جووت مەکە، گهر دەقەیەك گەر بوەستی مەحتەلم مەکە، دەی دەی… قاچت جووت مەکە گووتم….تۆزێک زیاتر، سمتت بێنە پێش، کۆمت بخەرەسەر ئەو تەختەیە ئادەی دەستی بگرن با نەجولێ، ها مقەستم پێیە!
وهك لهكابوسێكی ترسناكدا بم، ئاوهها لهبهردهم ئهم دیمهنه ترسناكهدا سڕ بووبووم، هەرگیز نەمدەزانی قیژەی خنکاو ئابەو جۆرەیە، كچهكه هاواری دهكرد…نەمدەزانی هاوارێکی دیلکراو ئاوهها بەوشێوەیەیە، نەهاوار هاواری ڕاستەقینە بوو نە قیژە، سەرەڕای ئازاردان و ئەشکەنجەدان مافیشت نەبێ پڕ بەدڵی خۆت هاوار کەیت!
ئارەق و لیک و فرمێسک لێکجودا نەدەکرانەوە، جنێودان و سوکایەتی ژنەکانی تریشی لە گەڵدابوو بۆڵە بۆڵی (پورە بەهێ)، ههموویان بەریەکدەکەوتن و زۆر جاریش جنێوەکان دەبوون بە (یائەڵا) دەی خوایە دەی خوا ڕەحمێك، حەزرەتی غەوز پێغەمبەر دەی…دەی تۆزێکی ماوە مەجوڵێ، غیرەتت بێت…هاوار هاوار…من چیتر وشەیەک شکنابەم تاوهكو بتوانم بینوسم، کە پڕاو پڕ ئەو دیمەنە بێنێتە بەرچاو، هێندە توند دانەکانم خستبووە سەر یەک، گوێم لەجیرەیان بوو. دەستەکانم بەجۆرێک توند توند نوقاندبوو لەئارەقدا تکەیان دەکرد هەناسەم هێندە توند بوو بوو کە سەر سنگم ژانی دەکرد.
مۆبایل سهریكردین بهقووڕدا
کەچی نازانم بۆ هێشتا چاوم لەسەر ئەودیمەنە ترسناکە لانەدەبرد و گلێنەکانم تیژ تیژ بڕیبووە نێوان هەردوو لارانی ئەو ژنهی کەوەک کۆیلەیەک لەژێردەستیاندا دەیناڵاند، تەنانەت پێڵوەکانیشم بۆ چركهیهك نەدەتروکاند. کڵافەو خوێن و مقەست و سۆندە و چەندین شتی تر لەنێو پەنجەکانی پوورە بەهێدا یاریاندەکرد. هێندە خێرا دەستەکانی دەجوڵاند، دەتگووت مەکینەی کارخانەیەکی بەکارە. هەرشت بوو بەرەو قوڵایی نێوان ڕانەکانی دەبردە ژوور، بیرمە وەک جۆن دیواری بهنداوێك بتهقێت، ئاوهها بەو چەشنە خوێن هێرشیکردە سهرلەنێوان دووتوێی ڕانە سپیەکانی ژنهكه.
ئاهێکی قوڵ؛ دەی، تەواو تەواو، نەجات…چ من چ ژنهكانی تر کەمتر لەو کچە ئارقمان نەڕشتبوو، گەرچی ئێمە ئازارەکەمان نەچەشت، بهڵام خۆ جیرکردنەوەی من ئازاری دانەکانمیدەدا، تەنها کەسێك لەنێو ئەو ژوورەدا هەستی بەئازارو ئێش نەدەکرد (پوورە بەهێ) بوو. خێرا قاپەکەی پڕ بوو لە خوێن و خوڕ، وەک جاری پێشوتر بەرەو حهوزی ناو حهوشهكه بردی تاوهكو بیرێژێت.
هێشتا هەناسەدانی ئەو کچە ئارام نە بوو بۆوە، پووره بههێ هاواری لێکردن؛ خێرا کۆیبکەنەوە دەی لایبهن لێره!
یەکێك لەژنەکان گووتی؛ یاخوا خوا بی کوشتیتایە، باشە ئەوە وەزعە، ئەها مردنت باشتر نهبوو!
– تخوا مردم، سکم تەقی، ناوگیانم تەقی، دەرزیەکم بۆ بکەن بم کوژن نەجاتم بێت…
پوورە بەهێ خۆی کردەوە بەژووردا، وەک تیسکەی تفەنگ بۆ حساب و کیتابکردن و پارهوهرگرتین. بەدەنگی بەرز گووتی؛ دوای هەفتەیەک بیهێنەوە ئەوسا ئەیدروومەوە!
– ئەی ئێستا نەدەکرا بەقوربان، بەخوا گەردەزانی بەچ حاڵێک هاتووین؟
– نابێت خۆ خۆت ژنیت و سەرت سپیە یەعنی نازانی؟ ئەوە ئێستا سۆندەیەکی تیایە من چی بدوورمەوە، تاسێ ڕۆژی تریش خوێنی دەبێت، زۆر شەربەت و جگەری بەنێ، ماستاوی خەستی بۆ بکە هێلکەو ڕۆن و شتی سارد نەخوات ئاوی زۆر مەیەرێ…دوایی کەهێناتان ئیشی دە دەقەیە، ئەوە زۆری ناوێت خۆ بەناو پەردەیە هەردوتەقەڵە، بەڵام ئیتر نابێت خۆی بخاتە ژێر دەست هەتیو و مەتیو؟ ئەوە بەحاڵ بەنە، بەس ئەوەیە ئاگای لەخۆی بێت تاشووئەکات!
– کچێ دور لەقسەکەی تۆ گووی خوارد بەخوا ئەو باوکەشی مرد دەوامی چی و شتی چی ئیتر حەپسە لەژوورەوە، ئائەوە باشە؟ جا تۆ نەبوویتایە من چیم بکردایە مەگەر سەری لووتی خۆم ڕەشبکەم جاقسەی هێوەر ژن و دش و مێرد و…ئەی دیار نابێت بەقوربانت بم ؟؟
– نا خۆ سەرناکا بەناویدا، بەچی دیار ئەبێت. کەی شوویکرد دورۆژیش پێشئەوە بیهێنه سەیرێکی ئەکەم خۆ ئێستا زاوا لەڕێێ نەوەستاوە، وەڵا هینە…
– خوا لێم بسەنێت، خۆزگە ئیمرۆ کفنم بۆ بدووریایە!
– دوعای لێ مەکە، دەرگایان بۆ ئەخەنەسەر پشت ئنجا دوای سجنیان ئەکەن! درۆیە دایک باش ئەزانێت کچ چیدەکات…
– بەخوا موبایل سەری کرد بەقوڕا، ئەی هەرچی تووشیکردووه، هەرچی مۆبایلی هێنا بەم وڵاتهدا لەتوپەت بێت…
بەدەم دوعاکردن و بۆڵە بۆڵ و خورتە خورت، کەوتنە پارە بژاردن. وەک جاری پێشوو زۆر بۆم گرنگ نەبوو لەگەڵ دەستی پوورە بەهێ پارە ببژێرم، بەڵکو ئەمجارە تەنها چاوم بڕیبووە چاوە بێنازەکانی ئەو خانمەو گوێم لە ناڵە ناڵ و نوزەکەی گرتبوو؛ دەم ویست بلێم مەگری تخوا..دەم ویست بلێم ئازارت زۆرە؟ دەم ویست بڵێم؛ قەینا هیچ مەڵێ، لێشت توڕە بن ئارام بە، دەمویست بڵێم تۆ ئاشقی؟ دەمویست زۆر شتی پێ بڵێم….
بەڵام من کێم تا ئیجازەم پێ بدرێ دڵنەوایی تۆ بکەم؟ بۆیە تەنها لەڕێگەی نیگاکانمەوە زۆر بەحەسرەتەوە تێم دەڕوانی و بەئیمای دەموچاوم دڵنەوایم دەکرد، وەلێ نازانم ئاخۆ تێمدەگەشت؟ نازانم! تەنها ئەوەندە نەبێت ئەوان خەریکی حسێب و کتێب بوون یەکێکیشیان هاواریکرد؛ بەهێ خان خوێنی زۆر لێ دەڕوات!
تائەوساتەش کەهێشتا نەمزانی بوو، وەزیفەی ئهو توورەکە پەڕۆیە چییە؟ ئا لەو کاتەدا خۆی نیشانداو بەئەرکی خۆی هەڵسا، چونكه پووره بههێ چنگی کرد بەناویدا و پڕ بەدەستە ماندوە کانی چنگێ سەرە پارچەو پەڕۆی دەرهێنا و تاوهكو توانی بەهەموو هێزی خۆی لاڕانەکانی و نێوانی پێ سڕیهوه و پاکی کردەوە. لەنێو سەرە پارچەکاندا هەندێک پارچەی پوولەکە و برنجۆک هەبوون، کاتێ بەکاری هێنا تەواو لارانی ئەو بەد بەختەی پێ ڕووشاند! بەڵام من چەند گەمژە بووم، ئەوخانمە لەتاو ئازاری سۆندەکە کەتاوهكو ناوەوەی زێدانی برا بوو، پێم وانییە هەستی بەئازاریتر کردبێت منیش بەدەنگێکی لەرزۆک ، دەستم بۆ ژنەکە ڕاکێشاو و گووتم؛ ڕانی بریناربوو، هەمووی ڕووشا!
وەک ئەوەی هەر گوێێ لێ نەبوو بێت، تهنانهت بچوکترین هێماشی بۆ نەکردم کۆڵێک تەریق بوومەوەو سوک چوومەدواوە….
ئیدی پارە وەرگیرا و تەگبیروڕا کراو، وەک نەریتێک سێ دەنک حەبیان پێدرا و قاپەکە شۆراو چەرمی سەر قەرەوێڵە داماوهكه بەچنگێ سەرەپارچە سڕاو ژور ئامادەکرایەوە بۆ کۆیلەیەکی ترو ئەشکەنجەدانێکی تر کوشتنی کۆرپەیەکی تر.
ئەوەندە خێرا خێرا کارەکان بەڕێوەدەچوو، کە هەرگیز مهزنده نەدەکرا، زۆر جار وامدەزانی خەونێكی ترسناكه و زۆر جاریش هۆشمدەهاتەوە و ترس دایدەگرتم…پورە بەهێ بۆیەک جاریش ڕوویەکی خۆشی نەبوو، تەنانەت چاوی بەرزنەدەکردەوە، زەردەخەنەیەک نەیدەگرت، تەنها وەک ئامێرێك کارەکەی بەڕێدەکرد.
پووره بههێ وهك قوربانیهكی دڵڕهق
سەرەتا ئەم ژنەم (پووره بههێ) وەک دڕندە و جەلاد سهیردهكرد، بەڵام دوای ئەوەی چەند جارێک چوومه لای، دوواندم و لەگەڵ کارەکەی ئاشنا بووم، زانیم من چەندێک هەڵه بووم. ئهم ژنه ماندو بوون و شەکەتی و شەونخونی و ئازارەکانی بێوەژنی و کۆڵێک هەتیو بەخێوکردن و چەرمەسەری ژیان زۆر ئەشکەنجەیان دابوو. هەربۆیەش لەڕێگهی هەڵسوکەوتی ڕهقی لهگهڵ ئهوانەی ژێردەستی خۆی قهرهبووی سایكۆلۆژی دهدایهوه.
ئەم خۆی جگە لەوەی کۆیلەی دەستی کولتور و دابونەریتێکی دڵڕەق بوو، گیرۆدەی دەستی بەپرسیارێتیەکی گەورە بوو. ئەم دەبوو بجەنگێت هەم بۆ پارە و هەم دژی ئازارەکانی خۆی. زۆر جاریش وەک خێرێک دەی بینی و هەستیدەکرد ژنێک لەمردن ڕزگار دەکات، بەڵام زۆر دووبارە بوونەوەی کارەکەی توڕەی دەکرد و ئارامی لێ زەوتدەکرد. لەنێوان کاسپی خۆیداو قێزەونی کارەکەیدا تێدا مابوو، هەمیشە بۆی پرسیار بوو؛ خۆزگە وازم دەهێنا بەس واز بێنم چی بکەم؟ ئهمڕۆ پارەت نەبێت کێ مەرحەبات دەکات ؟ مناڵەکانت ئۆتۆمبێلیان نهبێت، کێ بەپیاویان دەزانێت؟
ئیدی وەک جاری پێشوو ئەم گروپەش ڕۆشتن و کچەی بەدبەخت بەکۆڵێک ئازارو ئێشەوە، بەناچاری قاچە باریکەکانی دەچەقاندە زهویهكه و بەئاستەم بۆی بەرزدەکرایەوە. هەنگاوەکانی وەک هەنگاوی منداڵێکی ساوا نوشتابۆوە و خواروخێچ بووبوون. بهڵام نەدەکرا لەسەری ڕاوەستێت، هێدی هێدی بڕوات! دەبوو وەک چركهژمێری کاتژمێرێك لەترووکاندنی چاودا حەوشە پڕخەجاڵەتیەکە جێبهێڵنن.
پورە بەهێ دوای بژاردنی هەقدەستەکەی بەسووچێکی لەچکەکەی ناوچاوانی دەمولووتی خۆی پاکردەوە و ئاهێکی هەڵکێشا، پاشان بەرەو عەلادینە شڕەکە ڕۆشت و منیش وەك سێبەر بەدوایەوە. تاویدایە کتریە بۆرو بهبۆڵە بۆڵ هەڵیگرت. کاتێ سەیرمکرد سێ هێلکە ئەوەندە کوڵابوون، تەقیبوون و خەریک بوون لەتوێكڵكهکانەوە دەهاتنەدەر! پاشان بەرەو لای بەلوعەکە ڕۆیشت و ئاوێکی ساردی تێڕدا و هەنگاوی نا بەرەو جامخانەو هەیوانی ئەوبەر. ووردە دەنگە دەنگێ لە میوانەکان دەبیسترا، بەتێکەڵ و پێکەڵی و کەسیش نەیدەوێرا ڕێک وڕەوان بڵێت پەلەمەكه! ههموویان لەترسی (پوورە بەهێ) دەیانزانی هەموویان دهبێت چاوەڕێی ڕەحمەتی ئەوبن و دەبێت ئارام بگرن. پووره بههێ چووه سەرەوە، ئەمجارەیان گەرمتر بەخێر هاتنی دوو ناسیاوەکەی خۆیکردو خێرا خێرا بەدەم قسەکردنەوە کەوتە هێلکە پاکردن و نان دانان…ئەو ژنانهش کەوتبوونە قسەو باس لهگهڵ پوورە بەهێ و زوو زووش بۆڵە بۆڵەکەی دەستپێدەکردوه و دەکەوتە گلەیی لەبەختی خۆی و گووتی؛ بەزاتی خوا لەبایەنیەوە ڕۆیشتووم بۆدەوام، زاد نەچۆتە سەرزمانم باشە! ڕۆڵە ژن چاوتدەردێنێ، ئەوە من لەدەاومم سەد تەلەفونم بۆدێت، دەڵێم؛ دایکەکەم دوای بیکەرەوە کاتم نییە، هیچ لەژن بەڵاتر نییە، مێشکیان نییە، من ئەڵێم نێرە ئەو ئەڵێ بیدۆشە!
– ئیتر هەر لەشەکەت ساغ بێت ئەلێی چی، ئەم خەڵکەش ناعیلاجن دنیاش زۆر پیس بووە!
-کچێ خەڵک خۆی پیسە دنیا بڵێت چی؟ ئەوا ئێستا (نازە) ئەڵێ هەرچۆن بێت ژنی مێردارەو هەموو هەر ژنین، سودفە ئەکات لەدەستی دەرئەچێت، بەڵام ئەمانە نیوەی ڕاستی تۆ ئەیانبینی کچن یان ژنی مێردارن و لەدۆستەکەی ئەیبێت!
وەک جاری پێشوو من زۆر بێ چاو وڕوو خۆم خستەوە نێو باسەکەیان و خێرا گووتم؛ پورە بەهێ گیان من بۆ کارێکی واهاتووم و حاڵ و مەسەلەیەکی وا… ئیتر تاتوانیم باسی خۆم و کارەکەمم بۆکرد، زۆریش بەدڵی ئەو کەوتمە قسەو وەسف وسەنا بۆی تاوهكو خۆشەویست بم، ژنێکی چارەگران نەبم لای پورە بەهێ. پاشان پوورە بەهێ گووتی ؛ جا ڕۆڵە خۆ بەتۆ چاک ناکرێت، ئەوە ئیشی ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە، ئەوە ئیشی کەس ودووکەس نییە. بەخوا سێ ڕۆژ لەجێگهی من بیت سەرت سپی دەکەیت، ئەها بببینە تاڵێکی ڕەش لەسەرمدا نەماوە، ڕەفیقی من…
پاشان دوو ژنە ناسیاوەکەی کەوتنە وەسف وپێداههڵدانی پووره بههێ؛ وەڵا ڕاستدەکات بەدبەختی و کڵۆڵی دەنا بەهێ خان بەخوا ژنێ بوو ..ڕووی زەمانە ڕەش بێت!
پووره بههێ گووتی؛ ئەوە جارێکیشیان کچێک هات گووتی مقابەلەت دەکەم بۆ جەریدە، هەر مۆزەفی خەستەخانەیە خۆشی ، وەڵا منیش گووتم: قەیچیە، هەرچی بزانم ئەیڵێم خۆ دزی ناکەم من! وەڵا سێ چوار ڕۆژ هێنامی و بردمی و دوای گووتی؛ وەڵا ناوێرم بڵاویکەمەوە! منیش گووتم؛ دەک زیڕەکەی یاخوا جائیتر فشەفشی چیتە!
هەموویان دەستیان کرد بەپێکەنین و پووره بههێ وەک چۆن کارەکەی لەوبەری هۆدەوهەیوان بەڕێدهكرد، هەرواش لەمبەریش خێرا خێرا قسەیدەکردو و بەدەستێ هێلکەی پاکدەکرد و بەدەستێ نانی قەد دەکرد. سەلکێ پیازی سپی هێنا بەقەد هەرسێ هێلکەکە دەبوو تاتوانی دایکرمان و پەلەپەل نان و هێلکەی قووتدا، جارجاریش جامێ ئاوی سەهۆڵاوی دەکرد بەسەرا! لەپڕ بەبیری هاتەوە ناودەمیشی پڕ لەنان بوو دەتگووت سێ ڕۆژە نانی نەخواردوەو لهبهرهكانی شهڕ گەڕاوەتەوە دەستێکی بەرزکردەوەو ئیشارەتی بۆ ئەوبەر هەیوان کردو گووتی؛ نازە گیان قەزات لەماڵم، عەلادینەکەم نەکوژاندۆتەوە، ڕاکە شەڕوالێکی لێیە هەر بەوە دوسێ جاری پیا کێشە خۆی ئەکوژێتەوە، فووی لێ نەکەی بەکەڵک نایەت هەر بەوشەڕواڵە بیکوژێنەرەوە دەی بەساقەوبم…
پوره بههێ تاتوانی نانی خوارد و چایەکی پڕ ڕەنگی خواردهوه، پاشان جگەرەیەکی داگیرساندو لۆچەکانی ناوچاوانی تاڕادەیەک هێوربوونهوه. هەستت دەکرد گرژیەك کە پێشتر ڕووخساری داگرتبوو، ئیدی تۆزێک ئەهۆن ترەو جار جار زەردەخەنەیەكی دەکرد، بەڵام وەک ئەوەی پێی تاوان بێت هەر زوو بزهكهی لەسەر ڕووخساری خۆی لادەبرد و دووبارە چرچهكانی دەموچاوی گرژدهبوونهوه…زۆرێک قسەوباسمان بەتێکەڵ و پێکەڵی کر، دوجار ژنان هاتن بەدەستێکی لەرزە لەرزەوە دایان بە جامخانەکەدا و وەک پاڕانەوەیەک بە چاوێکی شەرمنەوە گووتیان زۆرت ماوە؟
پووره بههێ هەستیکرد خەریکە لە نێو باس وخواسە پڕ جۆش و خرۆشەکەدا پارە و کاری بیردەچووهوه و خێرا دای بەسەری خۆیداو گووتی؛ کچێ ماڵ کاول، خۆ وا ئێوارەیە، ئەو عالەمە بەچی تەواو دەبێت؟ هەڵسە نازە دەی خێرا خۆت حازرکە باتۆ نەجاتدەم، ئێستا بەخوا ژن دەمانخۆن، هەموی ئەڵێ پەلەمە و سەرەی منە….
منیش بهپهله گووتم: دەتوانم کەی بێمەوە دانیشین دووقسەم بۆبکەیت ؟
– سەیری ئەم بیتاقەیە ناکەیت، کچی بەوەنییە بچوکیت، زۆر دەزانی ئەڵێن لە کورتەبنە بترسە! جومعە سەعات چواری دوای نوێژی عەسر بێیت باشە !
– باشە بەلام ئێستا هەر دەوەستم لەحەوشەکە!
– بۆ شورتی مروری هاهاها…
– نا بەس دەمەوێ بوەستم!
– بەتەمانەبیت هیچت پێ بڵێن، ئەوانە خواخوایانە کەس نەیان ناسێ وکەس پێشیان نەڵێت چۆنی! هەموشی دەڵێ مێردم هەیە درۆش، دهبا من پێت بڵێم؛ لەدە ژندا دووانیان مێردیان نییە!
– دەزانم من بەس سەیردەکەم.
– فلیمی هیندیە…بەخوا تۆش خواسەری لێ شێواندووی، ئیتر هەریەکەو بەدەردێکەوە گرفتارە، خۆت کچیت یان ژن؟
– ناپوورەبەهێ گیان من دەمێکە شوومکردوەو منداڵێکیشم هەیە، منیش پیرم!
– باشی لێدەزانی دەم لوس ….
پوورە بەهێ و نازە خان و ژنهكهی تر ڕۆشتن بۆ ژووری لهباربردن و منیش لەنێو حەوشەکەدا بەچاوی تەماعەوە سەیری دانەدانەی ئەو خەڵکەم دەکرد. گەرچی نەمدەویست کەسیان بدوێنم چونکە دەمزانی دەکێشن بەدەمدا، بەڵام بۆم گرنگ بوو هیچ نەبێت سهرنج بدهمه پۆشاک و سیماو ئاستی چین توێژەکانیان و بەمەزەندەی ئەقڵی خۆم لێکیان بدەمەوە…
لەنێو گەرمەی تەماشاکردنی خۆمدا نقوومبوو بووم، دەنگی نازە خانیش وەک هەمودەنگەکانی تر دەهاتنەدەرو لەگەڵ قیژەی ئەودا، هەموو ژنهكان لهحهوشهكهدا جوڵەیەکیان دەکرد و لەبەرخۆیانەوە دەیانگووت؛ ئاهه باوکەگیان، خوائامان…هه…هه….وەی ..ئاوهها سەدان وشەی پچر پچرت دەبیست.
بهدهمانچه وه هاتنه سهرمان
کچێکی باڵا مامناوەندی گەنمڕەنگی قژلوول خۆیکرد بەژوورداو بێشەرم وسڵەمینەوە گووتی؛ سەلاموعەلێک و یەکەوراست خۆی کرد بەژووری لهباربردن و دوورینهوهدا، كهبه ژووری ئەشکەنجەدان ناومدهبرد…دوای تۆزێک هاتەدەر کلیلەکەی ملی پووره بههێی پێ بوو، دەرگاکەی ئەمبەری ئەشکەنجەدانەکەی کردەوەو چووە ژوور. منیش ڕووم لەویش ناو سەلامم کرد و هەستم کرد ئەمە کچی خاوەن ماڵەكهیه و لەكار گەڕاوەتەوە و گووتم؛ من فڵان کەسم و شانم واو باڵم وا … کچەکە گووتی؛ ئاها زۆر خۆشحاڵم، هاوڕێیەکم دەیگووت لە لای ئێوە خۆی زهعیف کردووە و زۆر باسی سەنتەرەکەی کرد…
منیش لهخۆشیدا زیاتر کەوتمە وەسفی ڕێکخراوەکەمان تا بتوانم ئاشنا بم بەم کیژۆڵەیە و گووتم؛ دەکرێت هەندێک پرسیارم وەڵام بدەیتەوە بڕیارە رۆژی ههینی بێم بۆلای دایکت؟
ئهویش گووتی؛ حەی..حەی لە بەهێ خان، قەرارە جومعە بچین بۆ ماڵان! خۆ ئهوه سێ هەفتەیە من بەتەما دەکات کەچی وەعدی یاوە بەتۆ!
– من سهعات چوار دێم گەر دەشلێن دەیخەمە كاتی بەیانیەکەی!
– نەوەڵا شەممە وەرە باشترە!
– ئەبێ بەدایکت بلێین؟
– من پێی دەلێم کێشە نییە…
– کانی گیان دایکت چەند ساڵە ئەم ئیشە دەکات؟
– لەوەتی بیرمە، چونکە خۆی مامانە و لەخەستەخانەشە ئیتر خەڵک زۆر دەیناسێت.
– تۆ پێت ناخۆش نییە؟
– وەڵا، زۆر جار دەڵێم بەسە مەیکە هیلاکیت، دەلێت خێرە بەخاتری خوا ئینجا ژنیش خۆت نازانی وازی لێ ناهێنن!
– زیاتر کێ دێت؟
– یەعنی چۆن:
– ژن کچ ؟ بێوە ژن؟
– ئۆو…وەڵا دایکم باشتر دەزانێت بەس هەمو جورێك دێن!
– کێ زیاتر؟
– بەخوا بهتهواوهتی نازانم، بەڵام زۆربەی جار دایکم توڕە دەبێت و دەڵێت؛ کچێک هاتبوو و ئاوا و ئاوا بوو، بەخوا من ئەوەندە ڕقم هەڵدەسێت لهم گێڕانهوهیهی و هەر زوو دەڵێم بیبڕەوە بەهێ! زۆرجاریش گوێی خۆم دەگرم…
– بۆ ناتەوێت گوێت لەدایکت بێت، ڕەنگە حەز بکات دڵی خۆی لای تۆ بكاتهوه؟
– ئۆو، ئەوەندە پڕە خوا خوایەتی کەسێک هەبێت گوێی بۆ بگرێت!
– باسه تێناگهم من لەبەیانیەوە دەپاڕێمەوە، قسەناکات هەر تووڕەدەبێت؟
– جاناهەقیەتی، جگه لهوه تۆش ناناسێت! خۆ وانییە هەرچی ببینێت دەستبکات بەقسەكردن، ئەم شتە زۆرجار مهترسیداره…بە خوا جارێک بەدەمانچەوە هاتنەسەرمان و گووتیان؛ دەبێت ئەو سکە بۆ ژنێک لەباربەریت! بەهێ دەترسا دەیگووت؛ سکەکە گەورەیە ناوێرم و لەژێردەستما دەمرێت! بەزۆر پێیانكرد. ئیتر براکەم گووتی؛ واز لەم ئیشە نەهێنیت خۆم دەکوژم…
– ئەی دوای؟ بۆ وازینەهێنا؟
– وەڵا لەخۆی بپرسە؟ هەر ئەڵێ ئەمڕۆ نا، بەیانی! ژنانیش دێن زۆر دەپاڕێنەوە ئێستا باشە پێشتر بەخوا کاتمان نەبو نانیش بخۆین!
من تۆزێک ڕامام و لەدڵی خۆما گووتم؛ قوڕت بەسەر خەندانی نەگبەت، ئهمڕۆ نیوەمردوو بوویت، کەچی هێشتا دەڵێت ئێستا باشە کەمی لێیە! پاشان گووتم: باشە بۆچی زیاتر دێن، سك لهباربردن یاوهكو بۆ مامانیان بۆ بكات یان بۆئهوی پەردە بدوورنەوە؟
– وەڵا هەموشتێك، بەخوا بۆ هەموشت یەن. جاران بەس بۆ منداڵ بوون یان مناڵ لەباربردن دەهاتن ئێستا هەر کچەو یەت پەردەی دەوێت!
-هیچ هاوڕێی خۆت نەهاتوون؟
– وەڵا ئیعتیادی من لە كار زۆریان دەزانن دایکم مامانەو ئیتر هەیە دەپارێتەوەدەڵێت؛ کەسێک دەناسی منداڵ لەبارببات و گوایه مێردەکەی لێی توڕە دەبێت ئاوا…
– باشە بۆ مێردەکانیان نایەوێت؟
– بەخوا ئەوەی دهیهوێت سکهكهی لەباربەرێت زۆریان لەڕوویان نایەت، بڵێن شتێکمان کردووە! دەڵێت گوایه مێردم هەیە، بەس بەهێ یەکسەر دەزانێت دەڵێ ئەوە ژنە، ئەوە کچە، ئەوە مێردی نییە، ئاوا…
– چوزانێت؟
– بەهێ؟ حەیفت نەکرد خەبیرە…سەیری سکی هەرژنێک بکات دەزانێ کوڕە یان کچ…
– تۆ هیچ لەو کارە فێرنەبووی؟
– هەر ناشمەوێ فێری ببم، ئەوەکەی ئیشە، هەرسەرئێشەو مەشاکیلە! هەزارجار تووشی شەڕو دەنگەدەنگ بووە
– چەند مناڵن!
– نۆ منداڵ بووین، نیوەمان شوویکردووە و ژنی هێناوە و ئێستا سیان لەسەر ماڵین…
– براکانت ڕازین دایکت ئەوە بکات؟
– بەراستی ئێستا زۆر نا، بەڵام بەهێ خۆی واز ناهێنێت…
– ئەزانن دایکت پەردەی کچ دەدورێتەوە؟
– بڕواناکەم وەڵا ناشزانم. باسیان نەکردوە…
– کێ مەسرەفی ماڵ دەکات…
– بەهێ زیاتر من فهرمانبهرم و بەس بەشی خۆم دەکات. ئێ برایەکم تەلەبەیە و جا دووانیان ژن و ماڵیان هەیە و بێ ئیش و کار، هەر بەهێ دەستی پێیانەوەیە…
– بۆ ؟
– یەکێکیان لەشەڕی ناوخۆدا بریندار بوو، ئێستاش نوقسانە. جا ئیش کوا، کاسبی کوا، یەکی کۆشێك منداڵیان هەیە و بەهێ هەر زوو ژنی بۆ هێنان و وایزانی لەکۆڵی دەبنەوە، نەیزانی هەموو دەبنە دەبڵیش دەبێ بەخێویشیان بکات…
– تۆ وەک خۆت ئیشەکە بەباش دەبینی یان خراپ؟
– زۆر پێم باش نییە، بێزاری و گرفتی خۆی هەیە، بەڵام زۆر خەڵکیش ڕزگاری دەبێت. سەدان کەس بێچارهیه و ئەوە نەکات لەوانەیە بکوژرێت. خۆ بەوە نییە دنیا پێشکەوتووە بەخوا کوڕی کلنتۆنیش (بیل كلنتن) بێت پێش هەمووشت دەیەوێ بزانێت پەردەکەت سەلامەتە هاها..هاها…
– قەد شتێکی ناخۆشت بینیووە لەچوارچێوەی ئەم ماڵەدا
– هێی!! کچێ هەر مەپرسه!
– وەکو چی؟
– جاتوخوا لەم کارە ناخۆشتر و ترسناکتر دەبێت چی بێت؟ جارێ من هەرخۆم ناگرم لەماڵەوە کەبزانم خەڵکی زۆر لێیە، یهكسهر ئەڕۆمە دەرهوه بۆ بازاڕ یان بۆ لای برادەرێک. حەز ناکەم گوێم لەو قیژە قیژە بێت.
– تەنها قیژەکان تۆ بێزار دەکات؟
– زۆرشتی تریش، بۆنمونه؛ جاری وا هەیە ژن دێن لەگەڵ بەهێ دەبێتە شهڕیان ئینجا تۆ لەوە گەڕێ، بەهێ ههمیشه تووڕەیە و سەر و شان وملی دێشێت، ههمیشه بێتاقەتە، بەخوا تا ئەو خوشکانەم شوویانکرد نەیدههێشت برۆشیان چاک بکهن. ئەوەندە شتی پیس دەبینێت بۆ ئێمە زۆر زاڵمە، بەڵام بۆمن باشترە.
– بۆ؟
– ئێستا خەڵک تۆزێک چاوی کراوەتەوە، بۆخوشکە گەورەکەم هەر زۆر خراپ بوو، نەیدەهێشت لەو دەرگایەش بچێتەدەرهوه، بەخوا نیڤیای بدایە لەدەستی حەیای دەبرد، چجای سووراو!
– پێتوایه، بههۆی ئهم ئیشهوهیه بڕوا و متمانهی نهماوه؟
– بێگومان، ئەو جاری وا ههبووه متمانهی بەکوڕەکانیش نەبووە. برایەکم هەیە دەڵێت؛ بەهه دهڵێی (مولازم موحسین) ە ئەوەندە لێپرسینهوهت دهکات…
– باشە ئەوانەی دێن گەنجن؟ پیرن؟ چین؟
– وەڵا گەنج و پیرو مامناوەند…
– خەڵکی چۆن دێن؟ خوێندهوار و ڕۆشنبیر یان کام چین و توێژ؟
– وەڵا شتێک بڵێم بڕواناکەیت، کچ یان یان بابڵێن ژن ههیه دێت، ئۆتۆمبێلهکهی بایی دوو دهفتهر دۆلاره (بیست ههزار دۆلار) تهنها بازن و ملوانکەکەی سێ خانووی لەمەی ئێمه دەکات. جارێکیان ئافرەتێکی ههولێری هات هەرچەند دەستی بەرزدەکردەوە ڕیزێک بازنی خهلیجی لەدەستدا بوو. هەر زوو زوو بەبەهێی ی دەگووت؛ ئهگهر سەرکەوتووبیت، تاکێک بازنت بۆ دێنم! ههر وەکو ئهوهی باسی نوقوڵ و شتی وابکات! بیرمه بەهێ زۆر توڕە بوو گووتی؛ من بەرتیل وەرناگرم، هەقدەستەکەی خۆم و تەواو.
– باشە خۆت هیچ بەسەر هاتێکت لانییە بۆم باس بکەیت؟
– من برادەرێکم هەیە، خوشکەکەی تووشی کێشەیەکی سەیر بوو، تکای لەمن کرد کە هاوکاری بکەین، منیش بە بەهێم گووت بۆیکرد، بهڵام زۆر ناخۆش بوو، گوناح بوو.
– چی بوو؟
– کوڕێکی خوێری لەگەڵ خۆی تەلەبە بوو، سکی پڕ کردبوو، ئینجا یهک پوولی پێوە نابوو. خوشکهکهی ئهوهی به من گووت…
– دەکرێت من ئەو برادەرەت ببینم؟
– وەڵا نازانم، دەبێ پێی بڵێم، ژمارەکەیم هەیە پێیدهڵێم ئهگهر ڕازی بوو قسهی لهگهڵدا بكه.
– ئهگەر حەزی نەکرد بیبینم، دهتوانێت بەتەلەفۆن قسەم بۆ بکات، خۆم بۆی دەکەم.
– زۆر باشە…
– باشە وهڵامم لێ بگێڕەوه، بهڵام تکایه لهبیرت نهچێت.
– بۆ ئهوهنده مهبهستته؟ دهترسم ناومان بڵاوبکهیتهوه و حهیاو ناموسیشمان بهریت هاها.
– نا دڵنیابه، من ناوی کهس ناهێنم، بهڵام دهبێت ئهم کێشه نهێنیانه باس بکرێن، تا چارهسهریان بۆ بدۆزرێتهوه…
لە گهرمهی قسەو باسەکانمدا لەگەڵ کچهکهی پووره بەهێ، کەسێک خۆیکرد بهژووردا بە پۆشاکێکی جوان و خۆڕازانەوەیەکی باش، بەهێواشی کێشای بە جامخانەکەداو دەرگاکەی کردهوه
– کانی خان چۆنی؟ من فڵان کەس ناردوومی.
– کام؟
-ئەوەی فهرمانگهی… (ناوی فەرمانگەیەکی هێنا)
– ئاها، بەڵێ دەزانم، خێرە؟
كانی بەتیلەیەکی چاو سەیرێکی منی کردو بێ سێ و دوو، لەنیگاکەی تێگەشتم کە نایەوێت من گوێم لەهیچ بێت، پاشان کانی گووتی؛ فەرموو باچینە ئەو ژوورە…
.
دوای کەمێک هاتنەدەرهوه و میوانهکه ڕۆشت و منیشخۆمم پێنهگیرا و لێم پرسی؛ دیارە ئەمەش بۆ کارێک هاتووە؟
– بێگومان هاها.
– بۆچی هەموویان حەزدەکەن بەنهێنی بێت، لهکاتێکدا دەزانن ئێرە ماڵێکە هەموو یەک جۆر کاریان پێی هەیە؟
– منیش دهزانم، بهڵام بێ عهقڵی خۆیانه. ئاخر بەهێ بەوانە شێت دەبێت، جاری واهەیە ژن دێت سەعاتێک دهیهێنێت و دەیبات و پێچەبەدەورەی دنیا و خورشید وخاوەری دنیا دهکات، بەهێش بهمانه شێت دهبێت… ڕێک و ڕەوان پێنادهڵێت؛ بڵێ هاتووم بۆ ئەوە، ئیتر ئەو هەموو پێچهبهدهورهی بۆچییە.
– وایە، ئایا تەلەبە دێن؟
– خۆ بەهی داوای بەڵگەو شتیان لێناکات، ئێ خۆ ناشچن بۆ زانکۆ تاباجەکانیان هەڵبواسن هاها…
– – دەزانم، بهڵام بە بۆچوونی خۆت؟
– ئەی بێگومان، وەڵا نیوەی ڕاستی کچی منداڵ و تەلەبە و زۆر شتی تر، که ناکرێت باسبکرێ، ئەمە کارەساتە بەڕاستی …بەخوا منیش وام لێهاتووە، کچم بێت لەدایکم خراپتر دەبم بۆی، هەر بڕوام بە هیچ پیاوێک نەماوە، هەربۆیە تائێستاش شووم نەکردووە..
– بەسەرهاتێکم بۆدەگێڕیتەوه،شتێک سەرنجی ڕاکێشابیت٠
– وەک چی؟
– شتێک خۆت بیرت بێت؟
– وهڵا تۆ زۆر خۆشی، چۆن تاقهتی ئهم ئیشهت ههیه؟ ئهوه سهرت نایهشێت؟
– نا… ئهگهر تۆ لێم بێزار نهبی من بهردهوام دهبم، ئامانجمه بگهمه بنجوبناوانی ئهم کێشهیه!
– جا ههمووی دیاره، پیاوی درۆزن و فشهکهر، کۆمهڵگهیهکی دڕنده و درۆزن، ههمووی نهخۆش ههموشتێ مهمنوعه بەحساب و هیچ شتێکیش مهمنوع نییه، هەڵبەت بۆ پیاو.
– چۆن؟
ئێ ههموشتێ دهکرێ لهژێرهوه توخوا ئهمه کۆمهڵگهیه؟
پاشان کهمێک بیری کردهوەو بەزەردەخەنەیەکەوە گووتی؛ جارێکیان لەگەڵ کچی خاڵێکم چووم بۆ سەفرەی (…) له پاسەکهدا کچێکم بینی هەستمکرد بینیوومە، بەڵام نەمدەزانی لەکوێ، لێم پرسی گووتم؛ واهەستدەکەم تۆ دیبێت؟ کەچی گووتی بڕواناكهم و شتی وانییە و ناتناسم! دوای یەک دوو کاژێر، کچەکه هات و دووانی لەگەڵدا بوو بەبیانوی ئاو هێنان له کانیهکه دووریان خستمهوه و گووتیان؛ تەکلیفێکمان هەیە، دەتوانی بەدایکت بڵێی مەوعیدێکمان بۆ دابنێت بۆ ئەم دوو کچە؟ کێشەیان هەیەو نازانن چیبکەن. لەدڵی خۆمدا گووتم؛ عەمرت نەمێنێت، خۆ تۆ که پێمگووتیت بینیومیت خهریکبوو بمخۆیت، کەچی ئێستا موشتەری تریشی لەگەڵدایە! ئیتر زانیم له ماڵی خۆمان بینیوومە، خۆی ڕزگاری بووبوو، كهچو واستەی بۆ دووانی تر دەکرد هاها! جا ئهگهر تۆ شتی سهیرت دهوێت، وهره بۆ خهستهخانه و فهرمانگهکان….
ڕۆژی شەممه و پووره بههێیهكی دیكه
لهسهر پهیمانی پووره بەهێ و کچەکەی ڕۆژی شهممه چوومهوه بۆ ماڵیان و دهرفهتێکی بۆ ڕهخساندم
– پووره بههێ لەکەیەکهوه دهستت بهم کاره کردووه؟
-ئاخێکی قووڵی هەڵکێشاو بە هەناسەیەکی قووڵ ههڵكێشانهوه؛ خوا بیبڕێت بۆ چ کارێکە بەخێرێ پانزە بیست ساڵ دهبێت، لهگهڵ شوکردنمدا مامانیم کردووه…
– – چۆن فێر بوویت؟
– خەڵک ئەوسا فەقیر بوو، ئاوا ئەم خەستەخانەو مەستەخانە و شوێنی ئەهلی و نهشتهرگهری و شت نەبوو. هەمووی هەر لەماڵەوە منداڵیان دەبوو. دایکهکهم ئێستا هەمووی حەیای لەبەر هەڵگیراوە هەر ژانێک بیانگرێت ڕادهکهن بۆ خەستەخانەی ئەهلی و زەرفێ پارە دەدەن و نهشتهرگهرییان دەوێت، ژنی ئێستاو ئەوسا دەبن بەیەك؟
– ئەی ئێستا خەڵک نایەن بەشوێنتدا بۆ مامانی؟
– لە مانگێکیشدا کەسێک ئهگەر بێت!
– ئەی کەواتە من چەند جارێکە دێم ئەم هەمو خەڵکە بۆچی دێن؟
– ههی هوو حیکایهتی مێشەکەیە.. دیسان بیڵێمەو بۆچی؟
– ئاخر ئەمجارە دهنگت تۆمار دهکهم؟
– بۆ دەنگم زۆر خۆشە؟
– نا، بهپێچهوانهوە دەنگت پڕە لەخەم و ئازار!
ب – ئاخ.. ئاخ.. هەر لێمبگەڕێ
ئهمهی گووت و خێرا قومێکی پڕ بەحەسرەتی لە ژێر پیاڵە پڕ چاکەی داو و کڵۆیەک شەکریشی بەئارەزوی خۆی لە نێوان ددانە ڕەش و پەککەوتووەکانیدا دەهێناو دەبرد و پاشان بهردهوام بوو لهقسهكردن و گووتی؛ من ڕۆژگارم زۆر بەسەختی بردۆتەسەر، هەرنازانم چۆن ماوم؟ بێ عارم، باوکی منداڵهکانم ههرزوو بەنەخۆشی مرد.ئیتر ئیحتیاجی و دەردەسەری و لێدانی خەسوو و بەدبەختی میرد و زوخاووی زۆرم چهشت، جهگه له هەشت نۆ منداڵ كه نیوەی لەمەکتەب و نیوەی لەماڵ بوون. بەخوا بچوکەکەم لەسکمدا سێ مانگ بوو که باوکیان مرد، ئەوسا خەڵک بەحەیاو حورمەت بوو، بۆ هاوڕێی ئەمانە بووین حای حای؟ هەر لەپرسهی پیاوهکهمدا خێرا بەخەسووم و هێوەرژن و دش و هەموویانم گووت؛ دادە گیان سکم هەیە لێم نەکەنە هەڵا، ئاواش خەڵک ئەوەندە لەداوێنی خۆی دەترسا، مامانێکی خانەدان و سەرسپییان هێنا و دەستی لێدا تاوهکو بزانێت سکەکەم چەندە! بەهەموو خەڵکی تەعزێکە گووترا، ئەوسا خەڵک حەیای خۆی خۆشدەویست، ئێستا بەس مۆبایل و پارەو فرت وجڕت و پێشی سەیارەو لێویان سووربکەن و بڕۆ یاڵا لێخوڕه. ئێ خۆ پیاوان سواری کەریش دەبن! جا ئەم هەموو خڕوخەپان و ڕوووتوقوتە ههیه ئێستا، هەرباشە بەنوێژی نیوەڕۆ سواریان نابن؟
– بهڵام پورێ گیان خۆ لە ئەوروپا هەمووشیان ڕووتن و ئازادن و مۆبایلیشیان پێیە، کهچی شتی واش نابێت؟
هەڵبەت زۆربهی پرسیارهکان تهنها بهخاتری هێنانه قسهی پووره بەهێ بوو؛
– ئەوروپا …توخوا بەسە، ئاخر فلیم و سەتەلایت و باسی ئەوروپا عالەمی حیز کرد…جا تۆ چوزانی بەخوا لەئەوروپا کچی تیانیە هەموی هەر لە پانزەو بیستەوە سەد کەس سواریان دەبێت، ئەوروپا.
– باشە پێم بڵێ لەکەیەکهوە ئیشی مامانی کەمبووە؟
– بۆ ههویهی فهقیرانهم بۆدهردێنی؟ ڕۆڵه.. ها؟
– توخوا تووڕه مهبه، بهس قسهم بۆبکه منیش گوێ دهگرم…
ب – ئێ تهبعهن بهلاشه، ڕادیۆی کوردیهکهی بهغدایه. ههر لێێ دهداو لێی دهدایهوه، چی بڵێم ڕۆڵه؟ وەڵا تا شەش حەوت ساڵیش پێش ئێستا هەر هەبوو، بهڵام ئیتر لەساڵی دووههزارهوه کەمیکردووه، بەڵام بهوشێوهیهی ئێستا نهبوو.
– – هۆکارهکهی چییە؟
– پارەزۆری، یاخوا ژن پارەی زۆر نەبینێت، ئیتر خۆی بیردەچێتەوە پارە زۆر غەدارە هەرکەسێک بەلێشاو دەستیکەوت و عارەقی بۆ نەڕشت، لەپاڵیدا بێحورمەت دەبێت، نابینیت ئهم مهسئولانه تا ئهسپێیان پێوه بوو سکێ برسی و سکێ تێر چهند بهحورمهت بوون. ئهی ئێستا بزانه خهڵک چۆن سهیریان دهکات تڕۆبوون، هەرخەریکی ژن گاینن! تاوهكو بەو شاخانەوە بوون کەرو وڵاخیشیان دەستنەدەکەوت سواری بن ئیستا پارەو سەیارەو حمایە و ئی تەواو…
– باشه، بهڵام مانای ئهوهنییه ههرکهسێک دهوڵهمهند بێت ئیتر بێ حورمهت بێت؟
– ئهوهی تازه پیاکهوته بێت بهڵێ، تۆ من فێر دهکهیت، بهخوا دڵم ههڵدڕن ههزار حیکایهتی نهێنی تێدایه، بهڵام دهڵێت، ئهوهی نهێنی بپۆشێت بهههشت دهنۆشێت…
– باشە زۆرێک لەو ژنانە دەڵێن کە تۆ گرانجانی؟
دیاره دهبوو ئەو پرسیارەم نەکردایە، هەروەک بورکان بەسەرمدا تەقییەوەو تاتوانی تێر جنێوی بۆ هەموویان نارد؛
– بۆ گرانجانم ها؟ ئەوان لهبهر تێرکردنی ناوگەڵی خۆیان بیری هیچیان نییە، جا دوایش دەکەونە سواڵ. من بشزانم یەکێک نیەتی باشه خاتری دەگرم لەبەر خوا….(لێرهدا توڕهبوونهكهی ههڵدهكشا و توند دهبوو)… جا با ئامۆژگارییهکیشت بکهم، ڕۆڵە باش گوێ بگرە، گوێکانت دهڵێی گوێی مشکە، بەخوا تۆ بەوە نییە بچوکی، زۆردهزانیت. ئهوه بزانه فەقیر و ههژار دەستدەگرێت بەکڵاوی خۆیەوەو تا دەتوانێت حەیا کۆدەکاتەوە، چونکە ئهگەر وانەکات ئەوا دەمرێت لەبرساو به تهنهکه لێدان حهیاشی دهبهن. فەقیری داماو خواخوایەتی کچی بڕواتە ماڵ ومێردی خۆی، ئێ خۆ کوڕی (مام جەلال و……) ناچێت بیهێنێت، ههر داماوێکی لهبرسا مردووی تر دهیهێنێت. جا بۆیە ناچار کە پارەی نییە ئهوا حهیای هەبێت، تا زوو بیخوازن، بەڵام دەوڵەمەند.. نا.. گوێی ناداتێ بە حوکمی سەروەت وماڵی باوانی هەرچیش بکات به دۆلارو دینار پەردەی بەسەردا دهدەن، ئەواتە خۆت دەیبینی دێنە ئێرە. و پهردهیان ئەدوورنەوە، پهردهیان ئەدوورنەوە ….
– کهواته پورێ، بەپێی قسەکانی تۆ بێت زیاتر کچن، چونكه بەتەمای شووکردنن؟
– ژنی مێرداریش دێت، بڕوا بكه ژن ڕاستیی نییە، من ئێستا زۆر گوێ بۆ حیکایهتهکانیان ناگرم دەزانم درۆ دەکەن، هەیە کچە دهڵێت؛ مێردەکەم ناردوومی و سکەکەم لەناو بەرم، من سەیری چاوی هەر کەس بکەم دەزانم دەست بدەم لە ڕەحمی دەزانم ژنە یان کچ!
-خۆ مادام ئەو سکی هەبێت، ئیتر ژنی چی و کچی چی؟
– چۆن ئێستا تۆ ئیشەکەت ئەم کاغهز و قەڵەمەیە، وایە یان نا؟ دەزانیت کامە باشە کامە جوان دەنوسێت، من دەڵێم سەرم سپی کردووە لەم ئیشهدا. ڕۆژ نییە بیست کەس بەڕێنەکەم ئیتر تۆ باسی چی دهکهیت؟ ئهگهر بڕواش ناکهیت بۆ هاتوویت؟
– ئیمڕۆ چەند کەست لەکیس دەچێت؟
– هیچ!
– چۆن؟
– جومعان و شەممان زۆر ئیش ناکەم
– بۆ؟
– خەڵک کەمتر دێن، چونکە زیاتر بەناوی دەوام و دائیرەو زانکۆ و مەعهەد و ئاوا دێن. خۆجومعان ناوێرن بەبەرچاوی کەسوکارەوە بێن، وانییه؟ جا جومعان باوک و برا و مێرد و هەموو نێرینە لەماڵن ئیستا شەمانیش زۆر شوین دەوام ناکەن…
– باشە کام ئیشە زۆرترە منداڵ لەناوبردن یان پەردە؟
– پەردە؟ ئەوە هەر باسی مەکە، وام لێهاتووە بڵێم نیوەی ڕاستی کچان بێ پەردەن!
– نابێت، ئەو ژمارەیە زۆرە؟
ب – ئاخر خۆ من کە دەڵێم نیوەی لای خۆمەوە دەڵێم، باشە با چارهكێكی بێت، خۆ گرنگ ئهوهیه هەیە و لێشاوە له ههولێرهوه.. له دهۆکهوه، بهخوا له سۆران و ڕانیه، له چهمچهماڵهوه دێن. ئهوه تۆ دهڵێی چی، بهمهرجێ لهو شارانهش پڕه له مامان و شتی ئاوا! پەردە ومەردە پینەدەکەن، بهس بۆئهوهی نهناسرێنهوه دێن بۆ سلێمانی و هی ئێرهش مهعلوم دهچنه ئهو جێگایانه، ئهی چۆن ڕۆڵه گیان.
– باشە ساڵانی پێشوو شتی وا ههبوو گەر کەمیش بوبێ ؟
– حهی، حهی، جاران؟ من دەڵێم لەمێردی خۆت سکت ههبوایه، شەرمتدەکرد، بەوخوایەی هەموومانی خەڵقکردووە، ژنمان بۆ شووبرام هێناوە، تاوهكو یەک مانگیش نەیهێشتووە پیاوهکهی توخنی بکەوێت! شەرمیدەکرد، دەگریا، چاوی خۆی توند دەگرت تابردمان دوعامان بۆ کرد و شێخ و مهلای دونیامان پێکرد..کێ ڕووی دەهات خۆی پاڵبخات بۆ پیاوهکهی خۆیشی؟ جارێ دەبوو هەرچی ماڵە خەزوورە بێن و سەیری ڕووسووریهکهی بکەن، ئهی چۆن، جاران ڕووسووریت نەبوایە دەیانکوشتیت…
– باشە کەسیتر هەیە لەم ئیشەی تۆ بکات؟
– له زۆربهی شار و شارۆچکهکانیش لێیهتی، بڕۆ شارەکە پڕە…
– چوزانیت؟
ب – ئایی جا باشە کە درۆ دەکەم بۆ هاتوویت…ها؟
– توڕەمەبه ماڵت ئاوابێت، خۆ هەرچەند برۆت و ناوچاوانت گرژ دەکەیت خەریکە بمرم لەترساندا…
– ئەیی جامباز، نازانم دهڵێی بنهمۆمی، خۆشیشم دهوێیت و ڕۆح سووکیت، دهنا دهمکردیته دهرهوه، کچێ بهس دڵم نایهت. ئێستا ڕۆڵە مامان، مامان دەناسێت.. خەیات، خەیات، فەراشی مەکتەب هی مەکتەب، ئابهوشێوهیه منیش هاوپیشەی خۆم دەناسم، تێگهیشتی؟
– باشه یهکتر دهناسن؟ بۆ نمونه تۆ ئهوانی شارهکانی تر دهناسیت کهئهم ئیشه دهکهن؟
ب – ئهی چۆن…ئهرێ وهڵا زۆرجار دهرمان و شتی واش لهوان دهکڕم، جاری واههبووە هاتوون لێرە فێربن یان ژنان باسیان کردووە یان پێویستمان بەداوودەرمان دەبێت، ئیتر قسە لە زارێک دهکهوێته شارێک…
– ئیشێکی ناڕەحەتە بۆ تۆ؟
– ئای، ئەی قابیلە، ئەرێ وەڵا ههتا بڵێیت ناخۆشه
– ئهی بۆ وازی لێناهێنیت؟
– دەی مانگی شەش حەوت وەرەقەم (حهوتسهد دۆلار) بدەرێ و مووچهیهكم بۆ ببڕهرهوه، منیش هەر جگەرە دەکێشم، دهی حهز دهکهی شهو و ڕۆژیش قسهت بۆ دهکهم.. دهی ….ئەوە عەرزو ئەوە گەز؟
– باشه مادام خۆت دەوامی خەستەخانە دەکەیت کەواتە معاشت (مووچه) هەیە؟
– هەرتۆ مابووی لێم بخوێنیت ، هەرچی حیز و دزی شارەکەیە بە عەلاگە معاش وەردەگرن هەر هی من دیارە!
– نا مەبەستم ئەوەنەبوو بهخوا بمبووره.
-باشە بۆ پەردە دورینەوە چەند وەردەگریت؟
– بۆ؟ بۆم هەڵدەگریت؟ خۆم گیرفانم هەیە!
– نا، بەس وەک نرخ بزانم ژن ئامادەن تاچەندی پێبدەن؟
ئامادەن تا بیست گهڵا (دووههزار دۆلار) بدەن، بەخوا من ویژدانم قبوڵ ناکات و ناشمەوێ تەماعم زۆر بێت، ژن ئامادەیە هەرچەندی لێداوابکەیت بیدات. ئەو تێیگیراوە جا بەهەر نرخێک بێت، سواڵی کردبێت، قەرزی کردبێت، دزی بۆبکات دەیدات، ناچارە نایدات چیدەکات؟ بۆ کوێ دهڕوات؟ یان دەبێت بکوژرێت یان دەبێت کێشەکەی به پاره چارهسهر بکات ئیلەللاو برایەو!
– باشه کەس هەبووە پارەکەی پێنەدرابێت بڕوات و نەیکات باناچاری ؟
– دهڕوات، بهڵام بەمەمنونی دێتەوە…
– بۆ دەڕوات و چۆن دێتەوە؟ پارە پهیدا دهکات؟
– نا…دەچێت لەوانەی دەوروبەر و لای کەسیتر نرخ تاقیدەکاتەوە، من نەشڵێم بەدەمی خۆم لەهەموویان هەرزانترم!
– هەموویان ؟ مەبەستت مامانی ترە، کەسیتر دەناسی ئهم کارەبکات لێره؟
– یهعنی نایزانی یان خۆتی لێ گێل دەکەیت؟ جاخۆ وەکو مەعمەلی نانە قەیسی لێهاتووە چەند ساڵۆن هەیە ئەوەندەش مامان هەیە…
– باشە دەزانم مامان ڕەنگە زۆربن، بهڵام تۆ دهڵێیت ئێستا مامانی ئیشی نییە؟
– ئێ دایکم بۆ شێتم دەکەیت، ئەم ئیشە دەکەن، ژنێک ههیه بە گەڵا (دۆلار) نەبێت وەریناگرێت، دەڵێی ددانی مارە، کچەکەشی فێرکردووە، شەووڕۆژ خەریکن، ئهی چۆن شتی وههاش ههیه…
– خۆت بینیووتە دەیناسی یان بەس بیستوتە؟
ب – جارێک چووم دەرمانم لاهێنا، خۆی دروستی دەکات، بەڵام فڕێمدا کۆڵێک پارەشم پێدا..
– دەرمانی چی؟
ب – ئێسا ناوچهی پشدەر یان چەمچەماڵ یان هەولێر، ئەوانە زیاتر بەدەرمان منداڵ لەناودەبەن. بەس باشیش نییە، جاری وا ههیه منداڵهکه دەکوژێت بهڵام ژنهکه فڕێینادات، ئهگهر فریای نەکەون ژنەکهش دهمرێت…
– موشتەری حەزیان لەکامەیە؟
– ژن، ئاخ ژن، تا کەتنەکە دەکەن ناترسن، دوایی دەبن بە دزی تۆقیوو، هاهاها، دەپاڕێنەوە دهڵێن؛ نایەشێت؟ وەی توخوا…کە مقەست و شت دەبینن، دەترسن، دهڵێن دەرمانەکە، بهڵام هەشیانە دهڵێت با زوو ڕزگارم بێت بۆم کورتاج بکە و تهواو…
– ئەوەی تۆ چییە کورتاجە؟
– بەڵێ، بەخێرێ وەکو کورتاجە ئەی چی!
– کەس تووشی کێشە نەبووە لەسەردەستی تۆ؟
– نا.. شکور بۆ خوا، سهیری لووتت بکه بنهمۆم…
– چۆن هیچ؟
– هەیە دەکەوێتە سەرخوێن، بەڵام ئیتر خۆی دەڕوات بۆ دکتۆر خۆ دکتۆریش چووزانێت دهڵێت ژنم.
باشه تۆ دەزانیت کچ بووە ئهی چۆن دکتۆر نازانێت خۆ ئهوانیش ئیشیان ئهوهیه؟
– ئێ ئەو دەڵێت تازە شووم کردووە، هەزار درۆ دەهۆننەوە دکتۆریش پەلەیەتی هەقی چییە…
– لێرە کێ زۆر بەناو بانگە لەم ئیشهدا؟
(ناوی چەند کهسێکی هێنا و پاشان باسی سیستەرێكی كرد كه دوکانی هەیە بەڕەسمی هەر لەماڵەکەی خۆیدا و گووتی ؛ ئهو سیستهره نیوە خەستەخانەیەکە بۆخۆی، ئەو زۆر زۆر گرانجانە جا خۆ خەستەخانەی وا ههیه سەدان شتی وای تێداکراوە. ڕۆڵە یەکێکی وەک منی داماو ئەوە جیگە و ڕێگەمە ئەگینا بەخوای هەزار عالەم دکتۆرە و بەئاشکرا لەخەستەخانەکەی بهده گهڵا (ههزار دۆلار) ئهم كاره دەکات…
– چووزانیت؟
– ئەزانم ئەیبیستم، هاوڕێم هەیە، خەڵک دەناسم لەوێ ئیشدەکات..
– تۆ چەند بڕوا دەکەیت؟
– زۆرزۆریش، من سەیری ئیشەکەی خۆم دەکەم دەزانم چەند موشتەریم هەیە بهوهدا دەزانم. بەمهرجێک بەحساب زۆرکهسیش وهرناگرم! یەکێک بزانم سکی گەورەیە نایکەم و ئیزنی ئەدەم، یان هەیە پەردەی هەر نایەتەوەیەک، ئەوەندە کراوەتەوە بووە بەدەهۆڵ! چی بدروومەوە هەشە سێ تا چوار جار دەدورێتەوە. خوائامان بهدوورمان بکهیت لەشفرۆش و شتی وان ژنێک دەناسم، نایناسم بەبیستومە ماڵی لە (…) دهڵێن گەوادیشەو پەردەش دەدورێتەوە!
– چۆن ئەدرەسەکەیم دەستدەکەوێ؟
– بۆ؟ یەخەی ئەویش دەگریت؟ بهخوا تۆ شتێکت لهژێر سهردایه کچێ، ماڵی گهوادت بۆچییه خوا ئامان؟ ها؟
– بەدڵنیاییەوە دهمهوێت یهخهی ئهویش بگرم قسهم بۆ بکات بزانم دنیا بۆتیکەڵ و پێکەڵ بووە وهک تۆ دهیڵێیت!
– جا باشە تۆ هەقت چییە دایکەکەم ؟ زۆر سەرکێش مەبە، كچێ دەتکوژن و دوایش دەڵین حیز بوویت…
– بۆم باس کردیت پوره بەهێ ئەم وڵاته ڕۆژبهڕۆژ کاول دەبێت، خەڵک ههر ئهوه دەزانن ئهگەر پارەو سەروەت و سامان بدزرێت خراپە و گهندهڵییه، بهڵام نازانن گهندهڵیهکی کۆمهڵایهتیش واخهریکه ههموومان لهناودهبات، ئەمە مهترسیدارتره لەوە .
– قسهی زل، ماشاالله ئهم یهکێتی ژنان ومنانه، نازانم ناویان، سهد ڕێکخراو ههن ههمووتان پارهی دونیا وهردهگرن و کێشهی یهک ژنیش چارهسهرناکهن. بەهەمووتان بەخوا نیوەی منتان نەکردوە هەزار کچ و ژنم لە کوشتن ڕزگارکردووە…
– ڕاستە منیش ژنم تیدەگەم ، بهڵام بەڕاستی نیگەرانم بۆچی دەبێت میللەتێکی ئاوا تووشی ئەم بهڵایانه ببێت، دەبێت چارەیەک هەبێت من پێموایە شێوازی هاوسەرگیری زۆر خراپە لەم وڵاتهدا بۆیە تووشی ئەم بەڵایانە دەبین، ئهگەر هەموو کەس بەدڵی خۆی بچێتە ژیانی هاوسەرییهوه وانابێت ڕەنگە نیوەی ڕاستی کچان کوڕێکی دیاریکراویان خۆشبووێت و نایاندهن به خۆشهویستهکانیانی خۆیان….
– نا وانییە..
– چۆن؟
– ئەوانە دەشتوانن بەدڵی خۆیان شوو بکەن، خۆ کاتی ئێمە نییه، (ئاهێکی قووڵی هەڵکێشا) من بەنەعل تێروپر کووتایانم و بەزۆر دایانم بەم پیاوە، ههژده ساڵ لەخۆم گەورەتر بوو، عومری كاوڕێکی پیری مابوو، جا نەخۆش، ناشرین، قسە ڕەق توڕهوتڕۆ، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی تازە مردووە شەیتانیش دەستی لێهەڵگرتوە، بەجێی خۆی گهیشت… بڕوابكه هێشتا ماڵە باجێنەم دەکرد گوازرامەوە ئاخ ، ئەمگووت توخوا منداڵم ناوێت بەسە، نان نییە بیخۆین دەکەوتە کووتانم جاهەرخۆی نا خەسووم پرچی دەگرتم وەک گوریس دهیگووت؛ دەتەوێ حەز لەخەڵکی تر بکەیت…خۆم زۆرم چەشت، قاچی شکابوو، سکم هەبوو، ویستم پێیم نەزانێت لەژنێکی دراوسێمان زۆر پاڕامهوه و بردمی بۆ لای ژنێک منداڵهکهم لهبارببات…مردم و سووتام نەیکرد و گووتی مێردەکەت؛ نەزانێت نایکەم و گوناهبار دەبم! جاری واهەیە خۆمم بیردەکەوێتەوە بۆیە دەڵێم قەیناکه لەبەرخوا بۆ ژنی دەکەم..
– پووره بەهی ئەوانەی دێن گەنجن یان پیر؟
– وەڵا ڕۆڵە درۆی چیبکەم، زیاتر گەنجن…
– خهڵکی خوێنهوار و ڕۆشنبیرن دێن بۆلات؟
ب – کچێ هی وا دێت خۆی ناگۆڕێتەوە بە محامی و دکتۆر، جا خەڵکی داماو نازانێت شتی وا. بهخوا خهڵکی فهقیر دهڵێت؛ زینایه، بهس ئێستا بهقوربان ئێوه ومانان باسی مافی ژن و من دهکهن ههر گاڵتهتان بهئهقڵی ئێمه ومانان دێت!
– قەت کەسی واهاتووە، زۆر نەزان بێت؟
– ئەرەوەڵا دێن، بەڵام کەمترە و شەرمنتریشن
– ئەی ئەوانی تر؟
– هەیە زۆر بێ چاو و ڕووه، دهڵێی نە بای دیووەو نە بۆران!
– کەسی ناودار هاتووه؟
– ناودار وهکو کێ؟ خۆ قابیلە (…) نایهت، بەڵام هەیە ئیتر کەسوکاری مەسئولیشە خۆ من داوای جنسیەیان لێناکەم. هەبووە هاتووە هەر نەمناسیووە و دوایی ژنیتر گووتویانە ئەوە ژنی فڵان کەس بوو یان کچی فڵان کەس بوو…
– دهتوانیت ناویان بڵێیت؟
– بۆدەتەوی قەبرم بۆهەڵکەنی یان کفنم بۆبدووری دادە، بەکوشتم دەدەیت؟
– ناوەکان بڵاو ناکەمەوە دڵنیابە!
– ئێ جا ناوت بۆچیه؟ ها کچی دانیشه جوانکهی بهخوا پێتبزانن لهت لهتتدهکهن. ئهوه دهڵێی چی؟ ئهم ئامۆژگارییه له پووری خۆت وهربگره، من مردو تۆ زیندوو ئەمەسەری خۆت نابێت. جوانکیلهی ها بازهفهرت پێنهبهن، جا من هیچم نەزانی بێت!
– مهمترسێنه هاها، تۆ ئهگهر منت خۆشدهوێت ناوهکانم پێ بڵێ؟
– کچێ بەخوا شەیتان بیڵێم کێیتر، ئئ کچی(…) بەقوربانی دڵت بم لهدهمت نهیهته دهرهوه!
– باشە بۆچی ژوورەکەت تۆزێک باش ناکەیت؟
– جاتۆ وەزیری صەحەیت (تهندروستی) ؟ ئەوە ژوورێکەو عەیبی چییە؟ چەند ساڵە خەلکی تێدا ڕزگاردەکەم، خۆ نایەن بۆ شەکراو خواردنەوەو خوازبێنی!
-هەستدەکەی مناڵ لەباربردن گوناهه بێت بۆیە ئەوهەمو ئایەت و شتەت هەڵواسیووە؟
– نا .. لەحەدیسا هاتووە تا سێ مانگ نەبەکامە (ناكامڵه) و دەتوانیت. منیش قابیلە قیامەتی خۆمم خۆش ئەوێت…
– بۆ لای دکتۆر نایکەن؟
ب – نابێت قانون (یاسا) ڕێگەیان نادات، بەس هەشیانە بەدزیەوە دەیکات بۆ ناسیاوێ، خزمێکی خۆی، ئیتر هەشە بۆپارە…
– نازانن ئێوە ئەمە ئەکەن؟
-کێ حكومەت ؟
– حكومهت و دکتۆرەکانیش دهزانن…
– جارێ حكومەت خەمی باخەڵیەتی پڕیکات و ئەوان دووشت ئەزانن؛ باخەڵ و ناوگەڵ تێر بکەن و هیچیتر. ئەوەحالە ئەم خەڵکەی تیایە، شەوی دوو سەعات کارەبامان هەیە، کام حوکمەت وەڵا هینە، بابڕۆن بەلای حەیای خۆیانەوە، لەتاو پارە ئاگایان نە لە ژنیانە نەلەکوڕیان و نە لەکچیان و نە لەم وڵاتە و نە له خەلکی برسی، ههمووی هەر بۆ گیرفانی خۆیانە…
– ئەی دکتۆرەکان؟
– دکتۆر هەیە خۆی موشتەریمان بۆدەنێرێت!
– چۆن!
– چاک…
– ناترسی لەم قسانە؟
– بۆ بەگرتم ئەیەیت ؟ وەڵا ئەلێم درۆئەکات هاتبوو سکی بۆ لەناوبەرم!
– جاخۆ سکم نییە ؟
– ئەرێ تۆ شەڕ دەفرۆشیت ؟ یان چی؟ ئەترسم هاتبیت قسەم لێ دەرکێشیت؟
– نا سوعبەتم کرد، باقۆڵی لێ هەڵماڵین و پێکەوە ئەوکێشەیە نەهێڵین!
– تاسەتەلایت و موبایل و بازاڕی گرانبەها هەبێت چاک نابێت…
– تۆ ژنێکی زۆر داخ لەدڵیت بەڵام زۆر بەئەزموونیت…
– جا چیت بیستووه، لێمگەرێ با هەر ناوسکی خۆم ڕەش بێت، کە مردم بمخەن بەلادا، باهەرچی زووخاوی دنیاهەیە بێتەدەر…
چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسکێکی هێندە تەڵخبوون، دەتگووت تای ئەو بارانەیە کە دوای خۆڵبارینێکی خەست دەبارێت، نۆتەکانی ولەرەی دەنگی لەگەڵ گریانێکی بەئێشدا تێكهڵدهبوون و لەدەنگی ئەو هەورەگرمانەدەچوون کەشەوان ڕاماندەچڵەکێنێت. هەناسەکانی پچڕ، پچڕ و کەرت کەرتبوون، نیگاکانی کردە بنمیچی ژوورەکەیان و تاتوانی تێی ڕوانین. بەدەنگێکی لەرزۆکی گڕەوە گووتی؛
-
دادەگیان لێم گەرێ ناوسکم لە زووخاو ڕەشەتره، وا تەمهنم ڕۆیشت و چیمدی؟ بۆ هێشتا زانیوومە سەیران چییە؟ هێشتا ئەزانم کراسێکی تازە لەسەر گەز چییە؟ ئا ئەوەی بەریشم کۆنەی خەڵکە. هەر لەم دونیایه چاومکردەوە و ئەوەڵی عومرم بوو نەیانهێشت خێر لەخۆم ببینم لە ئیحتیاجیا فرۆشتیانم هەربەفرۆشتن. بەس لەکۆڵیانببمەوە، ڕەوەیەك خوشک وبرا بووین، باوکم کرێکار بوو ئەوەی بەڕۆژ پەیاینەکردایە ئێوارە نەبو بیخۆین. ئەم سواڵکەرە هات و سهدوبیست دیناری ئەوکاتە، لەگەڵ شەش تاک بازنی عەیارە دوانزهی بۆكردم و هەر گوێزرامەوە، یهكسهر لێی سەندم فرۆشتی…. ئیتر هەر نەبوو، ئیحتیاج هەر بەسکێ برسی، جارێ ئەوەی من دیم ساڵانی ئەوەڵی ڕاپەرین یاخوا کافریش نەیبینێت. ئەم مناڵانەم بە ناوکی خورماو زەرات تێر ئەکرد، ئەمبرد بۆئاش وەک زیخ ئەم شێلاو بەتۆزێ خەڵوز ئەمکرد بەکولێرە، ئهمڕۆش حیز و دزی وهها خۆیان بائەیەن، به برسێتی و ڕەنجی چوارخەلکی وەک ئێمە بوو ئێستاش بچۆ بلێ شتتێك! بەخوا قاچی سەد کەسم ماچ کرد تاوهكو دایانمەزرانم بەفەڕاش. خوێن وخوڕی دنیا بشۆ، ئاودەستی خەستەخانە پاكبكهرهوه، ئەوە حەسانەوەکەم بوو. پارەکەش وەردەگرم خێری لێ نابینم، یهكسهر بیە بە ئهمیان و بیدە بەئهویان و دڵم نایە پاروویەک نان و کەبابی لێ بخۆم…جا خەمی کوڕو کچ لەولاوە بوەستێت، دایکتان بمرێ هەموو شانهەڵکزاو ڕەفیق کەم!